Friday 2 December 2011

کیریلوف‌و رۆحی تیرۆریزم 1


له‌ڕۆمــــــانی ئەهریمەنەکـــانی دۆستۆفسکیدا، دیالۆگێک له‌نێوان حیکایەتخوانی سەرەکی‌و کیریلوفدا هەیە کە ناوەڕۆکە سەرەکییەکەی دەربارەی ئازارە. لەوێدا کیریلوف ئەو پرسیارە دەکات «بۆ مرۆڤەکان ناوێرن خۆیان بکوژن؟» «بۆ هێندەش کەم خۆیان دەکوژن؟». کیریلوف هۆی کەمی خود کوژییەکە دەگێڕێتەوە بۆ دوو هۆ کە یەکەمیان ترسە له‌ئازار‌و ئەوی دیان ترسە له‌ژیانی ئەو دیو ئەم دونیایە. بەپێی تیورەکەی کیریلوف مرۆڤ بوونەوەرێکی ترسنۆکە، ترسەکەشی ترسە له‌ئازار. لەوێدا کیریلوف بە هاودەمەکەی دەڵێت «بەردێکی زۆر گەورە بهێنە پێشچاوی خۆت، بە ئەندازەی باڵاخانەیەکی گەورە کە بەسەر رێگایەکەوە وستاوە‌و تۆ له‌ژێریدایت، ئاخۆ تۆ هەست بە ئازار دەکەیت گەر هاتوو ئەو بەردە راستە‌و راست بکەوێت بەسەرتدا ؟ ». هەڵبەت وەڵامەکە ئەوەیە کە نا، مرۆڤ گەر بەردێکی وا زەبەلاح بکەوێت بەسەریدا کاتێکی بۆ ئازار نابێت، مردنەکەی بە جۆرێک یەکسەرە‌و خێرا دەبێت فریای ئازار ناکەوین. بە بڕوای کیریلوف مرۆڤ گەرچی دەزانێت ئازاری نابێت، بەڵام هەتا گەورەترین زاناکانیش هەر له‌جۆرە مردنێکی وەها دەترسن، چونکە گەورەترین لاوازیی مرۆڤەکان ئەوەیە ناتوانن خۆیان لەو ترسە پاکبکەنەوە. بەبڕوای ئەو ئەمە ترسنۆکی مرۆڤ پیشاندەداتەوە، ئەو دەڵێت «ئەمە ترسنۆکییە، فریوە، ژیان خۆی ئازارە، خۆی ترسە، مرۆڤ بوونەوەرێکی بەدبەختە، مرۆڤ بۆیە ژیانی خۆش دەوێت، چونکە ئازار‌و بەدبەختی خۆشدەوێت. نرخی ژیانیش ئازار‌و ترسە‌و هەر واش بووە، مرۆڤ تا ئێستا نەبۆتە مرۆڤ، بەڵام مرۆڤێکی نوێ دێت، مرۆڤێکی شاناز‌و بەختەوەر. مرۆڤێک کە بەلایەوە گرنگ نییە بژی یاخود بمرێت، ئەوەیە مرۆڤی نوێ. مرۆڤێکە بەسەر ئازار‌و ترسدا سەردەکەوێت، خۆی دەچێتە شوێنی یەزدان، ئەو یەزدانەی دی بوونی نامێنێت‌و خۆی دەبێتە خودا». کیریلوف رای وایە «بەردەکە خۆی ئازاری نییە، بەڵام ئازارەکە لەو ترسەدایە کە له‌بەردەکە هەمانە. خودا ئازاری ئەو ترسەیە کە دەرهەق بە مەرگ له‌دڵماندایە. هەر مرۆڤێک بەسەر ئازار‌و ترسدا سەرکەوت، خۆی دەبێتە خودا. ئەوکات ئیدی ژیانێکی نوێ دەست پێدەکات، مرۆڤێکی نوێ سەرهەڵدەدات، هەموو شتێک نوێ دەبێت». «لەشی مرۆڤ دەگۆڕێت، جیهان دەگۆڕێت، کارەکانمان دەگۆڕێن، سۆز‌و بیرکردنەوەکانمان دەگۆڕێن». لێرەدا حیکایەتخوانی رۆمانەکە دەڵێت «گەر ژیان‌و مردن نرخیان نەماوە، ئەوکات مرۆڤەکان هەموو خودکوژیدەکەن، رەنگە ئەوە گۆڕانەکە بێت». بەڵام کیریلوف رای وایە «ئەوە نرخێکی نییە، چونکە درۆ له‌بەیندەچێت، ئەوەی بیەوێت بگات بەوپەڕی ئازادی دەبێت توانای خودکوژی تێدابێت. ئەو