Friday 27 May 2011

زانست‌و دین‌و شۆڕش / بەشی پێنجه‌م



لەپاڵ ئەو ژمارە زۆرەدا لە هۆکار «کە لەبەشەکانی پێشوودا باسمکردن»، کە پێکڕا گورزی توندیان لە بایەخ‌و نرخی زانست وەشاند... هەردوو کایەی سیاسی‌و رۆشنبیریی کوردی، دوو هۆکاری گەورەی هەرەسە تراژیدییەکەی زانست بوون. زۆر زەحمەتە بەدروستی بزانین لە چ ساتێکدا بەتەواوەتی ئەو خورافەتە ترسناکە لە خۆرهەڵاتدا بڵاودەبێتەوە کە سیاسەت وەک تەنیا چالاکی گرنگ لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا سەیردەکات‌و سیاسی وەک تەنیا رزگارکەر دەبینێت. بەڵام دەتوانین بزانین کە لەسەردەمی پێش جەنگی جیهانی دووەم‌و دوای جەنگدا، بەسەرێک لاوازبوونی دین‌و بەسەرێکی دیش لاوازیی فیکری مەعریفی‌و زانستی پێکەوە بۆشاییەکی مێژوویی گەورە دروستدەکەن کە دەرفەتێکی مێژوویی دەبەخشێتە سیاسەت‌و سیاسییەکان تا وەک تاکە هێزی ئازادی بێنە سەر شانۆ. لەم وێستگەیەوە سیاسەت هەم وەک چالاکییەکی رۆحی‌و هەم وەک چالاکییەکی عەقڵی گەورە خۆی نمایشدەکات‌و ئەو هێزە پیشاندەدات کە دەتوانێت هەم ئەلتەرناتیڤ دین‌و هەم ئەلتەرناتیڤی هەموو جۆرە مەعریفە‌و زانستێک بێت. هەر لەو بۆشاییە مێژووییەشدا حیزب وەک گەورەترین داهێنانی کایەی سیاسی‌و کاراترین ئامێری ئیشکردن، دەبێتە ئەلتەرناتیڤی مزگەوت‌و زانکۆ.

حیزب لەم قۆناغەدا دەزگایەک نییە بیەوێت خۆی وەک دوژمن بە دین یان زانست نیشانبدات، بەپێچەوانەوە حیزب خۆی وەزیفەکانی دین‌و زانست لە ئەستۆ دەگرێت. واتە هەم دەبێت بە دەزگایەکی رۆحی کە ئەندامەکانی بە پەیوەستێکی ئیمانی توند پێکەوە گرێدەدات‌و هەم دەبێت بە دەزگایەکی زانستی کە خوێندنەوەی پێکهاتی کۆمەڵگا‌و دیاریکردنی راست‌و هەڵە دەگرێتە ئەستۆ. واتە بەسەرێک موقەدەس بۆ خۆی داگیردەکات‌و بەسەرێکی تریش هەقیقەتی دونیایی، واتە پیرۆز‌و ناپیرۆزیش دەخاتە بندەستی خۆی. خودی ئەم مۆراڵە، زەمینەسازییەکی باش‌و پێکوڵکارییەکی گرنگ بۆ ئەوە دەکات، شێوە تۆتالیتارەکانی حیزب، لەو جۆرە حیزبانەی کە لە دەوڵەتە نازی‌و فاشی‌و مارکسییەکاندا باڵادەست بوون، لە وڵاتی ئێمەشدا بازبدەنە پێشێ‌و تەواوی گۆڕەپانی سیاسی بگرن... لەم مۆدێلەدا حیزب هەم مزگەوتە، هەم سوپایە، هەم دەزگایەکی زانستیشە کە دەبێت زانستکارانی دیکە لەدەرەوە بیکەن بە مەرجەع. ئیدی ئەو نەوەیە لەسیاسی لەدایکدەبێت کە لەیەککاتدا رابەڕی رۆحین، ژەنەراڵی عەسکەریین، عەلامەی زانستیشن. دروستبوونی ئەمجۆرە لە ئەحزاب‌و سەرکردەی تۆتالیتاری‌و فاشی «کە ئێستا بوونەتە گەورەترین کۆسپی مێژوویی لەبەردەم ئێمەدا» دەگەڕێتەوە بۆ هۆیەکی زۆر گەورە، ئەویش لەدایک نەبوونی زانستە وەک هوشیارییەک کە بەر بەم فۆرمە سیاسییە بگرێت. بەدرێژایی مێژووی سەدەی بیست‌و لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا دەنگێکی رەخنە بەرزنابێتەوە، کە سنوورێک بۆ پەلکوتانی حیزب‌و وەزیفە بێشومارەکانی دابنێت. دیارە نەبوونی کایە مەعریفییەکان «نەبوونی فەلسەفە، کۆمەڵناسی، مرۆڤناسی، فەلسەفەی زانست، سایکۆلۆژیا‌و کۆی کایە بنەڕەتییەکانی ناو زانستە سروشتییەکان» ئەو دەسەڵاتە رەهایە دەبەخشێتە کایەی سیاسی کە وەک تاکە بەرهەمهێنی هەقیقەت ئیشبکات‌و دەربکەوێت.

لە کۆمەڵگای مۆدێرندا خۆپاراستن لە سیاسەت یان فۆرمی حیزب یان بزووتنەوەی رێکخراو نامومکینە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، سیاسەت بە گشتی‌و حیزب بەتایبەت چی وەزیفەیەک لە ئەستۆ دەگرێت، ئاخۆ دەبێتە شاکایە‌و تاقانە سەنتەری رۆحی‌و عەقڵی یاخود وەک شوێنێک بۆ پراکتیزەکردن‌و تاقیکردنەوەی کۆمەڵایەتی‌و مێژوویی دەمێنێتەوە... بە کورتی لاوازیی هوشیاریی زانستی‌و مەعریفی، وەرگەڕانی دینیش بۆ دیاردەیەکی سیاسی رووت، ئەو هەلە مێژووییەیان بە سیاسەت بەخشی وەک تاکە کایەی بەهێز‌و تاکە شوێنی چالاکی‌و تەنیا رەوتی رزگارکەر سەیربکرێت. دیارە بە سیاسیبوونی تەواوەتی فەزای ژیان لە دوای جەنگی جیهانی، سەرهەڵدانی بلۆکی کۆمۆنیزم، جەنگی سارد، گەرمبوونی خەباتی ئەنتی کۆلۆنیالیستی لە جیهانی سێهەمدا، شکستی سەربازیی هێزە ئیمپریالیستەکان لە زۆر شوێندا، سەرهەڵدانی دەیان کێشەی نوێ‌و شۆڕشی نوێ... بە گشتی هۆکاری گەورەبوون لەوەدا کە سیاسەت تەواوی چالاکییەکانی تر بخاتە پەراوێزەوە‌و دڕندەیەک بۆ گیانی مرۆڤایەتی بەرەڵابکات کە ناوی حیزبی تۆتالیتارە.

