Wednesday, 30 March 2011

زۆرینە پشتی كردوەتە دەسەڵات



دیمانه‌: پشتیوان سەعدوڵا

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی‌پێكرد، به‌ختیار عه‌لی‌ یه‌كێك بو له‌ و رۆشنیر و روناكبیرانه‌ی‌ كورد، كه‌ په‌یامی‌ خۆی‌ بۆ پشتیوانی‌ خۆپیشانده‌ران گه‌یانده‌ سه‌رای‌ ئازادی‌، خوێندنه‌وه‌ی‌ په‌یامه‌كانی‌ به‌ختیار و رۆشنبیرانی‌ تر گوڕوتینی‌ زیاتریدا به‌ خۆپیشانده‌ران بۆ ئارامگرتن و سوربون له‌سه‌ر داخوازییه‌ ره‌واكانی‌ خۆیان، دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌شی‌ سه‌ره‌ڕای‌ زنجیره‌ كۆڕه‌كانی‌ خۆی‌ و هاوڕێكانی‌ رۆژانه‌ به‌ختیار له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ له‌ناو خۆپیشانده‌راندا ده‌بینرێت، به‌ختیار ده‌ڵێت: "ئەمجۆرە بزوتنەوانە بە لۆژیكی كەمینە و زۆرینە ئیش ناكات، مەنتیقی شۆڕش، یان راپەڕین وەك مەنتیقی هەڵبژاردن نییە، كێشەكە لەو ساتەدا دروستدەبێت كە هەڵبژاردن وەك كەرەستەیەكی گۆڕانكاریی لەكار دەكەوێت

 دەتوانین بڵێین؛ ئێستا هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی نوێدا تێدەپەڕێت؟ 
بەختیار عەلی: ئەگەر زۆر وردبین، دەتوانین بڵێین ساتەوەختێكی نوێیە، زۆرجار هەمومان وشەی قۆناغ بەكاردەهێنین، هەتا منیش ناوبه‌ناو بەكاری دەهێنم، بەڵام گەر زۆر وردبین بین، دەبێت گوزارەی ساتەوەختێكی مێژویی نوێ بەكاربهێنین، قۆناغ لە روی زەمەنییەوە ئاماژە بۆ سەردەمێكی درێژتر دەكات، ئێمە هێشتا تەواو نەچوینەتە سەدەیەكی نوێوە، بەڵام پێمانخستوەتە ساتەوەختێكەوە كە لە ساتەوەختەكانی دی ناچێت، ئێستا ساتەوەختێكی مێژویی نوێیە، بۆچی نوێیە؟ هۆكان گەلێك زۆرن كە كورتكردنەوەیان لێرەدا ئەستەمە، لە هەمویان گرنگتر لای من سەرهەڵدانی بزاوتێكی نائایدیۆلۆژی و ناحیزبی و بێ سەركردەیە، بێگومان حیزبەكان و ئایدیۆلۆژیاكان و سەركردەكان لەناو بزوتنەوەكەدا هەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە هیچ كەسیان نە دەتوانن بە تەواوی خۆیان بە خاوەنی خەڵك و نە بۆشیان دەچێتە سەر گەر ئەو خاوەندارییە رابگەیەنن. گرنگ ئەوەیە ئێستا هێزێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێ هەیە، كە هیچ كەس ئاسان ناتوانێت بیدزێت، یەكەمجارە لەدەرەوەی حیزب و فۆرمی حیزب هێزێكی كۆمەڵایەتی نوێ لەدایكدەبێت، هێزێكە موڵكی چەپەكان، یان ئیسلامییەكان، یان گۆڕان نییە، بەڵكو هەمو ئەو هێزانە ناچار دەكات دوای بكەون و هەوڵبدەن سودی لێببینن و شتێك لەو دەستكەوتانە هەڵبگرنەوە كە لێی دەكەوێت، ئەوە تەنیا نیشانەیەكە لە نیشانەكانی ئەم بزوتنەوەیە كە هەڵگری گەلێك نیشانەی زۆرترە، هەڵبەت ئەم ساتەوەختە مێژوییە گەورانە بەو درزە گەورانەدا دەناسرێتەوە كە دەیكاتە تەواوی ستراكتۆرەكە، ئەو درزانەی كە دەچێتە ناو دونیای رابردو گەورەترین نیشانە و دەسكەوتی ئەمجۆرە ساتەوەختانەن، لەوە بترازێت، ئەم ساتانە پڕە لە بۆنی هێزی كۆن و ململانێی كۆن و سەری كۆن، كە بە دەمامكی تازەوە دێنەوە پێشێ، بەڵام ئەوەی جەوهەری بزوتنەوەكە پێكدەهێنێت، ئەو هێز و دەموچاو و ئایدیا كۆنانە نییە كە دەیانەوێت ئەم ساتەوەختە مێژوییە بۆ خۆیان بقۆزنەوە، بەڵكو ئەو هەوا تازەیەیە كە لە كرانەوەی پەنجەرەكان و درزە گەورەكانەوە دێتە ژورێ، ئەمڕۆ زۆر ئایدیۆلۆژیای كۆن دەیانەوێت دەمامكی تازە لەسەر بكەن، بەڵام بە بڕوای من دەمامكی نوێ سودێكی نییە، ئەم ساتە پێویستی بە رۆحێكی نوێ هەیە، نەوەك بە دەمامكێكی نوێ



  ئەم جوڵاندنەوەیەی كە ئێستا لەسەر شەقام دەبینرێت، خواست و داوای میللەتێكە، یان وەك دەسەڵاتداران باسی دەكەن خواستی كەمینەیە؟
بەختیار عەلی: ئەمجۆرە بزوتنەوانە بە لۆژیكی كەمینە و زۆرینە ئیش ناكات، مەنتیقی شۆڕش، یان راپەڕین وەك مەنتیقی هەڵبژاردن نییە، كێشەكە لەو ساتەدا دروستدەبێت كە هەڵبژاردن وەك كەرەستەیەكی گۆڕانكاریی لەكار دەكەوێت، لە هەمو ئەو وڵاتانەی خۆرهەڵاتدا كە ئێستا راپەڕین و شۆڕش رودەدەن بەردەوام هەڵبژاردن هەبوە، هەڵبژاردن بەم مۆدێلە خۆرهەڵاتییەی كە لە وڵاتانی كۆنی جیهانیی سێیەمدا هەیە یەكێكە لە چەكە گەورەكانی ئیستیبداد. جیاوازییەكی گەورە لە نێوان مۆدێلی هەڵبژاردنی دیموكراسی لە خۆرهەڵات و خۆرئاوادا هەیە، هەڵبژاردن لەم دو سیستمەدا دو سیاقی جیاواز و دو وەزیفەی جیاوازیان هەیە، ئەم مۆدێلە لە هەڵبژاردن كە مەبەستی شەرعیەت بەخشینە بە دیكتاتۆرییەت تەواوی وڵاتە پەراوێزییەكانی گرتوە، لە دیكتاتۆرێكی وەك شافێزەوە بیگرە تا دیكتاتۆرەكەی كۆریای باكور، تا مۆگابی، تا عومەر بەشیر و عەلی عەبدوڵا ساڵح و ئەحمەدی نەژاد، هەمو بە حیساب دەنگی خەڵكیان وەرگرتوە و هەڵبژاردنیان بردوەتەوە. هەمو دیكتاتۆرەكانی مێژو بە مەنتیقی دەنگی زۆرینە كار دەكەن، هەڵبەت لە جێگەیەكدا سەركوتكردن و ترساندنی سیاسیی هەبێت، تەنیا كەمینەیەك جورئەتی قسەكردن دەكات، هەڵبژاردن لە وڵاتانی ئێمەدا ئاوێنەی راستەقینەی زۆرینە و كەمینە نییە، ئەو پرۆسێسە سایكۆلۆژییەش كە لەپشت شۆڕشەوەیە جیاوازە لەو پرۆسێسە سایكۆلۆژییەی كە لەپشت هەڵبژاردنەوەیە، راستە ئەو هێزەی كە لەسەر شەقامە زۆرینە نییە، بەڵام زۆرینەی كۆمەڵگەی ئێمەش لایەنگری بۆ دەسەڵاتداران رانەگەیاندوە، واتە ئێستا زۆرینەیەكی پاسیڤمان هەیە، كە تەواو پشتی دەسەڵاتی بەرداوە و بە رۆشنییش پشتی بزوتنەوەكەی نەگرتوە، لەمجۆرە حاڵەتانەدا كە زۆرینە دەبێتە هێزێكی پاسیڤ، ململانێ دەكەوێتە نێوان هێزێكی كۆمەڵایەتی و مێژویی نوێی ئەكتیڤ و دەسەڵات و دەزگاكانییەوە، بە گشتیی زۆرجار كەمینەیەكی ئەكتیڤ توانایەكی گەورەی لەسەر گۆڕینی مێژو هەیە، كێشەكە لێرەدا ئەوە نییە كە كەمینە لەسەر جادەیە، بەڵكو ئەوەیە زۆرینە بە ئاشكرا پشتیكردوەتە دەسەڵات و ئەگەر ئامادەش نەبێت بێتە سەر جادە، ئامادەنییە بەرگریی لێ بكات، ئەوە یەكێكە لە لابەلابونەوە گرنگەكانی ئەم ساتەوەختە، ئێستا گرنگ ئەوە نییە ژمارەی خۆپیشاندەران چەندن، بەڵكو ئەوەیە وێنەی دەسەڵات لە كۆمەڵگەی ئێمەدا چی بەسەرهاتوە و دەسەڵات تا چ ئەندازەیەك توانای ئەكتیڤكردنی هێزی كۆمەڵایەتی هەیە. نرخی ئەم ساتەوەختە لەوەدایە، كە دەسەڵات سۆز و خۆشەویستی زۆربەی هێز و نوخبە چالاكەكانی كۆمەڵگەی دۆڕاندوە، ئەوە نرخی گەورەی ئەم ساتەیە



