Friday, 15 July 2011

دەربارەی گرنگی‌و مەترسییەکانی ئاوێنە

له‌ساڵی 1932دا، ساڵێک بەرله‌وەی هیتلەر دەسەڵات وەربگرێت، «ئەلیاس کانیتی» دەستدەکات بە نوسینی شانۆنامەی «کۆمیدیای خۆپەسەندی»، ئەوکات کانیتی تەمەنی بیست‌و حەوت ساڵە، نازییەت‌و فاشیزم بە هەموو هێزی خۆیان لەدەرگاکانی ئەوروپا دەدەن، سەرەتای سەردەمێکی تاریک بەڕێوەیە، زۆربەی مرۆڤەکان لەژێر کاریگەری دروشم‌و گفتی نەتەوەپەرستەکانی ئەوروپادا خۆیان ونکردوە، ئایدۆلۆژیا تۆتالیتارەکان له‌هەموو جێگایەک هۆش‌و خەیاڵی مرۆڤیان شێواندوە، تاکگەرایی‌و نرخی مرۆڤ له‌نزمترین ئاستدان. ساڵی 1934 له‌ڤییەنا نوسینی شانۆنامەکە تەواو دەبێت، کە ئەودەم ئەوێش شارێکە وەک زۆربەی جێگاکانی دی ئەوروپا قاندراو بە رۆحی فاشییزم. بابەتی شانۆنامەکەش گەلێک سەرەنج راکێشە «چیدەبێت گەر مرۆڤ نەتوانێت وێنەی خۆی ببینێت؟». شانۆگەرییەکە باس له‌ژیان دەکات لەسایەی سیستمێکی زاڵمدا کە رێگا له‌مرۆڤەکان دەگرێت «سەیری خۆیان بکەن»، وڵاتێک تێیدا ئاوێنە‌و وێنە‌و کامێرا‌و هەموو جۆرە کەرەستە‌و ئامێرێک قەدەغەیە کە کۆمەک بە مرۆڤ بکەن یان دەرگای ئەوەی بۆبکەنەوە تەماشای خۆی بکات. له‌خود روانین، دەرگای خۆپەسەندییە‌و خۆپەسەندیش مرۆڤەکان له‌خزمەتی گشتی دوردەخاتەوە، مرۆڤ کە رێگای ئەوەی لێگیرا خۆی ببینێت، رێگای ئەوەشی لێدەگیرێت خۆپەسەند بێت، هەرکات خۆپەسەندیش نەبوو، وزەی خۆی له‌خۆئەڤینیدا سەرف ناکات‌و دەیخاتە خزمەتی قازانجی گشتییەوە. ئەوە کورتەی فەلسەفەی ئەو سیستمە زوڵمکارەیە. بەڵام ئاخۆ مرۆڤ دەتوانێت بێ ئاوێنە بژی؟ ئایا گەر خۆی نەبینێت چۆن دەژی؟ کۆمەڵگای بێ ئاوێنە، چ جۆرە کۆمەڵگایەکە؟ چی رودەدات گەر مرۆڤەکان دەموچاوی خۆیان نەبینن، ئایا ئەوەی خۆی نەناسێت دەتوانێت جیهان بناسێت؟ له‌شانۆنامەکەی کانیتیدا دوای دەساڵ بەسەر قەدەغەکردنی وێنە‌و ئاوێنەدا کۆمەڵگایەک دروستبووە مرۆڤەکانی بێشوناسن، بێڕوخسارن، جێگایەکە دەسەڵات چۆن بیەوێت مرۆڤەکان بەوجۆرە لێدەکات، بەڵام له‌بەرامبەردا، کۆمەڵگایەک دروستبووە کە تێیدا ستایشکارانی درۆ زاڵن، ئەوانەی بە وشە‌و له‌ڕێگای وەسف‌و پیاهەڵنانەوە، وێنەیەک دەبەخشن بە مرۆڤەکان‌و دەموچاوی جوان‌و شێوازی فریشتەییان بۆ نیگاردەکەن‌و وادەکەن خۆپەسەندییان تێربێت، باڵادەست‌و باون. بەبڕوای کانیتی، خواستی خۆناسین له‌مرۆڤدا، خواستێکی قوڵە، کە رێگا له‌مرۆڤ گیرا خۆی ببینێت، پیشەسازی درۆ‌و نیفاق دەگاتە ئەوپەڕی. وای لێدێت، وەک چۆن له‌هەندێ شاردا بە نهێنی ماڵە سۆزانی هەیە، لەو شارەدا ماڵ هەبێت بە نهێنی لەتە ئاوێنەیەک دابنێت‌و مرۆڤەکان بچن‌و لەوێ وەک حەرامێکی گەورە لەزەت له‌سەیرکردنی خۆیان ببینن. پەیوەندی مرۆڤ‌و وێنەکەی خۆی بەجۆرێک تێکدەچێت، له‌کۆتایدا کە ئاوێنە دەگەڕێتەوە، خۆئەڤینی گەماردۆدراو‌و خنکاوی ناو مرۆڤەکان، خۆپەسەندی کوژراویان بە جۆرێکی وا لافاو ئاسا هاژەدەکات، مرۆڤەکان چیتر ئەوەندەی بۆ پەیوەندی خۆیان بە وێنە‌و ئاوێنەکانەوە دەژین، رێگای لەیەکدی تێگەیشتن‌و پێکەوەژیانیان نامێنێت.
شانۆگەرییەکە دوو کێشەی زۆر گەورە دەخاتە بەردەممان. یەکەم کێشەیەکی کۆمەڵایەتی‌و سیاسییە: دورخستنەوەی مرۆڤ لەوەی خۆی ببینێت‌و خۆی بناسێت، هەوڵێکی فاشیستییە بۆ ونکردن‌و سڕینەوەی مرۆڤ لەناو مێگەل‌و کۆگەلی خەڵکدا، کە دواجار بوونەوەرێکی بێشوناس‌و بێکاراکتەر دروستدەکات. دووەمیان کێشەیەکی گرنگترە: ئایا مرۆڤ گەر نەتوانێت وێنەی خۆی ببینێت، ئەو وێنەیە نەدۆزێتەوە، ئەو وێنەیەی خۆشنەوێت چی رودەدات؟ یان بە پێچەوانەوە گەر کەوتە عەشقی ئەو وێنە ونبووەی خۆی چی دەبێت؟ بەبڕوای من شانۆگەرییەکەی کانیتی قووڵتر لەوە دەڕوات تەنیا رەخنە بێت له‌مێگەلگەرایی ناو فاشیزم‌و دەمانبەستێتەوە بە کێشەی شوناسەوە بە گشتی. له‌ڕستەیەکدا کە زۆر سەرەنج راکێشە، یەکێک له‌کاراکتەرەکان دەڵێت «دۆزەخ ئاوێنەی لێ نییە... ئەوە تەنیا ئێمەین کە ئاوێنە‌و وێنە‌و فۆتۆگرافمان هەیە». بەبڕوای ئەوانەی ئاوێنە قەدەغەدەکەن، ئینسان کارێکی شەیتانیتری له‌شەیتان لەدەست دەرچووە، کە ئەویش ئاوێنەیە، «ئەوەی لەبەردەم کامێردا دەوەستێت رۆحی بە کوێ دەگات؟»، ترسەکە لەوەدایە مرۆڤ خۆی سەربەخۆ وێنەیەک بۆ خۆی دروستبکات کە رەنگدانەوەی ئەو وێنەیە نەبێت کە کۆمەڵگا دەیەوێت، شوناسی مرۆڤ له‌هەموو کۆمەڵگا داخراوەکاندا، شتێکە دەبێت لەوانی تر وەریبگرین، ئەوە تەنیا فاشیزمی سیاسی نییە کە نایەوێت مرۆڤ ماهییەتی خۆی بدۆزێتەوە، بەڵکو هەموو کۆمەڵگا تەقلیدییەکانی وەک ئێمەش تا ئەو جێگایە ئاوێنەیان قەبووڵه ‌کە مرۆڤ شێوەی دەرەوەی خۆی لەبەردەمدا جوانبکات، نەوەک ئاوێنەیەک بەرەو ناسینی خۆمان بمانبات، له‌کۆمەڵگا داخراوەکاندا مرۆڤ بەردەوام دەبێت لەوانی تر بپرسێت: من کێم؟ ئەوانی دی ئاوێنەمانن، ئەوانی دی پێماندەڵێن: ئێمە کێین.
بەڵام ترس له‌ئاوێنە، مەرج نییە ترسێکی سیاسی‌و فاشی بێت، لەوانەیە تەواو ترسێکی تایبەتی بێت، لێرەدا رستەیەکی نوسەری پورتوگالی ناسراوم بە یادا دێتەوە کە لەو ساڵانەدا له‌پلەی نوسەرانی وەک کافکا‌و کافافی دا دادەنرێت «فێرناندۆ پێسوا»، ئەویش له‌«کتێبی نادڵنیایی» دا دەڵێت «ئەوەی ئاوێنەی دروستکرد، رۆحی مرۆڤی ژەهراویکرد». لای پێسوا «هیچ ئاوێنەیەک له‌ناخی خۆمان دەرمان ناهێنێت». واتە ئاوێنە دەشێت لەبری ئەوەی دەرمانبخات، خودێکی وەهمی‌و روکەش‌و درۆزنمان بۆ دروستبکات.
ئاوێنە بەسەرێکدا نیشانەی «خودئەڤینییە» نیشانەی حەزکردنی مرۆڤە له‌خۆی، ئاماژەیە بۆ ئامێرێک بە خۆمانەوە دەمانبەستێتەوە، بەو پرسیارە ئەبەدییەوە «ئێمە کێین؟»، بەڵام بەسەرێکی دیش دەکرێت له‌نیگارێکی خۆمان‌و شوناسێکدا دیلمانبکات‌و تەواو له‌دونیا دامانببڕێت، بەڵام جگە لەوانە ئاوێنە پرسیاری دیکەش دەکات، پرسیارەکانیشی زۆر جار له‌پرسیاری واقیع سەختترن. ئاوێنە ئاماژە نییە بۆ پارچەیەک شوشە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ شتێک له‌ڕێگایەوە دەمانەوێت لەوانی دی جیاببینەوە‌و سەربەخۆ وێنەیەک بۆ خۆمان دروستبکەین، وێنەیەک کە پەیوەندی خۆمان بە خۆمانەوە سازاندبێتی‌و هەمووی دەستکردی ئەوانی تر نەبێت. قەدەغەکردنی ئاوێنە له‌بنەڕەتدا ئاماژەیە بۆ ساتێک تێیدا سیستم نایەوێت مرۆڤ خەریکی خۆی بێت، فاشییەت بریتییە لەوەی تەنیا ئەوانی تر پێمانبڵێن ئێمە کێین، مرۆڤ کەرەستەی بینینی خۆی پێ نەبێت.
له‌هەموو جۆرە کۆمەڵگا داخراوەکاندا مرۆڤ کەرەستەی خۆناسین‌و خۆ بینینی لێ قەدەغەدەکرێت، بەڵام ئاوێنە ئامێرێکی ئاسان نییە، بە بڕوای من پرسیاری کانیتییش له‌ئاوێنە چەندە پرسیارێکی سیاسییە، ئەوەندە پرسیارێکی کولتووری تایبەتیشە بە شوناس. مرۆڤ لەگەڵ ئاوێنەدا دەشێت عاشقی خۆی بێت‌و بچێتە ناو خۆی‌و نەیەتە دەرێ‌و تیا بمرێت، وەک مردنی نەرسیس بەدیار وێنەی جوانی خۆیەوە له‌ئەفسانە یۆنانییە بەناوبانگەکەدا، بەڵام دەشێت ئاوێنە تەنیا مەجازێک بێت بۆ گەشتی خۆناسین له‌جیهاندا. ئەو ساتەی کە کانیتی تێیدا «کۆمیدیای خۆپەسەندی» دەنوسێت، تەنیا ساتی ترس نییە له‌نازییەت، بەڵکو ساتێکە کانیتی وەک گەنجێک قوڵ قەیرانی شوناس دەژی، لێرەدا ئاوێنە وشەیەکی مەجازییە بۆ گەشتی خۆناسینی مرۆڤ. کانیتی کە باس هەم له‌گرنگی‌و هەم له‌ترسناکی ئاوێنە دەکات، ناڕاستەوخۆ باس له‌گرنگی‌و ترسناکی شوناس دەکات. نەبوونی شوناس مانای توانەوە له‌مێگەلدا‌و نەبوونی کاراکتەرێک فەرد له‌وانی تر‌و له‌کۆ جیابکاتەوە، هەبوونی «شوناسی داخراو»یش مانای مردن له‌ناو زیندانی خوددا‌و ونکردنی هەموو ئەو ساتە شوناسانەی تر کە دەشێت له‌ژیاندا تیا بژین.
گەر بگەڕێینەوە بۆ ژیانی «ئەلیاس کانیتی» بۆ پارچە پارچە بوونی، بۆ بەرقەرارنەبوونی له‌یەک بازنەی کولتوریدا له‌هەموو شتێک تێدەگەین. کەم کەس هەیە وەک کانیتی تەعبیر له‌بەشە هەلاهەلا‌و پارچەپارچەکەی ئەوروپا بکات. جولەکەیەک، له‌بولگاریا لەدایکدەبێت، دەڕوات بۆ ئینگلتەرە، زمانی دایکی دەبێتە ئینگلیزی، لەوێ فێری فەرەنسی دەبێت، دەچێت بۆ ڤییەنا، زمانی ئەڵمانی دەبێت بە زمانی نوسینی. ئەڵمان راوی دەنێن، بە دونیادا ئاوارەدەبێت، لەدواجاردا وەک رۆحێکی قوڵ بەڵام هەستیار‌و پەرت، له‌نێوان زمانەکان‌و شوێنەکاندا دەژی‌و دەردەکەوێت‌و وندەبێت... رۆحێک کە وێنەیەک‌و ژانرێک‌و تێکستێک‌و زمانێک بە خۆی ناگرێت. گەر لەو روانگەیەوە بڕوانین تێدەگەین کە ئاوێنە چەندە لای کانیتی گرنگە... بۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی وەک کانیتی «ئەوانەی له‌ناو زیاد له‌زمانێک‌و شوێنێک‌و کولتورێکدا دەژین» ئاوێنە سەمبولی گەڕانە بۆ خود، سەمبولی دۆزینەوەی رێگایەکە بۆ ناوەوە کە لەو پارچەپارچەبوونەوەی دەرەوە بیانپارێزێت، بەڵام سەمبولیشە بۆ ئەگەری شوناسێکی داخراو، کانیتی‌و هەموو ئەوانەی له‌ناو زیاد له‌جیهانێک‌و کولتورێکدا دەژین ناتوانن له‌ناو یەک وێنەدا دیلبن.
مرۆڤ مەخلوقێک نییە یەک ئاوێنە بەشیبکات‌و بتوانێت وێنەکەی نیشانبداتەوە، بەپێچەوانەوە مرۆڤ پێویستی بە زیاد له‌ئاوێنەیەک هەیە، بۆ ئەوەی له‌یەک کاتدا زیاد له‌وێنەیەکی خۆی له‌زیاد له‌ئاوێنەیەکدا ببینێت. پەسەندکردنی خۆت له‌یەک وێنەدا بە هەمان ئەندازەی یادکردنی خۆت ترسناکە. مرۆڤ تەنیا له‌ڕێگای هەڵگرتنی زیاد له‌شوناسێکەوە دەتوانێت له‌جەوری یەک شوناسی دەرچێت، له‌ڕێگای زۆرکردنی ئاوێنەکانەوە دەتوانێت له‌جەوری یەک ئاوێنەیی دەرچێت... «خۆزیادکردن» ئەم زاراوەیە کە نەغمەیەکی زۆر دۆلۆزیانەی هەیە، تاکە چەکە دژ بە دونیایەک کە یان مرۆڤ بەوە مەحکومدەکات خۆی ونبکات یان بەوە سزای دەدات له‌ناو خۆیدا بخنکێت.
هەڵبەت ئەم بابەتە دەچێتەوە سەر سەد رێگا‌و سەر سەد دەرگا. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە زەمین بێ ئاوێنە دۆزەخە، چونکە دۆزەخ ئاوێنەی لێ نییە، بەڵام خنکان له‌یەک ئاوێنەشدا ترسناکە، بازنەدان له‌ئاوێنەیەکەوە بۆ یەکێکی تر ترسناکە، نەگەڕانەوە بۆ جیهان، سەیرنەکردنی خود له‌پەیوەندی راستەقینەدا لەگەڵ ئەوانی تردا هەمان شێوە ترسناکە... دواجار هیچ ئاوێنەیەک ناتوانێت دوا وێنەی خۆمان پێببەخشێت، دواجاریش ئێمە ناتوانین وێنەی تەواوەتی خۆمان بە هیچ ئاوێنەیەک ببەخشین. ئەوەی هەیە جەنگێکی بەردەوامە بۆ زیادکردنی شێوەی خۆمان‌و شوناسمان تا ئاوێنەیەک نەتوانێت داگیرمانبکات، زیادکردنی ئاوێنەکانیشە تا دڵنیابین چەند هەمەڕەنگ بین هێشتا سنوردارین‌و ناتوانین له‌هەموو ئاوێنەکاندا بین.

