Sunday 24 April 2011

زانست‌و دین‌و شۆڕش / بەشی دووەم

بەشی دووەم


له‌سەر رۆشنایی ئەو راستییەدا دەبینین کە زانست له‌خۆرهەڵاتی ئێمەدا، سێ رەهەندی بنەڕەتی خۆی له‌دەستدەداوە، کە بەبێ ئەو سێ رەهەندە قسەکردن له‌سەر رۆحێکی شۆڕشگیڕانە بۆ زانست نەشیاوە: رەهەندی یەکەم: رۆحی بەگژاچوونەوەی بیربۆچوون‌و جیهانبینییە دێرین‌و ئەفسانەییەکانە. زانست له‌خۆرهەڵاتدا هیچ جۆرە جەنگێکی گەورە‌و جیدی دژ بە جیهانبینییە کۆنەکان نەکرد، لێرەوە هەرگیز تێڕوانینی دینی بۆ دونیا نەکەوتۆتە جەنگێکی راستەقینەوە‌و بەر بەربەستێکی راستەقینە نەکەوتووە‌و دادگاییەکی فەلسەفی‌و زانستی تەواوەتی نەبینیوە. رەهەندی دووەم: زانست هیچ کات بەشدارنەبووە له‌بەهێزکردن‌و نوێکردنەوە‌و گەورەکردنی ژێرخانی ئابووریدا، واتە بە پێچەوانەی خۆرئاواوە زانست‌و بازاڕ هەمیشە دوو جێگای دوور‌و جیاوازبوون. زانست هەرگیز نابێتە هێزێکی کۆمەڵایەتی گرنگ گەر نەبێتە هێزێکی بەرهەمهێن، واتە کار له‌بازاڕ‌و شێوازی بەرهەمهێنان‌و مەسرەفکردن نەکات. پەیوەندی زانست‌و ئابووری له‌خۆرئاوادا پەیوەندییەکە کە تەواوی سیستمی کەپیتالیستی له‌سەر راگیراوە، واتە زانست ئەو ژێرخانە گەورەیە نوێدەکاتەوە کە سەرمایە‌و کەپیتال له‌ناویدا دەگەڕێت‌و بەبێ رۆڵی زانست، سیستمی بەرهەمهێنان‌و ستراکتوری بازاڕ نوێ نابنەوە. واتە زانست له‌کۆمەڵگای ئێمەدا هەردەم شتێکی دەرەکی بووە، کاریگەری له‌سەر ئابووری‌و سیاسەت نەبووە، لێرەوە هێزە کۆمەڵایەتی‌و پێداویستییە مێژووییەکەی له‌نزمترین ئاستێکدایە کە دەشێت خەیاڵی مرۆڤ بیگرێت. لێرەوە جیاوازی بنەڕەتی نێوان کەپیتالیزم له‌خۆرئاوا‌و کەپیتالیزم له‌وڵاتانی وەک ئێمەدا له‌وەدایە، کەپیتالیزمی خۆرئاوایی هەردەم له‌پەیوەندییەکی بەتیندا بووە له‌گەڵ زانستدا، مەرجی مانەوەشی وەک هێزی باڵادەست له‌وەدایە کە نوێبوونەوە بەردەوامەکەی له‌زانستەوە سەرچاوەدەگرێت. بەپێچەوانەی کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتییەوە، کە هێشتنەوەی کۆمەڵگا له‌دۆخی بێئاگاییدا‌و دەرکردنی هەموو چەشنە هوشیارییەکی نوێگەر مەرجی سەرەکی باڵادەستییەتی. بەکورتی هێزێکی کۆمەڵایەتی راستەقینە له‌کۆمەڵگای ئێمەدا نییە پێویستی بە زانست بێت، له‌کاتێکدا له‌خۆرئاوادا زانست هەردەم له‌ژێر گوشاری بازاڕ‌و بازاڕ هەردەم له‌بەردەم گوشاری زانستدایە. ئەمە کارێکی کردوە سیستمەکە بۆ مانەوە‌و بەردەوامی‌و ئیشکردن پێویستی بە زانست بێت نەوەک بە دین.
رەهەندی سێهەم: زانست وەک هێزێکی چاوەدێری عەقڵی بەسەر خودی تێفکرینەوە له‌خۆرهەڵات‌و له‌کولتوورە هاوشێوەکانی وەک کولتووری ئێمەشدا له‌دایک نەبووە. هەموو بیرکردنەوەیەک بۆئەوەی بتوانێت گەشەبکات دەبێت هەمیشە خۆی کۆنترۆڵبکاتەوە، عەقڵ له‌یەککاتدا دەتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر بەوەی له‌پاڵ چاوەدێری‌و خوێندنەوەی دونیاوە، بەردەوام کۆنترۆڵی خۆی‌و میتۆدەکانی خۆی بکاتەوە... ئەوە گرنگترین‌و شۆڕشگێڕانەترین‌و رادیکالانەترین سیفەتی عەقڵە. هەر کات عەقڵ توانای گومانی له‌خۆی نەما، توانای نوێبوونەوەشی نامێنێت... زانستیش له‌دوو بنەمای بنەڕەتی دروستدەبێت، گومان‌و گۆڕینی بەردەوامی کێشە‌و پرسیارەکان. لێرەوە زانست له‌کولتووری ئێمەدا چەکە هەرە گرنگەکەی خۆی پێ نییە کە له‌ڕێگایەوە هەم خۆی‌و هەم جیهان نوێدەکاتەوە، کە چەکی سانسۆر‌و کۆنترۆڵی خۆ بەخۆی خودە. ونبوونی ئەم رەهەندەش وادەکات زانست کایەیەکی خاو‌و هێواش‌و موحافەزەتکاربێت

له‌مجۆرە دۆخەدا کە زانست هیچ ئامادەگییەکی فیکری‌و بونیادی نییە، هێشتا کۆمەڵگایەک دروست نەبووە پێویستی بەزانست بێت، ئیدی زانست گەلێک خێرا مانا‌و وەزیفە‌و بایەخی خۆی له‌دەستدەدات. زانست له‌جۆرە خورافەتێکی نەتەوەییەوە دادەبەزێت بۆ ئاستێکی بچوکتر‌و کورتدەبێتەوە بۆ کایەیەک کە مرۆڤ تێیدا شەهادە وەردەگرێت، شتێک له‌دیکۆر‌و ئەکسسواری شەخسی بۆ کاراکتەری خۆی زیاددەکات. واتە له‌وە دەکەوێت ئەو جێگایە بێت کە کۆمەڵگا له‌ڕێگایەوە جیهانبینی خۆی دروستدەکات‌و دەبێت بەو جێگایەی کە کەسانێک جۆرە ئیش‌و وەزیفە‌و ناوێکیان لێ دەستدەکەوێت

شەست ساڵی رابوردوو‌ و دوای دەستپێکردنی قۆناغی پۆست کۆلۆنیالی له‌کۆمەڵگاکانی ئێمەدا، زانست قۆناغێکی گەورەی پاشەکشەی بە خۆیەوە بینی. سیحری زانست وەک هێزێکی رزگارکەر شوێنی خۆی له‌دەستدا‌و زانست له‌وە کەوت بایەخێکی ستراتیژی هەبێت. «ستایشی زانست‌و بەرز راگرتنی» کە له‌ساڵانی بیست‌و سیدا له‌زاری شاعیرانی کوردەوە دەمانبیست، کۆتایی دێت‌و له‌بری ئەوە گەڕانەوە بۆ ستایشی نەتەوە‌و سەرۆک‌و نیشتیمان دەستپێدەکات. بەجۆرێک دەتوانم بڵێم ساڵانی گەشەی ناسیونالیزمی کوردی‌و له‌ڕۆژانی باڵادەستی حیزبە ناسیونالیستییەکانی ئێمەدا، زانست‌و نرخە بەرزەکانی تەواو دەکشێنە دواوە‌و بوونێکیان له‌سەر نەخشەی کۆمەڵایەتی نامێنێت. لێرەدا گۆڕانکارییەکی گرنگ له‌شوێن‌و مانای زانستدا دەبینین. له‌سەرەتای سەدەی بیستدا زانست وەک هێزێکی رزگارکەر سەیردەکرا، کە رزگاری بێ زانست کاری نەکردەبوو... ئەمە قۆناغە تەنویری‌و گرنگەکەی رۆشنبیریی کوردییە کە کەسانی وەک ئەحمەد موختار‌و حەمدی‌و پیرەمێر‌و قانیع پێشڕەوایەتی دەکەن، له‌دوایی ساڵانی شەست‌و دوای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی چەکدار، زانست دەچێتە دواوە‌و بایەخدان بەزانست دەگوازرێتەوە بۆ دوای رزگاری، واتە ئەو گوتارە سەرهەڵدەدات کە کۆمەڵگا سەرەتا بە چەک خۆی رزگاردەکات‌و دواتر دەتوانێت بایەخ بە گەشە‌و پەرەسەندنی زانستی بدات. ئەم گۆڕینەی جێگای زانست‌و ئەم دەستکارییە ترسناکەی شوێنی له‌پرۆسێسکردنی رزگاری مرۆڤدا یەکێکە له‌هەرە ترسناکترین لابەلابوونەوە گەورەکان‌و هەرەسە تراژیدییەکانی هوشیاری کوردی له‌سەدەی بیستدا. زانست له‌سەرەتادا کە وەزیفەیەکی خورافی پێدەبەخشرێت، دواتر ئەو وەزیفە‌و خەیاڵەشی لێدەسێنرێتەوە‌و له‌کایەی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی دەکرێتە دەرەوە‌و دەبێت بە کایەیەکی شەخسی کە ئینسانەکان بۆ سوودی تایبەتی‌و بۆ شوێنگیری له‌سیستمی ئیداریدا بەکاریدەهێنن. ئەم لاوازبوونەی جێگای زانست بە دوو هێزی زەبەلاح‌و خورافەتساز پڕدەکرێتەوە کە سیاسەت‌و دینە. له‌گەڵ دەرکردنی زانستدا ئەو زەمینەیە دروستدەبێت کە جۆرێک له‌قارەمانی سیاسی دروستببێت کە شتێک بە مۆدێلی قارەمانەوە له‌مۆدێرنەدا گرێی نادات. وێنەی قارەمان دەگەڕێتەوە بۆ مۆدێله‌ کلاسیکییەکان، مرۆڤی ئازا چیتر ئەو کەسە نییە کە ئازایەتی عەقڵیی هەیە‌و هەڵگری هوشیارییەکی دژ‌و نوێنەری جیهانبینییەکی دیکەیە، بەپێچەوانەوە دەگەڕێتەوە بۆ قاڵبی دێرین‌و شێوەی جەنگاوەری تەقەکەر‌و دوژمنبەزێن وەردەگرێت. له‌په‌نجا ساڵی رابوردوودا وێنەی مرۆڤی ئازا‌و شۆڕشگێڕ له‌دونیای ئێمەدا پەیوەندییەکی تەواوی بە وێنەی مرۆڤی هوشیار‌و زانستخواز‌و داهێنەرەوە نەبووە، بەڵکو درێژکراوەیەکی ترسناکی وێنە هەرە کلاسیکییەکانی ئازایەتی‌و جەنگاوەریی بووە

«درێژەی هەیە»