 لەم ساتەوەختە مێژوییەدا ئەركی رۆشنبیر چییە؟
بەختیار عەلی: لەمجۆرە ساتانەدا كە «شۆڕشگێڕی مەوسمی» مەیدان پڕ دەكەن، هەوڵێكی گەورە هەیە كە رۆڵی رۆشنبیر بچوكبكرێتەوە، سەتحی بكرێتەوە، لەقاڵب بدرێت، لەناو تەفاسیلی ساتەوەختەكەدا بكوژرێت، ئەركی رۆشنبیر لەمجۆرە ساتانەدا لە چوار خاڵی سەرەكیدا كورتدەبێتەوە: «یەكەم: هەوڵدان بۆ تیوریزەكردنی ساتەوەختەكە، واتە نەهێڵێت فیكر بكەوێتە دەرەوەی ساتەوەختە مێژوییەكە و لەسەر نەخشە سیاسییەكە ونببێت، واتە نەهێڵێت حەماسەتی سیاسیی بەسەر حەماسەتی بیركردنەوەدا سەربكەوێت، دوەم: لەوە نەكەوێت كە بەرگریی لە مانا یونیڤه‌رساڵیەكان بكات، لە بەها گەردونییە گەورەكانی وەك ئازادی و عەدالەت، دوای ئەوەی باریان دەكات بە رەهەندە لۆكاڵەكان، واتە دوای ئەوەی مانایەكیان پێ دەبەخشێت لەگەڵ رۆحی ئەو ساتەدا بگونجێت، واتە لەپشت هەندێك داواكارییەوە بوەستێت، نەوەك لەپشت لایەنێك، یان بەریانێكی سیاسییەوە، سێیەم: نزیكبێت لەو هێزانەی كە رۆحی نوێگەری و رۆشنگەریی بەرجەستە دەكەن، چوارەم: تادەتوانێت هەوڵبدات دژ بە توندوتیژیی بوەستێتەوە، كەمكردنەوەی خوێنڕێژیی یەكێكە لە هەرە ئەركە گەورەكان كە رۆشنبیر دەتوانێت دەورێكی گرنگی تێدا بگێڕێت، بەوەی بتوانێت سنورێك بۆ شەڕانگێزی و ناعەقڵانییەت دابنێت



 گەڕانەوەتان لەم ساتەدا بۆ كوردستان تا چەند پەیوەندیی بە زیاتر فۆرمەلەكردنی جوڵانەوەكەیە؟
بەختیار عەلی: خۆپیشاندانەكان رێكخەری خۆی هەیە، ئەنجومەنێكی هەیە كە بەناوییەوە قسە دەكات و قسەكەرێكی رەسمیشی هەیە، كە تەعبیر لە نیازی ئەنجومەنەكە و لە بۆچونەكان و پێویستییەكانیشی دەكات. ناكرێت هەر كەس بێتو بڵێت؛ من ئەو كارە دەكەم، وەك دەڵێن؛ كە چێشتكەران زۆربون چێشتەكە دەسوتێت، هەر كەس بێتو بڵێت؛ من رۆشنبیرم و خۆپیشاندانەكە من رێكیدەخەم، ئەوە بزوتنەوەكە بەرەو لاوازبون و كەرتبون دەبات، من مافی ئەوەم نییە، دەست لە كاروباری ئەو ئەنجومەنە وەردەم، من وەك هاوڵاتییەك و فەردێك لەوێم، تەنیا شتێك بۆم بكرێت ئەوەیە هەوڵبدەم یەكەم: ئامادەبم و پشتگیریی لایەنە رۆشنەكانی بزوتنەوەكە بكەم. دوەم: شانبەشانی ئەو بزوتنەوە سیاسییە هەندێك چالاكی فیكریم هەبێت تا رۆڵی رۆشنبیر لەوەدا قەتیس نەبێت لە مەیدانەكەدا بوەستێت و هیچی تر و لەبەر ئەوەی لە هەمو بزاوتێكی سیاسیی دەمێنێتەوە بەها و نرخە فیكرییەكانییەتی و هیچی تر، من نە خۆم و نە كاراكتەرم و نە سروشتم هەڵگری ئەگەری ئەوە نییم ببم بە سیاسیی، یان سەرۆك، یان رابەر، من هەرچییەكم پێ بكرێت بۆ بەهێزكردنی بزوتنەوەكە و گەیشتنی بە داوا رەواكانی دەیكەم، بەڵام دەستوەردان لە كاروباری ئەنجومەن و دروستكردنی بكێش بكێش لە ناویدا و پەرتكردنی و لاوازكردنی و دروستكردنی شوێنی جیاواز جیاوازی بڕیار لە قازانجی بزوتنەوەكە نییە، من گەر پرسێكم پێ بكرێت، دەتوانم رای خۆم بڵێم، لە یەك دو بۆنەشدا ئەو رایانەمان بە هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنەكە گەیاندوە، دیارە ئەنجومەنەكە قسەكەری رەسمیی خۆی هەیە و هەر پێویستییەكی هەبێت دەبێت لە رێگەی ئەوەوە بێت، جگە لەوە خۆت لە من باشتر دەزانیت، كە خۆپیشاندانەكە ئەندام و لایەنگری چەندین هێزی سیاسیی گەورەی تێدایە و ئەو هێزانە خۆیان ئەندامەكانی خۆیان رێكدەخەن و رێگەنادەن كەس ئەندامەكانیان بۆ رێكبخات، لەبەر ئەوە من و برایانی رۆشنبیری تر كە لە منەوە نزیكن، نە كەس داوای لێكردوین ببین بە رێكخەری خۆپیشاندان، نە مافی ئەوەمان هەیە، چونكە خۆپیشاندانەكان رێكخەری رەسمیی خۆی هەیە، نە دەتوانین، چونكە هێزە سیاسییەكان و حیزبەكان كەم تا زۆر خۆیان ئەندامی خۆیان رێكدەخەن و چاوەڕوانی دەمی ئێمە نین ئەندامەكانیان بۆ رێكبخەین، نە دەشمانەوێت، چونكە رۆڵی رۆشنبیر جیاوازە لە رۆڵی چالاكوانی سیاسی و گەر رۆشنبیر بەو كارەش هەستێت ئەی چالاكوانە سیاسییەكانمان چی لێ بكەین و بیانبەین بۆ كوێ؟». ئەمە جگە لەوەی جۆرە گەمەیەكی سیاسیی زۆر زۆر ناشیرینیش لە پشتەوە هەیە، كە من بە زەقی هەستی پێدەكەم، هەوڵدەدرێت وانیشانبدرێت كە گوایە رۆشنبیران بەرپرسن لە هەمو شتێكی ئەم بزوتنەوەیە، تا گەر سبەی ئەنجامی نەبو، هێزە سیاسییەكان خۆیانی لێ دەربكەن، ئەوە جۆرێكە لە نائەخلاقییەتی سیاسیی كە من بە زەقی دەیبیستم و دەیبینم، رۆشنبیران بەرپرسن لەو هوشیارییەی كە ئەم بزوتنەوەیەی دروستكردوە، نەوەك لە تاكتیك و رێكخستن و بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە، تەنیا مرۆڤی زۆر بێئاگا دەتوانێت ئەم دو ئاستە تێكەڵ بكات.. ئەوەیان كاری هەڵسوڕێنەران و ئەنجومەن و سیاسەتمەدارانە، نەوەك رۆشنبیران



 حەماسەت لەپشت جوڵەی ئێستای زانكۆوەیە، یان فیكر؟
بەختیار عەلی: كاتێك ئەو رۆلە هیوابەخش دەبێت، كە هەم رۆڵێكی سیاسی و هەم فیكریی بێت. زانكۆ دەزگایەكی زانستییە كە دەكرێت رۆڵێكی گرنگ لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا ببینێت، بەوەی ببێت بە بزوێنی كۆمەڵێك دیالۆگی فیكری و ببێت بە فاكتەری دەوڵەمەندبونی ئاسۆكانی بینین لەم بزوتنەوەیەدا، زانكۆ تائێستا بە بەشێكی ئەركەكەی هەستاوە، بەوەی نەچێتە پەراوێزی روداوەكان و نەكەوێتە دەرەوەی مێژوی كۆمەڵگەی خۆی، بەڵام تائێستا و وەك هەمیشە، بە چەشنی دەزگایەكی فیكری و مەعریفی ئیش ناكات.
بزوتنەوەكە تەنیا بە حەماسەت ناژی، بەڵكو پێویستی بە فیكر و بەهای راستەقینە هەیە بۆ ئەوەی گەشە بكات، ئەوەی وادەكات بزوتنەوەیەك لە مێژودا بمێنێتەوە روە كلتوری و رۆشنبیرییەكەیەتی، نەوەك روە سیاسییە روتەكەی، چونكە ئەو ئاسەوارانەی بزوتنەوەیەك لەسەر سیاسەت جێیدەهێڵێت، هەمیشە كاتییە، بەڵام ئەو ئاسەوارانەی لەسەر فیكر جێیدەهێڵێت هەمیشەییتر و قوڵترە، سیاسەت رەگەزێكی بزۆك و زوگۆڕە، بەڵام فیكر لە كاتی كۆنبونیشدا كاریگەرییە مێژوییەكانی خۆی ون ناكات، ئێستا گرنگە ئەم بزوتنەوەیە نەوەیەك رۆشنبیری نوێ بهێنێتە كایەوە، قەتیسبونی ئەم نەوەیە لە فەیسبوكدا بەرەو سەتحییەتی دەبات، كاتێك دەتوانم بڵێم؛ كە زانكۆ رۆڵی خۆی گێڕاوە كە فیكر ببینم، كە دیالۆگی جیدیی ببینم، كە داواكاریی راستەقینە ببینم، كە بیركردنەوە لە گۆڕانی رادیكاڵ و ریشەیی ببینم