ساتەوەختێک کە من لە دەسەڵاتی سیاسەتدا بە گرنگی دەزانم، ئەو ساتەیە کە ئیتر بە بەربڵاوی دەکەوێتە دروستکردنی موقەدەس بە ناوی خۆیەوە، واتە قۆرغکردنی موقەدەس لە دەستی دین دەردەهێنێت‌و دەیخاتە چنگی خۆی. لەگەڵ کۆتایی جەنگ‌و هەرەسی کۆماری مەهاباد‌و شکستی شێخ مەحموددا ناسیونالیستە کوردەکان دەکەونە دروستکردنی شەبەنگێک لە قودسییەت بەدەوری پیاوە سیاسییەکانی کورددا، قودسییەتێک لەوەیان دەردەهێنێت، وەک مرۆڤی سادە‌و بکەری مێژوویی سەیربکرێن، دەخرێنە سەروو مرۆڤی ئاساییەوە، دەخرێنە دەرەوەی رەخنەوە، وەک بوونەوەری ئەفسانەیی‌و نائاسایی وێنادەکرێن... دواتر ئەم پرۆسەی تەقدیسکردنە بەدەوری بارزانیشدا دەکێشرێت‌و هێدی هێدی دەگوازرێتەوە بۆ هەموو سەرۆک‌و نیمچە سەرۆکەکانی دیش.
سەرهەڵدانی موقەدەسی سیاسی، ئاماژەیە بۆ دوو شتی زۆر گرنگ: یەکەم: لاوازیی دین، چونکە لە سەدەکانی پێشووتردا تەنیا دین پیاوی موقەدەس «مەشایەخ‌و ئەولیا»ی دروستدەکرد. دووەم: لاوازیی زانست، چونکە لە کۆمەڵگایەکدا هوشیاری زانستی کارا‌و زیندووبێت، پرۆسەی تەقدیسکردن نە پیادە دەبێت‌و نە ئاسان دەچەسپێت. بەمجۆرە سیاسەت بەئاسانی وەزیفەی دین داگیردەکات‌و ئەو بەشەشی لەخۆدەگرێت کە لەگەڵ رۆحی زانستدا ناگونجێت. لە ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەوە، سیاسەتی کوردی گەورەترین چەکی دین داگیردەکات کە موقەدەسە، چەکێک کە بەپلەی یەکەم ئاڕاستەی هوشیاری رەخنەیی دەکرێت، واتە دژ بەسەر هەڵدانی عەقڵی زانستی دەخرێتەکار.

پەیوەندی «سیاسەت»‌و «موقەدەس» لە مێژووی سەدەی بیستدا، یەکێکە لەو تەوەرە گەورانەی کە دواتر ماهییەتی شۆڕشەکانی کورد بە بەربڵاوی دیاریدەکات. پێویستی سیاسەتی کوردی بە موقەدەس پێویستییەکی بێسنوور‌و ئۆرگانییە. تا ئەمڕۆ حیزبی کوردی ناتوانێت لە موقەدەس جیاببێتەوە‌و سنوورێک بۆ «پیرۆزاندن»‌و «شتپەرستی یان فیتشیزمی سیاسی» دابنێت. ئەم پرۆسەی موقەدەس دروستکردنە، گرێدراوی رۆحی گوتاری مانەوەیە، لە لۆژیکی ئەم گوتارەدا پاراستنی نەتەوە لە فەوتان‌و نەمان، وادەخوازێت کە تەواوی شتەکان بە شەبەنگێکی موبارەک گەمارۆبدەین تا لە بەسەرچوون‌و فەوتان بیانپارێزین. گوتاری مانەوە بەپلەی یەکەم دەبێتە بزوێنەر‌و دینەمۆی گواستنەوە لە «موقەدەسی غەیبی»یەوە بەرەو «موقەدەسی دونیایی». ئەوەی ئەم گوتارە تەقدیسیدەکات، خودا نییە، بەڵکو هەموو ئەو شتانەیە کە لە مانەوەی کورددا دەتوانن وەزیفەیەکی گرنگ وەربگرن... لەسەروو هەمووشیانەوە «سەمبولە سیاسییەکان»، بەپلەی یەکەمیش سەمبولی «حیزبی موبارەک»‌و «سەرۆکی موبارەک». هەڵبەت دواتر کە «گوتاری مانەوە» رۆحە ناسیونالیستییەکەی خۆی وندەکات، کە لەوە دەکەوێت بتوانێت «گوتاری مانەوەی نەتەوە» بێت بە مانا فراوانەکەی‌و دەبێت بە گوتاری مانەوەی حیزبێک یان بنەماڵەیەک، پرۆسەی تەقدیسیش «پیرۆزاندن‌و پیرۆزساز» لەوە دەکەوێت کە تایبەت بێت بە «سەمبولە دەستەجەمعییەکانی نەتەوە»‌و دەبێت بە پیرۆزاندنی هەر گروپە بۆ سەمبولی تایبەتی خۆی... لێرەوە تەواوی کۆمەڵگای کورد دەبێتە کایەیەکی پڕ لە «موقەدەس»‌و شوێنێکی داخراو‌و دەست لێنەدراو، کە تێیدا قودسییەتی دونیایی جێگایەکی بۆ قودسییەتی غەیبی نەهێشتۆتەوە‌و خوداش تەنیا لە مزگەوتی حیزبدا دەتوانێت قسەبکات‌و لەدەرەوەی ئەو هیچ نییە جگە لە بێدەنگییەکی ناکۆتا.

لێرەدا دەگەینە خاڵێکی جەوهەری، ئەویش ئەوەیە سیاسەت لەو ساتەدا کە دەکەوێتە بەردەم دوو نێچیری لاواز کە یەکێکیان «دین»‌و ئەویدیان «زانست»ە. لەبری ئەوەی رۆحی زانست وەربگرێت‌و دین بەجێبهێڵێت بۆ پەیوەندی مرۆڤ‌و خودا، رۆحی دین کە موقەدەسە وەردەگرێت‌و فڕێیدەداتە دونیاوەو هەموو ئەو یارییە ترسناکانەی پێدەکات کە دۆزەخی سەد ساڵی رابوردووی دروستکردوە. لێرەوە سیاسەت ئیدی وەکو دین لە فۆرمە هەرە دنیاییەکدا کاردەکات‌و دەبێتە کارخانەیەک بۆ دروستکردنی نوێنەرانی خودا‌و تەواوکارانی پێغەمبەران لەسەر زەوی. دۆخێک کە زانست نەدەتوانێت تێیدا چالاک بێت‌و نە دەرفەتی هەناسەدانیشی هەیە.

Sunday 22 May 2011

زانست‌و دین‌و شۆڕش / به‌شی چواره‌م

به‌شی چواره‌م


خەونی «زانست» یاخود «خەونی بونیادنانەوەی کۆمەڵگا له‌ژێر سایەی میتۆد‌و دەسەڵاتی زانست»دا، هەر لەسەرەتاکانی سەدەی بیستدا تووشی کۆمەڵێک رێگر‌و بەربەستی زۆر گەورە بووەوە، کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر هەرەسی شوێنگەی زانست له‌کۆمەڵگای ئێمەدا هەبوو. لێرەدا ئەو هۆکارانە بەمجۆرە کورتدەکەمەوە:

