Thursday, 15 September 2011

شەونمەکەی بەرمۆدا - دەربارەی ئەفسونی دووریی


دووریی یەکێکە لە سەیرترین و سیحراویترین ئەو شتانەی کە لە هەموو سات و سەردەمێکدا مرۆڤ دەبزوێنێت. مرۆڤ بوونەوەرێکە کە داناسەکنێت، لە جێگایەکدا ئۆقرە ناگرێت. رەنگە زۆر لە خوێنەران رستە دێرینەکەی بلیز باسکالیان بیستبێت کە دەڵێت « هەموو بەدبەختییەکانی دونیا لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە کە مرۆڤ ناتوانێت لە ژوورەکەی خۆیدا بمێنێتەوە». دیارە لە نێوان گەڕۆکی مرۆڤ و عاشق بوونیدا بە دووریی جیاوازی هەیە. گەڕۆکی زۆر گرێدراوی خواستی مرۆڤە بۆ بیبینین، بەڵام عەشقی دووریی بزوێنەری خەیاڵە، دەگاتە ئەو جێگایانەی کە بە چاو نایگەێنێ، بە بینین پێیناگەین، دووریی ڕاستەقینە لە خەون و مەحاڵەوە نزیکترەوە تا واقیع. لە گەڕان و گەڕۆکیدا مرۆڤ تەنیا لە سەر زەمین و لە ناو ئەو چوارچێوەیەی زەماندا دەمێنێتەوە کە تیا دیلە، بەڵام عەشقی دووری خواستێکی تری لە پشتە، خواستی شکاندنی سنوورەکانی زەمین و زەمان، خواستی ژیانێکی تر، ئارەزووی گەیشتن بەوەی کە تا ئێستا نەبینراوە. واتە کێشەی گەورەی مرۆڤ تەنیا ئەوە نییە کە لە ژوورەکەی خۆیدا نامێنێتەوە، بەڵکو ئەوەشە کە نایەوێت لەسات و سەردەمی خۆشیدا بمێنێتەوە. ئەدەبیات بەوردی ململانێی نێوان ئەم دوو پۆڵەی دەرخستووە. «ئێستا و لێرە» یان «لەدەرەوەی ئێستا و لەدەرەوەی ئێرە». «لەم سنوورەدا» یان «دوور لەم سنوورە». من بەپێی ئەزموونی ژیانی خۆم، هەمیشە دووجۆر لە مرۆڤم بینیوە و دوو جۆر لە خەڵکم جیاکردۆتەوە، ئەو مرۆڤانەی کە هەمیشە «لەم سنوورەدا ... لە ئێستا و لێرەدا» دەژین، لەگەڵ ئەوانەدا کە دەیانەوێت« لەدەرەوەی ئەم سنوورە و دوور لە ئێستا و ئێرە» بژین. ئەم دووجۆر مرۆڤە لە زۆر شتی بنەڕەتیدا جیاوازن، هەتا وا هەستدەکەم هەندێک جار جیاوازیان دەگاتە جیاوازیی نێوان شەیتان و فریشتە. من خۆم هەمیشە بەجۆرێکی سەرپەڕانە لە جۆری دووەم بووم، هەر کات بیرم لە «ئێستا و ئێرە» کردبێتەوە، بۆئەوە بووە لە ئێستا و لێرە نەبم. بەڵام بەشی هەرە زۆری مرۆڤەکان عەشقی دووریی لە خۆیاندا دەکوژن، یان لە ڕاستیدا کولتوورێک و چوارچێوەیەکی بینین هەیە دەیکوژێت. چونکە گەر ئەو عەشقە گەورە بێت، گەر شێوەیەکی زۆر سەرپەڕانە وەربگرێت، ئەو توانایە لە مرۆڤدا دەکوژێت، ئاسان سوود لە ئێستا و لە ئێرە وەربگرێت. هەڵبەت هەموو مرۆڤێک ساتی پراگماتیانەی خۆی هەیە کە دەبێت لە ئێستا و لێرەدا کاربکات و بڕیاربدات، بەڵام هەندێک مرۆڤی تر هەن کە «ڕەهەندی عەشقی دووریی» ـان لە ناودا مردوە، هەمیشە لە دووی چنینەوەی بەرهەمی ئەو ئەگەرانەن کە ئێستا و ئێرە پێشکەشیاندەکات. «خاتوو ماکبەس» یەکێکە لە عاشقە ترسناکەکانی «ئێستا و ئێرە» لە ئەدەبیاتدا. ئەو لە شانۆگەرییەکەی شکسپیردا بە گوێی ماکبەسدا دەخوێنێت «خۆت لە ساتە دوورەکاندا وێڵ مەکە، سوود لەم چرکەساتە وەربگرە، ئەمە کاتی تۆیە». خاتوو ماکبەس لەوانەیە کە دەزانێت چۆن بە دڕندانەترین شێوە سوود لە ئێستا و ئێرە وەربگرێت. بەبڕوای من شتێک لە ڕۆحی دڕندەی خاتوو ماکبەس لە زۆربەی سیاسییەکان، بازرگانەکان، ڕۆشنبیرە پراگماتییەکاندا هەیە. «ئەوە بگرە و بەریمەدە کە ئێستا و ئێرە پێشکەشتدەکات، زۆرترین سوودی لێ ببینە، بۆ دوور مەڕۆ، هەرچییەکت دەوێت لێرەدایە» ئەم لۆژیکە لۆژیکی ئەوانەیە کە تەنیا و تەنیا لە هەناوی ئێرە و ئەمڕۆدا دەژین. لە نوسەرانی دیکەدا فریدریش شیللەر زۆر لەسەر گرنگی و ئەفسونی «ئەم چرکەساتە» قسەیکردوە. لە شانۆگەریی دۆن کارلۆسدا و لەسەر زمانی «مارکیز ڤۆن پۆسا» وە دەڵێت «مرۆڤ دەبێت ئەو چرکەساتە بەکاربهێنێت، کە تەنیا یەکجار دەردەکەوێت». لە تێکست و شانۆگەرییەکانی شیللەردا گرنگی ئێستا و ئێرە زۆر دووبارەدەبێتەوە. لە ویلهیلم تلدا تێکستێکی هاوشێوەی دیکەش دەبینین، کاتێک رودێنتز بە بێرتا دەڵێت «یان ئێستا یان هەرگیز. دەبێت ئەم چرکەساتە بە نرخە بەکاربهێنم«. لای شیللەر مرۆڤ دەتوانێت چەندین نمونە بهێنێتەوە کە تێیدا پەلاماردانی ئێستا و ئەم شانسە و ئەم ئەگەرەی هەنوکە هاتووە بخوێنێتەوە. بەڵام بڕێکی زۆر لە فەیلەسوفان، لە شاعیران، لە سیاسییە خەیاڵدارەکان... هەمیشە بۆ جێگایەکی تر دەڕوانن، عاشقی گەڕانن بۆ زەمانێکی تر. ژیان لەلایەن وەک ڕامبۆ دەڵێت «هەمیشە لە شوێنێکی ترە» و هەمیشە لە ساتێکی دیکەدایە. واتە ئەوەی بۆی دەگەڕێن لە ئێستا و ئێرەدا نییە، کەسانێکن سیحری دووری دەیانبزوێنێت، ئەفسونی جێگاکانی تر و سەردەمەکانی تر دەیانخاتە سەر خولیای کار... عەشقی دووریی تەنیا مرۆڤ ناخاتە سەر ڕێگای خەیاڵات، بەڵکو هاندەرێکی گەورەی کارکردنیشە
لە ساڵی 2001 دا فەیلەسوفی ئەڵمانی پێتەر سلۆتەردایک چەند موحازەرەیەکی دەربارەی فەنتازیا و واقیع لە نامیلکەیەکی بچوکدا بڵاوکردەوە، کتێبەکە بە ناونیشانی «شەونمەکەی بەرمۆدا ــ دەربارەی هەندێک لە سیستمەکانی خەیاڵ» ـە. لەوێدا سلۆتەردایک باس لە گرنگی دووریی دەکات وەک بزوێنێکی گرنگ، وەک هێزێکی ڕۆمانسی. بەپێی ئەو لەسەردەمی گریکی و لە دێریندا جۆرە سیستمێکی فەنتازیی زاڵبووە کە تێیدا «میتامۆرفۆس ــ وەرگەڕانی توخم یان گۆڕانی چۆنایەتی» بزوێنی فەنتازیاکان بووە، وەک لە گۆڕینی سادە و ئاسانی توخم و ڕەنگ و فۆرمی ئینسان و ئاژەڵاندا دەیبینین، کاتێک دەبینین مرۆڤ ئاسان دەبێت بە درەخت یان باڵندە یاخود ئەژدیها و دەشبێتەوە بە مرۆڤ. بەڵام دواتر لەگەڵ گەشتەکانی کۆلۆمبسدا، وێنەی «شوێن» لە خەیاڵی ئەوروپیدا گۆڕانکارییەکی ڕادیکالی بەسەردا دێت، بۆ یەکەمجار مرۆڤ ئەوە تاقیدەکاتەوە کە لە دەریای گەورەبدات و توانای سەفەری درێژی بۆ دروستدەبێت. لەوێوە ئەفسونی دووری دەبێتە یەکێک لە هەرە ئەفسونە گەورەکان، مرۆڤی ئازا چیتر ئەو مرۆڤە نییە کە هەلی بەردەمی خۆی دەقۆزێتەوە و پەلاماری ئەگەرەکانی ئێستا دەدات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە دەڕوات، کە دەرمانی دوور دەدۆزێتەوە، کە لەسەر زەمینە نەناسراوەکانەوە شتە عاجباتییەکان دەهێنێتەوە
لەگەڵ داگیرکردنی ئەوروپادا بۆ وڵاتانی دەرەوەی خۆی، «دووریی» بەهایەکی باڵا وەردەگرێت. سلۆتەردایک لەو کتێبەیدا زۆر دەگەڕێتەوە بۆ شکسپیر، لە ڕێگای شکسپیرەوە ڕوونتر دەبینین کە لە سەرەتاکانی جیهانی تازەدا مرۆڤەکان دوور و نزیکییان چۆن نرخاندوە. لە بازرگانی ڤینیسیادا سەروکارمان لەگەڵ دوو بازرگاندایە «ئەنتۆنیۆ» و «شایلۆک». یەکێکیان نوێنەری سەردەمە تازەکانە، بازرگانێکە دەوێرێت هەموو سامانی خۆی بداتە دەست دەریا، بوێرە، سەرکەشە، بەڵام ئەویدیان «شایلۆک» نوێنەری ئێستا و ئێرەیە، نوێنەری قۆزتنەوەی هەل و فورسەتدزییە. شایلۆک بوونەوەرێکی هەلدزە کە ناوێرێت لە سنوورەکانی ئێستا و ئێرە دەرچێت و تەنیا لەوێدا یاریییە جەهەنەمییەکانی خۆی دەکات، بەڵام ئەنتۆنێوی بەرزەفڕ، چاونەترس، دڵنەلەرز شتێکی دیکەیە... لە بازرگانی ڤینیسیادا بەر ململانێی توندی ئەو دوو ڕۆحە دەکەوین کە لە ساتی شکسپیردا سەرەتای جوڵە و دەرکەوتنی بووە. لەوێوە عەشقی دووری، وەک هێزێکی ڕۆمانسی، وەک خواستی مرۆڤە ئازاکان دەردەکەوێت
سلۆتەردایک لە ئۆتێلۆوە نمونەیەکی جوان و پەرەگراڤێکی زۆر درێژیش وەردەگرێت. لەوێدا ئۆتێلۆ ئەوە باسدەکات، چۆن و لەبەرچی دێزدەمونە عاشقی بووە، ئۆتێلۆ ژیانێکی پڕ سەفەری بووە، پڕ گەشت و جەنجاڵی، پڕ سەرکێشی، خاکی جیاوازی بڕیوە و لە ئاوی جیاوازی داوە، بە سەرزەمینی عاجباتی و جێگای سەیردا تێپەڕیوە، بۆنی ئێستا و ئێرەی لێ نایەت، بەڵکو بۆنی سەرزەمینێکی تر و جێگایەکی دیکەی لێبەرزدەبێتەوە. ئەوەی وا لە دێزدەمونە دەکات عاشقی ئۆتێلۆ بێت، ئەو بۆنە دوورەیە، بۆنی ئازایەتی و سەرکێشی و دەریا. ئۆتێلۆ خۆی بە ڕوونی دەڵێت ئەوەی وای لە دێزدەمونە کرد منی خۆشبوێت ئەو مەترسیانەیە کە من پیا تێپەڕیووم، ئەوەشی وای لە من کرد خۆشمبوێت، کاریگەری چیرۆکەکانم بوو لەسەر ئەو.
بە کورتی ئەفسوونی دووریی وادەکات هەم ئۆتێلۆ و هەم ئەنتۆنیۆ دوو کاراکتەری جوان و ڕۆمانسی بن. هەردووکیان ئاماژەن بۆ ئەو ڕۆحە تازەیەی دووری دەپەرستێت و پێویستی بەوەیە لە دەریا بدات و لەسەر زەمینە دوورەکانەوە شتێکی نوێ بهێنێتەوە، شتگەلێکی تر تاقیبکاتەوە کە لە ئێستا و ئێرەدا نین. لەو سەردەمانەدا شتی دوور وەک دەرمان و کەرەستەی سیحری لێدێت. ئارەزووی دووریی وادەکات، هەر شتێک لە دوورەوە بێت فاکتەری کەرەستەی ئەفسوناوی وەربگرێت. لە شانۆگەریی «گەرداو» ـی شکسپیردا لە گفتوگۆیەکی نێوان «پرۆسپێرۆ» و «ئاریل» دا ڕاگوزەر بەر گوزارەی «شەونمی بەرمۆدا» دەکەوین. تێدەگەین کە پرۆسپێرۆی سیحرباز، جارێک ئارێلی ناردوە تا شەونمی بەرمۆدای بۆکۆبکاتەوە، ئەو شلە ئەفسووناوییەی کە ئەو لە سیحرەکانیدا بەکاریدەهێنێت. سلۆتەردایک بە هەق دەپرسێت: بەڵام بۆ شەونمی بەرمۆدا? بۆ ئەمجۆرە شەونمە لە خەیاڵی ئەو دەمدا وا بەنرخ بووە، بۆ لە زێڕ بەنرختر و لەسەرمایە کاریگەرتر بووە? بۆ شەونمی «بیت لحم» نەبێت کە جێگایەکی پیرۆز بووە? بۆ شەونمی ڕۆما نەبێت? ئەی چی شەونمی بەرمۆدا لە شەونمی ئۆکسفۆرد جیادەکاتەوە؟. گ
وەک سلۆتەردایک دەڵێت شەونمی بەرمۆدا، ئەو شلەیەیە کە سەرکێشی و خەون لە یەک یەکەدا کۆدەکاتەوە. مرۆڤ ناکرێت شلەی سیحراوی لە حەوشی ماڵەکەی خۆیاندا کۆبکاتەوە، دەبێت لە جێگایەکی دوورەوە بێت، دەبێت لەسەرزەمینێکی عاسییەوە بێت، لە خاکێکی ترسناکەوە. ئەو کاتیش بەرمۆدا بۆ دەریاوانان ترسناکترین جێگابووە. شەونمی بەرمۆدا هەم ئاماژەیە بۆ ئەفسوونی دووریی، بۆ خەونی جێهێشتنی جیهانی کۆن، بۆ پەڕینەوە بەرەو دونیایەکی تر، بۆ سەرکەوتن بەسەر ئازاری ئێستا و ئێرەدا. «دەبێت لێرەدا ئاماژە بەوەبکەم، کە سەیری دوو وەرگێڕانی عەرەبی گەرداوی شکسپیرم کرد، لە هەر دوو وەرگێڕانەکەدا ئەو گفتوگۆیەی نێوان ئارێل و پرۆسپێرۆ بە هەڵە کراوەتە عەرەبی، چونکە هیچ یەک لە دوو وەرگێڕەکە لە دەلالەتی گوزارەی شەونمی بەرمۆدا لای شکسپیر تێنەگەیشتوون» ک
بە کورتی «شەونمەکەی بەرمۆدا» ئەو شتەیە کە لە دوور بۆی دەگەڕێین بۆ ئەوەی کۆمەکمان پێبکات لێرەدا نەخنکێین، لە شوێن و لە زەماندا بجوڵێین، ئەو هێزە سیحراوییەی ژیانە کە لە ئێستا و ئێرەدا دەستمان ناکەوێت و دەبێت لە جێگای تر و سەردەمی تردا بۆی بگەڕێین
لەوەوبەر من لە وتارێکی زۆر درێژدا لەسەر کۆچ و لە وتارێکی کورتتردا بە ناونیشانی «گەر نەتەوێت غەریبێک بیت وەک نالی»، ڕەخنەی توندم لە پەیوەندی نێوان مرۆڤی کورد و شوێن گرت. پەیوەندی مرۆڤی کورد بە دوورییەوە هەمیشە لەسەر ترس بونیادنراوە، مێژووی ئێمە پتر خاتوو ماکبەس و شایلۆکەکان دروستیانکردوە، نەوەک کەسانی وەک ئۆتێلۆ و ئەنتۆنیۆ و ئارێل... کەسانی هەلدز و فرسەتخواز، نەوەک ڕۆحی بڵندگەرا و خەوبین و کارکەر بە دینەمۆی فەنتازیا و ئومێدی نەترسانە. ئەم ڕۆحی عەشقە دوورییە لە حیکایەتە فۆڵکلۆری و لاوک و بەندەکاندا زۆرتر زیندووبووە تا ئەمڕۆ، بڕێکی زۆر لە ڕۆمانسییەتی قارەمان لە چیرۆکی فۆلکلۆری کوردیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەفەرە دوورانەی پاڵەوان لەسەر زەمینی تردا دەیانکات و لەوێوە گوڵی سیحراوی و دەرمانی کاریگەر دەهێنێتەوە. بەڵام لەگەڵ هاتنی مۆدێرنە و زاڵبوونی عەقڵییەتی ژەهراویی ناسیونالیستیدا عەشقی دووریی دەمرێت و قەتیسبوون لە ژووری خۆماندا دەبێتە تەنیا شوێنی ژیان، بەجۆرێک کورد لەوسەری زەمینیش هەمیشە هەر لە ژوورەکەی خۆیدایە و لەبری ئەوەی بۆ «شەونمەکەی بەرمۆدا» بگەڕێت، «فرمێسکی حەسرەت» بۆ ماڵەوە دەڕێژێت. ئەوەتا دەبینین کە نالی و حاجی قادری کۆییش لە دوورەوە تەنیا و تەنیا وەسفی نیشتیمان دەکەن، سەیرە کە دەبینین نالی لە چامەکەیدا بە دێرێک باسی ئەو دونیایە ناکات کە بۆی چووە و تەنیا باسی ئەو دونیایە دەکات کە لێی ڕۆیشتووە. لای حاجیش هەر هەمان ئاواز دەبیستین، شێرکۆش لە مەنفای دوورودرێژیدا هەمان نەغمەی هەیە... لێرەدا هەقمانە بپرسین: دونیاکانی تر لە کوێن?. چی
وایکردوە رەهەندی عاشقبوون بە دووریی لە کولتووری کوردیدا تەواو ونببێت... شوێنەکانی تر و جیهانەکانی تر و رەهەندەکانی دیکەی شوێن و کات چوون بۆ کوێ و بۆ مردون? بۆ کەسمان نییە کە شەونمەکەی بەرمۆدامان بۆ کۆبکاتەوە?. وەڵامەکەم ئەوەیە: باڵادەستی گووتاری مانەوە لەم کولتوورەدا، کە گووتارێکی تەواو ناسیونالیستییە، وایکردوە مرۆڤی کورد تەنیا کورت و بێ فەنتازیا و بێخەون لە ئێستا و ئێرەدا بژی. بێئەوەی خەونی ژیانی تر و سەرزەمینی تر و سەفەری بە نێو کاتدا هەبێت. گووتاری مانەوە، گووتاری ژیان و بەردەوامی و خۆپاراستن و مانەوەیە لە ئێستا و لێرەدا. ئەم گووتارە قووڵ بەسیستمی تێڕوانین و هەستکردن و بیرکردنەوە و ڕەفتاری مرۆڤی کورد و ڕۆشنبیرەکانیدا چۆتەخوارێ
لای سلۆتەردایکدا بەر تێزێکی گرنگتریش دەکەوین، لای سلۆتەردایک ناسیونالیزم بەرهەمی مەنفا نییە، بەرهەمی دوورکەوتنەوە لە نیشتیمان نییە، بەڵکو ئەو ڕای وایە ناسیونالیزم خواستێک بووە بۆ بەستنەوە و جڵەوکردنی ڕۆحی سەفەر کە لە دوای دۆزینەوەی ئەمریکاوە ئەوروپییەکانی داگرت. واتە خودی ناسیونالیزم بەرهەمی دژایەتی عەشقی دووری بوو، دژایەتی خواستی پەڕینەوە بەرەو کەنارەکانی دیکە و سەفەرکردن بەرەو دونیاکانی دیکە. هەڵبەت ناسیونالیزمی کوردیی لە ڕووی مێژووییەوە ڕیشەی لەو چەشنەی نییە، بەڵام وەک هەموو ناسیونالیزمەکانی دیکە لە پێناوی بەستنەوەی مرۆڤدا بە «ئێستا و ئێرە» وە ئیشیکردوە

