Friday 29 July 2011

من‌و ئەویدی

یەکێک لەڕوخسارە بنەڕەتی‌و دووبارەکانی فەلسەفەی نوێ، ڕەخنەگرتنی بەردەوامە له‌کۆجیتۆی دیکارتی «من بیردەکەمەوە، کەواتە هەم». بەپێی تێڕوانینی دیکارت، مرۆڤ دەتوانێت بنەما‌و بەڵگە‌و ژێرخانی ناسینی دونیا له‌خۆیەوە وەربگرێت. واتە «من» سەرەتای سەرەتاکانە، «من» بناغەی یەکەمە، مرۆڤ دەتوانێت گومان لەهەموو شتێک بکات، بەڵام ناتوانێت گومان له‌«منی» خۆی بکات، چونکە له‌جەوهەریدا ئەو منە له‌ڕێگای بیرکردنەوەوە خۆی بەیاندەکات‌و بیرکردنەوەش دەتوانێت گومان له‌بوون‌و نەبوونی هەموو شتێک بکات، ئەوە نەبێت کە گومان له‌خۆی بکات کە بیردەکاتەوە. واتە من دەتوانم گومان له‌هەموو شتێک بکەم لەوە نەبێت کە ئەوە منم ئێستا دەنوسم‌و بیردەکەمەوە.

کێشەی گەورەی ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە گومان له‌هەموو شتێک دەکات، له‌من نەبێت... واتە باوەڕێکی تەواوی بەوە هەیە کە ئەوە «منم ... بیردەکەمەوە»، بێئەوەی ئەو پرسیارەبکات ئاخۆ بە ڕاست ئەوە منم کە بیردەکەمەوە؟. ئایا ئەوەی بیردەکاتەوە «ئەوانی تر» نین کە هاتوونەتە ناو من‌و له‌ڕێگای منەوە بیردەکەنەوە؟. ئاخۆ منێک هەیە بەبێ ئەوەی ئەوانی دی دەستێکی گەورەیان له‌دروستکردنیدا هەبووبێت، ئاخۆ «من» دەتوانم بێ ئەو چەک‌و کەرەستانەی ئەوانیدی دەمدەنێ، وەک زمان، هێماکان، ئەزموونەکان، راهێنانەکان، فێرکردنەکان، کولتوورەکان... بوونم هەبێت‌و بیربکەمەوە؟. ئاخۆ دیکارت خۆی لەوەهمێکی گەورەدا نەبووە کە «من» بە بنەمایەکی سەرەتایی‌و گومان هەڵنەگر سەیردەکات؟ «من» چییە جگە له‌بەرهەمی زمانێک کە خۆی دروستی نەکردوە، زمانێک پڕە له‌مانا‌و جەبر‌و فۆرمی شاردراوەی بڕیار، پڕ له‌حوکمگەلێک دایک‌و باب‌و پەروەردە چاندوونی، پڕ له‌ڕوانین‌و سەیرکردن‌و تێگەیشتنێک بەرهەمی کولتوور‌و پەروەردەی ئەوانیدییە.
ئەم منە دیکارتییە لای بەشی هەرە زۆری فەلسەفەکانی دوای خۆی دەکەوێتە بەر ڕەخنەی توند. هیگڵ ئەم منە دیکارتییە بچوکە، ئەم کۆجیتۆیە کە دەیەوێت لەوێوە کۆی گەردون تەفسیربکات، دەخاتە لاوەوە‌و تەواوی ئەو شتانەی لەوێوە دێنەدەرێ بە بەرەنجامی جوڵەی عەقڵێکی گەردونی حیسابدەکات، کە تەنیا بەشێکی بچوکی له‌مندا دەردەکەوێت‌و دەرکەوتنیشی ملکەچی یاساکانی جوڵەی ناو ئەو عەقڵە گەردونییەیە. واتە لای هیگڵیش ئەوەی له‌مندا ڕوودەدات‌و دەردەکەوێت‌و بەرهەمدێت، بەرهەمی من نییە، بەڵکو بەرهەمی یاساکان‌و دەرکەوتەکانی ئەو عەقڵە گەردونییەیە... «من» هیچ نییە جگە له‌ڕەشنوسێک کە ئەو عەقڵە ئیدیالیستییە باڵایە شتەکانی خۆی لەسەر دەنوسێت.
مارکسیش هەمانشێوە بە گوتە بەناوبانگەکەی «من» لەسەر عەرشی یەکەم لادەبات‌و شوێنێکی تری بۆ دەکاتەوە. کاتێک دەڵێت واقیع هوشیاریی دەستنیشاندەکات، نەوەک هوشیاریی واقیع دەستنیشانبکات. واتە هوشیاریی من‌و بیرکردنەوەی من هەردووکیان بەرهەمی هێزێکی دەرەکیین کە له‌منەوە دەرناچێت، بەڵکو من دروستکراوی ئەوم‌و بەرهەمێکم له‌بەرهەمەکانی.
لێرەدا پێویست ناکات باس لەو هەموو گورزە کوشندەیە بکەم کە دواتر لای کەسانی وەک فرۆید‌و بونیادگەرەکانەوە له‌منی دیکارتی دەوەشێنرێت، چونکە بابەتێکی گەلێک درێژە، بەڵام مەبەستمە لێرەدا، تیشک بنێمە سەر نیگایەکی دۆڵۆز بۆ تێگەیشتنی «ئەویدی» کە جیاوازە له‌تێڕوانینی زۆربەی فەیلەسوفانی دی.
گەر له‌ڕوانگەی زۆربەی فەلسەفەکانەوە سەیری پەیوەندی «من»‌و «ئەویدی» بکەین، وەک جۆرە پەیوەندییەکی دوژمنکارانە دەیبینین، هەمیشە پرسیارەکە ئەوەیە: ئاخۆ «من» ئازادە یان نا؟ ئەگەر ئازاد نییە چۆن خۆی له‌داگیرکردنی بەردەوامی ئەوانیدی بپارێزێت؟. بەجۆرێک وێنەی ئەویدی له‌زۆربەی فەلسەفەکاندا وێنەیەکی نەگەتیڤە، ئەویدی هەمیشە داگیرکەر‌و خۆسەپێنە. گەورەترین بەڵگەشم هاوکێشەی «ئاغا‌و کۆیلەی» هیگڵییە کە پەیوەندی مرۆڤ‌و مرۆڤ هەمیشە وەک ململانێی ملکەچاندن وەسفدەکات. لەوەش بترازێت قسە بە ناوبانگەکەی سارتەرە «دۆزەخ ئەوانیدییە»، بەڵگەیەکی ڕۆشنترە کە ئەویدی هەمیشە سەرچاوەی ترس‌و هەڕەشەی بەردەوامە بۆ «من». لەوانەش ڕوونتر زاراوەی «ئەویدی گەورە» ـی لاکانییە، کە فەیلەسوفێکی وەک ژیژیک له‌هەموو شوێنێکی ژیان‌و له‌هەموو جێگایەکدا وەک چاوی چاوەدێر، وەک خولقێنەری ویژدان، وەک دروستکەری خواستی ئینسانی مۆدێرن دەیبینێت.
دۆلۆز لەڕەخنەکردنی کۆجیتۆی دیکارتیدا لەسەر هەمان خەت دەڕوات کە فەیلەسوفانی پێش خۆی گرتوویانە. واتە ڕای وایە «من» یاخود «سوبێکت» ناتوانێت له‌دۆخێکدا تەواو له‌جیهانی دەرەوە، لەشتەکان، له‌ئەوانیدی دابڕابێت قسە لەبوونی خۆی بکات. لای دۆلۆز من شتێک نییە له‌ناو مندا بێت، له‌شوناسێکدا وێنابکرێت، له‌یەک ڕەنگدا کورتبکرێتەوە... من هەمیشە بەڕێگاوەیە، له‌پرۆسەیەکی هەمەلایەنە‌و بێسنووری «دووبارەبوونەوە»‌و «جیاوازی» دایە، له‌شتە دووبارەکان جیاوازی دەخولقێنێت‌و له‌ناو جیاوازیشدا کۆمەڵێک ڕەگەزی پێشوو دووبارەدەکاتەوە. من شوێنێک‌و ساتێکی دیاریکراوی نییە تا بتوانین لەدەرەوەی جیهان بیگرین، دوور لەوانی دی تەماشایبکەین، بەڵکو ئامێرێکە بەستراو لەگەڵ دەیان ئامێری دیکەدا کە وەک مەکینەیەکی گەورە بەردەوام شت وەردەگرێت‌و شت دەنێرێت. لەسەر ڕاستە هێڵێک نییە تا بتوانین دوای بکەوین، بەڵکو لەیەککاتدا لەسەر زیاد له‌هێڵێکە.. لەزیاد له‌شوێنێکدایە، گەڕۆکە، بوونەوەرێکە دەیان دەرگای هەیە، پێچاوپێچ دەژی‌و پێچاوپێچ دەجوڵێت.. له‌هەر دەرگایەکییەوە شتێک دێت‌و شتێک دەڕوات، له‌بازدانێکی بەردەوامدایە، هەمیشە له‌پتر له‌ئاستێکدا وەستاوە.
فەلسەفەکانی پێش دۆلۆز «ئەویدی» یان هەمیشە یان وەک «خودێک ـ سوبێکتێک»ـی دەرەکی تر، یان وەک «ئۆبێکتێک ـ بابەتێک»ـی بێگانە‌و دوورە مرۆڤ سەیردەکرد... بەڵام پێناسەی دۆلۆز بۆ ئەویدی شتێکی ترە، دۆلۆز ڕای وایە کە «ئەویدی» نە سوبێکتە‌و نە ئوبێکت، بەڵکو ئەوجێگایەیە کە هەڵگری ئەگەری هەموو جۆرە ژیان‌و جیهانێکە کە دەشێت مرۆڤ له‌ناویدا بێت... «ئەویدی» دونیای ئەگەرە کراوە‌و بێشومار‌و بێسنوورەکانە. ئەویدی نە نوێنەری جۆرە دەسەڵاتێکی نێرینە‌و باوکانە‌و چاودێریکەرە وەک لای لاکان‌و فرۆید دەیبینین، نە نوێنەری جۆرە دەسەڵاتێکی کوێرە، بەڵکو کایەیەکی کراوە‌و بێسنوورە کە له‌بێشومار وێنە‌و دەنگ‌و گوتراو‌و نوسراو‌و پەیام‌و ڕوانین دروستبووە، ئەویدی هیچ نییە جگە لەو پێشمەرجەی کە بوونی دونیا فەراهەمدەکات، واتە کە باس له‌دونیا دەکەین باس لەو هەمەرەنگییە بێسنوورەی «ئەویدی» دەکەین کاتێک دێت‌و کایەیەکی کراوە له‌ئەگەرمان دەخاتە بەردەست. ..
دۆلۆز بە گەرانەوە بۆ رۆمانێکی میشێل تۆرین، کە له‌جێگایەکدا باس له‌چۆنێتی «جیهانێک بەبێ ئەوانیدی» دەکات. دونیا بەبێ ئەویدی وەک جیهانێکی بچوک‌و داخراو‌و بێئەگەر دەبینێت کە وەک میشال تۆرین دەڵێت «جگە له‌ناکۆکی کوشندەی نێوان خۆر‌و زەوی» هیچی دی تێدا نییە... بوونی خۆسەلماندن، بوونی جوڵە، بوونی گۆڕان تەنیا بەبوونی ئەوانیدییەوە بەستراوە. «من» تەنیا لەسەر هێڵێک‌و لەجێگایەکدا هەیە کە ئەوانی دی کێشاویانە، ئێمەش دەچینەوەسەری‌و ئاسەوار‌و جێدەستی خۆمانی دەخەینەسەر، بەبێ ئەویدی شتێک نییە ناوی دونیا‌و ناوی ئەگەری ئیشکردن بێت، توانای ژیان، توانای جوڵە، قسەکردن، بیستن، نیگارکردن، هاوارکردن، خۆشیبینین، ئازار هەمووی بەو دونیایەوە بەستراوە کە دونیای «ئەویدییە». واتە «من» شتێک نییە له‌خۆیەوە بژی‌و ئازاد بێت‌و بیربکاتەوە، بەڵکو مەرجێکی پێشوەختی هەیە کە «ئەویدی»یە.. جیاوازی نێوان دۆلۆز‌و فەیلەسوفانی دی ئەوەیە کە دلۆز له‌ئەوانیدیدا هێزێکی شەڕانی نابینێت، بەڵکو زەمینێکی فراوانی سوڕاندنەوە‌و بازدان‌و یاریکردن‌و گەران دەدۆزێتەوە کە بوونی «من» بەبێ بوونی ئەو زەمینەیە هەم دۆزەخە‌و هەم نەکردەو نەشیاوە.. لێرەوە ئەوانیدی بەردەوام دۆزەخ نین، بەڵکو دروستکەری هەموو ئەوهێڵ‌و دەرگا‌و رێگایانەشن کە دەتوانین لێوەی له‌مەترسی‌و جەبر‌و هەڕەشەکان رابکەین... بۆیە بۆ راکردن له‌ئەوانیدی، بۆ خۆشاردنەوە لەوان، جگە لەو رێگا‌و دەرگایەنەی تر کە کەسانێکی دی، سوبێکتی دی کێشاویانە شوێنی ترمان نییە... ئینسان هەمیشە لەگەڵ ئەویدیدایە، بەڵام ئەویدی رووبەرێکی یەک رەنگ نییە، بەڵکو له‌یەک ساتدا هەزاران شێوە‌و دەنگ‌و جوڵەو رەنگ دەدرەوشێتەوە‌و زیاد له‌ئەگەرێک‌و زیاد له‌توانایەکی بینین‌و ژیانمان پێشکەشدەکات. واتە بە کورتی «ئەویدی» تەنیا جەبر دروست ناکات، بەڵکو لەگەڵماندا دروستکەری ئازادیشە.