۱.دروستبوونی کێشەیەک لەسەر ئاستی دونیادا دەربارەی «ماهییەتی زانست» خۆی. کەرتبوونی جیهان لەو سەردەمەدا له‌نێوان مارکسیزم‌و کەپیتالیزمدا، دووجۆر پێناسەی جیاوازیشی بۆ خودی زانست لێکەوتەوە کە ئەو دەم وەک زانستی مارکسی‌و زانستی بۆرژوازیی ناویاندەنان. مارکسیزم کە ئەوسا وەک فەلسەفەیەکی شۆڕشگێڕ‌و رزگارکەر بۆ بەشەرییەت سەیردەکرا، بەشی هەرە زۆری مێژووی فیکری‌و فەلسەفی‌و زانستی پێشخۆی وەک فەلسەفەی بۆرژوازیی یان وەک «دەرهاویشتەیەکی ژێرخانی ئابووری کۆمەڵگا» تەماشادەکرد کە تەعبیر له‌وێستگەیەکی هوشیاری چینایەتی چینێکی دیاریکراو دەکەن. ئەم بۆچوونە کارەساتێکی فیکری‌و مەعریفی گەورەی له‌خۆرهەڵات دروستکرد. سەرەتا مارکسیزم له‌سەردەمی گەشەی ستالینییەتدا گەیشتە خۆرهەڵات، واتە بەشێوەیەک گەیشت هەموو رەهەندە فەلسەفییەکانی خۆی ونکردبوو بووبوو بە جۆرە رەچەتەیەکی ئایدۆلۆژی، بووبوو بە تێڕوانینێک کە تەواوی مێژووی زانستی پێش خۆی له‌ڕوانگەی «زانستی پرۆلیتاری»یەوە تەفسیردەکرد. ناوزەدکردنی بەشی هەرە زۆری فیکری مرۆڤایەتی پێش مارکس بە فیکری «چینە سەردەستەکان»، ناوزەدکردنی زۆربەی رێبازە فیکری‌و هونەری‌و زانستییە نوێکانیش کە نەدەچوونە ژێرباڵی ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستییەوە، بە فیکری بۆرژوایی... دەرەنجامەکەی ئەوەبوو، له‌دنیای ئێمەدا، تێگەیشتن له‌فیکری مرۆڤایەتی‌و له‌شەپۆله‌تازە‌و کۆنەکانی داهێنان، گرفتی گەورەی تێکەوت. بە واتایەکی دی، زانست له‌جیهانی ئێمەدا هێشتا مانا‌و وەزیفەی خۆی نەدۆزیبووەوە کە کەوتە بەر دادگایەکی ئایدۆلۆژی سەخت، بەشی هەرە زۆری زانستی بەشەری وا وێناکرا وەک ئەوەی جۆرە زبڵێکی بۆرژوایی بێت‌و دوای سەرهەڵدانی مارکسیزم، مرۆڤایەتی پێویستی بە هیچ نەبێت خوێندنەوەی کتێبەکانی مارکس‌و لینین نەبێت. ئەو خورافەتەی کە دەیگووت «مارکسیزم تاکە زانستێکە مرۆڤایەتی رزگاردەکات» پردی پەیوەندی نێوان نوخبە خوێندەوارەکانی ئێمە‌و زانستی بەرهەمهاتووی له‌خۆرئاوا‌و شوێنەکانی تردا پچڕان. مارکسیزم خۆی وەک تاکە زانست پێشکەشکرد‌و له‌ناو نوخبە خوێندەوارەکانی کورددا، ئینتیماکردن بۆ مارکسیزم وەک ئینتیماکردن بۆ «هێزی رزگارکەری زانست» وێنادەکرا. ئەمە ئەو ساتەوەختە ترسناکەیە کە تێیدا ئایدۆلۆژیا نەوەک شوێنی زانستی گرتەوە، بەڵکو خۆی وەک زانست‌و تاکە زانستی گرنگیش ناساند.

دەرەنجامەکانی ئەم دیاردەیە لەسەر کۆی تێگەیشتنی ئێمە له‌زانست زۆر گەورەبوو. ئەمە نەوەیەکی بێئاگای دروستکرد کە ئینتیما ئایدۆلۆژییەکەی خۆی بۆ مارکسیزم وەک ئینتیماش بۆ زانست سەیردەکرد، وایدەزانی مارکسیبوون واتای رۆشنبیربوون‌و زانابوون. لەو دەمەدا مارکسیبوون بەس بوو، بۆئەوەی کەسی مارکسی وابزانیت دەستی بە جەوهەری زانستە مرۆڤایەتییەکان گەیشتووە. لای مارکسییەکان مارکسیزم خۆی بوو بە ئەلتەرناتیڤی هەموو زانستێک، کۆمۆنیستەکانیش بوونە ئەو کاراکتەرەی شوناسی «سیاسی‌و زانا‌و رۆشنبیر‌و ئازادیخوازیان» پێکەوە‌و له‌یەککاتدا له‌خۆیاندا کۆدەکردەوە... ئەمە نەوەیەکی دروستکرد هەندێکیان تا ئێستا وەک مۆتەکە بەسەر سەری کۆمەڵگای ئێمەوە وەستاون، ژمارەیەک له‌تاغووت‌و دیکتاتۆرە سیاسییەکانی ئەمڕۆ، کوڕی ئەو نەوەیەن. نەوەیەکی دابڕاو له‌زانست‌و رۆشنبیریی، بێئاگا له‌هەموو دەستکەوتەکانی مەعریفەتی مرۆڤایەتی. دۆخێکی ئەوتۆشیان خوڵقاند کایەیەکی سیاسی دابڕاو دروستببێت له‌هەموو «فەلسەفەی سیاسی»‌و کایەیەکی رۆشنبیری بارکراو بە «سانسۆری سیاسەت‌و ئایدۆلۆژی» دابمەزرێت. ئەم نەوەیە کە له‌دوای جەنگی جیهانییەوە دەست بەسەر دونیای رۆشنبیری‌و سیاسی ئێمەدا دەگرێت... بە وێنەیەکی هەڵەی زانست‌و سیاسەتەوە دێتە دونیا‌و ماوەیەکی درێژ، هەموو پرۆسەیەکی بیرکردنەوەی زانستی دەکوژێت.

۲.له‌دوای جەنگی جیهانییەوە، ئەو وێنەیەی پێشتر بۆ زانست له‌کولتووری مرۆڤایەتیدا هەبوو، گۆڕا. زانست لەسەدەی نۆزدەدا رۆڵێکی رزگارکەر‌و یۆتۆپی هەبوو. پتر وەک کەرەستەی خێروخۆشی بۆ تەواوی بەشەرییەت‌و گەیشتنی مرۆڤ بە کۆمەڵگای یەکسان‌و ئاسان سەیردەکرا، بەڵام لەدوای جەنگ، زانست روویەکی زۆر ترسناکی دەرخست، خۆی وەک هێزێکی ترسناک‌و وێرانکار دەرکەوت، وەک ماشێنێکی وێرانکردنی گەورە. له‌دوای کۆتایی جەنگ تەواوی مرۆڤایەتی خۆی له‌بەردەم ئەو مەترسییە گەورەیەدا دەبینی کە زانست بۆتە دڕندەیەکی بەرەڵا‌و دەشێت چی هێزی تاریک‌و نادیار‌و وێرانکەری ناو مرۆڤە بەرەڵایبکات. دەرکەوتنی مەترسییە گەورەکانی زانست‌و رووە وێرانکەرەکەی له‌ساتێکدا بوو، کە کۆمەڵگا بچوک‌و پەراوێزییەکانی ئێمە، بەدوای باوەڕێکی نوێدا دەگەڕان‌و پێویستیان بەوە بوو روویەکی رووناکی زانست ببینن تا بتوانن پتر بڕوای خۆیان له‌دینەوە بخەنە سەر ئەو کایە گەورەیە. ئەوە وایکرد وێنەی زانست‌و کاریگەرە رزگارکەر‌و مانا رۆحی‌و ئەخلاقییەکانی، زیانێکی گەورەیان بەربکەوێت. زانست له‌دوای جەنگەوە هێزە ئەخلاقییەکەی خۆی دۆڕاند‌و وەک هۆکارێکی ترسناکی بەدبەختی‌و کارەسات سەیردەکرا. ئەمە له‌کۆمەڵگاکانی ئێمەدا زانستی شەقاوێکی گەورە بۆ دواوە گێڕایەوە.