 پێتوایە ئەم بزوتنەوەیە ئیرادەیەكی بەهێزی هەبێت بۆ گۆڕانكاریی ریشەیی لە هەرێمی كوردستان؟
بەختیار عەلی: گرنگ ئەوەیە ئیرادەیەك هەیە داوای گۆڕینی بارودۆخی سیاسیی كوردستان دەكات، هەندێك خەڵك و سیاسیی گەندەڵی لێدەرچێت، زۆربەی خەڵكی كوردستان لەسەر ئەو داوایە كۆكن، زۆربەی خەڵك گۆڕانكاریی سیاسیی لە سەتحی باڵادا بە گۆڕانكاریی ریشەیی دەزانن، من گۆڕانكاریی ریشەیی بە گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی و ئابورییەوە گرێدەدەم. گۆڕانكاریی ریشەیی بریتییە لە؛ گەورەبونی ئازادییەكانی ئینسان، گۆڕانی شوێنی ژن، بەگەڕخستنی پرۆژەیەكی نوێگەری سیاسی و كۆمەڵایەتی، بەهێزبونی شوێنی گەنج و رێكخستنەوەی فەزای سیاسیی، گۆڕینی سیاسیی تەنیا كاتێك نرخی هەیە كە هاوشانی ئەو گۆڕانكارییە ریشەییانە بێت، بەداخەوە هێزی گۆڕانكاریی ریشەیی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا تائێستا زۆر كزە، ئیرادەی گۆڕینی سیاسیی هەمیشە لە ئیرادەی گۆڕینی كۆمەڵایەتی گەورەترە، چونكە گۆڕینی سیاسیی هەم سادەتر و هەم زەقتر و بەرچاوترە، گۆڕینی رادیكاڵ پێویستی بە ئیشی عەقڵی و سیاسیی گەورە هەیە، كە تەنیا كۆمەڵگەی زۆر هوشیار و ئازا دەوێرێت شانی بداتە بەر، شۆڕشی سیاسیی قەت زامنی شۆڕشی كۆمەڵایەتی نییە، بەبێ شۆڕشی كۆمەڵایەتیش ریشەكانی ستەم و دیكتاتۆرییەت هەمیشە زیندو دەبن، ئازادیی سیاسیی ناپارێزرێت گەر لە بنەوەڕا مانایەكی نوێ و بەرفراوان بۆ ئازادیی دەستەبەر نەبوبێت، ئەوەی من لە مێژودا دەیبینم ئەوەیە، ئازادیی سیاسیی بونی نییە بە بێ پاڵپشتییەكی گەورە لە لایەن ئازادییە فەردی و كۆمەڵایەتییەكانی دییەوە، بۆیە زۆرجار دەڵێم؛ كە ئازادیی لەت لەت ناكرێت، بەو مانایەی كە ئازادیی سیاسیی بە رۆیشتنی دیكتاتۆرێك نایەتە دی، بەڵكو بە رۆیشتنی ئەو هەلومەرجانە دێتەدی كە دیكتاتۆرییەت بەرهەم دەهێنێت، گۆڕانی ریشەیی لە وڵاتی ئێمەدا بكەری نییە. هەمو دەتوانن گەمە ئاسانەكەی گۆڕان باش ببەن بەڕێوە، كە گەمەی سیاسەتە، بەڵام تەحەدای نرخە كۆمەڵایەتییەكان، شكاندنی ئەو ترادسیۆنە قوڵەی كە ستەمی لەسەر بونیادنراوە تەنیا ئەوە گۆڕانكاریی ریشەیی دروست دەكات


لە سایتی سبەی وەرگیراوە

Tuesday, 29 March 2011

کەمکردنەوەی خوێنڕێژی یەکێکە لە هەرە ئەرکە گەورەکانی‌ رۆشنبیر

به‌ختیار عه‌لی‌: بەبێ شۆڕشی کۆمەڵایەتی ریشەکانی ستەم و دیکتاتۆرییەت هەمیشە زیندو دەبن

لە سایتی سبەی وەرگیراوە

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی‌پێكرد، به‌ختیار عه‌لی‌ یه‌كێك بو له‌ و رۆشنیر و روناكبیرانه‌ی‌ كورد، كه‌ په‌یامی‌ خۆی‌ بۆ پشتیوانی‌ خۆپیشانده‌ران گه‌یانده‌ سه‌رای‌ ئازادی‌، خوێندنه‌وه‌ی‌ په‌یامه‌كانی‌ به‌ختیار و رۆشنبیرانی‌ تر گوڕوتینی‌ زیاتریدا به‌ خۆپیشانده‌ران بۆ ئارامگرتن و سوربون له‌سه‌ر داخوازییه‌ ره‌واكانی‌ خۆیان، دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌شی‌ سه‌ره‌ڕای‌ زنجیره‌ كۆڕه‌كانی‌ خۆی‌ و هاوڕێكانی‌ رۆژانه‌ به‌ختیار له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ له‌ناو خۆپیشانده‌راندا ده‌بینرێت، به‌ختیار ده‌ڵێت: "لە کۆمەڵگای دیموکراسیدا مرۆڤ کە لە دیاردەیەک ناڕازیی بو، ناپرسێت ئاخۆ کاتی تەعبیر لەم ناڕازیبونە هەیە یاخود نا

سه‌باره‌ت به‌ ئەرکی رۆشنبیر لەم ساتەدا، له‌ لێدوانێكیدا بۆ سبه‌ی‌ به‌ختیار عه‌لی‌ وتی‌: "لەمجۆرە ساتانەدا کە «شۆڕشگێڕی مەوسمی» مەیدان پڕ دەکەن، هەوڵێکی گەورە هەیە کە رۆڵی رۆشنبیر بچوکبکرێتەوە، سەتحیبکرێتەوە، لەقاڵببدرێت، لەناو تەفاسیلی ساتەوەختەکەدا بکوژرێت. ئەرکی رۆشنبیر لەمجۆرە ساتانەدا لە چوار خاڵی سەرەکیدا کورتدەبێتەوە: یەکەم: هەوڵدان بۆ تیوریزەکردنی

ساتەوەختەکە، واتە نەهێڵێت فیکر بکەوێتە دەرەوەی ساتەوەختە مێژوییەکە و لەسەر نەخشە سیاسییەکە ونببێت، واتە نەهێڵێت حەماسەتی سیاسی بەسەر حەماسەتی بیرکردنەوەدا سەربکەوێت، دوەم: لەوە نەکەوێت کە بەرگری لە مانا یونفرساڵەکان بکات، لە بەها گەردونییە گەورەکانی وەک ئازادی و عەدالەت، دوای ئەوەی باریاندەکات بەرەهەندە لۆکالەکان واتە دوای ئەوەی مانایەکیان پێدەبەخشێت لەگەڵ رۆحی ئەو ساتەدا بگونجێت، واتە لە پشت هەندێک داواکارییەوە بوەستێت، نەوەک لە پشت لایەنێک یان بەریانێکی سیاسییەوە. سێهەم: نزیکبێت لەو هێزانەی کە رۆحی نوێگەری و رۆشنگەری بەرجەستەدەکەن. چوارەم: تادەتوانێت هەوڵبدات دژ بە توندوتیژی بوەستێتەوە... کەمکردنەوەی خوێنڕێژی یەکێکە لە هەرە ئەرکە گەورەکان کە رۆشنبیر دەتوانێت دەورێکی گرنگی تێدابگێڕێت بەوەی بتوانێت سنورێک بۆ شەڕانگێزی و ناعەقلانییەت دابنێت


سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ كه‌ ناڕەزاییانە لە کاتی خۆیدایه‌، به‌ختیار عه‌لی‌ ده‌ڵێت: "لە کۆمەڵگای دیموکراسیدا مرۆڤ کە لە دیاردەیەک ناڕازیی بو، ناپرسێت ئاخۆ کاتی تەعبیر لەم ناڕازیبونە هەیە یاخود نا. ئەگەر خۆشی بەتەنیا هاتۆتە سەر جادە و تەعبیری لێکردوە، دێت و تەعبیری لێدەکات. مەسەلەی پێگەیشتن و پێنەگەیشتنی کاتی شۆڕش، تێزەیەکی مارکسییە... شۆڕش لە مۆدێلە کلاسیکییەکەیدا پرۆسەیەکە رێکدەخرێت و کاتێکی زەمەنی دیاریکراوی بۆ دەرەخسێت... پێشڕەوێکی هەیە کە زەمانی کامڵبون و رسکانی بۆ دیاریدەکات. واتە پرۆسەیەکی رێکخراوە و پلان بۆ کێشراوە... لە دیدی کلاسیکییەوە شۆڕش پرۆسەیەکە ئامادەباشییەکی دێرین و درێژخایەنی دەوێت. خودی ئەم تێڕوانینە گرێدراوی ئەو تێڕوانینەیە کە مێژو سەرتاپا وەک رەوتێکی بە نەزم و یاسا تەماشادەکات، مێژو بەبڕوای من گەمەی ئەگەرەکانە، مێژو هیچ کات پرۆسەیەکی بە نەزم و یاسا نەبوە، بەڵکو یاری ئەگەر و ئیرادە بوە... هەمیشە ئەگەرێکی مێژویی هەیە، کە ئەگەر ببێتە هاوشانی ئیرادەی کار، هێزی تازە و فاکتەری تازە دەهێنێتە سەر شانۆ... لەمجۆرە ساتانەدا کە ئەگەر و ئیرادە کۆدەبنەوە، مێژو پرسیار لە کەس ناکات بۆ ئەوەی بجوڵێت، بەڵکو هەر کەس تەنیا بەقەد هێز و زیرەکی خۆی دەتوانێت لەگەڵیدا بڕوات. دەسەڵاتدارانی کورد لە یەکێتی و پارتیدا لە مێژە زەمینەی توڕەبون و راپەرینیان پێشکەش بە خەڵک کردوە، بەڵام کەی ناڕەزایی سیاسی دەگاتە ئاستێکی باڵاتر لەمەی ئێستا، ئەوە پرسیارێکە هیچ کەس ناتوانێت بە وردی وەڵامیبداتەوە

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ توڕەییە یان راپەڕینه‌ و دەبێتە هۆکارێک بۆ گۆڕانی ریشەیی لە کوردستان، به‌ختیار ده‌ڵێت: "ناونان گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ئیرادەیەک هەیە داوای گۆڕینی بارودۆخی سیاسی کوردستان دەکات. هەندێک خەڵک و سیاسی گەندەڵی لێدەرچێت، زۆربەی خەڵکی کوردستان لەسەر ئەو داوایە کۆکن. وەڵامەکەی ئێوەش دەکەوێتە سەر ئەوەی مرۆڤ چۆن لە زاراوەی «گۆڕانی ریشەیی» تێدەگات. زۆربەی خەڵک گۆڕانکاری سیاسی لەسەتحی باڵادا بە گۆڕانکاری ریشەیی دەزانن. من گۆڕانکاری ریشەیی بە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە گرێدەدەم. گۆڕانکاری ریشەیی بریتییە لە گەورەبونی ئازادییەکانی ئینسان، گۆڕانی شوێنی ژن، بەگەڕخستنی پڕۆژەیەکی نوێگەری سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەهێزبونی شوێنی گەنج و رێکخستنەوەی فەزای سیاسی. گۆڕینی سیاسی تەنیا کاتێک نرخی هەیە کە هاوشانی ئەو گۆڕانکارییە ریشەییانە بێت. بە داخەوە هێزی گۆڕانکاری ریشەیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا تائێستا زۆر کزە. ئیرادەی گۆڕینی سیاسی هەمیشە لە ئیرادەی گۆڕینی کۆمەڵایەتی گەورەترە، چونکە گۆڕینی سیاسی هەم سادەتر و هەم زەقتر و بەرچاوترە. گۆڕینی رادیکاڵ پێویستی بە ئیشی عەقڵی و سیاسی گەورە هەیە کە تەنیا کۆمەڵگای زۆر هوشیار و ئازا دەوێرێت شانی بداتەبەر. شۆڕشی سیاسی قەت زامنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی نییە. بەبێ شۆڕشی کۆمەڵایەتیش ریشەکانی ستەم و دیکتاتۆرییەت هەمیشە زیندو دەبن. ئازادی سیاسی ناپارێزرێت گەر لە بنەوەڕا مانایەکی نوێ و بەرفراوان بۆ ئازادی دەستەبەر نەبوبێت... ئەوەی من لە مێژودا دەیبینم ئەوەیە ئازادی سیاسی بونی نییە بەبێ پاڵپشتییەکی گەورە لەلایەن ئازادییە فەردی و کۆمەڵایەتییەکانی دییەوە، بۆیە زۆرجار دەڵێم کە ئازادی لەت لەت ناکرێت، بەو مانایەی کە ئازادی سیاسی بە رۆیشتنی دیکتاتۆرێک نایەتە دی، بەڵکو بەڕۆیشتنی ئەو هەلومەرجانە دێتەدی کە دیکتاتۆرییەت بەرهەمدەهێنێت. گۆڕانی ریشەیی لە وڵاتی ئێمەدا بکەری نییە... هەمو دەتوانن گەمە ئاسانەکەی گۆڕان باش ببەن بەڕێوە کە گەمەی سیاسەتە، بەڵام تەحەدای نرخە کۆمەڵایەتییەکان، شکاندنی ئەو ترادسیۆنە قوڵەی کە ستەمی لەسەر بونیادنراوە تەنیا ئەوە گۆڕانکاری ریشەیی دروستدەکات


زمناكو ئیسماعیل

Sunday, 27 March 2011

Bachtyar Ali's Speech to Protesters in Seray Azady (Sulaimany) 25/32011


Translated from Kurdish by: San Saravan

The authority does not know the name of the executioners because they are not one, two or three, but many, many of them. In any land where the numb...er of the executors increases, knowing their names is worthless.