Friday 22 April 2011

کاتێک پۆستاڵ حوکمدەکات و کاتێک تفەنگ قسەدەکات

مەریوان وریا قانیع، ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی

ئەوەی ئەمڕۆ سەیری کوردستان بکات دەزانێت ئەم وڵاتە بووە بە سەربازگەیەکی گەورە، بە پانتاییەکی ئەمنی زەبەلاح، بە جوگرافییایەکی تەنراو بە چەکدارەکانی حیزب و بە فەزایەک پڕ لە تیرۆر و ترساندن. پێدەچێت دەسەڵاتدارانی کوردستان جگە لە پرۆژەیەکی چەکدارانەی ڕووت، جگە لە تەنینی شارەکانی کوردستان بە سەربازە گوێڕایەڵەکانی خۆیان و جگە لە زمانی تیڕۆرکردنی کۆمەڵگا ھیچ پرۆژەیەکی تریان بۆ وەڵامدانەوەی داخوازی و ناڕەزاییەتییەکانی کۆمەڵگای ئێمە پێنەمابێت. ئەوەی ئێستا دەیبینین داڕشتنەوەیەکی سەربازییانەی سەرجەمی ئەو پەیوەندییانەیە کە دەسەڵاتدارنی کوردستان بە کۆمەڵگای کوردی و بە ھێزەکانی دەرەوەی خۆیانەوە گرێدەدات. ئەوەی دەیبینین پەلاماردانی ئەو ئەگەرەیە کە سەرجەم سیستمە دیکتاتۆرییە ترساوەکان پەنای بۆ دەبەن، کە ئەویش پڕکردنی شەقام و کوچەکانە بە چەکدارگەلێکی ترسنۆک کە جوامێریان لەوەدا کورتدەبێتەوە پەلاماری خەڵکی مەدەنی بدەن، تاکە قارەمانێتیان ئەوەیە شەق لە گەنجانی زانکۆ و کتێب و مامۆستاکانیان ھەڵدەن. ئەم پاڵەوانە تازانە کە حیزب بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگا پەروەردەی کردوون، درێژکراوەی ئەو لەشکرەن کە شەڕی دزێوی ناوخۆیان ئەنجامدا، ئەمڕۆش وەک ڕۆبۆت بە ئەمری ژەنراڵە حیزبییەکانیان تەقە لە ژیان و هیوا و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگای ئێمە دەکەن. ئەمانە بوون بە پەرژین بۆ ئەو سامان و سەروەتە زەبەلاحەی دەسەڵاتداران لەسەر حیسابی کۆمەڵگا کۆیانکردۆتەوە و پاشماوەی سەرسفرەکەش بۆ ئەم نۆکەر و بەکرێگیراوانە جێدەهێڵن. ئەگەر جاران شەڕی ئەوان تەنھا شەڕی دوو ھێزی سیاسی بووبێت لەگەڵ یەکدا، ئەوا ئەم شەڕەی ئەمڕۆ شەڕی ناوخۆ نییە، بەڵکو شەڕی نێوان هێزێکی دیکتاتۆری و دەسەڵاتێکی تیڕۆریستی خۆسەپێنە، لەگەڵ هەموو کۆمەڵگادا بەگشتی و بەتایبەت لەگەڵ ئەو نەوە گەنجەدا کە نائومێدبوون لە دەسەڵاتداران بردونیەتە سەر شەقامەکان.
ئەم پرۆژە سەربازییە ڕووت و ئەم عەقڵییەتە سیاسییە تیرۆرکارە، کۆمەڵێک مانای ترسناکی ھەیە. لەپێش ھەمووانەوە مردنی سیاسەت وەک چالاکییەکی ھێمن و مەدەنیی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و ململانێ کۆمەڵایەتییەکان. ئەمە مردنی سیاسەتە وەک چالاکییەک بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوون و تێگەیشتنی جیاواز دەربارەی ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگا دەبنەوە. ئەم پرۆژە سەربازیی و عەقڵییەتە سیاسییە تیڕۆرئاسایە مانای ئەوەیە دەسەڵاتداران نەک تەنھا بەرنامەیەکی سیاسی تایبەتیان نییە بۆ وەڵامدانەوەی کێشەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ تەحەداکاندا، بەڵکو ھاوکات دەیانەوێت بەزەبری تفەنگ و پۆستاڵ و کوتەکی جەلادەکانیان ئەم بێبەرنامەییەی خۆیان بەسەر کۆمەڵگای ئێمەدا بسەپێنن و ھەموو توانای بەرگریکردنی مەدەنی و ھێزی ئۆپۆزیسیۆنبوون لە دونیای سیاسی ئێمەدا تێکبشکێنن. ئەم پرۆژە سەربازییە ڕووتە پرۆژەی بەرپاکردنی جەنگێکی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمەدا، ئەمە جگە لەوەی خستنەژێرپێی بەھاو جەوھەری ئەو خەباتە دیموکراسییەیە کە پتر لەسەدەیەکە مرۆڤی کورد لە پێناویدا قوربانی دەدات. گۆڕینی ئەزموونی حوکمی کوردی، بۆ ئەزموونێکی عەسکەریی و تیرۆریستیی کە بەزەبری پۆستاڵ و کوتەک و خوێنڕێژیی حوکمدەکات، شەرعییەتێکی گەورە دەدات بە پۆستاڵ و کوتەکی داگیرکەرانی کوردستان و ھاوکاتیش خەباتی دیموکراسی گەلی کوردستان لە مانا راستەقینەکانی خۆی دادەماڵێت. ھەبوونی دەسەڵاتێکی کوردی کە بەمجۆرە مۆراڵ و ئەخلاقیاتە فاشیستییە ڕەفتار لەگەڵ کۆمەڵگای خۆیدا بکات، نیشانەی ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆ هێندەی جگەرگۆشەی کولتووری سیستمە فاشییەکانی خۆرهەڵاتە و دۆستایەتی لەگەڵ دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەدا ھەیە، ئەوەندە بەرهەمی ڕۆحە دیموکراسی و ئازادیخوازەکەی خەباتی گەلی کوردستان نییە. لێرەوە پیادەکردنی سیاسەتی پۆستاڵ و زمانی فیشەک و پڕکردنی شارەکانی کوردستان و تەنینی کوچە و کۆڵانەکانی بە چەک و چەکداری نەناسراو و بێشوناس، گەورەترین نیشانەی خیانەتە لە جەوهەری دیموکراسییانەی خەباتی خەڵکی کوردستان خۆی.
لێرەدا دەمانەوێت بەبیری دەسەڵاتدارانی کوردستانی بھێنینەوە کە وازھێنان لەم پڕۆژە سەربازییە تیرۆریستییە و گەڕانەوە بۆ سیاسەتکردن وەک چالاکییەک کە پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیمان ڕێکدەخات و ئازادیی بیرکردنەوە بەھەمووان دەبەخشێت، تەنیا ڕێگایە کە دەشێت بتوانێت مانەوەی ئەوان لە ژیانی سیاسیدا زامنبکات. دەنا ئەم عەقڵیەتە سەربازییە سەرچڵ و موغامیرە جگە لە گەیاندنی کۆمەڵگای ئێمە بە لێواری وێرانبوونێکی سەرتاسەری، بە ھیچ شوێنێکی ترمان ناگەیەنێت. سەرباز و پۆستاڵ دەشێت بۆ ماوەیەک تەمەنی سیاسی دیکتاتۆرییەت درێژبکەنەوە، بەڵام دوا مەرگی ئەمجۆرە سیستمە، مەرگێکی ترسناک و تراژیدی دەبێت، کە بەیەکجار و بۆ هەتاهەتایە خۆیان و جەلادەکانیان فڕێدەداتە دەرەوەی مێژوو. هیچ هێزێک نییە توانیبێتی بە دەسەڵاتی پۆستاڵ و زمانی فیشەک تاسەر حوکمبکات. هیچ هێزێکیش نییە پۆستاڵ و فیشەکی بەکارهێنابێت و توانیبێتی خۆی لە نەفرەتی مێژوو بپارێزێت. هەموو ئەو دیکتاتۆر و بنەماڵە و حیزبانەی فیشەک و کوتەک و ئەشکەنجە تەنیا چەکیان بوون، کۆتایی ترسناکیان بۆ سەرکردە و بکەر و نۆکەرەکانیان زامنکردوە. دەسەڵاتی کوردی کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆژ بە ڕۆژ لە خەڵک دوورکەوتۆتەوە و لەم ڕۆژانەی ڕابردووشدا ڕۆژ بە ڕۆژ ناشیرینتر بووە، تەنیا سییەکی ڕاستەقینە کە ئێستا لێوەی هەناسە دەدات، لوولەی تفەنگی چەکدارەکانێتی. ئەمەش دەرەنجامی گوێنەگرتن و غروری سەرانی ئەم حوکمە بووە کە خۆیان لەسەروو کۆمەڵگای ئێمە و بەدوور لە گەشە ناوەکییەکانی زانیوە.
بێگومان ئەو پرۆژە سەربازییە ڕووتە تەنھا سیاسەتی وەک چالاکییەکی گرنگ نەکوشتوە، بەڵکو ترسناکتر لەمە ئەوەیە کە ھەموو ئەو بەھا ئینسانیانەشی وێرانکردوە کە ئینسان وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز و خاوەن کەرامەت وێنادەکات. لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان چەکدارە ڕۆبۆتئاساکانی حیزب چۆن تەعەدای گەورە و دەستدرێژی بێشەرمانە دەکەنە سەر ئینسانەکانی ئەم کۆمەڵگایە، چۆن گەنجانی وڵات لەناو شەقام و گۆڕەپان و زانکۆ و تەنانەت ماڵەکانیشیاندا ڕاودەنێن و دەگرن و ئازار ئەدەن و سوکایەتیان پێدەکەن. بەجۆرێک چیتر ئێمە بۆمان نییە شانازیی بەسەر ئەم نەوەیەدا بکەین و پێیان بڵێین «ئێوە بەعستان نەبینیوە»، ئەوەی ئەم نەوەیە بەدەست ژەنراڵ و ڕۆبۆتەکانی حیزبەوە دەیچێژێت و ئەو ئازارە زۆرەی ڕۆژانە دەیکێشێت، لەوە کەمتر نییە کە ئێمە بەدەست بەعسەوە بینیمان. ئەم شەپۆلی سوکایەتیپێکردنە نوێیە، بەردەوامیدانێکی ھەمەلایەنە بە کولتووری خۆ بەموقەدەس زانین کە بە هۆیەوە دیکتاتۆر و ژەنراڵە یاوەرەکانیان خۆیان وەک ئاغا و کۆمەڵگاش وەک کۆیلەیەکی بێنرخ و بێمانا دەبینن. ئەوان ڕێز نەک تەنھا بۆ ئینسان و کۆمەڵگای ئێمە دانانێن، بەڵکو ڕێز بۆ ئەو مێژووە پڕخەبات و پڕتێکۆشانەی میللەتی ئێمەش دانانێن کە سەدەیەکی ڕەبەق بۆ ئازادی جەنگیوە.
ھیچ شتێک ئەم سوکایەتیکردنە تاریکە بە ئینسان بەو ڕادەیە بەرجەستە ناکات وەک ئەشکەنجەدانی ئەوانەی کە دەکەونە دەست چەکدارەکانی حیزب. ئەوەی ئێمە دەیبینین دروستکردنی کولتووری ئەشکەنجەیە بەمانا ھەرە ناشیرینەکەی، ئەشکەنجەیەک دەسەڵات نەک تەنھا نایەوێت بیشارێتەوە، بەڵکو ئاکارێکی شانۆیی پێدەبەخشێت و بەھەموو کۆمەڵگای ئێمەی نیشاندەدات و بێشەرمانە دەیخاتەڕوو. لەمەشدا دەسەڵاتدارانی کوردستان نەک تەنھا خیانەتێکی گەورە لە ھەموو ڕووکارە ئینسانییەکانی خەباتی دورودرێژی میللەتی ئێمە دەکەن، بەڵکو خیانەت لەھەموو ئەو بەیاننامە نێودەڵەتیانەش دەکەن کە ئەشکەنجەدانی ئینسان بە تاوانێکی گەورە دەناسێنن. ھەموو ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ئەشکەنجەدان بەھەموو شێوەیەک یاساغدەکەن. ئەم یاساغکردنە نەک تەنھا یەکێکە لە مافە ھەرە سەرەکییەکانی ناو جاڕ و بەیاننامەکانی مافەکانی مرۆڤ، بەڵکو یەکێکە لەو مافە ھەرە گرنگانەش کە بەھیچجۆرێک و لەژێر ھیچ ھەلومەرجێکدا قابیلی باز بەسەردادان و ژێرپێنان نین. ئەم کولتووری ئەشکەنجەیە بە ئاشکراو بەرەزامەندی و بەپێی سیاسەتێکی ئاڕاستەکراو لەلایەن سەرانی گەورەی حیزبەوە و بەرەزامەندی سەرۆکی حکومەت و هەموو کابینەکەی دەچێت بەڕێوە.  بەرپرسیارێتی هەر زللەیەک و هەر شەقێک کە لە گەنجان و رۆژنامەنووسان و نوسەران هەڵدەدرێت، بەپلەی یەکەم لە ملی سەرۆکی حکومەتدایە. ئەو لە بەرنامەی هەڵبژاردنیدا دەیان وەعدی گەورەی دیموکراسی بەخەڵک دا و ئێستا توانای جێبەجێکرنی فاریزەیەکیشی لەو وەعدانە نییە. ئەم بێدەسەڵاتیەش لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە هێزەکانی ئەم دوو دەستە حیزبییە بە بەرچاوی هەموو دونیاوە، ڕۆژانە کولتووری تیرۆر بەرھەمبھێنن و بەشێوەیەکی سیستەماتیکی خەڵک ئەشکەنجەبدەن، چالاکوانان بفڕێنن، کەناڵەکانی راگەیاندن کاولبکەن و بسووتێنن، هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسان بکەن، مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ ئەشکەنجەبدەن، جەلادەکانیان سوکایەتی بە نوسەران و خەڵکی قەڵەمبەدەست بکەن، کامێراکان بشکێنن، فۆتۆگرافەکان برینداربکەن، پەلاماری حەرەمی زانکۆ بدەن، زانکۆ و قوتابخانەکان بە شەق دابخەن. هەر سەرۆکی حکومەتێک ئەمەی قبووڵ بێت، نەوەک بە دیموکراسییەت نامۆیە، بەڵکو بە ئاشکرا ھەموو پرەنسیپە کۆمەڵایەتی و ئینسانییە سادەکانی پێشێلکردووە. ھەر سەرۆک وڵاتێک یان ھەرێمێک ئەمەی قبووڵ بێت، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بێت ڕۆژێک بچێتە ناو سنووقی تاوانباران، ئەو سنووقەی پێش ئەوان چەندین زاڵم و خۆێنڕێژی تر لێوەی ئیفادەیان لێوەردەگیرا.
لەھەر شوێنێک ئەشکەنجەدان ھەبێت لەوێ دەسەڵاتێکی تیرۆریستیی ترسناک ھەیە. ئەشکەنجەدان و ترساندن و بەڵتەچێتی بەھەموو مانایەک دەرکەوتی ھەرە ئاشکرای نەخۆشکەوتنی دەسەڵاتن. ئەوەی مایەی خەم و نیگەرانی گەورەی ئێمەیە ئەو ڕاستییەیە کە دەسەڵاتدارنی کوردستان لە لەشکرێکی گەورە لە ئینسانی دڵڕەق و ئەشکەنجەدەر ئۆردویەکی گوێڕایەڵیان دروستکردوە کە ئامادەن ھەموو ئیھانە و سوکایەتییەک بە ئینسان و بە کۆمەڵگا بکەن و دەسەڵات چۆنی ویست ئاوا ئینسانەکان ئەشکەنجەبدەن. ئەمانە هێزێکن منداڵی کۆمەڵگایەکی مەدەنی نین، بەڵکو وەک کەتائیبەکانی قەزافی و وەک فیدائییەکانی سەدام کۆیلەی ملکەچی ئاغاکانیانن.
بەبڕوای ئێمە، ئەشکەنجەدان و لێدان تەنھا بەشێک نین لە سیاسەتی بەرھەمھێنانی ترس، بەڵکو بەشێکن لە سیاسەتی بنیاتنانی دەسەڵاتدارێتییەکی تیرۆریستی، دەسەڵاتدارێتییەک کە بێنرخکردنی ئینسان و گۆڕینی بۆ بوونەوەرێکی بێماف و بێڕێز و بێکەرامەت لە ستراتیژیایەتی. سیاسەتی ترساندن و ئەشکەنجەدان ھەرگیز سیاسەتێکی تەنھاش نییە، بەڵکو بەشێکی بچوکە لە سیاسەتێکی بەرفراوان کە بێنرخکردنی ئینسان و تەماشاکردنی کۆمەڵگا وەک گاگەل بزوێنەرێتی. مەبەستی سەرەکی ئەشکەنجە ئەوە نییە جەستە برینداربکات، بەڵکو ئەوەیە ڕۆحی تەسلیمبوون لە ئینساندا دروستبکات، ڕۆحێکی ترساو و بێوزە و بێئیرادەش لە کۆمەڵگادا بچێنێت. ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان چونەتە قۆناغێکەوە ئینسانی ئێمە وەک ئاژەڵ و کۆمەڵگای ئێمەش وەک گاگەل تەماشادەکەن و هیچ نرخ و بەهایەکیش نە بۆ ئینسانییەتی ئینسان و نە بو بەھاکانی کۆمەڵگا دانانێن. مەبەستی سەرەکیشیان لەم سیاسەتە بریتییە لە وێرانکردنی ئیرادەی یاخیبوون و سەربەخۆبوون و ڕێزگرتن لە ئینسانی ئێمەدا. بەڵام ئەوەی پێیانوابێت خەباتی بێوچان و بەرەنگاریی بێسنوور دژ بەم سیاسەتە دەوەستێت و مرۆڤی ئێمە تەسلیمی ئەو وێنەیە دەبێت کە ئەوان کێشاویانە، ئەوا ئەمە دوا هەڵەی گەورەی ژیانیان دەبێت.
ئەم ھەموو پێشھاتە کارەساتئامێزانە ئێمە ناچاردەکەن لەھەمووکات زیاتر پێ لەسەر ھەموو ئەو پرنسیپانە دابگرین کە ئینسان وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز و خاوەن کەرامەت تەماشادەکات. ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لەھەمووکاتێک زیاتر دژ بەم پرۆژە سەربازییە ڕووتە کاربکەین، لە ھەموو کاتێک زیاتر ڕێگریی بکەین لە پڕۆژی دروستکردنی سیستەمی تیرۆر لە وڵاتەکەماندا. بڵاوکردنەوەی ئەو ھەموو سەرباز و چەکدار و پیاوە دڵڕەقانە لە فەزای مەدەنی شار و ناوچەکانی کوردستاندا کارێکە بە ئاراستەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی هێزە فاشیستەکان و بنیاتنانی دەسەڵاتدارێتییەک کە تەنھا تیرۆر پارێزەری بێت.
کارکردنی دەسەڵاتداران بۆ  دیلکردنی سەرتاسەری کۆمەڵگا،  بۆ بە بارمتەگرتنی شارێکی گەورە و خەباتگێڕی وەک سلێمانی، بۆ پەلاماردانی دڕندانە بۆ گەنجە نائومێد و بەدبەختەکانمان لە هەموو شارو شارۆچکەکانی دیکەدا، دروستکردنی دۆخێکیش کە ئەم ناوچەیە بەدرێژایی مێژووی خۆی نە لەسەردەمی داگیرکردنی ئینگلیز و نەلەسەردەمی داگیرکردنی بەعسدا بەخۆیەوە نەبینیوە،  وادەکەن هەموو توانای شەخسی و توانای قەڵەمی خۆمان بۆ دژایەتیکردنی ئەم شەپۆلە فاشیستییە لە کوردستان بخەینە کار و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم هێزە فاشییەدا، کە لەهیچ زمانێکی قسەکردن تێناگات و تەنیا تینووی توندوتیژی و خوێن و ئەشکەنجەدانە، بە ئەرکی سەرەکی خۆمان بزانین. پێشمان وایە ئەوە بەتەنیا ئەرکی ئێمە نییە وەک نوسەر، بەڵکو ئەرکی ھەموو ئینسانێکە ھەست بە نرخ و بەھا و کەرامەتی خۆی و کۆمەڵگاکەی بکات. 

