Saturday 26 February 2011

ئەمڕۆ و ڕەگوڕیشە دوور و گەردونییەکانی

مرۆڤدۆست، ئەو کەسەیە کە عاشقی تیشکە، بێئەوەی بەلایەوە گرنگ بێت، تیشک لە کوێوە دێت.
 گوڵی خۆشدەوێت، بێئەوەی بەلایەوە گرنگ بێت، لەسەر چ خاکێک ڕواوە.
بۆ هەقیقەت دەگەڕێت، بێئەوەی بەلایەوە گرنگ بێت، لەچ سەرچاوەیەک هەڵدەقوڵێت.
تێشدەگات: مەرج نییە هەرچی بەدەوری چرادا سوڕایەوە، عاشقی ڕوناکی بێت
عەبدولبەها 1844 ـ 1921

ئەو روودوانەی چەند ڕۆژی ڕابوردوو، دیسانەوە کێشەی ڕۆشنبیر و هەڵوێست و ڕۆڵی بە گەورەیی هێناوەتەوە پێشێ. هەموو ئەو ڕوداوە گەورانەی کە ئێستا دەجوڵێن بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕۆشنبیرانی لە تەواوی خۆرهەڵات و دونیای عەرەبدا خستۆتە ژێر چەندەها جۆری فشارەوە. بەجۆرێک ڕەنگە تەنیا بە نوسین و لە ڕێگای بیرکردنەوە بەدەنگی بەرز، مرۆڤ تەواو لە خودی خۆی تێیانبگات. هەموو دەزانین کە لەم ساتەدا بڕێکی زۆری کۆمەڵگای ئێمە هیوایەکی گەورەی بە ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران هەیە کە لەگەڵیدابن و لە نزیکییەوە بن. ئەو داوایەش هەم هەقە و هەم پێویستە... من هیچ گلەییم لەوە نییە کە خەڵکی لە هەندێک ساتی وەها گرنگدا،  ڕۆشنبیر باربکات و بیخاتە بەر گوشاری خۆی. لەوە ناترسم کە داواکاری خەڵک لە ڕۆشنبیران چەندە گەورە بێت، دەزانم زۆرجار خەڵک لەوەش ناپرسن ئایا ئەمە بە ڕۆشنبیر دەکرێت یان نا. بەڵام لە دۆخە پێچەوانەکەی دەترسم... لەو دۆخەی ڕۆشنبیر کۆمەڵگا و شۆڕش و خەڵک بە خەونی خۆی باربکات. ئەمە تەنیا ساتی فشاری خەڵک نییە بۆ سەر ڕۆشنبیر، بەڵکو ساتە پێچەوانەکەشێتی، ساتی فشاری ڕۆشنبیریشە بۆ سەر خەڵک... ساتێکە کە مەترسی ئەوەی لێدەکرێت کە هەم خەڵک ڕۆشنبیر بەدوای خۆیدا ڕابکێشێت و لەڕێگای فشاری عاتیفییەوە توانای بیرکردنەوە و تایبەتمەندی و فەردیەتی خۆی لێ بستێنێتەوە، هەم بە پێچەوانەشەوە، ڕۆشنبیر خەڵک دوای خۆی بخات و خەونەکانیان بخاتە سەر کۆنتۆی شەخسی خۆی و سوار شەپۆلە شۆڕشگێڕەکان بێت و خۆی وەک سەرکردەیەکی سیاسی ببینێت و خۆی لێ ببێتە فریادرەس "منقذ" و شوێنی خۆی وەک ڕۆشنبیر، وەک ویژدانێکی ئینسانی کە ئیشی ئەوەیە، پاسەوانی مرۆڤ بێت لە ناوماندا لەدەستبدات. ئەوەی ئەمڕۆ هەر کەسێکمان شتێک دەنوسین، بێشومار چەپڵە و ئافەرینمان گوێ لێدەبێت، مەترسی ئەوەی هەیە، هەستی ڕەخنەییمان بەرامبەر خۆمان بچوک بێتەوە و چاوەدێریمان لەسەر مرۆڤەکەی ناومان هەڵبگرین و خود "ئیگۆ" مان وەها فووی تێبچێت، بیرمان بچێت چین و تا کوێ دەشێت بـڕۆین و نەکەوینە مەترسی لەدەستدانی هاوسەنگی و ئینسانییەتمان

لە ناو هەموو مرۆڤێکدا، خودێکی سیاسی و خودێکی چاوەدێرکەر و ئینسانی هەیە... ئەم دوو خودە لە ناو ڕۆشنبیردا ڕووبەرێکی گەورەتر داگیردەکەن. ڕێکخستنی ئەم دوو پارچەیەی ناو مرۆڤ یەکێکە لە هەرە کارە سەختەکان. کەمجار قازانجەکانی سیاسی و خەونەکانی مرۆڤ لە ناوماندا لەسەر یەک هێڵ ئیشدەکەن، بۆیە لێرەوە ئەوانەی سیاسەت دەکەن، هەمیشە پێویستیان بەوەیە لەڕێگای دروشم و حەماسەت و بەهانەی سیاسییەوە مرۆڤەکەی ناویان بخەوێنن و بێدەنگیبکەن... جیاوازی نێوان سیاسی و ڕۆشنبیر ئەوەیە کە ڕۆشنبیر کەمتر گوێ لە هاوار و تەماح و نیازی کەرتە سیاسییەکەی خۆی دەگرێت. تا ئەوساتەی ڕۆشنبیر بیردەکاتەوە و تێزەکانی خۆی دەنوسێت و شوێنی خۆی وەک کەسێکی ڕەخنەگر ون نەکردوە، شتەکان لە سنووری کاری ڕۆشنبیردا دەبن، بەڵام لەو ساتانەدا کە ڕۆشنبیر خۆی لێدەبێتە پێغەمبەر، خۆی لێدەبێت بەو سەمبولە گەورەیەی کە دەتوانێت جێگای بتە کۆنەکان بگرێتەوە، خۆی لێدەبێت بە فریادرەس، بازدەدات بۆ شوێنی سەرکردە و خۆی وەک ئەو مەسیحە تەماشادەکات کە لە سەر خاچ هاتۆتە خوارێ، وەک ئەو مەهدییە خۆی دەبینێت کە لە ئەبەدییەتەوە هاتۆتەوە ... لێرەدا ڕۆشنبیر ڕۆڵی خۆی وەک ڕۆشنبیر دەدەۆڕێنێت و دەکەوێتە بەر ئەو مەترسییەی کە ڕۆڵی خۆی وەک مرۆڤیش لەدەستبدات