The authority also does not know the name of your martyrs because there are many, many of them. In any land where the number of the martyrs increases, knowing their names is worthless.

The authority cannot answer your questions because there are many of them. In any land where there are that many questions, the answers will be worthless.

My dears, it is a surprise to all of us when, day after day, the authority has chosen not to listen to you rather than to listen. Instead of looking at you, it looks at itself. Instead of thinking about you, it only thinks about itself; in any land, if the authority only thinks about itself, then the authority will be worthless.

The authority cannot see you and does not want to see you because you are the beauty while it is the place where the beauty dies.

The authority does not want to understand you because you are the representative of the era, and the authority is not able to grasp you. The authority does not understand you because you are alive and the authority has died.

My dears, you are the symbol of renewal while the authority is the symbol of decay; you are on the way towards giving birth to a new era while the authority is withering. You have come while it is going. Like the sun, you are rising while the authority is setting. Nothing on earth can bring you and the authority together only coincidence. It is coincidence that your spirit bloomed on the same earth as people who do not care about your appeals. The authority bears no resemblance to you. Not bearing resemblance to it should be your life slogan. You should observe the authority more consciously to avoid becoming like it. We know the authority hates the different voice; this should be a greater incentive for you to love the different voice. I know it cares nothing about the future of this country, but you will need to care. The freedom they do not understand, you should try more deeply and clearly to understand. My dears, the only way that you can change this life is by not resembling this authority. Today you are the mirror in which the authority can see itself. Apart from you this country has no other mirror to show our true political history. You are only an eye through which the authority can see itself. If any authority does not want to see itself through your eyes, it is blind. Our society has had enough of your snobby and aristocratic attitude, which does not want to know what is going on around it or what people are asking for.

The authority understands things very late, because the nature of its thinking is that time is still in its favor, while history demonstrates that throughout the world it remains in the hands of the people to make history. Time will be on your side because you are the only power that does not decay, that does not pass and that is infinite. Wagering on time is the worst bet ever that the authority can make against people. Because you are the power that in the future will talk and the authority is the power that slept in the past. The most dangerous authority in the world is the one that thinks tomorrow is not its own day.

My dears, the authority does not want to go through its history. If any authority does not want to go through its history, it does not deserve the future. The authority does not understand that your standing here is a stand for hopes and infinite optimism that will never age. I am sure that what brings us together is a dream and this dream entombed many of the tyrants in earlier times; what brings us together is longer-lived than all the heads of the authorities of the world. Whoever bets on killing your hopes and diminishing your optimism, bets on a losing horse.

Keep going. You are an eternal power. You are the only element that emerged outside of time, place and aging because you are carrying an eternal hope, which is the hope of freedom.

ووتاری بەختیار عەلی بۆ سەرای ئازادی ۲٠۱۱/۳/۲۵ 

Saturday, 26 March 2011

ده‌سه‌ڵات ناوی‌ پیاوكوژه‌كان نازانێت


په‌یامی به‌ختیار عه‌لی بۆ سه‌رای ئازادی: ئێوه‌ له‌ رێگادان بۆ له‌دایكبونی‌ سه‌رده‌مێكی‌ تر و ده‌سه‌ڵاتیش له‌ رێگادایه‌ بۆ ماڵاوایی
 


ده‌سه‌ڵات ناوی‌ پیاوكوژه‌كان نازانێت، چونكه‌ پیاوكوژه‌كان یه‌ك و دوان و سیان نین... زۆرن زۆر... له‌هه‌ ر نیشتیمانێكیشدا ژماره‌ی‌ پیاوكوژه‌كان زۆربو، ناوه‌كانیان نرخی‌ نامێنێت

ده‌سه‌ڵات ناوی‌ شه‌هیده‌كانی‌ ئێوه‌ش نازانێت، چونكه‌ ناوی‌ شه‌هیده‌كان زۆرن زۆر...  له‌ هه‌ر نیشتمانێكیشدا ژماره‌ی‌ شه‌هیده‌كان زۆربو، ناوه‌كان نرخیان نامێنێت

ده‌سه‌ڵات ناتوانێت وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كانتان بداته‌وه‌، چونكه‌ پرسیاره‌كان زۆرن زۆر... له‌ هه‌ر نیشتمانێكیشدا پرسیار وه‌ها زۆربو، وه‌ڵام نرخی‌ نامێنێت

ئازیزان. جێگای‌ سه‌رسامی‌ هه‌مومانه‌ كه‌ رۆژ دوای‌ رۆژ ده‌سه‌ڵات له‌بری‌ گوێگرتن له‌ ئێوه‌، گوێنه‌گرتنی‌ هه‌ڵبژاردوه‌.
له‌بری‌ سه‌یركردنی‌ ئێوه‌، سه‌رقاڵی‌ سه‌یركردنی‌ خۆیه‌تی‌

له‌بری‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ ئێوه‌ ته‌نیا و ته‌نیا بیر له‌ خۆی‌ ده‌كاته‌وه‌... له‌هه‌ر نیشتمانێكیشدا ده‌سه‌ڵات بیری‌ له‌خۆی‌ كرده‌وه‌، ده‌سه‌ڵات نرخی‌ نامێنێت

ده‌سه‌ڵات نا توانێت ئێوه‌ ببینێت... نایه‌وێت ئێوه‌ ببینێت... چونكه‌ ئێوه‌ جوانی‌ و ئه‌و شوێنی‌ مردنی‌ جوانییه‌... نایه‌وێت تێتانبگات چونكه‌ نوێنه‌ری‌ سه‌رده‌مێكن كه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ستی‌ پیایدا ناگات... ده‌سه‌ڵات تێتانناگات، چونكه‌ ئێوه‌ زیندو ئه‌و مردوه‌... ئازیزان ئێوه‌ ره‌مزی‌ نوێبونه‌وه‌ی‌ دونیا و ده‌سه‌ڵات ره‌مزی‌ پیربونی‌ دونیایه‌... ئێوه‌ له‌ رێگادان بۆ له‌دایكبونی‌ سه‌رده‌مێكی‌ تر و ده‌سه‌ڵات له‌ رێگادایه‌ بۆ ماڵاوایی... ئێوه‌ هاتون و ئه‌و ده‌ڕوات... ئێوه‌ هه‌ڵدێن و ئه‌و ئاوا ده‌بێت... هیچ شتێك ئێوه‌ و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویه‌ كۆنه‌كردۆته‌وه‌ رێكه‌وت نه‌بێت.
رێكه‌وته‌ كه‌ رۆحی‌ ئێوه‌،  له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و زه‌مینه‌ سه‌وزبوه‌ كه‌ كه‌سانێكی‌ بێباك ده‌رهه‌ق به‌ هاواری‌ ئێوه‌شی‌ سه‌وزكردوه‌. ئێوه‌و ئه‌وان له‌ هیچدا له‌ یه‌ك ناچن... ده‌بێت دروشمی‌ ژیانی‌ ئێوه‌ بێت له‌ هیچدا له‌وان نه‌چن... ده‌بێت ئێوه‌ له‌ هه‌ر كه‌س وردتر سه‌یری‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌ن، تا هه‌وڵبده‌ن له‌وان نه‌چن... ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان رقیان له‌ ده‌نگی‌ تره‌، ده‌بێت هۆیه‌كی‌ گه‌وره‌ بێت بۆ ئێوه‌ تا ده‌نگی‌ ترتان خۆشبوێت... ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان پاشه‌ڕۆژی‌ ئه‌م وڵاته‌یان پێ‌ گرنگ نیه‌، هه‌وڵبده‌ن پاشه‌ڕۆژتان بۆ گرنگ بێت... ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان له‌ ئازادی‌ تێناگه‌ن، ئێوه‌ هه‌وڵبده‌ن قوڵتر و رونتر له‌م وشه‌یه‌ تێبگه‌ن. ئازیزان ته‌نیا رێگا تا ئێوه‌ بتوانن له‌ رێگایه‌وه‌ دونیا بگۆڕن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ هیچدا له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌چن

ئێوه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ن كه‌ ده‌سه‌ڵات خۆی‌ تێدا ده‌بینێته‌وه‌... جگه‌ له‌ ئێوه‌ ئێستا و‌ڵاتی‌ ئێمه‌ ئاوێنه‌یه‌كی‌ تێدا نیه‌ كه‌ هه‌قیقه‌تی‌ مێژوی‌ سیاسی‌ ئێمه‌ پیشانبداته‌وه‌. هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكیش بترسێت له‌وه‌ی‌ له‌ ئاوێنه‌ی‌ ئێوه‌دا سه‌یری‌ خۆی‌ بكات، ناچاره‌ تا كۆتایی له‌ ئاوێنه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ درۆزنه‌وه‌ كه‌ وێنه‌ی‌ راسته‌قینه‌ پیشانناداته‌وه‌ خۆی‌ ببینێت. ئێوه‌ ته‌نیا چاوێكن كه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت له‌ رێگایه‌وه‌ خۆی‌ ببینێت، هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكیش نه‌یه‌وێت له‌ رێگای‌ چاوی‌ ئێوه‌وه‌ خۆی‌ بینێت.. نابینایه‌