۳.لەدوای جەنگ، زانست مانایەکی سیاسی گەورەتری له‌جاران وەرگرت. دەسەڵاتی سیاسی‌و رکێفکردنی جیهان لەوە دەرچوو کە کاری هێزی سەربازی رووت بێت. زانست لەسەر ئاستی گلۆباڵدا بووە یەکێک له‌شادەمارە گەورەکانی دەسەڵات، شەڕی سارد له‌نێوان خۆرهەڵات‌و خۆرئاوادا بوو بە شەڕ لەسەر پێشکەوتنی «زانستی‌و تەکنۆلۆژیی». لێرەوە پرۆسەیەکی ترسناکی گلۆباڵ‌و لۆکاڵی قۆرغکردنی زانست دەستیپێکرد. زانست وەک «سیحر» بوو بە چەکی نهێنی هێزە گەورەکان... بوو بە نهێنی تایبەتی کۆمپانیاکان. فۆرمێکی وەرگرت کە گواستنەوەی له‌کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر ئەستەم بێت، واتە له‌زانستێکی گشتی‌و گەردونییەوە کە خواستی قازانجی مرۆڤایەتییە، بوو بە زانستێکی تایبەت کە موڵکی هێزێکی دیاریکراو یان کۆمپانیایەکی دیاریکراوە. لێرەوە بازرگانی لەوە کەوت تەنیا بازرگانیکردن بێت بە بەرهەمەکانی زانستەوە‌و بوو بە بازرگانیکردن بە خودی زانستەوە. ئیدی فرۆشتنی زانست، وەک یەکێک له‌هەرە دژوارترین‌و گرانترین‌و پڕمەرجترین شێوەکانی بازرگانی مۆدێرن سەری هەڵدا. لەو پرۆسەیەدا کۆمەڵگایەکی ژێردەست‌و هەژار‌و هەلاهەلای وەک کورد لەوە کەوت بتوانێت چیتر درێژە بەو خەونە خورافییەی سەرەتاکانی سەدەی بیست بدات‌و تەواو پشتیکردە ئەو خەونە. بەدیوێکیشدا دەوڵەتە داگیرکەرەکان، هەموو ئەو کەناڵە گرنگانەیان داخست کە وایاندەکرد مرۆڤی کورد دەستی بە زانستی نوێ بگات، ئیدی له‌زمان‌و نوسینەوە قەدەغەیانکرد، تا دەگاتە مەحرومکردنی خوێندکاری کورد له‌خوێندن له‌چەندەها لق‌و بەشی زانستیدا، کە دەکرا نرخی ستراتیژیان هەبێت... لێرەوە گەیشتینە سەردەمێک تێیدا زانست‌و مەعریفە خۆی دابەشبوو بە سەر دوو بوار‌و دوو بەشی سەرەکیدا: «زانستی رێپێدراو»‌و «زانستی رێ پێنەدراو». کە دووبارە وایکرد وەزیفەی مەعریفە‌و زانست له‌جیهانی ئێمەدا دابەزێت بۆ هەندێک ئەرکی گشتی‌و رۆژانە‌و بایەخە ستراتیژییەکەی لەدەستبدات

Friday 13 May 2011

فیدرالییەتە فاشییەکان

چەند ساڵێک لەوەوبەر، دوای ڕوخانی سەدام حوسەین، لە چاوپێکەوتنێکدا لەسەر بارودۆخی عێراق، باسم لە ئەگەری وەرگەڕانی عێراق بۆ کۆمەڵێک «فیدرالیاتی فاشیستیانە» کرد. ئەوکات وەرگەڕانی عێراق بۆ چەند فیدرالییەتێکی فاشی کە هاوپەیمانییەکی عەسکەری‌و ئابووری لە نێوان کۆمەڵێک نوخبەی سیاسی جیاوازدا ڕایبگرێت، ئەگەرێکی زۆر گەورە نەبوو. ساتی دوای ڕوخانی سەدام، بۆ هەموومان ساتی خەون بینین بوو بە دیموکراسییەتەوە، بەڵام بە تێپەڕینی کات، دەستگرتنی ژمارەیەک میلیشیای عەسکەری بەسەر عێراقدا‌و دابەشکردنیان بۆ ناوچەکانی دەسەڵات‌و دروستکردنیان بۆ کۆمەڵێک هاوپەیمانی «ئابووری‌و عەسکەری» داخراو، وایکرد پڕۆژەی دروستکردنەوەی عێراقی لەسەر بنەمای دیموکراسی لە بنەوەڕا هەڵبوەشێت‌و دەوڵەتی مەرکەزی عێراق ببێتە چوارچێوەیەک بۆ شەرعییەت بەخشین بە ژمارەیەک ئیداراتی لۆکالی فاشی دابڕاو لە یەک، کە تەنیا شتێک پێکەوە ڕایگرتوون قازانجی هاوبەشی سەرانی هەرێمە فاشییەکانە لەگەڵ یەکدا. ئەوەی ئێستا ئێمە لە ناویدا دەژین مۆدێلێکی نوێیە کە بە ئاسانی دەکرێت بە «فیدرالییەتی فاشیستیانە» ناوی ببەین، کە تەنیا هاوپەیمانی ناوی بۆ زامنکردنی پارە‌و دەسەڵاتە، لە ناو کۆمەڵێک هێزدا کە هیچیان ناتوانن دەوڵەتێکی فاشی تۆتالیتار دروستبکەنەوە، بەڵام هەر یەکەیان بە تەنیا دەتوانن کۆمەڵێک ناوچەی دەسەڵاتی فاشیستیانە دروستبکات‌و لە بری فاشیزمێکی سەنترال «کە مۆدێلی بەعسیانەی فاشیزم» بوو، فاشیزمێکی بێسەنتەر بونیادبنێن. واتە ئەوەی لە دوای ڕوخاندنی سەدامەوە ڕویداوە هیچ نییە جگە لە پرۆسەیەکی عەسکەری‌و ئابووری گەورەی «دیسەنترالیزەیشن ـ Dezentralisation»: واتە ترازانی فۆرمی گەورەی دەوڵەتی فاشیستی، بۆ زنجیرەیەک فاشیزمی میکرۆسکۆبی... بۆ زنجیرەیەک ئیماراتی فاشیستی، کە هەر هێزە لە ناوچە‌و لە شار‌و بەسەر بیرەنەوتی خۆیدا دەسەڵاتی رەهای خۆی هەیە‌و بە پۆستاڵ‌و تفەنگ‌و کوتەک نەیارانی خۆی دەپلیشێنێتەوە.