Wednesday 20 April 2011

لە نێوان گوڵ و پۆستاڵدا

بەختیار عەلی

ئەو ڕستە بە ناوبانگەی ئەدۆرنۆ کەدەیگووت «من لە گەڕانەوەی فاشیزم ناترسم لە دەمامکی فاشییەتدا، بەڵکو لە گەڕانەوەی فاشیزم دەترسم لە دەمامکی دیموکراسییەتدا»، بۆ ئەمڕۆی کوردستان قسەیەکی کۆنە... ئەوە دوێنێ بوو لەوە دەترساین کە فاشیزم بە دەمامکی دیموکراسییەوە کاربکات و بێتە سەر سەحنە، ئەمڕۆ لەبەردەم دۆخێکی سەختترداین کە گەڕانەوەی فاشیزمە بۆ ڕووە فاشییەکەی خۆی، بۆ ڕووە بێشەرم و ڕاستەوخۆ و بێمەکیاژەکەی. ڕۆژی هەژدە و نۆزدەی ئەپریل دوو ڕۆژی تاریکن لە مێژووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا... ئەگەر نەڵێم تاریکترین دوو ڕۆژی مێژوویەتی. ئەم هێزە کە ساڵانێکە بە چەند دەموچاوێکی جیاوازەوە دەژی، دەبوو لەساتەوەختێکدا و لە ژێر فشاری ڕووداوەکاندا بڕیار بۆ یەکێک لە دەموچاوە زۆر و جیاوازەکانی خۆی بدات. هیچ هێزێک تا ئەبەد ناتوانێت بە کۆمەڵێک دەموچاوی جیاوازەوە بژی، ئەو خەونەی نوخبە نیمچە ڕیفۆرمخوازەکەی ناو یەکێتیش کە بتوانێت تاسەر دەمامکێکی نەرم و دیموکراسی بۆ ئەم هێزە دروستبکات، دواجار لەبەردەم باڵە چەکدارە فاشییەکەی ناو ئەم هێزەدا کۆتاییهات و دواپەردە بەسەر ئەو شانۆگەرییەدا دادرایەوە کە چەندین ساڵە ژیانی سیاسی ئێمەی داگیرکردوە. واتە چیتر گومان لەوەدا نەما کە هێزێکی توندڕەو و فاشیستی لەناو ئەم هێزەدا جڵەوی تەواوی گرتۆتە دەست و لەمڕۆوە بەدواوە لە نێوان ئەو هێزە توندڕەوە و هەموو ڕۆحێک و تاکێکی دیموکراسدا و هەموو هێزێکی نوێی کۆمەڵگای کوردیدا جگە لە لۆژیکی بەرەنگاری، هیچ لۆژێکیکی تر ئیش ناکات. هیچ مرۆڤێک نییە کە تۆزێک ڕۆشنایی ئازادی و دیموکراسی لە دڵیدا بێت، چاو غاڤڵبکات و بەبێدەنگی ئاوسان و هەوکردنی فاشییەت قەبووڵبکات. هەژدەی ئەپریل لە ڕاستیدا کۆتایی مەیلە توندڕەوەکەی ناو ئەم هێزەبوو لە بیرکردنەوە و ترس و دوودڵی... ئەم هێزە توندڕەوە کە هیچ کات باوەڕی بە دیموکراسییەت نەبووە، بەڵکو لەسەر خەونی دەسەڵاتی ئەبەدی و عەرشی ئەبەدی دەژی، کۆتایی بۆ فەسڵێک و مێژوویەک لە دوودڵی و درۆ لەگەڵ خۆکردندا هێنا و ڕاشکاوانە ئەوەی دەرخست کە دەبوو لە مێژە دەربخرایە. هیچ هێزێکی سیاسی نییە بتوانێت لە ڕێگای چەند هەزار چەکدارێکەوە بژی، هێزی سیاسی تەنیا لە ڕێگای بڕوا و ڕێز و نرخە مەعنەوییەکانیەوە دەتوانێت بژی... بەڵام فاشییەت بریتییە لە گێڕانەوەی حوکم بۆ سەر دوو پرەنسیپی سەرەتایی و سەرەکی «هێزی چەک و هێزی میدیا». فاشییەت ئەو ساتەیە کە هێزێک دەگاتە ئەو بڕوایەی کە چیتر جگە لە توندوتیژی ڕێگایەکی نەماوە بۆ ژیان، شێوازەکانی دیکۆر و مەکیاج و دەمامککاری ئیتر کارێک ناکەن، جوانکاریکردن دەرفەتێکی نەماوە، واتە دەسەڵات خۆی دەخاتە ئەو جوغزە ترسناکەوە کە ئیدی لەوێوە تا کۆتایی دەبێت بە کۆمەکی هێز بژی. لە ڕاستیدا پەرستنی هێز و بەرزڕاگرتنی بەسەر هەموو ئەگەرێکی دیکەدا لەسیاسەتی ئێمەدا نوێ نییە... پەرستنی هێز بەشێکی گرنگی کولتووری سیاسی ئێمەیە. ئەم بەشەی یەکێتی کە بڕیاری بۆ تەقەەکردن و فڕاندن و سووتاندن و ترساندن دا، درێژکراوەی ئەو کولتووری هێزپەرستییەیە کە لە بونیادی سیاسی ئێمەدا سەروەرە. ڕاستە ئەو هێزە لە کۆنەوە تا ئێستا بەردەوام تەقەیکردوە، خەڵکی فڕاندوە، دەمامکبەسەری بڵاوکردۆتەوە، شوێنی سووتاندوە، ترسی بڵاوکردۆتەوە. بەڵام هەمیشە نمایشەکە واخراوەتە ڕوو وەک ئەوەی کە ڕوودەدات دیاردەی سنوورداربن و تەنیا دژ بە هەندێ تاک و دژ بە هەندێک هێزگەلی بچوک پیادەبکرێن و ڕۆحی گشتی و باڵادەست لە یەکێتیدا ئەمەی قەبووڵ نییە و کار بەجۆرە مۆراڵێکی وەها ناکات... بەڵام ئەوەی ئێستا ڕوودەدات وەرگەڕانی سیاسەتی سووتاندن و فڕاندنە بۆ سیاسەتی ڕەسمی. ئەوەی هەیە سەرهەڵدانی ئەو ساتەوەختە مێژووییەیە کە هێزێک دەزانێت کە جگە لە «توندوتیژی ڕووت» هیچی دیکەی نەماوە پێشکەش بە ژیان و کۆمەڵگای بکات. یەکێتی نیشتیمانی لەمێژە لەناو ئەو ناکۆکییە ئەخلاقی و دابەشبوونە ناوەکییەدا دەژی، ئاخۆ بڕیار بۆ «ئاشتی» یان «توندوتیژی ڕووت» بدات، ئاخۆ لە خەڵک نزیکببێتەوە و قەیرانە گەورەکانی کوردستان ببینێت، یاخود ڕاشکاوانە و بێپەردە سیاسەتی سووتاندن و فڕاندن و بەسەربازیکردنی کۆمەڵگا و سەرکووتکردنی نەوەی نوێ بگرێتە بەر، ئایا مەنتیقی عەقڵ دەگرێتە بەر و دەگەڕێتەوە بۆ ڕیشە ڕادیکالەکانی خۆی یان مەنتیقی پۆستاڵ هەڵدەبژێرێت و دەبێتە ئەو هێزەی کە جگە لە چەکدارەکان و فەرمانبەرەکانی ڕاگەیاندنی خۆی دڵسۆز و هاودەنگێکی لە کۆمەڵگادا نییە. ئاخۆ خۆی تازەدەکاتەوە و لە هێزە پیر و پەککەوتەکەی ناو خۆی خۆی ئازادەدەکات، یان هەر وەک هێزێک کە لە ناوەوە دیکتاتۆرییەت هەموو ئۆرگانەکانی خنکاندوە، بە ڕەهایی و بێپەردە دەبێت بە ئامێرێکی کۆێر کە جگە لە سیاسەتی بڵاوکردنەوەی چەکدار و چەکداری زۆرتر سیاسەتێکی دیکەی نییە. ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات بڕیاری ئەو نوخبە ئەرستۆکرات و دابڕاوەی ناو یەکێتییە بۆ توندوتیژی ڕووت، بۆ گۆڕینی یەکێتی بۆ ئامێرێکی حوکمکردنی عەسکەری، بۆ مەکینەیەکی جوڵاندنی ژەندرمە و پۆستاڵ لەسەر جادەکان، بۆ ترساندنی کۆمەڵگا و سڵ نەکردنەوە لە خوێنڕێژی. لە ڕاستیدا فاشیزم بەم مانایە هیچ نییە جگە لە کۆتاییهێنانی تەواوەتی بە سیاسەت و دەرکردنی بڕیاری حوکمکردنی کۆمەڵگا بە چەک و بە زەبری شەق و تڤەنگ. لە ڕاستیدا سیاسەت لە مێژە لە یەکێتی نیشتیمانیدا بەرەو لاوازبوون ڕۆیشتووە، لۆژیکی حیزب لە مێژە لە ناو ئەم هێزەدا کارناکات، بەڵام ئەوەی ناکۆکییەکەی دروستکردوە ئەوەیە کە هێزێک لە ناو یەکێتیدا ماوە نایەوێت باوەڕ بەم ئاڵوگۆڕە ترسناکە بکات. هێشتا دەمامکەکە و دەموچاوە ڕاستەقینەکەی بۆ لەیەک جیاناکرێتەوە، هێشتا تەپوتۆزی خورافەتەکانی ڕابوردوو بەری نەداوە تا لەوە تێبگات لەم بیست ساڵەی دواییدا لە هەناوی ئەم هێزەدا چی ڕوویداوە. هەژدەی ئەپریل هیچ نەبێت لە ئاستی ئەخلاقدا کۆدێتایەکی ناوەکی ترسناک بوو، کە کۆتایی بەو دوودڵییە هێنا کە یەکێتی تێیدا دەژی.. کۆتایی بەو پرسیارە هێنا ئایا دیموکراسی بم یان فاشی، ئایا ئامێرێکی عەقلانی بم یاخود مەکینەیەکی هەڵهێنانی چەکدار بم، ئایا کەرەستەیەکی ئاشتی بم یاخود ئامێرێکی گەورەی ڕێکخستن و بەگەڕخستنی پۆستاڵ بم. ئەوەی کە ڕوودەدات هێندەی کۆدێتایەکی یەکێتییە بەسەر خۆیدا... هێندەی سەرکەوتنی موتڵەقی باڵە فاشییەکەی ناو ئەم هێزەیە بەسەر هێزە میانرەوەکانیدا شتێک نییە نە کۆمەڵگا بترسێنێت، نە خەباتی دیموکراسی گەنجان و خوێندکاران و ڕۆشنبیران پەکبخات. ئەوەی ڕوودەدات کۆتاییهێنانە بە یەکێتی وەک هێزێکی سیاسی و وەرگەڕانێتی بۆ ڕێکخراوێکی عەسکەری و ئەمنی ڕەها کە لەئێستاوە جگە لە توندوتیژی و توندوتیژی زیاتر فۆرمێکی تری ژیان و ئیدارەدانی کۆمەڵگای پێ نەماوە، لە ئێستاوە سەرکوتکردنی ڕۆژانەی کۆمەڵگا دەبێت بە تەنیا ئیش و دوا ئیشیشی کە لە مێژوودا پێی هەڵدەستێت... ئەمە ئەو کۆتاییە تراژیدییەیە کە بەداخەوە پێ ناچێت ئیرادەیەکی ڕزگارکردن و ڕاستکردنەوە لە ناو ئەم هێزەدا مابێت بتوانێت رایبگرێت، چونکە ئەگەر ئیرادەیەکی واهەبێت ئەمە دواسات و دوا چرکەی مێژووییەتی بۆ ئیشکردن. ئەمە دوا ساتی دوودڵییە کە سیاسییەک دەبێت تێیدا لە نێوان ژەندرمە و کوتەک بەدەست و پۆستاڵدا لەلایەک و گەنجان و خوێندکاران و خەڵکانی دیموکراسی وڵاتدا لەلایەکی تر بڕیاربدات... ئەو سنوورە خۆڵەمێشییەی کە لە ناو یەکێتیدا هەبوو، ئەو سنوورەی کە دەکەوتە نێوان ڕەش و سپییەوە کۆتاییهات. لەگەڵیدا یەکێتی نیشتیمانی کۆتایی بە مێژوویەکی درێژ لە ناکۆکی ناوەکی هێنا و بڕیاری بۆ کۆدێتایەکی ناوەکی ترسناکدا کە ئەم هێزە دەخاتە ناو گێژاوێکی ناکۆتای توندوتیژییەوە دژ بە کۆمەڵگا... ئەوەی ئێستا دەیبینین تەنیا سەرەتای شەڕی ئەو هێزەیە کە ئیدی هیچ چارێکی نییە جگە لەوەی ببێت بە مەکینەیەکی گەورەی دروستکردن و بەگەڕخستن و بەکارهێنانی پۆستاڵ. یەکێتی نیشتیمانی لە نێوان گوڵ و پۆستاڵدا، پۆستاڵی هەڵبژارد... هەڵبژاردنێک کە نیشانەی ئەوەیە ئەم هێزە چەندە لە مێژوو تێناگات و ناتوانێت لێوەی فێربێت٠

Tuesday 19 April 2011

ئازادی بۆ رێبین ھەردی

وەک لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەزانین ئەم بەیانییە، ڕێکەوتی ١٩ی ئەپریلی ٢٠١١، ڕێبین ھەردی نووسەر، کە یەکێکە لە ڕۆشنبیرە گەورە و بەھەڵوێستەکانی دونیای ڕۆشنبیریی کوردی، لەلایەن ھێزێکی چەکداری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە لە شاری سلێمانی ڕفێنرا. بێسەروشوێنکردنی ئەم نووسەرە، بەبێ ھیچ پاساو و داوایەکی یاسایی، سەلماندنی ئەو دڕندەیی و وێنە ناشیرینەیە کە لەمڕۆدا دەسەڵاتدارێتی سیاسی لە کوردستانی عێراقدا بە ڕای گشتی جیھانی نیشاندەدات

سەرنگونکردنی ڕێبین ھەردی ناچارمان دەکات ھەموو دەزگا نێودەوڵەتی و ناوەندکانی مافی مرۆڤ و نووسەران و ھونەرمەندان لە جیھاندا بەرامبەر بەم بەربەرییەتەی دەسەڵاتدارانی کوردستان، ئاگاداربکەینەوە. ئێمە سەلامەتی ژیان و تەندروستی جەستەیی و دەروونیی ڕێبین ھەردی ھاوڕێمان، ڕاستەوخۆ دەخەینە سەر شانی جەلال تاڵەبانی وەک سەرۆک کۆماری عێراق و پیاوی یەکەمی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێم و بەرھەم ساڵح وەک سەرۆکی حکومەتی ھەرێم. لەم ڕێگایەشەوە داوای ئازادکردنی بێ قەید و شەرتی ڕێبین ھەردی دەکەین.

ئاراس فەتاح
مەریوان وریا قانیع
بەختیار عەلی

Saturday 16 April 2011

زانست‌و دین‌و شۆڕش

بەشی یەکەم


له‌م ساتەدا کە دین له‌سەرای ئازادی‌و له‌هەموو سەرای ئازادییەکانی دیکەی خۆرهەڵاتدا ئامادەیە، وەک هەمیشە پرسیاری گەورە دەربارەی خودی دین‌و رۆڵی سیاسیانەی دین‌و رەگەزە شۆڕشگێڕێکانی ناوی هاتوونەتەوە پێشێ. تاکە پرسیارێک لێرەدا بیکەین‌و بۆ وەڵامی بگەڕێین ئەوەیە: بۆ دین هەمیشە دەگەڕێتەوە‌و دەبێتەوە بە بەشێکی گرنگی شانۆی سیاسی، هۆی ئەو گەڕانەوە گەورە‌و بەردەوامەی دین بۆ ناو سیاسەت چییە؟ له‌م چەند ستوونەدا هەوڵدەدەم له‌ڕێگای تێڕامان له‌پەیوەندی زانست‌و دینەوە له‌خۆرئاوا‌و خۆرهەڵات له‌هاوکێشەکە بڕوانم‌و دەرگای وەڵامێکی بچوک بکەمەوە کە بێگومان وەڵامێکە هەموو رەهەندەکانی کێشەکە ناگرێتەوە‌و تەواوی ئەو رووبەرە پێویستە پڕناکاتەوە کە دەبێت بگیرێت‌و پڕبکرێتەوە.

دین له‌سەردەمی رۆشنگەرییەوە له‌خۆرئاوا، دەچێتە ململانێیەکی گەورەوە له‌گەڵ تەفسیری زانستیدا، شۆڕشەکانی زانست له‌جەوهەردا تێکشکاندن‌و لێدان‌و بریندارکردنی تەفسیری دینی بوون. وەک فرۆید له‌چەندین جێگەدا ئاماژەی پێدەدات، تەواوی لابەلابوونەوە گەورەکانی زانست، لادانی گەورەبوون له‌چیرۆکی دینیدا بۆ دونیا... شۆڕشی کۆپەرنیکۆسی، تێکشکاندنی ئەو خورافەتە دینییە بوو کە زەوی سەنتەری گەردونە، شۆڕشی داروینی تێکشکاندنی ئەو خورافەتە بوو کە مرۆڤ سەروەری مەخلوقاتە‌و شتێکی دابڕاو‌و دوور‌و جیاوازە له‌ئاژەڵان. شۆڕشی فرۆیدیش تێکشکاندنی ئەو خورافەتە بوو کە مرۆڤ بوونەورێکی عاقڵە‌و هوشیاریی‌و هەست هێزی بڕیاردەری سەرەکین له‌ناویدا. هەڵبەت له‌پاڵ ئەم سێ هەرەسە گەورەیەوە، زنجیرەیەک هەرەسی بچوکتریش هەیە، کە قۆناغ دوای قۆناغ ئاینیان خستۆتە قەراغەوە. گەر سەرەنجبدەین دەبینین له‌خۆرئاوادا رۆڵی زانست له‌کۆنەوە تا ئەمڕۆ، له‌گالیلۆوە بۆسەر فەیسبووک رۆڵێکی شۆڕشگێڕانەیە، زانست هەمیشە زەمینەسازی بۆ شۆڕشە فیکرییەکان کردوە، لێرەوە له‌گەڵ دەرکەوتنی زانستدا وەک مەرجەعێکی گرنگ بۆ دروستکردنی حەقیقەت، دین له‌کۆمەڵگا پیشەسازییەکاندا پاشەکشەیەکی سیاسی گەورە دەکات‌و دەگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانی شەخسی‌و رۆڵی وەک هێزێکی سیاسی کزدەبێت‌و دەبێتەوە بە تەنیا بکەرێک له‌ناو دیدوان‌و رێنماییکەرە زۆر‌و جیاوازەکانی ئەخلاقدا. مێژووی زانست له‌خۆرئاوادا مێژوویەکی رەسەنە، واتە زانستی مۆدێرن، بەرهەمی رۆشنگەریی ئەوروپییە، دیوە باش‌و خراپەکانی هاوشانی دیوە باش‌و خراپەکانی مۆدێرنەی ئەوروپین. لێرەوە «بکەری زانستی» له‌خۆرئاوادا تا ئێستا بکەرێکی کاریگەرە له‌سەر ژیان‌و بۆچوون‌و تێڕوانینی مرۆڤەکان. زانست له‌خۆرئاوادا دەرەنجامی ئیشکردنی عەقڵە له‌هەموو ئاستەکاندا، واتە رووبەرێک‌و جێگایەک نییە له‌ژیانی مرۆڤی خۆرئاواییدا زانست بەجۆرێک له‌جۆرەکان داگیری نەکردبێت، فۆرمی پێ نەبەخشیبێت، دیسپلینی نەکردبێت، له‌ناوەوە کۆنترۆڵی نەکات. لێرەوە دین کەمتازۆر وەک بەشێکی پەراوێزی ژیانی شەخسی‌و ئەخلاقی کۆمەڵگا کاردەکات‌و له‌وە زیاتر ناتوانێت رۆڵی گەورە ببینێت.

له‌خۆرهەڵاتی ئێمەدا چیرۆکەکە جۆرێکی ترە. زانست وەک بەرهەم‌و کاڵایەکی دەرەکی دێت. شوێنی بڵاوبوونەوەی سنووردارە‌و سروشتی دەرکەوتنی سروشتێکی نەقڵییە «واتە گوازراوەیە له‌جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی دی»، ناتوانێت زانستێکی داهێنەربێت‌و له‌ئاستی فێربوون‌و فێرکردندا دەمێنێتەوە، سنووری دەرکەوتنی ناو قوتابخانەیە‌و له‌ویادا دیلدەبێت، ناشتوانێت دەستکاری ستراکتوری بیرکردنەوە‌و میکانیزمەکانی تێفکرین بکات. واتە زانست له‌خۆرهەڵاتدا بەرهەمی له‌دایکبوونی «عەقڵی زانستی» نییە، بە پێچەوانەوە بەجۆرێک له‌جۆرەکان دێت‌و دەکەوێتەوە ناو جوغزی خورافەتەوە‌و دەبێتەوە بە بەشێک له‌بزوێنی وێنە خورافییەکانی ناو نەستی ئێمە... بەڵام چۆن؟