ئایا بەوە مەبەستمە ڕۆشنبیر چالاک لە ساتە مێژووییەکاندا ئامادە نەبێت ؟ بێگومان نا... ڕۆشنبیر وەزیفەیەتی ڕابمێنێت، تێبینی هەبێت، خەونی هەبێت، حەماسەتی ساتەوەختەکان بژی و ترپەی خوێنی ڕۆژەکان هەست پێبکات. بەڵام لە هەموو ئەوانە گرنگتر ئەوەیە بزانێت، ساتەوەختە مێژووییە گەورەکان خاڵی نین لە خوێن... خاڵی نین لە دڵرەقی، خاڵی نین لە حەماسەتێک کە لێبوردەیی لە دەستدەدات، لە تەماحی نەکردە و خەونی گەورە کە لەسەر تێکشکانی خەونە بچوکەکان ئیشدەکات. ئەوەی ڕۆشنبیر خۆی وەک پاسەوانێکی نرخە ئینسانییەکان ببینێت،  گرنگتر و گەورەترە لەوەی خۆی وەک پێغەمبەر و سەرکردە و فریادرەس ببینێت. ئیشی ڕۆشنبیرە خۆشەویستی نێوان ئەو مرۆڤانە بپارێزێت کە مرۆڤایەتیان ماوە، کە شتی هاوبەش لە نێوانیاندایە، کە هەڵگری هەمان دەردی ئینسانین،  نەوەک ڕێگا خۆشکەر بێت بۆئەوەی خۆی جێگای سیاسییەکان و خەڵک بگرێتەوە. بە کورتی وەزیفەی ڕۆشنبیر ئەوەیە لەم ساتانەدا نوێنەری بەها گەردونییە گەورەکان بێت لە ساتە لۆکاڵ و تایبەتەکاندا، وە ئەم تێزەیە لە تێزەیەکی تیورییەوە بگوازێتەوە بۆ تێزەیەکی پراکتیکی ڕاستەقینە...  شۆڕش بەتەنیا کۆتایی هەندێک سیاسی نییە، بەڵکو کۆتایی جۆرە تێڕوانینێک و کۆتایی جۆرە پەیوەندییەکی مرۆڤەوە بە مرۆڤەوە. لەمجۆرە ساتانەدا مرۆڤ تەنیا برینی خۆی نابینێت، بەڵکو برینی هەموو مرۆڤەکانی دیش دەبینێت، بەتایبەت ئەم بزوتنەوەیەی ئەمڕۆ بزوتنەوەیەکی لۆکاڵ نییە، بەڵکو ئیلهامێکی گەورەی جیهانی و ڕیشەیەکی خۆرهەڵاتی سەرتاسەرانەی هەیە... شۆڕش دەشێت  پرۆسەیەکی نزیکبوونەوەی گەورە بێت لە نێوان هەموو مرۆڤەکاندا، ڕۆشنبیر لە ناو ئەم ساتەوەختانەدا ڕێگای ئەو نزیکبوونەوەیە خۆشدەکات، ئەو ڕۆحە گەردونییە دەپارێزێت. ڕۆشنبیر بەبڕوای من کەسێکە ناتوانێت شۆڕش لە خۆشەویستی جیابکاتەوە، هەر ئەوەش وادەکات جۆرە کاراکتەرێکی جیاواز لە کاراکتەری سیاسی هەبێت . ئیشی ڕۆشنبیر بەپلەی یەکەم ئەوە نییە کە داواکارییەکانی شۆڕش دابڕێژێت، بەڵکو ئەوەیە ئاگای لە خەیاڵ و بیرکردنەوە و ئینسانییەتی خۆی و ئەوانەبێت کە داوادەکەن و ئەوانەی کە داوایان لێدەکرێت... ئەوەی لەم جوڵاندنەوەیەی ئێستای خۆرهەڵاتدا گرنگە... ئەو نزیکبوونەوە سەیر و گەورەیەی میللەتان و خەڵک و خواست و خەونەکانی مرۆڤە لە یەک، لە شارەکانی مەغریبەوە تا شەقامەکانی تاران. ئاخۆ چەند مانگێک لەمەوبەر دەمانتوانی ببینین کە مرۆڤەکان چەند لەیەک نزیکن...  سیستمەکانی حوکمیش چەندە کۆپی یەکترن. ئێمە دەمانزانی تاڵەبانی و قەزافی چەند دۆستی یەکن، بەڵام نزیکی ئازاری گەنجێک لە تەرابلوس و گەنجێک لە دەربەندیخان وەک ئەمڕۆ دیارنەبوو.  ئەم نزیکبوونەوەیە مانایەکی مرۆڤانەی گەورەی هەیە، ئەمە هیچی لەوجۆرە ئینتەرناسیونالیزمە مارکسییە ناچێت کە بەرهەمی خەیاڵێکی سیاسی ڕووت بوو، ئەمە نزیکبوونەوەی ئازاری ئینسانەکانە لە یەکتر بێئەوەی پێشوەخت ڕێکەوتنێک هەبێت لەسەر هیچ پڕۆژەیەکی هاوبەش و سەرەتایە بۆ دروستبوونی جۆرە جوگرافیایەکی ڕۆحی نوێ. ئەوەی ڕوودەدات شتێکە لە یەکگرتنەوەی نهێنی خواستی مرۆڤەکان و دۆزینەوەی خودی خۆیان لە ڕێگای ئاوێنەی یەکەوە. ئەوەی لەم بزوتنەوەیەدا جوانە ئەوەیە کە میللەتان و مرۆڤەکان یەک ئیلهام دەبەخشن بەوی دی... هەر یەک لەوی تردا، برینی خۆی دەدۆزێتەوە... ئیشی ڕۆشنبیر ئاسانکردنی ئەو یەکتر بینینەیە. ئەم بزوتنەوەیە هۆیەکی لۆکاڵ و ناوخۆیی نییە، بەڵکو ڕۆحێکی جیهانی نوێ خولقاندوێتی کە تا ئێستا زۆر زەحمەتە ناوەڕۆک و ماهییەت و دەرەنجامەکانی بزانین، بزووتنەوەیەکە هەرجێگایەک باوەشی بۆنەکاتەوە دەکەوێتە دەرەوەی هەنووکە و دەرەوەی مێژوو. ئەم شۆڕشانە بە هیچ شۆڕشێکی تر لە مێژوودا ناشوبهێنرێن، چونکە ڕیشەی قووڵیان لە خسوسییەتی ئەم ساتەوەختەدایە کە دەیان میللەت پێکەوە هەڵدەستن و ڕابوردووی خۆیان دادگاییدەکەن. بە مانایەکی تر گرنگە ڕۆشنبیر لەسەر ئەو ڕۆحە یۆنیفرسال و گەردونیەی شۆڕش ئیشبکات کە ئێستا لە مەیداندایە ... ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە وابزانین ئەوەی لە مەیدانی تەحریر لە قاهیرە یان لە بەنغازی یان لە سەنعا یان لە بەردەرکی سەرای سلێمانی ڕوودەدات،  تەنیا مێژووی لۆکاڵ دروستیکردوە، تەنیا توڕەبوونێکە تەعبیر لەساتەوەختێکی مێژووی ناوخۆی وڵاتێک دەکات، بە پێچەوانەوە کۆی ڕاپەڕینەکان پێکەوە و لەناو ئەو هەستە گەورەیەدا بە ئازار ڕوودەدەن کە ڕەهەندێکی گەردونی و یۆنفرسالیان وەرگرتووە. بەچەشنێک دۆخێکی ڕۆحی و سیاسی دروستدەکات، ئەگەر بۆ ساتێکی بچوک و کورت و تێپەڕیش بووە، خەڵکی سلێمانی هەستبکەن لە خەڵکی قاهیرە و بەنغازی و تارانەوە نزیکترن نەوەک لە هەر شارێکی دیکەی نزیک خۆی. ئەوەیە ڕۆحی یونفرسالیزم کە دوورییەکان دەشکێنێت و  خەون و ئازاری ئینسانەکان لە یەکدی نزیکدەکاتەوە... گرنگ نییە تیشک لە کوێوە دێت، گرنگ ئەوەیە تیشک هەیە و دەبێت پەنجەرەکانی بۆبکەینەوە

ڕستە بەناوبانگەکەی ئیمرسۆن کەدەڵێت "هەموو شۆڕشێک سەرەتا بیرۆکەیەکە لە خەیاڵی یەک کەسدا"، لێرەدا دەبێت دەستکاری بکرێت، بۆ "هەموو شۆڕشێکە سەرەتا ئازارێکە لە هەناوی یەک کەسدا" کە دواتر هەموو ئەوانی تر خۆیانی تێدا دەبیننەوە. وەزیفەی ڕۆشنبیر بەعەقلانیکردنی زمانی ئازارەکان و نزیککردنەوەیانە لە یەک بە جۆرێک ئەو خاڵە هاوبەشانەی کە مرۆڤ لە مرۆڤ نزیکدەکاتەوە گەورەتر بێت، واتە هەڵەیەکی گەورەیە کە لە مانا یونفرسالەکەی ئەم شۆڕشە تێنەگەین... ئەوەی ئێستا ڕوودەدات ساتێکی بێوێنەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە ملیۆنەها مرۆڤی دەرکراو لە مێژوو بە هێزێکی گەورەوە دەگەڕێنەوە بۆ ناوجەرگەی کردار و پراکتیکی مێژوویی. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ  سەرەتای ڕووداوەکان شتی سەیردەبینین، ژنە پۆلیسێک بە ناوی فادیە حمدی لە شارێکی بچوکی تونسدا کە خۆی موچەکەی مانگی چوارسەد دۆلارە، کچی خێزانێکی هەژارە  زللەیەک لە دەستگێڕێکی هەژاری وەک خۆی دەدات کە ناوی محەمەد بوعزیزیە و لەو زللەیەوە جیهانێکی گەورە بەسەر یەکدا دەروخێت. پێشتر لە مێژووی مرۆڤایەیدا زللەی لەو جۆرە نابینینەوە، زللەیەک کە بەوجۆرە مێژووی جیهان بگۆڕێت... پرسیارێک کە بەدڵنیاییەوە دەبێت بکرێت و بەردەوامیش دەکرێت... چی وادەکات ئەو زللەیە بەوجۆرە جیهان بدا بە یەکدا و ئەو بومەلەرزە گەورەیە دروستبکات و لاپەڕەیەکی تازە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بکاتەوە

لێرەدا حەزدەکەم چیرۆکێکی زۆر جوانی نوسەری ناسراوی ئەمریکی ڕاد برادبێری بهێنمەوە کە کۆمەکمان دەکات لە کۆی ئەم ساتە مێژووییە جوانتر تێبگەین. چیرۆکەکە ناوی دەنگی هەورەگرمەیە، چیرۆکەکە سەر بە ژانری خەیاڵی زانستییە کە برادبێری تێیدا گەلێک وەستایە. شانۆی ڕووداوەکانی ساڵی 2055 ـە و پاڵەوانەکەی کەسێکە بە ناوی ئێکلس. ئێکلس بەرێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیای "سەفەر بە زەماندا" ڕێدەکەوێت و دەیەوێت بەشداری گەشتێک بکات کە مرۆڤ بەرەو ڕابوردوو دەگێڕێتەوە، ئێکلس خولیای ڕاوی هەیە و لە خەونی ئەوەدایە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی پێش مێژوو، بۆئەوەی دیناسۆرێکی ڕاستەقینە ڕاوبکات. سەرکاری سەفەرەکەی کەسێکە بە ناوی ترافیسەوە... ترافیس هۆشیاری دەدات بە ئێکلس کە نابێت ماشێنی گەشتەکە جێبهێڵێت و بە هیچ جۆرێک نابێت دەست لە هیچ شتێک بدات، چونکە دەست لە هەر شتێک بدات بەوە هەم ڕابوردوو و هەم داهاتووش دەگۆڕێت. بەڵام کاتێک ئێکلس دیناسۆرێک دەبینێت دەشڵەژێ و ترس دایدەگرێ و پێ بە پەپولەیەکدا دەنێت و بەو پێ پێدانانە شتگەلێکی زۆر لە ڕابوردوو و داهاتوو دەگۆرێت، چیرۆکەکە لەوەدا تەواو دەبێت کە ئێکلس نوسشوستی لەوەدا دەهێنێت ترافیس ڕازیبکاتەوە تا بگەڕێنەوە بۆ ڕابوردوو، بەڵکو لەوێ دووبارە هەڵەکەی خۆی چاکبکاتەوە