فۆرمی «ئیماراتی فاشیستی» یان «فیدرالیاتی فاشیستی» لە فۆرمی فاشیزمی سەنترال ترسناکترە، چونکە لە فاشیزمی سەنترالدا یەک دیکتاتۆر، یەک دەزگای عەسکەری، یەک ئابووری سەنترال هەیە. لێرەدا دەوڵەت بە مانا ناسراوەکەی فۆرمی دەوڵەت, بە دەزگا‌و سروت‌و ئەتەکێت‌و وەزیفەکانییەوە ئامادەیە، هێشتا دەوڵەت وەک بەشێک لە کۆمەڵگای شارستانی‌و نێودەوڵەتی سەیردەکرێت، ڕەفتارەکانی دەکەونە ژێر چاوەدێری دەرەوە، سەرانی گەورەی دەوڵەت بەرپرسن لە کردارەکانی خۆیان. بەڵام لە فۆرمی ئیماراتی فاشیستیدا، دەوڵەت بە مانا تەقلیدییەکەی دەبێتە قاوغێکی بۆش‌و سێبەرێکی تەنک، خودی ئەوانەی کە دەوڵەت دەبەن بەڕێوە تەنیا بەو نیازە لەدەوڵەتدان بۆئەوەی دەسەڵاتی لۆکاڵی خۆیان بپارێزن. دەوڵەتی ناوەند دەبێتە فۆرمێک کە تێیدا فاشیستە لۆکاڵەکان بەدوای هاوپەیمانی‌و دۆستایەتی‌و شەراکەتی ئابوری‌و سەربازیدا لەگەڵ فاشیستە لۆکاڵەکانی تر دەگەڕێن. لێرەدا دەوڵەت وەک کۆنفیدراسیۆنە خێڵەکییە کۆنەکانی لێدێت، بەڵام لەبری ئەوەی کۆمەڵێک فیوداڵ‌و ئاغا لە خۆبگرێت، کۆمەڵێک هێزی فاشیستی جیاواز جیاواز دەگرێتە ئامێز، کە شوناسی ئایدۆلۆژی‌و ئەتنیان جیاوازە، بەڵام شوناسی سیاسیان بریتییە لە مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵات‌و پارە‌و میدیا. مەترسی ئەمجۆرە لە فاشیزم ئەوەیە کە یەک دەموچاوی دیاریکراوی نییە، هەر فاشیزمە‌و دڕندەی خۆی لە هەرێمێک یان چەند شارێکدا دروستدەکات، پارەی نەوت کۆمەکی پێدەکات هێزێکی میلیشیایی گەورە پێکەوەبنێت، لای دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە پشت‌و پەنا پەیدادەکات، بە نوخبەیەک لە پیاوانی دڵسۆز‌و بێدەنگ‌و لاواز‌و توتیوار ئیدارەیەکی حیزبی دادەمەزرێنێت، ئیمارەتێکی پۆلیسی دادەڕێژێت کە ئەمیرە سیاسییەکەی لە سنووری دەسەڵاتی خۆیدا لە دیکتاتۆرە گەورەکانی ناو دەوڵەتە گەورەکان ترسناکتر حوکمی ژێردەستەکانی خۆی دەکات. ئەمجۆرە فاشیزمە لۆکاڵانە مەرج نییە هەموو جارێک لەسەر تێکشکاندنی ئەتنییەک یان دینێکی تر ئیشبکەن، ئەم مۆدێلە زۆربەی وەخت هەڵاوسانێکی ترسناکی مۆدێلی خێڵی پەتریارکی خۆرهەڵاتییە کە لە ناو شار‌و لەفەزای سیاسی مۆدێرندا گەورەکردن‌و هەوکردنێکی ترسناک بەخۆیەوە دەبینێت. خودی سەرهەڵدانی ئەمجۆرە مۆدێلە، نیشانەیەکی مێژوویی گەورەیە بۆ پاشەکشەیەکی گەورە لە فۆرم‌و دەسەڵاتی حیزبدا.
لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا فۆرمی حیزب وەک ئەلتەرناتیڤ‌و جێگرێکی گرنگی فۆرمی خێڵ لە ڕێکخستنی ژیانی سیاسیدا سەرهەڵدەدا، بەڵام ئەو گەشە ترسناکەی ئەرستۆکراتییەتی سیاسی‌و دینی لە عێراقدا دوای جەنگی کەنداوی یەکەم بە خۆیەوە بینی، حیزبی گۆڕی بۆ دەزگایەکی ئەمنی‌و عەسکەری ڕووت، واتە گێڕایەوە بۆ فۆرمە خێڵەکییەکەی، بۆ ئەو فۆرمەی کە تێیدا ئایدۆلۆژیا هێزی پێکەوەبەستن‌و گرێدەری ناو پێکهاتی سیاسی نییە، بەڵکو وەلا‌و‌و لایەنگری بێقەید‌و شەرت‌و کوێرانە بۆ سەرەک خێڵی مۆدێرن «کە چیتر بە هەڵە پێیدەگوترێت سەرۆکی حیزب» شتەکان دیاریدەکات.

هەر کاتێک حیزب وەک جۆرە «پەیوەستێکی ئایدۆلۆژی» هەڵوەشا، ئیدی حیزب دەبێتە جۆرە «خێڵێکی مۆدێرن» کە تەنیا بەیەک شێواز دەتوانێت حوکمبکات کە شێوازی فاشیستیانەیە.

فاشیزم لە جەوهەریدا هەڵوەشاندنەوەی ئەو شێوازەی حوکمڕانییەیە کە لەسەر «پەیمانی کۆمەڵایەتی» بەندە، بۆ قازانجی ئەو شێوازە لە حوکم کە لەسەر فۆرمی «ئاغا‌و کۆیلە» ڕاوەستاوە. فۆرمی ئاغا‌و کۆیلە، فۆرمی دەسەڵاتی خێڵەکییە، ئەم فۆرمەش لە کۆمەڵگای مۆدێرندا کە دەگوازرێتەوە بۆ ناو سیستمی ئیداری نوێ، بۆ پەیوەندی حاکم‌و مەحکوم، بۆ پەیوەندی حیزب‌و کۆمەڵگا... ڕاستەوخۆ لە فاشیزمدا تەواودەبێت. ئێستا لە کوردستاندا زەقترین مۆدێلی «فاشیزمی میکرۆسکۆبی دەبینین» کە فۆرمێکی تەواو جیاوازە لە فاشیزمە گەورەکان، ئەم فاشیزمە فیدرالییانە هێندەی مەبەستیان پاراستن‌و بەهێزکردن‌و چەسپاندنی کولتووری ئاغا‌و کۆیلەیە، هیچ پڕۆژەیەکی دییان نییە... لێرەوە جەوهەری سیستمەکە هێشتنەوەی ئەبەدی ئاغایە بە ئاغایی‌و کۆیلەیە بە کۆیلەیی. بەڵام دیارە گواستنەوەی فۆرمی حوکمرانی ئاغا‌و کۆیلە لە فۆرمی سەرەتایی‌و خێڵەکی ڕووتەوە بۆ فۆرمی مۆدێرن، ئیشێکی گەورە‌و ترسناک‌و تاریکی دەوێت. لەمجۆرە فاشیزمەدا دەبێت کۆی ئیدارەکان، کۆی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، کۆی فەزای گشتی، لەسەر فۆرمی پەیوەندی ئاغا‌و کۆیلە بونیادبنرێتەوە. لێرەوە خێڵی مۆدێرن وەک خێڵی جاران نییە کە سنووری کارکردنی چەند دێیەک بێت‌و کۆیلەکانی چەند جووتیارێک بن،...