سەرەتا زانست بە کەلوپەل‌و بەرهەمە سەیر‌و ئەفسوناوییەکانییەوە دێت‌و وەک هێزێکی تەلیسماوی‌و ساحیر دەردەکەوێت، دواتریش خۆرئاوا بە سوپا‌و چەک‌و له‌شکرە مۆدێرنەکانییەوە دێت‌و له‌گەڵ دەرکەوتنیدا تێدەگەین کە چیتر ژیان له‌سەر ئەم ئەستێرەیە بە فۆرمی دێرینی کاری نەکردەیە، سەرسامی خۆرهەڵات بە خۆرئاوا، وەک سەرسامی منداڵێک وایە بە گیانەوەرێکی ئەفسانەیی کە دەزانێت گەر لاسایی نەکاتەوە‌و هەوڵ نەدات ببێتە خاوەنی چەکەکانی له‌نێودەچێت، لێرەدا زانست وەک جۆرە دەرمانێکی سیحریی سەیردەکرێت کە دەبێت بیخۆین تا بەهێزبین‌و وەک ئینگلیز‌و فەرەنگییەکانمان لێبێت، وەک داڕوییەکی خورافی کە هاتن‌و قووتدانی دەمانگۆڕێت بۆ هێزێکی دونیایی گەورە. واتە خودی تەماشاکردنی ئێمە بۆ زانست‌و سەرسامیمان پێی، تەماشاکردن‌و سەرسامییەکی خورافییە. شیعری کوردی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست نیشانەیەکی گەورەی ئەو تێگەیشتنە خورافییەیە له‌زانست، مرۆڤی خۆرهەڵاتی سەرسامییەکی قووڵی بەزانست بۆ دروستدەبێت، بێئەوەی بزانێت جەوهەری زانست‌و سەرچاوەکانی دروستبوونی چیین. لێرەوە ئەو سەیرکردنە دژوارە بۆ مەعریفە‌و زانین دەخوڵقێت وەک کایەیەک کە تەنیا زانیاری تێیدا کەڵەکەدەبێت‌و مەسرەفدەکرێت بێئەوەی زانین بەرهەم بێت، بێئەوەی ئەو زانیارییانە توانایان هەبێت درزێک له‌عەقڵییەتی خورافی‌و بەر له‌زانستیدا دروستبکەن، بێئەوەی ئەو زانینانە کاریگەرییان له‌سەر عەقڵییەتی سیاسی‌و کایەی کۆمەڵایەتی‌و مەرجەعە ئەخلاقییەکانی مرۆڤ هەبێت. زانست دەبێتە فریادڕەسێکی ئەفسانەیی، کە ئیشی ئەوەیە نەتەوەیەکی بەهێز دروستبکات تا بتوانێت شەڕ له‌گەڵ دوژمنەکانیدا بکات... واتە زانست بەپله‌ی یەکەم وەک چەک سەیردەکرێت، نەوەک دۆخێکی عەقڵی، نەوەک پێشمەرجێکی بیرکردنەوە، نەوەک جۆرە مۆراڵێکی عەقڵی کە بەرله‌وەی ناوەڕۆک‌و دەرەنجامی بیرکردنەوە دیاریبکات، میتۆد‌و سروشتی بیرکردنەوە دیاریدەکات. بوونی زانست بە چەک، هەوڵی ئەوەی زانست وەزیفەیەکی سیاسی‌و خورافی پێبدرێت، له‌بنەوەڕا وادەکات زانست ببێت بە ژێر خەون‌و خورافەتە دەستەجەمعییەکانەوە. لێرەوە زانست له‌خۆرهەڵاتدا ناتوانێت بکەری کاریزمی‌و عەقڵی فەردی داهێنەر‌و زانای کاریگەر دروستبکات. واتە له‌جەوهەردا ئەو شەڕە قووڵەی له‌خۆرئاوادا له‌نێوان زانست‌و دیندا روودەدات، لێرە روونادات‌و چیرۆکەکە ئاڕاستەیەکی تر وەردەگرێت. زانست له‌خۆرئاوادا له‌ساتێکی نەهەلستی‌و گومانی قووڵەوە دەرهەق بە جیهانبینی پێشووتر دەستپێدەکات، ساتێکە تێیدا هەموو بیروڕاکان دەخاتە ژێر گومانەوە، تەفسیری دینی دەخاتە بەردەم پرسیاری گەورە گەورەوە، شۆکی فیکری گەورە دروستدەکات، توانای سەلماندنی خۆی‌و تێزەکانی هەیە‌و توانای گەشەسەندن‌و پەلسەندنی خێراشی هەیە. ساتێک کە دەستپێدەکات، تێدەگات بۆئەوەی گەشەبکات دەبێت بە گژ تەفسیرە سیاسی‌و دینییەکانی پێشتردا بچێتەوە... چیرۆکە گەورەکان رەتبکاتەوە‌و چیرۆکی خۆی دابڕێژێت. له‌خۆرهەڵاتدا بە پێچەوانەوە زانست ئەو ساتە نەهەلستییە ناژی، هێزی رەتکردنەوەی بچوک‌و هێزی گومانی کەمە، چونکە له‌بنەڕەتدا نەهاتووە بۆئەوەی زانستخوازانی ناو کۆمەڵگا بە هۆیەوە شەڕ له‌گەڵ کۆنەپەرستاندا بکەن، بەڵکو هاتووە بۆئەوەی نەتەوە یان وڵات بەهۆیەوە بەهێزبێت‌و شەڕ له‌گەڵ نەتەوەکانی تردا بکات... واتە زانست مۆتیڤ‌و بزوێنەرە ناوەکییەکانی خۆی پێنییە کە هێزی بەردەوامی دەداتێ

لە گۆشەی هەفتانەی نووسەر لە سایتی ئاوێنە 

Sunday 10 April 2011

ئەنگلۆس نۆڤۆس: ئایا مێژوومان پێویستە؟

لە ئاوێنەوە

له‌یەکێک له‌تابلۆ بەناوبانگەکانی پاول کله‌یدا ئەنگلۆس نۆڤۆس، بەر وێنەی فریشتەیەکی سپی دەکەوین، کە باڵەکانی واڵاکردوە‌و بە جووتێک چاوی کراوە‌و بە نیگایەکی سەراسیمەوە دەڕوانێت، بایەکی نادیار دەیبات‌و بەسەر وێرانەخاک‌و کۆمەڵە خاشاکێکی گەورەدا دەفڕێت کە بەردەوام له‌کەڵەکەبوون‌و مۆڵبوونی زۆرتردایە، والتەر بنیامین خودی ئەم تابلۆیە‌و چەمکی ئەنگلۆس نۆڤۆس «فریشتەی مێژوو» وەک میتافۆرێکی شێوەکارانە دەبینێت، بۆ ئەو رەوتە مێژووییەی کە بەردەوام کاولبوو دەخاتە سەر کاولبوو ‌و خاشاک دەخاتە سەر خاشاک. فریشتەی مێژوو بەپێی تێڕوانینەکەی والتەر بنیامین سەرسامە له‌و وێرانە‌و هاوار‌و خاپوورییەی بەسەریدا دەفڕێت... ئەو فریشتەیە ناتوانێت دەستبەرێت‌و له‌ناو خۆڵەمێش‌و داروپەردووی مێژووییەکی روخاودا شتێک له‌مردن‌و یادچوونەوە رزگاربکات، چونکە بایەکی گەورە هەیە کە بای کات‌و بای گەشە‌و بای گۆڕان‌و پەرەسەندنە، بەرەو جێگایەکی دیکە دەیبات‌و رێگرە له‌بەردەم ئەوەی فریشتەی مێژوو دەستبەرێت‌و له‌ژێر وێرانەی رابوردووەوە هیچ رزگاربکات.

پرسیارێک له‌سەر رۆشنایی ئەو فریشتە بابردوو‌ و سەراسیمەیەی پاول کله‌یدا بیکەین، ئەوەیە ئاخۆ له‌مێژوودا چی گرنگە: ئایدیای داهاتوو یاخود پەرەسەندن، ئایدیای رابوردوو یان گەڕانەوە بۆ مێژوو. گومان له‌وەدا نییە له‌گەڵ سەرهەڵدانی رۆشنگەرییەوە ئایدیای گەشەسەندن‌و داهاتوو، له‌مێژوودا دەبێتە بیرۆکەی سەنتراڵ. جیهان له‌نێوان پێشکەوتوخوازان‌و کۆنەپەرستاندا دابەشدەبێت... له‌نێوان ئەوانەی کە تەنیا چاویان له‌پاشەڕۆژە‌و مرۆڤایەتی بە خەونی دوورمەودا باردەکەن، له‌گەڵ ئەوانەدا کە تەنیا بەرگری له‌زیندووکردنەوەی جوانی‌و بەها‌و رەسەنایەتی دێرین دەکەن. دوو پرسیاری گرنگ کە لێرەدا دێنەپێشێ ئەوەیە: ئایا چۆن بتوانین ئیش له‌سەر رابوردوو بکەین، بێئەوەی کۆنەپەرست بین؟ دووەم: ئەگەر هەموو خەونەکان‌و کارەکان بۆ پاشەڕۆژ بن، ئایا مرۆڤ هەر له‌بنەڕەتدا پێویستی بە مێژوو هەیە؟

فریشتەکەی پاول کله‌ی کە بەسەر وێرانەی مێژوودا دەفڕێت، شتێکی گرنگمان پێدەڵێت، ئەویش ئەوەیە: مێژوو پڕە له‌هاواری خنکاو، پڕە له‌ئازاری بەژێرەوەبوو کە هیچ کەس‌و هیچ دەستێک‌و هیچ فریادڕەسێک ناتوانێت رزگاریانبکات، هیچ دەستێک دەست نابات له‌له‌یادچوونەوە دەریانبهێنێت، خودی مێژووش، چونکە بای گەشە‌و بای پێشکەوتن دەیفڕێنێت جگە له‌وەی بە غەمگینی‌و لاوازی سەیریاندەکات هیچی بۆ ناکرێت. نیگای سەراسیمەی ئەنگلۆس نۆڤۆس، نیگای بێدەسەڵاتییە بەرامبەر چیرۆکی قوربانییەکانی رابوردوو.
کەواتە بەجۆرێک له‌جۆرەکان رابوردوو تەنیا رابوردووی فۆرمە سیاسییە بنج بەستوو ‌و کولتوورە داخراوەکان‌و ئاینە له‌قاڵبدراوەکان نییە، بەڵکو رابوردووی قوربانییە له‌یادکراو‌و هاوارە ئینسانییە خنکاوەکانیشە کە دەبن بە ژێر خۆڵەمێشی مێژووەوە‌و له‌یادەوەریدا وندەبن‌و هیچ کەس دوای ئەوەی دەبن بە ژێرەوە بیریان لێ ناکاتەوە‌و هاواریان نابیستێ‌و چیرۆکیان زیندووناکاتەوە. ئاخۆ دەکرێت له‌مێژووی قوربانییەکانەوە جارێکیتر جۆرە هەستێکی دی بە مێژوو دروستبکەین کە دیوارەکان له‌نێوان رابوردوو‌ و داهاتوودا بەوجۆرە ئەستوور نەبن. دەکرێت فریشتەی مێژوو بەجۆرێک بفڕێت بتوانێت هەم شتێک له‌ڕابوردوو رزگاربکات‌و هەم له‌دروستکردنی پاشەڕۆژیشدا بەشداربێت؟

ئەو ساتەی بەدوای مێژووی قوربانیان‌و هاواریاندا دەگەڕێین، ساتێکی گرنگە. ساتێکە مێژوو له‌دەست بای گۆڕانی خێرا‌و بێباکانە دەردەهێنین‌و وادەکەین قوربانیانی رابوردوو فەرامۆش نەکەین‌و پەیامیان له‌بیرنەبەینەوە، له‌وساتەدا مێژوو له‌ڕەهەندی بێباکی‌و رابوردووش له‌چنگی دۆگما‌و حیکایەتی مێژوونوسە سەردەستەکان دەردەهێنین... بەمانایەکی تر بۆئەوەی کۆنەپەرست نەبین، دەبێت شتێک له‌مێژووە نەنوسراوەکەی مێژوو بنوسینەوە، له‌خاشاک‌و داروپەردوەکەیدا ئیشبکەین، له‌ژێرەوە ئەوە دەربهێنین کە خنکاوە‌و ئەوە ببیستین کە هەرگیز له‌وێدا نەوتراوە. رابوردوو تەنیا کۆمەڵێک فۆرم‌و نۆرمی نەگۆڕی کولتووریی‌و ئەخلاقی نییە کە دەبێت بیشکێنین، بەڵکو چیرۆکی هەزاران قوربانیشە کە وەک ئێمە له‌ساتی خۆیاندا خنکاوی هەمان کولتوور‌و سیستەم بوون... لێرەوە هەمیشە له‌نێوان قوربانیانی رابوردوو‌ و ئەمڕۆدا پردێکی نەپساو‌و یەک ئاراستە‌و گەورە هەیە کە وامان لێدەکات بیر له‌شکاندنی دوولایه‌نەی رابوردوو-داهاتوو بکەینەوە. هاوارە زیندووەکانی ئەمڕۆ دەشێت خۆیان وەک سەدای هاواری رابوردوو ببینن... کە چیتر له‌نێوان قوربانی دوێنێ‌و ئەمڕۆدا دیوارێک ناهێڵنەوە، بە مانایەکی تر گوێگرتن له‌هاواری ئەوانەی تا ئێستا فریشتەی مێژوو نەیتوانیوە گوێیان لێبگرێت، تەنیا زامنی هەڵگرتنی ئەوە دیوارەیە کە دەکەوێتە نێوان دوێنێ‌و ئەمڕۆوە، بەجۆرێک هەست بە پچڕانی حیکایەتەکان نەکەین.

رۆماننوسی ئەمه‌ریکی ولیام فۆکنەر له‌جێگایەکدا دەڵێت «هیچ شتێکی نوێ له‌مێژوودا له‌گۆڕێ نییە، ئەوەی هەیە تەنیا چیرۆکە کۆنەکانە، کە مرۆڤی تازە له‌ناویدا دەژین». ئەمە بە مانایەک له‌ماناکان دروستە، مێژووی قوربانیی بەجۆرێکی تراژیدی خۆی دووبارەدەکاتەوە، خودی ئەم دووبارەبوونەوەیە پردێک‌و چوونییەکییەکی قووڵی له‌نێوان ئێستا‌و رابوردوودا دروستکردوە. ئایا خودی ئەم تێزەیە بەس نییە بۆ ئەوەی بڵێین گەر رابوردوو ‌و ئێستا هەمان شتبن، ئینسان هەمان ئازاری هەبێت‌و ئەمڕۆش وەک دوێنێ پڕبێت له‌قوربانی، کەواتە مێژوو چ سوودێکی هەیە جگە له‌گێڕانەوەی هەمان چیرۆک‌و دووبارەکردنەوەی هەمان سەربورد کە خۆمان له‌ناویدا دەژین؟ له‌ڕاستیدا مێژوو له‌یەک کاتدا سوودی هەیە، ئەویش کاتێک بتوانێت له‌وە بکەوێت تەنیا کەڵەکەبوونی خاشاکی سەدەکان بێت‌و له‌قووڵایی خۆیدا بۆ هەموو ئەو دەنگە خنکاوانە بگەڕێت کە دەبێت ئەمڕۆ‌و لێرەدا پرد له‌گەڵ ئازارەکانیان دروستبکەین. مێژوو له‌کاتێکدا نرخی هەیە کە دووبارە چیرۆکی قوربانییەکان بگێڕێتەوە‌و هاوارەکانیان بنوسێتەوە.

بەڵێ مێژوومان پێویستە، هیچ نەبێت له‌بەردوو هۆی گرنگ، یەکەم: بۆ ئەوەی له‌بەرینی ئازارەکانی ئینسان‌و له‌قووڵی‌و له‌دووبارەبوونەوەی بەردەوامی ئەو ئازارانە تێبگەین. دووەم: چونکە بەبێ مێژوو ئەستەمە پردێکی راستەقینە له‌نێوان هوشیاری‌و یادەوەریدا دروستبێت... مێژوو جێگای دروستبوونی یادەوەرییە، تەنیا له‌ڕێگای مێژووەوە فێردەبین چجۆرە یادەوەرییەک هەڵبگرین. ترسی والتەر بنیامین له‌فریشتەی مێژوو له‌وەدایە کە زوو بڕوات‌و نەبێت بە خوڵقێنەری یادەوەرییەکی هاوبەشی ئینسانی کە هاواری خنکاوەکانی هەڵگرتبێت... بەڵام دەمێک مێژوو بە کاری خۆی هەڵدەستێت‌و دەبێت بە پاسەوان‌و حیکایەتخوانی قوربانییەکان بەهایەکی گرنگ وەردەگرێت... ئا لێرەشدایە رابوردوو‌ و ئەمڕۆ له‌سەر یەک خەت یەک دەگرنەوە، یادەوەری‌و ژیان دەبنەوە بە یەک رووبەری چوونیەک کە هەردووکیان هەمان شت دەبینن‌و دەگێڕنەوە... مێژووش له‌بری ئەوەی تەنیا بای پەرەسەندنێکی کوێر بیبات، ریتمی سەیرکردن‌و گوێگرتن له‌هاواری ئینسان دەیجوڵێنێت. بۆیە گەڕانەوە بۆ رابوردوو له‌جەوهەردا دەبێت گەڕانەوە بێت بۆ گوێگرتن له‌ئازاری قوربانییەکانی رابوردوو. ئێمە وەک مرۆڤ له‌ئێستادا تەنیا بەرپرس نین له‌وەی کە ئێستا روودەدات‌و سبەی دروستدەبێت، بەرپرسیشین له‌وەی کە له‌ڕابوردوودا روویداوە‌و دەشێت له‌ژێر زەبری هەوای پەرەسەندن‌و گۆڕانی خێرادا ناچیز سەیربکرێن‌و له‌بیربچنەوە. 

Wednesday 6 April 2011

ئایا ده‌مانه‌وێ‌ ته‌نها سه‌رۆكێك بگۆڕین؟


سه‌رای‌ ئازادی‌ له‌دیدی‌ "به‌ختیار عه‌لی‌"یه‌وه‌

لە سایتی ئاوێنەوە
 
ئا: سات

"به‌ختیار عه‌لی‌" ناوێكی‌ ئه‌وه‌نده‌ ناسراوه‌ كه‌ پێویستی‌ به‌ناساندن نییه‌، "مه‌رگی‌ تاقانه‌ی‌ دووه‌م"، "ئێواره‌ی‌ په‌روانه‌"، "دواهه‌مین هه‌ناری‌ دونیا"‌و "شاری‌ مۆسیقاره‌ سپییه‌كان"‌و "جه‌مشید خانی‌ مامم" له‌و شاكاره‌ به‌نرخانه‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌ كوردین كه‌ ئه‌سته‌مه‌ تێپه‌ڕینی‌ زه‌مه‌ن به‌ده‌ستی‌ فه‌رامۆشییان بسپێرێ‌‌و له‌بیربچنه‌وه‌، به‌ختیار نزیكه‌ی‌ مانگێك له‌سه‌رای‌ ئازادی‌ بوو، بوونی‌ ئه‌و له‌وێ نرخ‌و بایه‌خی‌ خۆی‌ هه‌بوو بۆ خۆپیشانده‌ران.

17ی‌ شوبات، ئه‌و ئێواره‌یه‌ی‌ له‌به‌رده‌م لقی‌ چواری‌ پارتی ده‌ستڕێژ له‌خۆپیشانده‌ران كراو شار پڕ كرا له‌بۆنی‌ دوكه‌ڵ‌‌و خوێن، به‌ختیار عه‌لی‌ له‌كیشوه‌رێكی‌ ترو له‌وڵاتێكی‌ دوور له‌كوردستان، سه‌رقاڵی‌ ماڵ‌ گواستنه‌وه‌ بوو له‌شاری‌ بۆنه‌وه‌ به‌ره‌و شاری‌ كۆڵن، "ساته‌وه‌ختی‌ زانینی‌ رووداوه‌كه‌، من له‌شه‌مه‌نده‌فه‌ردا بووم كه‌ هاوڕێیه‌كم ته‌له‌فونی‌ بۆ كردم‌و وتی‌ له‌سلێمانی‌ خراپ ته‌قیوه‌ته‌وه‌و خه‌ڵكێكی‌ زۆر بریندارو كوژراوه‌"!

ئه‌مه‌ به‌لای‌ به‌ختیاره‌وه‌ كارێكی‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو، "هه‌ستمان ده‌كرد زه‌مینه‌سازی‌ بۆ خۆپیشاندان ده‌كرێ‌‌و رۆحی‌ گشتی‌ كۆمه‌ڵگه‌ش ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بێته‌ سه‌رجاده‌‌و خۆپیشاندان بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا، ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌بریندارو كوژراو بوو".