لەم چیرۆکەی برادبێرییەوە، زاراوەیەکی زانستی گرنگ سەرهەڵدەدات کە بە "کارکردی پەپولە" دەناسرێت. کارکردی پەپولە تیورییەکی زانستییە کە سەرەتا لە زانستی هەواناسییەوە هات، دانەری تیورەکە میترۆلۆگی ئەمریکی ئێدوارد لۆرانسە... بۆچوونی لۆرانس وەهایە کە "جوڵەی باڵی پەپولەیەک لە بەرازیل، لەوانەیە لە تەکساس گەردەلوولێکی گەورە دروستبکات". مەبەست لە خودی تیورەکە کە ئیلهامی لە چیرۆکەکەی برادبێرییەوە وەرگرتووە ئەوەیە کە لادانێک و جوڵەیەکی زۆر زۆر بچوک و سەرەتایی لە سیستمێکدا لە کۆتاییدا دەرەنجامی زۆر گەورەی دەبێت

ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لە خۆرهەڵات تێیدا دەژین هەم لەسەر ئاستی کات و هەم لەسەر ئاستی شوێن شتێکە لە  "جۆری کارکردی پەپولە" ... زللەکەی فادیە حمدی ئەو جوڵە بچوکەیە کە لە قاهیرە و تاران و سلێمانی گەردەلوولی گەورە دروستدەکات. زللەکە خۆی تەعبیرە لە سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دێرین کە تەواو لەسەر چەوساندنەوە و سوکایەتی بە مرۆڤ دروستبووە. زللەکە دەبێت بە زللەیەکی مێژوویی چونکە ملیۆنەها زللەمان بیردەخاتەوە... هەروەها دەبێتە زللەیەکی گەردونی چونکە هەموو مێژووی چەوساندنەوەی ئینسانمان لە خۆرهەڵاتدا بۆ ئاشکرادەکات، لێرەوە هیچ داواکارییەک و هیچ ڕووداوێک لەم شۆڕشەدا لۆکاڵ و بچوک نین، زللەکەی فادیە  و کوشتنی ڕێژوانیش دوو ڕوداوی ناوخۆ و ئاسایی نین، بەڵکو هەردووکیان دوو ڕوداوی گەردونین و دوو ڕەهەندی یۆنفرسالیان هەیە چ بە مانا زەمانییەکەی، چ لەسەر ئاستی شوێنیشدا. لەسەر ئاستی زەماندا هەموو مێژووی چەوساندنەوەمان بیردەخاتەوە، لەسەر ئاستی شوێنیشدا نزیکی و وەک یەکی هەموو ئازارەکانی ئینسانمان لەسەر ئەم ئەستێرەیە بۆ بەیەکەوە دەبەستێت. لێرەدا فادیە حمدی و چەک بەدەستەکانی لقی چواریش، دوو ئەکتەر و دوو بکەری تایبەتی نین، بەڵکو دوو ئەکتەرن کە هەموو زاڵمەکانی دونیامان بیردەخەنەوە. کارکردی پەپولە لێرەدا ئەوە نییە کە زللەکەی فادیە خۆی بومەلەرزەکەی دروستکردبێت، بەڵکو زللەکەی فادیە هەرچی زوڵمی خەوتووە لە سەر لەش و لە ناو نەست و لە یادەوەریماندا لە خەو هەڵدەستێنێت... هەموو ئەو پەپولانەی لە ڕابوردوودا پێیان پیانراوە، ئەمڕۆ کاریگەرییان دەردەکەوێت و گەردەلولەکانیان دەگاتە بەرەوە. لێرەوە بێمێشکییەکی گەورەیە واتێبگەین ئەوەی خەڵکی کوردستانیشی توڕەکردوە بەتەنیا ڕووداوەکەی بەردەم لقە لە سلێمانی، ئەوەی خەڵکی کوردستانی توڕەکردوە زیندووبوونەوە یادەوەری تاڵێتی لەگەڵ دەسەڵاتێکی کوردیدا کەسەد ساڵە وەک داگیرکەر ڕۆژانە ئیهانەی مرۆڤی کوردەکات. ئەوەی ئێستا دەیبینین کاریگەری هەموو ئەو پەپولانەیە کە لە کۆندا پێیان پیانراوە ... لێرەدا کۆی ئەو تەفسیرانەی ڕوداوەکە تەنیا وەک ڕوداو سەیردەکەن، بێئەوەی دیوە میتافۆریی و ڕەمزییەکەی ببینن، بێئەوەی ئەوە ببینن کە ئەم گەرداوە ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕابوردوویەکی دوور، بۆ کۆی ئەو مێژووە ناشیرینەی کە ڕۆژ دوای ڕۆژ و ساڵ دوای ساڵ کەڵەکەبووە، بەهەڵەدا دەچن. تەقەکانی بەر لق، وەک  تەقەی ئاسایی نەبوون، بەڵکو وەک زللەکەی فادیە  ئەو مێژووە خەوتووەی ناو ئێمەیان بە ئاگا هێنایەوە کە نەیدەوێرا بە ئاگا بێت. چۆن دەنگی زللەکەی فادیە لە هەموو ڕیواقەکانی مێژووی خۆرهەڵاتدا دەنگیدایەوە و تا ئێستا عەرشەکان دەلەرێنێتەوە، دەنگی گوللەکانی بەردەمی لقیش لە هەموو ڕیواقەکانی مێژووی سەد ساڵی ڕابوردووی کوردا تائێستا دەنگدەداتەوە ... ئیشی ڕۆشنبیرە ئەم مانا و ڕۆحە یۆنیفرسالییەی شۆڕشەکان ببینێت و لە مانا و وەزیفەی بچوکدا ونی نەکات.  گرنگی شۆڕشەکە لەوەدایە هیچ پارچەیەکی خۆرهەڵات لەمەولا ناتوانێت لە ڕابوردوودا بژی... گرنگ نییە لەم ساتەدا ئاخۆ خۆپیشاندانەکان دەگەنە جێگا خنکاو و کپکراوەکانی وەک دیمەشق و حەلەب و هەولێر و قوم یان نا ... بەڵکو گرنگ ئەوەیە کۆشکەکانی ڕابوردوو پێکڕا دەڕوخێت، ئەوەی لەو ڕابوردووەدا بژی، لە ناو خانوویەکی لەرزۆکدا دەژی کە دیوارەکانی سەدان درزی تێدابووە. گرنگ ئەوەیە کە کۆی ئەو ڕەهەندە ڕەمزییەی کۆشکەکانی پێشینی لەسەر ڕاگیرابوون هەرەسدەهێنێت... ئەوەی نایەوێت هەرەسەکە و شەپۆلەکانی ببینێت، وەک ئەو ژنە کۆمۆنیستە نەخۆشە "کریستیانا" ی لێدێت لە فیلیمەکەی ولفگانگ بێکەر "ماڵاوا لینین" دا کە کوڕەکەی ناچارە دونیایەکی دەستکردی بۆ دروستبکات تا تێنەگات کۆمۆنیزم ڕوخاوە... مەسەلەکە تەنیا مەسەلەی هەندێک داواکاری سیاسی نییە، بەڵکو مەسەلەی هەرەسی ڕەمزی و ئەخلاقی و مەعنەوی هەموو سیستمە سیاسی و فۆرمە سیاسییەکانی ڕابوردووە

ڕۆشنفیکری گەورەی بە ڕەگەز فارس عەبدولبەها کە یەکێکە لە ڕۆشنبیرە گەورەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای بیست، لە مێژە گووتوێتی "مەرج نییە هەرچی بەدەوری چرادا سوڕایەوە، عاشقی ڕوناکی بێت". کێشەی ئەم ساتانەش ئەوەیە کە زەحمەتە عاشقانی تیشک بە ڕوونی لەوانە جیابکەینەوە کە بەدەوری چرادا دەسوڕێنەوە.بەڵام من لە یەک شت دڵنیام، ئەویش ئەوەیە کە هەوڵبدەین تا دەتوانین پاسەوانی تیشک بین. تیشکیش هیچ نییە جگە لەو بەها ئینسانییە گەردونییەی کە دەبێت ڕۆشنبیر بیگوازێتەوە بۆ ناو ساتەوەختە مێژووییەکەی خۆی. بریتییە لە گرێدانەوەی ئەم چرکەیە بە ڕەهەندە مێژووییەکەیەوە... ئیشی ڕۆشنبیرە لەپال ئەم بزاوتەدا بێت، نە لەبەرئەوەی ببێتە سەرکردە یان بڵێت "وەرن بمبینن، من لێرەم، من چ شۆڕشگێڕم، من نوێنەری گەلم"، نە لەبەرئەوەی ڕەخنە تەنیا لەم چرکەیە و لەو سیستمە سیاسییە بگرێت، بەڵکو بۆئەوەی ئەو ڕاستییە بەرجەستەبکات کە زۆربەی ترادسیۆنە سیاسی و فیکرییەکانی دونیای کۆن هەرەسدەهێنێت و شتێکی نوێ لە جێگایدا لەدایکدەبێت. کۆمەکبکات لە هەرەسی کۆندا... لە بینینی ئەو سیستمانەدا کە دەمرن...  لە بینینی ئەو نەوە تازە و خەیاڵە نوێ و هەستە نوێیەشدا کە لە ناو تەپوتۆزی وێرانبوونی دونیای کۆندا لەدایکدەبێت و بەرزدەبێتەوە