كۆمه‌ڵگای‌ ئێمه‌ ئێمه‌ بێزاربو له‌ حوكمی‌ ئه‌رستۆكراتیه‌تكی‌ لوت به‌رز كه‌ نایه‌وێت تێبگات چی‌ رویداوه‌و خه‌ڵك داوای‌ چی‌ ده‌كه‌ن. ده‌سه‌ڵات زۆر دره‌نگ تێده‌گات، چونكه‌ له‌ سروشتی‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ كه‌ هه‌میشه‌ واتێده‌گات كات له‌ قازانجی‌ ئه‌وه‌... له‌ كاتێكدا مێژو سه‌لماندوێتی‌، میله‌تان هه‌مو كاتی‌ دونیایان له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ مێژوی‌ خۆیان دروستبكه‌ن... ده‌سه‌ڵات ئه‌مڕۆ هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ تری‌ خۆی‌ ده‌كات كه‌ واتێده‌گات كات له‌ قازانجی‌ ئه‌وه‌... كات هه‌میشه‌و هه‌میشه‌ له‌ قازانجی‌ ئێوه‌یه‌، چونكه‌ ئێوه‌ ته‌نیا هێزن كه‌ پیر نابن و ناڕۆن و هه‌میشه‌یین

گره‌وكردن له‌سه‌ر كات، دۆڕاوترین گره‌وێكه‌ ده‌سه‌ڵاتێك له‌ دونیادا ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵك بیگرێته‌ به‌ر، چونكه‌ ئێوه‌ ئه‌و هێزه‌ن كه‌ له‌ پاشه‌ڕۆژه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵات ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌  له‌ رابوردودا خه‌وتوه‌... ترسناكترین ده‌سه‌ڵاتێك له‌ دونیادا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ كه‌ نه‌ترسێت له‌وه‌ی‌ كه‌ سبه‌ینێ‌ رۆژی‌ ئه‌و نییه‌

ئازیزان..
ده‌سه‌ڵات نایه‌وێت به‌ مێژوی‌ خۆیدا بچێته‌وه‌، هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكیش نه‌یویست به‌ مێژوی‌ خۆیدا بچێته‌وه‌، شایسته‌ی‌  پاشه‌ڕۆژ نییه‌

ده‌سه‌ڵات له‌وه‌ تێناگات كه‌ وه‌ستانی‌ ئێوه‌ لێره‌دا وه‌ستانه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك هیواو ئومێدی‌ ئه‌به‌دی‌ كه‌ هه‌رگیز پیرنابێت... من دڵنیام كه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ له‌م مه‌یدانه‌دا كۆده‌كاته‌وه‌، خه‌ونێكه‌ پێشتر زۆر دیكتاتۆری‌ گۆڕكردوه‌... ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌مو ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ دونیا ته‌مه‌نی‌ درێژتره‌... ئه‌وه‌ی‌ گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات هیواكانی‌ ئێوه‌ بمرێت... ئومێده‌كانتان پیر بێت... گره‌و له‌سه‌ر ئه‌سپێكی‌ دۆڕاو ده‌كات... به‌رده‌وامبن... ئێوه‌ ته‌نیا هێزن كه‌ ئه‌به‌دین و پیرنابن... ته‌نیا شتن كه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ حیسابی‌ كات و شوێن و پیربونه‌وه‌ هه‌ڵقوڵیون، چونكه‌ هه‌ڵگری‌ هیوایه‌كن كه‌ ئه‌به‌دییه‌ ئه‌ویش هیوای‌ ئازادبونه




ئه‌م په‌یامه‌ی به‌ختیار عه‌لی دوێنێ (هه‌ینی) ۲٠۱۱/۳/۲۵ له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانی خوێندرایه‌وه‌.

‌لە سایتی سبەی ە وە

گەڕان بە دوای تایبەتمەندییەکانی ئەم ساتەدا

«خوێندنەوەیەک بۆ ئەوەی له‌ئێستادا شکاوە‌و ئەوەی دەشێت بشکێت»

سەرەتا دەبێت بڵێم کە شۆڕش هەمیشە تێکەڵەیەکی گەورەیە له‌ئیرادەی باش‌و خراپ، له‌ساتی کارەساتاوی‌و ساتگەلی دیکەی راستگۆیی... له‌ئازار‌و بەختەوەری... له‌ڕۆحی شەڕانگێز‌و رۆحی فریشتەیی... له‌خواستی‌ وێرانکردن‌و خواستی گۆڕان بەرەو باشتر... شۆڕش شتێک نییە کە له‌و ناکۆکییانە جیابکرێتەوە، له‌و کەرتبوونە ناوەکییانە داببڕێت. وشەی شۆڕش خۆ بە خۆ هیچ مانایەکی پێشوەختی نییە‌و تەنیا له‌سیاقێکی گەورەتردا دەتوانین تێیبگەین. شۆڕش روداوێکی مێژوویی گەورەیە، بەڵام ماهییەتی ئەم روداوە گەورەیە شتێک نییە له‌سەرەتاوە ئاشکرابێت، بەهای راستەقینەی هەموو شۆڕشێک‌و بزاوتێکی گەورە کەمتر له‌ساتی خۆیدا دەردەکەوێت، بەڵکو له‌داهاتوودا دەردەکەوێت، شۆڕشەکان سەرەتا تۆو دەخەن‌و ئەو تۆوانە درەنگ بەردەگرن... ئەمە مانای ئەوە نییە کە سیمای یەکەمی بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان گرنگ نییە، بەڵکو مانای ئەوەیە کە مەرج نییە هەموو ئەگەرەکانی ناو شۆڕش بەربگرێت، شۆڕش هەمیشە هەم فریشتەیەک‌و هەم دیۆێکیش بەخەبەر دەهێنێت، بەڵام کامیان دواجار سەردەکەون، ئەوە پاشەڕۆژ وەڵامیدەداتەوە... بە گشتی گرنگی شۆڕشێک یان بزاوتێکی سیاسی تەنیا له‌وەدا نییە له‌سەر شانۆی سیاسی ئەم ساتەوەختە چ جێگایەک داگیردەکات، بەڵکو له‌ناو سیاقی کۆی مێژووشدا ئاماژە بەچی دەدات. بۆیە ناکرێت گرنگی ئەم بزاوتە له‌ئاستی دژایەتی گەندەڵی یان دژایەتی ستەمی سیاسییدا دیلبکەین، بەڵکو من گرنگی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە له‌هەندێ خاڵی دیکە‌و وردتردا دەبینم، واتە خودی ئەم بزاوتە له‌سەر ئاستە نادیار‌و له‌سەر سەتحی شەپۆله‌ نهێنییەکەی مێژوو کۆمەڵێک دەستکاری‌و گۆڕانکاری دروستکردوە کە پێویستە بیبینین. لێرەدا هەوڵدەدەم سەرنجێک‌و تیشکێکی رۆشنتر بخەمە سەر ئەو ئاستە نادیار‌و نهێنییەی کە خودی بزاوتەکە له‌ژێرەوەڕا کاری له‌سەردەکات، هەوڵدەدەم کۆی سەرنجەکانم له‌پێنج تەوەردا کورتبکەمەوە کە بەبڕوای من گرنگترین ئەو جومگانە پێکدەهێنن کە بزووتنەوە سیاسییەکە دەرکەوتە‌و دیاردەی نوێی تێدا بەرهەمهێناوە

دەرچوون له‌ترسی ئەبەدیی نەمان
بەدرێژایی سەد ساڵی رابوردوو. تاکە شتێک کە بزوێنی شۆڕشەکانی ئێمە بووە، شەڕبووە له‌گەڵ داگیرکەردا، جەنگی مان‌و نەمان بووە له‌گەڵ هەڕەشەی تواندنەوە‌و فەوتاندا، گوتاری باڵادەست لێرەدا پاراستنی کۆمەڵگا‌و نەتەوە بووە له‌له‌ناوچوون، ئەم شۆڕشانە هیچیان شۆڕشی ئیشکردنی کۆمەڵگای کورد نەبوون له‌سەر خۆی، شۆڕشی بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد نەبوون له‌سیستمی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی خۆی، بەڵکو شۆڕشی بیرکردنەوە بوون له‌دەربازبوون له‌داگیرکەر‌و رزگارکردنی نەتەوە له‌ترسی فەوتان. گوتاری سەرەکی‌و دیسکۆرسی زاڵ بەسەریدا «گوتاری مانەوە» بووە کە تەنیا نیازی پاراستنی نەتەوە بووە‌و هیچی تر... ئەم گوتارە، بە روویەک کوردی له‌تواندنەوە پاراستووە‌و بەسەرێکیش مرۆڤی کوردی له‌سنووری تەسکی پاراستنی خود‌و ژیاندا دیلکردوە‌و رێگرییەکی گەورەی له‌گەشەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی ئێمە کردوە. جەوهەری ترسناکی ئەم گوتارە ئەوەیە کە «پاراستنی خود» له‌ «گۆڕین‌و گەشەپێدانی خود» جیادەکاتەوە. ئەو تەباییە دەستەجەمعییەی کە دەتوانێت بۆ پاراستنی خود دروستیبکات، ناتوانێت له‌تێڕوانیندا بۆ خود دایبمەزرێنێت. ئەم گوتارە له‌ساتێکدا دەبێت بشکێت‌و پرۆسەی پاراستنی خود‌و گۆڕینی خود پێکەوە گرێبداتەوە، بەبێ ئەو پرۆسەیە مێژووی ئێمە دەبێتە مێژوویەکی چەقبەستوو. شۆڕشەکانی پێشووی کورد پێکڕا شۆڕشی خۆپاراستن‌و مانەوە بووە، ئەو هێزەی ئەمڕۆ دەجوڵێت ئەو لۆژیکە دەشکێنێت کە له‌دووسەد ساڵی رابوردوودا باڵادەست بووە... لۆژیکی مانەوە بەرەو پرۆسەیەکی تر تێدەپەڕێنێت کە گۆڕینی خودە. گرنگی ئەم بزاوتە له‌وەدایە بۆ یەکەمجار هێزێکی کۆمەڵایەتی گەورە دروستدەبێت کە پرۆسەی پاراستنی نەتەوە بە پرۆسەی دەستکاریکردنی کۆمەڵگا خۆیەوە گرێدەدات، چیتر گوتاری ناسیۆنالیستی کوردی ئەو گوتارە نییە کە تەنیا له‌ڕێگای دژایەتیکردنی داگیرکەرەوە دەتوانێت نەتەوە بپارێزێت، بەڵکو له‌ڕێگای گۆڕینی خود‌و گۆڕینی دونیاوە دەیەوێت سنوورە تەقلیدییەکانی گوتاری مانەوە‌و فۆرم‌و میکانیزمەکانی بگۆڕێت... دیارە ئەم گۆڕانکارییە له‌وەوبەر له‌ئەدەب‌و هونەردا روویداوە، بەڵام تا ئەم ساتە تەعبیری سیاسیانەی له‌خۆی نەکردوە‌و ئەمە یەکەمجارە هێزێکی کۆمەڵایەتی دەبێتە هەڵگری ئەم بەزاندن‌و تێپەڕینە گەورەیە. یەکەمجارە هێزێکی کۆمەڵایەتی دروستدەبێت کە ئیشکردن له‌سەر خود، نەوەک تەنیا پاراستن‌و راگرتن‌و هێشتنەوەی خود دەبێتە پڕۆژەی. ئەوە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە له‌سیستمی سیاسی ئێمەدا. وەرچەرخان له‌پاراستنی خودەوە بۆ گۆڕینی خود... واتە گۆڕینی مانای ناسیۆنالیزم، له‌ناسیۆنالیزمێکەوە کە تەنیا‌و تەنیا وەزیفەی خۆی له‌دژایەتیکردنی داگیرکەردا قەتیسدەدات، بۆ جۆرێک له‌ناسیۆنالیزم کە گەشە‌و گۆڕان‌و نوێکردنەوەی وێنەی خود‌و دەرهێنانی له‌فۆرم‌و قاڵبە دێرینەکان بە مەرجی سەرەکی پاراستنی خود دەزانێت. واتە له‌پرۆسەی بەرگری سەلبییەوە بەرەو جۆرە بەرگرییەکی ئەکتیڤ کە تەنیا خود ناپارێزێت، بەڵکو دەستکاریدەکات‌و دەشیگۆڕێت. ئەم بزووتنەوەیە بریتییە له‌ئیرادەی ئیشکردنی کۆمەڵگای کوردی له‌سەر خۆی. واتە ناسیۆنالیزم له‌جەوهەرە کولتوورییە، ترادسیۆنیستییەکەی دەردەهێنێت‌و چارەنوسی بە پڕۆژەی مۆدێرنیزەکردنەوە گرێدەدات... ئەوەی ئێستا دەبزوێت، رۆحی نوێگەرییە، ئەم وێستگەیەی تێیدا دەژین تێکشکانی فۆرمی تەقلیدی گوتاری مانەوەیە بۆ فۆرمێکی تر. کە بەبڕوای من دەبێت کاریگەرییەکی جەوهەری‌و گەورەی له‌سەر خەباتی ناسیۆنالیستی ئێمەش له‌تورکیا‌و ئێران‌و سوریا هەبێت، بەو مانایەی کە ئاڕاستەیەکی گرنگ‌و نوێ‌و گەورە دەهێنێتە مەیدان کە تێیدا پاراستنی خود له‌جەوهەردا له‌گۆڕینی خود جیانابێتەوە... پاراستنی خود بە ستایشی خود دا تێناپەڕێت، بەڵکو بە رەخنەگرتندا لێی تێدەپەڕێت

