Wednesday 21 September 2011

ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس

له‌ناو ئەفسانە یۆنانییەکاندا، له‌پاڵ هەر یەک له‌سیزیف‌و پرۆمیسۆس‌و نەرسیسیۆسەوە، لای من ئەفسانەی ئۆرفیۆس له‌هەموویان قەشەنگترە، بەدرێژایی مێژوو ئۆرفیۆس نزیکییەکی قووڵی لەگەڵ مەعشەری مۆسیقار‌و شاعیراندا هەبووە، قەت نەبووە مرۆڤ مۆسیقار‌و شاعیرێکی راستەقینە بێت‌و ئۆرفیۆس نەناسێت، ئۆرفیۆس بەجۆرێک له‌جۆران باپیری هەرە هەرە دێرینمانە، نوێنەری ئەو نمونە ئیدیال‌و ئەبەدییەیە کە دەربارەی داهێنەری گەورە هەمانە. له‌خۆیدا هەر سێ رەگەزە رۆمانسی‌و خەیاڵبزوێن‌و جاویدانەکەی داهێنەرانی هەڵگرتووە «بلیمەتی، عاشقی، شەهادەت». لێرەوە هیچ سەردەم‌و قۆناغێک نییە، مۆسیقاران، شێوەکاران، شاعیران، فیلمکاران نەگەڕابێتنەوە بۆ سەر ئۆرفیۆس، له‌ئۆڤیدەوە تا دەگەینە سەر جۆرج تراکل، ریلکە، تینسی ویلیامز، جان کۆکتۆ... ئۆرفیۆس هەمیشە بزوێنی خەیاڵی هونەریی بووە. ئەو بە ئەندازەیەک جوانە فەرامۆش ناکرێت. ئەو دەنگخۆش‌و «لێرا» ژەنێکی بێوێنە بوو، هەڵبەت لێرا ئەو ئامێرە تاردارە گریکییە کۆنەیە، کە له‌چەشنی قەیسارە‌و هارفە، له‌هەندێ سەرچاوەشدا بە دایکی هەر دوو ئامێرەکە حیسابدەکرێت، سەردەمانێک ئامێرەکە خۆی وەک رەمزی شاعیران‌و بیریاران وەها بوو، هەتا وشەی لیریک بۆ شیعر کە ئەمڕۆ بەکاریدەهێنین له‌لێرا-وە هاتووە . ئۆرفیۆس لێراکەی خۆی له‌ئەپۆلۆ وەردەگرێت، کە ئەویش له‌شوێنی پەنجا مانگا دزراوەکانی له‌هێرمسی برای دەستێنێت، واتە هێرمس یەکەمین داهێنەر‌و دروستکەری لێرایە، ئەو ئامێرەی ئۆرفیۆس دونیای پێ شەیدادەکات 
ئاوازەکانی ئۆرفیۆس وەها ئەفسوناوی بوون دڕندەی ترسناکی جەنگەڵانی خاوکردۆتەوە، دەریای توڕەی هێور کردۆتەوە، هەتا گاشە بەردی کێوانی هێناوەتە گریان، بەڵام رۆژێک ئۆرفیۆس تووشی نەهامەتییەکی ناخۆش دێت، ئەو زۆر شەیدای «ئۆردیکا»ـی ژنێتی، بەڵام کوڕەکەی ئەپۆلۆ «ئەریستایۆس» «کە بە گشتی خوداوەندێکی خراپ نییە‌و ژیاننامەکەی بە پێچەوانەی زۆر له‌خوداوەندە یۆنانییەکان کاری زۆر باشی تێدایە» ئەویش شەیدای ئۆردیکا دەبێت‌و تەقەلای ئەوە دەدات لاقەیکات‌و دەستی بۆ بەرێت، کە ئۆردیکا لەدەستی هەڵدێت، له‌کاتی خۆشاردنەوە‌و راکردندا بە هەڵە پێ بە مارێکدا دەنێت، مارەکەش دەیگەزێت‌و دەیکوژێت.