ئه‌و كه‌ به‌چاوه‌ ورده‌كانییه‌وه‌ له‌دونیا ده‌نواڕێ‌‌و كاتێكیش ده‌دوێت به‌وریایی‌ ریزبه‌ندی‌ وشه‌كانی‌ ده‌كات، "هه‌ر له‌یه‌كه‌م چركه‌ی‌ ئه‌م رووداوه‌و له‌و ئێواره‌یه‌ی‌ 17ی‌ شوباته‌وه‌ كه‌ خوێنی‌ گه‌نجانی‌ سلێمانی‌ تیا رژا، دڵنیابووم له‌وه‌ی‌ خۆپیشاندان به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه‌ ته‌قه‌كردن‌و توندوتیژی‌ هه‌رگیز خۆپیشاندان هێور ناكه‌نه‌وه‌، دڵنیابووم له‌وه‌ی‌ كه‌ ئیتر خۆپیشاندان ئاستێكی‌ فراوانترو گه‌وره‌تر ده‌گرێته‌ خۆی‌".

به‌دوای‌ ئه‌وه‌شدا كه‌ كوردستان پێده‌نێته‌ هه‌لومه‌رجێكی‌ نوێوه‌‌و خۆپیشاندانی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ ده‌بێته‌ دیارده‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام‌و رۆژانه‌ی‌ شار، به‌ختیار ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌‌و به‌شداریكردن له‌خۆپیشاندانه‌كانی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌، "گه‌ڕانه‌وه‌م جۆرێكه‌ له‌ئیلتیزامی‌ ئه‌خلاقی‌‌و ئینسانی‌ من به‌كێشه‌یه‌كه‌وه‌، هه‌ستده‌كه‌م ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ نوسینه‌كانمه‌وه‌ رۆڵێكم هه‌بووه‌ له‌دروستكردنی‌ جۆرێك له‌هوشیاری‌ ره‌خنه‌ییدا، هه‌ستده‌كه‌م ئه‌گه‌ر كاریگه‌رییه‌كی‌ راسته‌وخۆشم له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ نه‌بووبێت كه‌ له‌سه‌ر جاده‌یه‌، ئه‌وا له‌و كه‌شه‌ سیاسییه‌ گشتییه‌ی‌ كه‌ دروستبووه‌ گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ بچوكیش بێت ده‌ستێكی‌ منی‌ تیا هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌م جۆرێك له‌ئیلتیزامی‌ ئه‌خلاقی‌ بوو به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ی‌ نووسیومه‌".

له‌وه‌ش گرنگتر، به‌لای‌ ئه‌م رۆماننووسه‌وه‌ كه‌ به‌شێك له‌جوانترین ده‌قه‌كانی‌ ئه‌ده‌بی‌ كوردی‌ به‌رهه‌مهێناوه‌و رۆمانه‌كانی‌ زۆرترین خوێنه‌ر‌و به‌رزترین تیراژ‌و فرۆشیان هه‌بووه‌ له‌كوردستاندا، له‌نزیكه‌وه‌ بینینی‌ كه‌شی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ پۆ ئه‌و پڕ بایه‌خ بووه‌، "به‌ڕاستی‌ من زۆرم حه‌ز ده‌كرد ئه‌و رۆژانه‌ له‌نزیكه‌وه‌ ببینم، من له‌ڕاپه‌ڕینی‌ 1991دا لێره‌ بووم زۆر سوودم لێبینیوه‌و كه‌م تا زۆر له‌ئه‌ده‌بیاتی‌ مندا ره‌نگی‌ داوه‌ته‌وه‌، له‌ئێستادا زۆر به‌لامه‌وه‌ گرنگ بوو بێم‌و ئه‌و دیمه‌نانه‌و ئه‌و فه‌زایه‌ ببینم‌و تیا بژیم، گرنگه‌ هه‌م بۆ ئه‌زمونی‌ شه‌خسی‌ خۆم‌و هه‌م وه‌كو نووسه‌ریش تۆ له‌وێدا وه‌كو ماتریال بابه‌تی‌ نوێ‌ ده‌بینیته‌وه‌، وێنه‌ی‌ نوێ‌ ده‌بینیته‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ئیلهامبه‌خشه‌ بۆ كاره‌كانی‌ داهاتووت".

ئێواره‌ی‌ 7ی‌ ئازار، به‌ختیار له‌فڕۆكه‌خانه‌ی‌ "میشن"ه‌وه‌ به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانی‌ ده‌كه‌وێته‌ رێ‌‌و بۆ سبه‌ی‌ ئه‌و رۆژه‌ش كه‌ 8ی‌ مارسه‌ خۆی‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ سه‌رای‌ ئازادی‌‌و راسته‌وخۆ به‌شداری‌ له‌خۆپیشاندانه‌كاندا ده‌كات، "له‌ڕاستیدا له‌ڕێگه‌ی‌ یوتیوب‌و ئینته‌رنێته‌وه‌ كه‌م تا زۆر وێنه‌یه‌كی‌ گشتیمان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌م وێنه‌ گشتییه‌ زۆر ورده‌كاری‌‌و وێنه‌ی‌ تیا نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خۆت ده‌یبینی، زۆرجار دیمه‌نی‌ پیره‌مێردێك یان دیمه‌نی‌ منداڵێك ده‌بینیت، ئه‌مانه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ له‌چاوی‌ كامێراوه‌ بیانبینیت، یان ئه‌و فه‌زا گشتییه‌ی‌ سه‌ر سه‌كۆكه‌ یان ئه‌و وتارانه‌ی‌ له‌وێ‌ ده‌خوێندرێنه‌وه‌ یان ئیقاعی‌ وتنه‌كان‌و ئه‌و جه‌وه‌ حه‌ماسییه‌ی‌ تۆی‌ تیایت، ئه‌وه‌ی‌ بۆ من گرنگ بوو، خودی‌ ئه‌و هه‌ستانه‌ بوو كه‌ له‌وێدا دروستبوو، ئه‌و هه‌ستانه‌ زۆر جیاواز بوو له‌وه‌ی‌ تۆ له‌دووره‌وه‌ ته‌ماشای‌ ده‌كه‌یت وه‌كو بینه‌رێك، واته‌ ئه‌وه‌ی‌ تۆ به‌شداری‌ بكه‌یت له‌ڕووداوێكدا ته‌واو جیاوازه‌ له‌وه‌ی‌ تۆ بینه‌ری‌ رووداوێك بیت".

ئیتر له‌ورۆژه‌وه‌ ئاماده‌بوونی‌ به‌ختیار عه‌لی‌ له‌خۆپیشاندانه‌كانی‌ پاشنیوه‌ڕوانی‌ سه‌رای‌ ئازادی ده‌بێته‌ پیشه‌و كاری‌، هه‌ر كه‌ ئه‌و ده‌گه‌یشته‌ سه‌را، كۆمه‌ڵێك گه‌نجی‌ خۆپیشانده‌ر ده‌وریان ده‌دا، ده‌ستیان ده‌گوشی‌‌و رێزیان لێده‌نا، پرسیاری فڵانه‌ نووسین‌و فیساره‌ فۆڕمی‌ خه‌باتیان لێده‌كرد، به‌په‌رۆشه‌وه‌ دیقه‌تیان له‌ڕوخسار‌و قسه‌كانی‌ ده‌دا، به‌رده‌وام یه‌ك یه‌ك‌و دوو دوو وێنه‌یان له‌گه‌ڵ‌ ده‌گرت‌و ئه‌وه‌نده‌ی‌ به‌ختیار له‌و گۆڕه‌پانه‌ ده‌مایه‌وه‌، ده‌وری‌ چۆڵ‌ نه‌بوو.
ئه‌و كه‌ ئێستا هێواش هێواش ته‌مه‌نی‌ به‌ره‌و كۆتایی‌ ده‌یه‌ی‌ چواره‌م هه‌ڵده‌كشێ‌، كاتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای‌ بیروه‌رییه‌ دووره‌كانی‌، ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ساڵی‌ 1982ی‌ زانكۆی‌ سه‌لاحه‌دینی‌ بیرده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ خوێندكاری‌ به‌شی‌ جیۆلۆجی‌ كۆلیژی‌ زانست‌ بوو، له‌یه‌كه‌م ده‌ستڕێژی‌ به‌عسییه‌كاندا له‌خۆپیشانده‌ران ده‌پێكرێ‌‌و بۆ ماوه‌ی‌ چوار مانگ به‌برینداری‌ راپێچی‌ زیندان ده‌كرێ‌، به‌ختیار ده‌یه‌وێ‌ ئاسۆی‌ بینینی‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ی‌ ئێستای‌ كوردستان زۆر به‌رین‌و فراوانتر بێ‌‌و له‌سنوورێكی‌ دیاریكراودا په‌نگ نه‌خوات، ئه‌و له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌مجاره‌یدا بۆ سلێمانی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ سازكردنی‌ زنجیره‌یه‌ك كۆڕ‌و سمیناره‌وه‌ به‌هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی كاریان بۆ ئه‌وه‌ كرد، "ئێستا ئێمه‌ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان له‌به‌رده‌م ده‌رفه‌تێكی‌ گه‌وره‌داین كه‌ زۆر شوێنی‌ داخراو له‌كۆمه‌ڵگای‌ ئێمه‌دا هه‌ن، زۆر ده‌رگای‌ حه‌رام‌و زۆر تاپۆی‌ سه‌خت له‌كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێمه‌دا هه‌ن كه‌ بیانشكێنین‌و سه‌رله‌نوێ‌ ئاسۆی‌ تری‌ تیا بكه‌ینه‌وه‌ له‌ڕوانینی‌ ئینسانی‌ كورددا، ده‌بێت ئاسۆی‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ ته‌نها له‌سنووری‌ (بژی‌‌و بڕوخێ‌)دا نه‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ بزانین چی‌ بژی‌‌و چی‌ بڕوخێ‌، كێشه‌ی‌ مرۆڤی‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرجار هه‌ر له‌حه‌ماسه‌تێكی‌ كاتییه‌وه‌یه‌ ئه‌ڵێ‌ بژی‌ یان بڕوخێ‌".

به‌ختیار ده‌پرسێت "ئایا ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ‌ ته‌نها سه‌رۆكێك بگۆڕین یان سیسته‌مێكی‌ سیاسیش له‌پاڵیا بگۆڕین؟ تا ئێستا هه‌ستده‌كه‌م خۆپیشاندانه‌كان له‌سنووری‌ حه‌ماسه‌تێكی‌ كاتی‌ تێنه‌په‌ڕیون، ئه‌وانه‌ی‌ رێكخه‌ری‌ خۆپیشاندانن مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌كییان هه‌ندێك ده‌سكه‌وتی‌ سیاسییه‌، كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ تۆ له‌بازنه‌ی‌ ده‌سكه‌وتی‌ سیاسیدا بمێنیته‌وه‌ گه‌مه‌كان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست هه‌ندێك هێزی‌ سیاسییه‌وه‌، له‌كاتێكدا زۆر گرنگه‌ ئێستا گه‌مه‌كه‌ بكه‌وێته‌ ده‌ست هه‌موو كۆمه‌ڵگاوه‌، بێته‌ ده‌ست هه‌موو ئه‌و نوخبه‌ چالاكه‌ی‌ له‌زانكۆكان‌و له‌فه‌رمانگه‌و له‌كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌‌و میدیاكاندان، ئایا ئێمه‌ له‌م خۆپیشاندانانه‌دا توانیومانه‌ وابكه‌ین؟ به‌ڕاستی‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ به‌پۆزه‌تیڤ وه‌ڵامی‌ ئه‌وه‌ بده‌مه‌وه‌".

ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ به‌ختیاره‌وه‌ گرنگه‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ دوو ئاسته‌، یه‌كه‌میان ئاستی‌ تاكتیكی بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێ‌ ده‌سكه‌وتی‌ هه‌نووكه‌یی‌ ده‌گرێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وانه‌ی‌ ته‌قه‌یان كردووه‌ بدرێنه‌ دادگا‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزب‌و سروشته‌ میلیتارییه‌كه‌ی‌ له‌شاره‌كاندا كه‌م بكرێته‌وه‌، به‌ڵام ئاستی‌ دووه‌میان زۆر له‌مه‌ گرنگتره‌، كه‌ ده‌سكه‌وته‌ ستراتیجییه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌و پێویسته‌ هه‌م دوورتر‌و هه‌م گه‌وره‌تر بێت، "ئه‌گه‌ر ئه‌م خۆپیشاندانه‌ له‌سنووری‌ ده‌سكه‌وته‌ هه‌نووكه‌ییه‌كاندا بهێڵینه‌وه‌، ئه‌وا رێگه‌ له‌وه‌ ده‌گرین ئه‌م شۆڕشه‌ ببێته‌ شۆڕشێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ هه‌ردوو ئاسته‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكات، تا ئه‌م ده‌قه‌یه‌ من گوێم له‌هیڵێكی‌ ستراتیجی‌ نییه‌ له‌بزوتنه‌وه‌كه‌دا‌و ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌كه‌موكورتییه‌ گه‌وره‌كانی‌، كه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ دروشمی‌ هه‌نووكه‌یی‌ ئیش ده‌كرێت، له‌سه‌ر له‌دایكبوونی‌ ئه‌و هوشیارییه‌ گشتییه‌ ئیش ناكرێت كه‌ ده‌بێت ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ دروستی‌ بكات، پرسیاری‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌: تۆ دوای‌ ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ به‌ چ هوشیارییه‌كه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌؟".

به‌ختیار عه‌لی‌ كه‌ ئێواره‌ی‌ دوێنێ‌ (4/4) به‌كۆمه‌ڵێك پرسیاری‌ بێ‌ وه‌ڵام‌و به‌مێشكێكی‌ رۆشنی‌ پڕ له‌دیمه‌ن‌و وێنه‌ی‌ جیاوازی‌ سه‌رای‌ ئازادییه‌وه‌ له‌فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانییه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانیا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و له‌ساڵی‌ 1996ه‌وه‌ چووه‌ته‌ ئه‌ڵمانیا، "به‌ڵام به‌رده‌وام لێره‌م، كه‌متر له‌ئه‌ڵمانیام، ره‌نگه‌ ته‌نها گرنگییه‌كی‌ ئه‌ڵمانیا بۆ من ئه‌وه‌ بوو بێت كه‌ ده‌رفه‌تێكی‌ گه‌وره‌ی‌ بۆ ره‌خساندوم بۆ خوێندنه‌وه‌، جاری‌ وایه‌ به‌هه‌فته‌ له‌وێ‌ ده‌وروبه‌رم چۆڵه‌و به‌شه‌رێك نابینم هه‌ر ده‌خوێنمه‌وه‌، به‌ڵام چ له‌ڕووی‌ هه‌ست‌و نه‌ست‌و چ له‌ڕووی‌ روحییه‌وه‌، من هه‌ر له‌كوردستانم".

ره‌نگه‌ دوای‌ چه‌ندین ساڵی‌ دیكه‌، كاتێك كه‌ ئیتر ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی‌ ئێستای‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ ده‌بێته‌ رووداوێكی‌ مێژوویی‌‌و ده‌چێته‌ خانه‌ی‌ ئه‌رشیفه‌وه‌، یه‌كێك له‌گرنگترین شانازی‌و سه‌رمایه‌ ره‌مزییه‌كانی‌ ئه‌وه‌ بووبێت كه‌ نووسه‌رێكی‌ وه‌ك به‌ختیار عه‌لی‌ به‌شداریی‌‌و پشتیوانی‌ لێكرد

Tuesday 5 April 2011

دوای ئه‌و په‌یامه‌ی بارزانی هیچ ئومێدێك به‌ چاره‌سه‌رییه‌كی بچو‌وكیش نه‌ما.. پارتی‌و یه‌كێتی ئه‌م سیسته‌مه‌یان وا تێك نه‌داوه‌ تا بۆیان چاكبكرێته‌وه‌

به‌ختیار عه‌لی بۆ هاوڵاتی: دوای ئه‌و په‌یامه‌ی بارزانی هیچ ئومێدێك به‌ چاره‌سه‌رییه‌كی بچو‌وكیش نه‌ما.. پارتی‌و یه‌كێتی ئه‌م سیسته‌مه‌یان وا تێك نه‌داوه‌ تا بۆیان چاكبكرێته‌وه‌
 
5/4/2011 
سازدانی‌: سوركێو محه‌مه‌د

به‌ختیار عه‌لی نووسه‌ر و روناكبیر، باس له‌ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می حوكمڕانی كوردستان و خۆپیشاندانه‌كان ده‌كات و پێیوایه‌ ته‌نیا رێگایه‌ك بۆ چاكسازیی راسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی و یه‌كێتی باسی چاكسازیی نه‌كه‌ن، به‌درێژایی مێژوو نه‌بووه‌ ئه‌وانه‌ی به‌مجۆره‌ به‌جه‌به‌روتی خۆیان مه‌ستن، بتوانن چاكسازیی بكه‌ن، ده‌ڵێت: پارتی و یه‌كێتی ئه‌م سیسته‌مه‌یان واتێك نه‌داوه‌ تا بۆیان چاكبكرێته‌وه‌، به‌بڕوای من تازه‌ و به‌مجۆره‌ی ئێستا ئه‌سته‌مه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ بتوانێت چاكسازیی بكات

ئه‌و روناكبیره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دا نییه‌ سیسته‌می دیكتاتۆری ریفۆرمبكرێت و مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتی كوردیش مۆدێلێكی تایبه‌تی دیكتاتۆرییه‌ته‌ كه‌ چاكسازی تێیدا كاری نه‌كرده‌یه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: دوای ئه‌و په‌یامه‌ی بارزانی، هیچ ئومێدێك به‌ چاره‌سه‌رییه‌كی بچووكیش نه‌ما، چونكه‌ ئه‌م په‌یامه‌ نیشانه‌ی عه‌قڵییه‌تێكی سیاسی نه‌گۆڕه‌ كه‌ ناتوانێت ئاڕاسته‌ی مێژوو و ئاڕاسته‌ی رووداوه‌كان بخوێنێته‌وه‌