Tuesday 26 July 2011

رۆحە گەردونگەراکان‌و ناسیونالیزم


یەکێک لەو ڤایرۆس‌و ئافەتە کوشندانەی سەدەی نۆزدە‌و بیست بۆ مرۆڤایەتی بەرهەمهێنا، فیکری ناسیونالیستی بوو. ئەم دوو سەدەیە جیاواز له‌هەموو سەردەمەکانی تر، بە لێشاو ئایدیا‌و بۆچون‌و مەزهەب‌و زانستیان دروستکرد. له‌ناو لابۆرەکانی ئەم دوو سەدەیەدا مرۆڤ سەدان چەشن فەنتازیا‌و ئایدیا‌و تیوری بەرهەمهێنا‌و بەشی هەرە زۆری ئەو ئایدیایانەشی خستە بواری پراکتیزەکردنەوە. هەوڵەکانیشی بەپێی شوێن‌و بەپێی کات دەرەنجامی جیاوازیان لێکەوتەوە، یەکێک لەو ئایدۆلۆژیا هەرە ترسناک‌و کوشندانەی کە له‌لابۆرەکانی ئەو دوو سەدەیەوە هاتەدەرێ، فیکری «ناسیونالیستی» بوو. ڤایرۆسێکی گەردونی کە هیچ کونج‌و جێگا‌و کەلێنێکی سەرزەوی نەما نەیگرێتەوە، تا ئێستاش کەم رۆح‌و کەم عەقڵ هەن بە داوی گیرۆدەنەبن‌و رەخنەکردنی له‌هەموو جێگایەک‌و له‌ناو هەموو کولتورەکاندا هەم جورئەتی دەوێت‌و هەم کەم کەس خۆی بۆ تەرخاندەکات... ناسیونالیزم، شێرپەنجەیەکی عەقڵی‌و ئەخلاقی گەورەیە کە هەرچۆنێک بیبڕیت بەجۆرێکی دیکە‌و لەسەرێکی دیکە‌و بە دەمامکێکی ترەوە دەگەڕێتەوە. بە بڕوای من کێشەی هەرە گەورەی ناسیونالیزم ئەوەیە ڤایرۆسێکە، سەرەتا له‌هەناوی خۆرئاوا‌و لەگەڵ پرۆسەی سەرهەڵدانی پیشەسازی‌و لەگەڵ خواستی کەپیتالیزمدا بۆ گەشەسەندن‌و پەلهاویشتن بە دونیادا گەورەبوو. واتە ئایدۆلۆژیایەکە کە دێت دەتوانێت تەواوی هێزەکانی مۆدێرنە‌و دەرەنجامەکانی زانست بخاتە خزمەتی خۆیەوە. سەرەتا نەتەوەکانی خۆرئاوا توشی ئەو دەردە دەکات کە ئەوان جنسێکی گرنگترن‌و دەبێت نەتەو‌ه‌و رەنگ‌و رەگەزەکانی دی کڕنوشیان بۆ ببەن‌و ببنە کۆیله‌و خزمەتکاریان، دواتر ئەم دەردە له‌خۆرئاوا دێتەدەرێ‌و دەبێت بە نەخۆشی هەموو میللەتە گەورە‌و بەهێزەکان کە لەدەرەوەی خۆرئاوا سەنتەری هێز‌و ئیمپراتۆرییەت بوون، تا دەگاتە جێگایەک میللەتە بچوک‌و پلیشاوە‌و ژێردەستەکانیش بۆ خۆپاراستن‌و بەرگریکردن هەمان میکانیزمی نەتەوەپەرستی وەک تاکە هۆ‌و کەرەستەی مانەوە بەکاردەهێنن. ترسناکی ناسیونالیزم ئالێرەدایە، کاتێک ئەوانەی دەبن بە قوربانی ناسیونالیزم، جگە له‌خودی ناسیونالیزم کەرەستە‌و هۆکار‌و ئایدیایەکی دیکەی جیاواز له‌ناسیونالیزم نادۆزنەوە بەرگری له‌خۆیان پێبکەن، بەمجۆرە ئەو گێژاوە ئەبەدی‌و تاریکە دروستدەبێت کە تا ئەمڕۆ دونیا تێیدا دەژی «نەتەوە دژی نەتەوە، نەتەوە دژی نەتەوە...هتد»... بەجۆرێک له‌هەندێک قۆناغدا لەسەر زەوی نەتەوەیەک نامێنێت دوژمنی گەورەی نەبێت‌و خۆی له‌مەترسیدا نەبینێتەوە. گەورەترین هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ناسیونالیزم ئەوەیە، کە نەتەوە ژێردەست‌و قوربانییەکانی وەک ئێمە توشی ئەو وەهمە دەبین کە پێمانوایە له‌بری رەخنەگرتن له‌ناسیونالیزم، وەرگرتن‌و هەڵگرتنی ڤایرۆسەکە له‌خۆماندا دەمانپارێزێت، لێرەوە ئەو تێزە‌و بۆچونە ترسناکانە سەرهەڵدەدەن کە کێشەکانی ئێمە دەگێڕنەوە بۆ لاوازی «هەستی نەتەوەیی»، بۆ ئەوەی ڤایرۆسەکەمان باش هەڵنەگرتووە‌و باش تاعونەکە له‌جەستەو رۆحماندا بڵاونەبۆتەوە. له‌ڕاستیدا مرۆڤ بۆئەوەی نەتەوەی خۆی خۆشبوێت، خزمەتی زمان‌و کولتوری خۆی بکات، بەرگری له‌مافە سیاسییەکانی خۆی بکات، کەم‌و زۆر پێویستی بەوە نییە ناسیونالیست بێت... من تا پلەی عەشق حەزم له‌زمانی کوردییە، سەرسامم بەو توانا بێکۆتاییانەی لەم زمانەدا هەیە، بەڵام گەر ئەم حەزە هاوشانی عەقڵێکی ناسیونالیستی بوو، دەگۆڕێت بۆ جۆرێک له‌دیلێتی، بۆ جۆرێک له‌زیندان کە له‌زمانەکانی تر‌و کولتورەکانی ترم دوردەخاتەوە، دەبێت بە بەرهەمهێنی ئەو وەهمەی وابزانم تەنیا زمانی کوردی جوانە، تەنیا ئەم زمانە دەتوانێت شاعیریی‌و عاشقانە بێت، ناسیونالیزم مرۆڤ له‌ماڵی خۆیدا دیلدەکات‌و وادەکات هەر له‌چواردیواری خۆی چووەدەرێ، نەبین بێت‌و لەدونیادا ونببێت. له‌ڕاستیدا ناسیونالیزم شتێکە‌و پراکتیککردنی ئینسانییەتی خۆت له‌قاڵبی زمانێک‌و له‌چوارچێوەی تێگەیشتنێک‌و له‌نێو پێکهاتێکی کولتوری‌و سیاسییدا شتێکی ترە. تێکەڵکردنی ئەنقەستی ئەم دوو ئاستە بۆئەوەیە مرۆڤە سادەکان واتێبگەن ناسیونالیزم قەدەرە‌و جگە له‌ناسیونالیست بوون هیچ چارەیەک نییە. له‌کاتێکدا خۆشویستنی ماف‌و ئازادی‌و زمانی خۆت، دەکرێت سێ چەکی تەواو کارای دژ بە ناسیونالیزم بن، نەوەک سێ چەکی کارای ناسیونالیزم.
لەو ساڵانەی دواییدا من بەردەوام بەرگریم لەو تێزەیە کردوە کە پێداگرتنی کورد لەسەر گوتاری ناسیونالیزم پێداگرتن‌و بەهێزکردنەوەی هەموو ئەو سیستمە ئایدۆلۆژییەیە کە ناهێڵێت کورد ئازادبێت، لێرەوە خەباتی ناسیونالیستی کوردیی بەردەوام سیستمی «کۆیلەیەتی ناسیونالیستی» له‌خۆرهەڵاتدا بەرهەمدەهێنێتەوە. بۆیە سەیر نییە کورد بەردەوام خەبات دەکات، بەڵام بەردەوام زیاتر‌و زیاتر له‌دیلی‌و ژێردەستی‌و پاشکۆیەتی سیاسیدا دەچەقێت، چونکە بەو خەباتەی لەبری ئەوەی هەوڵبدات له‌تونێلی ناسیونالیزم بێتە دەرێ، زیاتر‌و زیاتر ئەو چاڵە قوڵدەکاتەوە‌و بۆ خوار رۆدەچێت. تاکە رێگایەک بە هۆیەوە ئێمە ببینە خاوەنی دەوڵەت‌و مافەکانمان دەستەبەربکەین، بە ناو هەرەسی ناسیونالیزمدا دەڕوات، هەرەسی ناسیونالیزمیش بەبێ پرۆسەیەکی رەخنەیی دورودرێژ‌و هەڵتەکاندنی هەموو بناغە نائینسانییەکانی نایەتەدی. لێرەوە تاکە رێگایەک ئێمە له‌جەوری ناسیونالیستی رزگاربکات، ئەوەیە لەدەردی ئەوجۆرە شەڕە دوربکەوینەوە کە بە ناسیونالیزم شەڕ لەگەڵ ناسیونالیزمدا بکەین. بەبێ وەرگەڕانێکی قوڵ له‌جەوهەری بزوتنەوەی سیاسی کوردیدا، کە تێیدا رەخنەگرتن له‌ناسیونالیزم بە هەموو رەنگ‌و دەرکەوتە‌و شێوەکانییەوە ببێتە جەوهەری گوتاری سیاسی ئەم بزوتنەوەیە، ئەستەمە ئێمەی کورد له‌هیچ پارچەیەکدا لەو تونێله ‌تاریکە دەرچین... هەڵبەت بە ئاگاداری تەواوەوە لەو راستییەی کە ئەوەی رێگری له‌زمان‌و ماف‌و ئازادی من دەکات ناسیونالیزمە‌و ئەوەشی زمان‌و ئازادی من مسۆگەردەکات، دژایەتی ناسیونالیزمە، نەوەک شەڕی ناسیونالیزم بە ناسیونالیزم.