Thursday 24 February 2011

نامەیەک بۆ خۆپیشاندەران

٢٣-٢-٢٠١١

خۆشەویستان

سەرەتا حەزدەکەین پێتان ڕابگەێنین، کە ئێمە هەموو شتێک دەکەین و هەموو هەوڵێک دەدەین کە بەزووترین کات و هەموومان بگەڕێینەوە بۆ کوردستان و لە نزیکەوە لەگەڵتاندا بین و ھاوپشتتان بین. ئێمە وەک کۆمەڵێک نوسەر کە خۆمان بە هاوڕێتان دەزانین... دەزانین ئێوە چ ڕۆحێکی حەماسەتدارتان هەیە، دەزانین چەند خەونتان هەیە بۆ پاشەڕۆژێکی باشتر، دەزانین گەلێک توڕەن لە ڕابوردووی خۆتان... بەڵام هەم حەماسەت و هەم خەون و هەم توڕەیی گەر هێمنی و لێبوردنی لەگەڵدا نەبێت، دەبنە چەکی ترسناک دژی خەونەکانتان و دژی پاشەڕۆژیش. ئێوە کە ئەمڕۆ لێرەدا کۆبوونەتەوە دەبێت بزانن کە بەر لە ئێوە زۆربەی نەوەکانی پێش خۆتان هەم شۆڕش و هەم ڕاپەڕینی کردوە... بەڵام دەرەنجامی هەموو ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانە ئەوە بووە کە ئەمڕۆ دەیبینن، دونیایەک کە پڕە لە ناهەقی و کۆمەڵگایەک کە مایەی توڕەیی ئێوەیە. دەبێت هەر یەکێ لە ئێوە لە خۆتان بپرسێت: بۆ شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی تر بە نوشوست و ناشیرینی تەواو بوون. بەبڕوای ئێمە یەکێک لە هۆ هەرە گەورەکانی نەبوونی لێبوردن و قەبووڵ نەکردنی ئەوی ترە. ئەوەی لە ڕۆژی 17 ی شوباتدا تەقەی لە ئێوەکرد، کەسێکە فێرنەبووە ئەوی تر قەبووڵبکات، سەرکردەکانی فێری لێبوردەیی و خۆشەویستی و بەزەییان نەکردوە... ئەوانە لە ماناکانی ئازادیی تێناگەن... جا گەر ئێوەش وەک ئەوان خاوەنی لێبوردەیی و خۆشەویستی نەبن، ڕێز لە جیاوازیی و ئازادیی نەگرن، جیاوازییەک لە نێوان بکوژ و کوژراو و زوڵمکەر و زوڵم لێکراودا نامێنێتەوە... ئەوانەی ئەمڕۆ لێرەدا بە ناوی میللەتەوە پێڵاو دەگرنە خەڵک، دەشێت ئەو جۆرە لە شۆڕشگێڕ دروستبکەن کە لە پاشەڕۆژیشدا لە شوێنی دەسەڵاتەوە پێڵاودەگرنە میللەت... ئەو مرۆڤەی خەونی جوانیی هەیە، بە تەنیا خەون بۆ خۆی نابینێت، بەڵکو خەون بۆ نەیارەکانیشی دەبینێت... ئەوەی کە دەیەوێت دنیا باشبکات، دەبێت دونیا بۆ هەمووان باشبکات، ئەوانەی لە خۆی دەچن و ئەوانەی لە خۆی ناچن... ئەمڕۆ ئێوە پێویستیتان بە هاوپشتیی هەیە، پێویستە پەیامی خۆشەویستیتان بۆ هەموو ئینسانێک پێبێت، هەتا بۆ ئەوانەی لەگەڵتاندا نین، ئەوانەی پێڵاو دەگرنە خەڵک و جیاوازیی دەکوژن و ئازادی ڕادەربڕین پێشێلدەکەن، دۆستەکانتان لێدەکەن و دوژمنتان بۆ زۆردەکەن. ئێمە پێویستمان بە دروستکردنی دوژمن نییە، بەڵکو بە زیادکردنی دۆست. ئێوە بۆیە لەم مەیدانەن بۆئەوەی کۆمەڵگایەک دروستبکەن هیچ ئینسانێک پێڵاو و گوللە نەگرێتە خوشک و برای خۆی، بۆئەوەی نەفرەت لە توندوتیژیی بکەن، بۆئەوەی کۆمەڵگایەک بونیادبنێن جیاوازی و ئازادی قەبووڵبکات... بۆئەوەی جیاوازیی نەبێت بە دوژمنایەتیی، بەڵکو ببێت بە هەمەڕەنگیی ... ئەوکاتە ئێوە گەورەن و هەموومان شانازیتان پێوەدەکەین کە باوەش بۆ ئازادی و لێبوردن و خۆشەویستی بکەنەوە. سلێمانی ئەوکاتە جوانە کە جێگای هەموو ڕەنگ و هەموو دەنگێکی تێدا ببێتەوە... کوشتنی ڕای تر و ڕق و کینە و بوغز و توندڕەوی کۆمەڵێک نەخۆشین وەکو گەندەڵی پیس و ناشیرینن. ڕق باوکی گەندەڵی و تۆڵە دایکێتی... سلێمانی دەبێت بە شارێکی ناشیرین گەر جێگای هەموو هەمەڕەنگییەکی سیاسی تێدا نەبێتەوە... دەبێت بە شارێکی ناشیرین هەتا گەر یەک ئینسانیش هەبێت هەستبکات کە لێرەدا جێگای نابێتەوە و هەستبکات دەرکراوە. سلێمانی دەبێت بەشارێکی تەنھا گەر ئێمە ھەر خۆمان قبوڵبێت. ئێوە بۆیە لێرەن، چونکە هەستدەکەن لەم کۆمەڵگایە دەرکراون، نەوەک بتانەوێت کەس لەم کۆمەڵگایە دەربکەن. ئێوە لێرەن چونکە دەستێکی بێڕەحم تۆڵەی لێکردونەتەوە و مافی بردون، نەوەک لە بەرئەوەی دەتانەوێت تۆڵەبکەنەوە و مافی کەسانی تر زەوتبکەن... ئەوکاتەش هەموو کوردێک و هەموو کۆمەڵگا دەبێت بە پشت و پەناتان کە نوێنەری هەموو ڕەنگێک بن و بتانەوێت ماف بۆ ئەوانە بگێڕنەوە کە تا ئێستا جێگایان نەبۆتەوە... داوای چاکسازی، داوای داماڵینی چەک، داوای دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان، داوای دیموکراسییەتێکی ڕاستەوخۆ، داوای مۆنۆپۆڵ نەکردنی دەسەڵات، داوای ئابوورییەکی شەفاف، داوای هەڕەشەنەکردن بە جەنگی ناوخۆیی، داوای دوورخستەنەوەی چەک و پارە لە سیاسەت، ئەوانەن ئامانجی ئێوەن... کە ئامانجی گەورەن و پێویستی بە کۆمەکی هەموو ئینسانێکی دڵسۆزی ئەم کۆمەڵگایە هەیە ... ئێوە دەبێت بە جۆرێکی ئاشتتیخوازانە هێز بۆ ئەم خەونە گەورەیە کۆبکەنەوە، نەوەک ڕق بڕوێنن... ئەم خەونە ئەوەندە گەورەیە کە پێویستی بە ووزەی هەموومان هەیە، لە قوتابییەکەوە تا مامۆستایەکی زانکۆ، لە کەیبانوویەکی بێئیشەوە تا پێشمەرگەیەک ... ئێوە دەبێت هەوڵبدەن هەموو ئینسانێک، جا بیرکردنەوەی سیاسی هەرچۆنێک بێت، لە پاڵتاندا بوەستێت، کەس هەست نەکات ئەم سەرایەی ئێوە، سەرای ئازادی ئەو نییە. ئێوە لێرەوە دەبێت بەوانە بڵێن کە تەقەیان لێکردن، وەرن و لێرەوە لێمانەوە فێربن و لەگەڵماندا لە گوناهتان پاکببنەوە. برایان لەدڵیشەوە داوادەکەین خوشک و خێزانەکانتان بابێنە ئەم مەیدانەو لەگەڵتاندا خەون ببین، ناکرێت مرۆڤ بیەوێت دونیا بگۆڕێت و خوشکەکەی خۆی لە ماڵەوە شاردبێتەوە، ئەم ڕاپەڕینە دەبێتە ڕاپەڕینێکی تەنھا و ناشیرین گەر نەتوانێت ژیان و شوێن و مانای ئافرەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا بگۆرێت... دەبێت بە نمایشێکی پیاوانەی ڕووت گەر نەتوانێت هەڵگری ئومێدی دایک و خوشک و کەیبانوو و خانمەکان بێت... شتێک نییە ناوی ئازادی بێت، بێئامادەبوونی ئافرەتانیش ...
 