مردنی ئۆردیکا بۆ ئۆرفیۆس ئازاربەخشە. ئۆرفیۆس بەو تراژیدیایە دەبێتە یەکەمین هونەرمەند‌و داهێنەری نەفرەت لێکراوی مێژوو، کە بەدبەختی وەک کولتوور بۆ هەموو داهێنەرانی دوای خۆی جێدەهێڵێت. لەگەڵ مردنی ئۆردیکادا تراژیدیای راستەقینەی ئۆرفیۆس دەستپێدەکات. ئۆرفیۆس وەک هەموو هونەرمەندە گەورەکان له‌هونەر زیاتر چەکێکی نییە، ئەو له‌ناو قارەمانەکانی گریکدا له‌هەمووان زیاتر رۆحی هونەرمەندی مۆدێرنی پێوە دیارە، ئەو باوەڕی وایە بە هێزی هونەر دەتوانێت بەگژ مردندا بچێتەوە... ئەوەی ئۆرڤیۆس بیر لەوە دەکاتەوە دابەزێت بۆ دونیای خوارەوە، بۆ دۆزەخ «هادەس»، بۆ جیهانی مردوان‌و لەوێوە ئۆردیکا بهێنێتەوە... دوو شتی گرنگی رۆحی شاعیران له‌هەموو ئان‌و زەمانێکدا بەرجەستەدەکاتەوە، کە بریتیین له"تەسلیم نەبوون بە واقیع"‌و «شەڕکردن بە هونەر لەگەڵ مردن» دا
سەفەری ئۆرفیۆس بۆ هادەس سەفەرێکی رەمزییە، نیشانەی ئامادەگی هونەرمەند‌و شاعیرانە بۆ دابەزین بۆ دۆزەخ، ئۆرفیۆس باوەڕی وایە کە بە دەنگە خۆشەکەی خۆی‌و بە نەغمەی لێراکەی، ئۆردیکا بهێنێتەوە بۆ ژیان... هەر واش دەبێت. هەتا خوداوەندان‌و جانەوەرە دڕەکانی دۆزەخ، هەتا سەگە سێ سەرە بە ناوبانگەکەی هادەس «کربیرۆس» دەکەونە ژێر کاریگەریی هونەری ئۆرفیۆسەوە. دڕترین جانەوەرانیش ناتوانن خۆیان له‌جوانی‌و سیحری هونەر بپارێزێن، ئۆرفیۆس بە بەرزی هونەری خۆی خوداوەندانی دۆزەخ نەرمدەکات‌و له‌پاداشتی ئاواز‌و نەغمەی قەشەنگیدا رێگای پێدەدەن ئۆردیکا لەگەڵ خۆی بباتەوە بۆ سەرەوە، بە مەرجێک تا له‌هادەسە، تا پێی نەخستۆتە سەر زەمینی ئاسایی ئاوڕ له‌ئۆردیکا نەداتەوە. گەر ئاوڕی له‌ئۆردیکا دایەوە دەڕوات‌و دەکەوێتەوە بنی دۆزەخ‌و بۆ هەتاهەتایە لەدەستیدەچێت. فەرمانی خوداوەندان لەمڕووەوە ئاشکرایە، ئۆرفیۆس بۆی نییە ئاوڕبداتەوە... تەنیا بەوە دەتوانێت دیوارە ئەستورەکانی مردن ببڕێت کە گۆرانی بڵێت‌و بژەنێت‌و بڕوات‌و بڕوات تا جیهانی ژێرەوە جێدەهێڵێت، بەڵام ئۆرفیۆس له‌سەفەری سەرکەوتن‌و گەڕانەوەدا بۆ ژیان، له‌ساتێکدا گوێی له‌دەنگی پێی ئۆردیکا نابێت، هەڕەشە‌و مەرجی خودایان له‌یاددەکات‌و ئاوڕدەداتەوە تا بزانێت بەڕاستی ئۆردیکا له‌دواوەیەتی، بەو ئاوڕەش ئۆردیکا دەکەوێتەوە بنی هادەس‌و بۆ هەتاهەتایە له‌دەستدەچێت