دیارە رۆحەگەردونگەراکان هەمیشە کێشەیەکی قوڵیان لەگەڵ ناسیونالیزم‌و دیلێتی مرۆڤدا له‌ناو قاڵبی نەتەوەدا هەبووە. لێرەدا تەنیا مەبەستم لەو بزوتنەوە سیاسییە نوێیانە نییە کە قسە له ‌«هاونیشتیمانی جیهانی» دەکەن‌و لەساڵانی دواییدا فەیلەسوفە گەورەکانی وەک دێریدا‌و ژولیا کریستیڤا‌و ئەنتۆنێۆ نێگری‌و ئێتینا بالابار نوێنەرایەتیدەکەن، بەڵکو مەبەستم لەجۆرە رۆحێکی ئەنتی ناسیونالیستییە کە لەوپەڕی باڵادەستی‌و بەربڵاوی ناسیونالیزمدا له‌ناو رۆشنفیکرە گەورەکانی دونیادا له‌کاردا بووە..
ئەو رۆحە گەردونگەراییە هەتا له‌ناو هەندێ لەو نوسەر‌و فەیلەسوفانەشدا دەبینرێت کە کەموزۆر لەم قۆناغ یان ئەوی دیکەدا خاڵی نەبوون له‌هەوا‌و هەوەسی ناسیونالیستی، بەڵام ئەوەی مەترسیدارە بەردەوام ناسیونالیستەکان هەوڵدەدەن ئەو رۆحە گەردونگەراییە بچوکبکەنەوە‌و بیکوژن. ناسیونالیزم دەیەوێت هەموو نوسەرێکی گەورە‌و رۆحێکی گەورە بکات بە ناسیونالیست. له‌ساڵانی سی دا کە ئایدۆلۆژیای نازی له‌کاردا بوو، خوێندنەوەیەکی تایبەت‌و ترسناکی ئەدەبیاتیش سەری هەڵدا کە رۆحە گەورەکانی ناو ئەم ئەدەبیاتەی له‌جوغزی ناسیونالیستیدا دیلدەکرد. گۆڕینی نیتشە یان گۆتە یاخود شیللەر بۆ پەیامبەر‌و مژدەبەخشی رۆحی نازییەت، بەشێکی ترسناکی پڕوپاگەندەی نازی بوو، وەک چۆن لەم ساڵانەی دوایشدا ناسیونالیستە عەرەبەکان بە پان‌و درێژی مێژوی دێرین دەکێڵن تا لەوێدا قارەمانتاشی بکەن. لەو رۆژانەی دواییدا کەوتم بەسەر وتارێکدا کە ساڵی 1928 هێربەرت سێزارێتس سەبارەت بە «شیللەر‌و سەدەی بیست» نوسیوێتی. لەو وتارەدا بە رونی دەبینین عەقڵی سنورگەرای ناسیونالیستی چۆن دەیەوێت رۆحەگەردونگەراکان بچوکبکاتەوە‌و بیانخاتە جوغزی بچوکی نەتەوەوە. لای سێزارێس شیعری شیللەر تەعبیر له‌ڕۆحی شیعر ناکات، بەڵکو تەعبیر له‌ «ئەڵمانیا» دەکات. نەک هەر ئەوە، بەڵکو پێیوایە له‌هەموو دیمەنێکی شانۆگەرییەکانی شیللەردا «نائاشکرا یاخود تەواو ئاشکرا سەربازێک ئامادەیە». سەربازێک کە بەبڕوای نوسەر تەعبیرە له‌ڕۆحی خەباتگێڕ‌و نەبەزی ئەڵەمانی، رۆحێکی رزگارکەر کە جەنگ لەگەڵ ئەو دیاردانەدا دەکات کە ئاسان خزمەت بە رۆحی دەستەجەمعی نەتەوەیی ناکەن.
ئەوە تەنیا نمونەیەکە بۆ ئەوەی تێبگەین ناسیونالیزم چۆن رۆحەگەردونگەراکان بچوکدەکاتەوە. بۆیە زۆر له‌داهێنەرە گەورەکانی سەدەی بیست خۆیان راستەوخۆ دژ بە ناسیونالیزم دێنە مەیدان، بەبڕوای من هیچ چارەیەکیش نییە جگە لەوەی ئاشکرا‌و بێچەندوچون بێنە مەیدان. لێرەدا تەنیا دوو نمونە وەردەگرم، یەکێکیان تاغوور‌و ئەوی دیان بۆرخیس، کە وادەزانم هەردووکیان کەم‌و زۆر لای خوێنەری ئێمە ناسراون. تاغوور له‌وتارێکی دێرینیدا دەنوسێت «من دژی نەتەوەیەکی دیاریکراو نیم، بەڵکو من بە گشتی دژی بیرۆکەی نەتەوەم». بەبڕوای تاغوور گەورەترین مەترسی ناسیونالیزم لەوەدایە کە توانای مرۆڤ لەسەر خۆبەختکردن بەجۆرێکی بەد بەکاردەهێنێت‌و له‌ماناکانی دەکاتە دەرەوەو له‌نرخە ئەخلاقییەکانی دادەبەزێنێت. ناسیونالیزم مرۆڤەکان توشی ئەو شەیدابوون‌و مەستییە دەکات کە گوایە خۆبەختکردن‌و خۆفیداکردن بۆ نەتەوە، باڵاترین بەها‌و بەرزترین نرخە. ئەم ئایدۆلۆژیا ترسناکە واله‌مرۆڤەکان دەکات بۆ کینە‌و ناهەقی شەڕبکەن، کەچی وادەزانن واجیبی خۆیان جێبەجێدەکەن‌و بۆ ئازادی دەجەنگن. ناسیونالیزم لای تاغوور وەهمێکی گەورەیە بەردەوام خەباتگێڕانی ئازادی دەکاتە خزمەتکاری کۆیلەیەتی.
بۆرخیس له‌پەراوێزی باسکردنی تاغووردا، تێڕوانینەکەی ئەو دەگەێنێتە دوا دەرەنجامی‌و دەڵێت «ناسیونالیزم مرۆڤەکان تەنیا بە زێڕ‌و دەسەڵات ناڕازێنێتەوە، بەڵکو سەرکێشی، خۆفیداکاریی‌و مەرگی شەرافەتمەندانەشیان پێشکەشدەکات». تا دەگاتە ئەوەی رستەیەکی زۆر گرنگ‌و ترسناک بنوسێت، کەبەبڕوای من تەعبیرێکی تەواوەتییە لەو جەوهەرە ناکۆک‌و ترسناکەی هەموو مۆراڵێکی ناسیونالیستی لەسەر راوەستاوە. بۆرخیس دەڵێت «ئەوەی ئامادەبێت ببێتە شەهید، دەشێت بشبێتە جەلاد».
تاغوور‌و بۆرخیس هەردووکیان دوو رۆحی گەورەی گەردونگەرابوون، یەکێکیان له‌هیندستانەوە‌و ئەوی دی له‌ئەرژەنتینەوە... خەباتی تاغوور‌و دژایەتیکردنی بۆ داگیرکردنی ئینگلیزی له‌هیندستان، رێگای ئەوەی لێ نەگرت کە کولتوری ئینگلیزی وەک خۆرێک ببینێت‌و لەو پێکهاتە سیاسییەی جیایبکاتەوە کە ستەمی ناسیونالیستی بەرهەمدەهێنێت. لێرەوە تاغوور له‌لێکدانی رۆحی خۆرهەڵات‌و رۆحی خۆرئاواوە وەک سۆفییەکی گەردونگەرا گەورەبوو کە بۆ هەتاهەتایە نیشانەی ئەو یەکێتییە رۆحییە قوڵەیە کە هەموو مرۆڤەکان پێکەوە دەبەستێتەوە. بۆرخیسیش هەمان شێوە، کوێری‌و نابینایی رێگای ئەوەیان لێنەگرت هەموو کولتورەکانی سەر زەوی بە ماڵی خۆی بزانێت، خۆی وەک ئەوروپییەک ببینێت‌و دەستی تێڕوانین‌و داهێنانیشی بباتە نێو کولتووری چینی‌و ئیسلامییەوە. یەکێک له‌وتارەکانی بە ناوی «بۆ خۆم وەک ئەوروپییەک دەبینم»ـە‌و لەساڵی 1985 دا نوسیوێتی، لەوێدا بۆرخیس وادەبینێت کە کارەساتی گەورەی ئەوروپا ئەوەیە کە بیریچۆتەوە ئەوروپایە، واتە بیریچۆتەوە کە دەشێت لانکەی سەرهەڵدانی رۆحێکی گەردونگەرا بێت، کە جیاوازە له‌هەموو رۆحێکی نەتەوەپەرستی. بۆرخیس تەواوی تراژیدیا گەورەکانی سەدەی بیست دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەوروپییەکان چیتر وەک ئینگلیز‌و فەڕەنسی‌و ئەڵەمان خۆیان دەبینن، نەوەک وەک ئەوروپی. تراژیدیای ئەرژەنتینیش لەو ساتەدا کۆدەکاتەوە کە ئەرژەنتینییەکان بڕیاردەدەن له‌ڕەگوڕیشە ئیسپانییەکانیان داببڕێن‌و خۆیان له‌ئەوروپا جیابکەنەوە. هەر یەک له‌تاغوور‌و بۆرخیس پێماندەڵێن کە خۆخزاندن له‌قاوغی نەتەوەدا بەردەوام میللەتان بەرەو داخستن‌و خۆخواردنەوە‌و گەشەنەکردن دەبەن، میللەتان تا پتر خۆیان له‌بازنە کولتوورییە گەورەکان بدزنەوە، زیاتر توشی وەهم‌و گەورەیی درۆزن دەبن، خێراتر خۆیان بەسەرکێشی کوێرانەدا دەدەن. من لەو باوەڕەدام ئیشی هەموو رۆشنبیرێک ئەوەیە کە لەسات‌و شوێنی خۆیدا، نەتەوە له‌وەهمەکانی خۆی رزگاربکات‌و نوێنەری ئەو رۆحە گەردونگەرایە بێت کە کولتوورە بچوک‌و ناسیونالیستییەکان لێیدەترسن، چونکە ئەوە تاکە رێگایە نەتەوەیەکی بچوک له‌بەرداشی ترسناکی ناسیونالیستە گەورەکان بپارێزێت‌و تاکە رێگاشە له‌مردن له‌ناو سەدەفی خۆیدا دووریبخاتەوە.