با ئەم بزوتنەوەیەی ئێوە ناوبنێن، شۆڕشی ڕێز و خەون... ڕێزی هەموو جیاوازییەک و خەونی پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ گەنجان و منداڵەکانمان. ئێوە دەبێت ئەو هێزەبن کە جوانیی و خۆشەویستیی نیشتیمان بۆ ژیانی سیاسیی دەگێڕنەوە، نەوەک زمانی گوللە و مەنتیقی پێڵاو و وشەگەلێک کە کەرامەتی ئینسانەکان برینداردەکات، کۆمەڵگای ئێمە پرە لە مەنتیقی پێڵاو و گوللە، لەوە زیاتر پێڵاو و گوللەمان ناوێت، پێڵاوەکان لەدەست پێڵاوھاوێژەکان بسەننەوە و لەبری ئەوە گوڵیان بدەنێ... تفەنگەکان لەدەست چەکدارەکان بسەننەوە و لەبری ئەوە شیعر و گۆڕانییان بەنێ، کۆمەڵگای ئێمە پڕە لە توندوتیژیی، پڕە لە ڕق، لەوە زیاتر کینەمان ناوێت، دوژمنی گەورەی ئێوە ئەوانەن کە فێری توندڕەوی و ڕقتان دەکەن....
 
بزانن هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی، ھەر ڕاپەڕینێک، ھەر شۆڕشێک بە لێبوردن و قبوڵنەکردنی جیاوازیی دەست پێ نەکات، بە کوشتنی ئازادیی و دیکتاتۆرییەت کۆتایی دێت... جارێکی تر خۆشەویستی و پشتیوانیی ئێمە بۆ ئێوە.

لەگەڵ ڕێز و سڵاوی بەختیار عەلی، ئاراس فەتاح، مەریوان وریا بۆ ھەموو ئامادەبووانی سەرای ئازادی

ئاە وەستا عەلی ئاە

٢٣-٢-٢٠١١

سادە و غەمگینەکەی نیشتیمان ... ئاە ... وەستا عەلی، ئەی هاوڕێم، بڕۆرەوە ژوورێ و لەگەڵ فرمێسکەکانتدا دەرگا لەسەر خۆت دابخە و جارێ مەیەرە دەرێ ... ئاخ وەستا عەلی.
 
بڕۆرە ژوورێ و تا زیاتر یاریان بە ژیان و ئینسانییەتت نەکردوە، مەیەرە دەرێ ... بڕۆرە ژوورێ و وایەری تەلەفونەکەت دەربهێنە و دەرگا لە کەس مەکەرەوە ... وەستا عەلی ... شتەکان لە تۆ گەورەترن... با لەوە زیاتر نەتکوژن ... جارێک و دووجار و سێ جار کوشتن بەسە وەستا ... ئەگەر بکوژی کوڕەکەت چەند کەسێک بێت، بکوژانی تۆ سەدان و هەزارانن ... وەستا عەلی ... بڕۆرە ژوورێ برام و بگری ... چونکە هەموو ناشیرینی دونیا ئێستا لەسەر ناوی تۆ و ڕۆحی تۆ ئیشدەکات ... دەرگا لە هیچ سیاسییەک و شۆڕشگێڕێکی درۆزن مەکەرەوە ... گەر نەمزانیبایە برسی دەبیت، پێمدەگووتیت بڕۆ ژوورێ و خوداحافیزی لە کاشییەکانیشت بکە و ئیتر هەر دەرگا مەکەرەوە ...
 
وەستا عەلی... بڕۆ هاوڕێم و قسە لەگەڵ کەسدا مەکە. لە پیاوێکی دڵشکاو و بریندارەوە کردیانی بە ڕیکلام ... گوێ لەو سیاسییانە مەگرە کە دێنە بەردەرگات و داوای لێبوردن دەکەن... هەموو درۆزنن وەستا. گوێ لەو شۆڕشگێڕانە مەگرە کە دەیانەوێت دونیا بگۆڕن و کەچی ناتوانن لە سادەیی و برینداری و سەرلێشێوانی تۆ تێبگەن، بڕۆ ژوورێ برام و دەرگاکەت بە ڕووی هەمووماندا داخە ... چاوەڕێی چیمان لێدەکەیت وەستا... چاوەڕێی جوانیمان لێ دەکەیت؟... کوڕەکەتمان کوشت و خۆشتمان کرد بە خۆفرۆش وەستا گیان ... ئیترچاوەڕێی چیمان لێدەکەیت ... بۆ دەرگاکەت بە دەموچاوی هەمووماندا دانەخەیت و بڵێیت «ئیتر بەسە».
 
تۆ پیاوێکی سادەی وەستا... ئەوەندە سادەیت دەتوانیت لە هەموو بکوژێک ببوریت... یارییەکە لە سادەیی تۆ گەورەترە، یارییەکە لە دڵپاکی تۆ پیسترە، یارییەکە لە جوانی تۆ ناشیرینترە، وەستا. تۆ ئەی کارێکارە سادە و پاکەکەی نیشتیمانە بریندارەکەم... تۆ فێرنەبوویت کەس لە ماڵی خۆت دەربکەیت ... تۆ فێرنەبوویت بێڕێزی بەرامبەر بکوژی کوڕەکەشت بکەیت وەستا ... یان بڕۆ ژوورێ و دەرگاکە لە خۆت داخە و ئیتر مەیەرە دەرێ، یان تۆش سادەوساکاری و لێبوردەیی خۆت دانێ و فێری نیفاق و درۆبە ... هەموو دەیانەوێت لەسەر لەوحی ڕۆحی تۆ زاری خۆیان هەڵدەن ... ئەو سیاسیانەی هەموو مێژوویان ناشیرینییەیە، دەیانەوێت لەسەر حیسابی لێبوردەیی تۆ خۆیان پاکبکەنەوە ... ئەوانەی لەسەر حیسابی ناشیرنکردنی هەموو کەسێکی دی دەیانەوێت وەک شۆڕشگێر دەربکەون، پێتدەڵێن خۆفرۆشی وەستا... تۆ تەنیا پیاوێکی سادەی لێبوردەی... ناتوانیت برینی خۆت بکەیت بە ڕق... بەڵام ئیتر بەسە وەستا.
 
هەر یەک دەیەوێت پارچەیەکت لێ بەرێت، هەریەک دەیەوێت ژانی تۆ بکات بە ئاڵایەک بۆ خۆی، هەریەک دەیەوێت لە ئینسانییەتی تۆ شتێک لە دەستکەوتی دەستبکەوێت، هەر یەک دەیەوێت برینی تۆ بکات بە دەمامکێ بۆ سەرێ خۆی ... ئەو تەلەفزیۆن و کامێرا بەشان و مایکرۆفۆن بەدەستە موزەیەفانە لە بەردەرگای خۆت دەرکە، هاتوون ڕیکلام بە ژانی تۆوە بکەن، ئەو سیاسیانە دەرکە، ئێستا بۆیە بچوکن لە بەردەمتدا، چونکە لە عەرشەکانیان دەترسن وەستا. کوڕی تۆ تەنیا کوڕی تۆیە، ئەوەی لەم دونیا گەورەیەدا بۆ تۆ ماوەتەوە، ئەوەیە باوکی کوڕێکی قەشەنگ و شەهیدی ، مەهێڵە کەس لێتی بدزێت ... نە سەرۆک و نە جەماوەر و نە شۆڕش ... زامی گەورە تەنیا زامی تۆیە وەستا. هەموومان دەربکە وەستا ... هەموومان ... منیش دەربکە ... کە تەنها هاتووم پێتبڵێم ... لە زۆرمان گەورەتری وەستا.

چاوپێکەوتنێکی کورت لەگەڵ بەختیار عەلی دەربارەی دۆخی ئێستاکێ

٢٠-٢-٢٠١١
 
پرسیار: دوا نوسینت کاک بەختیار، ڕووی قسەت لە یەکێتی بوو، گەر تەماشابکەین تاوانەکە پارتی کردوێتی و ئاگرەکە لە ماڵی یەکێتیدایە، لە ڕووی سیاسییەوە ئێستا یەکێتی و هێزەکانی دی چی بکەن باشە؟
 