Monday, 11 July 2011

له‌نێوان دوو پاڵەوان‌و دوو نەوەو دوو سەردەمدا


چەند رۆژێک له‌مەوبەر بەشی دووەمی فیلمی «یاداشتەکانی گێرگ»ـم بینی. فیلمەکە بەشی دووەمە له‌زنجیرەیەک رۆمانی وێنەدار کە نوسەری ئەمه‌ریکی «جیف کێنی» دەیاننوسێت، من بەشی سێهەمی یاداشتەکانی گێرگم بە کتێب خوێندۆتەوە، بەشی دووهەمیشم بە فیلم دیوە. «یاداشتەکانی گێرگ» لەو رۆمانە وێنەدارە کۆمیدییە سوک‌و سادانەیە کە بۆ گەنجان‌و مێردمنداڵان دەنوسرێن، بەڵام له‌تەواوی دونیادا بەربڵاوییەکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت‌و سەرکەوتنێکی بێوێنەی بەدەستهێناوە، بەجۆرێ ساڵی 2009 جیف کێنی له‌لیستی ئەو سەد کەسەدا بوو کە گۆڤاری تایمز وەک پڕ کاریگەرترین کەسایەتی دونیا هەڵیاندەبژێرێت. دیارە سەرکەوتنی جیف کێنی ناگاتە ئاستی سەرکەوتنی نوسەری هاری پۆتەر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ملیۆنەها گەنج‌و مێردمنداڵ له‌دونیادا بێوێنە دەیبینن. گێرگ «پاڵەوانی سەرەکی زنجیرە کتێبەکان» کەسایەتییەکی تەواو پێچەوانەی هاری پۆتەرە، منداڵێکی بەستەزمانە کە بەردەوام بە هۆی دایک‌و باوکی‌و برا گەورەکەیی‌و هاوڕێکان‌و دراوسێکانییەوە توشی هەڵوێستی ناخۆش دەبێت. گەر هاری پۆتەر نوقمی سیحر‌و فەنتازیا بێت، گێرگ سەد دەر سەد بە پێچەوانەوە نوقمی هەرە شتە سادە‌و رۆژانەکانە کە پێدەچێت بەشێکی گرنگی ژیانی رۆژانەی منداڵان‌و گەنجانی ئێستای دونیا بێت. نەوەیەک کە له‌سیستمێکی پەروەردەیدا دەژین نەدەتوانێت لیبرال بێت‌و نەدەتوانێت کۆنزەرڤاتیڤ بێت، نەدەوێرێت تەواو مۆدێرن بێت، نەدەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بەها‌و شێوازە کلاسیکییەکانیش. واتە لەناو دونیایەکدا دەژین کە خۆی زۆر گۆڕاوە، بەڵام نەیتوانیوە لەسەر رۆشنایی گۆڕانەکانی خۆیدا پەروەردە‌و مۆرڵێکی نوێ دروستبکات.
گەر هاری پۆتەر نیشانەی پێویستی هەتاهەتایی مرۆڤ بێت بە خەیاڵ‌و فەنتازیا، بە داهێنانی ئەو دونیایانەی کە نین‌و نامانبێت. گێرگ سەد دەر سەد پاڵەوانێکی «دژە پۆتەرییە»... گێرگ نوقمە له‌دونیای رۆژانەدا، لەو دونیایەدا کە له‌لێپرسینەوەی دایک‌و له‌تەمەڵی ناو پۆل‌و له‌گاڵتەی نێو هاوڕێیان دروستبوە. هەڵبەت من کتێبی سێهەمیم وەک تێکست پێخۆشتر بوو، نەک له‌فیلمەکە کە وەک هەمیشە بە کڵێشە دووبارەکانی ناو سینەمای ئەمه‌ریکی‌و رۆحی سریاله ‌کۆمیدییەکانی ئەو وڵاتە قاندرابوو. گیرگ کەسایەتییەکی بێئەندازە سادەیە، کاراکتەرێکی منداڵانەی هەیە، هەم تەمەڵە، هەم حەزی له‌کاری جیدی نییە، شەیدای کۆمپیوتەر‌و تەلەفزیۆنیشە... وەک بەشی هەرە زۆری مێردمنداڵانی ئێستای دونیا.
ناوبانگی گیرگ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زۆربەی گەنجان دەتوانن خێرا خۆیانی تێدا ببیننەوە‌و خۆشیانبوێت، نەکاراکتەرێکی بەهێزە‌و نەزۆر لاواز، نە زۆر جوانە‌و نە تەواو ناشیرین، زیرەک نییە‌و حەزیشی له‌خوێندن نییە... سادەیە‌و دەکرێت هەموو مێردمنداڵانێک بڵێت «ئەوە منم» «ئەوە من‌و دایکمین» «ئەوە من‌و براکەمین».
لێرەدا حەزدەکەم ئێستێک بکەم‌و کەمێک بگەڕێمەوە بۆ دواوە، بۆ رۆژانی گەنجی خۆم، بۆ سەردەمانێک کە رۆمانە بەناوبانگەکەی سالینجەر «پاسەوانی نێو کێڵگەی جۆ»ـم خوێندەوە. ئەو دەم کە رۆمانەکەم خوێندەوە تەمەنم حەڤدە ساڵ بوو، هێشتا هیچ شتێکی ئەوتۆم دەربارەی ناوبانگ‌و گرنگی «هۆلدن کۆلفیلد» «پاڵەوانی رۆمانەکەی سالنجەر» نەدەزانی... بەڵام بەجۆرێک پێی سەرسامبووم کە دەکرێت بڵێم ئەو رۆمانە یەکێک بوو لەو کتێبانەی بڕیاریدا بیر لەوە بکەمەوە ببمە نوسەر. ئەو رۆژە کە لەگەڵ کچەکەمدا له‌هۆڵی سینەماکە له‌تەماشای فیلمی «یاداشتەکانی گیرگ» هاتمەدەرێ، تەنیا شتێک له‌خەیاڵمدا بوو، بەرواردکردنێکی نێوان «گێرگ» یان «گریگۆری هێڤلی» بوو لەگەڵ «هۆلدن کۆلفیلد» دا، ئەو پاڵەوانەی ئەمڕۆ کچەکەم پێی سەرسامە لەگەڵ ئەو پاڵەوانەدا کە ئەودەم من پێی سەرسام بوم، کە بۆ خۆی نیشانەی جیابونەوەی دوو دونیا‌و دوو نەوەیە لەیەکدی... ژیانی گێرگ له‌«ژونیۆر هایسکوڵ»، لەگەڵ ژیانی هۆلدن کۆلفیلدا له‌بەشی ناوخۆیی «پێنسی پرێپ» دا لێکچونی زۆریان هەیە، هەردووکیان بە مانایەک له‌ماناکان دوو مێردمنداڵی تەمەڵن‌و ناتوانن ئەو چاوەڕوانییانە تێربکەن کە گەورەکان هەیانە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گێرگ ناتوانێت هۆڵدن کۆلفیلد بێت، خاڵی سەرەکی جیاوازی نێوان کۆلفێلد‌و گیرگ ئەوەیە کە کۆلفیلد بە جۆرێک له‌جۆرەکان کاراکتەرێکی سیاسییە. کۆلفیلد گەنجێکی نەخۆشتر‌و نائارامتر‌و تەنهاترە، کەسێکە بەڕاستی لەگەڵ دیوی تراژیدی تراژیدیاکانی خۆیدا دەژی، بە پێچەوانەی گێرگەوە کە تەنیا دیوی کۆمیدی تراژیدیاکانی خۆی دەگێڕێتەوە. گێرگ توشی کێشەدەبێت، بەڵام کێشەکانی خۆی تەنیا له‌سنوری کێشەی «دایک‌و کوڕ» «برا‌و برا» «خوێندکار‌و مامۆستا» دا دەبینێتەوە، ئەو چیرۆکانەش بۆیە دەگێڕێتەوە تا هەموومان پێبکەنین... حیکایەتخوان لێرەدا کۆمیککارە، هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە کار لەبری هەستی رەخنەیی بەرامبەر بە کۆمەڵگا، پێکەنینمان تیادروستبکات، پێکەنینێک کە دەمانخاتەوە ناو سیستم‌و شتەکانمان لا سادەدەکاتەوە‌و لەگەڵ دونیادا ئاشتماندەکاتەوە. گیرگ ناتوانێت هیچ مانایەکی گشتی لەو هەڵوێست‌و روداوە ناخۆشانەدا بدۆزێتەوە کە بەسەریدا دێن، هەوڵدەدات لەگەڵ کێشەکاندا بژی، بە کەمترین زیان لێیاندەرچێت، له‌کێشەی شەخسی خۆشی زیاتر هیچی دیان تێدا نابینێت. واتە گیرگ ئاواتی ئەوە ناخوازێت له‌دونیایەکی تردا بژی، بەڵکو زۆرجار ئاواتی ئەوە دەخوازێت دایکێکی تری هەبایە، هاوڕێیەکی تری هەبایە، برایەکی تری هەبایە، له‌خوێندنگایەکی دی بایە... لای سالێنجەر بە پێچەوانەوە کۆلفیلد هەموو ئەو گرفتانەی هەیە، هەموو ئەو جۆرە ئاواتانەشی هەیە، بەڵام ئازاری هەرە گەورەی کۆلفیلد ئەوەیە ناتوانێت بەوجۆرە پێبکەنێت، جیهانێکی «موزەیەف» هەیە کە دەیبینێت. وشەی «زەیف» وشەی هەرە سەرەکی ناو رۆمانەکەی سالێنجەرە. کۆلفیلد بەڕاستی هەست بە قەیرانی خۆی دەکات‌و دەزانێت کەسێکە لەگەڵ دونیادا ناگونجێت، له‌هیچ خوێندنگا‌و بەشێکی ناوخۆییش جێگای نابێتەوە، ناتوانێت ئەوە بێت کە داوای لێدەکەن، بە چاوێکی رۆشنیش زەیفی دایک‌و باوک‌و خوێندکاران‌و مامۆستاکان‌و کچانی دەوروبەری دەبینێت، بە هێزێکی ناوەکی بێوێنەشەوە گاڵتە بەدونیا دەکات، دەیەوێت بڕوا بۆ دور‌و ببێت بە پاسەوان له‌کێڵگەیەکی دوری جۆدا، تاکە کەسێکیش کە پاک‌و راست دەیبینێت‌و غەمی بۆ دەخوا خوشکە بچوکەکەیەتی.
رۆمانەکەی سالینجەر لەساڵی 1951 دا نوسراوە، له‌شەست‌و حەفتاکاندا کە بزوتنەوەی هیپییەکان له‌ئەمه‌ریکا سەری هەڵدا، یەکێک له‌دروشمە سەرەکییەکان ئەوەبو «هەمومان هۆلدن کۆلفیلدین»... کۆلفیلد بۆ نەوەی ئێمە بە گشتی، نمونەی ئەو مێردمنداڵەبوهو کە خێزان‌و قوتابخانە دەیپلیشێنێتەوە، بەڵام گاڵتەجاڕانە سەیری هەموو شتەکان دەکات، خۆی نادات بەدەستەوە، رەخنەگرانە دەبینێت. راستە نەخۆشە، بێشوێنە، تێکشکاوە، بەڵام بەقێزیشەوە سەیری هەموو ئەو دونیایەی دەوروبەری خۆی دەکات. کۆلفیلد ئەو مرۆڤەیە کە هێشتا دەتوانێت گاڵتە بەدونیابکات، بە پێچەوانەی گیرگەوە کە لەبری ئەوەی ئەو بە دونیا پێبکەنێت، دونیا بەو پێدەکەنێت‌و خۆشی لەگەڵ دونیادا بە خۆی پێدەکەنێت. گیرگ نمونەی ئەو مرۆڤە مۆدێرنە تاک رەهەندەیە کە ناتوانێت له‌کێشە تایبەتییەکانی خۆیەوە جۆرە جیهانبینییەکی گشتی دروستبکات، ناتوانێت بە دونیا‌و سیستمی خێزان‌و سیستمی خوێندن بڵێت نا، بەڵکو دەبێت لەگەڵیاندا بڕوات‌و منداڵی خۆی‌و ستەمی سیستمەکە بەجۆرێک له‌جۆرەکان پێکەوە بگونجێنێت. کێشەکە لای ئەو دایک‌و براکەیەتی نەوەک سیستمی خێزان. بە کورتی تراژیدیای هۆلدن کۆلفیلد‌و ژیانی ناخۆشی بەرەو رەتکردنەوەی تەواوی سیستمی دەبات، سیستم بە هەموو دەرکەوتەکانییەوە، بەتەواوی ئەو کولتورەوە کە له‌خوێندن‌و خێزان‌و خۆشەویستی‌و هاوڕێیه‌تیدا دروستیکردوە، بەڵام لای گێرگ شتێک نییە ناوی موزەیف بێت، بەڵکو کێشەکە کێشەی خۆگونجاندن‌و چارەسەر‌و فێڵی بچوکی رۆژانەیە. لای کۆلفێلد دونیایەکی تر هەیە بۆی بگەڕێت، لای گێرگ دونیایەکی تر نییە، هەمو شتەکان لێرەدا‌و له‌نێوان ماڵەوە‌و خوێندن‌و لەگەڵ هاوڕێکاندا دەبێت چارەسەربکرێن. گێرگ چ وەک ئەدەبیات‌و چ وەک واقیع نیشانەیەکی ترسناکی سادەبوونەوە‌و بەسەتحیبوونی مرۆڤی هاوچەرخە... خودی زمانە سادەکەی، وێنە زۆر سادەکانی ناو کتێبەکە، گاڵتەکردنی گێرگ‌و هاوڕێکانی بە خوێندنەوە‌و کتێب، نەتوانینی هەڵکردن لەگەڵ جیدییەتدا، نیشانەی دەستەمۆبوونی پاڵەوانەکەن، نەوەک نیشانەی ناتەبایی لەگەڵ دونیادا. له‌کاتێکدا رقی کۆلفیلد، رقی گەنجێکە کە کۆمەڵگا نەیتوانیوە توانای بینین‌و یاخیبوون‌و رەخنەگرتنی تێدا بکوژێت.
ئەدەبیات‌و هونەر‌و بازاڕی مۆدێرن، وێنەی دونیایەکمان پێشکەشدەکەن کە ئەلتەرناتڤی نییە، مرۆڤێک کە دەبێت بە هێمنی‌و بە پێکەنینەوە کێشە گەورەکانی خۆی وەربگرێت، له‌تراژیدیا تایبەتییەکانی خۆیەوە مانای گەردونی‌و گەورە هەڵنەگۆزێت... خواستێک بێگومان لەگەڵ رۆحی نوسەرێکی گەورە‌و رەخنەگری وەک سالینجەردا نەدەگونجا، بەڵام لەگەڵ خواست‌و رۆحی کەسێکی وەک جێف کێنیدا دەگونجێت.
هەردوو پاڵەوانەکە نیشانەی دوری‌و ناتەبایی دوو سەردەمن... سەردەمێک مرۆڤ تێیدا دەیتوانی تاک رەهەند نەبێت‌و بڵێت نا. لەگەڵ سەردەمێک کە بەردەوام له‌ڕێگای میدیا‌و کتێب‌و فیلمەوە بە مرۆڤ دەگوترێت، ئەم دونیایەی تێیدا دەژیت تەنیا دونیایە‌و جگە له‌مەش دونیای جوانتر بوونی نییە.