بۆ ئۆرفیۆس ئاوڕدەداتەوە؟ چ دەردێک له‌ئۆرفیۆسدا دەگەڕێت‌و پاڵی پێوەدەنێت ئاوڕبداتەوە؟ بۆ ئەو هەموو ئازار‌و ماندووبوونە دەکێشێت تا مەعشوقەکەی رزگاربکات، کە دەگاتە ئەوەی هەنگاوێکی مابێت بگاتە خەونی خۆی ئاوڕدەداتەوە‌و هەموو رەنجێک بەبادەدا؟ چۆن بلیمەتێک‌و عاشقێکی وەها هێندە سادەبین‌و کاڵفام رەفتاردەکات؟ بۆ؟ چی پاڵنەرێکی نهێنی له‌پشت ئەم ئاوڕەی ئۆرفیۆسەوەیە، کە بێگومان بەناوبانگترین‌و تراژیدیترین‌و غەمینترین ئاوڕی مێژووە... نە له‌مێژووی راستەقینەدا‌و نە له‌مێژووی هونەردا ئاوڕێکی تری وەها گرنگمان نییە
یەکێک له‌تەفسیرەکان ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس دەگێڕێتەوە بۆ هۆمۆسێکسوالییەتی ئەو، ئۆرفیۆس له‌ناخیدا هاوجنسبازە بۆیە بێئاگای خۆی له‌نەستیدا، له‌قووڵایی ناخودئاگایدا خواستێکی نهێنی‌و شاردراوە هەیە ئۆردیکا له‌دەستبدات، ئەو خواستە بەهێز‌و بێخودە پاڵی پێوەدەنێت ئاوڕ بداتەوە... تەفسیرەکە بنەمای بەهێزی له‌ناو چیرۆکە گریکییەکەدا هەیە، ئۆرفیۆس کە ناکام‌و غەمگین‌و تێکشکاو دەگەڕێتەوە سەر زەمین، تەواو پشت له‌دونیای ژنان دەکات‌و دەبێتە هیجاکەرێکی بێپەروایان، بە جۆرێک دواجار هەر ژنان دەیکوژن‌و هەلاهەلایدەکەن‌و سەریدەبڕن‌و لەگەڵ لێراکەیدا دەیخەنە روباری هێبرۆسەوە. ئەوەی دیمەنی کوشتنەکەی ئۆرفیۆس له‌کتێبی میتامۆرفیۆسی ئۆڤیدا بخوێنێتەوە، دەبینێت ئەو بڕگانە له‌بەشە هەرە جوانەکانی کتێبەکەی ئۆڤیدن، ژنانی سەر بە دینیۆسیس بە کینەیەکی بێوێنەوە ئۆرفیۆس پارچەپارچە دەکەن، یەکێکیان کە قژی له‌هەوادا بادەیبات، ئۆرفیۆس له‌دوور دەبینێت‌و هاواردەکات «بیبینین، بیبینن ئەوەتا، ئەوەی سووکایەتی بە ژنان کردوە». کوشتنەکەی ئۆرفیۆس بەوجۆرە‌و بەدەستی ژنان هەمیشە وەک بەڵگەیەک بۆ هاوجنسبازی ئۆرفیۆس بەکاردەهێنرێت
هەڵبەت تەفسیرێکی تر هەیە کە پێچەوانەی ئەوەیە، ئۆرفیۆس عاشقێکی گەورەیە، ئەو ئاوازە سیحراویانەی کە خواوەند‌و جانەوەرانی هادەس سڕدەکەن نەغمە‌و ئاوازی ئاسایی نین، بەڵکو دەبێت له‌ڕۆحێکی هونەرمەند‌و زۆرعاشقەوە هاتبن... وەک چۆن سۆفییەک گەر خودا خۆی بۆ دەربخات ناتوانێت چاو بەرزنەکاتەوە‌و هەوڵی بینینی مەعشوقی خۆی نەدات، هەتا گەر بەو نیگایە چاویشی له‌دەستدابێت. ئۆرفیۆسیش ناتوانێت بەسەر ئەو خواستە گەورەیەدا سەربکەوێت کە خواستی بینینی ئۆردیکایە، ئەگەر بۆ چرکەیەکی کورتیش بووە، گەر بە ئاوڕێکی کوشندەش بووە. ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس ئاوڕی گەمژەیەک نییە، بەڵکو ساتێکە له‌ناویدا هەموو عەشق‌و ئارەزوو‌ ویستی ئۆرفیۆس چڕ بۆتەوە کێ دەڵێت له‌بنەڕەتدا ئۆرفیۆس تەنیا بۆ ئەو نیگایە دانەبەزیوە، بۆ ئەو ئاوڕە نەهاتووە بۆ هادەس؟ ئاخۆ بەو ئاوڕە پتر عەشقی خۆی بۆ ئۆردیکا ناسەلمێنێت لەوەی هەر بڕوات‌و هەر مل بنێت‌و هەر لێرا بژەنێت؟... ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس یەک چرکەساتی عەشقە، بەڵام بە بەرتەقای دەیان تەمەن مانادار، هەموو عەشقی ئۆرفیۆس لەو ئاوڕەدا کۆبۆتەوە... گەر ئۆرفیۆس ئاوڕی نەدابایەتەوە، نەدەبوو بە ئۆرفیۆس. ئەگەرچی ئەو ئاوڕەی ئەو تابڵێی دولبەر کوژە، بەڵام پڕە له‌بارگەی گەورەی عەشق
من تەفسیرێکی سەرەنجڕاکێشی دیکەم لای «کلاوس تێڤێلایت» بینیوە. تێڤێلایت له‌ئەدەبناسە پڕکارەکانی ئەڵەمانیای دوای جەنگە، کتێبێکی چوار بەرگی هەیە ناونیشانە سەرەکییەکەی «کتێبی پادشایان»ـە، لکە ناونیشانی بەرگی یەکەمی هەر بە ناوی «ئۆرفیۆس‌و ئۆردێکا»یە. لەوێدا تێڤێلایت بەرگری له‌تێزەیەک دەکات‌و پێیوایە بەدرێژایی مێژوو له‌ئۆرفیۆسەوە تا دەگەینە سەر شاعیرێکی وەک گۆتفرید بن‌و مۆسیقارێکی نوێژەنی وەک گۆستاڤ مالەر، نوسەران‌و هونەرمەندان، ژنان‌و دڵدارانی خۆیان وەک کەرەستەیەک بۆ خرۆشاندنی داهێنانی خۆیان بەکارهێناوە. ئەو ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس لەو نیگایەوە تەفسیردەکات کە بەبێ ئەو ئاوڕە دەکرا ئۆرفیۆس توانای هونەری خۆی لەدەستبدات، ئاوڕەکە تەنیا زامنە بۆئەوەی ئۆرفیۆس بە هونەرمەندی بمێنێتەوە. تێزەکەی تێڤێلایت لەوەدا کورتدەبێتەوە، هونەرمەندان هونەری خۆیان، بلیمەتی خۆیان له‌کوشتنی مەعشوقەوە بەدەستدەهێنن، دەبێت مەحبوبە بگەڕێتەوە بۆ هادەس بۆ ئەوەی ئۆرفیۆس بە هونەرمەندی بمێنێتەوە... تێزەیەکە گەرچی رەخنەی توندی لێگێراوە، بەڵام شایستەی تێڕامانە. ئۆرفیۆس دێت بەرەو جیهانی بنەوە، خواوەندەکان بە مۆسیقای خۆی مەستدەکات، دەزانێت ئەوەی ئەو کردوێتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تینوێتییە ئەبەدییەی بۆ ئۆردیکا، بەڵام چی دەبێت گەر ئێستا دووبارە ئۆردێکا بەدەستبخاتەوە، چی دەبێت کە بەهانەی ئەو هەموو سووتان‌و ئارەزووە بێتەدی‌و خرۆشی دابمرکێت؟ له‌ساتێکدا ئۆرفیۆس دەبێت بیری لەوە کردبێتەوە له‌نێوان سیحری هونەری خۆی‌و ئۆردیکادا دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرێت، دەبێت یان ئەو بەبێ رۆحی هونەرمەند له‌هادەس دەرچێت، یان ئۆردیکا بکرێتە قوربانی... بە رای تێڤێلایت داهێنەران بەردەوام مەعشوقە دەکەنە قوربانی، تێزێک رەنگە بێئینسافییەکی گەورەی تێدا بێت... بەڵام یەکێک له‌ئەگەرەکانی