خێڵی مۆدێرن کە ناوکە‌و جەوهەری فاشیزمی خۆرهەڵاتییە، دەوڵەت‌و دەزگاکانی خوێندن‌و دەزگاکانی راگەیاندن‌و دادگا‌و کۆی ئۆرگانەکانی له‌بەردەستە. ئیدی لەسایەی ئەودا تەواوی شێوە پەیوەندییەکانی دەسەڵات، لەسەر فۆرمی پەیوەندی ئاغا‌و کۆیلە بونیاد دەنرێنەوە. پەتریارکی گەورەش «کە تەنیا له‌سنووری ئیمارەتە فاشیستییەکەی خۆیدا گەورەیە‌و لەدەرەوەی ئەو سنوورە دەسەڵاتەکان‌و پلەوپایەکانی هەمووی تەشریفاتی‌و کارتۆنین» دەبێت بەسەمبولێکی بچوک، بۆ هێزێکی بچوک، کە لەژێر گەمارۆیەکی گەورەدا رۆژ دوای رۆژ زیاتر بەرەو دڕندەیی‌و تێکچوون‌و لەدەستدانی جڵەوی عەقڵ دەچێت... له‌«عێراقی فاشی فیدرالی»دا ئەمجۆرە فاشیزمە میکرۆسکۆبیانە بە هەموو جێگایەکدا بڵاوبۆتەوە، تەواوی هەرێمە جیاوازەکانی عێراق بوون بە هێلانەی چەشنە جیاوازەکانی فاشیزم، له‌فاشیزمی قاعیدەوە بیگرە بۆ فاشیزمی مەزهەبی له‌باشوور‌و فاشیزمی ناسیونالیستە عەرەبەکان له‌ناوەڕاست، بەڵام هەموو ئەو پەردە ئایدۆلۆژیانە هیچ نین جگە له‌پەردەی تەنک، چونکە خاڵی هاوبەشی هەموو ئەوانە داڕشتنی فۆرمێکە له‌فاشیزمی لۆکاڵی کە تەنیا بۆ مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵات ئیشدەکەن‌و له‌جوڵانێیەکی بەردەوامدان له‌نێوان هەردوو فۆرمی «ئۆلیگارشی: حوکمی کەمینە»‌و «مۆنارشی: حوکمی موتڵەقی یەک دیکتاتۆر یان یەک بنەماڵەدا». هەموو فاشیزمە میکرۆسکۆبییەکانی عێراق له‌سلێمانییەوە تا بەسرە، پاشخانی ئایدۆلۆژیان هەرچییەک بێت، یەک ستراکتوریان هەیە، لەسەر وێرانە‌و هەرەسی خەونە گەورەکانی ناسیونالیزمی عەرەبی یان کوردی یان مەزهەبگەراکان دروستبوون، له‌پاشماوە لەت لەت‌و هەلاهەلاکانی ئەو خەونانە ماونەتەوە. بە کۆ یەک دینەمۆ دەیانجوڵێنێت، ئەویش ئەوەیە مۆدێرنکردنەوەی ژیان نەگوازرێتەوە بۆ مۆدێرنکردنەوەی ستراکتوری سیاسی. نەهێڵن گۆڕانکارییە مێژووییە گەورەکان بگاتە دەسەڵاتی بنەماڵەی خۆیان‌و نوخبەکەی هاوڕێیان.

ڕاستە ئێستا له‌شارێکی وەک سلێمانی بە حوکمی ئەوەی له‌هەموو جێگایەکی دی زیاتر شەڕی فاشییەت دەکات‌و تەسلیمی دیماگۆکییەتە ناسیونالی‌و دینییەکانی نابێت، زەبری کوتەک‌و پۆستاڵی ئەمجۆرە له‌فاشیزم زیاتر دەبینرێت، بەڵام فاشیزم له‌هەموو شوێنێکی کۆمەڵگای عێراقییەوە هەڵدەقوڵێت... ئێستا وەرگەڕانی عێراق له‌پڕۆژەی دەوڵەتێکی دیموکراسییەوە بۆ دەوڵەتی فیدرالییە فاشیستییەکان، یان ئەمارەتە فاشیستییەکان بە روونی هەستی پێدەکرێت. ئەوە وادەکات پاشەڕۆژی ئەم وڵاتە پاشەڕۆژێکی تاریکتر بێت لەوەی چاوەڕواندەکرا، چونکە بەپێچەوانەی فاشیزم له‌دەوڵەتی مەرکەزیدا ئێمە ئێستا لەبەردەم دەیان نوخبەی فاشیداین کە بەدەمامکی جیاواز جیاوازەوە دەردەکەون، پەلاماری دەسەڵات دەدەن، دوور له‌چاودێری دونیا دڕندانەترین شێوەی سەرکوتکردنی ئینسان دەگرنەبەر... لێرەوە شەڕ لەگەڵ فاشیزمدا له‌عێراق «بە کوردستان‌و عەرەبستانییەوە» شەڕێکی سەختتر‌و خوێناویتر دەبێت، وەک شەڕی گەلی لیبی دژ بە قەزافی، یان جەنگی ئازادیخوازانەی گەلی سوریا دژ بە فاشیزمی بنەماڵەی ئەسەد. فاشیزمی میکرۆسکۆبی، کە فۆرمی فاشیزمی کوردیشە، دەتوانێت بچوکی دەسەڵات‌و سنووداری هەرێمی خۆی وەک هۆکارێک ببینێت بۆ بێباکی‌و خاڵیبوونەوەی رەها له‌مۆراڵ‌و بەکارهێنانی ئەوپەڕی دڕندەیی له‌ئیدارەداندا... بۆیە خەبات له‌دژی درێژخایەنتر، مانادارتر‌و ستراتیژیتر دەبێت.

Monday 9 May 2011

چێژی مەرگدۆستی


چێژی مەرگدۆستی : بەرگی یەکەم لە پڕۆژەی کۆکردنەوەی کۆی بەرهەمە تیورییەکانی بەختیار عەلی، لە داهاتوویەکی نزیکدا دێتە کتێبخانەکانەوە

Saturday 7 May 2011

زانست‌و دین‌و شۆڕش / به‌شی سێیه‌م

به‌شی سێیه‌م


ئەم پاشەکشە ترسناکەی زانست، کە له‌هەموو سەر‌و جەمسەرێکەوە جیهانی ئێمە دادەگرێت، دوو دیاردەی سەرەکی پاڵپشتیدەکەن. یەکەم: فەزای سیاسی. دووەم: کایە رۆشنبیرییەکان.