وەڵام: پێویست ناکات باسی هەڵە گەورەکانی یەکێتی بکەین، ئەوە هەموو دەیزانین. ئەگەر پرسیارەکەی بەڕێزتان ئەوەیە: ئاخۆ چی بکرێت لە ئێستادا. بەبۆچوونی من ڕووداوەکان بەرەو ئەو جێگایەمان دەبەن، کە هیچ چارێک نەبێت جگە لەوەی یەکێتی نیشتیمانی هاوپەیمانییە ستراتیژییەکەی خۆی بەزووترین کات و بێدوودڵی لەگەڵ پارتیدا هەڵبوەشێنێتەوە. ئەمە ئەگەر ئەسڵەن کات مابێت بۆ کاری وەها... مەسەلەکە مەسەلەی ڕۆژ و سەعاتە. ئەم هاوپەیمانێتییە کارەسات بوو بۆ بەشێکی گەورەی کوردستان، بەداخەوە پارتی دیموکرات ئەم هاوپەیمانێتییەی بەخراپترین شێوە بەکارهێنا، بۆئەوەی دەسەڵاتێکی موتڵەق و بێئەندازە نادیموکراتی و توند بگرێتە دەست. وە لە ناوچەکانی یەکێتیدا کاروکردارێک بکات کەوەک کۆ بە زیانی کوشندە بۆ سەر دیموکراسییەت تەواو بوون. لە کاتی خۆیدا ئێمە و خەڵکانێکی زۆری تریش هوشیاری ئەو مەترسییە گەورانەمان دا، کە هاوپەیمانی ستراتیژی کارەساتی زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە، بەڵام کەس گوێی نەگرت. ئەگەر بشێت شتێک ڕزگاربکرێت ئەوەیە کە خراپ بەکارهێنانی ئەو هاوپەیمانییە، هۆیەکی گرنگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی. پێموایە لە ڕووی سیاسییەوە دەبێت ئەوە داواکارییەکی گرنگی خەڵک بێت... ئەم هاوپەیمانییە ژیانی سیاسی لە کوردستان تێکدا، بۆئەوەی دیکتاتۆرییەت لە کوردستان کۆتایی پێبێت و ژیانی دیموکراسی بکەوێتەوە سەرپێی خۆی دەبێت ئەوجۆرە ڕێکەوتنە سیاسیانە، کەتەواو ژیانی سیاسی ئیفلیجدەکەن ڕێگای پێبگیرێت. پێویستە فشارێکی سیاسی ڕاستەقینە هەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکەوتنە، وەک سەرەتایەکی بچوک بۆ ڕاستکردنەوەی باری سیاسی. ئەم هاوپەیمانییە ڕێکەوتنێکی شوومە، شتێکە لە بابەتی حیلفی بەغدادی کۆن و ڕێکەوتنی سەعدئاباد بەڵام بەبچوکی و لە شێوەی فۆرمێکی لۆکاڵدا... پارتی ئەم ڕێکەوتنەی بەکارهێنا بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی خۆیدا و دروستکردنی فەزایەکی ترس و داڕشتنی ئیدارەیەکی ئۆتۆکراتی و دوورخستنەوەی ڕاپەڕینی 91 و خاڵیکردنەوەی هەرەسی سەدامی دیکتاتۆر لە مانا جەوهەرییەکانی و فەرامۆشکردنیان ... کۆتاییهێنان بەم ئیتفاقە بووە بە پێداویستییەکی سیاسی سەرەکی ... لەم دەقیقەیەدا ڕەنگە کارێکی وەها تەنیا دەرگا بێت، یەکێتی نیشتیمانی بتوانێت پیا بڕوات. ئەوە ڕاستە تا ئەم ساتە ئاگر بەپلەی یەکەم لە ماڵی یەکێتیدایە نەوەک لە ماڵی پارتی.

پرسیار : جوڵاندنەوەکە لە ڕووی سیاسییەوە چی بکات باشە و چۆن دەیبینن؟
 
وەڵام: هەندێ سات هەیە لە مێژوودا بزاوتە جەماوەرییەکان بێئامانجێکی سیاسی دیاریکراو دێنەسەرجادە، یان ڕاستتر لەسەرجادەوە شتەکان گەڵاڵەدەبن. شۆڕش یان ڕاپەڕین ساتێکی توڕەییە دژ بە کۆی سیستمەکە، ئەستەمە بە هۆی تەنها یەک هۆکارەوە خەڵک ڕابپەڕێت. ڕاپەڕین هەمیشە تەقینەوەیەکی عاتیفییە دوای خۆخواردنەوەیەکی دوورودرێژ. هۆکارەکانی لەو ساتەدا هەرچییەک بێت، مانا و دەلالەت و باعیسە سەرەکییەکەی لە جێگایەکی تردایە. لەمجۆرە ڕاپەڕینانەدا سات بە سات دروشمەکان و ئامانجەکان دروستدەبن، بە گشتی هەموو ڕاپەڕینێک چەند قۆناغێکی گەڵاڵەکردنی ئامانجی تێدایە... ساتی پێش ڕاپەڕین، کە خەڵک ناڕەزاییەکی گشتی و شەخسیان هەم لەسەر بارودۆخی گشتی و بارودۆخی ژیانی شەخسی خۆیان هەیە. هەر ئینسانێک کە ڕادەپەڕێت برینێکی شەخسی لە دڵی خۆیدا هەیە، لێرەوە من لەوانە نیم کە ڕاپەڕین تەنیا لە هێڵە کۆمەڵایەتییە پان و گەورەکانیدا ببینم... بەبێ زامێکی تایبەتی مرۆڤ ناتوانێت بێتە سەر شەقام. من جارانی پێشوو کە دەچوومەوە کوردستان خەڵکێکی زۆرم دەبینی کە هەموو بەجۆرێک لە جۆرەکان زامدار بوون... هەموو ڕاپەڕینێک لە برینی بچوکی چەند ئینسانێکەوە دەست پێدەکات و بەرەو پێشەوە دەڕوات... لەکاتی ڕاپەڕیندا هێزی جیاواز و خەڵکی جیاواز دەیانەوێت سوار شەپۆلەکەی ببن... لێرەوە قۆناغی ڕاپەڕین پڕە لە دروشمی جیاواز جیاواز، هەڵبەت بۆ دۆخی ئێمە هێشتا زۆر زۆر زووە قسە لە غایەتی کۆتایی ئەم بزوتنەوەیە بکەین... بەڵام بەوەدا خەڵک بەهەزاران لەسەر جادەن و دەجوڵێن، دەبێت سوودێکی مێژوویی لەو دەرفەتە ببینرێت تا دروشمی ڕاستیان پێبێت. گرنگە خەڵک بەدەستکەوتی سیاسییەوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵێ. ناکرێت مەسەلەکە وەک ڕشتنی ڕق بکەوێتەوە، پێویستە دەسکەوتی ڕاستەقینەی بۆ تەواوی پرۆسەی دیموکراسی هەبێت ، لەسەروو هەموویانەوە دەستورێکی دیموکراتی بۆ هەرێم کە دەسەڵات لە هەرێمدا لە هەمووجۆرە مۆنۆپۆڵکردنێک بپارێزێت و چەک لەدەست حیزب دەربهێنێت، بەبێ داماڵینی چەک لە دەستی حیزب، هەموو حیزبێک... دیموکراسییەت پاشەڕۆژی نابێت و تاقیامەت ئەم سیناریۆیە دووبارەدەبێتەوە، دوو گەنج هەر دەبێت بەرد بگرنە پەنجەرەی حیزب و ئەم کارەساتە گەورەیە بقەومێتەوە. چەکی پارتی و یەکێتی تەنیا بۆ شەڕی ناوخۆ بووە، بۆ ترساندنی خەڵک بووە... بەراستی چەکی ئەم دوو حیزبە هەموو ئەگەرێکی دیموکراسییەتی لەم هەرێمەدا خنکاندوە، چەکی حزب اللە چەند گرفتی بۆ لوبنان ناوەتەوە چەکی ئەمان گرفتی زۆرتری بۆ ئێمەی کورد دروستکردوە. من ئومێدم وایە کە خودی جوڵاندنەوەکە داوای سیاسی کۆنکرێت و گرنگی هەبێت و فشارێکی ئاشتیخوازانە و دیموکراسی بێت و بەقازانجی چەک داماڵین و دروستبوونی حیزبی مەدەنی بشکێتەوە کە نە چەکی هەیە و نەدەتوانێ بەپارە خەڵک بکرێت... ناکرێت تۆ سەد هەزار لولە تفەنگت کردبێتە سەری کۆمەڵگا و پارەی هەموو وڵاتەکەت خستبێتە گیرفانتەوە و دوایی بڵێی « دەبینن، من هەڵبژاردنم بردەوە»... من پێش لە هەڵبژاردنی پێشوو چەند جارێک ئەوەم دووبارەکردەوە. بەبڕوای من هەڵەیە جارێکی تر هەڵبژاردن لەوجۆرە هەلومەرجەدا ڕووبداتەوە و خەڵک بچن بۆ دەنگدان. کوردستان لەدوای راپەرینەوە هەلومەرجی هەڵبژاردنی ئازادی تێدانەبووە... من زۆر سەیرم لەداواکەی بزوتتنەوەی گۆران دێت کە دەڵێت با حکومەت و پەرلەمان حەلبکەین و سێ مانگی تر هەڵبژاردن بکرێتەوە... لە هەلومەرجی ئێستادا کە هەم چەک هەم پارە هەم میدیا تەواوی چەکی حیزب وپارەی حیزب و میدیای حیزبە، هەڵبژاردن سوودێکی نییە... هەڵبەت کوردستانی پێش 17 ی فێبریوەر ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی کوردستانی دوای 17 ی فێبریوەر... ئێستا گرنگە لە هەناوی ئەم بزاوتی پرۆتێستۆکردنەوە، بزوتنەوەیەکی دیموکراسی گەنج لەدایک بێت و فشاربکرێت بۆ گۆڕینی هەندێک جومگەی گرنگی ناو پێکهاتی سیاسی. ئەوەی من بە کارەساتی دەزانم ئەوەیە کە داواکارییەکانی بزوتنەوەکە ببێت بە داواکاری دوای ڕووداوەکەی بەردەم لقی 4. ئەمڕۆ خەڵکانێک خزاونەتە ناو بزوتنەوەکەوە کە لەبری ئەوەی لەسەر ئەو مێژووە دوورودرێژە ئیشبکەن کە پێش لە 17 ی فێبریوەری هەیە، تەنیا لەسەر ئەوە ئیشدەکەن زێرەڤانی بگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی، بارەگای حیزبەکان بچنەدەرێ... ناکرێت بزوتنەوەیەکی گەورە لە سنووری وابچوکدا گەمارۆبدەیت و ئامانجە دیموکراسییەکانی لێ بستێنرێتەوە. ڕیشەی ئەم بزووتنەوەیە لە ناو ئەو داواکارییەنەدایە کە لە دوای ڕاپەڕینییەوە لە کۆمەڵگای کوردیدا گەڵاڵەبووە... من بەردەوام ترسم لە خوێن ڕشتنە، بەردەوام خەیاڵم لای ئەوەیە. گەر ئەمڕۆ بزوتنەوەکە بێدەسکەوتێک بگەڕێتەوە، بەیانی خوێنی زیاتر دەڕژێت، ئەم سیناریۆی ڕەشەکوژی و تیرۆرە هەر بەردەوام دەبێت... بۆئەوەی بەر بەخوێنڕێژی بگیرێت دەبێت گۆرانکاری راستەقینە لە واقیعی سیاسیدا ڕووبدات.
 