Friday 15 July 2011

دەربارەی گرنگی‌و مەترسییەکانی ئاوێنە

له‌ساڵی 1932دا، ساڵێک بەرله‌وەی هیتلەر دەسەڵات وەربگرێت، «ئەلیاس کانیتی» دەستدەکات بە نوسینی شانۆنامەی «کۆمیدیای خۆپەسەندی»، ئەوکات کانیتی تەمەنی بیست‌و حەوت ساڵە، نازییەت‌و فاشیزم بە هەموو هێزی خۆیان لەدەرگاکانی ئەوروپا دەدەن، سەرەتای سەردەمێکی تاریک بەڕێوەیە، زۆربەی مرۆڤەکان لەژێر کاریگەری دروشم‌و گفتی نەتەوەپەرستەکانی ئەوروپادا خۆیان ونکردوە، ئایدۆلۆژیا تۆتالیتارەکان له‌هەموو جێگایەک هۆش‌و خەیاڵی مرۆڤیان شێواندوە، تاکگەرایی‌و نرخی مرۆڤ له‌نزمترین ئاستدان. ساڵی 1934 له‌ڤییەنا نوسینی شانۆنامەکە تەواو دەبێت، کە ئەودەم ئەوێش شارێکە وەک زۆربەی جێگاکانی دی ئەوروپا قاندراو بە رۆحی فاشییزم. بابەتی شانۆنامەکەش گەلێک سەرەنج راکێشە «چیدەبێت گەر مرۆڤ نەتوانێت وێنەی خۆی ببینێت؟». شانۆگەرییەکە باس له‌ژیان دەکات لەسایەی سیستمێکی زاڵمدا کە رێگا له‌مرۆڤەکان دەگرێت «سەیری خۆیان بکەن»، وڵاتێک تێیدا ئاوێنە‌و وێنە‌و کامێرا‌و هەموو جۆرە کەرەستە‌و ئامێرێک قەدەغەیە کە کۆمەک بە مرۆڤ بکەن یان دەرگای ئەوەی بۆبکەنەوە تەماشای خۆی بکات. له‌خود روانین، دەرگای خۆپەسەندییە‌و خۆپەسەندیش مرۆڤەکان له‌خزمەتی گشتی دوردەخاتەوە، مرۆڤ کە رێگای ئەوەی لێگیرا خۆی ببینێت، رێگای ئەوەشی لێدەگیرێت خۆپەسەند بێت، هەرکات خۆپەسەندیش نەبوو، وزەی خۆی له‌خۆئەڤینیدا سەرف ناکات‌و دەیخاتە خزمەتی قازانجی گشتییەوە. ئەوە کورتەی فەلسەفەی ئەو سیستمە زوڵمکارەیە. بەڵام ئاخۆ مرۆڤ دەتوانێت بێ ئاوێنە بژی؟ ئایا گەر خۆی نەبینێت چۆن دەژی؟ کۆمەڵگای بێ ئاوێنە، چ جۆرە کۆمەڵگایەکە؟ چی رودەدات گەر مرۆڤەکان دەموچاوی خۆیان نەبینن، ئایا ئەوەی خۆی نەناسێت دەتوانێت جیهان بناسێت؟ له‌شانۆنامەکەی کانیتیدا دوای دەساڵ بەسەر قەدەغەکردنی وێنە‌و ئاوێنەدا کۆمەڵگایەک دروستبووە مرۆڤەکانی بێشوناسن، بێڕوخسارن، جێگایەکە دەسەڵات چۆن بیەوێت مرۆڤەکان بەوجۆرە لێدەکات، بەڵام له‌بەرامبەردا، کۆمەڵگایەک دروستبووە کە تێیدا ستایشکارانی درۆ زاڵن، ئەوانەی بە وشە‌و له‌ڕێگای وەسف‌و پیاهەڵنانەوە، وێنەیەک دەبەخشن بە مرۆڤەکان‌و دەموچاوی جوان‌و شێوازی فریشتەییان بۆ نیگاردەکەن‌و وادەکەن خۆپەسەندییان تێربێت، باڵادەست‌و باون. بەبڕوای کانیتی، خواستی خۆناسین له‌مرۆڤدا، خواستێکی قوڵە، کە رێگا له‌مرۆڤ گیرا خۆی ببینێت، پیشەسازی درۆ‌و نیفاق دەگاتە ئەوپەڕی. وای لێدێت، وەک چۆن له‌هەندێ شاردا بە نهێنی ماڵە سۆزانی هەیە، لەو شارەدا ماڵ هەبێت بە نهێنی لەتە ئاوێنەیەک دابنێت‌و مرۆڤەکان بچن‌و لەوێ وەک حەرامێکی گەورە لەزەت له‌سەیرکردنی خۆیان ببینن. پەیوەندی مرۆڤ‌و وێنەکەی خۆی بەجۆرێک تێکدەچێت، له‌کۆتایدا کە ئاوێنە دەگەڕێتەوە، خۆئەڤینی گەماردۆدراو‌و خنکاوی ناو مرۆڤەکان، خۆپەسەندی کوژراویان بە جۆرێکی وا لافاو ئاسا هاژەدەکات، مرۆڤەکان چیتر ئەوەندەی بۆ پەیوەندی خۆیان بە وێنە‌و ئاوێنەکانەوە دەژین، رێگای لەیەکدی تێگەیشتن‌و پێکەوەژیانیان نامێنێت.
شانۆگەرییەکە دوو کێشەی زۆر گەورە دەخاتە بەردەممان. یەکەم کێشەیەکی کۆمەڵایەتی‌و سیاسییە: دورخستنەوەی مرۆڤ لەوەی خۆی ببینێت‌و خۆی بناسێت، هەوڵێکی فاشیستییە بۆ ونکردن‌و سڕینەوەی مرۆڤ لەناو مێگەل‌و کۆگەلی خەڵکدا، کە دواجار بوونەوەرێکی بێشوناس‌و بێکاراکتەر دروستدەکات. دووەمیان کێشەیەکی گرنگترە: ئایا مرۆڤ گەر نەتوانێت وێنەی خۆی ببینێت، ئەو وێنەیە نەدۆزێتەوە، ئەو وێنەیەی خۆشنەوێت چی رودەدات؟ یان بە پێچەوانەوە گەر کەوتە عەشقی ئەو وێنە ونبووەی خۆی چی دەبێت؟ بەبڕوای من شانۆگەرییەکەی کانیتی قووڵتر لەوە دەڕوات تەنیا رەخنە بێت له‌مێگەلگەرایی ناو فاشیزم‌و دەمانبەستێتەوە بە کێشەی شوناسەوە بە گشتی. له‌ڕستەیەکدا کە زۆر سەرەنج راکێشە، یەکێک له‌کاراکتەرەکان دەڵێت «دۆزەخ ئاوێنەی لێ نییە... ئەوە تەنیا ئێمەین کە ئاوێنە‌و وێنە‌و فۆتۆگرافمان هەیە». بەبڕوای ئەوانەی ئاوێنە قەدەغەدەکەن، ئینسان کارێکی شەیتانیتری له‌شەیتان لەدەست دەرچووە، کە ئەویش ئاوێنەیە، «ئەوەی لەبەردەم کامێردا دەوەستێت رۆحی بە کوێ دەگات؟»، ترسەکە لەوەدایە مرۆڤ خۆی سەربەخۆ وێنەیەک بۆ خۆی دروستبکات کە رەنگدانەوەی ئەو وێنەیە نەبێت کە کۆمەڵگا دەیەوێت، شوناسی مرۆڤ له‌هەموو کۆمەڵگا داخراوەکاندا، شتێکە دەبێت لەوانی تر وەریبگرین، ئەوە تەنیا فاشیزمی سیاسی نییە کە نایەوێت مرۆڤ ماهییەتی خۆی بدۆزێتەوە، بەڵکو هەموو کۆمەڵگا تەقلیدییەکانی وەک ئێمەش تا ئەو جێگایە ئاوێنەیان قەبووڵه ‌کە مرۆڤ شێوەی دەرەوەی خۆی لەبەردەمدا جوانبکات، نەوەک ئاوێنەیەک بەرەو ناسینی خۆمان بمانبات، له‌کۆمەڵگا داخراوەکاندا مرۆڤ بەردەوام دەبێت لەوانی تر بپرسێت: من کێم؟ ئەوانی دی ئاوێنەمانن، ئەوانی دی پێماندەڵێن: ئێمە کێین.
بەڵام ترس له‌ئاوێنە، مەرج نییە ترسێکی سیاسی‌و فاشی بێت، لەوانەیە تەواو ترسێکی تایبەتی بێت، لێرەدا رستەیەکی نوسەری پورتوگالی ناسراوم بە یادا دێتەوە کە لەو ساڵانەدا له‌پلەی نوسەرانی وەک کافکا‌و کافافی دا دادەنرێت «فێرناندۆ پێسوا»، ئەویش له‌«کتێبی نادڵنیایی» دا دەڵێت «ئەوەی ئاوێنەی دروستکرد، رۆحی مرۆڤی ژەهراویکرد». لای پێسوا «هیچ ئاوێنەیەک له‌ناخی خۆمان دەرمان ناهێنێت». واتە ئاوێنە دەشێت لەبری ئەوەی دەرمانبخات، خودێکی وەهمی‌و روکەش‌و درۆزنمان بۆ دروستبکات.