کەسە دەست دەخاتە سەر جەوهەری فریوەکە. ئازادییەکی باڵا بوونی نییە، هەموو شتەکان تەنیا لێرەن، له‌پشت ئێرەشەوە هیچی دی نییە. ئەوەی بتوانێت خودکوژی بکات خۆی خودایە. هەموو مرۆڤێک خۆی دەتوانێت کارێک بکات خودا بوونی نەمێنێت، هیچ شتێک بوونی نەمێنێت. بەڵام هیچ کەس تا ئەمڕۆ هیچی نەکردوە». لێرەدا هاودەمەکەی ئەوەی بەبیردەهێنێتەوە‌و دەڵێت «بەڵام تا ئێستا ملیۆنەها مرۆڤ خودکوژییان کردوە». کیریلوف سوورە لەسەر بۆچوونەکانی‌و دەڵێت «لەبەر هۆی تر خودکوژییان کردوە، هەمیشە بەترسەوە خودکوژییان کردوە، هەرگیز له‌پێناوی بەزاندنی ترسدا خودکوژیان نەکردوە. تەنیا ئەوەی له‌پێناوی بەزاندنی ترسدا خۆی دەکوژێت، لەوساتە وەختەدا خۆشی دەبێتە خودا».
ئەوەی جارێک یان چەندجارێک بۆچوونەکانی کیریلوف بخوێنێتەوە، تێدەگات ریشە قووڵەکانی تیرۆریزمی مۆدێرن له‌کوێوە هاتووە. دڵنیام هەموو ئەو خودکوژە تیرۆریستانەی بەسەر زەویدا تێپەڕیون، گەلێک بەو رستەی کیریلوف شادومان دەبن کە دەڵێت «ئەوەی بیەوێت بگات بەوپەڕی ئازادی دەبێت توانای خودکوژی تێدابێت»، وەختە بڵێم بەدەگمەن رێدەگەوێت هیچ تیوریزەکارێکی هاوچەرخ بەم روونییەی کیریلۆف تەعبیری له‌ڕۆحی تیرۆریزم کردبێت. شتێکی سەیر نییە ئەم کێشەیە بە قووڵی لەم رۆمانەی دۆستۆفسکیدا ئامادەبێت، رۆمانەکە ساڵی 1873 دەرچووە، ئەوەی سەیری مێژووی دواتری ئەوروپا بکات، بە روونی دەبینێت کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، شانۆی هەزاران کاری تیرۆریستی گەورە بووە کە دەیان بەرپرسی گەورە‌و شا‌و شاژنیان کردۆتە ئامانجی خۆیان. لەسەردەمی رۆمانەکە‌و ساڵانی دواتردا کێشەی تیرۆر کێشەی سەرەکی ئەوروپا‌و ئەمریکا‌و روسیا بووە، کامۆ له‌کتێبی «مرۆڤی یاخی»دا، چەندین ئاماری ورد لەسەر ژمارەی کارە تیرۆریستییە گەورەکانی ئەو ساڵانە تۆماردەکات. واتە ئەو دەمەی دۆستۆفسکی لەم رۆمانەدا بە قووڵی لەگەڵ کێشەی تیرۆردا دەرگیر دەبێت، ئەم گرفتە بابەتی تیوریزەکردنێکی سیاسی‌و فەلسەفی گەورە بووە، دۆستۆفسکیش له‌پێشەنگی ئەوانەدایە کە بۆ یەکەمجار کێشەی تیرۆر دەگۆڕن بۆ کێشەیەکی ئەدەبی‌و دەیکەن بە بابەتی رۆمانێکی گەورە. راستە ریشە راستەقینەکانی کێشەی تیرۆر، بە مانا مۆدێرنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی فەرەنسی، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فیکری ئیلحادی‌و شۆڕشگێڕیدا له‌ئەوروپا، جۆرە تیرۆرێکی نوێ بەرهەمهات کە قووڵ پەیوەندی بەسەرهەڵدانی ئایدیا‌و فەلسەفە نوێکانەوە هەبووە. ئەوەی له‌تێزەکەی کیریلوفدا گرنگە، نزیکییەتی لەو رۆحە عەدەمییە تازەیەی لەمسەر بۆ ئەوسەر ئەوروپا دەگرێتەوە.