پرسیار: بەبڕوای ئێوە دەبێت ئەم جوڵەیە شتی نوێ لەگەڵ خۆیدا بهێنێت؟
 
وەڵام: لەڕووی سیاسییەوە بەڵێ، واقیعێکی تەواو نوێ دەهێنێت... گەڕانەوە بۆ دوای 17 ی مانگ کاری نەکردەیە، هەتا لەو جێگایەنەشدا کە بزوتنەوەکە نایگاتێ. بەڵام لای من دەرەنجامە سیاسییەکان بەپلەی دووەم دێن. لای من گرنگ کولتوور و عەقڵییەتە... پارتی و یەکێتی سی ساڵە لەسەر ملی خەڵک دانیشتوون بەبیانووی ئەوەی کە شۆڕشیان کردوە، ئەمڕۆ لە بیست و چوار سەعاتی یەکەمدا خەڵکانێک پەیدابوون دەڵێن ئەمە شۆڕشی ئێمەیە و دەیانەوێت هەمان سیناریۆی پارتی و یەکێتی و عەقڵییەتی ئەو دووبارەبکەنەوە. ئەم عەقڵییەتە کە مێژوو بۆ یەک چرکە و گۆڕان بۆ یەک فۆرم و بەشداری بۆ یەک شێوە کورتدەکاتەوە، عەقڵییەتێکی ترسناکە... هەر ڕاپەڕینێک بکات، دەرەنجامەکانی بە دیکتاتۆرییەت تەواودەبێت، ئەمجۆرە عەقڵییەتەیە کە ئەو سیستمە دیکتاتۆرییەی ئەمڕۆی لە کوردستان دروستکردوە... گەر ئەم کولتوورە وەک خۆی بێت، گەر چەند گروپ و کەسێک بێن و سوار شەپۆلی توڕەیی خەڵک ببن و بیانەوێت پیاسەربکەون، دەگەڕێینەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم و وەک ئەوەیە هیچ نەبووبێت، وەک ئەوەیە بە ناو شەپۆلێک و ڕەشەبایەک لە توندوتیژیدا ڕۆیشتبین و لەوسەر بە هەمان کولتوور و عەقڵەوە هاتبینە دەرەوە. بەبڕوای من لەسەرەتاوە خەڵک دەبێت فێربێت بتی تازە دروست نەکات، هیچ سیاسییەک، هیچ گروپێک، هیچ لایەنێک، هیچ ڕۆشنبیرێک نەگۆڕێت بۆ بتێکی نوێ و جڵەوی عەقڵی خۆی بداتە دەست. ئەمجۆرە بزاوتانە پڕن لە هەڵچوونی عاتیفی، پڕن لە سۆز کە گڕدەگرێت و دەنیشێتەوە... لەبەرئەوە بەدرێژایی مێژوو، تۆوی سەرهەڵدانی توندوتیژی و چەکەرەکردنی دیکتاتۆریان لە ناو خۆیاندا هەڵگرتووە. بۆ من زۆر گرنگە ئەم بزوتنەوەیە، ئەو عەقڵییەتە دووبارە نەکاتەوە.. ئەم بزوتنەوەیە گرنگە نوێنەری خۆی لە ناو خۆیەوە دەربهێنێت و کەس لە جیلی من و نەوەکانی تر نەبێت بە وەکیلی، بازنەداتە سەر ملی، لێیانگەڕێین شوناسی سیاسی خۆیان بدۆزنەوە و لەوەدا کۆمەکیانبکەین کە دووربن لە توندوتیژی و گیانی تۆڵە و توڕەیی بێسیما و ئامانج، با لەگەڵیاندا بیربکەینەوە نەوەک خۆمان بکەین بەسەرکردە و ڕابەڕیان. من لە ئێستاوە لە کولتووری وەکالەت و کولتووری تاپۆکردنی بزووتنەوەکە دەترسم، کە دەشێت لە ئێستاوە هەڕەشەیەکی گەورەدەبێت لەسەر جەوهەری دیموکراسییانەی...

پرسیار: کاک بەختیار ئایا ئەم ڕووداوانە چاەڕوانکراوبوو بۆ تۆ؟
 
وەڵام: پار کە کتێبی سێوی سێهەمم نوسی، کتێبەکە ئەگەرچی کتێبێکی تیوری و فەلسەفی سەختە بۆ خوێنەری سادە، بەڵام ناوەڕۆک و مانا و غایەتی ئەوەبوو کە بڵێم بیرۆکەی شۆڕش نامرێت و ناکرێتە دەرەوەی مێژوو و ناکرێتە دەرەوەی فەلسەفە. ئەم قسەیە بۆ پار کە هیچ ئەگەرێکی شۆڕش لە گۆڕێ نەبوو، نەوەک هەر دەگمەن بوو، بەڵکو سەلماندنی لە ڕووی تیوریشەوە سەخت بوو ... خاڵی دووەم کە دەبێت بیزانین ئەوەیە ئەم بزووتنەوەیە لە کوردستان بەشێکە لە بزووتنەوەیەکی گەورەتر لە سەرجەمی خۆرهەڵات و باکووری ئەفریقادا کە لە مەغریبەوە بۆ ئێران گرتووێتییەوە، واتە ئەمە لەرینەوەیەکی بچوک نییە، بەڵکو بومەلەرزەیەکی سیاسییە کە تەواوی ژیانی سیاسی لە خۆرهەڵات دەگۆڕێت، ئەگەر بەڕێزت لە بیرت بێت من لە هەموو چاوپێکەوتنەکانی ئەو پێنج مانگەی دواییەدا لەگەڵ کاک سیروان ڕەحیم، لەگەڵ هیدایەت جان «کە دەقەکەی بە فارسی لە ماڵپەڕی ئێرانی رادیوی زمان بڵاوبووەوە»، هەتا لەگەڵ ئەحمەد حوسەینیشدا کە بەرنامەیەکمان تۆمارکرد. پێکڕا باسم لەوەکرد کە خۆرهەڵات یان ناگۆڕێت یان هەمووی پێکەوە دەگۆڕێت ... وە گووتم مێژوو پڕە لە لابەلابوونەوەی کتوپڕ و گەورە و چاوەڕوان نەکراو، کەس لەسەر هیچ عەرشێکی نەگۆڕ دانەنیشتووە... ئەو قسانە کە ئەمڕۆ سادەن، دوو مانگ لەمەوپێش و بەر لە هەرەسی دیکتاتۆری تونس، لەوانەیە لای هەندێک مایەی پێکەنین بوون و هیچ کەسی دی لای ئێمە نەیدەکرد ... ببورە نامەوێت بڵێم من فاڵچیم و بە کتێبی مێژوودا ڕوانیومە زانیومە چی ڕوودەدات ... ئەبەد ... هێند هەیە، من بڕوایەکی تەواوم هەبوو کە مۆدێلەکانی دەسەڵات لەم ناوچەیەدا گەیشتوونەتە بونبەست و سنووری ژیان و پەیوەندی ئینسانی ئیتر لەوە تەسکتر ناکرێنەوە و مرۆڤ لەوە بچوکتر ناکرێتەوە و زەمینەیەکی نوێ و نەوەیەکی دیش هاتووە کە تێڕوانینی تادێت گەورە دەبێت . سەبارەت بە دۆخی لۆکاڵی خۆشمان پێویست ناکات هیچ بڵێم، من و چەندین برادەری تر لە ساڵی 92 وە تا ئێستا باس لە بوونی زەمینەی ئەم ساتە دەکەین.