ئاوێنە بەسەرێکدا نیشانەی «خودئەڤینییە» نیشانەی حەزکردنی مرۆڤە له‌خۆی، ئاماژەیە بۆ ئامێرێک بە خۆمانەوە دەمانبەستێتەوە، بەو پرسیارە ئەبەدییەوە «ئێمە کێین؟»، بەڵام بەسەرێکی دیش دەکرێت له‌نیگارێکی خۆمان‌و شوناسێکدا دیلمانبکات‌و تەواو له‌دونیا دامانببڕێت، بەڵام جگە لەوانە ئاوێنە پرسیاری دیکەش دەکات، پرسیارەکانیشی زۆر جار له‌پرسیاری واقیع سەختترن. ئاوێنە ئاماژە نییە بۆ پارچەیەک شوشە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ شتێک له‌ڕێگایەوە دەمانەوێت لەوانی دی جیاببینەوە‌و سەربەخۆ وێنەیەک بۆ خۆمان دروستبکەین، وێنەیەک کە پەیوەندی خۆمان بە خۆمانەوە سازاندبێتی‌و هەمووی دەستکردی ئەوانی تر نەبێت. قەدەغەکردنی ئاوێنە له‌بنەڕەتدا ئاماژەیە بۆ ساتێک تێیدا سیستم نایەوێت مرۆڤ خەریکی خۆی بێت، فاشییەت بریتییە لەوەی تەنیا ئەوانی تر پێمانبڵێن ئێمە کێین، مرۆڤ کەرەستەی بینینی خۆی پێ نەبێت.
له‌هەموو جۆرە کۆمەڵگا داخراوەکاندا مرۆڤ کەرەستەی خۆناسین‌و خۆ بینینی لێ قەدەغەدەکرێت، بەڵام ئاوێنە ئامێرێکی ئاسان نییە، بە بڕوای من پرسیاری کانیتییش له‌ئاوێنە چەندە پرسیارێکی سیاسییە، ئەوەندە پرسیارێکی کولتووری تایبەتیشە بە شوناس. مرۆڤ لەگەڵ ئاوێنەدا دەشێت عاشقی خۆی بێت‌و بچێتە ناو خۆی‌و نەیەتە دەرێ‌و تیا بمرێت، وەک مردنی نەرسیس بەدیار وێنەی جوانی خۆیەوە له‌ئەفسانە یۆنانییە بەناوبانگەکەدا، بەڵام دەشێت ئاوێنە تەنیا مەجازێک بێت بۆ گەشتی خۆناسین له‌جیهاندا. ئەو ساتەی کە کانیتی تێیدا «کۆمیدیای خۆپەسەندی» دەنوسێت، تەنیا ساتی ترس نییە له‌نازییەت، بەڵکو ساتێکە کانیتی وەک گەنجێک قوڵ قەیرانی شوناس دەژی، لێرەدا ئاوێنە وشەیەکی مەجازییە بۆ گەشتی خۆناسینی مرۆڤ. کانیتی کە باس هەم له‌گرنگی‌و هەم له‌ترسناکی ئاوێنە دەکات، ناڕاستەوخۆ باس له‌گرنگی‌و ترسناکی شوناس دەکات. نەبوونی شوناس مانای توانەوە له‌مێگەلدا‌و نەبوونی کاراکتەرێک فەرد له‌وانی تر‌و له‌کۆ جیابکاتەوە، هەبوونی «شوناسی داخراو»یش مانای مردن له‌ناو زیندانی خوددا‌و ونکردنی هەموو ئەو ساتە شوناسانەی تر کە دەشێت له‌ژیاندا تیا بژین.
گەر بگەڕێینەوە بۆ ژیانی «ئەلیاس کانیتی» بۆ پارچە پارچە بوونی، بۆ بەرقەرارنەبوونی له‌یەک بازنەی کولتوریدا له‌هەموو شتێک تێدەگەین. کەم کەس هەیە وەک کانیتی تەعبیر له‌بەشە هەلاهەلا‌و پارچەپارچەکەی ئەوروپا بکات. جولەکەیەک، له‌بولگاریا لەدایکدەبێت، دەڕوات بۆ ئینگلتەرە، زمانی دایکی دەبێتە ئینگلیزی، لەوێ فێری فەرەنسی دەبێت، دەچێت بۆ ڤییەنا، زمانی ئەڵمانی دەبێت بە زمانی نوسینی. ئەڵمان راوی دەنێن، بە دونیادا ئاوارەدەبێت، لەدواجاردا وەک رۆحێکی قوڵ بەڵام هەستیار‌و پەرت، له‌نێوان زمانەکان‌و شوێنەکاندا دەژی‌و دەردەکەوێت‌و وندەبێت... رۆحێک کە وێنەیەک‌و ژانرێک‌و تێکستێک‌و زمانێک بە خۆی ناگرێت. گەر لەو روانگەیەوە بڕوانین تێدەگەین کە ئاوێنە چەندە لای کانیتی گرنگە... بۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی وەک کانیتی «ئەوانەی له‌ناو زیاد له‌زمانێک‌و شوێنێک‌و کولتورێکدا دەژین» ئاوێنە سەمبولی گەڕانە بۆ خود، سەمبولی دۆزینەوەی رێگایەکە بۆ ناوەوە کە لەو پارچەپارچەبوونەوەی دەرەوە بیانپارێزێت، بەڵام سەمبولیشە بۆ ئەگەری شوناسێکی داخراو، کانیتی‌و هەموو ئەوانەی له‌ناو زیاد له‌جیهانێک‌و کولتورێکدا دەژین ناتوانن له‌ناو یەک وێنەدا دیلبن.
مرۆڤ مەخلوقێک نییە یەک ئاوێنە بەشیبکات‌و بتوانێت وێنەکەی نیشانبداتەوە، بەپێچەوانەوە مرۆڤ پێویستی بە زیاد له‌ئاوێنەیەک هەیە، بۆ ئەوەی له‌یەک کاتدا زیاد له‌وێنەیەکی خۆی له‌زیاد له‌ئاوێنەیەکدا ببینێت. پەسەندکردنی خۆت له‌یەک وێنەدا بە هەمان ئەندازەی یادکردنی خۆت ترسناکە. مرۆڤ تەنیا له‌ڕێگای هەڵگرتنی زیاد له‌شوناسێکەوە دەتوانێت له‌جەوری یەک شوناسی دەرچێت، له‌ڕێگای زۆرکردنی ئاوێنەکانەوە دەتوانێت له‌جەوری یەک ئاوێنەیی دەرچێت... «خۆزیادکردن» ئەم زاراوەیە کە نەغمەیەکی زۆر دۆلۆزیانەی هەیە، تاکە چەکە دژ بە دونیایەک کە یان مرۆڤ بەوە مەحکومدەکات خۆی ونبکات یان بەوە سزای دەدات له‌ناو خۆیدا بخنکێت.
هەڵبەت ئەم بابەتە دەچێتەوە سەر سەد رێگا‌و سەر سەد دەرگا. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە زەمین بێ ئاوێنە دۆزەخە، چونکە دۆزەخ ئاوێنەی لێ نییە، بەڵام خنکان له‌یەک ئاوێنەشدا ترسناکە، بازنەدان له‌ئاوێنەیەکەوە بۆ یەکێکی تر ترسناکە، نەگەڕانەوە بۆ جیهان، سەیرنەکردنی خود له‌پەیوەندی راستەقینەدا لەگەڵ ئەوانی تردا هەمان شێوە ترسناکە... دواجار هیچ ئاوێنەیەک ناتوانێت دوا وێنەی خۆمان پێببەخشێت، دواجاریش ئێمە ناتوانین وێنەی تەواوەتی خۆمان بە هیچ ئاوێنەیەک ببەخشین. ئەوەی هەیە جەنگێکی بەردەوامە بۆ زیادکردنی شێوەی خۆمان‌و شوناسمان تا ئاوێنەیەک نەتوانێت داگیرمانبکات، زیادکردنی ئاوێنەکانیشە تا دڵنیابین چەند هەمەڕەنگ بین هێشتا سنوردارین‌و ناتوانین له‌هەموو ئاوێنەکاندا بین.