Saturday, 10 September 2011

نوسەر و بوکەشوشەکان

لە کتێبی «ڕابێلییە و جیهانەکەی»دا، کە لە نوسینی رەخنەگری ڕوسی میخائیل باختینە. فەسڵێک هەیە بە ناوی «ڕابێلییە و مێژووی پێکەنین». لەوێدا باختین ئاماژە بۆ کێشەیەکی گرنگی مێژووی خوێندنەوەکانی ڕابێلییە دەکات. ڕابێلییە کوڕی سەدەی شازدە بوو، هاوشان لەگەڵ سێرڤانتسدا بە باوکی هونەری رۆمان دادەنرێت، لەسەردەمی خۆیدا ناوبانگێکی گەورە پەیدادەکات، بەجۆرێک وەک باختین باسی لێوەدەکات، کاریگەری ڕابێلییە لە سنووری ئەدەبیات تێدەپەڕێت و دەبێتە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر فەیلەسوفان و سیاسەتمەدارانی سەردەمی خۆی. هەموو ئاماژەکان روو لەوەن کە کتێبەکانی ڕابێلییە لەسەدەی شازدەدا بە جۆش و خرۆش و ئارەزوویەکی زۆرەوە خوێندراونەتەوە، خوێنەرانی ئەو سەردەمە لەزەتێکی زۆریان لێبینیوە، بابەتی قسە و پێکەنینی بەردەوامیان بووە، بەڵام وەک باختین ئاماژەی پێدەکات، لەگەڵ هەڵهاتنی خۆری سەدەی حەڤدە و هەژدەدا، خۆری ڕابلییە کەم و زۆر ئاوا دەبێت، لەسەدەی حەڤدە بەدواوە جۆرە خوێنەرێک سەرهەڵدەدات کە چیتر لە ڕابێلییە تێناگات، تێکستەکانی دەبنە دەقگەلێکی سەیر کە پێکەوەگرێدانی بەشەکانی و کۆکردنەوەی تەوەرەکانی بۆ خوێنەرە تازەکانی سەدەی نوێ کارێکی زەحمەتە، ئەوەی خوێنەران لە سەدەی شازدەدا وەک بەڵگەنەویست وەریاندەگرت، وەک شتێکی ڕاستەوخۆ کە پێویستی بە ڕوونکردنەوە و تەفسیر نییە، لەسەردەمەکانی تردا تەواو دەگۆڕێت، ئەو یەکێتییە ناوەکییەی خوێنەرانی سەدەی شازدە لە نوسینی ڕابێلییەدا دەیانبینی بەسەردەچێت و ڕابێلییەیەکی تر سەرهەڵدەدات کە خوێنەر ناتوانێت پەیوەندی نێوان بەشەکان و مانای ڕستەکان و واتای پشت میتافۆرەکانی تێبگات
لە ئەدەبی کوردیدا ئێمە دۆخێکی هاوشێوەمان هەیە، گواستنەوە لە سەدەی نۆزدە وە بۆ سەدەی بیست، وادەکات تێگەیشتن لە شاعیرێکی وەک مەحوی بۆ ئێمە کارێکی زەحمەت بێت، لەسەدەی بیستدا تەواوی ئەو بونیادە فەرهەنگییەی تێکستەکانی مەحوی لە ناویدا گەورەبووە لە بەیندەچێت، ئەو ژێرخانە مەعریفییەی پێویستە بۆ ئەوەی لە مەحوی تێبگەین بوونی نامێنێت، خەڵکانێکی دی و خوێنەرانێکی تر لەدایکدەبن، بە خەیاڵێکی تر و بە ژێرخانێکی مەعریفی جیاوازەوە، بەجۆرێک مەحوی بۆ ئێمە دەبێتە کەسێکی دوور و نامۆ، کەبەبێ کۆمەکی کەسێکی شرۆڤەکار کە شارەزای هەمان ژێرخانی مەعریفی کلاسیکی بێت، تێگەیشتنی ئەستەمە
ئەوەی باختین دەرهەق بە ڕابێلییە دەستنیشانیدەکات، دیاردەیەکی بەرچاوی مێژووی ئەدەبە، هەرکات کە لەسەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر دەگوازینەوە تێکستەکان شتێک لە مانای خۆیان دەدۆڕێنن و بڕێک لە واتاکانی سەرەتایان لەدەستدەدەن، وێنەسازیی و خەیاڵبازییەکەشیان لە سەردەمانی دواتردا ئاسان شرۆڤە ناکرێت و ناخوێنرێتەوە، بەجۆرێک خۆ بە خۆ تێگەیشتن لێیان دەبێتە کارێکی زەحمەت. بەڵام گۆڕین لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر، واناکات تەنیا لە نوسەران نەگەین، بەڵکو لە ڕاستیدا دەیانکات بە کەسێکی تر، شتێکیان دەخاتە زار کە خۆیان نەیانویستووە بیڵێن، لە جێگایەکەوە دەیانخوێنێتەوە کە جێگای ئەسڵی ئەوان نییە. ئەوەی باختین لای ڕابێلییە بەوردی دەستنیشانیدەکات، تەنیا شێوەیەکە لە شێوەکانی تێنەگەیشتن لە تێکست. ئەوەی تێکست بە حوکمی ئاڵوگۆڕی سەردەم و کولتوور و زەمەنەکان شتێک لە مانا بنەڕەتییەکانی خۆی دەدۆڕێنێت، تەنیا بەشێکی دوورکەوتنەوەی تێکستە لە مانای خۆی. نوسەران بەدرێژایی مێژوو لەوە ترساون کە خوێنەران تێیان نەگەن. «مەسەلەی تێنەگەیشتن» مەسەلەیەک نییە تەنیا گرێدراوی چارەنوسی تێکست بێت لە ناو زەمەندا، واتە کێشەکە ئەوە نییە کاتێک لە سەدەیەکەوە هەنگاو بۆ سەدەیەکی دی دەنێین، تێکستەکان لەو کاری ئاڵۆگۆڕەدا ژێرخانی خۆیان لەدەستبدەن و فەزای کولتووری خۆیان بدۆڕێنن، بەڵکو کێشەیەکی ئاڵۆزترە، کێشەکە ترسێکی قووڵ دەجۆشێنێت، کەترسی ئەبەدیی نوسەرانە لەوانەی کە تێیان ناگەن
گەر تەماشابکەین، کێشەکەی ڕابێلییە بەراورد بە گرفتی تێنەگەیشتن لای نوسەرانی مۆدێرن، ناچیز و بچوکە... ئەوەی خوێنەرانی سەردەمێکی تر تێتنەگەن ئاسانترە لەو هەستەی کە خوێنەران بە گشتی، لە ئێستا و لە سبەی و لە داهاتووی دووریشدا تێتنگەن. شوپنهاوەر بە قووڵی تەعبیری لەو دۆخە تراژیدییەی نوسەر کردوە، ئەو لە وتەیەکیدا کە زۆرجار بە نمونە دەهێنرێتەوە، دۆخی خۆی و خوێنەر بە دۆخی منداڵ و بوکەشوشەکەی دەشوبهێنێت، لە کاتێکدا منداڵەکە دەزانێت بوکەشوشەکەی تێیناگات، بەڵام هەر قسەی بۆدەکات، بە بێنیگەرانی و بەمەبەست خۆی دەخەڵەتێنێت و لەسەر ئەو بڕوایە سووردەبێت کە شتێکی گەیاندووە و بوکەشوشەکە تێیدەگات
ئەو دۆخەی شۆپنهاوەر باسیدەکات زۆر تراژیدییە، کاتێک نوسەر دەزانێت ئەوانی تر تێیناگەن، بەڵام دەبێت وابکات وەک ئەوەی ئەوانی دی تێیدەگەن، ئەوە بخاتە خەیاڵی خۆیەوە کە ئەوانی تر تێیدەگەن، بەردەوام بێت لەسەر قسەکردن وەک ئەوەی ئەوانی تر تێیدەگەن، گەر ئاماژە و نیشانەیەکی ڕوونیشی بینی پێیبڵێت کە ئەوانی دی تێیانگەن، فەرامۆشیبکات و بەردەوام بێت و هەروا تێپەڕێت وەک ئەوەی ئەوانی تر تێیدەگەن.
ئەم هەستە تراژیدییە قووڵە کە هاوشانی گەشەی ڕۆحی هەموو نوسەرێکی ڕاستەقینەیە، لە هەندێ جێگادا دەبێتە خولیای سەرەکی نوسەران، نوسەرانی جیاواز جیاواز چارەسەری جیاوازیان بۆ ئەم گرفتە هەیە، بە چەشنێک زۆرجار یاریکردن لەسەر تەوەری تێگەیشتن دەبێتە یەکێک لە خولیا گەورەکانی ئەدەب. وەک چۆن دواتر دەبێت بە خولیای هەرە سەرەکی و گەورەی فەلسەفە و رەخنەی ئەدەبیش، دەبێتە سەنتەری هەرە گەورەی کۆمەڵێک بزاوتی فەلسەفی، لەوانە «هێرمۆنتیک» و «لێکترازانسازی ــ دیکۆنستراکشن»... بەڵام لێرەدا مەبەستم نییە شتێک لەسەر زانستی تێگەیشتن و فەلسەفەی تێگەیشتنی ئەدەبی باسبکەم، بەڵکو مەبەستمە شتێک لەسەر تێنەگەیشتن وەک جۆرێک لە ئازار و جۆرێک لە «هوشیاریی غەمگین» لە ئەزموونی نوسەر خۆیدا بنوسم
هەموو دەزانین کە مالارمێ، لە پێشەنگی ئەوانەدا بوو کە «مانا» ی لە شیعردا وەک ڕەگەزێکی لاوەکی دەبینی، واتە لەجەوهەردا «تێگەیشتنی شیعری» بە شتێکی لاوەکی دەبینی، شیعر لای ئەو بۆئەوە نییە شتێک بگەێنێت، بۆئەوە نانوسرێت تێیبگەین... ئەو پڕۆژەیەی مالارمێ لە ئەدەبدا سەرەتاکانی داڕشت بەوە کۆتاییهات جۆرە ئەدەب و هونەرێک دروستبن کە «تێگەیشتن» لە نێویدا بابەتی سەرەکی نەبێت... گەر بوکەشوشەکە تێنەگات، بۆ خۆمان بەوەوە سەرقاڵبکەین تێیبگەێنین، بۆ یاری ئازاد و سەربەخۆی خۆمان نەکەین، بۆ خۆمان بەدروستکردنی ماناوە خەریکبکەین، بۆ جۆرە ستاتیکایەک دروست نەکەین کە لەسەر مانا و گەیاندن و تێگەیاندن دروست نەبووبێت. بەهۆی ئەمجۆرە بڕوا و تەفسیرانەوە ئەدەب و هونەر بەگشتی بەرەو جێگایەکی تاریک و تەمومژاویی و ئاڵۆز دابەزین... تا وایلێهات لەسەدەی بیستدا گەیشتینە سەر جۆرە ئەدەبیاتێک، نوسەرانی دەیانەوێت لە ڕێگای ڕاکردنی خۆویستەوە لە مانا، خۆیان لە کێشەی تێگەیشتن بە دووربگرن و پێچ بەدەوری گرفتەکەدا بکەنەوە