به‌ختیار عه‌لی ئاماژه‌ به‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ ده‌كات و پێیوایه‌ ئه‌م شۆڕشانه‌ له‌ هه‌موو شوێنه‌كان به‌یه‌ك شێوه‌ و به‌یه‌ك ئیقاع سه‌رناكه‌ون، به‌ڵكو له‌ هه‌ندێ كۆمه‌ڵگای كۆنتڕۆڵكراودا، له‌ هه‌ندێك جێگای دیسپلینكراودا وه‌ك لیبیا یان سوریا یان كوردستان كاتی زیاتری ده‌وێت، به‌ڵام روودانی حه‌تمییه‌

هاوڵاتی: چۆن ده‌ڕوانیته‌ گه‌نجانی كوردستان له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا، پێشتر ره‌خنه‌یان زۆر لێده‌گیرا كه‌ بێده‌نگن و ئینتیمایان نییه‌و ناتوانن كاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، پێتوایه‌ ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت یاخود جارێك نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاستی پێویست؟

به‌ختار عه‌لی: ده‌بوو گه‌نجان به‌ قۆناغێكی بێده‌نگی و نه‌بوونی ئینتیمادا تێپه‌ڕن، تا بگه‌نه‌ ئه‌مڕۆ.. هیچ كه‌سێك كه‌ منداڵی به‌جێهێشت ئۆتۆماتیكی نابێت به‌ شۆڕشگێڕ و به‌ ئاڵایه‌كه‌وه‌ نایه‌ته‌ مه‌یدان دژی سیسته‌م هوتاف بكێشێت. نه‌وه‌ی نوێ ده‌بوو به‌ ئه‌زموونی خۆیدا بڕوات و ئه‌گه‌ره‌كانی پێشده‌می خۆی تاقیبكاته‌وه‌، بێ قۆناغێكی نائومێدی قووڵ، بێ ساتێكی بێده‌نگیی و بێزاریی و بێهیوایی، هیچ نه‌وه‌یه‌ك ناتوانێت ببێت به‌ خاوه‌نی هۆشیارییه‌كی سیاسی. جان كۆكتۆ رسته‌یه‌كی جوانی هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت »گه‌نجان سه‌ره‌تا تێده‌گه‌ن چیان ناوێت، به‌ڵام دواتر و دره‌نگتر لایان رۆشنده‌بێت كه‌ خوازیاری چین». گه‌نجانی ئێمه‌ش ئه‌مڕۆ ده‌زانن چییان ناوێت، به‌ڵام به‌دروستی نازانن چییان ده‌وێت... ئه‌وه‌ش هه‌م دۆخێكی سروشتی و هه‌م كێشه‌یه‌كی سروشتیشه‌، هه‌ڵبه‌ت هیچ نه‌وه‌یه‌ك تاك تاكی نابێت به‌ هه‌ڵگری هۆشیاری، ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ر نه‌وه‌یه‌كدا گرنگ و كاریگه‌ره‌ ئه‌و به‌شه‌یه‌تی كه‌ هه‌ڵگری هۆشیارییه‌كی جیاوازه‌ و ده‌توانێت بۆ ئه‌و جیاوازییه‌ش بێته‌ مه‌یدان و ئه‌كتیڤ بێت. ئه‌وانه‌ شوناسی نه‌وه‌كه‌ دیاریده‌كه‌ن، نه‌وه‌ی نوێ ئێستا شتێكی هه‌یه‌ شه‌ڕی بۆبكات.. خاوه‌نی مه‌سه‌له‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی، واته‌ ئه‌مڕۆ هه‌م تۆو هه‌م كێڵگه‌كه‌مان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی ماوه‌ كاركردن و چاندن و ئاودان و شته‌كانی دییه‌.. دواجار بۆ هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ كێڵگه‌ی خۆی و ئه‌و تۆوه‌ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ ده‌یچێنێت، ئه‌وه‌ش ئێستا له‌ به‌رده‌مماندایه‌

هاوڵاتی: نۆ كوژراو و زیاتر له‌ 200 برینداری خۆپیشاندانه‌كان هه‌یه‌و چه‌ندین تاوانی گه‌وره‌ ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ به‌رپرسێك سزانه‌دراوه‌ یان ده‌ستی له‌كار نه‌كێشاوه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر تا سێ مانگی دیكه‌ ئه‌و چاكسازیانه‌ نه‌كرێن كه‌ رایگه‌یاندووه‌ ده‌ستله‌كارده‌كێشێته‌وه‌ چۆن ده‌ڕوانیته‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ له‌كاتێكدا به‌ڵێنی یه‌كه‌می نه‌برده‌سه‌ر كه‌وتبووی ئه‌گه‌ر په‌نجا هه‌زار كه‌س داوام لێبكات ده‌ستله‌كار ده‌كێشمه‌وه‌، به‌ڵام نه‌یبرده‌سه‌ر؟

به‌ختیار عه‌لی: سیاسییه‌كانی ئێمه‌ زوو زوو ده‌ڵێن »ئه‌گه‌ر تا ئه‌م كات یان ئه‌وی دی ئه‌م كارانه‌ نه‌كرێن، من وازده‌هێنم..  ده‌ستله‌كارده‌كێشمه‌وه‌.. به‌رده‌وام نابم». به‌ڵام تا ئێستا هه‌رچییه‌كیان وتو‌وه‌ راست نه‌بووه‌، هیچ هۆیه‌كی ئه‌وتۆش شك نابه‌م واملێبكات بڵێم ئه‌مجاره‌ش هه‌روا نابێت.  به‌بڕوای من ئه‌و سیاسیانه‌ له‌بری ئه‌و قسانه‌ دوو شتی دیكه‌ بكه‌ن باشتره‌، یان یه‌كسه‌ر ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه‌، چونكه‌ بارودۆخی وڵاته‌كه‌ به‌جۆرێك ناله‌باره‌ و هه‌ڵه‌ی بیست ساڵی رابردوو به‌جۆرێك كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌ كه‌ چاكردنی ئاسان نییه‌. یان پلانێكی ورد و ئاشكرای چاكسازیی دیموكراسی بببیستین تا بزانین ئه‌وجۆره‌ چاكسازییه‌ چییه‌ كه‌ ده‌شێت بكرێت.. من به‌ش به‌حاڵی خۆم له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم سیسته‌می دیكتاتۆری ریفۆرمبكرێت و مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتی كوردیش مۆدێلێكی تایبه‌تی دیكتاتۆرییه‌ته‌ كه‌ چاكسازی تێیدا كاری نه‌كرده‌یه‌. چاكسازی له‌وه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ ده‌سه‌ڵاتی موتڵه‌قی سه‌رۆك و حیزبه‌كانیان كه‌مبكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ خاڵی یه‌كه‌م و سه‌ره‌تای هه‌موو چاكسازییه‌كه‌. واته‌ دیكتاتۆرییه‌ت پایه‌كان و كۆڵه‌كه‌ ئه‌ستووره‌كانی خۆی لاوازبكات، ئه‌وه‌ش دواجار به‌ رمان و هه‌ره‌سی مۆدێله‌كه‌ دوایی دێت، بۆیه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دام كاری وه‌ها ناكه‌ن و ناكرێت

ته‌نیا رێگایه‌ك بۆ چاكسازیی راسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی و یه‌كێتی باسی چاكسازیی نه‌كه‌ن، به‌درێژایی مێژوو نه‌بووه‌ ئه‌وانه‌ی به‌مجۆره‌ به‌جه‌به‌روتی خۆیان مه‌ستن، بتوانن چاكسازیی بكه‌ن

له‌ بیست ساڵی رابردوودا حوكمێكی پۆلیسیی كه‌ له‌سه‌ر رێزنه‌گرتنی ئینسان و گۆڕینی بۆ كاڵا دروستبووه‌ دامه‌زراوه‌، كۆمه‌ڵگایه‌ك دروستبووه‌ ته‌نیا ته‌ماحی پاره‌ و ده‌سه‌ڵاتی له‌ مرۆڤدا سه‌وزكرد‌ووه‌، ئینسانی وه‌ك ئاژه‌ڵ خستووه‌ته‌ مه‌زاتی حیزبه‌وه‌، پارتی و یه‌كێتی هه‌موو سه‌روه‌تی وڵاتیان له‌ كڕینی وه‌لائی سیاسیدا سه‌رفكرد.. سیسته‌مێك كه‌ به‌ هه‌موو جۆرێك ئینسانی نزمكردۆته‌وه‌، ئیراده‌ی لێزه‌وتكردوه‌، كردوێتی به‌ كۆیله‌یه‌ك كه‌ هۆش و هۆشیاریی و ئینتیمای خۆی ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌ بۆ كڕین و فرۆشتن. به‌زۆر ده‌یگۆڕێت بۆ ده‌ستماچكه‌ر و سه‌رشۆڕ و پێڵاوماچكه‌ر و خۆفرۆش، سیسته‌مێك كه‌ حیزب و جه‌نده‌رمه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی موتڵه‌قیان هه‌یه‌، یه‌كێتی قوتابیانی حیزب له‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیره‌كان به‌هێزتره‌، پاسه‌وانێكی به‌ر قاپی حیزب له‌ هه‌موو حاكم و دادگاكانی وڵات به‌هێزترن، به‌رپرسه‌ نه‌خوێنده‌واره‌كانی لق و مه‌ڵبه‌ند، عه‌میده‌كان و سه‌رۆكی زانكۆكان داده‌نێن... چۆن چاكسازیی له‌ سیسته‌می وادا ده‌كرێت؟

  پارتی و یه‌كێتی ئه‌م سیسته‌مه‌یان واتێك نه‌داوه‌ تا بۆیان چاكبكرێته‌وه‌، به‌بڕوای من تازه‌ و به‌مجۆره‌ی ئێستا ئه‌سته‌مه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ بتوانێت چاكسازیی بكات، یه‌كه‌م چاكسازیی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گۆڕانی ریشه‌یی له‌ ئه‌خلاقی حیزب و په‌روه‌رده‌ی ئه‌ندامه‌كانی خۆیدا بكات.. حیزبه‌كانی ئێمه‌ نه‌وه‌كو ناتوانن چاكسازیی بكه‌ن، به‌ڵكو پێویستیان به‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یان مامۆستا له‌ده‌ره‌وه‌ بهێنن تا ئه‌ندامه‌كانیان فێری ته‌ربییه‌ت و ره‌وشتی ئینسانی ئاسایی بكه‌نه‌وه‌، چاكسازیی چۆن به‌ هێزێك ده‌كرێت كه‌ پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ زۆر له‌ ئه‌ندامه‌كانی بنێرێته‌وه‌ قوتابخانه‌ و فێری ئه‌لف و بای رێزگرتنی مرۆڤیان بكات، پارتی و یه‌كێتی ئه‌خلاقی حوكمڕانییان نییه‌، به‌ڵكو ته‌نیا ته‌ماعی بێسنوری حوكمڕانییان هه‌یه‌.. لێره‌وه‌ نه‌ده‌توانن چاكسازیی بكه‌ن، نه‌ده‌ستیش له‌ كارده‌كێشنه‌وه‌.. چونكه‌ ئه‌و دوو پرۆسه‌ گه‌وره‌یه‌ پێویستی به‌ ئیراده‌یه‌كی ئه‌خلاقی و مۆراڵێكی دیموكراسی په‌روه‌رده‌كراو هه‌یه‌ كه‌ لای سه‌رانی ئه‌م دوو هێزه‌ بوونیان نییه‌. چاكسازیی سه‌ره‌تا ده‌بێت له‌ عه‌قڵی سیاسی خۆیدا بكرێت و دواتر بگوازرێته‌وه‌ بۆ فۆڕمی ئیداره‌دان

هاوڵاتی: هه‌ندێك له‌ چاودێران پێیانوایه‌ ئه‌وه‌نده‌ی رێككه‌وتننامه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی رۆڵی هه‌یه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كاندا حكومه‌ت رۆڵی نییه‌، ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ له‌سه‌ر بارودۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان چۆن ده‌بینیت؟

به‌ختیار عه‌لی: ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ هاوپه‌یمانی دوو خێزانه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك سه‌فقه‌ی ئابووریی و سیاسی كۆیان ده‌كاته‌وه‌، من له‌ مێژه‌ باس له‌ مردنی حیزب ده‌كه‌م وه‌ك ده‌زگایه‌كی سیاسی، حیزب ئێستا هێنده‌ی كه‌ره‌سته‌ی هه‌یمه‌نه‌ی پۆلیسیی و ئابووریی چینێكی ئه‌رستۆكراته‌ ده‌زگایه‌كی سیاسی یان ئایدۆلۆژی نییه‌، ئه‌وه‌نده‌ی جیهازێكی ئه‌منی و ئیعلامییه‌ هه‌یئه‌تێكی رێكخستن و بیركردنه‌وه‌ نییه‌. ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌، ئیتیفاقێكی ئابووری ـ ئه‌منییه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر یه‌ك له‌ دوو حیزبه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی خۆیاندا ده‌پارێزێت. ئه‌م ئیتیفاقییه‌ ته‌واوی هاوسه‌نگی سیاسی و ئابووری تێكداوه‌، چونكه‌ جه‌وهه‌ری ئه‌م ئیتیفاقییه‌یه‌ له‌سه‌ر لاوازكردنی رۆڵی سیاسی حكومه‌ت و حیزب دروستبووه‌ و مه‌به‌ست لێی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ عه‌سكه‌ریی و ئه‌منییه‌كانه‌ له‌ده‌ستی گرو‌وپێكی بچو‌وكدا، تا له‌ رێگایه‌وه‌ زامنی هه‌رچی زیاتری ده‌سه‌ڵات بكه‌ن به‌سه‌ر ئابووری كوردستاندا. ئیتیفاقییه‌ی ستراتیژی كۆتایی به‌ رۆڵی حیزب هێنا و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی خسته‌ ده‌ست ئه‌و نوخبه‌ سه‌رمایه‌داره‌ عه‌سكه‌رییه‌ی ناو حیزبه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می شاخ و شه‌ڕی ناوخۆدا ده‌سه‌ڵاتیان ته‌واو گه‌وره‌بووبوو. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ناویان ناوه‌ موعجیزه‌ی ئاوه‌دانی هه‌ولێر، جه‌وهه‌ری ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بوو كه‌ كۆنتڕۆڵی موتڵه‌قی ئه‌و نوخبه‌ ئابوورییه‌ ـ عه‌سكه‌رییه‌ پیشانده‌دات بۆ ته‌واوی بازاڕ و سوڕی سه‌رمایه‌ و چۆنێتی وه‌به‌رهه‌مهێنان، خودی ئه‌و پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌ هه‌یمه‌نه‌ی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كه‌پیتالیزمه‌ عه‌سكه‌رتارییه‌ی به‌سه‌ر كایه‌ی ئابووریدا زامنكرد.. ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ ساڵی رابردوودا روویدا ئه‌وه‌بوو له‌ پرۆژه‌ی ئاوه‌دانكردنی هه‌ولێردا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و چه‌ند خێزانه‌ كه‌پیتالیستییه‌ عه‌سكه‌رییه‌ به‌سه‌ر بازاڕ و چاره‌نو‌وسی سه‌رمایه‌دا گه‌یشته‌ ترۆپكی خۆی. ئه‌و درۆ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ پێیده‌وترێت ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌ولێر ئه‌و ره‌حم و گونگوڵه‌بوو كه‌ ده‌بوو سه‌رمایه‌داریی ئه‌رستۆكراتیی كوردیی پیا بڕوات و له‌ هه‌ناویدا گه‌وره‌بێت.. رێككه‌وتنی ستراتیژی و ئه‌و وه‌رشه‌ كه‌پیتالیستییه‌ی كه‌ له‌ هه‌ندێك شار و شوێنی تایبه‌تی كوردستاندا خرایه‌ گه‌ڕ، هه‌م گه‌شه‌سه‌ندنێكی ناهاویه‌كی خسته‌ گه‌ڕ و هه‌م به‌ فه‌رامۆشكردن و وێرانكردنی ده‌یه‌ها ناوچه‌ی دیكه‌ی كوردستان ته‌واوبوو. رێككه‌وتنی ستراتیژی، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ ده‌مامكی سیاسی یه‌كگرتنه‌وه‌ی باڵه‌كانی ناو ئه‌و نوخبه‌ كه‌پیتالیستییه‌ عه‌سكه‌رییه‌ تا بتوانن له‌ ژێر ئه‌و ده‌مامكه‌دا گواستنه‌وه‌یه‌كی سانا و ره‌وان له‌ فۆڕمی فیوداڵی و خێڵه‌كییه‌وه‌ بۆ فۆڕمی میلیتاریی و كه‌پیتالیستی مۆدێرن زامنبكه‌ن، به‌بێ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌ولێر  و به‌بێ رێككه‌وتنی ستراتیژی، زه‌مینه‌ی سیاسی و ئابووری بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ نامومكین بوو. لێره‌دا ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر دوو خاڵ و دوو درۆی گه‌وره‌ی ئه‌م نوخبه‌ ئه‌رستۆكراتییه‌ حاكمه‌ قسه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌فسو‌وس تا ئه‌مڕۆ تیشكی نه‌خراوه‌ته‌سه‌ر، یه‌كه‌میان رێككه‌وتنی ستراتیژی ئه‌وه‌نده‌ی زامنكه‌ری به‌ستنه‌وه‌ی سوڕی سه‌رمایه‌یه‌ له‌ كوردستاندا به‌سیسته‌می كه‌پیتالیزمی ئیقلیمییه‌وه‌، به‌ته‌نیا مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسی ناوخۆیی نییه‌، ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بریتییه‌ له‌ ده‌مامكی سیاسی بۆ پرۆسه‌ی به‌گه‌ڕخستنی ئیقلیمی و هاوكاری ستراتیژی ته‌واوی ئه‌و نوخبه‌ كه‌پیتالیسته‌ گه‌نده‌ڵانه‌ی كه‌ بازاڕی خۆرهه‌ڵاتیان داگیركردو‌وه‌. لێره‌دا كێشه‌ی سه‌ره‌كی له‌م فۆڕمه‌دا له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌، به‌ڵكو له‌وه‌دایه‌ كه‌ مشه‌خۆر، به‌رخۆر، بێبه‌رهه‌م، عه‌سكه‌رتارییه‌، ته‌واوی پرۆژه‌كانیشی له‌سه‌ر عه‌قڵییه‌تی عیمرانی بێبه‌رهه‌م خستووه‌ته‌گه‌ڕ. ئه‌مجۆره‌ له‌ كه‌پیتالیزم ناپیشه‌سازی و سازشكه‌ره‌، به‌شی شێر ده‌به‌خشێت به‌سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رده‌سته‌كان و ورده‌واڵه‌و پاشه‌ڕۆی سه‌رمایه‌ی ماوه‌ش فڕێده‌دات بۆ خه‌ڵك. دووه‌م: درۆیه‌كی گه‌وره‌ ده‌كرێت كه‌ ده‌ڵێت ئه‌و سه‌رمایه‌ی كه‌ له‌ به‌غداوه‌ دێته‌ كوردستان به‌ یه‌كسان به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا دابه‌شده‌كرێت.. ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر له‌ رووی دابه‌شكردنه‌وه‌ دروستبێت، له‌ رووی لۆژیكی ئیشكردنی ئابوورییه‌وه‌ دروست نییه‌، چونكه‌ گرنگ نییه‌ له‌ یه‌كه‌م ده‌ستدا سه‌رمایه‌ ده‌چێت بۆ كوێ، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌ سوڕی سه‌رمایه‌دا، بزوێنی جوڵه‌ی سه‌رمایه‌ و سه‌نته‌ری وه‌به‌رهه‌مهێنان و تیشكۆی سه‌ره‌كی ئابووری له‌ كوێیه‌.. ئاوه‌دانبوونی هه‌ولێر و وێرانبوونی ته‌واوی كوردستان ده‌رئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌كی درێژی سه‌نترالیزه‌كردنی سه‌رمایه‌ و سیاسه‌ت بووه‌ له‌ یه‌ك شوێندا، كه‌ ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر پشتگوێخستنی ته‌واوی جێگاكانی دی كوردستان كردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ خودی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ گرنگ بوو بۆ كه‌پیتالیزمی كوردی خۆی له‌یه‌ك جێگادا كۆبكاته‌وه‌ و سه‌نته‌رێكی سه‌مبولیك بۆ خۆی دروستبكات و له‌ رێگای ئه‌و سه‌نته‌ره‌وه‌ هه‌م ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هه‌م ده‌سه‌ڵاتی ئابووری مۆنۆپۆڵ بكات.. مۆدێلی هه‌ولێر له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ نیشانه‌ی زیره‌كی پارتی و سه‌ركه‌وتنی مۆدێله‌ سیاسییه‌كه‌ی نییه‌، به‌ڵكو نیشانه‌ی گه‌یشتنی كه‌پیتالیزمی كوردییه‌ به‌شێوه‌ هه‌ره‌ وێرانكار و تێكشكێنه‌كه‌ی، به‌و فۆڕمه‌ی  له‌ جێگایه‌كدا به‌هه‌شتێكی دابڕاوی درۆزن له‌ هه‌موو شوێن و هه‌رێمێكی نیشتیمان دروستده‌كات و بورجی خۆی له‌سه‌ر حیسابی گۆڕینی ته‌واوی جێگاكانی تر بۆ خاشاك بونیاد ده‌نێت، ئه‌وه‌ هه‌مان ئه‌و فۆڕمه‌یه‌ له‌ كاپیتالیزمی به‌عسیڕه‌نگ كه‌ سه‌رمایه‌ی عێراقی له‌ به‌غدادا گردده‌كرده‌وه‌ و له‌وێدا گه‌مارۆی ده‌دا، به‌عسیش به‌غدای له‌سه‌ر حیسابكردنی وێرانكردنی كۆی جێگاكانی دیكه‌ی عێراق كردبووه‌ میترۆپۆڵێكی گه‌وره‌. له‌ راستیدا سه‌نترالیزه‌كردنی سه‌رمایه‌ و ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ولێردا به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ نییه‌ كه‌ سیاسه‌تی ئابووری له‌و ناوچه‌یه‌دا زیره‌كتر یان كه‌متر گه‌نده‌ڵ بووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌سروشتی سه‌رمایه‌ی كوردی، ته‌نیا له‌ فۆڕمێكی عه‌قاری و ره‌یعیدایه‌ و كه‌پیتالیزمی ئیقلیمی ته‌نیا له‌و فۆڕمه‌دا رێگای جوڵاندنه‌وه‌ی پێده‌ده‌ن، خودی ئه‌م فۆڕمه‌ش ده‌بێت دواجار سه‌نته‌رێكی عیمرانی بۆ خۆی بدۆزێته‌وه‌ تا خۆی تێدا بخاته‌ گه‌ڕ، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ر خودی ئه‌م فۆڕمه‌ له‌سه‌رمایه‌ خۆی روو له‌ گردبوونه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌نته‌رێكی دیاریكراودا.. پێویستی به‌ ناوه‌ندێكی بازرگانی و مه‌سره‌فكه‌ر و به‌رخۆریش بۆ خۆگه‌وره‌كردن و خۆده‌رخستن هه‌یه‌. بنیاتنانی ئه‌م ناوه‌نده‌ له‌ جه‌وهه‌ردا بۆ په‌كخستنی وه‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌یه‌ له‌ جێگاكانی تر و مژینی سه‌رمایه‌یه‌ له‌ جێگاكانی تره‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت كه‌ یاسای گه‌شه‌سه‌ندنی ناهاویه‌ك له‌ كاردابوو، گه‌ر من سه‌رمایه‌دارێكی خه‌ڵكی كۆیه‌بم، پاره‌ی خۆم له‌ كۆیه‌ ناخه‌مه‌ گه‌ڕ و ده‌یبه‌مه‌ هه‌ولێر. سه‌رمایه‌ هێنده‌ی له‌ جێگایه‌كدا مۆڵبوو، ده‌بێته‌ مایه‌ی تێكشكاندنی ژێرخانی ئابووری هه‌موو جێگاكانی دیكه‌، ئیتیفاقییه‌ی ئیستراتیژی هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ زامنكه‌ری ئه‌م فۆڕمه‌ له‌سه‌رمایه‌ی هاوبه‌ش كه‌ پارتی و یه‌كێتی پێكه‌وه‌ دروستیانكردو‌وه‌و گرێیانداوه‌ته‌وه‌ به‌ قازانجی كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا و ده‌وڵه‌تی ئیقلیمییه‌وه‌. خودی ئه‌م ئیتیفاقییه‌یه‌ له‌ پێناوی دروستكردنی سه‌نته‌رێكی سیاسی ئابووری گه‌وره‌یه‌دا كه‌ ئۆتۆماتیكی به‌ وێرانكردنی ته‌واوی جێگاكانی دیكه‌ ته‌واو بووه‌. دیاره‌ ئه‌م باسه‌ قسه‌ی زۆرتری ده‌وێت، به‌ڵام لێره‌دا هێنده‌ ده‌ڵێم، گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری ناهاویه‌ك، سروشتێكی سیاسی ناهاویه‌كیشی  له‌ كوردستان دروستكرد