له‌سەرەتای سەدەی بیستدا‌و لای نەوەی یەکەم له‌منەوەرانی کورد، لای نەوە هەرە قەشەنگ‌و گرنگەکەی مێژووی رۆشنبیریی کوردی، ئەو هەستە قووڵە هەیە کە سیاسەت بەبێ زانست ناکرێت. زانست پێشمەرجی هەموو شتێکە، فێربوون تاکە رێگای رزگاربوونە، دروستکردنی کوردێکی «خوێندەوار‌و باسەواد» خواست‌و ئومێدی رۆشنفیکرانی سەرەتای سەدەی بیستە، هاواری بەردەوام بۆ کرانەوە بەسەر زانست‌و تەکنیکی مۆدێرندا، دەبێتە شاگووتار‌و هەموو منەوەرەکان دووبارەیدەکەنەوە. هوشیاری دینی دەچێتە دۆخێکی تراژیدییەوە. دەگەڕێتەوە بۆ ناوەوە‌و دەبێتە هەستێکی شەخسی‌و فەلسەفی بە دونیا. لێرەدایە له‌نێوان «مەحوی»‌و «منەوەرانی سەرەتای سەدەی بیست»دا گۆڕانکاری‌و دابڕانێکی قووڵ هەیە. مەحوی دوا بلیمەتە کە هەستی دینی پێشکەش بە کۆمەڵگای ئێمەی دەکات... وەک زۆرجار له‌وەوبەر ئاماژەم پێداوە، شوێنی مەحوی وەک شوێنی راسین وایە له‌فیکری خۆرئاوادا، بەوجۆرەی کە لوسیان گۆڵدمان له‌پێناسەو ناساندنی «هوشیاری تراژیدی»دا دەستنیشانیدەکات. مەحوی بە هەستە غەمگین‌و وجودی‌و تراژیدییەکەیەوە، نوێنەری ماڵاواییە له‌قۆناغی باڵادەستیی فیکری دینی... نوێنەری ئەو ساتە قووڵەی لاوازی‌و دەستەوەستانییە کە فیکری دینی له‌یەکێک له‌قۆناغە هەرە لاواز‌و ترسناکەکانی مێژووی خۆیدا هەستی پێدەکات. ئەو هوشیارییە تراژیدییەی مەحوی، ئەو زویربوونە قووڵە له‌دونیا، بەرەنجامێکی ئۆتۆماتیکی ترسی شەخسی مەحوی نییە له‌مەرگ‌و له‌خودا، بەڵکو دەرەنجامی دەرکەوتنی سەرەتاکانی ماڵاواییە له‌تەفسیر‌و تێڕوانینی دینی بۆ جیهان. مەحوی ئەم ساتەی شکست دەگۆڕێت بۆ ساتێکی ئیبداعی گەورە، بۆ ساتەوەختێکی فەلسەفی، بۆ چرکەیەکی قووڵ له‌تێڕامانی وجودی. لێرەوە دەبێتە یەکەم داهێنەری کورد کە شکستە مێژووییەکان دەگۆڕێتە سەر فۆرمێکی باتینی‌و دەیانکاتە چرکەیەکی دەرونی‌و وەک جۆرە جیهانبینییەکی فەلسەفی دەیداتەوە بە دونیا، هەر لێرەشەوەیە کە مەحوی بە بڕوای من گەورەترین داهێنەری کوردە بە درێژایی هەموو سەدەکان‌و هەرواش دەمێنێتەوە. بە کورتی مەحوی نیشانەیەکی گەورەی «تێکشکان‌و هەرەسی شوێنگەی هوشیاریی دینییە»، بەپێچەوانەی منەوەرانی کوردەوە کە نوێنەری سەرهەڵدانی جیهانبینییەکی نوێن. لێرەدا ئەو پرسیارە گەورەیە دێتە پێشێ: چی وایکرد له‌سەرەتاکانی سەدەی بیستدا، زانست نەتوانێت جێگای دین بگرێتەوە؟ دیارە ئەمە بەو مانایە نیە کە بڵێم «زانست کۆمەڵگایەکی بێ دین دروستبکات» کە ئەوەیان دیدێکی خورافی‌و نامرۆڤانەیە، چونکە زانست ناتوانێت دین نەهێڵێت، دین بکاتە دەرەوەی هوشیارییەوە، جێگای خودا‌و غەیب‌و نادیار بگرێتەوە، ئەوەیان تێگەیشتنێکی میکانیکی نادروستە کە ماتریالیستە میکانیکییەکان بانگەشەی بۆدەکەن. لێرەدا قسە له‌سەر سڕینەوەی دین نییە له‌ڕێگای زانستەوە، بەڵکو له‌کارخستنێتی وەک تەنیا مەرجەعی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی له‌تێڕوانیندا بۆ هەقیقەت، قسەشە له‌سەر له‌دایکبوونی زانست وەک هێزێکی مێژوویی کە دەتوانێت کار له‌سیاسەت‌و ئابووری‌و هوشیاریی تاکەکان بکات. چی وادەکات، دین بەدرێژایی سەدەی بیست ببێتە هێزێکی خەوتوو کە هەموو چرکەیەک ئەگەری له‌خەوهەستانی هەیە؟ چی وادەکات ئەم هێزە تا سەر شۆڕشی ئێرانی، وەک هێزێکی مردوو سەیربکرێت؟ چ دەمامکێک‌و پێخەفێک ئەم جیهانبینییە خەوتووە گەورەیە دادەپۆشێت؟ بۆ هەموو وادەزانن دین وەک هێزێکی مێژوویی‌و سیاسی‌و کۆمەڵایەتی مردووە؟ بۆ هەموو پێیان وایە مەلاکان‌و مەرجەعە ئاینییەکان‌و رەوانبێژان‌و راڤەکەرانی دین ناتوانن ببنەوە بە هێزێکی کۆمەڵایەتی گەورە؟ چی‌و چ هێزێکە بەرپرسە له‌م خورافەتە ترسناکەی کە وەک تارماییەکی تاریک سێبەری خۆی بە هەموو سەدەی بیستدا رادەکێشێت؟

دووکایەی گەورە بەرپرسن له‌نوشوستی زانست‌و بە زیندووڕاگرتنی دین له‌ژێرەوە: سیاسەت‌و رۆشنبیریی.
بۆئەوەی ئەم تێزەیە روونبکەمەوە پێویستیم بە ئیشێکی ورد له‌ماهییەتی سیاسەتی کوردی‌و رۆشنبیریی کوردیدا هەیە. هەردوو ئەم کایە بەبڕوای من له‌تەواوی سەدەی بیستدا رقێکی قووڵ‌و شاردراوە بەرامبەر بە زانست‌و رۆحی مەعریفەت‌و میتۆدخوازی دەیانبات بەڕێوە، هەردوو کایەکە بەجۆرێک له‌لووتبەرزی بێوێنەوە سەیری زانست دەکەن‌و خۆیان وەک شاکایە دەبینن. ئەم خۆ بەگەورە بینییە وادەکات زانست بە چالاکییەکی پەراوێزی‌و لاوەکی بزانن‌و نرخە مێژووییە قووڵەکەی له‌بەرچاو نەگرن.