نوسەر و شاعیری مەکسیکی ئەکتاڤێۆ پاز لە وتارێکیدا بە ناونیشانی «نیگای ئەسڵی» يەوە دیوێکی تری کێشەکەمان پیشاندەدات، پاز لای «جەیمس جۆیس» جۆرە ستراتیژێکی تری ئیشکردن لەگەڵ مانادا دەبینێتەوە، لە ڕۆمانی «ڕابوونی ڤینێگان» ـی جۆیسدا ڕووبەڕووی کێشەیەکی قووڵی تێگەیشتن دەبینەوە، ڕۆمانەکە یەکێکە لە هەرە ڕۆمانە سەختەکان بۆ تێگەیشتن، بەڵام بەبڕوای پاز کێشەی ڕۆمانەکە ئەوە نییە کە مانایەکی هەیە و ئێمە ئاسان بۆمان ناگیرێت و بۆمان نادۆزرێتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە کێشەکە لە یاخیبوون لە ماناوە دروست نەبووە، لە فەقیری واتاوە نەخولقاوە، جۆیس بە پێچەوانەی دادائی و سوریالییەکانەوە لە مانای ڕوون هەڵنایەت، بەڵکو ستراتیژێکی تری هەیە، ستراتیژی زۆرکردنی مانا، بارکردنی هەموو ڕستەیەک بە بێشومار لە ئەگەری مانا، بە گۆڕینی ڕستەکان بۆ مەیدانی پێکدادانی مانا. لێرەدا وەک پاز دەڵێت «هەموو وشەیەک و هەموو ڕستەیەک چەپکێکن لە واتا». واتە کێشەی تێگەیشتن ئەو کات دروستدەبێت کە نوسەر بە زیادکردنی ئەگەرەکانی مانا خۆی لەوە دەدزێتەوە بتوانین بیرکردنەوەی بخەینە ژێر کاتاگۆرییەکی ئامادەوە، ئەمجۆرە تێکستانە لە بنەڕەتدا مانایەکی نەگۆڕیان نییە تا سەردەمێکی تر بێت و بەجۆرێکی دی تێیانبگات، بەڵکو لە بنەڕەتدا وانوسراون بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە کراوەبن، لە هیچ ئان و زەمانێکدا شتێکی وا جێگیر نەبەخشن کە وابزانین گەر ئەو واتایەمان دەست نەکەوت، تێکستەکەمان لەدەستداوە... لێرەدا نوسەر مەبەستێکی دیاریکراوی نییە، بەڵکو تەنیا مەبەستی ئەوەیە پێمانبڵێت هەموو مەبەستەکان مەبەستی ئەون، هەتا ئەگەر ناکۆک و دژ بە یەکیش بن، هەموو ماناکان خواستی ئەون، هەتا ئەگەر لەگەڵ یەکدا ناتەباش بن
بەڵام لەگەڵ ئەم ڕێگایەنەشدا ڕوویەکی گەورەی کێشەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە: نوسەران هەموو وەک مالارمێ ناتوانن پشتبکەنە مانا، وەک جۆیس ناتوانن تۆڕێکی گەورە لە مانای جیاواز بچنن، نوسەران زۆربەیان دەنوسن و تەماحیان لەوەیە یەکێک هەبێت لە ماناکەی ئەوان تێبگات. نوسەرێک کەدەنوسێت لایەنیکەم تەماحی لەوەیە کە بوکەشوشەکە تێیبگات، تەماحی لەوەیە ڕۆحبکات بەبەری بوکەشوشەکەدا. ئەم تەماحە زۆرجار بۆ دوور دەڕوات، من بەش بەحاڵی خۆم لەو ساڵانەی دواییدا زۆر قسەم لە «خوێنەرێکی ئیدیال» کردوە، هەمیشە ئاواتم بووە خوێنەرێکی ئیدیال بمخوێنێتەوە، دەبێت بڵێم خوێنەری ئیدیال لە بنەڕەتدا زاراوەیەکی ئەمبرتۆ ئیکۆ یە «هەڵبەت لای ئیکۆ خوێنەری ئیدیال مەرجی خۆی هەیە و هەروا لە ڕووتەندا دروست نابێت». گەر خوێنەرێکی ئیدیال نەبێت «کەتەواو پێچەوانەی بوکەشوشەکەی شۆپنهاوەرە» نائومێدی نوسەر دەبێتە دۆخێکی هەتاهەتایی. من لە هەندێ نمونەدا باوەڕم بەو بۆچوونەی ئەمبرتۆ ئیکۆ هەیە کە تێکست وەک «ماشێنێکی تەمەڵ» تەماشادەکات، کە دەبێت «خوێنەرێکی نمونەیی» هەبێت چالاکیبکات، بیخاتە سەر ڕۆحی سەردەم، ماناکانی ئەکتیڤبکات، ئیکۆ بەم پرۆسەیە دەڵێت «هەنووکاندن ـ ئەکتوالیزیرن». تەنیا خوێنەرێکی زیرەک دەتوانێت ئەو ماشێنە تەمەڵەی کە ناوی تێکستی ئەدەبییە و خۆ بە خۆ هیچ بە ڕوونی ناڵێت و ڕاستەوخۆ هیچ نادات بەدەستەوە، بخاتە ناو جیهانی مەعریفی و عەقڵی ئەم ساتەوە و وای لێبکات ئەو کاریگەرییەی هەبێت کە دەبێت هەیبێت. لێرەدا وەک دەبینین کێشە بنەڕەتییەکە ڕوکارێکی تر وەردەگرێت، لای شۆپنهاوەر کێشەکە بەمجۆرەیە «مانایەکمان هەیە کە ناگاتە ئەو بوکەشوشە گەمژەیەی کە ناوی خوێنەرە»، بەڵام لای ئەمبرتۆ ئیکۆ کێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە «ماشێنێکی تەمەڵمان هەیە کە ناوی دەقی ئەدەبییە، خۆی مانایەکی وەهای نییە و پێویستمان بە خوێنەرە بۆ ئەوەی ئەو مانایەی تیا بچێنێت»... لە هەر دوو حاڵەتەکەشدا ترسی نوسەر لە خوێنەر، لە خوێندنەوەکان، لە تێگەیشتنی ئەوانی دی وەک خۆی دەمێنێتەوە، ترسێکی ئاڵۆز و گەورە، جارێکیان ترسی ئەوەیە خوێنەر هیچ تێنەگات، جارێکی تریش ئەوەیە کە تێگەیشتنێک بسازێنێت تەواو دووربێت لە «نیازی نوسەر» ـەوە، واتە خوێنەر تێکستەکە بخاتە سەر مەیل و واتایەک کە خوێنەر خۆی دەیەوێت نەوەک نوسەر. لە هەردوو حاڵەتەکەشدا بۆ منی نوسەر «تێنەگەیشتن» «دەرەنجامگیریی هەڵە» دوو مۆتەکەی ترسناکن کە بەدوای هەموو کردارێکی نوسینەوەن... ئەم ترسە قووڵە وادەکات بمەوێت سنووری پەیوەندی بە خوێنەرەوە بچوکبکەمەوە، تا بەو کارە مەودا و سنووری ئەو تێنەگەیشتنە کۆنترۆڵبکەم. پاز لە سەرەتای ئەو وتارەیدا کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، قسەیەکی سەرەنجڕاکێشی هێنری میشۆی شاعیر دەگێڕێتەوە . میشۆ لە گفتوگۆیەکدا بە پاز دەڵێت «من سەرەتا دوو سەد نوسخەم لە دیوانێکی بچوک چاپکرد، دواتر ئەو دوو سەد نوسخەیە بوو بە دوو هەزار، ئەمڕۆ نزیکی بیست هەزار چاپدەکەین. هەفتەی پێشوو بنکەیەکی بڵاوکردنەوە پێشنیاری بۆ کردم سەرجەمی کتێبەکانم لە زنجیرەیەکدا کە بۆ کۆ تیراژیان دەگاتە سەد هەزار دانە بڵاوبکەینەوە، من ڕەتمکردەوە، حەزم لێیە بگەڕێمەوە بۆ سەرەتا، بۆ دوو سەد نوسخەکە»، وەک پاز دەڵێت ئەم خولیایەی میشۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی مرۆڤ نەناسراو بیت باشترە لەوەی ناتەواو ناسراو بیت. کەم بخوێنرێتەوە و تێیبگەن باشترە لەوەی زۆر بخوێنرێتەوە و تێینەگەن. لای میشۆ ترس لە ناوبانگێک کە لەسەر تێنەگەیشتن دروستبووبێت بازدەداتە پێشی پێشەوە، هیچ بەختەوەرییەک لەوەدا نییە بنوسین و بناسرێین و تێمان نەگەن... دواجار بەختەوەری نوسەر نە لەوەدایە بۆ بوکەشوشەکان قسەبکات، نە لەوەشدایە قسەی خۆی لە بەر لۆژیک و نیگا و تێگەیشتنی بوکەشوشەکان بگۆڕێت... چونکە لەم سەردەمەدا مەترسییەکە هەر ئەوە نییە کە بوکەشوشەکان تێمان ناگەن، بەڵکو لەوەدایە کە بوکەشوشەکان دەتوانن ئەو وەهمە لە هەزاران نوسەردا سەوزبکەن، کە ئەگەر هاتوو بەجۆرێکی دیاریکراو بنوسن و قسەبکەن، تێیاندەگەن... ئەوەی بوکەشوشەکان بیرنەکردنەوەی خۆیان بەسەر بیرکردنەوەی ئێمەدا بسەپێنن مەترسییەکی هەمیشەییە. دواجار ڕەنگە زۆر ترسناک نەبێت سەردەمەکانی تر بەجۆرێکی تر بمانخوێننەوە، بەڵام زۆر ترسناکە خواستی نوسەر لە هیچ سەردەمێکدا نەگاتە جێ و بەتەواوەتی ببێت بە ژێر خواستی خوێنەرەوە... نوسەر دواجار کەسێکە کە قسەیەکی هەیە، کێشە نییە لەو قسەیە مانای تر بدۆزینەوە، بەڵام کێشەیەکی گەورەیە نیازی نوسەر هەمیشە و هەمیشە وەک شتێکی پەراوێزیی و بێمانا و دوورەدەست سەیربکەین... بەبڕوای من کێشەی تێگەیشتن، ئەو مۆتەکەیەیە کە لەگەڵ مێژووی نوسیندا سەریهەڵداوە و تا ئەبەد دەمێنێتەوە، نازانم ئاخۆ ستراتیژەکەی هێنری میشۆ «گەڕانەوە بۆ دوو سەد خوێنەری باش» دەتوانێت کێشەکە چارەسەربکات? ... دواجار من وادەبینم کێشەکە نە بەوجۆرەی مالارمێ چارەسەر دەبێت، کە تێگەیشتن نەکەینە کێشەی خۆمان، نە بەوجۆرەی جەیمس جۆیس کە تێگەیشتن وەها فراوانبکەین بە جۆرێک خوێنەر هەر مانایەک وەربگرێت، ئەوە ببێتە مانای نوسەر و یەکێک لە مەبەستە شاردراوەکانی ئەو . خوێنەر مافی خۆیەتی لە مندا ئەوە ببینێت کە ئەو دەیەوێت، بەڵام مافی نوسەریشە بیەوێت هەموو ڕێگایەک بگرێتە بەر ئەو مانایە بگەێنێت کە ئەو دەیەوێت، بەڵام بێئەوەی خیانەت لە قووڵایی گووتە و شێوازی گووتنەکەی بکات. نوسەر ئەو کەسەیە کە دەیەوێت هەمیشە خۆی بێت، بەو شێوەیەش خۆی بۆ جیهان ئاشکرابکات کە خۆی دەیەوێت، بەوجۆرەش تێیبگەین کە لە نوسینەکانیدا دەردەکەوێت، بەڵام ئەم داواکارییە خواستێکی مەحاڵە. بۆیە ترسی نوسەر لە خوێنەران ترسێکی ئەبەدییە، کە بەبڕوای من زۆر گەورەترە لەو ترسە دێرینەی کە خوێنەران لە نوسەرانیان هەیە، ئەوەی خوێنەر لە نوسەر تێنەگات، ئەو ئازارەی نییە کە نوسەرێک بزانێت، هەموو خوێنەرەکان و لە هەموو سەردەمەکاندا تێیناگەن... بۆیە گەر لە قووڵاییدا بڕوانین نوسین زۆر بە قووڵی بە نائومێدییەوە گرێدراوە... نائومێدییەک کە هەرگیز ناتوانین بیبەزێنین و بەبێ خیانەتکردن لە خود تێیپەڕێنین. خوێنەر گەر بوکەشوشەیەکی گەمژەیە یاخود بوونەوەرێکی نمونەیی و ئیدیال، هەمیشە کاری خۆی لەسەر یادکردن و فەرامۆشکردنی نوسەر بونیاددەنێت، کە دۆخێکە نوسەر تا سەر ئێسقان ئازار دەدات... بەجۆرێک زیادەڕەوی نییە گەر بڵێین، نوسین لە بنەڕەتدا گەڕانە بۆ پردێک کە پیایدا بەرەو لای ئەوانی دی بپەڕێینەوە، پردێک کە نوسەرانی ڕاستەقینە زۆر کەمتر دەتوانن دروستیبکەن لە نوسەرانێکی بێبەهرە کە شتگەلێکی وەها کەم و سادە و بێسەنگیان پێیە، نەوەک پرد هەواش بەسوکی لە مبەرەوە دەیانبات بۆ ئەوبەر