Thursday, 7 July 2011

چالاکی ناچالاک


ماوەیەک لەوەوبەر کەسێکم ناسی کە زۆر شەیدایانە شتی منی کۆدەکردەوە، هەموو وتارە کۆنەکانمی هەبوو، هەموو چاوپێکەوتنەکانم، بەو جۆرە نا کە وەک داتایەکی ئەلەکترۆنی له‌فایلێکی نێو کۆمپیوتەردا هەڵیگرتبێت، بەڵکو بە شێوەی گۆڤار‌و رۆژنامە، بەوجۆرەی کە لەسەر کاغەز چاپبوون، له‌کتێبی یەکەمی منەوە «گوناهو کەرنەڤاڵ» کە بەدەستنوس‌و کۆپی 100 نوسخەمان لێ چاپکرد، تا «جەمشید خان» هەموو کتێبەکانی منی بە دووجۆر هەبوو، تەجلیدکراو‌و بە بەرگی ئاسایی، له‌هەرجێگایەک وێنەیەکی من چاپبووبێت، له‌دەفتەرێکی گەورەدا ئەرشیفی کردبوون. بەشی هەرە زۆری ئەو شتانەی له‌ئینتەرنێتدا لەسەر من نوسراون دایگرتبوون‌و بە چاپکراوی له‌فایلی تایبەتدا هەڵگیرابوون... من بەشی هەرە زۆری ئەو شتانەی ئەو هەیبوو، خۆم بە چاپکراوی نەمدیبوون، ئەو زانیاریانەی ئەو لەسەر من دەیزانی خۆم نەمدەزانی، بەپێی ئەرشیفەکەی ئەو، من له‌زۆر جێگادا بووم کە هەرگیز پێم تێ نەخستوون، زۆر چاوپێکەوتنم کردبوو کە هەرگیز نەمکردوون، لەگەڵ زۆر کەس دانیشتووم کە هەرگیز نەمبینیون، خاوەنی هەندێ شتم کە هەرگیز خەونیشم پێوە نەدیون. بە کورتی گەر له‌داهاتوودا ئارەزویەکی خراپ لەسەرمدا پەیدابێت‌و بمەوێت شتێکی ورد دەربارەی خۆم بزانم، دەبێت بچمەوە سەر ئەرشیفی ئەو ناسیاوەم کە تەواوی ئەو شتانەی له‌دە ساڵی رابوردودا له‌نێتدا بڵاوبۆتەوە‌و له‌ڕۆژنامەکاندا دەربارەی من چاپبوون، لەلایەتی. دیارە بۆ من خۆشبوو خوێنەری وەها دڵسۆزم هەبێت، بەڵام خۆشبەختی‌و بەخۆنازینم تابڵێی کورتخایەن بوون، هێندەی لەگەڵ ئەو دۆستەمدا کەوتمە قسە زانیم من له‌بەردەم «خوێنەر»ێکدا نیم هیچ کارێکی جیدی منی خوێندبێتەوە، کابرا تەنیا بە ئارەزوویەکی گەورەوە شتی کۆدەکردەوە، وەک چۆن خەڵکانێک هەن پول، گەڵای وشک، پەپولە، جۆرەکانی مێشوولە، پارەی کۆن کۆدەکەنەوە، ئەو هاوڕێیەشمان شتی لەسەر من کۆدەکردەوە... بەڵام نەوەک کتێبەکانی منی بە عەشقەوە نەخوێندبووەوە، هەتا له‌ناونیشانی کتێبەکانیشمدا هەڵەیدەکرد‌و ناوەکانی تێکەڵدەکردن، کە خۆشترینیان لای من ئەوەبوو کە گووتی زۆر حەزی له‌دیوانی «ئیشکردن له‌باغەکانی خەیاڵدا» یە.
لێرەدا مەبەستم نییە خوانەخواستە سوکایەتییەک بەو دۆستەبکەم، بەڵکو نیازێکی جیدیترم هەیە، نیازمە ئاماژە بۆ دیاردەیەک بکەم کە کۆی ژیانی مۆدێرنی هەموومانی گرتۆتەوە. حاڵەتی ئەو دۆستە ئازیزە هەر تەنیا بەو پلەیە سەرەنجڕاکێش بوو کە پەیوەندی بە خۆمەوە هەبوو، بەڵام گەر وردتر بڕوانین خودی ئەم دیاردەیە بەشێکی بنەڕەتی‌و پێکهێنێکی گەورەی تەواوی ژیانی هاوچەرخە. ئەوەشی لێرەدا باسیدەکەم یەکێکە له‌کێشە فەلسەفییە گرنگەکانی دونیای ئەمڕۆ‌و نیازێکی گاڵتەی له‌پشت نییە. له‌ساڵی دوو هەزاردا فەیلەسوف‌و کولتوورۆلۆگی نەمساوی «رۆبەرت پفالەر» کتێبێکی گرنگی دەربارەی «ئینتەرپاسیڤیتەیت» نوسی. لەو کاتەشەوە خودی زاراوەی «ئینتەرپاسیڤیتەیت» شوێنێکی گرنگی له‌ژیانی فیکریدا داگیرکردوە، یەکێک لەو فەیلەسوفە ناسراوانەی دیش کە زۆرجار کار بەم زاراوەیە دەکات «سلاڤۆ ژیژک»ـە. دەکرێت زاراوەی ئینتەرپاسیڤ بە دووجۆر بکەمە کوردی بە «ناچالاکی نێوبەینی» کە وەرگێڕانێکی کەمێک حەرفییە، لەگەڵ «چالاکی ناچالاک»دا کە وەرگێڕانی ماناکەیەتی‌و له‌ڕۆحی دیاردەکەوە نزیکترە. خودی زاراوەکە بە ئەندازەیەکی زۆر پەیوەندی بە دونیای چێژ‌و لەزەت‌و ئارەزووەوە هەیە، بەو مانایەدێت، شتێکی چێژبەخش هەیە من دەیدەمە کەسێکی تر یان شتێکی تر ئەو چێژەم بۆببینێت. بۆ نمونە دوو کەس داوەتی خواردنێکی خۆشن، یەکێکیان لەبەر هەر هۆیەک بێت، ناتوانێت بچێت بۆ داوەتەکە، بە هاوڕێکەی دەڵێت «تۆ له‌جیاتی منیش بخۆ، کە تۆ خواردت وەک ئەوەیە من خواردبێتم». هەڵبەت ئەمە له‌ژیانی رۆژانەماندا زۆر دووبارەدەبێتەوە، واتە یەکێک هەیە دەبێت بە «وەکیلی خواردن»مان، «وەکیلی لەزەت»ـی ئێمە لەسەر سفرە. ژیژک نمونەیەکی باشتر دەهێنێتەوە، له‌تەواوی کۆمیدییە تەلەفزیۆنییە ئەمه‌ریکییەکاندا، هاوشان بە هەموو ئەو دیالۆگ‌و دیمەنانەی کە بەحیساب دەبێت پێکەنین بن، بەردەوام دەنگی پێکەنینێکی تۆمارکراو هەیە، پێکەنینێک لەبری ئێمە پێدەکەنێت، واتە کۆمەڵێک کەس هەن زەحمەتی پێکەنینەکەمان له‌کۆڵدەکەنەوە‌و ئێمەش بە بیستنی پێکەنینی ئەوان، بێئەوەی پێکەنیبێتین، هەستدەکەین پێکەنیوین.
هەڵبەت دیاردەکە شتێکی نوێ نییە، پفالەر له‌هەندێک کولتووری دێریندا ئەو ژنانە بە نمونە دەهێنێتەوە کە لەکاتی پرسەکاندا بەکرێیان گرتوون بۆ ئەوەی لەبری خاوەن پرسەکە «شیوەنبکەن»‌و «له‌خۆیان بدەن». لێرەدا خاوەن پرسەکە لەبری ئەوەی خۆی چێژی غەم‌و ژانی له‌خۆدانەکە بچێژێت، نوێنەرێکی هەیە ئەو کارەی بۆ دەکات. نەک هەر ئەوە، هەتا له‌درامای گریکیشدا رۆڵی کۆرس زۆرجار نزیکە له‌ڕۆڵی «وەکیلی بینەران»ـەوە لەسەر سەحنە، واتە دەبێتە وەکیلی ئەو هەست‌و سۆز‌و هەڵچوون‌و داچوونەی کە دەشێت بینەران خۆیان له‌خوارەوە هەستی پێبکەن، بەڵام کۆرس ئەو کارە له‌کۆڵ بینەردەکاتەوە‌و ناخی دڵی ئەو دەخاتە سەر شانۆ بێئەوەی بینەر چالاکییەکی کردبێت.
دیاردەکە له‌مانەش زۆر بەربڵاوتر‌و ترسناکترە، وەکیلی چێژ دەشێت ببێت بە وەکیلی هەموو شتێک، وە له‌بری مرۆڤێک دەشێت ئامێرێک بەوکاری وەکالەتە هەستێت‌و تەواوی ئەو هەست‌و نەستە ئۆرگینال‌و راستەقینانەی کە مرۆڤ دەبێت خۆی تێیدا بژی ماشێنەکە له‌بری ئەو له‌ئەستۆی بگرێت. ژیژک لەم رووەشەوە نمونەیەکی رووندەهێنێتەوە، خەڵکانێک هەن سەدان فیلم لەسەر کۆمپیوتەرەکانیان دادەگرن، بێئەوەی هیچ کات بتوانن سەیریانبکەن، یان هەر بیانەوێت سەیریانبکەن، خودی لەزەتەکە لەوەدا نییە سەیری فیلمەکە بکەیت، بەڵکو لەوەدایە هەتبێت، چونکە وەکیلێکی تر کە وەکیلی تایبەتی تۆیە سەیری فیلمەکە دەکات کە «هاردی» کۆمپیوتەرەکەتە. لێرەدا مرۆڤ چالاکییەکەی لەوەدا نییە چێژ له‌فیلم ببینێت، چێژ له‌ستاتیکای سینەما ببینێت، بەڵکو لەوەدایە «هەیبێت»‌و لای وەکیلێکی نادیار‌و نەبینراو داینابێت. گەر هەر لەو بوارەدا نمونە بهێنمەوە، دەکرێت باسی ئەوانە بکەین کە هەزاران کتێب له‌کۆمپیوتەرەکەیاندا هەیە‌و هەرگیز نایانخوێننەوە، بەڵام بوونی کتێبەکان له‌هاردەکەیاندا یان له‌کتێبخانەکەیاندا ئەو هەستەیان دەداتێ کە خوێنەرن، کە خاوەنی کتێبن‌و له‌دونیای رۆشنبیریی دانەبڕاون... دۆخی ئەو دۆستەی منیش کە لەسەرەوە باسمکرد، دۆخێکە وەک هەموو ئەو دۆخانەی دی، ئەو بۆی گرنگ نییە من چی دەنوسم، بۆی گرنگ نییە من بخوێنێتەوە، چونکە له‌جەوهەردا خوێنەرێکی نادیار هەیە کە بەوەکالەت ئەو کارەی بۆ دەکات، کە لێرەدا «ئەرشیف»ـەکەیەتی. لێرەدا ئەو بابەتەکان بۆ خوێنەرێکی نادیار کۆدەکاتەوە کە لەبری ئەو دەخوێنێتەوە، خوێنەرێک کە خۆی نییە، بەڵام ئەو هەستدەکات کە له‌نێوان خۆی‌و ئەو خوێنەرە خەیاڵییەدا جیاوازییەک نییە. وەک چۆن گەنجێک له‌کوردستان خۆی هیچ له‌چێژی یاریکردن نازانێت، خۆی له‌ژیانیدا یاریگایەکی تۆپیپێی نەبینیوە، بەڵام بەجۆرێکی هیستیریی دەبێت بە هاندەری ئەم هەڵبژاردە یان ئەو یانە، لەسەری شەڕدەکات، هاوار‌و هەڵا دەنێتەوە... چونکە له‌جەوهەردا بۆ وەکیلێک دەگەڕێت لەبری ئەو چێژی یاریکردنی بۆ ببینێت، کە وەکیلەکەشی سەرکەوت وەک ئەوە وایە خۆی سەرکەوتبێت، گەرچی خۆی هیچ شتێکی نەکردوە‌و هەزاران فرسەخیش له‌وەرزش‌و دونیای یارییەوە دوورە.
لەدونیای یاری کۆمپیوتەردا ئەم لۆژیکی «چێژ بەوەکالەت»ـە هەموو سنورێک دەبڕێت، له‌گەمەکانی نێنتێندۆوی دا، مرۆڤ دەتوانێت خۆی وەکیلێک بە ویستی خۆی دروستبکات‌و لەبری خۆی بینێرێت بۆ ناو یاریگایەکی دیگیتاڵی تا بەوەکالەت یاری بۆ بکات... لێرەدا تەواوی گەمەکە واپرۆگرامکراوە کە کەسی یاریکەر واهەستدەکات کە وەکیلەکەی بەڕاستی ئەو یاریانە دەکات کە ئەم دەیکات‌و سنوور له‌نێوان یاریکەری راستەقینە‌و وەکیله ‌دیگیتاڵەکەیدا هەڵدەگیرێت.
نمونەیەکی ترسناکتر‌و نامرۆڤانەتر لەوە له‌بواری جنس‌و پۆرنۆگرافیدا زۆر بەبەربڵاوی دەیبینین... سێکس له‌دونیای ئەمڕۆدا چیتر ئەوە نییە کە خۆت سێکس بکەیت، سێکس کۆبوونەوەی مادی دوو لەش نییە کە دەست لەیەک دەدەن‌و بۆنی یەک دەکەن‌و هەناسەی یەک هەڵدەمژن‌و دۆخێکی رۆحی‌و جەستەیی پێکەوە دەژین، بەپێچەوانەوە له‌پۆرنۆگرافیدا لەزەتی جنس بە وەکالەت هەموو دونیا داگیردەکات، هەمیشە یەکێکی تر هەیە بەوەکالەت لەبری ئێمە سێکسدەکات، لێرەوە پفالەر ئاماژە بۆ خاڵێکی زۆر گرنگی کولتووری مۆدێرن دەکات، کە کولتوورێکە بە جەوهەر زۆر دەروێشانە‌و زاهیدانەترە له‌سەردەمەکانی پێشتر، پفالەر زاراوەی «ئاسکێسە»ی گریکی بەکاردەهێنێت، کە زۆر له‌وشەی زوهدی لای خۆمانەوە نزیکە... مرۆڤی مۆدێرن بە گشتی خۆی دونیای خۆی ناژی، خۆی چێژەکان تاقی ناکاتەوە، خۆی هەستەکان بە سافی‌و رەسەنی هەست پێناکات، ئۆرگیناڵیتەیت سات دوای سات کەمنرختر دەبێت، مرۆڤی مۆدێرن زاهیدانە واز له‌چێژەکانی خۆی دەهێنێت، یەکێکی تر له‌بری ئێمە پێدەکەنێت، دەگری، سەیری فلیم دەکات، دەخوێنێتەوە، یاریدەکات، سێکسدەکات... یەکێک کە هەندێجار دیارە‌و دەزانین کێیە، هەندێجار دیار نییە‌و بکەرێکی نەبینراوە.. بەڵام له‌هەردوو دۆخەکەدا وەکیلی ئێمەی زاهیدە کە دەستبەرداری مافی راستەقینەی ژیان بووین‌و له‌هەموو شتێکدا وەکیلێکمان هەیە کە له‌بری ئێمە دەژی. ئەم دۆخە من له‌بواری نوسین‌و سیاسەتی لای خۆشماندا بە جۆرێکی بەربڵاو هەستی پێدەکەم... لەساڵانی باڵاگرتنی شۆڕشدا، شۆڕشگێڕ وەکیلی کۆمەڵگا بوو، له‌دەمێکدا کە ئێمە ناتوانین شۆڕشگێڕبین‌و شۆڕش هەڵوێستێکی فەردی‌و رۆحی‌و عەقڵی نییە، هێزێک بەکرێ دەگرین ئەو کارەمان بە وەکالەت بۆ بکات... هەڵبەت کە ئازادیش دەبین، ئەو کارە بەوەکالەت دەخەینە دەستی کەسێک یان هێزێکی دی... واتە یەکێک یان هێزێکی تر لەبری هەموومان ئازاد دەبێت‌و دەبێتە ئەو دیکتاتۆرە ناشیرینەی کە ئەمڕۆ دەیبینین. هەتا له‌ئاستی ئیمانیشدا ئەمڕۆ کەسی ئیماندار کە گوێ له‌واعیزی ناو تەلەفزیۆنەکان دەگرێت، له‌جێگایەکدا واعیز دەبێتە وەکیلی ئیمانی ئەو‌و لەبری ئەوەی خۆی خودابناسێت، یەکێک بەوەکالەت خودای بۆ دەناسێت.
هەڵبەت تیورەکە قووڵاییەکی گەورەتری هەیە، ئەو وەکیله ‌نادیارە کە دەیکەینە وەکیلی خۆمان، بە ئاشکرا هەم ریشەی دینی‌و هەم بوونێکی سایکۆلۆژی کۆنکرێتی له‌سیستمی دەرونیماندا هەیە. بۆیە ئێمە هەست بە خۆشی دەکەین کاتێک وەکیلەکەمان خۆشی دەبینێت، چونکە ئەو وەکیله ‌له‌پێکهاتەی دەرونی ئێمەدا نوێنەری هەیە. ئەو وەکیله‌یان نوێنەری «منی ئیدیال»ـە بە مانا فرۆیدییە لاکانییەکە یاخود نوێنەری «ئەویدی گەورەیە» بە مانا لاکانییەکەی «خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر وتارەکەم سەبارەت بە لاکان له‌کتێبی سێوی سێهەمدا» .
ژیژک «کە هەڵبەت هەموو دەزانین ئیشکەرێکی وردەکارە لەسەر تێزەکانی دەرونناسی فەرەنسی ژاک لاکان» تەفسیری ئەم جۆرە خۆلادانە راستەقینەیە له‌چێژ، ئەم خاوکردنەوە گەورەیە، ئەم رازیبوونە بە وێنە کاڵەکانی هەست‌و ژیان، دەگێڕێتەوە بۆ ئەو میکانیزمەی بەرگری کە لەبەرابەر چێژ «ژیوسانس»دا دروستدەبێت. مرۆڤی مۆدێرن بەوە دەبێتە ماشێنێکی پاسیڤ‌و ناچالاکی مەسرەفکردن‌و تەماشاکردن کە لەزەتی ژیانی خۆی له‌خۆی دوربخاتەوە‌و بیبەخشێت بە کەسێکی تر، ئەو دەبێت بەسەیرکەری ئارەزووەکانی خۆی نەوەکو تێرکەری ئەو ئارەزووانە. چالاکی ناچالاک بریتییە لەوەی کەسێکی دی ببینین بەو کارە هەڵدەستێت کە ئێمە ده‌مانەوێت بیکەین، ئەو کاتیش بێئەوەی ئەو کارەمان کردبێت واهەستدەکەین کردوومانە. لەو پێناوەدا مرۆڤی مۆدێرن، دەیەوێت بیسەلمێنێت کە گەورەترین ئەرشیفی بینین‌و بیستنی هەیە، چونکە بینین لەدورەوە‌و بەوەکالەت جێگای ژیانی راستەقینەی گرتۆتەوە، لەمڕوەوە خودی لاپەڕەکانی فەیسبوک دەبێتە جێگای پێشبڕکێ لەسەر ئەوەی کێ خاوەنی سەرەنجڕاکێشترین مەتریال‌و بابەتە. ژیان له‌ئینتەرنێتدا «کە دەبێت بە جێگرەوەی ژیانی راستەقینە» دەگاتە کاڵترین پلەکانی خۆی، کە له‌فەیسبوکدا شەڕی کۆکردنەوەی هاوڕێ دەست پێدەکات، ئەم درۆیە دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی، چونکە هەموو ئەو هاوڕێ کاڵ‌و نادیار‌و دەست لێنەدراوانە دەبن بە وەکیلی ئەو هاوڕێیەی کە نیمانە‌و دەبن بە جێگری ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەی کە له‌ڕاستیدا تیایناژین... بەمجۆرە هەموومان بەردەوام دەستبەرداری مافە سروشتییەکانی ژیان‌و پێکەنین‌و گریان‌و شۆڕش‌و یاریکردن‌و سێکس‌و ئیمان‌و هاوڕێتی‌و ئازادی دەبین بۆ وەکیلێکی نادیار.
بە گشتی هەموومان بە پلەی جیاواز جیاواز له‌ناو تۆڕی ئەو «چالاکییە ناچالاکە- ئینتەرپاسیڤیتەیت»ـەدا دەژین، رۆژ بە رۆژیش ناچاردەکرێین پتر پاسیفانەتر بژین. ئەم دیاردەیە لەسەر ئاستی گەردونی‌و له‌ڕووە گلۆباڵەکەشدا زۆر بە زەقی‌و ترسناکی دەبینرێت... وەک ئەوەی خۆرئاوا هەموو ژیانی راستەقینەی بۆ خۆی بردبێت‌و تەواوی دونیای دەرەوەی خۆی کردبێت بە بینەری فیلمێک کە تەنیا خۆی قارەمانەکەیەتی... لەم قۆناغە ترسناکەی گلۆبالیزەیشندا کۆمەڵگا لاوازەکانی دەرەوەی خۆرئاوا ناژین، بەڵکو تەنیا بینەری ژیانی خۆرئاوان، خۆرئاوا ئەو هێزە گەورەیەیە، ئەو «ئەویدی مەزنە» یە کە له‌بری هەموو ئەستێرەکە چالاکە‌و وەکیلی هەموومانە بۆ ژیان .
بەکورتی: دروستە گەر بڵێین زاراوەی «ئینتەرپاسیڤیتەیت» یەکێکە له‌زاراوە گرنگ‌و کەرەستە مەنهەجییە کاراکان بۆ خوێندنەوەی ژیانی تازە‌و پەیوەندییە شارستانی‌و کۆمەڵایەتییە نوێکان... زاراوەیەکە ناکرێت له‌هیچ کولتوور‌و فەزایەکی رۆشنبیریی جیدیدا ئامادەنەبێت، چونکە بەبێ ئەم زاراوەیە ئەستەمە له‌زۆر لەو وەهمە گەورانە تێبگەین کە ئەمڕۆ دەیانەوێت شوێنی ژیانی راستەقینە‌و جێگای چێژی راستەقینە بگرنەوە.