Monday 11 July 2011

له‌نێوان دوو پاڵەوان‌و دوو نەوەو دوو سەردەمدا


چەند رۆژێک له‌مەوبەر بەشی دووەمی فیلمی «یاداشتەکانی گێرگ»ـم بینی. فیلمەکە بەشی دووەمە له‌زنجیرەیەک رۆمانی وێنەدار کە نوسەری ئەمه‌ریکی «جیف کێنی» دەیاننوسێت، من بەشی سێهەمی یاداشتەکانی گێرگم بە کتێب خوێندۆتەوە، بەشی دووهەمیشم بە فیلم دیوە. «یاداشتەکانی گێرگ» لەو رۆمانە وێنەدارە کۆمیدییە سوک‌و سادانەیە کە بۆ گەنجان‌و مێردمنداڵان دەنوسرێن، بەڵام له‌تەواوی دونیادا بەربڵاوییەکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت‌و سەرکەوتنێکی بێوێنەی بەدەستهێناوە، بەجۆرێ ساڵی 2009 جیف کێنی له‌لیستی ئەو سەد کەسەدا بوو کە گۆڤاری تایمز وەک پڕ کاریگەرترین کەسایەتی دونیا هەڵیاندەبژێرێت. دیارە سەرکەوتنی جیف کێنی ناگاتە ئاستی سەرکەوتنی نوسەری هاری پۆتەر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ملیۆنەها گەنج‌و مێردمنداڵ له‌دونیادا بێوێنە دەیبینن. گێرگ «پاڵەوانی سەرەکی زنجیرە کتێبەکان» کەسایەتییەکی تەواو پێچەوانەی هاری پۆتەرە، منداڵێکی بەستەزمانە کە بەردەوام بە هۆی دایک‌و باوکی‌و برا گەورەکەیی‌و هاوڕێکان‌و دراوسێکانییەوە توشی هەڵوێستی ناخۆش دەبێت. گەر هاری پۆتەر نوقمی سیحر‌و فەنتازیا بێت، گێرگ سەد دەر سەد بە پێچەوانەوە نوقمی هەرە شتە سادە‌و رۆژانەکانە کە پێدەچێت بەشێکی گرنگی ژیانی رۆژانەی منداڵان‌و گەنجانی ئێستای دونیا بێت. نەوەیەک کە له‌سیستمێکی پەروەردەیدا دەژین نەدەتوانێت لیبرال بێت‌و نەدەتوانێت کۆنزەرڤاتیڤ بێت، نەدەوێرێت تەواو مۆدێرن بێت، نەدەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بەها‌و شێوازە کلاسیکییەکانیش. واتە لەناو دونیایەکدا دەژین کە خۆی زۆر گۆڕاوە، بەڵام نەیتوانیوە لەسەر رۆشنایی گۆڕانەکانی خۆیدا پەروەردە‌و مۆرڵێکی نوێ دروستبکات.
گەر هاری پۆتەر نیشانەی پێویستی هەتاهەتایی مرۆڤ بێت بە خەیاڵ‌و فەنتازیا، بە داهێنانی ئەو دونیایانەی کە نین‌و نامانبێت. گێرگ سەد دەر سەد پاڵەوانێکی «دژە پۆتەرییە»... گێرگ نوقمە له‌دونیای رۆژانەدا، لەو دونیایەدا کە له‌لێپرسینەوەی دایک‌و له‌تەمەڵی ناو پۆل‌و له‌گاڵتەی نێو هاوڕێیان دروستبوە. هەڵبەت من کتێبی سێهەمیم وەک تێکست پێخۆشتر بوو، نەک له‌فیلمەکە کە وەک هەمیشە بە کڵێشە دووبارەکانی ناو سینەمای ئەمه‌ریکی‌و رۆحی سریاله ‌کۆمیدییەکانی ئەو وڵاتە قاندرابوو. گیرگ کەسایەتییەکی بێئەندازە سادەیە، کاراکتەرێکی منداڵانەی هەیە، هەم تەمەڵە، هەم حەزی له‌کاری جیدی نییە، شەیدای کۆمپیوتەر‌و تەلەفزیۆنیشە... وەک بەشی هەرە زۆری مێردمنداڵانی ئێستای دونیا.
ناوبانگی گیرگ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زۆربەی گەنجان دەتوانن خێرا خۆیانی تێدا ببیننەوە‌و خۆشیانبوێت، نەکاراکتەرێکی بەهێزە‌و نەزۆر لاواز، نە زۆر جوانە‌و نە تەواو ناشیرین، زیرەک نییە‌و حەزیشی له‌خوێندن نییە... سادەیە‌و دەکرێت هەموو مێردمنداڵانێک بڵێت «ئەوە منم» «ئەوە من‌و دایکمین» «ئەوە من‌و براکەمین».
لێرەدا حەزدەکەم ئێستێک بکەم‌و کەمێک بگەڕێمەوە بۆ دواوە، بۆ رۆژانی گەنجی خۆم، بۆ سەردەمانێک کە رۆمانە بەناوبانگەکەی سالینجەر «پاسەوانی نێو کێڵگەی جۆ»ـم خوێندەوە. ئەو دەم کە رۆمانەکەم خوێندەوە تەمەنم حەڤدە ساڵ بوو، هێشتا هیچ شتێکی ئەوتۆم دەربارەی ناوبانگ‌و گرنگی «هۆلدن کۆلفیلد» «پاڵەوانی رۆمانەکەی سالنجەر» نەدەزانی... بەڵام بەجۆرێک پێی سەرسامبووم کە دەکرێت بڵێم ئەو رۆمانە یەکێک بوو لەو کتێبانەی بڕیاریدا بیر لەوە بکەمەوە ببمە نوسەر. ئەو رۆژە کە لەگەڵ کچەکەمدا له‌هۆڵی سینەماکە له‌تەماشای فیلمی «یاداشتەکانی گیرگ» هاتمەدەرێ، تەنیا شتێک له‌خەیاڵمدا بوو، بەرواردکردنێکی نێوان «گێرگ» یان «گریگۆری هێڤلی» بوو لەگەڵ «هۆلدن کۆلفیلد» دا، ئەو پاڵەوانەی ئەمڕۆ کچەکەم پێی سەرسامە لەگەڵ ئەو پاڵەوانەدا کە ئەودەم من پێی سەرسام بوم، کە بۆ خۆی نیشانەی جیابونەوەی دوو دونیا‌و دوو نەوەیە لەیەکدی... ژیانی گێرگ له‌«ژونیۆر هایسکوڵ»، لەگەڵ ژیانی هۆلدن کۆلفیلدا له‌بەشی ناوخۆیی «پێنسی پرێپ» دا لێکچونی زۆریان هەیە، هەردووکیان بە مانایەک له‌ماناکان دوو مێردمنداڵی تەمەڵن‌و ناتوانن ئەو چاوەڕوانییانە تێربکەن کە گەورەکان هەیانە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گێرگ ناتوانێت هۆڵدن کۆلفیلد بێت، خاڵی سەرەکی جیاوازی نێوان کۆلفێلد‌و گیرگ ئەوەیە کە کۆلفیلد بە جۆرێک له‌جۆرەکان کاراکتەرێکی سیاسییە. کۆلفیلد گەنجێکی نەخۆشتر‌و نائارامتر‌و تەنهاترە، کەسێکە بەڕاستی لەگەڵ دیوی تراژیدی تراژیدیاکانی خۆیدا دەژی، بە پێچەوانەی گێرگەوە کە تەنیا دیوی کۆمیدی تراژیدیاکانی خۆی دەگێڕێتەوە. گێرگ توشی کێشەدەبێت، بەڵام کێشەکانی خۆی تەنیا له‌سنوری کێشەی «دایک‌و کوڕ» «برا‌و برا» «خوێندکار‌و مامۆستا» دا دەبینێتەوە، ئەو چیرۆکانەش بۆیە دەگێڕێتەوە تا هەموومان پێبکەنین... حیکایەتخوان لێرەدا کۆمیککارە، هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە کار لەبری هەستی رەخنەیی بەرامبەر بە کۆمەڵگا، پێکەنینمان تیادروستبکات، پێکەنینێک کە دەمانخاتەوە ناو سیستم‌و شتەکانمان لا سادەدەکاتەوە‌و لەگەڵ دونیادا ئاشتماندەکاتەوە. گیرگ ناتوانێت هیچ مانایەکی گشتی لەو هەڵوێست‌و روداوە ناخۆشانەدا بدۆزێتەوە کە بەسەریدا دێن، هەوڵدەدات لەگەڵ کێشەکاندا بژی، بە کەمترین زیان لێیاندەرچێت، له‌کێشەی شەخسی خۆشی زیاتر هیچی دیان تێدا نابینێت. واتە گیرگ ئاواتی ئەوە ناخوازێت له‌دونیایەکی تردا بژی، بەڵکو زۆرجار ئاواتی ئەوە دەخوازێت دایکێکی تری هەبایە، هاوڕێیەکی تری هەبایە، برایەکی تری هەبایە، له‌خوێندنگایەکی دی بایە... لای سالێنجەر بە پێچەوانەوە کۆلفیلد هەموو ئەو گرفتانەی هەیە، هەموو ئەو جۆرە ئاواتانەشی هەیە، بەڵام ئازاری هەرە گەورەی کۆلفیلد ئەوەیە ناتوانێت بەوجۆرە پێبکەنێت، جیهانێکی «موزەیەف» هەیە کە دەیبینێت. وشەی «زەیف» وشەی هەرە سەرەکی ناو رۆمانەکەی سالێنجەرە. کۆلفیلد بەڕاستی هەست بە قەیرانی خۆی دەکات‌و دەزانێت کەسێکە لەگەڵ دونیادا ناگونجێت، له‌هیچ خوێندنگا‌و بەشێکی ناوخۆییش جێگای نابێتەوە، ناتوانێت ئەوە بێت کە داوای لێدەکەن، بە چاوێکی رۆشنیش زەیفی دایک‌و باوک‌و خوێندکاران‌و مامۆستاکان‌و کچانی دەوروبەری دەبینێت، بە هێزێکی ناوەکی بێوێنەشەوە گاڵتە بەدونیا دەکات، دەیەوێت بڕوا بۆ دور‌و ببێت بە پاسەوان له‌کێڵگەیەکی دوری جۆدا، تاکە کەسێکیش کە پاک‌و راست دەیبینێت‌و غەمی بۆ دەخوا خوشکە بچوکەکەیەتی.
رۆمانەکەی سالینجەر لەساڵی 1951 دا نوسراوە، له‌شەست‌و حەفتاکاندا کە بزوتنەوەی هیپییەکان له‌ئەمه‌ریکا سەری هەڵدا، یەکێک له‌دروشمە سەرەکییەکان ئەوەبو «هەمومان هۆلدن کۆلفیلدین»... کۆلفیلد بۆ نەوەی ئێمە بە گشتی، نمونەی ئەو مێردمنداڵەبوهو کە خێزان‌و قوتابخانە دەیپلیشێنێتەوە، بەڵام گاڵتەجاڕانە سەیری هەموو شتەکان دەکات، خۆی نادات بەدەستەوە، رەخنەگرانە دەبینێت. راستە نەخۆشە، بێشوێنە، تێکشکاوە، بەڵام بەقێزیشەوە سەیری هەموو ئەو دونیایەی دەوروبەری خۆی دەکات. کۆلفیلد ئەو مرۆڤەیە کە هێشتا دەتوانێت گاڵتە بەدونیابکات، بە پێچەوانەی گیرگەوە کە لەبری ئەوەی ئەو بە دونیا پێبکەنێت، دونیا بەو پێدەکەنێت‌و خۆشی لەگەڵ دونیادا بە خۆی پێدەکەنێت. گیرگ نمونەی ئەو مرۆڤە مۆدێرنە تاک رەهەندەیە کە ناتوانێت له‌کێشە تایبەتییەکانی خۆیەوە جۆرە جیهانبینییەکی گشتی دروستبکات، ناتوانێت بە دونیا‌و سیستمی خێزان‌و سیستمی خوێندن بڵێت نا، بەڵکو دەبێت لەگەڵیاندا بڕوات‌و منداڵی خۆی‌و ستەمی سیستمەکە بەجۆرێک له‌جۆرەکان پێکەوە بگونجێنێت. کێشەکە لای ئەو دایک‌و براکەیەتی نەوەک سیستمی خێزان. بە کورتی تراژیدیای هۆلدن کۆلفیلد‌و ژیانی ناخۆشی بەرەو رەتکردنەوەی تەواوی سیستمی دەبات، سیستم بە هەموو دەرکەوتەکانییەوە، بەتەواوی ئەو کولتورەوە کە له‌خوێندن‌و خێزان‌و خۆشەویستی‌و هاوڕێیه‌تیدا دروستیکردوە، بەڵام لای گێرگ شتێک نییە ناوی موزەیف بێت، بەڵکو کێشەکە کێشەی خۆگونجاندن‌و چارەسەر‌و فێڵی بچوکی رۆژانەیە. لای کۆلفێلد دونیایەکی تر هەیە بۆی بگەڕێت، لای گێرگ دونیایەکی تر نییە، هەمو شتەکان لێرەدا‌و له‌نێوان ماڵەوە‌و خوێندن‌و لەگەڵ هاوڕێکاندا دەبێت چارەسەربکرێن. گێرگ چ وەک ئەدەبیات‌و چ وەک واقیع نیشانەیەکی ترسناکی سادەبوونەوە‌و بەسەتحیبوونی مرۆڤی هاوچەرخە... خودی زمانە سادەکەی، وێنە زۆر سادەکانی ناو کتێبەکە، گاڵتەکردنی گێرگ‌و هاوڕێکانی بە خوێندنەوە‌و کتێب، نەتوانینی هەڵکردن لەگەڵ جیدییەتدا، نیشانەی دەستەمۆبوونی پاڵەوانەکەن، نەوەک نیشانەی ناتەبایی لەگەڵ دونیادا. له‌کاتێکدا رقی کۆلفیلد، رقی گەنجێکە کە کۆمەڵگا نەیتوانیوە توانای بینین‌و یاخیبوون‌و رەخنەگرتنی تێدا بکوژێت.
ئەدەبیات‌و هونەر‌و بازاڕی مۆدێرن، وێنەی دونیایەکمان پێشکەشدەکەن کە ئەلتەرناتڤی نییە، مرۆڤێک کە دەبێت بە هێمنی‌و بە پێکەنینەوە کێشە گەورەکانی خۆی وەربگرێت، له‌تراژیدیا تایبەتییەکانی خۆیەوە مانای گەردونی‌و گەورە هەڵنەگۆزێت... خواستێک بێگومان لەگەڵ رۆحی نوسەرێکی گەورە‌و رەخنەگری وەک سالینجەردا نەدەگونجا، بەڵام لەگەڵ خواست‌و رۆحی کەسێکی وەک جێف کێنیدا دەگونجێت.
هەردوو پاڵەوانەکە نیشانەی دوری‌و ناتەبایی دوو سەردەمن... سەردەمێک مرۆڤ تێیدا دەیتوانی تاک رەهەند نەبێت‌و بڵێت نا. لەگەڵ سەردەمێک کە بەردەوام له‌ڕێگای میدیا‌و کتێب‌و فیلمەوە بە مرۆڤ دەگوترێت، ئەم دونیایەی تێیدا دەژیت تەنیا دونیایە‌و جگە له‌مەش دونیای جوانتر بوونی نییە.