هاوشان بە هاتن‌و گەورەبوونی بایەخی زانست له‌کۆمەڵگای ئێمە، کایەی سیاسیش رووبەڕووی لابەلابوونەوەیەکی ستراکتوری قووڵ دەبێتەوە. زانست له‌سەرەتادا وەک هێزێکی نوێ، هەندێ بکەری کۆمەڵایەتی خۆی دروستدەکات کە نەوەی یەکەمن له‌ڕۆشنبیران‌و منەوەرانی کورد. سیاسەت له‌سەرەتادا تەنیا کەرەستەیەکە بۆ بەدیهێنانی کوردستانێکی مۆدێرن‌و نوێ کە وابڕیارە زانستی مۆدێرن ژێرخانی گەورەی ئیدارەدانی بێت. وەک له‌بەشی یەکەمدا ئاماژەم پێدا، سەرەتا ناسیونالیزمی کوردی له‌زانستدا چەکێکی خورافیانەی رزگاربوون دەبینێت. خۆپڕچەککردن بە زانست وەک بەشێکی گرنگی ئەو پرۆسە سیاسییە تەماشادەکات کە کورد بە ئازادی‌و سەربەخۆیی دەگەێنێت. خودی ئەم تێگەیشتنە دەرگا بۆ نوخبەیەک خوێندەواری تازە دەکاتەوە کە له‌قوتابخانە دینییەکانەوە دەرنەچوون، یان گەر له‌وێشەوە هاتبن، قسەکەر‌و نوێنەری جیهانبینی دینی نین. ئەم نوخبەیە بەخێراییەکی بێ وێنەوە دێتە مەیدانی سیاسی. ئەوەی من بە ئاڵوگۆڕی ستراکتوری ناوزەدەی دەکەم، ئەوەیە کە له‌سەدەی نۆزدە‌و سەدەکانی پێشووتردا، واتە بەر له‌هاتن‌و دەرکەوتنی پێشەنگەکانی مۆدێرنە، گەورەترین دوو هێزی سیاسی له‌کۆمەڵگای ئێمەدا فیوداڵەکان‌و پیاوانی ئایین بوون، هاریکاری‌و هاوپەیمانی ئەو دوو هێزەش دینەمۆی سەرەکی سیاسەتی کوردی بووە. «ئاغا»‌و «مەلا»، یان «ئاغا»‌و «شێخ» مەرجەعی راڤەکردن‌و هێزی بەڕێوەبەری دونیا بوون، بەڵام له‌گەڵ لاوازبوونی نوخبەی دینیدا، کۆمەڵگای کوردی هێشتا هێزێکی کۆمەڵایەتی گرنگی نییە کە جێگای فیوداڵەکان بگرێتەوە، ئەمە دەبێتە رێگرێکی ستراتیژی له‌بەردەم نوێبوونەوەیەکی راستەقینە له‌ «بونیادی دەسەڵاتی کوردی»دا. ئەوەی رەوەڕەوەی مۆدێرنەی ئەوروپی‌و پرۆسێسی رۆشنگەری له‌خۆرئاوادا خێرادەکات، لاوازبوونی وەکیەک‌و تەریبی فیودالیزمی ئەوروپییە له‌بەر هێزی بۆرژوازییەتدا، له‌گەڵ لاوازبوونی هێزی دینی‌و ئەکلیریکەکانە له‌بەردەم زانایاندا، بەڵام لای ئێمە له‌سەرەتاکانی سەدەی بیستدا،...

پرۆسەی لاوازبوونی دین خێراتر له‌لاوازبوونی فیودالیزم دەچێت بەڕێوە، بەتایبەت بڕێکی زۆر له‌دیندارە منەوەر‌و مەلا رۆشنفیکرەکان، خۆیان دەبن بە هەڵگری گووتاری پاڵپشتکردن‌و ستایشکردنی زانین «له‌وانە زێوەر‌و قانیع‌و موفتی پێنجوێنی».

لاوازبوونی شوێنی مەلا‌و له‌قبوونی بایەخی تەفسیری ئاینی، وادەکەن مەلاکان «گەر بۆ ماوەیەکی دیاریکراویش بێت» عەرشی خۆیان خێراتر له‌ئاغاکان له‌دەستبدەن. لێرەدا دەگەینە سەر ساتێکی تراژیدی زۆر قووڵی مێژووی ئێمە، کە تا ئەمڕۆ باجەکەی دەدەین.. ساتێکە له‌ئاستی فیکریدا کۆمەڵگا ئەلتەرناتیڤێکی نوێی بۆ فیکری دینی دۆزیوەتەوە کە زانستە، بەڵام له‌ئاستی سیاسی‌و کۆمەڵایەتیدا هێزێکی نوێی گەورەی نەدۆزیوەتەوە بتوانێت بیخاتە جێگای فیودالیزم. پیاوانی ئایین ئەلتەرناتیڤیان هەیە کە خوێندەوار‌و منەوەران‌و زانستخوازانی کوردن، بەڵام فیوداڵەکانی کورد، هێزێکی کۆمەڵایەتی‌و سیاسیان نییە ببێتە جێگریان‌و شوێنیان پێ له‌قبکات... هەر له‌م سەردەمەدا شاری کوردی وەک فەزایەکی نوێ له‌هەناوی تاریکی‌و بێدەنگی سەدە دێرینەکانەوە سەرهەڵدەدا، بەڵام ئەویش بێئەوەی توانای شەڕکردن‌و تێکشکاندنی بونیادی خێڵەکیانەی هەبێت. له‌م ساتەدا مێژووی کوردی بەر سێهەمین گرێی مێژوویی خۆی دەکەوێت... گرێی بێتوانایی شاری مۆدێرن له‌وەدا کە ئەلتەرناتیڤێکی بەهێز بۆ «خێڵ» بدۆزێتەوە. بەجۆرێک وای لێدێت «خێڵ» وەک هێزێکی خەوتوو، وەک جۆرە پەیوەندییەکی ئۆرگیناڵ، وەک مەرجەعێکی ئامادە بۆ ژیانەوە‌و هەستانەوە له‌هەناوی کۆمەڵگای ئێمەدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە‌و شار ناتوانێت پەیوەندی مرۆڤ‌و دەسەڵات دیموکراتیزەبکات‌و له‌پەیوەندی ئاغا‌و سەپانەوە بیگۆڕێت بۆ پەیوەندییەک له‌سەر «پەیمانێکی کۆمەڵایەتی» بەندبێت‌و چەمکی «هاوڵاتی» جێگای «مرۆڤی ژێردەست» بگرێتەوە.

لێرەدا خیانەتی هەرە گەورەی سەرەتاکانی سەدەی بیست دەردەکەوێت: بەسەرێک زانست‌و دین خۆیان له‌شەڕێکی ئایدۆلۆژی‌و فیکری‌و مێژوویی پێویست لادەدەن‌و ئەو جەنگە دەخەنە ئەستۆی نەوەکانی دواتر. بەسەرێکی دیش هێزێکی کۆمەڵایەتی راستەقینە له‌دایک نابێت ببێتە رکەبەری فیودالیزم‌و سەمبوله‌کانی بشکێنێت، له‌قۆڵێکی دیشەوە ئەو پەیوەندی‌و فەزا کۆمەڵایەتییەی شار، له‌گەڵ مۆراڵ‌و کولتوور‌و ئینتیمای خێڵەکیدا ناچێتە هیچ ململانێیەکی رووبەڕووەوە‌و خۆی له‌وە دەپارێزێت کولتورێکی راستەقینەی ئەنتی فیوداڵی‌و ئەنتی خێڵەکی دروستبکات. ئەم سێ شەڕە، تەنیا شەڕی راستەقینەی کۆمەڵگای ئێمەبوون، بەڵام ئەم جەنگانە کە دەیانتوانی کۆمەڵگای ئێمە بەرەو قۆناغێکی مێژوویی نوێ بەرن، له‌ساتەوەختی خۆیاندا کپدەکرێن‌و دەچەپێنرێن... واتە رۆحی ململانێ مێژووییە راستەقینەکە خەفەدەکرێت‌و دەخنکێنرێت. ئیدی له‌و ساتەوە کۆمەڵگای ئێمە له‌بری جەنگی راستەقینە، له‌بری پێکدادانی گەورە‌و ململانێگەلێک کە مێژوو دەبزوێنن، پڕدەبێت له‌ململانێی موزەیەف‌و نادروست‌و پەرواێزی کە تەواوی فەزای سیاسی‌و کۆمەڵایەتی ئێمە دەگۆڕێتە سەر شانۆی هێزگەلێکی لێبوکئاسا‌و دۆنکیشۆتی کە هەندێکیان جگە له‌ئاشی هەوا، شەڕ له‌گەڵ هیچی دیکەدا ناکەن.

«درێژەی هەیە»