Monday, 29 August 2011

پەیوەندییەک له‌قەیراندا


لە مێژووی هەموو میللەتێک یان هەموو ناوچەیەکدا ساتی دۆزینەوەی گەورە هەیە، دۆزینەوەی شتێک کە بە قووڵی کار لە تەواوی جیهانبینی ئەو نەتەوەیە یان کۆی ئەو «دونیا کولتوورییە» دەکات، وادەکات خۆی و ئەوانیدیش بەجۆرێکی دیکە ببینێت. ڕۆمان نوسی نەمساوی «شتێڤان زڤایگ»، لە وتارێکیدا بە ناونیشانی «دراما لە هەزار شەو و یەک شەودا» سێ وێستگەی دۆزینەوەی گەورە لە مێژووی ئەوروپادا دەستنیشاندەکات . 1. ئەو ساتەی خۆرئاوا ڕابوردووی کۆنی خۆی، ڕابوردووە گریکییە دەوڵەمەند و لەبیرکراوەکەی خۆی لە ڕتنیسانسدا دەدۆزێتەوە.2. ئەوساتەی کە ئەمریکا لە پشت دەریا دوورەکانەوە دەبینرێت و ئەوروپا هەست بە بوونی سەرزەمینێکی نوێی گەورە دەکات.3. دۆزینەوەی خۆرهەڵات. کەوەک زڤایگ دەپرسێت، مرۆڤ هەرگیز تێناگات، بۆ شوێنێکی وەها نزیک و فەرهەنگێکی وەها دراوسێ بەخۆرئاوا بەوجۆرە درەنگ دەدۆزرێتەوە. دوای زیاتر لە 69 ساڵ بەسەر خۆکوژییەکەی شتێڤان زڤایگ لە بەرازیل، مرۆڤ بۆی هەیە بپرسێت: ئاخۆ بە ڕاست خۆرئاوا، بە هەمان ئەو پلەیە لە ڕوونی و ڕۆشنی کە ڕابوردووی گریکی و داهاتووی ئەمریکایی خۆی دۆزییەوە، خۆرهەڵاتی ناسی و دۆزییەوە. ئاخۆ ڕستە بەناوبانگەکەی ڕۆدیارد کێپڵینگ «خۆرهەڵات خۆرهەڵاتە و خۆرئاوا خۆرئاوایە و هەرگیز ناگەن بەیەک» تا ئەم ساتە تەواو دروست نییە?. لە ڕاستیدا ئەو گرفتە هەرە قووڵ و گەورانەی کە لە پرۆسەی دۆزینەوەی دونیاکانی تردا هەیە، شتێکە نابێت بە کەم بگیرێت... لێرەدا من نامەوێت لەسەر خودی پلەی ڕوون و ڕۆشنی دۆزینەوەکان قسەبکەم، هێندەی لەسەر« توانای دۆزینەوە » قسەدەکەم. بۆ ئەوەی شتێک بدۆزیتەوە، دوور و نزیکی لە شوێن و لە زەماندا مەرج یان ڕێگری سەرەکی نین، بەڵکو توانایەکی تر پێویستە، عەشقێکی تر پێویستە، کە توانای ئیشکردنە لەسەر خود، بەبێ کردنەوەی دەرگاکانی ئیشکردن لەسەر خۆت ئەستەمە بتوانیت ئەوانیدی بدۆزیتەوە. بەبڕوای من میللەتان و کولتوورەکان ئەو کاتە دەمرن کە توانای دۆزینەوەی ئەوانیدی لەدەستدەدەن. دۆزینەوە تەنیا لاسایکردنەوە نییە، تەنیا سەرسامبوون نییە، تەنیا تەفسیرکردنی ئەویدی نییە، بەڵکو کردنێتی بەبەشێک لە خۆت، بێئەوەی نە ئەو لە ناو تۆدا بتوێتەوە و نە تۆش ببیت بە ئەو، بێئەوەی نە ئەو تۆ داگیربکات، نە تۆ ئەو ، بێئەوەی نە تۆ ناخی خۆت بەتاڵبکەیتەوە و بیسڕیتەوە بۆئەوەی ئەو بچێتە ناوی، نە ئەو ناخی خۆی بۆ تۆ بەتاڵبکات و بیسڕێتەوە، بێئەوەی بەرهەمی ئەو ئەلتەرناتیڤی ئەوە بێت کە دەبێت تۆ بەرهەمیبهێنیت، بێئەوەی بەرهەمی تۆ ئەلتەرناتیڤی ئەوە بێت کە ئەو بەرهەمیدەهێنێت، دۆزینەوە نە نزیکبوونەوەیەکی کوشندەیە، نەدوورکەوتنەوەیەکی کوشندە، بەڵکۆ خۆکردنەوەیە بۆ کاریگەری ئەویدی، هەڵگرتنی تێروانینی گوماناویی و شەڕانگیزیی و حوکمی پێشداوەرانەیە، خوێندنەوەی ئەویدییە بێترس، بێ نەفرەتێکی پێشوەخت، بێ تەقدیسکردنی ئەو یان تەقدیسکردنی خۆت، واتە ئەو شتەی دەیدۆزیتەوە، چیتر وەک بابەتی دوور و داخراو، وەک شتێکی نامۆ نامێنێتەوە، بەڵام دۆزینەوە داگیرکردن نییە بەڵکو تەواو پێچەوانەی داگیرکردنە، کردەیەکە خاڵی لە نیازی توندوتیژیی. دۆزینەوە بەبڕوای من ئاستێکە لە پەیوەندی عەقڵی و ڕۆحی، هەوڵێکی گەورەیە بۆ دروستکردنی تونێلێکی درێژ و قووڵ و نهێنی کە دوو دونیا و دوو کۆمەڵگا و دوو فەزای کولتووری لە یەک دەدات و یەکێتییە ئینسانییە ناوەکییەکەمان دەپارێزێت. بۆ نمونە کولتووری خۆرئاوا تەنیا لەبەرئەوە گرنگ نییە کە کولتوورێکی دەوڵەمەندە و بەرهەمی زۆرە، بەڵکو لەبەرئەوەی دەتوانێت لە ناوەوەڕا پرۆسەیەکی بیرکردنەوەی ناوەکی لە مندا بجوڵێنێت، وەک چۆن گەر خۆرئاوا بەقووڵی لە خۆرهەڵات نزیکببێتەوە، دەبینێت ئەو نزیکییە پرۆسەیەکی بیرکردنەوەی ناوەکی لەودا دەجوڵێنێت. لەبەرئەوەی خۆرهەڵاتێکی خەوتوو لە ناخی خۆرئاوادایە دەبێت ببینرێت و بەخەبەربێت، لەبەرئەوەی خۆرئاوایەکی خەوتوو لە ناخی ئێمەدایە دەبێت ببینرێت و بەخەبەربێت
ئەم پرۆسەیە لەسەدەی نۆزدەدا باشتر و کەمێک بێگرێتر لە ئێستا دەچوو بەڕێوە، دیوانە خۆرهەڵات ـ خۆرئاواییەکەی گۆتە گەورەترین بەڵگەی ئەو لێکنزیکبوونەوە گەورەیەیە، گۆتە یەکێکە لەو ساتە کەمانەی ناو مێژوو کە خۆرئاوا بەراستی تێیدا هەوڵدەدات ، وەک «ئەدۆنیس» ناویدەنێت «خۆرهەڵاتە نهێنییەکەی» ناو خۆی بدۆزێتەوە. گۆتە لەوێدا بۆ حافزە خەوتووەکەی ناو ناخی خۆی دەگەڕێت. خۆی و حافز لەوێدا وەک دووانە ناودەبات و بە شێخی شیرازیی دەڵێت « عەشق و مەستی تۆ چۆنە . دەمەوێت شانازی و زیندەگی منیش وابێت». حافز لەساتێک لە ساتەکاندا کۆمەک بە گۆتە دەکات، شاعیرێکی تر، جیاواز لە گۆتەی ئەڵەمانی لە خۆیدا بدۆزێتەوە، گۆتە لەژێر کاریگەری حافزدا نابێتە حافز، بەڵکو دەبێتە گۆتەیەکی تر . فیکری خۆرئاواش لە ئاستێکی گەورەتر و بەرفراوانتردا بۆ ئێمە دەبێت هەمان کاریگەری هەبێت، دەبێت کۆمەکمانبکات سێرڤانتسە خەوتووەکانی ناو ئەم کولتوورە، رامبۆ و ڤان کوخ و باخ و مێندلسونەکان لە خەو هەستێنێت، کەسانێک کە ئەوان نین بەڵام هەمان توانای ئەوانیان هەیە... لەوە دەرچێت شتێکی ڕاستەقینە نییە ناوی دۆزینەوەی ئەویدیبێت، ئەویدی تەنیا لە قووڵایی ناخ و بیرکردنەوە و هەستی خۆتدا دەیدۆزیتەوە، لەوساتەدا دەیبینیت کە تیایدا هەستدەکەیت خۆشت بوویتە داهێنەر. «دۆزینەوە» ئەوەیە بەهەمان ڕێگای ئەویتردا بڕۆیت، بەڵام شتی تر ببینیت و چیرۆکی تر بگێڕیتەوە، دۆزینەوە ئەوەیە هەستبکەیت بەبێ ئەویدی ناگەیت بە خۆت. یەکێک لە گرنگییەکانی فیکری خۆرئاوا ئەوەیە دەتوانێت ئەو هەستەم تێدا دروستبکات کە ئەو کێشانەی لەوێدا دەبنە بابەتی قسەوباس بڕێکی کێشەی منیشە، ئەو هەستەم پێدەبەخشێت کە من دەتوانم لەو جێگایەدا کە ئەو دەوەستێت بەجۆرێکی تر دەستپێبکەمەوە. ئەو هەستەم دەداتێت کە بەشداربم، بەو ئاراستەیە بجوڵێم کە ئەو جوڵاوە، بۆئەوەی شتێکی دی بڵێم، بۆئەوەی بگەمە جێگایەکی دی کە ئەو لە جێگای خۆیەوە نایگاتێت
دۆزینەوەی ئەویدی، لەم سەردەمەدا تەنیا خۆناسین و خۆ دەوڵەمەندکردنی کولتووریی ناگرێتەوە، بەڵکو بەرپرسیارییەکی ئەخلاقییە. ئەم ئەستێرەیەی ئەمڕۆ، ئەستێرەکەی سەدەی هەژدە نییە کە جیهانەکان جودا و دوورییەکان گەورە و کاریگەرییەکان بچوکبن، ئەمڕۆ هەر پرسیارێکی گرنگ کە وەڵامەکەی کار لە هەموو مرۆڤایەتی بکات، نابێت بە تەنیا بۆ کولتوورێک بەجێبهێڵرێت، چونکە زوڵمێکی گەورەیە یەک کولتوور بەتەنیا ئەم ئەستێرەیە دروستبکات و چارەنوسی دیاریبکات. لێرەوە ناسینی ئەویدی پێویستە بۆئەوەی چارەنوسی هەموو شتەکان نەکەونە بندەستی یەک کولتوور. کێشەی گەورەی ئەمڕۆی ئەم ئەستێرەیە بەپلەی یەک کێشەی ژینگە نییە، بەڵکو کێشەی نەدۆزینەوەی یەکترە، یاخود لە ڕاستیدا کێشەی دۆزینەوەی فۆرمی گونجاوی پەیوەندی و یەکتر ناسینە. لە ساڵانی ڕابوردوودا پرۆسەی ڕاستەقینەی ناسینی خۆرهەڵات لە خۆرئاوا و ناسینی خۆرئاوا لە خۆرهەڵات نوشوستی گەورەی تووشهاتووە... ئەو بەریەککەوتنە تەکنۆلۆژیی و سیاسییەی بیست ساڵی رابوردوو، وایکردوە تێگەیشتن لە نێوان ئەم دونیایەدا قورستر بێت، لە خۆرئاوا تەنیا کەمینەیەکی زۆر بچوک بۆ «خۆرهەڵاتی داهێنەر» دەگەڕێن... گەر بشگەڕێن بۆ ئەو خۆرهەڵاتە داهێنەرە دەگەڕێن کە تەواو لەسەر یاسا و ڕێسای خۆرئاوایی داهێناندەکات.. خۆرئاوای ئەمڕۆ بۆ حافزێکی خۆرهەڵاتی ناگەڕێت لە خۆرهەڵات، بەڵکو بۆ «گۆتە»یەکی خۆرهەڵاتی دەگەڕێت، ئەوەش وادەکات مرۆڤ تەواو هەستبکات کە خۆرئاوا بەدوای دۆزینەوەی ئەویدییەوە نییە، بەڵکو بەدوای دۆزینەوەی وێنەکەی خۆیەتی لەدەرەوەی خۆرئاوا. حاڵی ئێمە لە خۆرهەڵاتیش بەدترە، یان بەجۆرێک لە خۆرئاوا نزیکدەبینەوە، لەبری ئەوەی خۆرئاوا کەرەستەیەکی خۆئازادکردن و خەیاڵ فراوانکردن بێت بۆ ئێمە، دەبێت بە ئەلتەرناتیڤی بیرکردنەوەی خۆمان، لەبری ئەوەی بەدوای خۆرئاوا نهێنییەکەی ناخی خۆماندا بگەڕێین، ئەو خۆرئاوا نهێنییە دەکوژین و دەکەوینە تەقدیسکردنی هەر کاڵایەک و هەر گووتارێک کە بەناوی خۆرئاواوە لە سنوور پەڕیبێتەوە، لە کاتێکدا خۆرئاوای ڕاستەقینە، خۆرئاوا مەزن و داهێنەرەکە تەنیا لە ناوەوە و لە ناو خۆماندا بەرهەمدێت، نەوەک لەدەرەوەی سنوورەوە، دۆزینەوەی ئەویدی تەنیا ئەوە نییە بزانین ئەو چی دروستکردوە، بەڵکو ئەوەیە بزانین ئەو چی لە ئێمەدا دروستکردوە و ئێمە لای خۆمان چیمان لەو دروستکردوە
بەبڕوای من تێگەیشتنی خۆرئاوا و خۆرهەڵات لە یەکتر، لە هەردووبەرەوە بۆئەوە دەچێت ببێتە جۆرە تێگەیشتنێکی کلاسیکی، هەردوولا بە پێوەری زۆر کۆن و تەقلیدی لەیەک دەڕوانن... هەدوولا یەکتریان ونکردوە و لەگەڵیشیدا بەشێکی گرنگی خۆیان ونکردوە. کێشەکە بەبڕوای من تەنیا لە کێشەی «ئۆرێنتالیزم ـ استشراق» و «ئۆکسیدێنتالیزم ـ استغراب» دا کۆتایی نایەت، بەڵکو لەوەدا تەواو دەبێت ئەم ئەستێرەیە بەتەواویی بکەوێتە بەر ڕەحمەتی خەیاڵی یەک کولتوور و یەک هێزی مەعریفی، کە نە ئەو ئەوانی دی دەناسێت و نە ئەوانی دیش ئەو دەناسن. بەبێ تێپەراندنی ئەو قەیرانەش ئەستەمە ئەم ئەستێرەیە ببێتە ماڵی هەموومان   

Wednesday, 24 August 2011

ناکۆتا


ناکۆتا، یەکێکە لە چەمکە کولتووری و فەلسەفی و زانستییە گرنگەکان. وەختە بڵێم کە هیچ چالاکییەکی گەورەی مرۆڤ نییە بەجۆرێک لە جۆرەکان بەم چەمکەوە گرێ نەدرێتەوە، واتە ئەم چەمکە جگە لەوەی چەمکێکی ماتماتیکییە، چەمکێکی دینیشە «خودا ناکۆتایە و ئێمە کۆتا» «ئەم دونیا کۆتایە و ئەو دونیا ناکۆتا»، بەڵام چەمکێکی فەلسەفی و ئەدەبی و شیعریشە. بە گشتی تەباییەکی گشتی لەسەر ئەوە هەیە، کە لە پشت شتەکانەوە ڕەهەندێکی دیکە هەیە کە توانای گرتنی زەحمەتە، تێگەیشتن و بینین و ناونانی نەکردەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەستێکی قووڵە و لەگەڵماندایە، دەزانین شتەکان لێرەوە دەستیان پێ نەکردوە و لێرەدا کۆتایی نایەن، دەزانین چ لە ناو خۆماندا و چ لە گەردوندا خاڵێکمان وەک خاڵی موتڵەقی دەستپێکردن و خاڵی موتڵەقی کۆتایی بۆ دەستیشان ناکرێت. باسکال لەسەرەتاوە پتر لە هەر کەسێکی تر تەعبیری لەم قەیرانە کردوە کاتێک دەڵێت «دوا هەنگاوی عەقڵ ئەوەیە، دان بەوەدا بنێت شتگەلێکی ناکۆتا هەن، کە لە توانای ئەو بەدەرن». لەو ڕستەیەدا گوزارەی «دوا هەنگاوی عەقڵ» گرنگە، وەک ئەوەی باسکال سنوورەکانی ناکۆتا بە سنوورەکانی عەقڵ بزانێت، ناکۆتا لەو جێگایەدا دەست پێدەکات کە تواناکانی عەقڵ دواییان دێت.. لەو شوێنەوە کە عەقڵ دوا سنووری چالاکی خۆی بڕیوە و گەیشتۆتە کۆتایی خۆی. کەوابێت ناکۆتا ئەو تەلیسمە ئەبەدییەیە کەدەکەوێتە دەرەوەی ئێمە، ئەو «شتگەلە» لە ژمارە نەهاتوو و نەگیراو و دوورانەیە کە بە عەقڵ ڕۆشن ناکرێنەوە.
ڕۆبەرت مۆزیل لە تێکستێکیدا بە ناوی «چەواشەبوونەکانی تۆرلێسی فێرکار» ـەوە بەوردی ئەو هەستەی لای پاڵەوانەکەی گواستۆتەوە، ئەو هەستە «ترسناکەی» کاتێک لە ناکاو خۆمان بەرامبەر ئەو قەوارە گەردونییە ترسناک و بێسنوورە دەبینینەوە و ڕوو بە ڕوو هەست بە بوونی ناکۆتا دەکەین، مۆزیل لەوەسفی دۆخی پاڵەوانەکەیدا دەنوسێت: «ناکۆتا، تۆرلێس ئەم وشەیەی لە وانەی ماتماتیکدا بیستبوو... لەوە بترازێت لە پشت ئەو وشەیەوە بۆ هیچی دی نەگەڕابوو. بەڵام ئێستا وەک گورزێکی لێوەشاندبێت دەیلەرزێنێت، هەستیدەکرد لەم وشەیەدا شتێکی ترسناک و پەشێوێن هەیە، شتێک کوشندەیە، کێوییە، لە تێگەیشتن هەڵدێت. بەڵام وەک بە کاری کەسێکی داهێنەر هێورکرابێتەوە وایە. کەچی ئێستا و لەناکاو ئەو شتە بەئاگا هاتۆتەوە و بۆتەوە شتێکی سامناک. لەوێ، لە ئاسمان، لەو دەلاقە بچوک و شین و بێئەندازە قووڵەدا کە لە نێوان هەورەکانەوە دەرکەوتووە، زیندوو بەسەر سەرییەوە وەستاوە و هەڕەشەی لێدەکات و پێی پێدەکەنێت». ئاخۆ ئەو ترسەی پاڵەوانەکەی موزیل، نیشانەی ترسی مرۆڤی مۆدێرنە لە ناکۆتا? نیشانەی ئەوە نییە کە مرۆڤی هاوچەرخ بیرکردنەوە لە ناکۆتا وەک بابەتێکی لەقێن و تێکدەر بۆ ئارامی ژینگە ڕۆحییەکانی خۆی تەماشادەکات. مرۆڤی مۆدێرن هێندەی سەر بەرزدەکاتەوە بۆئەوەی سەیری فڕۆکە فڕیوەکانی ئاسمان بکات، کەمتر سەربەرزدەکاتەوە بۆ ئەوەی سەیری ناکۆتا بکات... ناکۆتا بۆ ئەو ترسناکە، گاڵتەچییە، نادیارە، جێگای متمانە نییە.