Thursday 7 July 2011

چالاکی ناچالاک


ماوەیەک لەوەوبەر کەسێکم ناسی کە زۆر شەیدایانە شتی منی کۆدەکردەوە، هەموو وتارە کۆنەکانمی هەبوو، هەموو چاوپێکەوتنەکانم، بەو جۆرە نا کە وەک داتایەکی ئەلەکترۆنی له‌فایلێکی نێو کۆمپیوتەردا هەڵیگرتبێت، بەڵکو بە شێوەی گۆڤار‌و رۆژنامە، بەوجۆرەی کە لەسەر کاغەز چاپبوون، له‌کتێبی یەکەمی منەوە «گوناهو کەرنەڤاڵ» کە بەدەستنوس‌و کۆپی 100 نوسخەمان لێ چاپکرد، تا «جەمشید خان» هەموو کتێبەکانی منی بە دووجۆر هەبوو، تەجلیدکراو‌و بە بەرگی ئاسایی، له‌هەرجێگایەک وێنەیەکی من چاپبووبێت، له‌دەفتەرێکی گەورەدا ئەرشیفی کردبوون. بەشی هەرە زۆری ئەو شتانەی له‌ئینتەرنێتدا لەسەر من نوسراون دایگرتبوون‌و بە چاپکراوی له‌فایلی تایبەتدا هەڵگیرابوون... من بەشی هەرە زۆری ئەو شتانەی ئەو هەیبوو، خۆم بە چاپکراوی نەمدیبوون، ئەو زانیاریانەی ئەو لەسەر من دەیزانی خۆم نەمدەزانی، بەپێی ئەرشیفەکەی ئەو، من له‌زۆر جێگادا بووم کە هەرگیز پێم تێ نەخستوون، زۆر چاوپێکەوتنم کردبوو کە هەرگیز نەمکردوون، لەگەڵ زۆر کەس دانیشتووم کە هەرگیز نەمبینیون، خاوەنی هەندێ شتم کە هەرگیز خەونیشم پێوە نەدیون. بە کورتی گەر له‌داهاتوودا ئارەزویەکی خراپ لەسەرمدا پەیدابێت‌و بمەوێت شتێکی ورد دەربارەی خۆم بزانم، دەبێت بچمەوە سەر ئەرشیفی ئەو ناسیاوەم کە تەواوی ئەو شتانەی له‌دە ساڵی رابوردودا له‌نێتدا بڵاوبۆتەوە‌و له‌ڕۆژنامەکاندا دەربارەی من چاپبوون، لەلایەتی. دیارە بۆ من خۆشبوو خوێنەری وەها دڵسۆزم هەبێت، بەڵام خۆشبەختی‌و بەخۆنازینم تابڵێی کورتخایەن بوون، هێندەی لەگەڵ ئەو دۆستەمدا کەوتمە قسە زانیم من له‌بەردەم «خوێنەر»ێکدا نیم هیچ کارێکی جیدی منی خوێندبێتەوە، کابرا تەنیا بە ئارەزوویەکی گەورەوە شتی کۆدەکردەوە، وەک چۆن خەڵکانێک هەن پول، گەڵای وشک، پەپولە، جۆرەکانی مێشوولە، پارەی کۆن کۆدەکەنەوە، ئەو هاوڕێیەشمان شتی لەسەر من کۆدەکردەوە... بەڵام نەوەک کتێبەکانی منی بە عەشقەوە نەخوێندبووەوە، هەتا له‌ناونیشانی کتێبەکانیشمدا هەڵەیدەکرد‌و ناوەکانی تێکەڵدەکردن، کە خۆشترینیان لای من ئەوەبوو کە گووتی زۆر حەزی له‌دیوانی «ئیشکردن له‌باغەکانی خەیاڵدا» یە.
لێرەدا مەبەستم نییە خوانەخواستە سوکایەتییەک بەو دۆستەبکەم، بەڵکو نیازێکی جیدیترم هەیە، نیازمە ئاماژە بۆ دیاردەیەک بکەم کە کۆی ژیانی مۆدێرنی هەموومانی گرتۆتەوە. حاڵەتی ئەو دۆستە ئازیزە هەر تەنیا بەو پلەیە سەرەنجڕاکێش بوو کە پەیوەندی بە خۆمەوە هەبوو، بەڵام گەر وردتر بڕوانین خودی ئەم دیاردەیە بەشێکی بنەڕەتی‌و پێکهێنێکی گەورەی تەواوی ژیانی هاوچەرخە. ئەوەشی لێرەدا باسیدەکەم یەکێکە له‌کێشە فەلسەفییە گرنگەکانی دونیای ئەمڕۆ‌و نیازێکی گاڵتەی له‌پشت نییە. له‌ساڵی دوو هەزاردا فەیلەسوف‌و کولتوورۆلۆگی نەمساوی «رۆبەرت پفالەر» کتێبێکی گرنگی دەربارەی «ئینتەرپاسیڤیتەیت» نوسی. لەو کاتەشەوە خودی زاراوەی «ئینتەرپاسیڤیتەیت» شوێنێکی گرنگی له‌ژیانی فیکریدا داگیرکردوە، یەکێک لەو فەیلەسوفە ناسراوانەی دیش کە زۆرجار کار بەم زاراوەیە دەکات «سلاڤۆ ژیژک»ـە. دەکرێت زاراوەی ئینتەرپاسیڤ بە دووجۆر بکەمە کوردی بە «ناچالاکی نێوبەینی» کە وەرگێڕانێکی کەمێک حەرفییە، لەگەڵ «چالاکی ناچالاک»دا کە وەرگێڕانی ماناکەیەتی‌و له‌ڕۆحی دیاردەکەوە نزیکترە. خودی زاراوەکە بە ئەندازەیەکی زۆر پەیوەندی بە دونیای چێژ‌و لەزەت‌و ئارەزووەوە هەیە، بەو مانایەدێت، شتێکی چێژبەخش هەیە من دەیدەمە کەسێکی تر یان شتێکی تر ئەو چێژەم بۆببینێت. بۆ نمونە دوو کەس داوەتی خواردنێکی خۆشن، یەکێکیان لەبەر هەر هۆیەک بێت، ناتوانێت بچێت بۆ داوەتەکە، بە هاوڕێکەی دەڵێت «تۆ له‌جیاتی منیش بخۆ، کە تۆ خواردت وەک ئەوەیە من خواردبێتم». هەڵبەت ئەمە له‌ژیانی رۆژانەماندا زۆر دووبارەدەبێتەوە، واتە یەکێک هەیە دەبێت بە «وەکیلی خواردن»مان، «وەکیلی لەزەت»ـی ئێمە لەسەر سفرە. ژیژک نمونەیەکی باشتر دەهێنێتەوە، له‌تەواوی کۆمیدییە تەلەفزیۆنییە ئەمه‌ریکییەکاندا، هاوشان بە هەموو ئەو دیالۆگ‌و دیمەنانەی کە بەحیساب دەبێت پێکەنین بن، بەردەوام دەنگی پێکەنینێکی تۆمارکراو هەیە، پێکەنینێک لەبری ئێمە پێدەکەنێت، واتە کۆمەڵێک کەس هەن زەحمەتی پێکەنینەکەمان له‌کۆڵدەکەنەوە‌و ئێمەش بە بیستنی پێکەنینی ئەوان، بێئەوەی پێکەنیبێتین، هەستدەکەین پێکەنیوین.
هەڵبەت دیاردەکە شتێکی نوێ نییە، پفالەر له‌هەندێک کولتووری دێریندا ئەو ژنانە بە نمونە دەهێنێتەوە کە لەکاتی پرسەکاندا بەکرێیان گرتوون بۆ ئەوەی لەبری خاوەن پرسەکە «شیوەنبکەن»‌و «له‌خۆیان بدەن». لێرەدا خاوەن پرسەکە لەبری ئەوەی خۆی چێژی غەم‌و ژانی له‌خۆدانەکە بچێژێت، نوێنەرێکی هەیە ئەو کارەی بۆ دەکات. نەک هەر ئەوە، هەتا له‌درامای گریکیشدا رۆڵی کۆرس زۆرجار نزیکە له‌ڕۆڵی «وەکیلی بینەران»ـەوە لەسەر سەحنە، واتە دەبێتە وەکیلی ئەو هەست‌و سۆز‌و هەڵچوون‌و داچوونەی کە دەشێت بینەران خۆیان له‌خوارەوە هەستی پێبکەن، بەڵام کۆرس ئەو کارە له‌کۆڵ بینەردەکاتەوە‌و ناخی دڵی ئەو دەخاتە سەر شانۆ بێئەوەی بینەر چالاکییەکی کردبێت.
دیاردەکە له‌مانەش زۆر بەربڵاوتر‌و ترسناکترە، وەکیلی چێژ دەشێت ببێت بە وەکیلی هەموو شتێک، وە له‌بری مرۆڤێک دەشێت ئامێرێک بەوکاری وەکالەتە هەستێت‌و تەواوی ئەو هەست‌و نەستە ئۆرگینال‌و راستەقینانەی کە مرۆڤ دەبێت خۆی تێیدا بژی ماشێنەکە له‌بری ئەو له‌ئەستۆی بگرێت. ژیژک لەم رووەشەوە نمونەیەکی رووندەهێنێتەوە، خەڵکانێک هەن سەدان فیلم لەسەر کۆمپیوتەرەکانیان دادەگرن، بێئەوەی هیچ کات بتوانن سەیریانبکەن، یان هەر بیانەوێت سەیریانبکەن، خودی لەزەتەکە لەوەدا نییە سەیری فیلمەکە بکەیت، بەڵکو لەوەدایە هەتبێت، چونکە وەکیلێکی تر کە وەکیلی تایبەتی تۆیە سەیری فیلمەکە دەکات کە «هاردی» کۆمپیوتەرەکەتە. لێرەدا مرۆڤ چالاکییەکەی لەوەدا نییە چێژ له‌فیلم ببینێت، چێژ له‌ستاتیکای سینەما ببینێت، بەڵکو لەوەدایە «هەیبێت»‌و لای وەکیلێکی نادیار‌و نەبینراو داینابێت. گەر هەر لەو بوارەدا نمونە بهێنمەوە، دەکرێت باسی ئەوانە بکەین کە هەزاران کتێب له‌کۆمپیوتەرەکەیاندا هەیە‌و هەرگیز نایانخوێننەوە، بەڵام بوونی کتێبەکان له‌هاردەکەیاندا یان له‌کتێبخانەکەیاندا ئەو هەستەیان دەداتێ کە خوێنەرن، کە خاوەنی کتێبن‌و له‌دونیای رۆشنبیریی دانەبڕاون... دۆخی ئەو دۆستەی منیش کە لەسەرەوە باسمکرد، دۆخێکە وەک هەموو ئەو دۆخانەی دی، ئەو بۆی گرنگ نییە من چی دەنوسم، بۆی گرنگ نییە من بخوێنێتەوە، چونکە له‌جەوهەردا خوێنەرێکی نادیار هەیە کە بەوەکالەت ئەو کارەی بۆ دەکات، کە لێرەدا «ئەرشیف»ـەکەیەتی. لێرەدا ئەو بابەتەکان بۆ خوێنەرێکی نادیار کۆدەکاتەوە کە لەبری ئەو دەخوێنێتەوە، خوێنەرێک کە خۆی نییە، بەڵام ئەو هەستدەکات کە له‌نێوان خۆی‌و ئەو خوێنەرە خەیاڵییەدا جیاوازییەک نییە. وەک چۆن گەنجێک له‌کوردستان خۆی هیچ له‌چێژی یاریکردن نازانێت، خۆی له‌ژیانیدا یاریگایەکی تۆپیپێی نەبینیوە، بەڵام بەجۆرێکی هیستیریی دەبێت بە هاندەری ئەم هەڵبژاردە یان ئەو یانە، لەسەری شەڕدەکات، هاوار‌و هەڵا دەنێتەوە... چونکە له‌جەوهەردا بۆ وەکیلێک دەگەڕێت لەبری ئەو چێژی یاریکردنی بۆ ببینێت، کە وەکیلەکەشی سەرکەوت وەک ئەوە وایە خۆی سەرکەوتبێت، گەرچی خۆی هیچ شتێکی نەکردوە‌و هەزاران فرسەخیش له‌وەرزش‌و دونیای یارییەوە دوورە.