یه‌كێتی نیشتیمانی وه‌ك حیزب له‌م ئیتیفاقییه‌دا زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كی بوو »ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزه‌ وه‌ك حیزب بوونی مابێت و هه‌ست به‌ مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كانی سه‌رخۆی بكات».. گه‌ر ئه‌م هه‌سته‌ نه‌مابێت، واته‌ ته‌واوی حیزبه‌كه‌ بووه‌ به‌ جیهازێكی ئه‌منی و ئیعلامی بۆ پاراستنی قازانجی ئه‌و ژماره‌ كه‌مه‌ له‌ پاره‌دارانی ناو حیزب كه‌ قازانجی ئابووری به‌ پارتی دیموكرات و به‌ كۆمپانیا ئیقلیمییه‌كانه‌وه‌ ده‌یانبه‌ستێته‌وه‌
 
هاوڵاتی: له‌كاتێكدا توندوتیژی ده‌سه‌ڵات به‌رانبه‌ر خۆپیشانده‌ران له‌ هه‌ندێك شوێن تائێستا به‌رده‌وامه‌، داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران و په‌رله‌مان و لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان جێبه‌جێنه‌كراون، ئومێدی چاكسازیی له‌م سه‌ركردانه‌دا ده‌بینرێت یاخود قۆناغی دروشمی »بڕۆ» بۆ سه‌ركرده‌كانی كورد هاتووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ تونس و میسر بینیمان و ئێستاش له‌ لیبیادا هه‌یه‌؟

به‌ختیار عه‌لی: دروشمی بڕۆ په‌یوه‌ندی به‌ نیازی بز‌ووتنه‌وه‌كه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌ گه‌وره‌یی بز‌ووتنه‌وه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، تا بز‌ووتنه‌وه‌كه‌ گه‌وره‌تربێت دروشمه‌كانی گه‌وره‌تر ده‌بێت. دوای ئه‌و په‌یامه‌ی بارزانی، هیچ ئومێدێك به‌ چاره‌سه‌رییه‌كی بچو‌وكیش نه‌ما، چونكه‌ ئه‌م په‌یامه‌ نیشانه‌ی عه‌قڵییه‌تێكی سیاسی نه‌گۆڕه‌ كه‌ ناتوانێت ئاڕاسته‌ی مێژوو و ئاڕاسته‌ی رووداوه‌كان بخوێنێته‌وه‌. ئه‌م سیسته‌مه‌ سووره‌ له‌سه‌ر به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی مافی خه‌ڵك، سووره‌ له‌سه‌ر گرتنه‌ به‌ری هه‌رچی زیاتری سیاسه‌تی ترساندن و تۆقاندن، سووره‌ له‌سه‌ر دامه‌زراندنی فۆڕمێك له‌ حوكمی پۆلیسیی و ئه‌منی كه‌ هاوشێوه‌ی حوكمه‌ بێزراو و دیكتاتۆرییه‌كانی ناوچه‌كه‌یه‌، سووره‌ له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ده‌رگای كوردستان بۆ كۆمپانیا ئیقلیمییه‌ جه‌رده‌ و وێرانكار و رووتكه‌ره‌وه‌كان تا له‌بری پاڵپشتی خه‌ڵك، پاڵپشتی هێزه‌ ئیقلیمییه‌كان له‌ توركیا و ئێران به‌ده‌ستبهێنێت. سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ بری ئه‌وه‌ی گوێ له‌ خه‌ڵك بگرێت و مافی خۆپیشاندانی ئازاد و ته‌عبیری ئازاد و  عه‌داله‌تی قانو‌ون و سنوردانان بۆ مۆنۆپۆڵكردنی كۆمه‌ڵگا  ده‌سته‌به‌ربكات، «عه‌داله‌تی جه‌لاد» دابمه‌زرێنێت. من له‌ ئێستادا یه‌ك شت ده‌زانم.. ئه‌وه‌ی له‌ خۆرهه‌ڵاتدا ده‌گوزه‌رێت، شه‌پۆلێكی كاتیی نییه‌ و روخانی ئه‌م مۆدێله‌ی حوكم دره‌نگ یان زوو شتێكی حه‌تمییه‌، ئه‌مه‌ شه‌پۆل نییه‌ به‌ڵكو بومه‌له‌رزه‌یه‌كی ژێره‌وانكێیه‌ كه‌ ته‌واوی سه‌رخانی سیاسی له‌ خۆرهه‌ڵاتدا هه‌ڵته‌كاند، چۆن حوكمی موتڵه‌ق و و حاكمییه‌تی بنه‌ماڵه‌كان له‌ ئه‌وروپا گۆڕكران، حوكمی بنه‌ماڵه‌ ئه‌رستۆكراته‌كانیش له‌ خۆرهه‌ڵاتدا به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕۆن. ئه‌م شۆڕشانه‌ی له‌ هه‌موو جێگایه‌ك ئاگرده‌ستێنن، سه‌رده‌كه‌ون و پاشه‌كشه‌ده‌كه‌ن، هه‌ڵده‌ستن و ده‌كشێنه‌وه‌، ئه‌مانه‌ زنجیره‌یه‌ك رووداوی مێژوویی بێوێنه‌ن كه‌ هۆشیارییه‌كی سیاسی نوێ و مۆدێلێكی نوێیان له‌ حوكمداری پێیه‌، كه‌ خۆرهه‌ڵات ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ناو مێژوو. ئه‌م شۆڕشانه‌ له‌ هه‌موو شوێنه‌كان به‌یه‌ك شێوه‌ و به‌یه‌ك ئیقاع سه‌رناكه‌ون، به‌ڵكو له‌ هه‌ندێ كۆمه‌ڵگای كۆنتڕۆڵكراودا، له‌ هه‌ندێك جێگای دیسپلینكراودا وه‌ك لیبیا یان سوریا یان كوردستان كاتی زیاتری ده‌وێت، به‌ڵام روودانی حه‌تمییه‌.. ئه‌مجۆره‌ بێڕێزییه‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ حیزب و سیسته‌مه‌ دیكتاتۆرییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ مرۆڤیان كرد‌ووه‌، ئه‌و دزییه‌ گه‌وره‌یه‌ی ئه‌رستۆكراته‌ نه‌خوێنده‌وار و خێڵه‌كییه‌كان له‌م میلله‌تانه‌یان كرد‌ووه‌، به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ره‌سده‌هێنێت فۆڕمێكی دیكتاتۆرییانه‌ی گه‌نده‌ڵه‌ له‌ حوكم، كه‌ بوار به‌ تاكڕه‌ویی سه‌رۆك، تاكڕه‌ویی بنه‌ماڵه‌، تاكڕه‌ویی حوكمڕانی پۆلیسیی و مۆنۆپۆڵكردنی سامانی وڵات ده‌دات. ئه‌م شۆڕشانه‌ دابڕانی مێژوویین و له‌جه‌وهه‌ریاندا نیازی روخاندنی ئه‌م فۆڕمه‌ ده‌سه‌ڵاته‌یان هه‌یه‌، لێره‌وه‌ گه‌ر خودی ده‌سه‌ڵات نه‌توانێت ئاڵوگۆڕێكی هێمنانه‌ بۆ ئه‌و گواستنه‌وه‌یه‌ زامنبكات، دره‌نگ و زوو ته‌قینه‌وه‌كان گه‌وره‌تر و گه‌وره‌تر ده‌بن.. واته‌ جه‌وهه‌ری دیموكراسی ئه‌م شۆڕشانه‌ له‌ ناواخندا له‌ دروشمی »بڕۆ» زیاتریان هه‌ڵگرتووه‌ و نیازیان ده‌رگاكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر شۆڕشێكی دیموكراسی راسته‌قینه‌ كه‌ حیزبی هه‌تاهه‌تایی و بنه‌ماڵه‌ی هه‌تاهه‌تایی و سه‌رۆكی هه‌تاهه‌تایی فڕێده‌داته‌ ده‌ره‌وه‌ی مێژوو. 

Sunday 3 April 2011

وتاری به‌ختیار عه‌لی له‌ سه‌رای ئازادی 2011/4/2

ئه‌ی خه‌ڵکی ئازادیخواز و دیموکراتیخواز سڵاوتان لێ بێت


خوشکان و برایان، ئه‌وه‌ی له‌م ماوه‌یه‌دا سه‌رنجی ره‌فتارو قسه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران بدات، راسته‌وخۆ له‌ یه‌ک راستی تێده‌گات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی کێشه‌ی گه‌وره‌ی له تیگه‌یشتنی ئه‌م بزوتنه‌وه‌ی ئێوه‌دا هه‌یه‌. ده‌سه‌ڵات تا ئێستا له‌و راستیه‌ تێناگات که‌ ئێوه‌ نوێنه‌ری خۆتان نین به‌ ته‌نیا، ئێوه‌ نوێنه‌ری ئاواتێکی دورن که‌ نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م خاکه‌ گه‌وره‌ بوه‌و شه‌ڕی بۆ کراوه‌. ئه‌م ئاواته‌ی ئێستا له‌م سه‌رای ئازادیه‌دا ئێستا ده‌ژی و گه‌وره‌ ده‌بێت، ئاواتی خه‌باتگێره‌کانی پێش خۆشتانه... ئاواتی نه‌وه‌ی پێش ئێمه‌ش بوه‌ و ئاواتی نه‌وه‌ی ئێمه‌شه‌، که‌ ده‌توانین له‌ ئاواتی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکراسدا کورتی بکه‌ینه‌وه‌.
ئه‌مرۆ ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت ناوی ئه‌م خه‌باته‌ دورو درێژه‌ بگۆڕێت و له‌ جه‌وهه‌ره‌ دیموکراسیه‌که‌ی ده‌ریبکات. به‌زۆر وا ده‌ریبخات که‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ مه‌به‌ست و خواستی تاریکی هه‌یه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌مو پێکڕا هاواری دیموکراسیه‌تی راسته‌قینه‌، دروشمی سه‌ره‌کیمان بێت. ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌شێکی مێژویی و برگه‌یه‌کی تازه‌و بنه‌ره‌تی خه‌باتی دیموکراسی گه‌لی ئێمه‌یه‌. جگه‌ له‌ کۆمه‌لگایه‌کی دیموکراس جگه‌ له‌ چه‌سپاندنی رێز بۆ ئینسان نیازێکی تری نیه‌

ئه‌وه‌ی ئێوه‌ی هێناوه‌ته‌ ئێره‌ به‌رگری کردنه‌ له‌ ژیان،‌ روبه‌روبونه‌وه‌ی سیستمێکه‌ که‌ بێ ره‌چاوکردنی مێژوی دورو درێژی ئێمه‌ بۆ دیموکراسیه‌ت ده‌یه‌وێت سوک و ئاسان دیکتاتۆریه‌تێکی تاریک و سیستمێکی پۆلیسی ره‌ش به‌سه‌ر وڵاتدا بسه‌پێنێت، ته‌واوی هێز و ماف و سامان بکات به‌ موڵکی که‌سانێکی دیاریکراو.
ئه‌وه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ی دروستکردوه‌ خواستنی ده‌رکردنی تارمایی و سێبه‌ری دیکتاتۆریه‌ته‌... گه‌نده‌ڵی هیچ نیه‌ جگه‌ له‌ به‌رهه‌مێک و کاڵایه‌کی دیکتاتۆریه‌ت. گه‌نده‌ڵی له‌ وڵاتی ئێمه‌دا به‌رهه‌می لادانی ئه‌خلاقی چه‌ند تاکه‌ که‌سێک نیه‌، به‌ڵکو به‌رهه‌می ئیشکردنی سیستمه‌ سیاسیه‌که‌یه‌و پلانێکی دارێژراوه‌ بۆ گۆڕینی مرۆڤی کورد بۆ کاڵایه‌ک که‌ بشێت له‌ بازاڕی سیاسه‌تدا بکڕێت و بفرۆشرێت... ده‌بێت هاواری گه‌وره‌مان ئه‌وه‌ بێت، نا بۆ سیستمێکی سیاسی که‌ ئینسانه‌کان بکڕێت و بیانکاته‌ خۆفرۆش