بەڵام ناکۆتا تەنیا لەدەرەوە نییە، ناکۆتا لە ناویشەوەیە، ناکۆتا تەنیا ئاماژە نییە بۆ فۆرمێکی حیسابی کە تێیدا دەشێت ژمارەکان بێ سنوور درێژ ببنەوە، یان ئاماژە نییە بۆ گەردونێکی مەتریاڵی کە بێکۆتا دەڕوات و ناوەستێت، یان بۆ شەبەقێکی شین کە لە نێوان هەورەکانەوە دەردەکەوێت و تا هەتاهەتایە قووڵ دەبێتەوە. بەڵکو بەر لە هەر شتێک ئاماژەیە بۆ هەستێکی تایبەتی مرۆڤ. واتە دۆزینەوەی ناکۆتا، چەندە پرسیارێکی عەقڵی و ماتماتیکییە، دە هێندە پرسیارێکی ڕۆحی و ناوەکی و تایبەتە بە هەستی مرۆڤ بە بوونی شتێکی دوورتر و گەورەتر لەوەی کە ڕاستەوخۆ دەستی لێدەدات و تیا دەژی. مرۆڤ چەندە لە جیهانی مادییات و لە ساتە بچوک و چرکە ڕۆتینەکاندا نوقمبێت، لە ناکاو جارێک دەبێت ئەو هەستە ڕایچڵەکێنێت، کە جۆرە هەستێکی تایبەتە بە بوونی شتێکی دوورتر و قووڵتر و تاریکتر، شتێک کە ڕاستەوخۆ لە بەردەمیدا نییە و هەرگیزیش لەبەردەمیدا نابێت، بەڵام هەست بە بوونی دەکات. بوون و نەبوونی ئەم هەستە لەسەرەتاکانی سەدەی بیستدا دەبێتە بابەتی نامە گۆڕینەوەیەکی ناوداری نێوان ڕۆماننوس ڕۆمان ڕۆلان و سیگمۆند فرۆید ، کە فرۆید لە پێشەکی کتێبی «پەشێوەییەک لە شارستانییەت» دا دەیگوازێتەوە، ڕۆمان ڕۆلان لە نامەکەیدا بۆ فرۆید لەسەر کتێبی پێشووتری «پاشەڕۆژی وەهم» قسەدەکات و ڕەخنەی ئەوە لە فرۆید دەگرێت، کە لە تێڕوانینیدا بۆ پاشەڕۆژی دین، ئەو خاڵە جەوهەرییەی ڕەچاونەکردوە، کەسەرچاوەی هەموو هەستێکی دینییە، ئەویش هەستە بە ناکۆتا لە ناخی مرۆڤدا. ڕۆمان ڕۆلان ئەو هەستە بە «شتێکی بێسنوور، بێمەودا، ئۆقیانوسی» وەسفدەکات... شتێک بەبڕوای ئەو لە ملیۆنەها مرۆڤدا هەیە ، بەڵام هیچ پەیمانێکی نەمریی و مژدەیەکی بۆ ژیانی ئەبەدی لە خۆیدا هەڵ نەگرتووە، بەڵام هەستێکی وزەبەخشە بۆ هەموو هەستێکی دینی. فرۆید لە بەر دوو هۆ، کە بەبڕوای من هەردووکیان زۆر قەناعەتهێن نین، بۆچوونەکانی رۆمان ڕۆلانی قەبووڵ نییە، یەکەم هۆی ئەوەیە کە ئەو خۆی بە هیچ جۆرێک شێوە هەستێکی وەهای نییە و ڕەهەندێکی وا ئۆقیانوسی لە خۆیدا نادۆزێتەوە. دووەم، ئەگەر ئەو هەستە هەشبێت ئیشکردن لەسەری لە ڕووی زانستییەوە زەحمەتە. ئەوەی لەم تێڕوانینەی فرۆید دا جێگای قەبووڵ نییە، بە کەم گرتنێتی بۆ ئەو هەستە... ئەو هەستەی ڕۆمان ڕۆلان باسیدەکات، بەبڕوای من تەنیا سەرچاوەی دین نییە، بەڵکو سەرچاوەی زۆربەی تێفکرینی فەلسەفی و تێڕامانی ئەدەبیشە، نەوەک لە خۆرئاوا بەڵکو لەدەرەوەی خۆرئاواش. گەر لە ئەدەبیاتی مۆدێرن بڕوانین «گرتنی ناکۆتا، وەسفکردنی، شێوەڕێژکردنی» یەکێکە لە خولیا گەورەکانی ئەدەب. ڕەنگە لەم نێوکۆییەدا نۆڤالیس لە هەر کەس باشتر بێت بۆ ئەوەی قووڵایی ئەو هەستەمان نیشانبداتەوە، نۆڤالیس کە باوکی ڕۆمانسییەتی
ئەوروپی و داهێنەری ڕێبازی «ئایدیالیزمی جادووییە». تەواوی ڕێبازەکەی لەسەر ئەو هەستە بە ناکۆتا، لەدەرەوە و ناوەوە داڕشتووە. بەبڕوای نۆڤالیس مرۆڤ خۆی وێنەیەکی بچوکی گەردونی ناکۆتایە، لەبەرئەوە ناکۆتا بەشێکە لە مرۆڤ و لە ناخیدا نیشتەجێیە، ئایدیالیزمی جادووییش ئەوەیە ئەو ناکۆتاییەی ناوەوە لەگەڵ ناکۆتای دەرەوەدا بەجۆرێکی هارمۆنیانە پێکبگەنەوە، ئەو یەکێتییەش بدۆزرێتەوە کە لە نێوان مرۆڤ و کۆی گەردوندا ونبووە. پەیامی نۆڤالیس ئەوەبوو مرۆڤەکان لە ڕێگای دۆزینەوە و ژیاندنەوەی ناکۆتاکەی ناو ناخیانەوە لەگەڵ ئەو کۆ مەزنەی گەردوندا یەکبگرنەوە. هەتا لە یەکێک لە هەرە قەسیدە بە ناوبانگەکانیدا کە زۆرجار بە سەمبولی هەموو قۆناغی رۆمانسی دادەنرێت قەسیدەی «گوڵی شین»، گوڵ بەڕای زۆرێک لە راڤەکاران ڕەمزی یەکگرتنەوەیەکی گەردونی گەورەیە لە نێوان کۆتا و ناکۆتادا، لە نێوان مرۆڤی بچوک و گەردونی بێسنووردا، لە نێوان دونیای سوبێکت و دونیای ئۆبێکتدا. ناکۆتا لای نۆڤالیس لەوە دەردەچێت شتێکی دووری نەگیراو بێت، بەڵکو دەبێتە جۆرە هارمۆنییەتێکی ون کە مرۆڤ لە نێوان خۆی و جیهاندا دەیدۆزێتەوە. ئەم تێڕوانینەی نۆڤالیس زۆر دوور نییە لە خواستی سۆفییە خۆرهەڵاتییەکانی خۆشمانەوە، کە خواستی گەڕان بە دوای ناکۆتا و تواندنەوە لە ناویدا و هەڵگرتنی بەربەستەکان لە نێوان مرۆڤ و ئەودا دەبێتە خولیای سەرەکییان. بەڵام هەست بە ناکۆتا لە ئەدەبیاتی کوردیدا زۆر بەهێز نییە، «گۆران» تەنیا کەسێکە ئەو هەستە ئۆقیانوسییەی لە خۆیدا دۆزیوەتەوە و لە قەسیدەی «ئەوا دیسان لە گۆشەی نادیاری » دا وەسفیکردوە، لەوە بترازێت من خۆبەیانکردنێکی بەرزی دیکەی ئەدەبیم بەرچاونەکەوتووە.
گومان لەوەدا نییە کە شارستانی نوێ، ئەو هەستە بە ناکۆتا لە مرۆڤدا خامۆش و کزدەکات، هەتا دین لە جیهانی مۆدێرندا تادێت پتر لەوە دووردەکەوێتەوە، نزیکبوونەوە بێت لە ناکۆتا، وشەی خوداش لە ڕۆژگاری ئێمەدا «کە میتافۆری دینیانەی زاراوەی ناکۆتا یە» بووە بە زاراوەیەکی سیاسی و لەوە دەرچووە ئاماژەبێت بۆ جۆرە فیگەرێکی ناکۆتای گەردونی. وشەی خودا هێندەی وەک ئاماژە بۆ سەرۆکی نەبینراو و نائامادەی حیزبێکی سیاسی بەکاردەهێنرێت، لەوە کەوتووە زاراوەیەکی فەلسەفی و ڕۆحی بێت کە پرسیاری گرنگ لەگەڵ خۆیدا دەوروژێنێت. بەجۆرێک ئەمڕۆ ناکۆتا تەنیا وەک ساتی ڕاگوزەر، وەک هەڕەشەی ترسناکی دەلاقەیەکی شینی ئاسمانی لێمانەوە دەردەکەوێت. ئەمڕۆ لەگەڵ نوقمبوونی هەرچی زیاتری مرۆڤدا لە نێو کولتووری بازاڕدا، ناکۆتا دنامیکییەت و هێزی خۆی بەجۆرێکی بەربڵاو دۆڕاندوە. کورتکردنەوەی ژیان بۆ چەند فۆرمێک و خواستێک و ستایلێکی سادە، مرۆڤی بەقووڵی لەو ڕەهەندە گەردونییەی ژیان دابڕیوە و کردوێتی بە مەخلوقێکی دیل لە ئێستا و لێرەدا. مرۆڤ تادێت کەمتر قووڵایی خۆی بۆ ئەو هەستە ئۆقیانوسییە دوورە دەگەڕێت کە دەیبەستێتەوە بە ڕەهەندە نهێنی و نادیار و قووڵەکانی ناو خۆیەوە. گومان لەوەدا نییە کە سایکۆلۆژیا بە مانا بازاڕیی و ئیکلینیکییەکەی ڕۆڵێکی خراپی لە سادەکردنەوەی وێنەی مرۆڤدا بینیوە، هەندێجار مرۆڤ هەستدەکات کە چەمکی نەست «لاشعور» لە بری ئەوەی ئاماژەیەکی نوێ بێت بۆ ئەو ڕەهەندە ناکۆتایەی ناخمان، کەچی وەک گۆماوێکی تەنک سەیردەکرێت کە مرۆڤ لە ناویدا پیسی و پۆخڵی و خواستە نەویستەکانی خۆی فڕێدەدات... یەکێک لەو کارەساتانەی کە دەکرا مرۆڤ خۆی لێبپارێزێت ئەوەیە کە چەمکی خوێندنەوەی زانستی بۆ مرۆڤ و گەردون، بۆ ناخی تاکەکان و قووڵایی ئاسمان، نەبێت بە هۆکاری پچراندن و کوشتنی ئەو هەستە ئۆقیانوسییە یان ئەو خەونە نۆڤالیسییە، خەونی گەڕانی هەمیشەیی بۆ جۆرە هارمۆنییەتێکی قووڵ لەگەڵ ئەو ناکۆتا گەردونییەدا، نەبێت بە لەبیربردنەوەی ئەو پرسیارە گەورەیەی کە مرۆڤ دەبێت لە ناکۆتای بکات... بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆئەوەن کە مرۆڤ تادێت ئەو ڕەهەندە ئۆقیانوسییە لە ناخیدا دەمرێت... تادێت مۆدێلی رۆمان ڕۆلانی مرۆڤ دەکشێتە دواوە و مۆدێلی فرۆیدی جێگای دەگرێتەوە... بوونەوەرێک هەستی بە ناکۆتا نییە و لەو هەستەش تێناگات کە لەوانی دیکەدایە ... بوونەوەرێک کە ئۆقیانوسەکەی ناو ناخی خۆی ونکردوە. وەک ئەوەی چیتر ئەو پێناسە قەشەنگەی جوابران خەلیل جوبران بۆ مرۆڤایەتی نرخێکی نەمابێت، ئەو دەیگووت «مرۆڤایەتی ڕوبارێکی ڕوناکە، لە کۆتا وە بەرەو ناکۆتا دەڕژێت». بەڵام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئاسان دەتوانین بڵێین «مرۆڤایەتی ڕوبارێکی لێڵە کە لە کۆتاوە بەرەو کۆتا دەگەڕێتەوە».

Thursday, 18 August 2011

له‌جەنگی وێنە‌و واقیعدا "سێ نمونە"


چەند ساڵێک له‌مەوبەر له‌یەکێک له‌ناوچە سنورییەکانی کوردستان، کچێک بە ناوی دوعا-وە کوژرا، روداوەکە‌و پەرچەکردارەکانی دوای ئەو روداوە تائێستا له‌یادەوەری زۆربەماندا پارێزراون، کوشتنەکە جۆرە هیستریایەکی دەستەجەمعی تاقمێک له‌تیرۆریستەکانی ئەخلاق بوو، پێش کوشتنی دوعا، تیرۆریستەکانی ئەخلاق له‌کۆمەڵگای ئێمەدا سەدان‌و بگرە هەزاران کەسیان کوشتبوو، دوای کوشتنی دوعا‌و تائەمڕۆش تیرۆریستەکانی ئەخلاق هەمان کاردەکەن، بەڵام هیچیان وەک روداوی کوشتنی دوعا توڕەیی‌و ناڕەزایی کۆمەڵایەتی دروست نەکرد. لای من، پرسیاری ئەو کات‌و ئێستاشم ئەوەیە: ئاخۆ ئەو توڕەبوونە دەرهەق بە کوشتنی دوعا، نیشانەی زیندوبوونەی ویژدانی ئێمە بوو، یاخود نیشانەیەکی تری مردنی ویژدان بوو له‌کۆمەڵگای ئێمەدا.