Sunday, 26 June 2011

دژە ــ کولتوورەکان

یولیۆس سیزار رستەیەکی بەناوبانگی هەیە دەڵێت «کاری نەکردەیە، مرۆڤ ئەو کەسەی لێدەرنەچێت، کە خەڵکی دەیانەوێت». رۆماننوسی کۆلۆمبی گابرێل گارسیا مارکیز، رای وایە ئەوە خراپترین رستەیەکە له‌ژیانیدا بیستبێتی، بەڵام له‌گەڵ ئەوەشدا بەشی هەرە زۆری خەڵک تەنها دەتوانن ئەوەبن کە ئەوانی دی دەیانەوێت‌و دەخوازن. رستەکەی یولیۆس سیزار ئاماژەیە بۆ هەقیقەتێکی تاڵ، هەقیقەتی ئەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکە، ئەوەندەی ئەو رۆڵە وازیدەکات کە ئەوانی تر دیاریانکردوە، بەو کار‌و رەفتارانە هەڵناستێت کە خۆی دەیەوێت. بڕێکی زۆری کولتووری کۆمەڵایەتیش تەنیا بۆ دروستکردنی ئەو دۆخەیە کە تێیدا مرۆڤ ئەو کەسە بێت کە ئەوانی دی دەیانەوێت. لێرەوە کۆمەڵگا زۆربەی کات لێوان لێوە له‌مرۆڤی چونیەک، له‌کەسانێک کە کۆپی یەکتر دەکەن. بەڵام بەرابەر ئەو هێڵە گشتییە، هەمیشە له‌ئەدەب‌و هونەر‌و فەلسەفەدا هێڵێک هەبووە، ئەوەی گوتووە‌و ئەوەی کردوە کە تەواوی کۆمەڵگای توڕە کردوە، یاخود فەزای بیرکردنەوە‌و ئارەزووی گشتی دووبارەنەکردۆتەوە. له‌ڕاستیدا «تێرنەکردنی چاوەڕوانی ئەوانی تر» هەمیشە کارێکی سەختە، زۆر هەڵوێست هەیە مرۆڤ له‌ژیاندا وەریدەگرێت‌و وادەزانێت، ئەو هەڵوێستە له‌قووڵایی بڕوا‌و قەناعەتەکانی خۆیەوە هاتووە، بەڵام گەر کەمێک قووڵتر بڕوانێت دەبینێت ئەوەش هیچ نییە جگە له‌«تێرکردنی چاوەڕوانی ئەوانی تر». له‌فەلسەفەدا‌و له‌گەڵ کانتدا بیرۆکەی «عەقڵی سەربەخۆ» دەبێتە دروشمی رۆشنگەریی، بەڵام بیرۆکەی «مرۆڤی سەربەخۆ» یان «مرۆڤی ئۆتۆنۆم» له‌گەڵ نیتشەدا تەواو شوێنی خۆی دەگرێت. دۆلۆز له‌یەکێک له‌موحازەرەکانی ساڵی 1972 یدا، بەناونیشانی «بیرکردنەوەی کۆچەریی»، باسێک له‌هەر سێ فەیله‌سوفە گەورەکەی سەدەی نۆزدە‌و بیست دەکات «مارکس، فرۆید، نیتشە»... ئەو سێ کوچکە گەورەیەی تەواوی بیرکردنەوەی دوای خۆیان پڕدەکەن له‌پرسیاری گەورە‌و قووڵ، بەبڕوای دۆلۆز هەریەک له‌«مارکس»‌و «فرۆید» بونیادنەری کولتوور بوون، بەڵام نیتشە بونیادنەری «ئەنتی ـ کولتوور»ـە. هەریەک له‌مارکس‌و فرۆید پەیامبەری گونجاندنی رۆحی فەردن له‌گەڵ خواستی گروپ‌و کۆمەڵگادا، بەڵام نیتشە پەیامبەری دروستکردنی درزێکی هەتاهەتاییە له‌نێوان فەرد‌و دونیادا... پڕۆژەی نیتشەوی کە له‌سەر «بێبەهاکردنی بەهاکان» «هەڵگێڕانەوەی مۆراڵ» «هەڵتەکاندنی دین» «کوشتنی خودا» بونیادنرابوو، جیایە له‌گەڵ پڕۆژەی مارکس کە رێکخستنەوەی کۆمەڵە، له‌گەڵ پڕۆژەی فرۆیددا کە رێکخستنەوەی ئینسانە له‌ناو کۆمەڵدا. له‌ڕاستیدا «ئەنتی کولتوور» بوون، دەکرێت زۆر مانا‌و رەهەندی هەبێت، بەڵام بێگومان له‌وەوە دەستپێدەکات کە له‌گەڵ چاوەڕوانی ئەوانیتردا نەڕۆیت، نەبێت بە کۆیله‌ی ئەو وێنەیەی ئەوانی تر دەیانەوێت پێتببەخشن. ئەدەب‌و هونەر مەڵبەندی سەرەکی له‌دایکبوون‌و نیشاندانی ئەو هێزەن کە له‌مرۆڤدا هەیە‌و دەیسەلمێنێت کە دەتوانێت «ئەوە نەبێت کە ئەوانی تر چاوەڕوانیدەکەن». جوانترین دیمەن کە له‌ئێستادا له‌خەیاڵمدا بێت دیمەنی یەکەمی «شا لیر» ـی شکسپیرە. کوردێلیا کچە بچوکی شا، بە پێچەوانەی دوو خوشکەکەیەوە، ئامادەنییە بە قسەی رەنگاوڕەنگ‌و باقوبریق موڵک‌و سامان له‌باوکی وەربگرێت... کۆردێلیا له‌هەردوو خوشکەکەی دی زیاتر باوکی خۆشدەوێت، بەڵام ئامادەنییە چاوەڕوانییەکانی بۆ پیاهەڵدان‌و ستایش تێربکات. کۆردێلیا له‌ساتێکدا هەست بە دووڕوویی‌و زمانلوسی‌و نیفاقی هەردوو خوشکەکەی دەکات‌و نایەوێت هەمان دیمەنی درۆزن دووبارەبکاتەوە، بەڵام چاوەڕوانی شا لیر ئەوەیە کۆردێلیاش هەمان نمایشبکات. تەواوی شانۆنامەکەی شکسپیر له‌سەر ئەم گرێیە دروستبووە «تێرنەکردنی چاوەڕوانی ئەوانی تر». کۆردێلیا بەم مانایە، کاراکتەرێکی گرنگی «ئەنتی کولتوورییە»... ئەوەیە کە نایەوێت له‌و وێنەیە بچێت کە ئەوانی تر دەیکێشن، ئەو رۆڵە ببنێت کە ئەوانی تر دیاریانکردوە‌و چاوەڕوانیده‌کەن.