ئەوەی کیریلوف لەو دیالۆگەدا باسیدەکات «سەرکەوتنی مرۆڤ بەسەر ترسدا له‌مردن» وە راکێشانی ئەم تێزەیەیە بەرەو جێگا‌و دەرەنجامە هەرە سەرپەڕەکانی. گەر قووڵ بڕوانین ژێرخانی راستەقینەی فیکری هەموو تیرۆریستێک «ئیماندار بێت یان مولحید» له‌سەر بێباکی دەرهەق بە ژیان‌و مردن دروستبووە، واتە لەسەر تێپەڕاندنی ترسی مەرگ دامەزراوە. ئەوەی له‌مردن بترسێت ناتوانێت تیرۆریستێکی باش بێت، بۆیە مەرجی یەکەمی بوون بە تیرۆریست نەترسانە له‌مردنە، بێباکییە دەرهەق بەوەی ئایا زیندووبیت یان مردوو.
لای کیریلوف مرۆڤی نوێ ئەو کەسە نییە کە بیری نوێ‌و ئایدیای نوێ بەرهەمدەهێنێت، بەڵکو بوونەوەرێکی سوپەرمانییە کە بەسەر «ترسدا له‌ئازار» سەرکەوتووە، تاکە بەڵگەش له‌ڕێگایەوە مرۆڤ بتوانێت ئازایەتی خۆی نیشانبدات‌و بیسەلمێنێت دەرهەق بە ئازار بێباکە، ئەوەیە هێزی خودکوژی تێدابێت. لێرەوەیە کیریلوف دەگاتە یەکێک له‌دەرەنجامە هەرە ترسناکەکان، کە بە بڕوای من سەدای ئەم رستەیە بە تەواوی مێژووی دواتردا دێت‌و له‌هەموو جێگایەکی دونیادا دەنگدەداتەوە. لای کیریلوف مرۆڤی نوێ ئەو کەسەیە کە توانای خودکوژی تێدا بێت‌و دەرهەق بە ژیان‌و مردن بێباک بێت. گەر ورد بڕوانین دەبینین مێژووی دوای ئەم رستەیە، پڕە لەوجۆرە مرۆڤە نوێیەی کە کیریلوف بانگەشەی بۆ دەکات. بەبێ سەرهەڵدانی مرۆڤێکی بێباک دەرهەق بە ژیان‌و مردن، بەبێ لەدایکبوونی مرۆڤێک کە ترسی له‌ئازار شکاوە، ئەستەمە بتوانین لەو ژێرخانە زیهنییە تێبگەین کە جەنگی جیهانی یەکەم یان دووەم یاخود ئەزموونی ستالینی یان هیتلەریی لەسەر دامەزاوە. لەم نمونە کیریلۆفییەدا سەروکارمان لەگەڵ مرۆڤێکدا نییە کە ئازایە‌و ناترسێت، بەڵکو سەروکارمان لەگەڵ مەخلوقێکی تەماحکار‌و ترسناکدایە کە دەیەوێت جێگای خودا بگرێتەوە. ئەوەی بیەوێت وەک خودای لێبێت دەبێت توانای خودکوژیی تێدابێت، وەختە بڵێم ئەو رستەیەی کیریلوف پرەنسیپی هەمیشەیی‌و ژێرخانی سەرەکی هەموو مۆراڵێکی تیرۆریستییە. لێرەدا تیرۆریستی مولحید‌و ئیماندار جیاوازیان نییە، تیرۆریستی ئیماندار پتر له‌مولحید دەیەوێت جێگای خودا بگرێتەوە‌و بەناوی ئەوەوە بڕیار له‌سەر چارەنوس‌و مان‌و نەمانی ئەوانی تر بدات. هەست نەکردنیش بە ئازار لێرەدا ئازایەتی نییە، بەڵکو گەیشتنی عەدەمییەتە بە ترۆپکی خۆی. ئیدی بێباکی مرۆڤ دەرهەق بە مان‌و نەمانی خۆی