روداوی کوشتنی دوعا ساتێکی رەمزی گرنگە له‌پێکهاتی کولتوری کۆمەڵایەتیماندا. کوشتنەکەی دوعا، دەکەوێتە پێش سەدان کوشتنەوە کە وەک کوشتنی دوعا ترسناک‌و ناشیرینن، دەکەوێتە دوای دەیان کوشتنی دیکەشەوە... ئەوەی وایکرد کوشتنی دوعا کاریگەر بێت، ئەو وێنانەبوو کە له‌ساتی کوشتنیدا گیران، قارەمانی سەرەکی روداوەکە ئەو وێنەگرەیە کە له‌ناو هیستریا‌و توڕەیی فانەتیکەکانی ئەخلاقدا وێنەی تاوانەکەی گرتووە. پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە: ئاخۆ ئەوەی ئێمە دەجوڵێنێت «خودی روداوەکەیە یان وێنەکانە؟». مێژوی ئێمە پڕە له‌ڕوداوی کوشتنی لەوجۆرە، کۆمەڵگای ئێمە پڕە له‌تیرۆریستی گەورەی ئەخلاق، کە بە ناو کۆمەڵگا‌و ژیاندا دەگەڕێن، بۆسەی جۆراوجۆر بۆ نێچیرەکانیان دادەنێن، بەلەزەتێکی نەخۆشانەوە خۆیان بە مۆرالیست‌و ئەوانی تر وەک بێئەخلاق وێنادەکەن. تیرۆریستەکانی ئەخلاق له‌هەموو جێگایەکن، له‌هەموو ماڵێکدان... بەڵام هیچمان تیا دروست ناکەن، لەگەڵماندا دەژین‌و خۆیان بە پارێزەری ئەخلاق دەناسێنن، ئەوەی تاوانبارەکانی دی بە بەرد یان گولله ‌دەیکەن، هەندێکیان بەقسە‌و نوکتە‌و نوسین‌و توانج دەیکەن، بەشێکی پێکهێن‌و گرنگی دونیای ئێمەن... ویژدانی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و ئەدەبیمان کێشەیەکی زۆر گەورەی لەگەڵیاندا نییە، بە پێچەوانەوە هەتا بەجۆرێکی بەربڵاو دیوە نەرم‌و ناسکەکەی ئەم تیرۆرە ئەخلاقییە لای هەمووانەوە قەبوڵدەکرێت‌و دووبارەدەکرێتەوە‌و پشتگیری لێدەکرێت. ساتی کوشتنی دوعا، ساتێکی راچڵەکانی ویژدان نەبوو، ساتێکی هوشیاربوونەوە نەبوو بەرامبەر واقیع، بەڵکو ساتێکە تێیدا وێنە‌و کاریگەرییەکانی له‌کولتوری ئێمەدا سەربەخۆییەکی گەورە له‌سەرچاوە واقیعییەکەی وەردەگرن. ئەوەی خەڵکی توڕەکرد وێنەکان بوون، نەوەک ئەو تیرۆرە ئەخلاقییەی کە دوای کوشتنەکەش هەر له‌جێگای خۆیەتی‌و بێ هیچ رەخنەیەکی جیدی، بێ هیچ روبەڕوبوونەوەیەکی چالاکانە، له‌هەموو لایەکەوە، لەلایەن زۆرینەوە، بەشێوەی جۆراوجۆر، بەزمانی جۆراوجۆر دووبارەدەکرێتەوە. واتە ئەو هەژانە ویژدانییە، ئەو هەڵچوونە عاتیفییەی کە دوای کوشتنی دوعا هەموولایەکی گرتەوە، قەت نەبووە هەژانێکی ویژدانی‌و توڕەبوونێک له‌کولتوری ئەخلاقی ئێمە... دونیای وێنەکان وەک ئاماژەیەکی جیا‌و دابڕاو بۆ تاوانێک، نەبوو بە کەرەستەی راچەنینێکی ئەخلاقی له‌واقیعدا، توڕەیی دەرهەق بە تاوانبارانی وێنەکە، قەت نەبووە توڕەیی دژ بە تاوانبارانی هاوشێوەیان له‌واقیعدا. ئەوەی ئێمەی هەژاند، تاوانی ناو وێنەکە بوو، نەوەک خودی تاوانەکە... هەموو تاوانێک دەبێت ببێت بە وێنە، گەر نەبێت بە وێنە‌و نەچێتە سەر فۆتۆ‌و نەبێتە ڤیدیۆ‌و له‌میدیاکان‌و ئینتەرنێتدا دانەبەزێت، تاوان نین، ویژدانی کۆمەڵایەتی‌و ئەدەبی‌و ئەخلاقیمان ناجوڵێنن. ئەوەی هەژان دروستدەکات وێنەیە نەوەک واقیع... ئەوە ئەو ساتەیە کە ژمارەیەکی زۆر گرنگ له‌فەیلەسوفانی هاوچەرخ ئاماژەی پێدەدەن‌و ئاگادارماندەکەنەوە، ساتی هەرەسهێنانی واقیع‌و باڵادەستبوونی وێنە. ئەو ساتەی تێیدا «دونیای وێنە» دەبێتە هێزێکی سەربەخۆ‌و تایبەت، دەبێتە دونیایەک تێکشکێن بۆ هەستی واقیعیمان‌و بەجۆرێک لەجۆرەکان ژیانی راستەقینەمان لەبیردەباتەوە. لەو فەیلەسوفانەی بەچڕی کاریان لەسەر جیابوونەوەی نێوان دونیای وێنە‌و واقیعدا کردوە‌و ئەم جیابوونەوەیە بە سیفەتی سەرەکی سەردەمی میدیا‌و دیگیتاڵ دەزانن، کەسانی وەک «ولیام فلوسەر، ژان بۆدریار، پۆل ڤیرلیۆ»ن کە له‌جێگایەکی دیدا دەگەڕێمەوە سەریان.
گەر کوشتنی دوعا نەبووایە بە وێنە، کاریگەریی واقیعی روداوەکە وەک هەزاران روداوی تر تێدەپەڕیی‌و هیچی دروست نەدەکرد... توڕەبوونی کۆمەڵایەتی ئێمە دەرهەق بە کوشتنی دوعا، نیشانەی هوشیاربوونەوەی ئەخلاقی ئێمە نییە، بەڵکو ساتی درزبردنێکی قووڵی ئەخلاقە... ساتێکە تاوانەکان چیتر خۆیان نامانهەژێنن، بەڵکو وێنەکانی دەمانهەژێنن، ناتوانین لەگەڵ تاوانبارانی ناو وێنەکاندا هەڵبکەین، بەڵام دەتوانین لەگەڵ تاوانبارە راستەقینەکانی تردا له‌واقیعدا بێ کێشەو گرفتێکی گەورە بژین. لێرەدا پەرچەکرداری ئێمە بەرامبەر ئەوەی له‌وێنەدا دەیبینین جۆرە پەرچەکردارێکی جیاوازترە لەوەی له‌واقیعدا دەیبینین، لێرەدا مۆرالیستەکانی وێنە له‌مۆرالیستەکانی واقیع دەترازێن‌و دەبنە شتێکی تر. لەساتی کوشتنی دوعادا تاوانباران هێشتا بکوژی واقیعین، بەڵام مۆرالیستەکانی، مۆرالیستی سەردەمی دیگیتاڵن، کۆمەڵێک مۆرالیستن پێویستیان بە دۆکیۆمێنت‌و بەڵگەی وێنەدار هەیە بۆ ئەوەی هەستی ئەخلاقییان بجوڵێت، توڕەبوونیشیان له‌سنوری توڕەبوونی ناو میدیا تێناپەڕێت... ئەو ساتە ساتی دابڕانێکی قووڵە له‌نێوان وێنە‌و واقیعدا، ساتێکە تێیدا وێنە دەتوانێت وەک یەکەیەکی سەربەخۆ، وەک واقیعێکی دووەم، وەک شوێنێکی دابڕاو کە بە هۆیەوە مرۆڤ واقیع له‌بیردەکات بێتەمەیدان... له‌ڕوداوی کوشتنی دوعادا ئەو راستییە ترسناکە دەدۆزینەوە ئەوەی له‌وێنەدا نەبێت له‌ویژدانیشدا نییە، لێرەوە کاریگەریی ئەنفالەکان لەسەر ئێمە «ژنان‌و پیاوانی سەردەمی باڵادەستی وێنە‌و میدیا» تابڵێی بچوکە، چونکە وێنەمان لەسەر ئەنفالەکان نییە. کوشتنی مرۆڤێک له‌وێنەدا ئێستا زۆر کاریگەرترە له‌کوشتنی میللەتێک له‌واقیعدا...
ئەوە دیوە ترسناکەکەی سەردەمی باڵادەستی وێنەیە کە ویژدانی واقیعی ئینسان دەمرێت‌و ویژدانێکی دەستکرد دروستدەبێت کە تەنیا له‌ژێر کاریگەریی وێنەدا هەڵوێست وەردەگرێت، کاریگەریی وێنە دەیجوڵێنێت نەوەک کاریگەریی تاوان. گەر تەماشابکەین تاوانێکی وەک هۆلۆکۆستیش تاوانێکە «بێ- وێنە»، واتە ژمارەیەکی زۆر ناچیز‌و کەم دۆکیۆمێنتی وێنەییمان دەربارەی هۆلۆکۆست لەبەردەمدایە، بەڵام له‌چەند ساڵی رابووردودا جووەکان لەو راستییە تێگەیشتن، ئەوەی له‌وێنەدا نەبێت له‌ویژدانیشدا نییە، لەبەرئەوە ئێستا بێشومار فیلمی گەورە لەسەر هۆلۆکۆست دروستدەکرێت. هۆلۆکۆستیش خۆی بۆ خۆی چیتر کاریگەریی دروست ناکات، بەڵکو پێویستی بەوەیە له‌وێنەبنرێت... ئەوەی له‌وێنە نەنرابێت، وەک ئەوەیە نەبووبێت‌و روی نەدابێت.
*******
کەدوای حەڤدەی شوبات گەڕامەوە بۆ کوردستان‌و چوومە مەیدانی ئازادی، شتێک لەساتی یەکەمەوە سەرسامیکردم ئەو ژمارە زۆرەی کامێرابوو کە له‌مەیدانەکەدا بوو، له‌مەیدانەکەدا کردەی وێنەگرتن‌و کردەی شۆڕش بەجۆرێکی دراماتیکی تێکەڵ بە یەک بووبوون. هەموو لەوێ کامێرایان پێ بوو، هەموو لەوێ وێنەیان دەگرت، هەموو چاوەڕوانی دیمەن‌و نیگارێکی ناوازەبوون. بەجۆرێک ئەو پرسیارە دروستدەبوو خەڵک لێرەن بۆ ئەوەی شۆڕش بکەن یان وێنەبگرن. ئەوانەی لەوێ بوون وێنەگربوون یان شۆڕشگێڕ یان هەردووکیان؟... ئاخۆ چۆن دەکرێت لەویادا پەیوەندی نێوان وێنە‌و شۆڕش بخوێنینەوە. ئەوەی روداوی حەڤدەی شوبات له‌ڕوداوەکانی تر جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە روداوێکی وێنەییە، گەورەیی روداوەکە لەسەر ویژدانی سیاسی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی روداوێکە له‌سەرەتاوە تا کۆتایی‌و له‌زۆر گۆشەوە وێنەی گیراوە. پێشتر له‌مێژووی ئێمەدا روداوێکی تری وا گەورە نییە کە تەواو بە جۆرێکی فرەلایەنە‌و له‌هەموو دوری‌و نزیکییەکانەوە‌و سات بەسات وێنەی گیرابێت. تاوانبارەکان دیارن، جوڵە‌و هاتوچۆ‌و ئاماژەکانیان ئاسان دەخوێنرێتەوە، قوربانییەکانیش دیارن، قوربانییەکان بە ژمارە زۆرن، بەڵام تەنیا ئەوانە کاریگەرییەکی راستەقینە لەسەر ویژدانی سیاسیمان جێدەهێڵن کە وێنەگرەکان فریاکەوتوون‌و گرتوویانن... لەساتی یەکەمەوە ئەو هەستە دروستدەبێت کە ئەوەی کامێرا نەیگرێت، روی نەداوە.. ئەوەی وێنەکەی له‌ئینتەرنێتدا نەبێت، له‌مێژوشدا نییە، له‌ویژدانی خەڵکیشدا نییە، له‌یادەوەریشدا هەڵناگیرێت. له‌ساتی یەکەمەوە کردەی وێنەگرتن رەهەندێکی شۆڕشگێڕانە وەردەگرێت، لێرەشدا هەمان یاسای پێشو ئیشدەکات، کە له‌کوشتنی دوعادا بینیمان، ئەوەی وێنەی نەگیرابێت نەبووە، تەنیا ئەو شتانە رودەدەن‌و دەبن بە فاکتەری کاریگەر کە دەبن بە وێنە. ئەوە هەڵبەت بەرەو دەرەنجامێکی تراژیدیمان دەبات، گەر کامێرا نەبێت شۆڕشیش نییە، واتە خودی روداوە واقیعییەکان ئەو هێز‌و دینامیکییەتە لەدەستدەدەن کە خۆ بەخۆ ببن بە روداوی مێژویی گەورە‌و گرنگ، هەموو روداوەکان وەک روداوێکی گەمارۆدراو‌و سنوردار له‌شوێن‌و کاتدا دەمێننەوە، هەموو رەهەندێکی مێژویی‌و یۆنیفرساڵی وندەکەن گەر نەبن بە وێنە. لێرەدا من تێبینییەکی تایبەتیم لادروستدەبێت «ئەوەش ناشارمەوە کە له‌ژێر کاریگەریی خوێندنەوەی فەیلەسوفێکی وەک بۆدریاردا ئەوەم لادروستدەبێت». تەواوی حاڵەتەکە وادەبینم وەک ئەوەی ئەو کامێرا مێژوییەی کە له‌باڵاوە روداوەکان وەک یەک یەکە دەگرێت، وەک زنجیرەیەکی نەپچڕاو مانا‌و لۆژیکیان پێدەبەخشێت. ئەو کامێرا گەورەیە کە لەسەردەمانی پێشوودا بێ هیچ وێنەیەک هەستی مێژویی خوڵقاندوە، شۆڕشی دروستکردوە، لێرەدا ورددەبێتەوە‌و دابەشدەبێت‌و دەبێت بە ژمارەیەکی زۆر له‌کامێرا، وەردەگەڕێتە سەر بێشومار وێنە، له‌ڕوداوێکی مێژویی یەکانگیرەوە کە مانای خۆی له‌ڕەوتێک‌و وێنەیەکی پانۆرامی گشتییەوە وەردەگرێت، دادەبەزێتە سەر کۆمەڵێک دیمەن، یان وەک فۆتۆگرافەکانی لای خۆمان دەڵێن دادەبەزێتە سەر کۆمەڵێک «لەقتە». لێرەدا کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە وێنە، واقیعێکی دووەمی پارچەپارچەمان بۆ دروستدەکات کە تێیدا جەوهەری شتەکان‌و روداوەکان دەکشێنە دواوە‌و شوێنێکی لاوەکی وەردەگرن، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە کە شەهادەتی وێنەگر شوێنی شەهادەتی مێژویی دەگرێتەوە‌و فۆتۆگرافەر شوێن بە هەموو جۆرە شاهیدەکانی تر لەقدەکات. واتە لەو جێگایەدا کە کامێرا‌و تەلەفزیۆن نەمان، شۆڕش دەمرێت. لەم کولتورە نوێیەدا شۆڕشگێڕ ئەوە نییە کە بیردەکاتەوە، کە له‌پشتەوە لەسەر بونیادەکان ئیشدەکات، میتۆدەکان نوێدەکاتەوە، گۆشەنیگای تازە دەخوڵقێنێت، بەڵکو ئەوەیە کە له‌وێنەکاندا دەردەکەوێت، ئەوەیە کە تەلەفزیۆنەکان وەک شۆڕشگێڕ پێشکەشیدەکەن. واتە بەمانایەک له‌ماناکان، کامێرامان‌و فۆتۆگرافەکان مێژوی شۆڕش دەنوسنەوە، کە حەتمەن مێژویەکی تەریب‌و دووهەمە‌و پەیوەندییەکی وردی بە مێژوی واقیعییەوە نییە. ترسناکترین دەرەنجامی ئەم دیاردەیەش ئەوەیە، شۆڕش لەوە دەکەوێت دەستبردنێکی قووڵ بێت بۆ ستراکتوری واقیعی یەکەم، واتە واقیعی کۆمەڵایەتی‌و مێژویی‌و دەبێت بە ئامادەبوون له‌واقیعی دووەمدا، کە واقیعێکی فۆتۆگرافی‌و تەلەفزیۆنی‌و ڤیدیۆییە. لێرەدا کامێرا تەنیا توانای دەستبردن بۆ قووڵایی واقیعی مێژویی لاواز ناکات، بەڵکو توانای بەرهەمهێنانی ژمارەیەک زۆر شۆڕشی وەهمی‌و شۆڕشگێڕیی وەهمیش دەسازێنێت. بە هۆی ئەم واقیعە تازەیەوە وەهمێکی ترسناک سەرهەڵدەدات کە بەڕاستی پێویستی بەچارەسەر هەیە، شۆڕش لەواقیعی دووهەمدا «واقیعی وێنەیی» دەبێتە ئەلتەرناتیڤی شۆڕش له‌واقیعی کۆمەڵایەتی‌و مێژوییدا. مرۆڤ شۆڕش ناکات بۆئەوەی جیهان بگۆڕێت، بەڵکو بۆئەوەی شۆڕشگێڕیی خۆی له‌وێنەکاندا ببینێتەوە.
********
ئەو سیاسییەی فەرمانی سوتاندنی کەناڵی تەلەفزیۆنی نالیای دەرکرد، هەر کەسێک بێت، بەجۆرێک لەجۆرەکان دەچێتە ناو مێژوی کولتوری کوردییەوە. ئەوە یەکەمین سیاسی کوردە له‌بری ئەوەی راستەوخۆ له‌ڕوداوەکان بترسێت، له‌وێنەی روداوەکان ترساوە، لەبری ئەوەی له‌بکەری روداوەکان بترسێت، له‌وێنەکانیان سڵیکردۆتەوە. ئەوە یەکەمجارە وێنەی شۆڕشگێڕ له‌خودی شۆڕشگێڕ خەتەرتر بێت، شۆڕشگێڕ خۆی بەسەلامەتی بسوڕێتەوە، بەڵام وێنەکانی‌و ئەو ئامێرانەی وێنەکانی پەخشدەکەن بسوتێنرێن. لای ئەم سیاسییە شۆڕش له‌واقیعی یەکەمدا «له‌مەیدانی ئازادی»، بە ئەندازەی شۆڕش له‌واقیعی دووەمدا «واقیعی میدیا‌و وێنە» گرنگ نییە. ئەم سیاسییەش له‌هەمان بازنەی ئەو کولتورە نوێیەدا دەسوڕێتەوە، لەبری ئیشکردن لەسەر واقیعی یەکەم، زەمین‌و زەمانێکی دووەمی دۆزیوەتەوە کە ئیشی لەسەر دەکات، کە واقیعی وێنەیی دووهەمە، پەلاماردانی میدیا دەبێتە جێگری پەلاماردانی واقیع. لەبری ئەوەی دەست بۆ کێشە سیاسی‌و مێژوییە راستەقینەکان بەرێت، راستەوخۆ دەست بۆ واقیعی دووهەم دەبات، بۆ تێکشکاندنی ئەو وێنانەی له‌وێدا لەسەر ئەو بڵاودەبنەوە. ئەویش بەو کردارەی خەرەندی نێوان واقیع‌و وێنەکانی پلەیەک قووڵتر دەکاتەوە، بەوە ئەو دابەشبوونە زیاتر دەسەلمێنێت کە لەسەر جیابوونەوەی واقیع‌و وێنە یان هەقیقەت‌و وێنە دامەزراوە. له‌هەموو ئەم دۆخانەشدا یەک پەیام بە ئێمە دەگات کە قورسایی واقیعی راستەقینە تادێت لەبەردەم هێزی وێنەدا پاشەکشە دەکات. ئەوەی مرۆڤ دەجوڵێنێت‌و دەیخاتە سەر ئارەزووی کردار، ئەو روداوانە نین کە له‌واقیعدا رودەدەن، بەڵکو ئەو روداوانەن کە دەبن بە وێنە‌و وێنە دەیانڕازێنێتەوە‌و وێنە مانایان دەداتێ‌و وێنە دەیانگوازێتەوە. ئێستا بە هەر لایەکدا بڕۆین، کەم‌و زۆر هێزی واقیعییانەی مرۆڤ‌و کاریگەریی راستەوخۆی ژیان بەبێ تێپەڕین بە میدۆمی وێنەدا بەرەو مردن‌و لاوازیی دەڕوات. ئاخۆ ئەوە سەرەتای سەردەمی له‌ناوچوونی شتە کۆنکرێت‌و مەتریالییەکانە بەرەو سەردەمی ناشت‌و نیگاری روت، یان سەردەمی هەرەسی کولتوری نوسینە لەبەردەم کولتوری وێنەدا «وەک ولیام فلوسەر دەڵێت»؟ ... هەوڵدەدەم له‌بۆنەیەکی تردا وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە.

Friday, 12 August 2011

ئەخلاق له‌کوێوە هەڵدەقوڵێت؟



له‌کتێبی «کرچوکاڵی خراپە»دا کە راپۆرتێکی درێژی هانا ئارێنتە دەربارەی دادگاییەکەی تاوانباری گەورەی نازی «ئایشمان» له‌ئۆرشەلیم، بڕگەیەکی گرنگ هەیە کە بەجۆرێک له‌جۆرەکان دەمانخاتەوە بەردەم پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان ئەخلاق‌و سیاسەتەوە. هانا ئارێنت دەنوسێت : «... بەوەدا بەر له‌هاتنی هیتلەر کۆمەڵگای جێگر‌و شیرازەدار بەجۆرێک له‌جۆرەکان هەرەسیهێنابوو، یاسا بنەڕەتییەکانی ئەخلاق بۆ پەیوەندی کۆمەڵایەتی، هەروەها فەرمانی مەسیحییەت «کەس مەکوژە» له‌ڕوی پراکتیکییەوە له‌نێوچوبوون‌و نەمابوون. ئەو کەمایەتییە بچوکەی تا ئەوکات دەیویست چاکە له‌خراپە جیابکاتەوە، تەنیا دەبوو پشت بەتوانای حوکمدانی خۆیان ببەستن، چیتر له‌کاتی روبەڕوبوونەوە لەگەڵ هەڵوێستەکاندا، یاسایەک له‌گۆڕێ نەبوو بگەڕێنەوە سەری، لەبەرئەوە دەبایە خۆ بەخۆ بڕیاربدەن».