بەر له‌شکسپیریش نمونەی گرنگمان له‌ئەدەبدا هەیە، بیسەلمێنێت، ئەدیبان له‌جەوهەردا هەم خۆیان‌و هەم ئەو پاڵەوانانەی دروستیدەکەن، بە نیازی دووبارەنەکردنەوەی کولتوور ‌و وێنەی باوی شتەکان هاتوونە دونیاوە. کریستۆفەر مالرۆ پێش شکسپیرە... مالرۆ بۆ سەردەمی خۆی نوێنەری ئەو رۆحە یاخییەیە کە دەبێت ئەدەب هەڵگریبێت. مالرۆ زۆر پێش نیتشە دوژمنێکی سەرسەختی مەسیحییەت‌و دین بووە، پیاوێکی توند‌و توڕە، کە بە هۆی ئەو سیفەتەشەوە دواجار له‌شەڕە چەقۆیەکی بێمانادا‌و له‌هەرەتی گەنجیدا دەکوژرێت. بۆچوونەکانی مالرۆ تەواو پێچەوانەی رۆحی سەردەمن... یەکێک له‌ڕا سەیرەکانی مالرۆ ئەوە بوو کە پێلاتۆس، کارێکی باشیکردوە له‌بری باراباسی دز، مەسیحی چوارمێخە کردوە. مالرۆ بە پێچەوانەی چاوەڕوانی‌و نیگای سەردەمی خۆیەوە کە سیحربازانی راودەنا‌و دەیسووتانن، له‌کەسایەتی دکتۆر فاوستدا «کە ئەو پێش گۆتە کردوێتی بە شانۆگەریی» هەم ستایشی فاوەست دەکات‌و هەم هاوسۆزی ئەو رێگایەیەتی کە بۆ سیحربازیی دەست له‌زانست‌و لاهوت بەردەدات.
هەڵبەت کریستۆفەر مالرۆ بەراورد بە نوسەرێکی یاخی وەک «مارکیز دی ساد» کەسێکی گەلێک سادە‌و ئاسایی دەردەکەوێت. دی ساد رۆحی «ئەنتی کولتووریزم» چ له‌ئەدەب‌و چ له‌ژیانی تایبەتی خۆیدا تا ئەوپەڕی رادەکێشێت. دی ساد هەموو ئەو وێنانە تێکدەشکێنێت کە کۆمەڵگا‌و دین له‌مرۆڤی چاوەڕواندەکەن. هەتا بۆ ساتێکی کورتیش وێنەی خۆی ناخاتە ئەو قاڵبە کولتووری‌و دینییەوە کە کۆمەڵگا دەیەوێت، بێزی له‌کۆمەڵگا دێت‌و کۆمەڵگاش بێزی له‌و دێت. ئەو باوەڕی وایە « له‌کۆمەڵگایەکدا کە له‌سەر ئازادی‌و یەکسانی دامەزرابێت... کەم کار هەیە بەتاوان حیساببکرێت». دی ساد باوەڕی بە هیچ سوننەتێکی دێرین‌و هیچ حەرامێک نەبوو، دژە مۆراڵ‌و دژە دینیش بوو. چۆن رێزی هیچ یاسایەکی کۆمەڵایەتی نەگرت، کۆمەڵگاش بێڕەحمانە بەشی هەرە زۆری ژیانی‌و تامردن له‌زیندانی خزان. له‌پاستیل دەساڵ‌و له‌هەندێ زیندانی دیکەشدا بیستودوو ساڵ دەستبەسەر بوو، بەڵام له‌گەڵ هەموو بەدڕەوشتییە بێوێنەکەیدا، «کەدوای خۆی دۆخێکی وەها سەرپەڕ نابینین» جان کۆکتۆ رای وایە کە دی ساد «هەم فەیله‌سوف‌و هەم مۆرالیست» بووە. له‌وەشدا له‌سەر هەقە، دی ساد له‌جەوهەردا هەر ئەوە نییە وێنەیەکی تری مرۆڤ پێشکەش بە دونیا دەکات، کە له‌گەڵ ئەو وێنەیەدا ناگونجێت کە کولتووری مەسیحی بۆ مرۆڤی دەکێشێت، بەڵکو له‌هەمان کاتدا وێنەیەکی تر بۆ یاسا‌و کۆمەڵگا پێشکەشدەکات. له‌کتێبی «فەلسەفە له‌ژووری نوستن» دا داوای کەمکردنەوەی یاساکان‌و سووککردنی حوکمەکانیان دەکات‌و دەپرسێت «ئایا ئەوپەڕی نادادپەروەری ئەوە نیییە، یاسایەک بەسەر ئەوانەدا بسەپێنێت کە ناتوانن جێبەجێیبکەن؟». مارکیز بەدرێژایی ژیانی بۆ ئەوە کاردەکات کە یاساکان بە حوکمی ئەخلاقیانە مرۆڤ بارنەکەن‌و جۆرە بۆچوونێک بۆ ئازادی سەروەر بێت کە سروشتی مرۆڤ‌و هەوا‌و مەیلی جەستەی هەر چییەک بێت رەچاویبکات... هەندێک پێیانوایە کە دی ساد تاکە شۆڕشگێڕی راستەقینەی مێژووی مرۆڤایەتییە. باوەڕی بە هیچ چەپاندنێکی سێکسی، سەرکووتکردنی هیچ ئارەزوویەک نەبوو، بۆئەوەی دوای ئارەزووەکانی بکەوێت له‌هیچ رێگایەک نەدەترسا‌و دەستی له‌هیچ کەرەستەیەک نەدەپاراست. بەڵام وەک خۆی دەڵێت دواجار ئەو کەسێکی «بێ ئابڕووە، نەک پیاوکوژ». ئایا دی ساد مامۆستای ئەوانەبووە کە دواتر بە کتێبەکانیان کۆمەڵگایان تووشی شۆک کردوە؟ زەحمەتە جۆرە حوکمێکی وەها بەتەواوەتی بدەین، بەڵام یەکێک له‌وانەی دوای «مارکیز دی ساد» کولتووری باو دەله‌رزێنێ‌و دادگا‌و حاکمە بە شەرەفەکان تووشی سەرسامی‌و شۆک دەکات، گۆستاڤ فلۆپێرە. ...

فلۆپێر له‌نامەیەکیدا بۆ «ئێرنست شێفالێر»، دی ساد وەک نوسەرێکی مەزن ناودەبات، وا باسدەکات کە کتێبەکانی لای ئەو نرخی زێڕیان هەیە. دیارە فلۆپێر‌و مادام بۆڤارییەکەی هەرگیز وەک پاڵەوانەکانی دی ساد، ژۆستین‌و ژۆلێت نیین. لای خانمی بۆڤاریی ئەوەندەی خواستی رۆحی بۆ گەڕان بەدوای خۆشەویستیدا بزوێن‌و دروستکەری ژیانی ناوەوەی ئەون، سێکس‌و خواستی جەستەیی هێزی یەکەم‌و فاکتەری گەورە نین. له‌گەڵ ئەوەشدا «ئیما بۆڤاری» وێنەی ژنێکمان دەخاتە بەردەم، ئەو ژنە نییە کە کۆمەڵگا دەیەوێت، ئەو بەجۆرێک له‌جۆرەکان پێشەنگی شێوەیەک له‌مرۆڤی دژە کولتوورە کە دواتر بە بەربڵاوی له‌ئەدەبیاتدا گەشە دەسێنێت‌و له‌گەڵ خۆشیدا رێگایەک بۆ سەرهەڵدانی مرۆڤێکی نوێ سازدەکات.
یەکێکی تر له‌نوسەرانی ناسراو بە دژایەتی کولتووری باڵادەست، ئەپۆلۆنێرە. ئەپۆلۆنێر هیچ کات سەرسامی خۆی بە مارکیز دی ساد نەشاردۆتەوە، له‌جێگایەکدا دەنوسێت «ئەم پیاوە کە بەکەڵکی سەدەی نۆزدە نەدەهات، دەشێت‌و پێدەچێت تەواوی سەدەی بیست داگیربکات». تێبینییەکەی ئەپۆلۆنێری گەنج زۆر ورد‌و زۆر پێشوەختیشە ... له‌نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا، زۆربەی ئەو گەمە حەرامانەی دی ساد له‌سەریان سزای گەورەی دەخوارد، تا ئەندازەیەک دەبن بە بەشێکی نۆرماڵ له‌ژیانی جەستەیی‌و سێکسی مرۆڤەکان، بەجۆرێک مرۆڤ دەتوانێت بڵێت «دی ساد» بۆ خودی کولتووری خۆرئاوا چیتر «ئەنتی کولتوور» نییە‌و بووە بە بەشێک له‌«کولتوور»ـی باو.
بەڵام لێرەدا دەبێت بپرسین ئاخۆ شاعیرێکی وەک «ئارسەر رامبۆ» له‌کوێی هەموو ئەم کێشەیەدا دەوەستێت. راستە یاخیبوونی جەستەیی بەشێکە له‌یاخیبوونی رامبۆیی، بەڵام بەشێکی بچوکێتی. دی ساد بە پله‌ی یەکەم کێشەی له‌«کولتووری سێکسی» کۆمەڵگادا هەیە، بەڵام توڕەیی رامبۆ رادیکال‌و گەردونیترە. راستە رامبۆ ناچێتە زیندانەوە، بەڵام شوێنێکی دی هەڵدەبژێرێت کە وەک زیندان دوورە له‌کۆمەڵگا‌و کولتوورەکەی... هەڵهاتن بۆ دەرەوە، رووکردنە جێگایەکی تر، دەربازبوون له‌«زەلکاوەکانی خۆرئاوا» وەک خۆی ناویدەنێت. رامبۆ نەهەلستییەکی تەواوەتییە، هەموو کۆمەڵگا‌و دەرکەوتەکانی رەتدەکاتەوە‌و وێنەی مرۆڤێک بۆ خۆی دەکێشێت کە له‌دەرەوەی هەموو ئەو وێنە چاوەڕوانکراوەیە کە کۆمەڵگا‌و کولتوورەکەی ستایشیدەکەن، یاخیبوونی رامبۆ هەم سیاسی، هەم ئەخلاقی، هەم میتافیزیکییە. کۆدێتایەکە بەسەر ئەو خودەشدا کە کۆمەڵگا وەک منداڵ له‌ناویدا چاندووە، خواستێکی قووڵی گەڕانەوە دەیبزوێنێت بۆ «پاکی»... پاکیش لای رامبۆ هیچ نییە جگە له‌پاکبوونەوەی له‌وەی دین‌و سیاسەت‌و کۆمەڵگا پیسیانکردوە. رامبۆ له‌«وەرزێک له‌دۆزەخدا» وێنەیەکی خۆی دەکێشێت، وەک یاخییەک، مەستێک، بێئاڕاستەیەک، سەرلێشێواوێک، گەندەڵێک، سەر بە توخمێکی نزم‌و نەوی. رامبۆ بە پێچەوانەی مارکیز دی سادەوە هەرگیز هەوڵنادات کۆمەڵگا بخاتە سەر ئەو بڕوایەی قەبووڵیبکەن... لێرەوە گەرچی مۆدێلی دی سادییانەی مرۆڤ بە روکەش، بێشەرەفتر‌و بێئابڕووترە، بەڵام ئاسانتر له‌و رۆحە ئانارشییەی رامبۆ له‌کولتووری خۆرئاوادا جێگای دەبێتەوە. لای رامبۆ، ئەوەی هەموو شتەکان رەتدەکاتەوە‌و کۆمەڵگا بەتەواوی رەهەندەکانییەوە دەخاتە لاوە خودی رامبۆیە... ئەو چاوەڕوانی ئەوە ناکات کۆمەڵگا دەریبکات، بەڵکو خۆی کۆمەڵگا‌و خواستەکانی دەکاتە دەرەوە، یان راستتر وایە خۆی دەچێتە دەرەوە. ئەو تۆمه‌تانەش کە دەشێت کۆمەڵگا بیخاتە پاڵی، خۆی دەستپێشخەریدەکات‌و دەیداتە پاڵ خۆی. له‌کاتێکدا دی ساد خۆی بە قوربانی‌و زوڵملێکراو دەزانێت، دی ساد سەر بە کۆمەڵگا نییە، بەڵام سەر بەم دونیایه‌یە، رامبۆ بە پێچەوانەوە نەسەر بە کۆمەڵگایە‌و نەسەر بە دونیا... یاخییەکی گەردونییە. ئەوەش جیاوازییەکی زۆر گەورەیە. رامبۆ له‌«وەرزێک له‌دۆزەخدا» دەنوسێت: «خوێنێکی گەندەڵم» «من بۆ ئەبەد له‌توخمێکی نزم‌و نەویم». ئەوەی لای من له‌ڕامبۆ دا سەیرە "بەجۆرێکی گەورەش بەردەوام له‌ژێر کاریگەریدا بووم" ئەو ناکۆکی‌و پارادۆکسە قووڵەیە کە هیچ کات دەستبەرداری نابێت. ئەوەی له‌یەککاتدا خۆی له‌و پەڕی پاکیی‌و له‌و پەڕی پیسیدا دەبینێت... هەردوو ئەو دۆخەش دژ بە وێنە باوەکەی مرۆڤ له‌فەڕەنسای ئەو دەمەدا بەکاردەهێنێت. بەلایەک دەنوسێت «من له‌ژێر باری پیسێتی خۆمدا دەناڵێنم، ئەو پیسییەی له‌هەرزەکارییەوە رەگی له‌گەڵمدا داناوە». بەسەرێکی دیش دەنوسێت «بێگوناهیم دەمگرێنێت». هەر له‌سەر ئەو ریتمەش بەردەوام هەستدەکات هەم له‌«بەهەشت»‌و هەم له‌«دۆزەخدا» یە... له‌وپەڕی هێز‌و له‌وپەڕی لاوازیشدایە.
وێنەی رامبۆ، وێنەی ئەو مرۆڤەیە کە کۆمەڵگا ناتوانێت دەستەمۆیبکات، ناتوانێت ئەنارشییتە سەرتاسەرییەکە‌و خۆنەگونجاندنە ئەبەدی‌و توڕەییە گەورەکەی بخاتە هیچ قاڵبێکەوە.
بەڵام مەرج نییە، مرۆڤ له‌زینداندا بێت یاخود له‌تاراوگەدا بژی، بۆئەوەی وەک "ئەنتی کولتووریست» دەربکەوێت. زۆربەی نوسەران خۆیان زیندان‌و گۆشەگیری دەستکردی خۆیان دروستدەکەن. من دەپرسم ئاخۆ مارسێل پرۆست" کە جگە له‌وەی له‌یادەوەریدا بژی، ژیانێکی تری نەبوو» بەهەمان ئاست‌و بە هەمان پله‌ی «دی ساد»‌و «رامبۆ» ئەنتی کولتووریست نییە؟ پەرەگرافێکی «لیۆن پاول ڤارگۆ»ـم له‌بەردەمدایە کە وەسفی پرۆست دەکات، رەنگە ئەو پەرەگرافە بەوردی ئەوەمان نیشانبدات کە پرۆستیش یەکێکە له‌و مرۆڤە رادیکالانەی ئاسان بۆمان ناخرێنە چوارچێوەی ئەم دونیا‌و ئەم ژیانە ناشیرینە. ڤارگۆ له‌وەسفی مارسێل پرۆستدا دەنوسێت «له‌کەسێک دەچوو له‌مێژبێت، هەوای پاک‌و تیشکی خۆری بەرنەکەوتبێت. وەک قالۆنچەیەک له‌مێژبێت، کونەداری خۆی جێ نەهێشێبێت». بەڵام ئێدمۆن ژالۆکس وەسفێکی وردتری پرۆست دەکات «کە مرۆڤ دەیبینی، تووشی شۆک‌و سەرسامی دەبوو. هیچ شتێکی له‌مرۆڤی ئاسایی نەدەچوو، بەردەوام له‌وە دەچوو هەر ئێستا له‌خەوێکی ناخۆش بەئاگاهاتبێت، له‌سەردەمێکی ترەوە هاتبێت، یان له‌جیهانێکی ترەوە. بەڵام چ سەردەم‌و چ دونیایەک؟ خۆی نەیدەتوانی بڕیاری له‌سەر بدات». خودی ئەم سیفەتی سەر بە دونیا نەبوونە، سەر بە زەمانێک‌و شوێنێکی دیاریکراو نەبوونە، رووبەرێکی گەورەی رۆحی مرۆڤی «ئەنتی کولتووریست» دروستدەکات. بەڵام نابێت ئەوەمان بیربچێت «ئەنتی کولتووریست» گەرچی زۆر له‌مرۆڤی «بێدەروەست ـ اللامنتمی» ـەوە نزیکە، بەڵام جیاوازییەکی گەورەشی له‌گەڵ ئەوجۆرەدا هەیە. ئەنتی کولتووریست هەمیشە پەیامێکی هەیە، بەڵام وەک کۆلن ویلسن له‌کتێبە گرنگەکەیدا سەبارەت بە بێدەروەستان له‌زمانی هێنری باربۆسەوە دەڵێت «بێدەروەست کەسێکی بێپەیامە». بێدەروەست رەنگە تەنیا رۆڵی بینەرێکی بێلایەن ببینێت، وەک پاڵەوانەکی «هێنری باربۆس» له‌ڕۆمانی «دۆزەخ» دا کە تەنیا له‌کونی ژوورەکەی خۆیەوە له‌ئوتێلێکدا تەماشای دونیای ئەو دیو دەکات. ئەنتی کولتوورییەت ناتوانێت له‌ڕۆحی شۆڕشگێڕی واتە دژایەتیکردنی سیستمی باو بگوزەرێت. هیچ شۆڕشگێڕێک له‌مێژوودا وەک ئەنتی کولتووریستەکان وشەی توندیان بەرامبەر جیهان بەکارنەهێناوە‌و وەک ئەوان دەنگیان بەرز نەکردۆتەوە. ئەوانە رەخنەگری سیستم نین، بەڵکو دوژمنی راستەقینەی سیستمن، ئەگەرچی سیستم درەنگ یان زوو بە هەموو هێزی خۆی دەیەوێت له‌ناو خۆیدا جێگایەکیان بۆ بکاتەوە.
له‌ئەدەبیاتی خۆرهەڵاتیشدا هەندێ ئەنتی کولتووریست‌و دوژمنانی سەرتاسەری دونیای باومان هەیە. دیارە ئەوە پێویستی بە نوسینێکی تایبەت هەیە، بەڵام لێرەدا تەنیا ئاماژە بە دوو ئەنتی کولتوریستی گەورەی ئەدەبیاتی عەرەبی دەکەم. یەکەمیان ئەبو عەلای مەعەرییە کە یاخییەکی میتافیزیکی‌و گرنگی کۆی جیهانی کلاسیکە، دینێک‌و دیاردەیەکی دونیای خۆی نامێنێت گاڵتەی پێنەیەت، ناوی خۆی دەنێت «رهین المحبسین»‌و چل ساڵ دەچێتە ژوورێ‌و له‌دونیا دادەبڕێت‌و نایەتە دەرێ. تا دەگەینە سەر هۆمۆسێکسوێل‌و بیسێکسوێلێکی وەک «ئەبو نەواس».. کە له‌وێنەی خۆیدا کەسێکی تەواو جیاواز له‌و وێنەیە پێشکەشی دونیادەکات کە کۆمەڵگای ئیسلامی قەبووڵێتی. شەرم نە له‌ڕازی خۆی‌و نە له‌خواستی خۆی‌و نە له‌بێدینی خۆی ناکات.
بە گشتی ئەنتی کوکداتووریستەکان ئەوانەن کە نابن بەو کەسە‌و ئەو رۆڵه‌یاری ناکەن کە ئەوانی دی دەیانەوێت... نوێنەری رۆحی تاقانە‌و دەستەمۆی ناو مرۆڤن، هیچ گروپ‌و هێزێک‌و مێگەلێک بەدوای خۆیاندا کێشیان ناکات. ئەوەندەی بەدوای دروستکردنی حەقیقەتی خۆیاندا وێڵن، بەدوای خۆگونجاندندا له‌گەڵ دونیادا راناکەن... دەشزانن بۆ ئەوەی بگەن بە خۆیان دەبێت ئامادەبن له‌و بەهایانە دووربکەونەوە کە ئەوانی تر دروستیانکردوە.