دەبێتە سەرەتای گەورەبوونی بێباکییەکانی دەرهەق بە مان‌و نەمانی ژیان... بۆیە بە گەڕانەوە بۆ کیریلوف دەتوانین بڵێین تیروریزم تەنیا جۆرە خودکوژییەکی نیازدار نییە، بۆ مەبەستێکی دینی یان سیاسی، بەڵکو هەمیشە له‌بێباکییەکی قووڵەوە دەرهەق بە ژان‌و مەرگ هەڵدەقوڵێت، بێباکییەک هەوڵدەدات بگاتە بێباکی خوداوەند کە هەرگیز ژان‌و مەرگ نایگەنێ‌و دەستیان پێیدا راناگات. 

زمان زانین


مەسەلەی زمان گرێدراوی کێشەیەکی قووڵترە کە کێشەی تەعبیرە. هیچ کات مەسەلەی زمان لە مەسەلەی تەعبیر جیانابێتەوە، هەروەخت زمان لەوە کەوت تەعبیر بێت لە شتێک لەوە دەکەوێت زمان بێت. بۆیە لە جەوهەردا هەر کاتێک بپرسین زمان چییە دەبێت بپرسین تەعبیر چییە?. لە ڕاستیدا تەعبیر بە مانا سادەکەی شتێکە و بە مانا بەرفراوانە هەرە گەورەکەشی شتێکی دییە. تەعبیر لە ئاستە سادەکەیدا کۆی ئەو دەربڕینانەیە کە لە ژیانی ڕۆژانە و لە میدیاکاندا بۆ پەیوەندی و لێکتێگەیشتن بە کاریدەهێنن، ئەمە ئەو ئاستەی زمان و تەعبیرە کە هەموو دەیزانین و بەکاریدەهێنین. بەڵام بە بڕوای من کە قسە لە تەعبیر بە مانا گەورەکەی دەکەین، مەبەستمان لە ئاستی پەرەسەندنی زمانە لە کایە زانستییەکاندا، واتە مەبەستمان لە تەعبیرکردنە بە زمان لە مەعریفەتێک یان زانستێکی دیاریکراو. زمانی میللەتان لە ئاستی توانادا وەکو یەکن، واتە زمانی بەهێز و لاواز بوونی نییە، بەڵام زمانی ئەزموونکراومان لەگەڵ زمانی بێئەزمووندا هەیە. زمانێک نییە بێتواناتر یان ناخۆشتر یان ناشیرینتر لە زمانێکی دیکە، بەڵام زمانمان هەیە کە ئەزموونی دووردودرێژی لەگەڵ تەعبیرکردندا هەیە لەگەڵ زماندا کە ئەو مێژووەی نییە. واتە هەموو زمانەکان لە توانادا یەکسانن، بەڵام لە ئەزموونکردنی ئەو توانایانەدا وەک یەک نیین. بۆ نمونە تواناکانی زمانی کوردی کەمتر نییە لە توانای هیچ زمانێکی دونیا، بەڵام ئەزموونی تەعبیرکردن لەم زمانەدا لە زۆربەی زمانە زیندووەکانی دونیا لاوازترە٠

لێرەوە کێشەی ڕاستەقینەی زمان بە پلەی یەکەم نە یەکخستنی زاراوەیە، نە یەکخستنی ڕێنوسە، بەڵکو بەهێزکردن و گەورەکردنی کایەکان و تواناکانی تەعبیرە. بەدرێژایی سەدەی ڕابوردوو و تا ئەمڕۆش رۆشنبیرانی کورد بۆئەوەی خۆیان لە گرفتی سەرەکی زمان بدزنەوە، کە گرفتی توانا تەعبیرییەکانێتی، بەرەو گرفتی بچوکتر ڕایانکردوە، وەک گرفتی خاڵبەندی