ئەم ساتەی هانا ئارێنت باسیدەکات، ساتێکی سەختە، تەواوی ئەو مۆراڵەی وا له‌مرۆڤ دەکات ئەوی دی نەکوژێت، له‌نێوچووە. مرۆڤ خۆی بڕیاردەدات ئاخۆ ئەویدی بکوژێت یاخود نا، چیتر یاسایەک‌و خودایەک نییە دەستیبگرێت، لێرەوە جگە له‌خۆی‌و بڕیاری خۆی هیچ له‌مەیداندا نییە. پرسیارێک لێرەدا بیکەین ئاخۆ گەڕانەوە بۆ ویژدانی مرۆڤ، بۆ حوکمی تایبەتی ئەو، بۆ مۆراڵی شەخسی، دەتوانێت رێگا له‌کوشتن بگرێت. ئەم ساتەی هانا ئارێنت باسی دەکات دەمانخاتەوە سەر پرسیار دەربارەی جەوهەری ئەخلاق. ئاخۆ مرۆڤ، ئەخلاق لەدەرەوە وەردەگرێت، یان شتێکە له‌ناویدا. ئاخۆ مرۆڤ بێ هیچ یاسا‌و ئایدۆلۆژیا‌و خودایەک دەتوانێت بە ئەخلاق بێت؟ هەڵبەت وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بەبڕینی رێگایەکی درێژ له‌فەلسەفەدا هەیە، مرۆڤ دەتوانێت له‌وەڵامە پۆزەتیڤەکەی کانتەوە دەستپێبکات، کە له‌چەمکی «کاتاگۆریشە ئیمپریاتیڤ»دا دایڕشتووە‌و بڵێ بەڵێ چۆن سروشت بەپێی یاسای نەنوسراوی خۆی کاردەکات، یاسا بنەڕەتییەکانی ئەخلاقیش ریشەیان له‌سروشتی مرۆڤدایە‌و وەک کۆمەڵێک فۆرمی لۆژیکی لەناو مرۆڤدا تۆمارکراون‌و مرۆڤ بوونەوەرێکە بە گەڕانەوە بۆ خۆی‌و ئەزموونی خۆی، دەتوانێت بە ئەخلاق بێت. هەڵبەت ئەم بۆچونە تەواو جیاوازە لەو بۆچونەی کە دەڵێت «مرۆڤ گورگە بۆ برای خۆی»، وە باوەڕی وایە جەوهەری پەیوەندی مرۆڤ بە مرۆڤەوە لەسەر رکەبەری، ململانێ، پێکدادان دروستبووە. لێرەدا دەمەوێت له‌ڕوانگەی فەیلەسوفێکی گرنگی سەدەی بیستەوە «ئەمانۆئێل لیڤیناس» ئەم کێشەیە بخەمەوەڕو، کێشەی ئەو ساتەوەختەی کە ئەخلاق بە مانای «ئەمر‌و نەهی» بوونی نامێنێت‌و ئەخلاق بە مانای تایبەتی، وەک ئەخلاقی من‌و بڕیاری من لەدەرەوەی هەر پرەنسیپێکی پێشوەخت سەرهەڵدەدات. لای لیڤیناس ئەخلاق له‌خودی ئەو ساتەوەختەوە سەر هەڵده‌دات کە مرۆڤ «روبەڕو» بەرابەر یەک دەوەستێت. چەمکی «ڕو بە رو» لای لیڤیناس مانایەکی گرنگی هەیە، چونکە زاراوەی «رو بە رو» ئاماژەیە بۆ دۆخێک کە دوو مرۆڤ بێ هیچ زانیارییەک دەربارەی یەک بەرامبەر یەک دەوەستن، ساتێکە تێیدا «من» بەر «ئەویدی» دەکەوێت... رو بە رو مانای دەرککردنی من بە «ئەویدی» وەک شتێکی جیاواز، وەک بێگانە، وەک تەنێکی نامۆ کە شتێکی هاوبەشم لەگەڵیدا نییە، وەک جیاوازییەکی رەها، وەک ئەویدییەک کە من نییە‌و نابێت بە من. لای لیڤیناس ئەوەی وادەکات مێژوی خۆرئاوا بە هەڵەدا بڕوات، ئەوەیە لەم ساتی روبەڕوبوونەوە لەگەڵ «ئەویدی»یە دا، بەردەوام بۆ هاوبەش دەگەڕێت، مەرجی یەکترناسین دەکات بە پرەنسیپی جیاکردنەوەی باش له‌خراپ، بەپێی مۆراڵی فەلسەفەی خۆرئاوا، من دەبێت ئەویدی بناسم، دەبێت قسەی لەگەڵ بکەم، دەبێت بزانم چییە، چۆن بیردەکاتەوە، شتی هاوبەش بدۆزینەوە، دیالۆگ دابمەزرێنین... بەم پێیە پرەنسیپی پەیوەندییەکە لەسەر ئەوە دروستبووە کە من‌و ئەویدی روبەڕو شتێک بگۆڕینەوە، پردێک دروستبکەین، بزانین شتی هاوبەشمان هەیە، تەواو جیاوازنین، ئەو نزیکییەش دەبێت بە بناغەی لێکنزیکبوونەوەمان‌و کۆمەکماندەکات تا چەند پرەنسیپێکی ئەخلاقی بۆ پێکەوەژیانمان دابنێین. لیڤیناس زۆر توند ئەمجۆرە تێگەیشتنە رەخنەدەکات، کە لەڕاستیشدا تێزە هەرە سەرەکییەکەی ناو فیکری خۆرئاواشە، ئەو تێزەیەی کە بناغەی پەیوەندی نێوان خۆرئاوا‌و دەرەوەی داڕشتووە. لای لیڤیناس جەوهەری ئەخلاق ئەوە نییە کە تۆ ئەویدی بخەیتە نێوقاڵبی خۆتەوە، بەپێی پێوەرەکانی خۆت بیپێویت، دورو نزیکی له‌خۆت دەستنیشانبکەیت، ئەوسا قەبوڵ یان رەتیبکەیتەوە. بەبڕوای ئەو، بنەمای ئەخلاقی دروست ئەوە نییە کە ئەویدی رابکێشین بۆ لای خۆمان، بیخەینە ناو سیستمی تێڕوانینی خۆمانەوە، بەڵکو دەبێت ئەویدی، وەک جیاوازییەکی رەها، وەک بوونەوەرێکی تەواو جودا له‌من وەربگرین. لای ئەو ئەخلاق لەسەر شتی هاوبەش دانامەزرێت، بەڵکو لەسەر جیابوونەوە‌و ترازان دروستدەبێت. ئەخلاق هەڵوێست وەرگرتنە بەرامبەر بە شتێکی نامۆ‌و غەریب کە له‌مندا ناتوێتەوە، نابێت ئەویدی له‌مندا بتوێتەوە، نابێت لەسەر رۆشنایی حوکمەکانی من‌و وێنەسازی مندا شوناسی بدرێتێ، هەر لێرەشەوەیە کە لای لیڤیناس «بە یەک نامۆبوون» مەرجێکی گرنگی ئازادییە. کەسی نامۆ کەسێکی ئازادە، چونکە هێشتا من بە پێناسە‌و وێنەسازی خۆم نەمبەستۆتەوە، نەمخستۆتە ناو پێوەرەکانمەوە، ئەویدی بۆئەوەی وەک ئەویدی بمێنێتەوە، دەبێت ئازادبێت، بۆئەوەی ئازادیش بێت دەبێت له‌مندا نەتوێتەوە، کورت نەبێتەوە بۆ ئەوەی من دەمەوێت، واتە بە غەریبی بەرامبەرم بوەستێت‌و من دان بە غەریبیدا بنێم‌و بزانم کە بوونەوەرێکە رادیکال جیاوازە له‌من.
بە کورتی لەو ساتەدا کە دوو مرۆڤ رو بە رو بەرامبەر یەک دەوەستن، هەتا گەر ئەو دوو کەسە وەک ئارێنت دەڵێت کەسی سەر بە دونیایەک بن کە تێیدا یاساکانی ئەخلاق‌و ئەمرو نەهییەکانی دین پەکیان کەوتووە، خودی ئەو رو بە رو بوونەوەیە، ئەو سەیرکردنەی یەکتر، ئەو داننان بە جیاوازییەدا، بەوەی تۆ شتێکی دیت، لەدەرەوەی منیت‌و بۆ هەتاهەتاشە لەدەرەوەی من دەبیت، جۆرێک له‌مۆراڵی تایبەتی بەسەر مندا دەسەپێنێت. لای لیڤیناس لەو ساتەدا کە دوو کەس رو بە رو سەیری یەک دەکەن، خاڵی له‌هەر شتێک یاسایەک له‌نێوانیاندا دروستدەبێت کە گوفتارە هەرە گەورەکەی ئەوەیە «مەمکوژە» یان «تۆ ناکوژیت». واتە ئەویدی له‌بەرامبەرمان دەوستێت، روتە، بێدیفاعە، لاوازە، تەواو لەو ساتەدا کە دەزانین دەتوانین ئەوی دی بکوژین‌و نایکوژین ئەخلاق سەرهەڵدەدات. لەو ساتەدا ئەویدی بە نیگاکانی پێماندەڵێت من لێرەم، جیاوازم، جیاوازیشم ئەبەدییە، هەمیشە نامۆم، تۆ هەمیشە تۆیت‌و من هەمیشە من، بەڵام مەمکوژە...
ئەم تێزەیەی لیڤیناس له‌دوو رووەوە گرنگە:
1.لیڤیناس سەرەتای ئەخلاق دەخاتە پێش هەر پرۆسەیەکی یەکترناسینەوە. بەوەشدا خۆی له‌بڕێکی گەورەی کولتوری ئەخلاقی‌و ئەبستمۆلۆژی خۆرئاوا جیادەکاتەوە. بەپێی تێزە باوەکان مرۆڤ بۆئەوەی چاکە بکات دەبێت بزانێت چاکە چییە. زانین‌و ناسینی چاکە، خاڵێکە دەکەوێتە پێش هەر بڕیارێکی ئەخلاقییەوە. واتە ئەخلاق وەک پێشمەرج پێویستی بە مەعریفە هەیە، بەڵام لای لیڤیناس بەپێچەوانەوە وەرگرتنی هەڵوێستی ئەخلاقی، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەویدی، دەکەوێتە ناو ئەو ساتەوە کە تۆ هێشتا هیچ شتێک لەسەر ئەویدی نازانیت، واتە ئەویدی هێشتا روبەرێکی تەواو نەناسراوە یان وەک لیڤیناس دەڵێت، ئەویدی رادیکال ئەویدییە. واتە پرەنسیپی مەیکوژە دەکەوێتە پێش هەر دیالۆگێکەوە. لەساتی روبەڕوبوونەوەدا سەرهەڵدەدات، ئەو ساتەی کە هانا ئارێنت باسیدەکات‌و دەڵێت ساتێکە مرۆڤەکان خۆ بە خۆ بێ گەڕانەوە بۆ هیچ یاساو رێسایەکی ئەخلاقی بڕیاردەدەن. لیڤیناس له‌زۆر شوێن‌و تێکستدا دوای ئاسەوار‌و جێپەنجەی ئەو ساتەوەختە دەکەوێت، ساتەوەختی دوودڵی «بکوژم یان نەکوژم... بکوژم یان نەکوژم».
2.لیڤیناس بەم تێزەیە پەیوەندی ئەخلاق‌و سیاسەت بە جۆرێکی دی دەخوێنێتەوە. لەوساتەدا کە من بەرامبەر ئەویدی رو بە رو دەوەستم، لاوازییەکانی دەبینم، بوونی روت‌و قووتی دەبینم، دەبینم کە دەکرێت ئازار بچێژێت، دەکرێت برینداربکرێت، لەو ساتەدا تەواو بەرپرسیارێتی من بەرامبەری تا ناکۆتا گەورە دەبێت. بەپێی لیڤیناس بەرپرسیاری من لەوەدا کۆتایی نایەت کە نەیکوژم، بەڵکو دەگاتە ئەوەی کە نەهێڵم بکوژرێت‌و ئازار بچێژێت. ئەویدی لێرەیە بۆ ئەوەی من له‌ڕێگای ئەوەوە گەورەیی بەرپرسیارێتییەکانی خۆم بناسم. ئەوەشی من دروستدەکات ئەو بەرپرسیارێتییەیە کە ئەویدی دەیخاتە بەردەمم. ئەویدی له‌بانگهێشتێکی بەردەوامدایە، له‌ژێر ترسێکی بەردەوامدایە، ئەوەش وادەکات بەرپرسیارێتی من بەرامبەری ناکۆتا‌و هەمیشەیی‌و هەتاهەتایی بێت... بەرپرسیارێتی شتێک نییە ئەمڕۆ پێیهەستین‌و بەیانی تەواو بێت، لەبەردەم کەسێکدا لەدایک نابێت بۆئەوەی لای یەکێکی دی بمرێت. فۆرمێکی نییە بچینە ناوی‌و وابزانین ویژدانی خۆمان ئاسودەکردووە، بەرپرسیارێتی فرەڕەنگ‌و هەمەشێوەیە. لێرەوە چەمکی ئەخلاقی سیاسی، یاخود بەرپرسیارێتی‌و عەدالەتی سیاسی لای لیڤیناس جەوهەرێکی ناکۆکی هەیە، چونکە کە باسمان له‌عەدالەتی سیاسی کرد سنورێک بۆ بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییەکانمان دادەنێین. له‌ژێر پەردەی بەرپرسیاری سیاسیدا مرۆڤ ئیلتیزامی خۆی بۆ هێزێک‌و گروپێک‌و دەستەیەک له‌ئادەمیزادان دیاریدەکات، بەپێی ئیلتیزامی سیاسی من بەرپرسم له‌دیفاع له‌چینێک یان نەتەوەیەک یان توێژێکی دیاریکراو... بەوەش تا ئەندازەیەکی ترسناک جەوهەری ئەخلاق پێشێلدەکەم، کە بریتییە له‌بەرپرسیارێتی ناکۆتا‌و بێسنورم بەرامبەر پاراستن‌و دیفاعکردن له‌ئەویدی، هەرچییەک بێت‌و هەرچۆنێک بێت. ئیلتیزامی سیاسی زۆربەی وەخت بەرگریکردنە لەوەی کە له‌من دەچێت، بەرگریکردن نییە له‌ئەویدی بە گشتی، بەڵکو بەرگریکردنە له‌شوناسێک یان فۆرمێکی سیاسی دیاریکراو، لێرەوە هیچ ئەخلاقێکی سیاسی بوونی نییە بەجۆرێک له‌جۆرەکان لەسەر پێشێلکردنی خودی ئەخلاق دروست نەبووبێت. بە کورتی ئیلتیزامی سیاسی له‌قاڵبدانی بەرپرسیارێتی مرۆڤە له‌فۆرمێکدا، له‌کاتێکدا جەوهەری ئەخلاق بەرپرسیارێتی بێسنور‌و ناکۆتای منە بەرامبەر بەویدی‌و ئامادەگی شکاندنی هەموو سنورێکە بۆ بەرگریگرتن‌و پاراستنی ئەویدی له‌مردن‌و ئازار.
لێرەدا وەک دوا رستە دەمەوێت ئاماژە بە جیاوازییەکی گرنگی نێوان لیڤیناس‌و لاکان بدەم، لای لاکان‌و له‌ژێر ناونیشانی «ئەویدی گەورە» دا، ئەویدی وەک هێزێکی باوکانە، باڵا، فێرکەر، هەڕەشەکەر، منساز نیشاندەدرێت، لێرەوە ئەخلاق لای لاکان‌و لای فرۆیدیەکان بە گشتی وەک بەرهەمی سیستمی باوکسالار دەخرێتەڕو، ئەخلاق بەرهەمێکی باوکانەیە، ئەویدیش هێزێکی نادیاری گەورەیە کە له‌هەموو شوێنێک دەمانخاتە ژێر چاوەدێری خۆیەوە، بەڵام لای لیڤیناس تەواو بە پێچەوانەوە ئەویدی بچوکە، لاوازە، بێدیفاعە، برینبارە، ئەخلاقی من له‌بەرپرسیارێتی منەوە بەرامبەر ئەو هەڵدەقوڵێت، نەوەک له‌یاسایەکەوە ئەو بە هێز‌و زەبری زمان‌و سەمبول‌و چەپاندن له‌مندا رواندبێتی. ئەخلاق تەنیا له‌کاتێکدا ئەخلاقە کە بتوانین لەدەرەوەی هەموو جەبرێک‌و مەرجەعێکی سێهەم قسەی دەربارە بکەین، وەک بەرپرسیارێتییەکی راستەوخۆی من بەرامبەر بە تۆ کە دەبێت له‌ئەستۆی بگرم.