پرسیار: پێتوایە خۆپیشاندانەکان بەردەوام بێت؟
 
وەڵام: کێشەکە ئەوەیە کە رووداوەکە بە کارەساتێکی زۆر گەورە و بێوێنە، بەقەسابخانەیەک دەستیپێکرد. توندوتیژی ئەمڕۆش هەم زۆر ترسناک و هەم زۆر زۆر غەمگین بوو، من هەندێ جار دەترسم سەیری هەواڵەکان بکەم، چونکە ناوێرم سەیری ژمارەی بریندارەکان بکەم. ئەو توندوتیژییە لە ڕادەبەدەرە کە لەشەوەوە بەسووتانی نالیا دەستی پێکرد و بە کوژرانی قوتابییەک کۆتاییهات، هێندەی تر بەنزین دەکات بەئاگرەکەدا. من دوێنێ هەموو هیوام ئەوەبوو کە یەکێتی کەس نەکوژێت و خۆی نەخاتە گێژاوی توندوتیژییەوە... هەموو هیوام ئەوەبوو خوێن نەڕژێت. تا توندوتیژی بەردەوام بێت، ڕووداوەکان گەورەتر و فراوانتر و خوێناویتر دەبن... دەبێت توندوتیژی لەلایەن دەوڵەتەوە بوەستێت، ئەمڕۆ یانزە کەس بە فیشەک برینداربوون... من ناتوانم باوەڕبکەم. پرسیارەکە ئەوەیە : کێن ئەوانەی فەرمانی تەقەکردن بە فیشەکیان دەرکردوە؟ چۆن دەتوانن شتی وابکەن. بەرێوەبەری ئاسایشی گشتییە یان بەڕێوەبەری پۆلیسە یان بەرپرسی دەزگای دژە تیرۆرە یان کێیە؟. من نازانم، دەبێت یەکێک هەبێت کە فەرمانی تەقەکردن بە فیشەکی راستەقینەی دەرکردبێت. هەر کەسێک بێت تاوانبارێکی گەورەیە، لە سێ ڕۆژدا پتر لە 75 گەنج بە فیشەک برینداربوون، کە کەسیان نە تفەنگیان پێبووە و نە دەمانچە، زۆربەیان قوتابین... ئێستا مەسەلەکە ئەوە نییە کە خۆپیشاندانەکان بەردەوام دەبن یان نا، ئەوەیان تەنیا و تەنیا بڕیاری ئەوانەیە کە لەوێن، ئەوەیان من لێرەوە نایزانم. بەڵام من دەزانم ئێستا واقیعکێ سیاسی نوێ هەیە... نوخبەیەکی سیاسی کۆن هەیە کە کاتێتی تێبگات، شتەکان بۆ ئەوان وەک جاران بەڕێوەناچێت. سیاسییەکانی پارتی و یەکێتی فەشەلیان هێنا لە ئیدارەدانی ئەم وڵاتەدا، فەشەلێکی بێوێنە ... ئەمە ئەو حەقیقەتەیە کە ئیتر بیرکردنەوە و دوودڵی هەڵناگرێت. پێویست بەو نمایشە ناکات خۆیان وادەربخەن وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت. با شت زۆربووە، خەڵک بە فیشەک بریندارکردن و کوشتن... زۆر شتە، ئیتر شت نییە لە دنیادا لەوە خراپتر، شت نییە لەوە خراپتر. ئەم هەموو خوێن و ئازار و فرمێسکە بە هۆی تەقەکانی ئەوانەوەیە

یەکێتی نیشتیمانی لەبەردەم دووڕیانێکی مێژوویدا

٢٠-٢-٢٠١١

ئەم ساتەی ئەمڕۆ پێیدا دەڕۆین، ساتێکی گرنگە لە مێژووی یەکێتی نیشتیمانیدا... یان وردتر بڵێین لە بەردەم هەموو ئەوانەی تا ئەمڕۆ سەر بەیەکێتی نیشتیمانین. هەندێ ساتی گرنگ هەیە هەم لە ژیان و هەم لە مێژوودا کە تێیدا مرۆڤ ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەردەم بەرپرسیاتییەکی ئەخلاقی گەورەوە. پرسیارێک دێتەپێشێ ؛ ئایا درێژە بە هەمان ڕەوتی رابوردووی بدات، یاخود بیر لەوەبکاتەوە دووبارە سیاسەت و ژیان بە جۆرێکی تر ببینێت؟.
 
ئەو شەپۆلە مێژووییە گەورەیەی لە خۆرهەڵاتدا هاتووە، واقیعێکی نوێ و جوگرافیایەکی سیاسی تازەی دروستکردوە...ئەمڕۆ بەسەدان لاوی کورد لە ژێر هەرێمی دەسەڵاتی ئێوەدا لە خۆپیشانداندان... من لێرەدا وەک نوسەرێک قسەناکەم، بەڵکو وەک مرۆڤێک و وەک باوکێک. هەموو دەزانین ئەو نەوەیە بۆچی توڕەیە، هەموو دەزانین ئەو نەوەیە چەند وەختە نائومێدیی لەسەر نائومێدیی سەفتەیدەکات، چەند وەختە نیشتیمانەکەی تا بینەقاقای لە ناو نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا نوقمە... ئەمڕۆ ژیانی ئەو نەوەیە و پاراستنی ڕۆحی لە ئەستۆی ئێوەدایە. هەموو شتێک جگە لە خوێن... هەموو شتێک جگە لە خوێن. نرخی ژیانی هەر گەنجێک لە نرخی هەموو دەسەڵاتی دونیا گەورەترە... ئەو گەنجانە هەموو کوڕ و برای ئێمەن، هەڵەیەکی مێژوویی گەورەدەکەن هەتا یەک فیشەکیش بەرامبەریان بتەقێنن... ئەو تورەییەی ئەمڕۆ بەشێکی زۆری توڕەییە دەرهەق بە خوێنی کەسانی وەک سۆران و سەردەشت، کە ئێوەش لە ڕۆژی نیوەڕۆدا چاوتان لێ نوقاند و لێی بێدەنگ بوون. زیادکردنی هەر شەهیدێک، جگە لە گەورەکردنی توڕەیی خەڵک هیچی تر نییە. واز لەوە بهێنن بە ناوی ئاژاوەگێڕی و نۆکەر و دەستی دەرەکییەوە قسەبکەن... پێشتر هەموو سیستمەکانی دونیا ئەم وشانەیان بەکارهێناوە و سوودێکی نەبووە. لەم جۆرە ساتانەدا بەعەقڵییەتی کۆن سیاسەت ناکرێت... لەم ساتانەدا ئەسڵەن سیاسەت ناکرێت، سیاسەت دوێنێ دەکرا نەوەک ئەمڕۆ. ئەم ساتانە ساتی بێداربوونەوەی هوشیاری ئەخلاقی و ساتی هاتنەدەنگی مرۆڤەکەی ناوتانە. هەڵەیەکی گەورەیە لە پێناوی سیاسەت یان هەرشتێکی تردا ئەو مرۆڤە بکوژن. ئەمە ئەو ساتانەیە لە مێژوودا کە دەبێت سیاسی تێیدا بێدەنگ بێت و مرۆڤەکەی ناخی بێتەزمان، سیاسی برواتە دواوە و ئینسانەکەی ناومان قسەبکات. ئێستا گرنگ نییە لە سیاسەتدا چی باشە یان خراپە... ئەوە گرنگە چی بۆ ویژدان و ئینسانییەتتان گرنگە.
 
خۆتان دەزانن من جگە لە نوێنەری خۆم، نوێنەری هیچ کەس نیم، قەتیش ڕازی نابم نوێنەری کەس بم... لەبەرئەوەی من سیاسی نیم و نوێنەرایەتیکردنی خەڵک لە سروشتی خەڵکی سیاسیدایە و دوورە لە سروشتی من و دوورە لە سروشتی هەموو شاعیر و ڕۆمانوسێکی دونیاش. شتێکی قەشەنگیشە هەموو مرۆڤێکیش بتوانێت تەنیا نوێنەری ئینسانەکەی ناو خۆی بێت. ئێوە هێزی ئەوەتان هەیە کوردستان بکەن بە گۆمی خوێن، بەڵام هێزی ئەوەشتان هەیە کە پشت لە خەڵک و گەنجانی ڕۆحسوک و دڵگەرمی ئەم میللەتە نەکەن... بەشێکی زۆرتان کوڕی دڵسۆزی ئەم نیشتمانەن، هەندێکتان وەک ئێمە توڕەن لە گەندەڵی و نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، مەهێڵن ئەو بەشە گەندەڵ و ناشیرینەی ناو یەکێتی نیشتیمانی خیانەتتان لە ئینسانەکەی ناو خۆتان پێبکات ... مەهێڵن خوێنبڕژێت و لەوە زیاتر مەمانگرێنن. فرمێسکەکانی ئێمە ئەمجارە بەدەست ئێوەیە.
ئەمە ئەو ساتانەی مێژووە کە تەنیا بڕیاری خێرا و ڕاست، ئینسانییەتی ئینسان ڕزگاردەکات.
 
ئەوەی بەتەمابن گەنجان و کچ و کوری نائومێدی ئەم نیشتیمانە، بە ئاسانی بڕۆنەوە بۆ ماڵێ و بچنەوە ژوورێ زەحمەتە. لەبەرئەوە جگە لە پاراستنی ژیانیان، هیچ چارەیەکی تر و ڕێگایەکی دووهەمتان لەبەردەمدا نییە. من دڵنیام هێشتا ڕووبەرێک ماوە بۆ بیرکردنەوە لە ناوتاندا، بیرکردنەوەیەک کە تەنیا خەیاڵی لای دەسەڵات و پارە و حوکمی هەتاهەتایی نەبێت... ڕووبەرێک ماوە، تێدەگات و دەبینێت و دەرک بە گەورەیی شەپۆلەکان دەکات، ڕووبەرێک بیر لە خوێن و کوشتن ناکاتەوە، ڕووبەرێک ڕازی نابێت تفەنگەکەی خۆی بکاتە سنگی خەڵک، ڕووبەرێک تێدەگات چەندە ئەستەمە تەقە لە میللەتی خۆت بکەیت، چەندە ئەستەمە... من بۆ مێژوو دەڵێم، ئەوەی بەشێکی گرنگی ئەم ململانێیە لە نێوان دەسەڵات و میللەتدا یەکلاییدەکاتەوە، ئەو بەشەی ناو یەکێتی نیشتیمانییە کە ساتی ئەوە هاتووە خۆی لە هەموو تۆزی دێرینی بتەکێنێت و دەستی خۆی بە خوێنی لاوانی نیشتیمان سوور نەکات.
تایبەت بە فەیسبوک 20. 2