نا بۆ نانێک له‌سه‌ر حیسابی ئازادی بێت... نا بۆ ژیانێکی خۆش که‌ له‌سه‌ر حیسابی فرۆشتنی ئینسان بێت بۆ که‌رامه‌تی خۆی. ناشرینترین سیفه‌تی ئه‌م سیستمه‌ سیاسیه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ مرۆڤه‌کان ناچار ده‌کات وه‌لائی سیاسی خۆیان بفرۆشن

ئه‌وه‌ چ شوره‌ییه‌که‌ بۆ سیاسیه‌ک، له‌ بری ئه‌وه‌ی سامانی وڵات له‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌دا سه‌رف بکات، له‌ کرینی خۆشه‌ویستی و وه‌لائدا بۆ خۆی بیخاته‌ کار، ئه‌وه‌ چ دابه‌زاندنێکه‌ له‌ نرخی مرۆڤ گه‌ر وا بزانیت هه‌مو ئینسانه‌کان کاڵان و ده‌توانیت به‌ ترس و پاره‌ رایانبگرێت

نا بۆ سیستمێکی سیاسی که‌ پایه‌کانی له‌سه‌ر ترس و پاره‌ راگیرابێتن... نا... 
خواستی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ دامه‌زراندنی دونیاکه‌ له‌سه‌ر رێز و یه‌کسانی و شانسی هاویه‌ک بۆ هه‌موان دروست بوبێت

ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌مڕۆ فێر بون بۆ ده‌ربازبون له‌ شه‌رمی گه‌نده‌ڵی پێمان بڵێن به‌ڵێ هه‌موان گه‌نده‌ڵن... بڵێن گه‌نده‌ڵی ده‌ردێکی کۆمه‌ڵایه‌تی روته‌ و په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه‌ نیه‌. له‌ کاتێکدا هه‌مو ده‌زانین گه‌نده‌ڵی ده‌ردێکی سیاسیه‌.. ده‌ردێکه‌ له‌ هه‌ناوی حزبه‌ کوردیه‌کاندا گه‌وره‌بوه‌و و له‌ویدا پێی گرتوه‌ و له‌وێدا گه‌شه‌ی کردوه‌. گه‌نده‌لی ده‌ردێک نیه‌ له‌ خواره‌وه‌ چوبێت بۆ سه‌ره‌وه‌، واته‌ له‌ کۆمه‌ڵگاوه‌ چوبێت بۆ سیاسه‌ت، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ هاتوه‌ بۆ خواره‌وه‌.... له‌ سیاسه‌ته‌وه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ ناو کۆمه‌ڵگا نه‌وه‌ک له‌ کۆمه‌ڵگاوه‌ چوبێت بۆ سیاسه‌ت

ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ رو ده‌دات سافترین و پاکترین چه‌شنی خه‌باتی دیموکراسیه‌ نابێت کارێک بکرێت له‌ سروشته‌ دیموکراسیه‌که‌ی دوربخرێته‌وه‌، وشه‌ی مه‌ده‌نیه‌ت ته‌واوکاری وشه‌ی دیموکراسیه‌ته‌ و پاشکۆیه‌تی، نه‌وه‌ک جێگر و شوێنگری بێت... ئێوه‌ بۆ دیموکراسیه‌ت لێره‌ن، چونکه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ تارمایی دیکتاتۆرێک له‌و دیو ده‌رگاکانه‌وه‌ دیاره‌

به‌رده‌وام بن له‌ خه‌باتتاندا بۆ دیموکراسیه‌ت ... بۆ سیستمێک ئازادیمان به‌ نان و دڵنیایمان به‌ خۆفرۆشتن پێ نه‌گۆڕێته‌وه‌

هه‌ر سه‌ربه‌رز و سه‌رفراز بن.

رۆشنبیر‌و شۆڕشگێڕ

رستە بەناوبانگەکەی مارکس «فەیله‌سوفان تا ئێستا دونیایان تەفسیرکردوە‌و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بیگۆڕن». رستەیەکە هەمیشە‌و هەمیشە دەگەڕێتەوە‌و دووبارە دێتەوە پێشێ. ساڵانێک له‌مەوبەر‌و دوای راپەڕینی ساڵی 1991 کە له‌سەرەتای کارکردنی ئەدەبی‌و فیکریدا بووم، له‌دونیایەکدا کە بارکرابوو بە خواستی گۆڕان، بەڵام خاڵیشبوو له‌فیکرو تەفسیر. له‌زیاد له‌بۆنەیەکدا قسەم له‌وەکرد کە رۆشنبیرانی ئێمە له‌گەڵ سەرەتای سەرهەڵدانیانەوە بە مانا‌و وەزیفە مۆدێرنەکەی رۆشنبیر، له‌غەمی گۆڕینی دونیادا بوون‌و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە تەفسیریبکەن.

ئەو گرفتانەی رستەکەی مارکس له‌ناو کولتووری فەلسەفی‌و سیاسی دوای خۆیدا جێیهێشت، گرفتگەلێکی گەورەبوون، چونکە ئەو سەرەنجەی جێهێشت کە تەفسیری دونیا کۆتایی هاتووە‌و ئێستا تەنیا کاتی گۆڕینە، بە مانایەکی تر واتە تیوریزەکردنی دونیا کۆتایی هاتووە‌و ئێستا کاتی پراکتیکی تیورەکانە. ئەم خوێندنەوە هەڵەیەی مارکسیستەکان بۆ مارکس، زیانی ترسناکی له‌کۆی پرسی تەفسیر‌و گۆڕینی دونیادا. گۆڕینی دونیا پرۆسەیەکە پێویستی بە تەفسیری بەردەوام هەیە... تەفسیرکردنی دونیاش هەرگیز کردەیەکی پاسیفانە نییە، بەڵکو بەشێکی گرنگی پرۆسەی گۆڕینی دونیایە. شۆڕش بەبڕوای من هێنانەپێشەوەی شتگەلێکی نوێیە له‌مێژوودا بۆ سەر سەحنەی سیاسی، واتە کردنەوەی ئەگەری ژیان‌و بەردەوامییە له‌بەردەم کۆمەڵێک رەگەز‌و گووتار‌و دەنگدا کە پێشوەخت یان دەرنەکەوتوون‌و نەبوون، یان چەپێنراون‌و بێدەنگکراون... لێرەوە شۆڕش له‌ڕاستیدا خۆی بەتەنیا پرۆسەی نوێگەری نییە، بەڵکو ئەکتیڤکردنی وزە نوێکان‌و جێگاکردنەوەیەتی.

له‌ڕاستیدا پرسی «تەفسیر»‌و «گۆڕین» بەجۆرێکی راستەوخۆش دەمانباتەوە سەر پرسی رۆشنبیر‌و شۆڕشگێڕ. ئایا تا چەند دەبێت رۆشنبیر شۆڕشگێڕ بێت‌و شۆڕشگێڕ رۆشنبیر بێت؟ بەرله‌وەی وەڵامی ئەو پرسیارەبدەمەوە، وەک سەرەتا دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بەجیاکارییەکی گرنگ بدەم. لێرەدا مەبەستم له‌شۆڕش ئەو ساتەوەختە نییە له‌توڕەیی دەستەجەمعی کە تەواوی کۆمەڵگا دژ بە حاکمێک دەستدەداتە راپەڕین، واتە مەبەستم له‌ساتی روخاندنی سیستمی سیاسی نییە، بەڵکو مەبەستم له‌شۆڕش پرۆسەی گۆڕینی دونیایە وەک ئیشێکی درێژخایەن، وەک ئەکتێکی فرەلایەنە، وەک دەستکاریکردنێکی هوشیارانەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات‌و شوێن‌و مانای مرۆڤ‌و کۆمەڵگا‌و دەزگاکان... واتە وەک جەنگێک کە بە چەک ناکرێت، بەڵکو تەنیا بە گۆڕینی سروشتی تێڕوانین‌و شێوازەکانی تێڕامانی ئینسان دەستەبەر دەبێت. شۆڕشگێڕی راستەقینە ئەوە نییە کە تەنیا له‌ساتی هەرەسی حاکمدا هاواردەکات، بەڵکو ئەوەیە پێش ئەوساتە‌و دوای ئەو ساتەش بیر له‌گۆڕینی دونیا دەکاتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەوە بدەمەوە، دەبێت پێشوەخت باس له‌وێنەی ئەو رۆشنبیر‌و شۆڕشگێڕە ئیدیال‌و نمونەییە بکەم کە له‌خەیاڵی مندایە، چونکە هەموو دەزانین کە هەردوو وشەی رۆشنبیرو شۆڕشگێڕ، دوو دەلاله‌تی خاڵیین‌و خۆ بە خۆ مانایەکی دیاریکراو ناگەێنن‌و هەردووکیان بەپێی جیهانبیینی‌و شوێنگەی فیکریمان بە مانا پڕدەکرێنەوە. رۆشنبیر له‌و ساتەدا کە وەک بکەرێکی چالاک دەبێتە دروستکەر‌و نوێکەرەوەی جیهانبینی‌و بەگەڕخەری پرۆسەی تێڕامان‌و رەخنەگرتنی کۆمەڵگا له‌خۆی، وەزیفەیەکی شۆڕشگێڕانە دەگرێتەبەر... کێشەی سەرەکی سەد ساڵی رابوردوو له‌و دابڕانە قووڵەدا خۆی دەبینێتەوە کە شۆڕش له‌دونیای ئێمەدا له‌فەرهەنگ‌و کولتوور تێیکەوتووە. ئەوەی رۆشنبیرانی ئێمە له‌سەد ساڵی رابوردوودا بە کەمترین جۆر‌و له‌تەسکترین روبەردا دونیایان تەفسیرکردوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەردەوام خەریکی گۆڕینی دونیابوون، بەڵام بێتەفسیرکردنی... سەد ساڵی رابوردوو چەمکی شۆڕش گۆڕینی دونیا بووە بێ بەگەڕخستنی پرۆسەیەکی قووڵی خوێندنەوەی دونیا... ئەو نەزانین‌و بێئاگاییە قووڵەی کە له‌تەواوی خۆرهەڵاتدا سیاسەتی گەیاندۆتە ئاقاری ئیفلیجی‌و گۆڕیوێتی بۆ کایەی بەرهەمهێنانی دیکتاتۆری گەمژە‌و سیاسی نەخوێندەوار، ئەو دابڕانەیە کە تەواوی پرۆسەی شۆڕشی له‌پرۆسەی تێڕامان له‌جیهان دابڕیوە... سیاسەت سیفەتی شۆڕشگێڕێتی له‌خودی فیکر کردۆتەوە‌و خستوێتییە دەستی هەندێک تیورە‌و هەندێک هەڵوێست‌و هەندێک وتاری حەماسی‌و له‌شێوازێکی تایبەتی نوسیندا گەمارۆیداوە. گەورەترین کارەسات‌و تاعوونێک کە مێژووی خۆرهەڵاتی پڕکردوە له‌ئافاتی گەورە، ئەوەیە کە سیاسەت‌و حیزبداران‌و ئایدۆلۆژیستەکان ئەوەیان دەستنیشانکردوە کە شۆڕشگێڕ کێیە‌و شۆڕشگێڕ دەبێت چۆن بێت. ئەوەی له‌م ساتەشدا پێیدا دەڕۆین بەجۆرێک له‌جۆرەکان رەوتە له‌سەر هەمان هێڵ‌و مارشە بە هەمان ئاڕاستە. ئەوەی ئێستا پێویستە، گۆڕانی ریشەییە له‌سەیرکردنی مانای شۆڕش‌و شۆڕشگێڕدا بەجۆرێک له‌وە دەرچێت ملکەچی ئەو تەفسیرانە بێت کە له‌و کایە سیاسی‌و حیزبییەوە بێتەدەرێ. بەبێ گێڕانەوەی پێناسەی شۆڕش‌و شۆڕشگێڕی بۆ فیکر‌و بۆ ناو دیالۆگی ناو کایە تیورییەکان، ئەستەمە بتوانین له‌مڕووەوە بچینە پێشێ. گەورەترین راستییەک له‌م ساتەدا تیابژین‌و دەبێت بە روونی بیبینین، ئەوەیە کە ئەم کایە سیاسییەی ئێستا ناتوانێت مانای شۆڕشگێڕ بەوردی‌و بە تەنیا دیاریبکات. ئەوەی ئێستا دەیبینین کۆپی ناوی شۆڕشگێڕ‌و ماناکانی وشەی شۆڕشگێڕە له‌سەردەمە کۆن‌و له‌قۆناغەکانی رابوردووەوە بۆ ئەمڕۆ. هەر شۆڕشێک له‌سەر گێڕانەوە‌و زیندووکردنەوەی پەیوەندی پچڕاوی نێوان فیکر‌و شۆڕش کارنەکات، دەبێتەوە بە کۆپی رابوردوو.

شۆڕشگێڕ بە مانا ئیدیاله‌کەی ئەو کەسەیە کە دەتوانێت بەشێکی دیاریکراو ژیان یان چەمکێکی یاخود مانایەکی بگۆڕێت، وە دەزانێت چی دەگۆڕێت‌و دەزانێت سنووری ئیشکردنی خۆی له‌ناو ئەو پرۆسەیەشدا تاکوێیە. لێرەدا دەبێت بڵێم، من باوەڕم بە چەمکی شۆڕشی فرەلایەنە هەیە، بەڵام باوەڕم بەو جۆرە شۆڕشگێڕە نییە کە دەیەوێت خۆی بکەری هەموو کایەکان بێت. واتە باوەڕم بە شۆڕشی گەورە هەیە کە هەموو بەشێکی ژیان بگرێتەوە، بەڵام باوەڕم بە شۆڕشگێڕی گەورە نییە کە بتوانێت رۆحی شۆڕش بۆ ناو هەموو کایەکان بگوازێتەوە... وەک چۆن رۆشنبیرێک نییە له‌هەموو کایەیەکدا رۆشنبیر بێت، شۆڕشگێڕێکیش نییە بتوانێت له‌هەموو کایەیەکدا شۆڕشگێڕ بێت..شۆڕشگێڕ دەتوانێت تەنیا له‌بوارێک‌و له‌ڕووبەرێکی تایبەتدا شۆڕشگێڕ بێت. سەدەی بیست، سەدەی تێکشکانی ئەو خورافەتە بوو کە شۆڕشگێڕی سیاسی دەتوانێت نوێنەر‌و بکەر‌و دینەمۆی شۆڕش بێت له‌ناو هەموو کایە‌و مانا‌و شوێنەکاندا... ئەم خورافەتە سەدان دیکتاتۆر‌و جیهانگۆڕی ترسناکی دروستکرد، هەموو دیکتاتۆرەکان له‌سەرەتادا خۆیان وەک دینەمۆی شۆڕش‌و رێنماییکەر‌و چاوساغ‌و رابەری پرۆسەی گۆڕان له‌هەموو شوێنەکاندا پیشاندەدەن، لێرەوە له‌سەدەی بیستدا‌و تاهەنوکەش، سەرۆکی سیاسی له‌یەک کاتدا هەم فەیله‌سوف‌و هەم هونەرمەند‌و هەم دادوەر‌و هەم سەربازیشە. هەر کات شۆڕش بە راستی بە فیکرەوە گرێدرایەوە، له‌وە دەکەوێت بکەرێک بەرهەمبێت بتوانێت ئیدیعای نوێنەرایەتی شۆڕش له‌هەموو کایە‌و ئاستەکاندا بکات

رۆشنبیر له‌و ساتەدا کە دڵسۆزە بۆ وەزیفە سەرەکییەکەی خۆی -کە نوێکردنەوەی بەردەوامی شێوازەکانی بیرکردنەوە‌و کەرەستەکانی بینینی دونیا‌و رۆشنکردنەوەیەتی- له‌هەر کەس زیاتر له‌ڕۆحی راستەقینەی شۆڕشەوە نزیکە کە گۆڕینی دونیا‌و نوێکردنەوەیەتی. وەزیفەی رۆشنبیر وەک بوونەوەرێکی نوێکار‌و نوێگەر هەمیشە جەوهەرێکی شۆڕشگێڕانەی هەیە... هەڵبەت مەرج نییە کە هەموو رۆشنبیرێک هوشیاربێت بە سروشت‌و مانای سیاسی کارە فیکرییەکانی خۆی، یاخود بتوانین دڵسۆزانە له‌گەڵ دەرەنجامە سیاسییەکانی شێوازی بیرکردنەوەی خۆیدا بڕوات. مێژوو پڕە له‌و خیانەتە سیاسیانەیەی رۆشنبیران له‌دەرەنجام‌و بەرهەمی فیکری خۆیانی دەکەن... بەڵام ئەوە هیچ له‌جەوهەری کاری شۆڕشگێڕنەی رۆشنبیر کەم ناکاتەوە. لێرەوە گرفتەکە ئەوە نییە کە رۆشنبیر چەند شۆڕشگێڕە، بەڵکو ئەوەیە کە شۆڕشگێڕ چەندە دەتوانێت رۆشنبیر بێت... له‌ڕاستیدا ئەوەی وای بۆ بچین کە له‌مەودای درێژخایەندا شۆڕشگێڕێک هەیە دەتوانێت دابڕاو له‌فیکر شۆڕشگێڕبێت، خورافەتێکی گەورەیە. ئەوە تەنیا شۆڕشگێڕە مەوسمییەکانن دەتوانن بێکاریگەری فیکر‌و دوور له‌هەر پەیوەندییەکەوە بە رۆشنبیرییەوە شۆڕشگێربن... «شۆڕشگێڕی هەمیشەیی» جیاواز له‌شۆڕشگێڕی ساتەوەختی‌و جیاواز له‌و شۆڕشگێڕانەی کە له‌ساتێکی دیاریکراو‌و له‌بۆنەیەکی دیاریکراودا شۆڕشگێڕن، پرۆسەی گۆڕینی دونیا بە تەفسیرکردنییەوە گرێدەدات‌و بەردەوامدەبێت له‌سەر مانیفێستکردنی رۆحی شۆڕشگێڕانەی فیکر له‌ناو مێژوودا. لێرەوەیە کە دەڵێم وەزیفەی شۆڕشگێڕی بەردەوام، هیچ کات له‌وەزیفەی رۆشنبیر جیاناکرێتەوە، شوناسی هەردووکیان له‌یەکدی نزیک‌و وەزیفەیان هاومانا‌و هاوشێوەیە.