لەدونیای یاری کۆمپیوتەردا ئەم لۆژیکی «چێژ بەوەکالەت»ـە هەموو سنورێک دەبڕێت، له‌گەمەکانی نێنتێندۆوی دا، مرۆڤ دەتوانێت خۆی وەکیلێک بە ویستی خۆی دروستبکات‌و لەبری خۆی بینێرێت بۆ ناو یاریگایەکی دیگیتاڵی تا بەوەکالەت یاری بۆ بکات... لێرەدا تەواوی گەمەکە واپرۆگرامکراوە کە کەسی یاریکەر واهەستدەکات کە وەکیلەکەی بەڕاستی ئەو یاریانە دەکات کە ئەم دەیکات‌و سنوور له‌نێوان یاریکەری راستەقینە‌و وەکیله ‌دیگیتاڵەکەیدا هەڵدەگیرێت.
نمونەیەکی ترسناکتر‌و نامرۆڤانەتر لەوە له‌بواری جنس‌و پۆرنۆگرافیدا زۆر بەبەربڵاوی دەیبینین... سێکس له‌دونیای ئەمڕۆدا چیتر ئەوە نییە کە خۆت سێکس بکەیت، سێکس کۆبوونەوەی مادی دوو لەش نییە کە دەست لەیەک دەدەن‌و بۆنی یەک دەکەن‌و هەناسەی یەک هەڵدەمژن‌و دۆخێکی رۆحی‌و جەستەیی پێکەوە دەژین، بەپێچەوانەوە له‌پۆرنۆگرافیدا لەزەتی جنس بە وەکالەت هەموو دونیا داگیردەکات، هەمیشە یەکێکی تر هەیە بەوەکالەت لەبری ئێمە سێکسدەکات، لێرەوە پفالەر ئاماژە بۆ خاڵێکی زۆر گرنگی کولتووری مۆدێرن دەکات، کە کولتوورێکە بە جەوهەر زۆر دەروێشانە‌و زاهیدانەترە له‌سەردەمەکانی پێشتر، پفالەر زاراوەی «ئاسکێسە»ی گریکی بەکاردەهێنێت، کە زۆر له‌وشەی زوهدی لای خۆمانەوە نزیکە... مرۆڤی مۆدێرن بە گشتی خۆی دونیای خۆی ناژی، خۆی چێژەکان تاقی ناکاتەوە، خۆی هەستەکان بە سافی‌و رەسەنی هەست پێناکات، ئۆرگیناڵیتەیت سات دوای سات کەمنرختر دەبێت، مرۆڤی مۆدێرن زاهیدانە واز له‌چێژەکانی خۆی دەهێنێت، یەکێکی تر له‌بری ئێمە پێدەکەنێت، دەگری، سەیری فلیم دەکات، دەخوێنێتەوە، یاریدەکات، سێکسدەکات... یەکێک کە هەندێجار دیارە‌و دەزانین کێیە، هەندێجار دیار نییە‌و بکەرێکی نەبینراوە.. بەڵام له‌هەردوو دۆخەکەدا وەکیلی ئێمەی زاهیدە کە دەستبەرداری مافی راستەقینەی ژیان بووین‌و له‌هەموو شتێکدا وەکیلێکمان هەیە کە له‌بری ئێمە دەژی. ئەم دۆخە من له‌بواری نوسین‌و سیاسەتی لای خۆشماندا بە جۆرێکی بەربڵاو هەستی پێدەکەم... لەساڵانی باڵاگرتنی شۆڕشدا، شۆڕشگێڕ وەکیلی کۆمەڵگا بوو، له‌دەمێکدا کە ئێمە ناتوانین شۆڕشگێڕبین‌و شۆڕش هەڵوێستێکی فەردی‌و رۆحی‌و عەقڵی نییە، هێزێک بەکرێ دەگرین ئەو کارەمان بە وەکالەت بۆ بکات... هەڵبەت کە ئازادیش دەبین، ئەو کارە بەوەکالەت دەخەینە دەستی کەسێک یان هێزێکی دی... واتە یەکێک یان هێزێکی تر لەبری هەموومان ئازاد دەبێت‌و دەبێتە ئەو دیکتاتۆرە ناشیرینەی کە ئەمڕۆ دەیبینین. هەتا له‌ئاستی ئیمانیشدا ئەمڕۆ کەسی ئیماندار کە گوێ له‌واعیزی ناو تەلەفزیۆنەکان دەگرێت، له‌جێگایەکدا واعیز دەبێتە وەکیلی ئیمانی ئەو‌و لەبری ئەوەی خۆی خودابناسێت، یەکێک بەوەکالەت خودای بۆ دەناسێت.
هەڵبەت تیورەکە قووڵاییەکی گەورەتری هەیە، ئەو وەکیله ‌نادیارە کە دەیکەینە وەکیلی خۆمان، بە ئاشکرا هەم ریشەی دینی‌و هەم بوونێکی سایکۆلۆژی کۆنکرێتی له‌سیستمی دەرونیماندا هەیە. بۆیە ئێمە هەست بە خۆشی دەکەین کاتێک وەکیلەکەمان خۆشی دەبینێت، چونکە ئەو وەکیله ‌له‌پێکهاتەی دەرونی ئێمەدا نوێنەری هەیە. ئەو وەکیله‌یان نوێنەری «منی ئیدیال»ـە بە مانا فرۆیدییە لاکانییەکە یاخود نوێنەری «ئەویدی گەورەیە» بە مانا لاکانییەکەی «خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر وتارەکەم سەبارەت بە لاکان له‌کتێبی سێوی سێهەمدا» .
ژیژک «کە هەڵبەت هەموو دەزانین ئیشکەرێکی وردەکارە لەسەر تێزەکانی دەرونناسی فەرەنسی ژاک لاکان» تەفسیری ئەم جۆرە خۆلادانە راستەقینەیە له‌چێژ، ئەم خاوکردنەوە گەورەیە، ئەم رازیبوونە بە وێنە کاڵەکانی هەست‌و ژیان، دەگێڕێتەوە بۆ ئەو میکانیزمەی بەرگری کە لەبەرابەر چێژ «ژیوسانس»دا دروستدەبێت. مرۆڤی مۆدێرن بەوە دەبێتە ماشێنێکی پاسیڤ‌و ناچالاکی مەسرەفکردن‌و تەماشاکردن کە لەزەتی ژیانی خۆی له‌خۆی دوربخاتەوە‌و بیبەخشێت بە کەسێکی تر، ئەو دەبێت بەسەیرکەری ئارەزووەکانی خۆی نەوەکو تێرکەری ئەو ئارەزووانە. چالاکی ناچالاک بریتییە لەوەی کەسێکی دی ببینین بەو کارە هەڵدەستێت کە ئێمە ده‌مانەوێت بیکەین، ئەو کاتیش بێئەوەی ئەو کارەمان کردبێت واهەستدەکەین کردوومانە. لەو پێناوەدا مرۆڤی مۆدێرن، دەیەوێت بیسەلمێنێت کە گەورەترین ئەرشیفی بینین‌و بیستنی هەیە، چونکە بینین لەدورەوە‌و بەوەکالەت جێگای ژیانی راستەقینەی گرتۆتەوە، لەمڕوەوە خودی لاپەڕەکانی فەیسبوک دەبێتە جێگای پێشبڕکێ لەسەر ئەوەی کێ خاوەنی سەرەنجڕاکێشترین مەتریال‌و بابەتە. ژیان له‌ئینتەرنێتدا «کە دەبێت بە جێگرەوەی ژیانی راستەقینە» دەگاتە کاڵترین پلەکانی خۆی، کە له‌فەیسبوکدا شەڕی کۆکردنەوەی هاوڕێ دەست پێدەکات، ئەم درۆیە دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی، چونکە هەموو ئەو هاوڕێ کاڵ‌و نادیار‌و دەست لێنەدراوانە دەبن بە وەکیلی ئەو هاوڕێیەی کە نیمانە‌و دەبن بە جێگری ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەی کە له‌ڕاستیدا تیایناژین... بەمجۆرە هەموومان بەردەوام دەستبەرداری مافە سروشتییەکانی ژیان‌و پێکەنین‌و گریان‌و شۆڕش‌و یاریکردن‌و سێکس‌و ئیمان‌و هاوڕێتی‌و ئازادی دەبین بۆ وەکیلێکی نادیار.
بە گشتی هەموومان بە پلەی جیاواز جیاواز له‌ناو تۆڕی ئەو «چالاکییە ناچالاکە- ئینتەرپاسیڤیتەیت»ـەدا دەژین، رۆژ بە رۆژیش ناچاردەکرێین پتر پاسیفانەتر بژین. ئەم دیاردەیە لەسەر ئاستی گەردونی‌و له‌ڕووە گلۆباڵەکەشدا زۆر بە زەقی‌و ترسناکی دەبینرێت... وەک ئەوەی خۆرئاوا هەموو ژیانی راستەقینەی بۆ خۆی بردبێت‌و تەواوی دونیای دەرەوەی خۆی کردبێت بە بینەری فیلمێک کە تەنیا خۆی قارەمانەکەیەتی... لەم قۆناغە ترسناکەی گلۆبالیزەیشندا کۆمەڵگا لاوازەکانی دەرەوەی خۆرئاوا ناژین، بەڵکو تەنیا بینەری ژیانی خۆرئاوان، خۆرئاوا ئەو هێزە گەورەیەیە، ئەو «ئەویدی مەزنە» یە کە له‌بری هەموو ئەستێرەکە چالاکە‌و وەکیلی هەموومانە بۆ ژیان .
بەکورتی: دروستە گەر بڵێین زاراوەی «ئینتەرپاسیڤیتەیت» یەکێکە له‌زاراوە گرنگ‌و کەرەستە مەنهەجییە کاراکان بۆ خوێندنەوەی ژیانی تازە‌و پەیوەندییە شارستانی‌و کۆمەڵایەتییە نوێکان... زاراوەیەکە ناکرێت له‌هیچ کولتوور‌و فەزایەکی رۆشنبیریی جیدیدا ئامادەنەبێت، چونکە بەبێ ئەم زاراوەیە ئەستەمە له‌زۆر لەو وەهمە گەورانە تێبگەین کە ئەمڕۆ دەیانەوێت شوێنی ژیانی راستەقینە‌و جێگای چێژی راستەقینە بگرنەوە.