 کۆتایی شوناسە دێرینەکان
یەکێکی تر له‌و خاڵانەی کە وادەکات ئەم بزووتنەوەیە وەک دیاردەیەکی نوێ تەماشابکەین. دەرچوونە  له‌کۆی دوولانە ئایدۆلۆژییە کۆنەکان. ئەمە نە بزووتنەوەیەکی چینایەتی، نەبزووتنەوەیەکی دینی، نە بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستییە. واتە بۆیەکەمجار بزووتنەوەیەکمان هەیە بەتەواوی ناچێتەوە ژێر چەتری ئەو دابەشبوونە تەقلیدیانەوە. ئەمە دیوێکی پۆزەتیڤە، کە ئەگەر بێت‌و کاری وردی له‌سەر نەکرێت، دەشێت نەگەتیڤ‌و زیانبەخش بکەوێتەوە. رووە پۆزەتیڤەکەی ئەوەیە کە پێماندەڵێت توانای ئەو ئایدۆلۆژیانە له‌سەر مۆبیلیزەکردنی شۆڕشگێڕانە گەیشتۆتە ئاستێکی زۆر نزم، خودی لاوازبوونی ئەم هێزی مۆبیلیزەکردنە نیشانەی ئاوابوونی سەردەمێکی گەورەیە له‌مێژووی ئێمەدا... هەڵبەت ئەم دیاردەیە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هەقیقەتی کۆتاییهاتنی ئایدۆلۆژیا گەورەکان کە له‌گەڵ هەرەسی بلۆکی کۆمۆنیستیدا دەگاتە ئەوپەڕی، بەڵام بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بونبەستە سیاسییەی کە ئایدۆلۆژیاکان له‌خۆرهەڵاتدا بەگشتی تێیکەوتوون بەوەدا کە چیتر توانای خوێندنەوەی واقیع‌و تێگەیشتنیان له‌نەوە تازەکان نەماوە. هەڵبەت ئەم شۆڕشە نائایدۆلۆژیانە پێشتر له‌هەندێک وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپادا روویاندا، وەک له‌سربیا‌و ئۆکرانیا بینیمان، بەڵام له‌خۆرهەڵاتی ئێمەدا کە بە هەق شایستەی ناوی زەلکاوی ئایدۆلۆژیاکانە، سەرهەڵدانی بزاوتێکی نائایدۆلۆژی گەورە نامومکین دەردەکەوت. ئایدۆلۆژیا بریتییە له‌کێشانی وێنەیەکی دیاریکراو‌و قەتعی بۆ پاشەڕۆژ. ئایدۆلۆژیاکان، هەمیشە داهاتوو له‌سەر رۆشنایی نیگارە تیۆرییەکەی خۆیاندا نیگاردەکەنەوە واتە ئایدۆلۆژیا مەبەستێتی کۆمەڵگا بۆ رێکەوت‌و ئەگەر بەجێنەهێڵیت. ئایدۆلۆژیا بریتییە له‌کوشتنی ئەگەرەکان، بەڵام شۆڕشی ئەنتی ئایدۆلۆژی بریتییە له‌کردنەوەی مێژوو‌ و کۆمەڵگا له‌بەردەم بێشومار ئەگەردا... له‌م ساتانەدا کە وێنەیەکی ئایدۆلۆژی بۆ پاشەڕۆژ ئامادەنییە، داهاتوو دەکەوێتە بەر گەمەی خەیاڵ‌و ئیرادەوە، شۆڕشی نائایدۆلۆژی له‌کۆمەڵگایەکی زیندوودا دەتوانێت خەیاڵی کۆمەڵایەتی بەجۆرێک بەرفراوانبکاتەوە‌و پرۆسەی دروستکردنەوەی کۆمەڵگا له‌دەست هەر جۆرە بڕیارێکی پێشوەخت دەربهێنێت

کرانەوەی مێژوو بەسەر ئەگەرە ناوەکییەکانیدا، تەنیا بەو مانایە نایەت کە مێژوو دەنگە نادیارەکانی پاشەڕۆژی خۆی گوێ لێبێت، واتە ئەو ئاماژانە بخوێنێتەوە کە داهاتوو دەینێرێت... بەڵکو دەنگە کوژراو‌و کپکراوەکانی دوێنێش ببیستێت. نائامادەگی ئایدۆلۆژیا تەنیا پاشەڕۆژ له‌دەست پێشداوەری‌و بڕیاری پێشینە رزگارناکات، بەڵکو رابوردووش رزگاردەکات‌و بەشە فەرامۆشکراوەکانی دەهێنێتەوە سەرەوە. ئەوەی له‌ڕابوردوودا ناشیرینە، رابوردووی دەسەڵاتدارانە نەوەک رابوردووی ژێردەستەکان. لێرەوە لاوازبوونی تێڕوانینی ئایدۆلۆژی بانگەوازێکی گەورەیە بۆ ئەوەی رابوردوو بەجۆرێکی دیکە ببینین‌و له‌سەر رۆشناییەکی دیکەدا ماهییەتی دەستنیشانبکەین

بەڵام غیابی ئایدۆلۆژیا دەشێت مەترسی خۆشی هەبێت، بۆ نمونە ئایدۆلۆژیا بریتییە له‌ئارەزووی گۆڕینی سیستەم نەوەک دەسەڵات، راستە هەموو یۆتۆپیاکان ئایدۆلۆژی نین، بەڵام زۆربەی ئایدۆلۆژیاکان یۆتۆپین‌و خواستی گۆڕینی سەرتاسەریان هەیە. زۆرجار نائامادەگی بەهێزی ئایدۆلۆژیا وادەکات بزاوت‌و توڕەییەکان پتر رووبەڕووی کایەی سیاسی بکرێنەوە‌و کۆی سیستمەکەی لێدەربکرێت. ئایدۆلۆژیا ترسناکییەکەی له‌وەدایە کە جۆرێک له‌ناڕەزایی دروستدەکات کە مەبەستی سەرەکی تێیدا تەنیا گۆڕینی سیستمی سیاسی نییە، بەڵکو تەواوی سیستمی ژیانی فەردی‌و ئابوری‌و پەیوەندی کۆمەڵایەتییە. ئایدۆلۆژیا دەستێوەردانێکی گەورەیە له‌هەموو ئاستەکانی ژیان... له‌قاڵبدانی فەرد‌و دروستکردنی چوارچێوەیەکی ئەتیکیی گشتییە کە جێگا بۆ هەڵبژاردنی ئازاد ناهێڵێتەوە. ئامادەنەبوونی ئایدۆلۆژیا وادەکات رەهەندی سیاسی بزووتنەوەکە پتر بئاوسێت... واتە ببێتە ئیعترازێکی توندتر دژی دەسەڵاتی سیاسی نەوەک دژی سیستەم. لێرەدا دیوە ترسناکەکەی نائامادەگی ئایدۆلۆژی دەردەکەوێت بەوەی کە گۆڕینی دەسەڵات، وەرنەگه‌ڕێتە سەر گۆڕینی سیستم‌و مانەوەی وەک خۆی. واتە گۆڕین له‌کایەی سیاسیدا گیربخوات‌و نەگوازرێتەوە بۆ کایەکانی تر... ئاخۆ گۆڕینی ریشەیی بەبێ کۆمەکی ئایدۆلۆژیا، کارێکی شیاو‌و کراوە? ئایا نائامادەگی ئایدۆلۆژیا له‌سەر سەتحی دونیادا گەیاندنی شۆڕشەکانە بە بونبەست? ئاخۆ گۆڕینی سیستەم بێ ئایدۆلۆژیا مومکینە? ئەوانە پرسیارگەلێکی جەوهەرین کە جارێکی تر پەیوەندی نێوان شۆڕش‌و ئایدۆلۆژیا دەخاتەوە ژێر پرسیارەوە. بەبۆچوونی من کارلێکی فیکری، فەزای کراوە، رەخنەی بەردەوام، دەتوانێت شوێنی ئایدۆلۆژیا پڕبکاتەوە. گۆڕینی جیهان ئەمڕۆ پتر کەوتۆتە دەست ئەو هاوکێشە ئاڵۆزەی کە فیکر‌و سیستمی کۆمۆنیکاتسیۆن‌و گەشەی زانست له‌گەڵ یەکدا کۆدەکاتەوە... چیتر ئایدۆلۆژیاکان جیهان ناگۆڕن، بەڵکو ئەو فاکتەرانەی کە فەزای گشتی‌و گەشەی ئاستەکانی پەیوەندی بەرهەمیدەهێنن جیهان دەستکاریدەکەن. پاشەڕۆژ چیتر ئایدۆلۆژیاکان نیگاری ناکێشن، بەڵکو پێکەوەکارلێکی بەردەوامی زانست‌و ئەخلاق‌و سیاسەت ئەوکارەدەکەن کە دەبێت له‌پەیوەندییەکی بەردەوامدا بن‌و بەردەوامیش یەک چاوەدێری ئەوی دی بن. ئەمڕۆ ترسناکترین شتێک ئەوەیە کە یەک رەهەند، یەک کایە بیەوێت خۆی وەک شا بڕیاردەر‌و شا کایە بسەپێنێت