Saturday, 18 June 2011

سنوورەکانی وشە

میشاڵ فۆکۆ له‌یەکێک له‌چاوپێکەوتنەکانیدا دەربارەی خۆی‌و کتێبەکانی دەڵێت «دەمەوێت کتێبەکانم ببن بە چەقۆی نەشتەرکاری، بە کۆکۆکتێلی مۆلۆتۆڤ، بە پشتێنی خۆتەقاندنەوە. دوای بەکارهێنانیشیان وەک تەقەمەنی گڕدار‌و رەنگاوڕەنگ تەنیا خۆڵەمێشەکەیان بمێنێتەوە... من بازرگانی کەرەستەم، رەچەتە نوسم، رێنیشاندەری ئامانجم، نەخشەسازم، خیانەتکار‌و ئاشکراکەری پلانەکانم، خاوەنی کارخانەی چەکم». خودی ئەم قسانە بۆ فەیلەسوفێکی قووڵ‌و ئەبستراکتی وەک فۆکۆ شتێکی نائاساییە... ئەمجۆرە وەسفە پتر بۆ فەیلەسوفێک دەستدەدات کە راستەوخۆ قاڵی خەباتی سیاسی‌و شەڕی چەکدار بێت، پەیوەندییەکی توندی بە کولتووری توندوتیژییەوە هەبێت، راستە فۆکۆ دواجار فەیلەسوفێکی رەخنەگر‌و بەرهەڵستکارە، بەڵام فەیلەسوفی شۆڕش نییە، لایەنیکەم بەو مانا رەق‌و بەوجۆرە ئاشکرایەی خۆی قسەی لێدەکات، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوە نییە ئەم وەسفانە چەند بۆ فۆکۆ دەستدەدەن، بەڵکو ئەو خواستەیە کە فۆکۆ له‌پشت کۆی پرۆسەی نوسینەوە ئاشکرایدەکات. ئایا تەواوی پرۆسەی نوسین له‌جەوهەردا ئاڕاستەی تێکشکاندنی شتێک ناکرێت، هەوڵ نییە بۆ تەختکردنی جێگایەک‌و سازدانی شتێکی تر... هەڵبەت ئەو شتە جێگایەکی واقیعی نییە، بەڵکو خاڵێک یان رووبەرێکی ناو کولتوورە، پنتێکی ناو بیرکردنەوەمانە له‌جیهان، بەشێکە له‌جیهانبینیمان. واتە دواجار نوسەر جگە له‌هێزی وشە‌و کاریگەری لەسەر «فەزای کولتووری»‌و «شێوەی بیرکردنەوە» هیچی تری نییە. فۆکۆ خوازیاری ئەوەیە هێزی وێرانکاری وشە، وزە شۆڕشگێڕانەکەی ناوی، ئەو بارگە دینامیتییەی کە هەڵگرێتی تادوا پله‌سەرخات‌و تادوا سنوور رایبکێشێت. بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە ئاخۆ نوسین دەتوانێت ئەوە بکات. ئاخۆ وشە دەتوانێت بەو کارە هەستێت، ئاخۆ نائومێدییەکی گەورەمان تووش نابێت گەر بەوجۆرە له‌وشە‌و تواناکانی بڕوانین. من لێرەدا دوو دۆخی نائومێدیی گەورەم له‌بەردەستدایە کە شایەنی ئەوەن لێیان رابمێنین. له‌سید هارتای هێرمان هێسەدا بڕگەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش‌و گرنگ هەیە کە حەزدەکەم وەک خۆی بیگوازمەوە. هیرمان هێسە دەڵێت «من دەتوانم حەز له‌بەردێک بکەم، هەروەها درەختێک، یان توێکڵێک، ئەوانە شتن‌و مرۆڤیش دەتوانێت شتی خۆش بوێت، بەڵام من ناتوانم وشەم خۆشبوێت، لێرەوە فێرکردن کارێکە بۆ من دەستنادات. وشەکان رەقێتیان نییە، نەرم نین، رەنگیان نییە، سوچ‌و نوک‌و خوارو خێچییان نییە، بۆنیان نییە، تامیان نییە، له‌وشە زیاتر هیچی تر نین‌و هیچی تریان نییە. رەنگە ئەوە بێت وایکردوە تۆ ئارامی نەدۆزیتەوە، رەنگە هۆی نائارامیت وشە زۆر‌و زەبەندەکان بێت. چونکە رزگاری‌و فەزیلەتیش، سەنسارا‌و نێرڤاناش تەنیا وشەن‌و هیچی تر. شتێک نییە ناوی نێرڤانا بێت، ئەوەی هەیە تەنیا وشەی نێرڤانایە‌و بەس». ئەمجۆرە تێگیشتنە سۆفییانەی «هێرمان هێسە» له‌وشە، تەواو جیاوازە لەو هێزە ئاگرینەی فۆکۆ چاوەڕوانێتی. وشە بەم پێیە مایەی تراژیدیایەکی گەورەیە، بە بۆچوونی سید هارتا، مرۆڤ له‌وشە زیاتری نییە‌و وشەش جگە له‌بوونێکی بێتام‌و بێبۆن بەولاوە هیچی دی نییە. شتە گرنگەکان هەمووی وشەن، مرۆڤ هیچ نییە جگە له‌مەلەوانێک له‌حەوزی وشەدا، بەڵام وشەکان جگە له‌نائارامی‌و نائاسوودەیش هیچ ناهێنن. بەڵام لای هێسەش ئێمە جگە لەوشە هیچی دیکەمان نییە. وشە ئەگەر کەرەستەی گۆڕان بێت یاخود نائارامی، دواجار مرۆڤ مەحکومە بە زمان. وەک دەگوترێت‌و بەردەوام دووبارە دەکرێتەوە «بیرکردنەوە لەدەرەوەی زمان بوونی نییە». ئەوەی خاڵی هاوبەشە له‌نێوان فۆکۆ‌و هێسەدا ئەوەیە کە هەردووکیان داواکارییەکی ئەستەمیان له‌وشە‌و نوسین هەیە، هەردووکیان لەوەدا هاوبەشن کە وشە تەنیا چەکی دەستیانە. واتە گەر بمانەوێت وەک نیتشە یان فۆکۆ ببینە دینامێت، یاخود وەک هێسە بۆ ئارامی‌و نێرڤانا بگەڕێین، له‌هەردوو حاڵەتەکەدا جێگایەکمان نییە لەدەرەوەی وشە بتوانین له‌ناویدا ئیش له‌سەر دونیادا بکەین. یەکێک له‌هەرە کردە رادیکالەکان دەرهەق بە زمان‌و رەنگە دەرهەق بە چەمکی گۆڕانیش لای شانۆکار «ئەنتوان ئارتۆ»وە دێت. ئارتۆ هەر کاراکتەرێکی توڕە‌و ئاگراوی نییە.. هەر کەسێک نییە کە دەیەوێت نواندن له‌هەموو رەهەندە لاساییکارەکەی بکاتەوە، بەڵکو بەجۆرێک له‌جۆرەکان دەیەوێت زمان له‌وشە رزگاربکات. گومان لەوەدا نییە ئەو بارگە ئاگرینەی ناو زمانی فۆکۆ شتێکی گەورە له‌هەناسە‌و توڕەیی ئارتۆی تێدایە. ئارتۆ دەڵێت «له‌ناکاو ئەوە له‌پێشچاوم روون بوو، کە ئەو زەمانە بەسەرچووە چیدی خەڵک بۆ بینینی شانۆ کۆبکەیتەوە، هەتا بۆ ئەوەی راستی بە خەڵک بڵێیت، بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگا‌و خەڵکیدا بدوێت، له‌زمانی نارنجۆک، تفەنگ، سەنگەر بەولاوە، هیچ زمانێکی دیکە نەماوە». ئارتۆ لەوەدا له‌فۆکۆ رادیکالترە، هەڵبەت ئارتۆ هەمیشە له‌هەمووان رادیکالتر بووە، لێرەوە گومانی له‌وشە، گومانی له‌زمان بەشێکی گرنگی کۆی تێڕوانینێتی. ئارتۆ ئەرکێکی ئەستەم دەخاتە بەر خۆی، ئەرکێک کە له‌توانای زماندا نییە پێی هەستێت. ئەو دەڵێت «نە دەم، نەزبان، نەددان، نەسەرێکی کەچەڵ، نە گەروو، نە گەدە، نەکۆم. من ئەو مرۆڤە کە خۆمم، سەر لەنوێ دروستدەکەمەوە». ئەم ئەرکە ئەفسانەییە، ئەم توڕەییە وادەکات له ‌«شانۆی زەبروزەنگ» یان «دڵڕەقیدا» کەرەستەی بنەڕەتی تێکستی شانۆیی وشە نەبێت. واتە وشەی مانادار، وشەیە کە ببێت بە پرد کەم‌و زۆر دەکرێتە دەرەوە‌و کارنشیندەکرێت. وشە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ شێوەکانی، بۆ روخسارە دەرەکییەکەی، بۆ سیفەتە دەنگدارەکەی، بۆ زرینگەی، بۆ گڕیی، بۆ تۆنە سەرەتاییەکانی، بۆ سەر گۆشتە ساغەکەی، بۆ سەر هاوار، ناڵە، قریشکە. ئارتۆ دەیەوێت پێستی وشەکان داماڵێت‌و بیانگێڕێتەوە بۆ جەوهەرە سەرەتاییەکەیان بەرلەوەی باربکرێن بە درۆکانی کۆمەڵگا. هەر بۆیە هاواریش ناودەنێت «گۆشتی وشە».