Thursday, 11 August 2011

سەرنجێکی کورت دەربارەی کولتوری هەڵوێست وەرگرتن



پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت «یەکجار بە زستان دەڵێن سارد». بەڵام بەداخەوە پێدەچێت ئەم پەندە بۆ ئەم سەردەمە دەست نەدات. بەشی هەرە زۆری رۆشنبیران‌و نوسەرانی کورد لەساڵی 1992وە بێوچان رەخنەی توند له‌سیاسەتەکانی پارتی‌و یەکێتی دەگرین، هەندێک له‌ڕەخنە‌و داواکارییەکان بە جۆرێک دووبارەبوونەتەوە له‌تام دەرچوون‌و مرۆڤ شەرم له‌خۆی دەکات کە دووبارەیاندەکاتەوە، چونکە وەختە دەبن بە رەخنەی کلاسیکی. دوای نزیکی بیست ساڵ له‌ڕەخنەی بەردەوام له‌دەسەڵاتی ئەم دوو حیزبە، هەستدەکەم تەواوی ئەو شێواز‌و ئەو میتۆدە له‌ڕەخنەکردن‌و بەرەنگاری لەگەڵ ئەم دوو حیزبەدا گەیشتۆتە بونبەست. ئەمڕۆ هەموو ئەو قسانەی سەبارەت بە دیکتاتۆرییەتی ئەم دوو هێزە دەکرێن، سەبارەت بە گوێنەدانیان بە یاسا، بە دزینیان بۆ سامانی کۆمەڵایەتی، بۆ شێواندنی ژێرخانی ئابوری، بۆ پەکخستنی پەرلەمان، بۆ پێشێلکردنی هەموو ئازادییەکان... بووە بە جۆرێک له‌بەڵگەنەویستی سیاسی کە دووبارەکردنەوە‌و تیوریزەکردنی چیتر هیچ بەرهەم ناهێنێت، واتە کۆمەڵێک بابەتن دووبارەکردنەوەیان دەمانگەێنێتەوە سەر هەمان خاڵ کە لێوەی دەستمان پێکردوە. بەم بۆچوونە مەبەستم لەوە نییە بڵێم با کۆمەڵگا واز لەم داواکاریانە بهێنێت، بەپێچەوانەوە پێموایە ئەم بابەتانە وەک بابەتی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی دەبێت بکەونە دەست هێزە سیاسی‌و کۆمەڵایەتییەکان‌و ببن بە ئەجەندای ئیشکردنی ئەوان، بەڵام هەر ئەم بابەتانە وەک بابەتی تێڕامانی رۆشنبیریی‌و فیکری چیتر هیچی نوێیان لەسەر ناگوترێت‌و جگە لەوەی فیکر له‌جوغزی خۆدووبارەکردنەوەدا دەخنکێنن، بەرهەمی دی نادەن بەدەستەوە. بەبڕوای من کۆمەڵگای کوردی لەوە دەرچوو تازە پێویستی بەوە بێت کەسێک بۆی رونبکاتەوە کە دەسەڵاتی ئەم دوو هێزە دیکتاتۆرین، ئەوەی تا ئەمڕۆ پێویستی بەمجۆرە راڤەکردن‌و تێگەیاندنە بێت، هەم گاڵتە بە عەقڵی خۆی دەکات‌و هەم خۆی دەخەڵەتێنێت. دیکتاتۆرییەت، ترساندن، بەزەبری شەق خۆسەپاندن، دروستکردنی میلیشیاتی تێڵابەدەستی فاشیانە، بەشێکی رۆژانەی ژیانی سیاسی ئێستا‌و داهاتومان دەبێت، ئەوە راستییەکی ئەوەندە زەقە من سەیرم لێدێت کە هەندێ رۆشنبیر تا ئێستا لەو وەهمەدا دەژین کە پێیانوایە وەزیفەکەیان ئەوەیە راڤەی ئەوەمان بۆ بکەن کە کوردستان چۆن دیکتاتۆرییە. کە سیستمێک خۆی تێڵا بەدەستی نارد‌و بە ژەندرمە‌و کوتەک سەر شەقامەکانی تەنی، ئیتر رۆشنبیر دەیەوێت چی بۆ خەڵک شەرحبکات؟... له‌قۆناغێک له‌مەوبەردا رەنگە زۆر کەس بڕوای بە ماهییەتی دیکتاتۆریی‌و پۆلیسیی ئەم سیستمە سیاسییە نەهێنابێت، لەو دەمەدا کە دیکتاتۆرییەت‌و حوکمی ئەرستۆکراتیانە بەجۆرە مەکیاژێکی تەنکی دیموکراسییەوە دەبران بەڕێوە، کارێکی گرنگ بوو رۆشنبیران بە کاری راڤەکردن‌و رونکردنەوەی مەترسییەکانی سەر سیستمەکە‌و ناو سیستمەکە هەستن، بەڵام ئەمڕۆ کوردستان له‌ژێر سایەی حکومەتێکی عەسکەری راستەوخۆ‌و باری نائاساییدا دەژی، لێرەوە دەوری رۆشنبیر وەک کەسێک کە ئیشی ئەوە بێت بە خەڵک بڵێت ئێوە له‌سایەی دیکتاتۆرییەتدا دەژین، دەورێکی کۆمیدی دەبێت. دیکتاتۆرییەت له‌کوردستان بەجۆرێک زەقە تەنیا ئەوانە نایبینن کە نایانەوێت بیبین‌و بڕیاریانداوە نەیبینن، لێرەوە کە رۆشنبیرانێک دەبینم هەر له‌ناو هەمان جوغزدا دەخولێنەوە، کە دەیانبینم هیجای کلاسیکی پارتی‌و یەکێتی بووە بە بابەتی سەرەکی ژیانیان، کە دەیانبینم جگە له‌هیجا هیچی تر بەرهەمناهێنن، گومانێکم لادروستدەبێت، کە ئاخۆ بەڕاست ئەمە ئەو میتۆدەیە کە دەمانگەێنێتە دەرەوەی ئەو سیستمەی پارتی‌و یەکێتی دروستیانکردوە؟ له‌ڕاستیدا تەواوی سیستمی ئەدەبی‌و فیکری‌و سیاسی پارتی‌و یەکێتی لەسەر کۆڵەکەی «هیجا‌و پیاهەڵدان» وەستاوە... مێژوی نوسین لەم دوو حیزبەدا نە بەرهەمهێنانی فیکر‌و نە شیکار‌و نە تیوریزە بووە، بەڵکو مێژوی هیجا‌و پیاهەڵدان بووە. پارتی‌و یەکێتی خۆیان سەدان قەڵەم بەدەستیان دروستکردوە کە تاکە بابەتێک له‌دونیادا دەتوانن لەسەری بنوسن، تەنیا بابەتی پارتی‌و یەکێتی-یە، لەو بابەتە بترازێت نەدەتوانن بنوسن، نە بخوێننەوە، نە هەستبکەن‌و نەتێبگەن. لەم چەند ساڵەی دواییدا بەشی زۆری نەیارانی پارتی‌و یەکێتیش کەوتوونەتەوە داوی هەمان کولتور‌و هەمان مۆدێل بەرهەمدەهێننەوە، سەدان نوسەر‌و رۆژنامەنوس دروستبوون کە تاکە بابەتێک لەم دونیا گەورەیەدا دەتوانن لەسەری بنوسن‌و بخوێننەوە‌و تێیبگەن بابەتی پارتی‌و یەکێتی-یە، بەجۆرێک ئەم بابەتە له‌ڕۆژنامەگەری‌و نوسینی کوردی دەربهێنیت، شتێکی کەمی دەمێنێتەوە. بۆیە له‌ڕاستیدا قسەکردن لەسەر «کولتوری هەڵوێست وەرگرتن» له‌کۆمەڵگای ئێمەدا بووە بە تەوەرێکی گرنگ، کە دەبێت چیتر قسەی لەسەر بکرێت. من بابەتەکە بەمجۆرە تێدەگەم: کاتێک ئەمڕۆ گوتم «ئەم سیستمە فاشیستییە، پۆلیسییە، دیکتاتۆرییە، ئازادی کوژە، گەندەڵە»... چ پێویستییەک دەکات بەیانیش هەمان قسە دووبارەبکەمەوە‌و دوو بەیانیش بەجۆرێکی تر هەمان قسە دووبارەبکەمەوە، سێ بەیانیش هەمان شت بخەمەوە سەر کاغەز. ئەمە هەڵوێست نییە، هەڵوێستی راستەقینە له‌ژیان‌و سیاسەت هەزار شێوە‌و هەزار زمانی هەیە، هەڵوێست کە وای لێهات له‌وەسواسێکی دەرونی بچێت‌و رۆشنبیر هەموو ژیانی فیکری خۆی کورتبکاتەوە بۆ هەڵوێست‌و دووبارەکردنەوەی، ئیدی هەم لەوە دەردەچێت رۆشنبیر بێت‌و لەوەش دەردەچێت هەڵوێست بێت‌و تەعبیر بێت له‌جیهانبینییەکی کامڵ‌و قووڵبین، بەڵکو دەبێتە ترسێکی پۆپۆلیستیانە، بە خواستێکی ترسناک بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی زۆرینەیەک کە تەنیا له‌زمانێکی سادە‌و یەک دیو‌و تاک رەهەند تێدەگات، دەبێت بەجۆرێک له‌ختوکەدانی هوشیاری سەتحی بۆ بەدەستهێنانی ئافەرینی هەرزان‌و کورتخایەن. ئەم قسەیەم بەو مانایە نییە کە بەرابەر تاوانە سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگا بێدەنگ بین، بەڵکو بەو مانایەیە کە له‌کولتوری «هەڵوێست وەرگرتن»دا نەکەوینەوە ناو هەمان ئەو مۆدێله ‌کولتوریی‌و فیکریی‌و سیاسیی‌و زمانەوانییەی کە تاوانەکەی بەرهەمهێناوە. ئەمڕۆ بڕی هەرە زۆری رۆشنبیریی ئێمە کورتبۆتەوە بۆ «ئەدەبیاتی هەڵوێست»، ئەمەش دووبارەکردنەوەیەکی ترسناکی ئەو تێگەیشتنەیە له‌وەزیفەی فیکر‌و رۆشنبیریی‌و سیاسەت کە له‌حەفتا ساڵی رابوردودا زاڵبووە، گەڕانەوەیەکی گەورەیە بۆ دواوە، سادەکردنەوەیەکی بێوێنەی وەزیفەی رۆشنبیر‌و ئاسانکردن‌و بێماناکردنێتی. هەڵوێست بەرامبەر ستەم ئەرکێکی گەورەی ئینسانی رۆشنبیرە، بەڵام بە مەرجێک له‌پشت هەڵوێستی رۆشنبیرەوە ئەم دیاردانە نەبێت: ...
1. هەڵوێست پەردەیەک نەبێت بۆ شاردنەوەی پیربوون‌و لاوازبوونی رۆشنبیریی‌و مەعریفی، چونکە بەدرێژایی مێژوی پێشوی ئێمە بەر ئەو دەردە ناشیرینە کەوتووین، هەر کات رۆشنبیر نەیتوانیبێت بە ئەرکی رۆشنبیرانەی خۆی هەستێت، بووە بە سیاسی‌و سیاسییەکی سەرنەکەوتوو‌ خراپیش. ئەمە بەتایبەت لەو کاتانەدا دەردەکەوێت کە هەستدەکەین نوسەر جگە له‌نوقمبوون له‌زمان‌و کێشەکانی سیاسەتی رۆژانەدا هیچ بابەتێکی دیکەی بۆ قسەکردن‌و بیرکردنەوە پێ نەماوە، کە هەستدەکەین نوسینەکانی خاڵی بوونەتەوە له‌خەمی مەعریفی‌و فەلسەفی‌و بوونەتە کۆمینتاری سیاسی راستەوخۆ.
2. هەڵوێست لەسەر حیسابی دابەزاندنی زمانی فیکری‌و کەمکردنەوەی قووڵێتی نەبێت، هەڵوێستی سیاسی رۆشنبیر هەرگیز له‌خودی سیاسەتەوە هەڵناقوڵێت، بەڵکو دەبێت له‌قووڵایی جیهانبینییەکی گەورەتر‌و دوربینترەوە هەڵبقوڵێت، چەمکی هەڵوێست له‌جەوهەریدا مانایەکی گەورەتری هەیە له‌کردەی دەرکردنی بەیاننامەیەک، یان پرۆتێستۆکردنی تاوانێک. گەر هەڵوێستی رۆشنبیر لەو قووڵاییەوە نەیەت‌و نەشچێتەوە سەر هەمان قووڵایی، نە نرخی فیکری‌و رۆشنبیریی هەیە‌و نە ماناش. کێشە نییە رۆشنبیر بەیاننامەیەکی پرۆتێستۆکردن بە زمانێکی سادە بنوسێت، بەڵام کێشەیەکی گەورەیە زمانی هەموو نوسین‌و بابەتەکانی دابەزێت بۆ ئاستی زمان‌و بابەتی بەیاننامە.
3. هەڵوێست هەمیشە ساتێکە هاوشانی روداوە گرنگ‌و مانادار‌و گەورەکان، بەڵام کە رۆشنبیر وای لێهات وەزیفەی رۆشنبیر بەجێبهێڵێت‌و تەنیا له‌وەسواسی ئەوەدا بژی، بە خوێنەرەکانی بڵێت «سەیرکەن من هەڵوێستم هەیە». کاتێک هەڵوێست بوو بە تاکە بەرهەم‌و تاکە چالاکی، کە وایلێهات له‌هەموو بۆنەیەک‌و هەموو مینبەرێکەوە هەڵوێستی دابەشکرد، یەکەم وەک رۆشنبیر خۆی دەدۆڕێنێت‌و دەبێتە چالاکوانی رۆژنامەوانی‌و سیاسی، دووەم هەڵوێستیش قورساییەکەی خۆی دەدۆڕێنێت‌و له‌ساتێکی گرنگی قسەکردنی عەقڵ‌و ویژدانەوە دادەبەزێتە ناو بەلاغەتێکی سواو‌و دووبارەوە کە نە هیچی نوێ هەڵدەگرێت‌و نە هیچی نوێ دەگەێنێت، وەک ئەمڕۆ بەزەقی له‌کوردستاندا دەبینین، «هەڵوێستەکان» تەسلیمی جۆرە زمانێکی ریتۆریکی «بەلاغی» دووبارە‌و لاواز‌و یەک هەوا بوون کە تەواوی قورساییەکەیان لەسەر چەند وشەیەکی دووبارە‌و یەکمانا وەستاوە.
4. هەڵوێست کاتێک نرخی هەیە کە هەست نەکەین له‌ژێر فشاری دەرەوەدایە، کە هەست نەکەین نوسەرەکەی سەیری خەڵکی دەکات‌و ئەوە دەڵێت کە جەماوەر بە دڵێتی، هەڵوێست هەمیشە دەبێت له‌ژێر فشاری ناوەوەی نوسەر‌و بیرکردنەوەی خۆیدا بێت. بەبڕوای من فاشیزم بۆ کۆمەڵگا چەند ترسناکە، پۆپۆلیست بوونیش بۆ نوسەر‌و رۆشنبیر ئەوەندە ترسناکە. کە رۆشنبیر وای لێهات سەیری هەوادارەکانی خۆی کرد بزانێت چاوەڕوانی چی له‌دەمی دەکەن، کە وای لێهات سەیری چاوی خەڵکی کرد بزانێت حەزیان له‌چییە، کە وای لێهات بە هەوای ئەوان قسەیکرد، لەو شوێنەوە رۆیشت کە مێگەلی پیادەڕوات، تەنیا لەو مینبەرانەوە دەرکەوت کە ئەوان دەیانەوێت، تەنیا لەسەر ئەو بابەتانەی نوسی کە ئەوان چاوەڕوانیدەکەن... کەوتۆتە جوغزی پۆپۆلیزمێکی ترسناکەوە، لێرەدا هەڵوێست هەموو نرخە فیکری‌و ئەخلاقییەکەی خۆی وندەکات‌و دەبێت بە تەسلیمبوونی رۆحێکی داهێنەر بە یاساکانی روانین‌و بیرکردنەوەی مێگەل.
بە گشتی من وادەبینم، «کولتوری هەڵوێست وەرگرتن» له‌ئێستادا، هەمان ئەو کولتورە دووبارەدەکاتەوە کە پێکهاتی سیاسی ئێمە له‌حەفتا ساڵی پێشودا دایڕشتووە، بڕێکی زۆری رۆشنبیرانی ئێمەش گوناهی بڕێکی زۆری ئەو دووبارەبوونەوەیەیان له‌ئەستۆیە.