 کۆتایی خەباتی نهێنی
یەکێک له‌و بنەما سەرەکیانەی سیاسەت کە ئێستا هەرەسدەهێنێت، چەمکی خەباتی نهێنی‌و چەمکی دیسپلینە کە دوو چەمکی سەرەکی‌و کلاسیکی ناو فۆرمی خەباتی کلاسیکییە. خەباتی نهێنی هەمیشە خەباتێکە بێکاراکتەرە، ئەوەی پێیهەڵدەستێت رووی خۆی دەرناخات، کاراکتەری فەرد یان دەنگی فەرد تێیدا زۆر کزە... خەباتی نهێنی له‌سەر خۆدەرنەخستن دروستبووە، لێرەوە شۆڕش جگە له‌چەند دەموچاوێکی دیاریکراو، دەموچاوی تری نییە، سیاسەتیش دەبێتە رووبەرێکی پڕ نهێنی، کە تێیدا سیاسەت زۆر بەرپرسیارێتی خۆی دەشارێتەوە. له‌سەردەمی خەباتی نهێنیدا دەسەڵات دەموچاوی دیارە‌و خەڵک روخساری خۆی دەشارێتەوە، بەڵام له‌مڕۆدا، له‌خەباتی ئاشکرادا، مرۆڤەکان هەموو بەرپرسن، هەموومان دەموچاوی خۆمان دەردەخەین‌و دەسەڵات دەموچاوی دەشارێتەوە. له‌خەباتی نهێنیدا مرۆڤ هەستناکات بەرپرسە، چونکە وێنەکەی ئامادەنییە، مرۆڤ نوێنەری خۆی نییە، بەڵکو تارماییەکە له‌تاریکیدا‌و ئەو کارانەی دەیکات راستەوخۆ ئاماژەنین بۆ فەردانییەتی ئەو، بەڵکو ئاماژەن بۆ خواستی حیزب. له‌خەباتی نهێنیدا حیزب بکەری گەورەیە، حیزب روخساری گەورەیە، نەوەک فەرد... ئاوسانی حیزب‌و دەوری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو میکانیزمانەی له‌سەردەمی خەباتی نهێنیدا باڵادەستبووە، ئەوەی حیزبی گۆڕی بۆ ئەفسانە‌و مێردەزمە بەسەر ژیانی سیاسییەوە، فۆرمی خەباتی نهێنی بوو، بەڵام له‌خەباتی ئاشکرادا دەموچاوە ئاشکراکان دێنەسەر سەحنە... قسە له‌سەر ناوە راستەقینەکانە، نەوەک له‌سەر ناوە نهێنییەکان، لێرەوە رۆڵی ئەفسانەیی حیزب کۆتایی پێدێت‌و رۆڵی ئەفسانەیی فەرد دەستپێدەکات. مەترسییەک لێرەدا هەبێت ئەوەیە کە بە ئەفسانەکردنی حیزب له‌سەردەمی پێشوودا هاوشان بێت بە ئەفسانەکردنی فەرد له‌م سەردەمەدا. له‌حیزبی موقەدەسەوە بەرەو پاڵەوان‌و فەردی موقەدەس بگوازینەوە، بەتایبەت بە ئاشکرا دەبینین پرۆسەی قارەمانسازی له‌هەندێک ماڵپەڕ‌و کەناڵی میدیاوە بە جۆرێکی سیستماتیک بەڕێوەدەچێت، له‌خەباتی ئاشکرادا مەترسی ئەوە هەیە کە هەندێک کاراکتەری کاریزمی دەموچاوی فەردەئاساییەکان بشارنەوە، له‌کاتێکدا خەباتی ئاشکرا بۆئەوە نییە کە فەردی موقەدەس‌و ئەفسانەیی دروستبکرێت، بەڵکو بۆئەوەیە کە ئینسانە ئاساییەکان ببنەوە بە بکەر‌و دروستکەری مێژوو، ئەوەی بێدەنگکراوە بدوێت، با له‌ئێستادا ئەوانەقسەبکەن کەقسەیان نەکردوە... گەورەیی خەباتی ئاشکرا له‌وەدایە کە مرۆڤە سادەکان دەکاتەوە بەدروستکەری مێژوو. مرۆڤە سادەکان له‌نێویدا کاراکتەر‌و دەنگی خۆیان دەدۆزنەوە. ئەمە ئەو ساتەیە کە دەنگە خنکاوەکانی ناو وێرانەی مێژوو قسەدەکات‌و دەبێت هەموو گوێی لێبگرین. خەباتی ئاشکرا، ئاشکراکردنی دەنگی ئەوانەیە کە دەنگیان نەبووە، بەخشینی رووبەرێکی بەرینە بەو هاوار‌و دەنگانەی کە ئاشکرا نەبوون... گواستنەوە بۆ خەباتی ئاشکرا، کاتێک مانای دەبێت کە بکەری نوێ‌و قسەکەری نوێ بهێنێتە سەر سەحنە، کۆمەک بە نەوە تازەکان بکات، له‌و خەباتەدا دەنگی خۆیان ببیستنەوە‌و رێگای خۆیان بدۆزنەوە. بایەخی خەباتی ئاشکرا له‌وەدا نییە کە ئێمەی نوسەران دووبارە گوتەکانی خۆمان له‌بەردەم کۆمەڵە خەڵکانێکی زیادتر‌و گەورەتردا دووبارەبکەینەوە، بەڵکو بۆئەوەیە ئەوەی تا ئەمڕۆ نهێنییە، چیتر بە نهێنی نەمێنێتەوە‌و ئەوەی تا ئێستا ئاشکرانییە‌و دەنگی نەگەیشتووە. ئاشکرابێت‌و دەنگی بگات

 رێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان دیسپلین‌و ئەنارشییەت له‌کۆمەڵگادا
یەکێک له‌و هەڵە گەورانەی کە بەردەوام دەکرێت‌و دووبارەدەکرێتەوە، وێناکردنی کۆمەڵگای ئێمەیە وەک کۆمەڵگایەکی ناڕێک. له‌ڕاستیدا کۆمەڵگای ئێمە یەکێکە له‌کۆمەڵگا زۆر دیسپلینکراوەکان، دەسەڵاتی حیزب بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا‌و بەسەر جومگە سەرەکییەکانیدا تا رادەیەکی زۆر بەچەشنێکی ئاسنین‌و رێکخراو بەڕێوەچووە، کۆنترۆڵکردنی ژیان‌و کۆمەڵگاش هەمانشێوە، رێکخستنێکی ئاسنینی بەخۆوە دیوە. پله‌ی دیسپلینکردنی ئاسنینینی حیزب بۆ ژیان له‌بیست ساڵی رابوردوودا، هاوشێوەی پله‌ی دیسپلینکردنی حیزبە ستالینییەکان بووە. له‌هەموو کۆمەڵگایەکی زیندوودا دەبێت هاوسەنگییەک له‌نێوان دیسپلین‌و ئازادیدا هەبێت، ئازادی هیچ نییە جگە له‌توانای کۆمەڵگا کە له‌گەڵ پله‌یەکی دیاریکراوی ناڕێکیدا بژی... ئازادی هیچ نییە جگە له‌توانای بانگهێشتکردنی پله‌یەک له‌ناڕێکی‌و ئەنارشییەت. ناڕێکی بەو مانایەی تاکە دەسەڵاتێک له‌کۆمەڵگادا نەبێت کە هەموو شتەکان رێکبخات، بەڵکو پرۆسەی رێکخستنی کۆمەڵایەتی‌و ئیشی ئیدارەدانی کۆمەڵگا بابەتێکی هەمیشە نوێ‌و هەمیشە کراوەبێت. دیسپلینی سەرتاسەری درەنگ یان زوو له‌فاشییەتدا تەواودەبێت. ئەو دیسپلینە سەرتاسەرییە بەبێ ساتێک له‌ئەنارشییەت، بەبێ ساتێک له‌بچوکبوونەوەی دەسەڵات‌و تێکشکاندن‌و لاوازبوونی نامومکینە. وشەی حیزب له‌مێژووی ئێمەدا بۆتە وشەیەکی ناشیرین، چونکە راستەوخۆ بە رێکخستن‌و دیسپلینی ئاسنینەوە گرێدراوە. ئەمڕۆ ئەم بزاوتە نوێنەری ساتێکی هەڵهاتن‌و تێکشکانی دیسپلینە، له‌ڕاستیدا دژی ئەو دیسپلینە دیکتاتۆری‌و ئاسنینەیە کە له‌پەنجا ساڵی رابوردووی ئێمەدا کۆمەڵگای خنکاندووە‌و تا ئێستا دەیخنکێنێت. ساتێکە نوێنەری ساتێکی ئانارشیانەی پێویست‌و گرنگی ناو مێژووی ئێمەیە. ئێستا ئەو رەخنەیەی کە له‌بزووتنەوەکە دەگیرێت کە ناڕێکە، کە رۆشن نییە، کە ئاڕاستەی نییە، رەخنەی زۆر ترسناک نین، له‌بەرئەوەی خودی بزاوتەکە هێنانەوەو گێڕانەوەی شتێک له‌ڕۆحی ئانارشییەتە بۆ ناو مێژووی ئێمە. ئەنارشییەت ساتی مردنی باوکە پیرەکانە بە مەرجێک توانامان هەبێت دەمودەست بۆ باوکێکی تر نەگەڕێین، بەڵکو له‌زەت له‌و ساتە ئۆدیبییە وەربگرین کە ساتی مردنی باوکە‌و له‌زەت له‌و ئازادییە وەربگرین کە پیربوونی باوک جێیدەهێڵێت. لای من ترسناکترین شت ئەو خواستەیە کە ئێستا سنوورە ئەنارشییەکانی ئەم ساتە تەسکبکرێتەوە‌و بەڕۆحی رێکخستنەوە مامەڵە له‌گەڵ جوڵانەوەکەدا بکرێت. سیاسەتی دروست ئەوەیە ئێستا هەر یەکەمان‌و بە شوناسی خۆمانەوە ئەو ئازادییە بژین کە ئەم ساتە پێشکەشماندەکات، بێئەوەی پڕۆژەی دیسپلینێکی گەورە دووبارە هەموومان بخاتەوە ئامێزی خۆی. ناڕێکی له‌م بزاوتەدا تاکە مەرجە کە بشێت هەموومان تێیدا بەشداربین. له‌کۆمۆنیستەوە بۆ ئیسلامی‌و تا ئەو نوسەرانەی وەک ئێمە کە هەمیشە ئیشمان بووە له‌دەرەوەی پێناسەدا بژین‌و بمێنینەوە. ترسناکترین دوژمنی ئەم بزووتنەوەیە ئێستا باوکە پیرەکان نین، بەڵکو ئەوانەن کە راستەوخۆ دەیانەوێت خۆیان وەک ئەلتەرناتیڤی باوک پێشکەشبکەن... وەک ئەو باوکەی جێگای باوکی پیر دەگرێتەوە. ئێستا گرنگە چێژی ئەنارشیانە بۆ یەکەمجار مێژووی ئێمە پڕبکات بەوزە ژیاندۆستەکەی خۆی‌و نەهێڵێت ئەو وزە ئەنارشییە بخەوێت، چونکە کۆمەڵگا چەندە پێویستی بە دیسپلینە ئەوەندەش پێویستی بە رۆحێکە کە دژی دیسپلین ئیشبکات، چەند پێویستی بە رێکخستنە ئەوەندەش پێویستی بە رێکخستنەوەیە. دیارە ئەم ناڕێکییە ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت، بەڵام گرنگە هەست بەبوونی بکەین له‌مێژوودا، گرنگە بزانین کە دەتوانین هەر کاتێک دیسپلین سنوورەکانی خۆی بەزاند بانگیبکەینەوە. گرنگە وەک دیوارێک کە سنوورەکانی دیسپلین بەری دەکەوێت هەمیشە ئامادەبێت. ئەوە زۆر گرنگە بۆ مێژوو کە بزانین هەموو ساتێک دەتوانین شتێک له‌ئەنارشییەت بگێڕینەوە بۆ هەناوی دیسپلین‌و رێکخستنە زۆرەملێکان