و ڕێنوس و فۆنۆلۆگی، لە کاتێکدا ئەو کێشە ڕەواڵەتییانە، لەبەردەم کێشەی زمانێکدا کە بەدەست لاوازییەکی قووڵەوە لە ئەزموونکردنی تواناکانی خۆیدا دەناڵێنێت، هیچ نیین جگە لە کۆمەڵێک کێشەی بچوک. هەر لێرەوە ئیفلاسی عەقڵی ئەکادیمی کوردیش تەواو ئاشکرادەبێت، کە عەقڵێکە ناتوانێت لەسەر ئەزموونکردنی تواناکانی ئەم زمانە لە ئاستە مەعریفی و ئەدەبی و زانستییەکاندا ئیشبکات و لە زەلکاوی کۆمەڵە دیالۆگێکی بێزەنتی و مردودا، دەربارەی کێشە لابەلایی نوقم بووە. کێشەی زمان وابەستەی توانای تەعبیرە لە بوارە فیکری و ئەدەبییەکاندا. نوسەرێک لەو وەزیفەیەدا نوشوستی هێنا، ئەستەمە قسە لە زمانزانی بکات... ناکرێت نوسەر لە ڕوی فیکری و مەعریفییەوە بەتاڵ بێت و قسە لە زمانزانی بکات. زمانزانی لەو جێگایەدا دەردەکەوێت کە تەعبیر تێیدا قورسە و عاسییە، نەوەک لەو شوێنە سادانەدا کە عەقڵ لەگەڵ هیچ کێشەیەکی ڕاستەقینەدا دەرگیر نییە. کێشەی زمان لەو شوێنەدایە کە تەعبیر تێیدا نوێیە، لێرەوە زمانزانی ڕاستەقینە ئەو کەسە نییە کە زمانی گوندەکان دەزانێت و زاراوەی زۆر لەبەرە و دەتوانێت وەک ڕەوەندانی سەدەی نۆزدە بنوسێت، بەڵکو ئەوەیە کە کایەیەکی نوێی تەعبیر دەکاتەوە. واتە زمانی کوردی لەگەڵ کایەیەکی زانستی و فیکری نوێدا نزیکدەخاتەوە . ئێمە لەسەدەی نۆزدەدا نین، گرنگ بێت بزانین بۆ پشقل چەند هاوواتامان هەیە، لە سەدەی بیست و یەکداین و زمانێکمان دەوێت توانای خۆی لەسەر کارکردن لە کایە زانستییەکاندا تاقیبکاتەوە. لێرەوە کێشە ڕاستەقینەکانی زمان، ئەو کێشانەن کە شوێنی بەریەککەوتنی زمانن لەگەڵ بیرکردنەوەی نوێدا، لەگەڵ گرفتی تەعبیریی تازەدا، بەوەدا ئەو کێشانەش تەنیا لە کاتی بیرکردنەوە و نوسیندا دێنە بەردەست، لێرەوە گرفتی ڕاستەقینەی زمان هەمیشە کێشەیەکی فەردی نوسەرانە، وە تەنیا ئەوانیش دەتوانن چارەیبکەن. ئیدی دانانی لیژنە و دروستکردنی ئەنستیوت و بەستنی کۆنگرە کێشەی زمان چارەسەرناکات، بەڵکو ئەوەی زمان بەرەو پێشدەبات تەنیا ئەو فەردانەن کە توانایان هەیە بەرەو جێگا عاسییەکانی ڕابکێشن، بەرەو ئەو هەرێمانەی پێشتر بیرکردنەوە و نوسین لێیان نزیک نەبوونەتەوە. زمان نە لە ئەکادیمییەکاندا و نە بەدەست ڕێزمانناسەکان نە بە سەپاندنی زۆرەملێی ڕێنوس و نە بەو یاسایانەی هەندێک نوسەری «بەڕاستی نەزان» بۆ خاڵبەندی دادەنێن