ئارتۆ‌و هێسە هەردووکیان بەشدارن له‌نائومێدیاندا له‌وشە... وشە لای ئارتۆ سوودی نەماوە، ئەوەی سوودی هەیە قیڕە‌و قیژان‌و نرکەکردنە بە گوێی کۆمەڵگا‌و دونیادا. توڕەیی ئارتۆ له‌وشە، توڕەیی شۆڕشگێڕێکە کە پێشتر زۆر باوەڕی بە وشە بووە، بەڵام نائومێدی هێسە له‌وشە هەستێکی سۆفییانەیە، نائومێدی کەسێکە، عاشق بە سروشت‌و بۆن‌و تام‌و ئەزموونەکانی هەست.
بەبڕوای من نائومێدبوون له‌وشە هەم ساتێکی کۆمەڵایەتی‌و هەم دۆخێکی دەرونی‌و کەسگەرایە. وشە هەموو کات ئەوەمان ناداتێت کە دەمانەوێت.. وشە وەک هەموو شتەکانی تر کەرەستەیەکە کە زۆر ئاسان جەوهەر‌و ماهییەتی دەگۆڕدرێت... هەم من بەکاریدەهێنم‌و هەم نەیارەکەم. بەڵام مرۆڤ چەندە له‌وشە نائومێدبێت، هێشتا بۆ ئەوەی باس لەو نائومێدییە بکات، هەر پێویستی بە وشە دەبێت.
نە ئارتۆ‌و نە فۆکۆ خواستە توندوتیژەکەی خۆیان نەهێنایە دی. تفەنگ هیچ کات جێگای وشە ناگرێتەوە. ئارتۆ کە له‌ساڵی 1948 دا بە مردوویی دۆزیانەوە، لەسەر کورسییەک دانیشتبوو، له‌بری تفەنگ‌و نارنجۆک یەک تاک پێڵاوی خۆی بەدەستەوە بوو... نازانم.. رەنگە ویستبێتی بیگرێتە دونیا... بەڵام خودی ئەو کۆتاییە نیشانەی ئەوەیە کە چەند هەست بە خیانەتی وشە بکەین ناتوانین دەستبەرداری بین.
تێبینی: وشەی سەنسارا یان راستییەکەی سەمسارا ئاماژەیە بۆ ئەو سوڕە گەردونییەی ژیان‌و له‌ناوچوون، مردن‌و هەستانەوە له‌دیانەتی هیندۆس‌و بودییدا. وشەی نێرڤاناش کە وشەیەکی باوترە ئاماژەیە بۆ دەرچوون لەو جەبرو هەلومەرجەی سەمسارا دەیسەپێنێت، گەیشتنە بە دۆخێکی هێمنی‌و ئارامی رۆحی دوور له‌هەر تێکدان‌و دەستێوەردانێکی مەتریالی.

Monday, 13 June 2011

کورد‌و فۆرمی دەسەڵات بەبێ دەوڵەت

یەکێک لەو کێشانەی کە دەبێت لە کۆمەڵگای کوردیدا بەوردی قسەی لەسەر بکەین، پەیوەندی «دەسەڵات»‌و «دەوڵەت»ە. دەسەڵات‌و دەوڵەت دوو شتی وەک یەک‌و جوداشن. رێکخستنی پەیوەندی نێوان دەسەڵات‌و دەوڵەت لە ئەفلاتونەوە تا ئەمڕۆ یەکێکە لە هەرە بابەتە ئاڵۆزەکان کە تەوەری سەرەکی ئیشکردنی کۆمەڵێک زانستی گرنگە، لەوانە سۆسۆلۆگیا‌و ئابووری‌و فەلسەفەی سیاسی. دەسەڵات هەمیشە رووبەرێکی گەورەتر لە دەوڵەت داگیردەکات... فۆکۆ واتەنی دەسەڵات شتێکە لە هەموو جێگایەکەوە هەڵدەقوڵێت، واتە بۆ ئەوەی لە دەسەڵات تێبگەین ناتوانین کورتیبکەینەوە بۆ «دەسەڵاتی دەوڵەت» یان «حاکمییەت» بە تەنها. کۆمەڵگا لە بنەوەڕا لەهەزاران پنتی دەسەڵات پێکدێت کە ناچنە ناو دەوڵەتەوە... ئیدی لە دەسەڵاتی دایکەوە بیگرە بەسەر منداڵدا، تا دەسەڵاتی نێر بەسەر مێ، زانا بەسەر نەزان، دارا بەسەر نەدار دا. واتە دەوڵەت هیچ کات ناتوانێت هەموو دەسەڵات بۆ خۆی داگیربکات، بەڵام دەوڵەت ئەو دەزگا کۆمەڵایەتییەیە کە مرۆڤەکان لەسەری رێکدەکەون تا چاودێری فۆرم‌و شێوەی پراکتیزەکردنی دەسەڵات بکات. ئیدی لە مێژووی کۆمەڵگاکاندا، دەوڵەت هەم سیستمێک بە پەیوەندییەکانی دەسەڵات دەبەخشێت، هەم بەپێی مۆراڵێکی دیاریکراو شەرعی‌و ناشەرعی لەگەمەی دەسەڵاتدا دیاریدەکات. 
دیارە لێرەدا نە دەتوانم‌و نە مەبەستمە هیچ لەسەر رەهەندە تیورییەکەی ئەم پەیوەندییە باسبکەم، بەڵکو مەبەستمە ئاماژە بۆ دۆخێکی تایبەتی دەسەڵات لە دونیای خۆماندا بکەم کە تێیدا بۆ مێژوویەکی درێژ چەمکی «دەوڵەت» نائامادەیە.
کۆمەڵگای کوردیش وەک هەموو کۆمەڵگاکانی دونیا لە چەندەها پنت‌و سەنتەری دەسەڵات پێکهاتووە کە پێکڕا تۆڕێکی گەورەی دەسەڵات دروستدەکەن. بەڵام کۆمەڵگای کوردی خۆی کۆمەڵگایەکی بێدەوڵەتە.. ئەمە قەیرانێکی راستەقینەی لە سیستمی دەسەڵات لە کوردستان دروستکردوە. نەبوونی دەوڵەت «مانای دەوڵەتێک کە کۆمەڵگا دانی پێدا نابێت‌و دەسەڵاتەکان بە مەرجەعی شەرعی خۆیانی بزانن» کاریگەرییەکی گەورەی لەسەرسیستمی دەسەڵات‌و چۆنێتی ئیشکردنی ئەم سیستمە هەیە. هەر «سیستمێکی دەسەڵات» خاڵی بێت لە بیرۆکەی دەوڵەت یان دەوڵەت شوێنێکی سەنتراڵ لە خەیاڵدان «مخیال»ی سیاسیدا داگیرنەکات، واتە خاڵییە لە بیرۆکەی «پەیمانی کۆمەڵایەتی» کە مەرجێکی بنەڕەتی ئاشتی‌و گەشەی کۆمەڵایەتییە. لە بڕێکی زۆری فەلسەفەی سیاسیدا دەوڵەت بایەخێکی گرنگی هەیە بۆ ئەوەی سەربەخۆیی دەسەڵاتەکان‌و ململانێ بچوکەکان لەسەر باڵادەستی‌و پاوانخوازیی، تەواوی کۆمەڵگا نەگۆڕن بۆ دارستانێکی گەورە، بۆ مەیدانی جەنگێکی سەرتاسەری، یان وەک دەگوترێت بۆ شوێنی «جەنگی هەمووان دژ بە هەمووان». لێرەوە دەوڵەت خۆی دەکات بە خاوەنی شەرعی مافی بەکارهێنانی هێز.
هێزە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت «وەک هێزی دەزگا قانونییەکان، هێزی پۆلیس، هێزی سوپا» پێکڕا بۆ ئەوەن کە لە ململانێی کۆمەڵایەتیدا لەسەر دەسەڵات، هێزێک یان کولتوورێکی دەسەڵاتدار کە سیستمی راگرتووە ئاسان لە نێونەچێت‌و هەرەس نەهێنێت. لێرەوە دەوڵەت کەرەستەیەکی سیاسی‌و دینی‌و کولتوورییە کە تەعبیر لە هەموو کۆمەڵگا ناکات، بەڵکو تەعبیر لەو بەشانەی دەکات کە لە ساتێکی دیاریکراو‌و لە کایەکانی کارکردنی خۆیاندا دەتوانن سەروەر بن‌و باڵادەستیی «هەیمەنە» بەدەستبخەن. بوونی دەوڵەت هیچ کات کۆتایی بە شەڕی دەسەڵات لە کۆمەڵگادا ناهێنێت، شەڕی دەسەڵات ئەبەدییە... بەڵام ئیشی دەوڵەت ئەوەیە کە بەکارهێنانی هێز لەم شەڕەدا لە سنوورێکی دیاریکراو‌و بە عورفێکی تایبەت بێت، دیارە لە دەوڵەتی دیموکراسدا، خودی دەوڵەت نابێت جێگایەکی داخراو‌و پاوان کراو بێت بۆ هێزێک... بەڵکو دەوڵەت بەرپرسە لەوەی ئەو فەزا کراوەیە دروستبکات کە کۆمەڵگا تێیدا بە روونی تەعبیر لەوەبکات چ دەسەڵاتێک بەهێزتر‌و قەبووڵکراوترە، واتە خودی دەوڵەت دەزگایەکە موڵکی کۆمەڵگایە‌و موڵکی هیچ دەسەڵاتێک نییە بە تایبەتی، «دەوڵەت» ئامانەتێکە وەردەگیرێت‌و دەدرێتەوە. کێشەی دەوڵەتی دیکتاتۆریش ئەوەیە کە دەوڵەت لەوە دەردەچێت ئامانەتێکی وەرگیراو بێت‌و دەبێت بە «موڵکییەتی تایبەتی» بۆ دەسەڵاتێکی دیاریکراو کە چیتر مافی دەستکاریکردن‌و گۆڕین‌و بەشداریکردن لەوانی دی زەوتدەکات.
لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا دەسەڵاتە گەورەکان، جا ئەگەر لە کایەی سیاسییەوە هاتبن یان لە کایەی دینیدا گەشەیانکردبێت، یاخود لە کایەی ئابووری، یان کولتووریدا گەورەبووبن... خواستێکی بەرچاوی داگیرکردن یان بەشداریان لە دەوڵەتدا هەیە، چونگە گەیشتن بەدەوڵەت مانای نزیکبوونەوە لە دەسەڵاتی یاسادانان «تەشریعی»‌و جێبەجێکردن «تەنفیزی». بەڵام ئەم هاوکێشەیە بۆ کۆمەڵگای کوردیی بەجۆرێکی دیکەیە. لەسەردەمی ئیمپراتۆرییەتە ئیسلامییەکانەوە تا سەردەمی مۆدێرن، چەندین جۆرە دەسەڵاتی لۆکاڵ لە کوردستان سەریان هەڵداوە کە هەمیشە لەدەرەوەی دەوڵەت بوون. ئەو مێژووە درێژەی بێدەوڵەتی، یاخود ژیان لەدەرەوەی دەوڵەت، کاریگەرییەکی ستراکتوری قووڵی لەسەر بونیادی دەسەڵاتی سیاسی‌و کولتووریی جێهێشتووە. پێشتریش‌و لەسەدە دێرینەکاندا هەرگیز دەسەڵاتی کوردی لە ناو فۆرمی ئیداری دەوڵەتێکی راستەقینەدا گەورە نەبووە. لەسەدەی بیستیشدا دەسەڵاتی مۆدێرنی کوردی هەر لەدەرەوەی دەزگاکانی دەوڵەت‌و دوور لە فەزای کارکردن‌و دانوستان لەگەڵ ئەم دەزگایانەدا گەشەیکردوە. ئیشی بنەڕەتی دەوڵەت ئەوەیە کە شەرعییەتی بەکارهێنانی هێز بۆ خۆی لە هەموو هێزەکان وەربگرێتەوە، دەوڵەت بۆیە لێرەیە تا بەتەنیا خۆی خاوەنی هەقی بەکارهێنانی توندوتیژی بێت، تاکە توندوتیژییەکی یاسایش ئەو توندوتیژییەیە کە ئەو پیادەیدەکات... هەڵبەت گەشەکردنی دەسەڵاتێک لەدەرەوەی دەوڵەت، واتە لە دایکبوونی چەندەها فۆرمی دەسەڵات کە ئامادەنین دەستبەرداری مافی بەکارهێنانی هێز ببن بۆ دەوڵەت. بەدرێژایی مێژووی کورد، سەردەمانێک کە «خێڵ» شوێنگەی سەرهەڵدانی دەسەڵاتی کوردی بووە، دواتریش کە حیزب دەبێتە شوێنگەی کۆبوونەوە‌و خۆدەرخستنی دەسەڵات... دەسەڵاتی کوردی هیچ کات دەستبەرداری مافی بەکارهێنانی هێز‌و توندوتیژی نەبووە بۆ دەوڵەت. لەسەردەمی شۆڕشدا ئەو دەستبەردارنەبوونە لەسەر بنەمایەکی هەقانی دامەزراوە کە بریتییە لە داننەنان بە دەوڵەتی داگیرکەر‌و بێگانەدا، بەڵام لە دوای راپەڕینەوە دان نەنان بە «دەوڵەت»دا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووە دوور‌و درێژەی بێدەوڵەتی، بۆ بنج بەستبوونی جۆرێک لە دەسەڵات کە خۆ بە خۆ مافی بەکارهێنانی هێز زەوتدەکات‌و ئامادەنییە ئەم مافە لە رێگای دەوڵەتەوە لەگەڵ کەسی دیکەدا بەشبکات.
بە کورتی ئەو مێژووە درێژەی کە کورد بێدەوڵەت لەدوای خۆی جێیهێشتووە، کارێکیکردوە جۆرە دەسەڵاتێکی کوردی دروست ببێت کە بۆ ژیان‌و مانەوە پێویستییەکی ئۆرگانی بەدەوڵەت نەبێت‌و دەوڵەت لای ئەو تەنیا وەزیفەیەکی ئیداری رووتی هەبێت‌و لەوە بکەوێت تاقانە خاوەنی «مافی بەکارهێنانی هێز» بێت . لێرەوە حیزبی کوردی یان نوخبەی حوکمڕانی ناو حیزب ناتوانن لە هیچ کاتێکدا مافی بەکارهێنانی هێز ببەخشنە دەوڵەت. ئیدی بەدرێژایی مێژوو فۆرمێکی دەسەڵات لە کوردستان سەری هەڵداوە کە بیرۆکەی دەوڵەت یان وەزیفەی دەوڵەت لە ناویدا وەزیفەیەکی پەراوێزییە، چونکە «شەرعییەتی بەکارهێنانی هێز» کە جەوهەری مانای دەوڵەتە لە فۆرمی حوکمڕانی کوردیدا لە دوای راپەڕینەوە تا ئەمڕۆ بەتەواوی نائامادە‌و نەبینراوە. لێرەوە زۆرجار باس لەوە دەکەم کە خودی ناسیونالیزمی کوردی لە بنەڕەتدا لەسەر بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەت دروست نەبووە‌و خودی ئەم بیرۆکەیە تەواو بە ناسیونالیزمی کوردی نامۆیە.
 بە کورتی لە کۆمەڵگای کوردیدا شەرعییەتی بەکارهێنانی هێز هەمیشە لەدەرەوەی دەوڵەتە نەوەک لای دەوڵەت بێت. بۆیە پێکڕای ئەو دەزگایانەی کە دەسەڵاتی کوردی لە بیست ساڵی رابوردوودا دروستیکردون، لاواز‌و بێماف‌و بێئیرادەن، چونکە هیچ یەک لەم دەزگایانە ئەو مافە جەوهەرییەیان نییە کە دەبێت دەوڵەت هەیبێت «کە مافی بەکارهێنانی هێزە».
لەسەر رۆشنایی ئەو راستییەدا، نابێت سەرمان لەوە بسوڕمێت کە دەبینین حکومەتی هەرێم لە ئێستادا هیچ نییە جگە لە قاوغەیەکی کارتۆنی‌و لەشێکی ئیفلیج. ئەم ئیفلیجییە ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکی درێژی هەڵاوسانی دەسەڵات لەدەرەوەی دەوڵەت، بۆ لەدایکبوونی جۆرێک لە شەرعییەت کە لەدەرەوەی هەر پەیمانێکی کۆمەڵایەتی دەسەڵات خۆی دەیبەخشێت بە خۆی. ئەو فۆرمەی کە دەسەڵاتی کوردی بەدرێژایی مێژوو بۆ خۆی گەشەی پێداوە، فۆرمێکە لەدەرەوی دەوڵەت‌و تەنیا بێدەوڵەت دەتوانێت بژی... لێرەوە ستراکتوری ژیانی سیاسی کوردی هێشتا ستراکتورێکی سەرەتایی‌و پریمیتیڤە کە لە رۆحی سەدە دێرینەکان دوور نەکەوتۆتەوە‌و لە قۆناغی گەشەکردن‌و گەورەبووندا لەدەرەوەی هەر «پەیمانێکی کۆمەڵایەتی» دەژی. هەموو هێزەکان شەرعییەتی خۆیان لە خۆیانەوە وەردەگرن‌و مافی بەکارهێنانی هێز نابەخشن بە هیچ ئۆرگانێکی کۆمەڵایەتی دیکە لەسەروو خۆیانەوە... ئەوەی دەسەڵاتی کوردی پێویستی بەدەوڵەت نییە بۆ ئەوەی هەبێت‌و بژی، گەورەترین مەترسییەکی مێژووییە کە وادەکات کۆمەڵگای کوردی بەردەوام‌و لە هەموو ساتێکدا لەبەردەم ئەگەری شەڕی ناوخۆدا بێت... لە پاڵ ئەم پێکهاتە ستراکتورییەدا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ لە کوردستاندا، نەوەک شیاوە، بەڵکو حەتمییە. بەوەدا جەوهەری دەسەڵاتی کوردی لەسەر دەستبەردارنەبوون لە مافی بەکارهێنانی هێز‌و توندوتیژیی دروستبووە، لێرەوە بەدڵنیاییەوە هەموو هەوڵەکانی ریفۆرمکردنی دەوڵەت جار دوای جار‌و دەیە دوای دەیە بەبێ سوود دەمێنێتەوە. ئەو هەوڵانەی ئەمڕۆ بۆ ریفۆرمی حکومەتی هەرێم دەدرێن، هیچ نین جگە لە هەوڵی پوچگەرا‌و بێدەرەنجام، سوڕانەوەن لە بازنەیەکی بۆشدا، ناچارکردنی نەخۆشەکەن بەخواردنی دەرمانێک کە دەرمانی دەردی ئەو نییە... ئەوەی نەخۆشە دەسەڵاتی کوردی‌و سیستمەکەیەتی ... هەموو دەسەڵاتی کورد، بە کۆی دەرکەوتە‌و پەراوێزەکانییەوە.
تێبینی: لە هەفتەکانی داهاتوودا درێژە بە بڵاوکردنەوەی بەشەکانی دیکە وتاری «زانست‌و دین‌و شۆڕش» دەدەم... لەگەڵ داوای لێبوردندا.