پچڕانی پەیوەندی ئۆتۆماتیکی له‌نێوان پراکسیس‌و تیورەدا
راستە سیاسەتی کوردی هەرگیز کایەیەکی تیوری تەواوی نەبووە کە پێشوەخت ئایدیا‌و تیورەی بۆ بەرهەمبهێنێت، بەڵام فەزایەکی ئایدۆلۆژی هەبووە کە کۆمەڵێک وێنە‌و دروشم‌و نیگاری نەگۆڕی بۆ کۆمەڵگا‌و نەتەوە‌و فەرد‌و سیاسەت هەڵگرتووە. هەم مارکسییەت‌و هەم ناسیۆنالیزم‌و هەم پارتە دینییەکانمان هەمیشە پاشخانێکی تیوریی‌و مەرجەعێکی ئایدۆلۆژییان هەبووە کە ئیلهامیان لێوەرگرتوون، حیزبی سیاسی ئێمە له‌مەعریفەی کەمبووە، بەڵام له‌ئایدۆلۆژیای ئامادە‌و تەیارکراو کەم‌و نوقستانی نەبووە

پراکسیسی سیاسی له‌فەزای سیاسی کوردیشدا هەمیشە پراکتیککردنی ئەو ‌وێنە ئایدۆلۆژیانەبووە کە پێشوەخت وێنەی پاشەڕۆژ‌و پەیمانی داهاتووی گەشی بەخشیوە. بۆ نمونە وێنەی حیزب وەک تاکە کەرەستەی پراکسیسی سیاسی‌و تاکە هەڵگری شوناسی سیاسی له‌تەواوی سەد ساڵی رابوردوودا وێنەیەکی باڵادەستە، بەو مانایەی هەموو سیاسەتێک دەبێت حیزبی بێت، ئەم وێنەیەی سیاسەت تەواوی کایەی پراکسیسی سیاسی داگیرکردوە. پراکسیسی سیاسی له‌دەرەوەی حیزب، له‌دەرەوەی ئەو وێنە پێشوەختە بۆ سیاسەت تائەمڕۆ نەکردە دەردەکەوێت. بەڵام ئێستا لێرەدا‌و له‌م بزاوتەدا پراکسیسی سیاسی وەک کایەیەکی سەربەخۆ له‌دەرەوەی هەموو فەزایەکی ئایدۆلۆژی، له‌دەرەوەی هەموو حیزبێک، له‌دەرەوەی هەموو فیکرێکی تیوریی‌و وەک کایەیەکی تایبەتی ئیشدەکات... سلوکی شۆڕشگێڕی دەرەنجامی هوشیارییەکی تیوریی یان ئینتیمایەکی سیاسی‌و حیزبی نییە، بەڵکو دەرەنجامی ئیرادەیەکە کە له‌دایکبوە‌و دەیەوێت خۆی تاقیبکاتەوە. دەرەنجامی نەوەیەکی تازەیە کە خۆی تاقیدەکاتەوە... بەبۆچوونی من، لێرەدا هەست بەساتێکی پچڕان دەکەم له‌نێوان پراکسیس‌و تیورەدا. ئەم ساتە پتر ساتەوەختێکی نیتشەوییە له‌وەی ساتەوەختێکی مارکسی بێت، لێرەدا تیورەیەک پێشەنگی خەڵک نییە، بەڵکو ئیرادەی کردار‌و خواستی کردار‌و بەزاندنی کۆتێکی مۆراڵیانە پێشەنگی خەڵکە، بەڵام دەبێت لێرەدا دوو خاڵ زۆر رەچاوبکەین. یەکەم: یەکەم نائامادەگی تیورەی سیاسی بە مانای نائامادەگی فیکر‌و بەهای سیاسی ناگەێنێت، گەر غیابی تیورە گەیشتە ئاستی ونبوون‌و ماڵاوایی له‌فیکر، بەتایبەت فیکری رەخنەیی، ئەوە له‌بەردەم مەترسییەکی زۆر گەورەداین. بەڵام گەر نائامادەگی تیورە بەجێهێشتنی شێوەی داهاتووی کۆمەڵگا بێت بۆ دیالۆگی بەردەوام‌و کردنەوەی کایەی سیاسی بێت بۆ فرەڕەنگییەکی فیکری ئەوا له‌بەردەم دیاردەیەکی تەندروستداین. لێرەدا شۆڕش وێنەیەکی رۆشنی بۆ پاشەڕۆژ نییە، بەڵام نرخ‌و بەهای بۆ پاشەڕۆژ هەیە. واتە بۆچوونێکی له‌سەر چۆنێتی حوکم هەیە، نەوەک له‌سەر حەتمییەتی گۆڕانکارییەکان‌و شێوەی بێچەندوچوونی کۆمەڵگای پاشەڕۆژ. دووەم: زۆرجار له‌مێژوودا کار دەرەنجامی کاریگەری تیورەیەکی پێشوەخت نییە، بەڵکو دەرەنجامی پێداویستی ساتە‌وەختەکەیە. دروستبوونی هێزێک بۆ پەرچەکرداری هەنووکەیی زۆر گرنگە. مێژوو چەندە له‌ڕووداوی گەورە دروستدەبێت، ئەوەندەش له‌ڕوداوی بچوک‌و پەرچەکرداری بچوک «کە راستەوخۆ له‌هەستکردن بە زوڵمەوە دروستدەبێت». بۆ نمونە کە یەکێک له‌بەردەمماندا دەکوژرێت، ناکرێت چاوەڕوانی تیورەیەکی سیاسی بکەین تا قسە له‌توڕەیی خۆمان بکەین. نابێت‌و ناکرێت هێزی پەرچەکرداری هەنوکەیی له‌مێژوو دەربهێنرێت‌و توانای ئەو پەرچەکردارانە بەکەم بگیرێت. دروستبوونی هێزێکی کرداری هەنوکەیی بە ئەندازەی هێزی بیرکردنەوە بۆ مێژوو گرنگە. بۆئەوەی ئەم بیرۆکەیە رۆشنبکەمەوە، دەڵێم: ئەم بزووتنەوەیە بزووتنەوەیەکی ئەنتی هاملێتییە. هاملێت مۆدێلی ئەو مرۆڤەیە کە زۆر بیردەکاتەوە‌و هیچ ناکات، بەڵام ئەنتی هاملێت ناهێڵێت بیرکردنەوە ئیفلیجیبکات، لێرەدا مەبەست دابڕاندنی پراکسیس نییە له‌فیکر، بەڵکو مەبەست رێگرتنە له‌فیکر له‌وەی ببێتە رێگر له‌بەردەم کرداری مێژوویدا. سێهەم: پەیوەندی نێوان تیور‌و پراکسیس دەبێت له‌پەیوەندی نێوان ئاغا‌و خزمەتکارەکەی دەرچێت‌و هەردووکیان ببن بە دوو کایەی هاوشانی یەک، دوو کایە کە له‌ناو یەکدا ناتوێنەوە، بەڵکو کار له‌یەک دەکەن. ئەو بۆچوونەی کە پێیوایە بزاوتێکی شۆڕشگێڕ نییە بێ تیورەیەکی شۆڕشگێر، بۆچوونێکە هەموو کات دروست نییە، بەپێچەوانەوە شوناسی شۆڕش دەبێت شوناسێکی کراوە بێت‌و له‌چنگی تاقە تیورەیەک دەربهێنرێت‌و بخرێتە ناو پرۆسێسێکی بەردەوامی چاوەدێری‌و گۆڕان‌و خوێندنەوەوە کە پاراستنی کۆمەڵێک نرخی ئەتیکی‌و ئەخلاقی قیبله‌نومای بێت

تێبینی: ئەمە چڕکراوەی ئەو بابەتەیە کە نوسەر له‌ڕۆژی 19ی 3ی 2011 دا له‌هۆڵی سۆڵیدارێتی، له‌بەردەم کۆمەڵێک له‌ڕوناکبیراندا پێشکەشیکرد

لە ڕژنامەی ئاوێنەوە