گەشەناکات، چونکە خاڵبەندی پەیوەندی بە ڕۆحی تێکست و لۆژیکی تەعبیر و هەناسەی گوزارەوە هەیە، لە تێکستێکەوە بۆ تێکستێک و لە هەوایەکی نوسینەوە بۆ هەوایەکی تر دەگۆڕێت و جگە لە کۆمەڵێک یاسای زۆر گشتی ئەستەمە هیچ لۆژیک و ڕێکەوتنێکی سەرتاسەری بوونی هەبێت. قەیرانی سەرەکی زمان لە ئاست تەعبیردا دەردەکەوێت، نەوەک لە ئاستەکانی تردا، هەر کات بیرکردنەوە بوێری و ئازایەتی ئەوەی تێدا نەبوو کە بچێتە ناو شوێنە سەخت و جێگا عاسییەکانەوە، زمانیش زمانێکی ترسنۆک و نادڵنیا دەبێت، توانای زمان بە بوێری بیرکردنەوە وە گرێدراوە، بیرکردنەوەی بوێر ناتوانێت بە زمانی ترسنۆکەوە بژی، لێرەوە تا پرسیاری فیکر و زانست دوورتر بڕوات، زمانیش ناچارە دوورتر بڕوات. تاکە هێزێک دەتوانێت زمان بجوڵێنێت، بیخاتە ئەزموونی قورسەوە، بیرکردنەوەیە. لێرەوە زمان لە دۆخە سروشتییە سادەکەیدا، وەک کەرەستەیەکی پەیوەندی... زمانە لە دۆخی سەرەتاییدا، قەوارەیەکی پڕ ئەگەرە. هێزی ئەم زمانە لەوەدا نییە چەند وشەی هەیە، بەڵکو لەوەدایە چەندە خۆی لەگەڵ زانستە نوێکان و کێشە تازەکاندا دەگونجێنێت، چەندە ئاسۆی گەشەی کراوەیە... بۆیە لە بنەڕەتدا دووری لە مەعریفە، دووریشە لە زمانزانین. زمانزانین شتێکی ئامادە نییە کەسێک قاچ بخاتە سەر قاچ و بڵێت من زمانزانم، بەڵکو گرێدراوی پرۆسەیەکی ڕۆژانە و بەردەوامی بیرکردنەوەیە، شەڕێکی هەمیشەییە لەگەڵ نەگووتراودا، تێکەڵییە لەگەڵ ئەو زاراوە و چەمک و کێشانەی لە زمانەکانی ترەوە دێن و لە ناو جەرگەی بیرکردنەوەی ئێمەدا جێگیر دەبن و پێویستییان بە زمانێکە بیانخاتە ناو سیستمی بیرکردنەوەوە. هێزی بیرکردنەوە لەوەدایە کە زمان بجوڵێنێت و هێزی زمانیش لەوەدایە بتوانێت بەرگەی ئەزموونی قورسی بیرکردنەوە بگرێت و سەختییەکانی دابڕێژێت و لەگەڵیدا
بگونجێت. زمانزان ئەوە نییە کە ئەو زمانە دانراوەی ئێستا باش بەکاردەهێنێت، بەڵکو ئەوەیە کە ئاسۆی بەکارهێنانە دێرینەکان جێدەهێڵێت و ڕوو لە ڕووبەری تازەی تەعبیر دەکات. زمان زانین گووتنی ئەوەیە کە نەگووتراوە بە زمان، نەوەک گووتنەوەی ئەوەی کە گووتراوە.. بۆیە هیچ کەسێک نییە بتوانێت لەسەر بەتاڵی هۆش و کەمی مەعریفەتەوە باس لە زمانزانین بکات، وەک ئەوەی بشێت زمانزانێکی جاهیل هەبیت... زمانزانی جاهیل بوونی نییە، یان جەهل هەیە بەتەنیا، یاخود زمانزانین لە پاڵ مەعریفەدا٠