Saturday, 4 June 2011

زانست‌و دین‌و شۆڕش / بەشی شه‌شه‌م

بەشی شه‌شه‌م


واتە بە کورتی ئەو پەیوەندییە قووڵەی کە ئەمڕۆ لە نێوان دین‌و سیاسەتدا دەیبینین، دەستکردی ئەم ساتەوەختە نییە... لە داهێنانی گروپە ئیسلامییەکان نییە، بەڵکو لە هەرەسی پرۆسەی لە دایکبوونی عەلمانییەتەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەوەی هەرەسی بە عەلمانییەت هێنا هێزی دین نەبوو، بەڵکو ئەو پرۆسەی چاندن‌و بەهێزکردنەی موقەدەس بوو، کە لە ناو حیزبە بەناو عەلمانییەکاندا دەستی پێکرد. ئیدی قسەکردن لەسەر ئەوەی بەدرێژایی سەدەی بیست هێزێکی ئەنتی دینی هەبووبێت، هێزێک هەبووبێت بناغەی خۆی لەسەر قودسییەتکاری ڕانەگرتبێت، تێفکرینی بەرهەمی ئیشکردن بووبێت بە میتۆدی زانستی، درۆیەکی گەورەیە... واتە عەلمانییەت لەلای ئێمە بەر لە هەر شتێک لە ناو حیزبە مارکسی‌و ناسیۆنالیستەکاندا کوژرا‌و هەرەسیهێنا، نەوەک لە ژێر زەبری حوجەت‌و لۆژیکی دین یان بە حوکمی بەهێزیی جیهانبینی دینی.

لەسەرەتای سەدەی بیستدا دین بەهۆی هەرەسی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی‌و بەهێزبوونی زانستەوە، جێگای بۆ ئەگەرێکی نوێ چۆڵکرد، بەڵام هەموو ئەو حیزب‌و ئایدیۆلۆژیانەی کە سەحنەی سیاسیان داگیرکرد، پێکڕا کەوتنە ئیشکردن بۆ گێڕانەوەی موقەدەس. ئەم هەقیقەتە مێژووییە کاریگەرە وایکرد «دینی سیاسی»‌و «سیاسەتی دینی» هەر دووکیان دوو دیوی هەمان دراوبن... ئەوەی کە ئەمڕۆ «دینی سیاسی ــ واتە هێزی ئیسلامییەکان» ئاسان جێگایان دەبێتەوە، هۆکەی ناگەڕێتەوە بۆ ستراکتورێک دەرفەت بە فرەڕەنگی سیاسی دەدات، ناگەڕێتەوە بۆ دیموکراسییەتێکی بەهێز یان ئیمانێکی دینی بەهێز لە کۆمەڵگادا، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە هەرگیز دین بۆ ساتێکیش سەر سەحنەی سیاسی چۆڵ نەکردوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هێزە بە نێو عەلمانییەکان بە ڕەوشی کارکردنی خۆیان زەمینەیەکی وەهایان بۆ موقەدەس خۆشکردەوە، دەرفەت بێت، دینییەکانیش بەرگێکی دونیایی بەبەرگی موقەدەسی خۆیاندا بکەن‌و فۆرمێکی سیاسی پێببەخشن. لێرەوە هەموو ئەوانەی کە تەنیا نێو حیزبە دینییەکان بۆ ناعەقڵانییەتی موقەدەس دەگەڕێن، بەئەنقەست چاو لەڕۆح‌و جەوهەری دین لەناو هێزە ناسیونالیست‌و مارکسییەکاندا دەنوقێنن. ئەوەی سیاسەت «ڕۆحی دین»ـی زەوتکرد‌و چەکە گەورەکان‌و ڕەهەندە ناعەقڵانییەکانی بە جۆرێکی بەربڵاو خستەگەڕ، هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی دواتر دیندارەکان پەنابەرن بۆ سیاسەت‌و چەک‌و میتۆدەکانی بەکاربهێننەوە. وەک چۆن حیزبە مارکسی‌و ناسیۆنالیستەکان لەو ڕاستییە تێگەیشتن کە ناتوانن بێ موقەدەس بژین. دینییەکانیش لەو ڕاستییە تێگەیشتن کە ناتوانن بێ تاکتیکی سیاسی دین زیندووبکەنەوە... لێرەوە ئەو جیاکارییەی کە کۆی سیستمی سیاسی ئێمەی لەسەر بەندە‌و هێزەکان بەسەر عەلمانی‌و دینیدا دابەشدەکات، هیچ نییە جگە لەدرۆیەکی گەورە... ئەم جیاکارییە تەنیا لەکۆمەڵگایەکدا دێتەدی کە زانست تێیدا بووبێت بە هێز، کە ناعەقڵانییەت گورزێکی خواردبێت، کە عەقڵییەت‌و میتۆدی زانستی شەقاوێکی نابێت، کە موقەدەسسازی لاوازبووبێت. بۆیە دەکرێت ڕاشکاوانە بڵێم تەواوی دونیای سیاسی ئێمە لەسەر جیاکارییەکی درۆ‌و نادروست پۆڵینکراوە... لەدونیای ئێمەدا کاراکتەرێکی سیاسی نییە ناوی عەلمانی‌و یەکێکی دیش نییە ناوی دینی بێت. وەک چۆن عەلمانییەتێک نییە موقەدەسی لە سیاسەت دەرهێنابێت، هەمانشێوە هێزێکی دینیش نییە کە بیەوێت موقەدەس بگێڕێتەوە بۆ دونیای غەیبی، بۆ شوێنە میتافیزیکییەکەی خۆی. وەک چۆن بە ناو عەلمانییەکان خەریکی بە دونیاییکردن‌و بە مەتریالکردنی موقەدەسن، دینییەکانیش هەمانشێوە‌و توندتریش خەریکی بە دونیایکردن‌و بە مەتریالکردنی موقەدەسن. لێرەوە لە بنەڕەتدا چۆن لابەلابوونەوەی مەعریفی‌و زانستی شوێنێکی پەراوێزی‌و ناچیزی لە عەقڵی دینیدا هەیە... چۆن دین لە نێوان خۆی‌و زانستدا دیوارێک هەڵدەچنێت تا دەرەنجامی کارکردنی زانستی، نەبێتە ڕێگر لە بەردەم قودسییەتی هەقیقەتی ئاینیدا، سیاسەتیش هەمان ئەو دیوارە لە نێوان خۆی‌و لابەلابوونەوەی مەعریفی‌و زانستیدا بەرزدەکاتەوە، تا لە مەعریفە‌و زانستەوە ئەو هەقیقەتانە دزە نەکەن کە ماهییەتی دەسەڵاتی سیاسی‌و قودسییەتە درۆزنەکەی بخەنە ژێر پرسیارەوە. بەمجۆرە پێکڕای هێزە سیاسییەکانی ئێمە لە بزووتنەوەی ژێکافەوە تاسەر تەواوی هێزە سیاسییەکانی ئێستا، بەجۆرێکی ترسناک لە یەکدەچن، هەمان مۆدێل دووبارە دەکەنەوە، هەمان وەهم بەرهەمدەهێنن... پێکڕا بەلۆژیکی «قودسییەت‌و شکاندنی قودسییەت» کاران... لەسەر خۆبەدوورگرتن لە مەعریفە، لەسەر بە سەتحیکردنەوەی سیاسەت، لەسەر دروستکردنی دوولانەی درۆزن ئیشدەکەن. گەورەترین دوولانەی درۆزنیش لە مێژووی ئێمەدا دوولانەی عەلمانی‌و دینییە. ئەو دوولانەیەی کە تەواو بووە بە دوولانەیەکی سیاسی، بەدوو وشەی بێناوەڕۆک، بەمەیدانی یارییەکی کۆمیدی.

ئەم دوولانەیە ئەوەندە سەتحی‌و بێقووڵاییە، هێزە سیاسییە کوردییەکان کەی بیانەوێت دەتوانن لە ڕێگای هەندێک گەمەی زمانەوانییەوە خۆیانی لێ ئازادبکەن‌و کەی بشیانەوێت دووبارە زیندوویبکەنەوە. کەی دینییەکان‌و عەلمانییەکان بیانەوێت دەبن بەدۆست‌و دەستدەکەنە ملی یەک‌و کەی بشیانەوێت دەبن بە دوژمن... بێئەوەی هەرگیز نەقسە لە جەوهەری عەلمانییەت‌و نە جەوهەری دین بکرێت. بە بڕوای من سەفستائییەتی پەیوەندی دین‌و عەلمانییەت، لەدوای 17ی شوباتەوە، هەم لە بەرەی دەسەڵات‌و هەم لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە وەها زەق‌و دزێو دەرکەوت، کە کەمجار دیاردەیەک لە مێژوودا وەها ڕۆشن دەردەکەوێت. لەم دەمەدا هێزە بە نێو عەلمانییەکان کەسی دیندار‌و عاقڵی خۆیان هەبوو، هەموو هێزە دیندارەکانیش، کەسی عەلمانی عاقڵی خۆیان هەبوو... پەیوەندییەک ڕاشکاوانە، جیاوازی درۆزنی نێوان دینداریی‌و عەلمانییەتی لە دونیای ئێمەدا ئاشکرادەکرد.
لێرەدا گەر بگەڕێینەوە بۆ ناوەڕاستەکانی سەدەی بیست دەبینین کە ساتەوەختێک هەیە سیاسەت تێیدا خۆی لەو خولیایە ئازاد دەکات کە پێویستی بە زانستە. زانست بە هەموو ماناکانی، واتە هەتا پێویستی بە مەعریفەی تیوریی دەربارەی خودی سیاسەتیش هەیە. ئەو وێنەیەی کەسی سیاسی کە دەبێت لە هەمانکاتدا کەسێکی ڕۆشنبیریش بێت وردەوردە وندەبێت‌و کاراکتەری ڕۆشنبیر لە کایەی سیاسیدا دەکەوێتە پەراوێزەوە. دیارە ئەم پرۆسەیە بەوجۆرە ئاشکرایە ڕوونادات، واتە حاڵەتێک بەدی ناکەین یەکێک ڕاشکاوانە بڵێت سیاسەت پێویستی بە ڕۆشنبیریی نییە...

بەپێچەوانەوە گەر ئەم پرۆسەیە لە جەوهەردا لەسەر جیاکردنەوەی بواری سیاسی لە ڕۆشنبیریی دروستبایە، دەرەنجامی گەلێک پۆزەتیڤی دەبوو. گەر سیاسەتی کوردی وازی لە کایە زانستییەکان بهێنایە‌و هوشیارانە سیاسی‌و ڕۆشنبیری لەیەک جیابکرابایەتەوە، دەکرا مێژووی سەدەی بیست «لە ئاستی زانستی‌و مەعریفیدا» بەوجۆرە تاریک‌و ئەنگوستەچاو نەبێت. بەڵام سیاسەتی کوردی ئەوە ناکات، بەڵکو پرۆسەی شێواندنێکی دوورودرێژی مانای وشەی زانست‌و مەعریفە دەست پێدەکات، کە لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ لە چەندەها کەناڵی جیاواز جیاوازەوە بەردەوامە. واتە مەسەلەکە تەنیا ئەوە نییە کە دیوارێکی گەورە لە نێوان سیاسەت‌و عەقڵییەتی ڕەخنەیی‌و عەقڵییەتی زانستی‌و بیرکردنەوەی تیۆری‌و ئەبستراکتدا بەرزدەکرێتەوە، بەڵکو ئەوەیە سیاسەت جۆرە کایەیەکی ڕۆشنبیریی‌و مەعریفی دروستدەکات کە لەگەڵ پێداویستی‌و جیهانبینی بچوکی خۆیدا بگونجێت... بە مانایەکی تر، کێشەکە لەوەدا نییە کە سیاسەت خۆی لە زانست بە دوور دەگرێت، بەڵکو لەوەدایە کە تەواو ئەگەری سەرهەڵدانی زانست دەکوژێت.

بە کورتی سەرکەوتنی ڕۆحی دین لە ناو سیاسەتدا ئاسەوارە گەورەکانی تەواو لە کایەی ڕۆشنبیریدا دەردەکەوێتەوە. واتە کێشەکە لەوەدا کۆتایی نایەت کە سیاسەت خۆی لە مەعریفە دادەبڕێت‌و نەوەیەک لە نەخوێندەواری گەورە دەبن بە پێشڕەو‌و ڕابەر، بەڵکو لەوەدایە کە لەشێکی شێواو‌و کایەیەکی سێبەری لاواز بە ناوی مەعریفەوە دروستدەکرێت کە دوورو نزیک پەیوەندی بە زانست‌و مەعریفەوە نییە... لێرەوە تراژیدیای هەرە ترسناکی دونیای ئێمە سەرهەڵدەدات، تراژیدیای کوشتنی زانست بە ناوی زانستەوە