ئاوڕەکەی ئۆرفیۆسە. بەبڕوای تێڤێلایت، ئۆرفیۆس بە مەبەست ئۆردێکا دەکوژێت، ئۆردێکا دەبێت بمرێت تا ئۆرفیۆس بتوانێت گۆرانی بڵێت... ئەوەی دەیبینین تاوانێکی کوشتنە، نەوەک هەڵەیەکی تراژیدی یان لەیادچوونێکی عاشقانەی ساتێکی غەفڵەت. تێڤێلایت داهێنەرانی وەک برێخت، کنۆت هامسن، کافکا، ئێزرا پاوەند، دەخاتە لیستی مەعشوقە کوژانەوە، دەیانکات بە کوڕانی ئۆرفیۆس، بە وەچەکانی دواتری
دیارە دەشێت تەفسیری تر بۆ ئەم ئاوڕە هەبێت، بەڵام بە ئەندازەی خوێندنەوە‌و ئاگایی بچوکی خۆم هەر
ئەوەندەیان کەوتوونە بەرچاوم‌و پێم گرنگ بوون. لێرەدا هەوڵدەدەم زۆر کورت تەفسیرێکی بچوکی خۆم بنوسم، تەفسیرێک کە دەشێت جیاواز بێت لەو تەفسیرانەی دی، بەبڕوای من له‌قووڵایی هەموو هونەرمەندێکدا گومانێکی زۆر قووڵ دەرهەق بە هێزی هونەر هەیە، له‌ڕاستیدا هونەرمەند چەند باوەڕی بە کاری خۆی بێت، هێشتا تەواو له‌کاریگەریی هونەری خۆی لەسەر دونیا‌و ئەوانی تر تێناگات. کەم هونەرمەند هەیە گومان له‌ناوەوە وێرانی نەکات، گومان له‌توانای خۆی‌و گومان له‌کرانەوەی ئەوانی دی بۆ کاریگەریی داهێنانی ئەو. هونەرمەند گەلێک خێراتر‌و زیاتر‌و قووڵتر لەوانی دی جیاوازی نێوان واقیع‌و فەنتازیا دەزانێت. ئەوە خەڵکانی دین بە جۆرێک دەکەونە ژێر سیحری هونەرەوە کە دیواری نێوان واقیع‌و فەنتازیایان لا هەڵدەگیرێت، بەڵام هونەرمەند خۆی هەمیشە دەزانێت واقیع شتێکە‌و فەنتازیاش شتێکی دی... بۆ دەبێت ئۆرفیۆس باوەڕ بە خوداوەندانی ژێرەوە بکات، بۆ دەبێت دڵنیابێت کە ئاوازەکانی تا کۆتایی کاریگەر دەبن‌و رێگای ترسناکی دۆزەخی بەرەو باڵا بۆ پاکدەکەنەوە؟ ئاخۆ ئەو گومانە سروشتیترین گومان نییە کە هەموو نوسەر‌و هونەرمەندێکی دونیا هەیەتی؟ ئۆرفیۆس دەشێت له‌ساتێکدا باوەڕی بە هێزی هونەر‌و کاریگەریی گۆرانییەکانی نەمابێت، ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس ئاوڕێکی گەورەی گومانە له‌هەموو توانای هونەر خۆی، لەوەی تا سەر بتوانێت کار له‌جانەوەرەکەی ناو ئەوانی تر بکات... بەبڕوای من کە ئۆرفیۆس ئاوڕدەداتەوە، ئاوڕ له‌ئۆردیکا ناداتەوە، بەڵکو ئاوڕ له‌هونەری خۆی دەداتەوە، سەیردەکات بۆ ئەوەی هێزی هونەری خۆی ببینێت، بزانێت ئەو سیحرە بەردەوامە، هێزی ئەو ئەفسونە وەک خۆیەتی. ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس نیشانەی گومانێکی قووڵە هەم له‌هێزی هونەر‌و هەم لەوانی دیش کە هونەر دەبیستن‌و گوێی لێدەگرن... ئۆرفیۆس نایەوێت ئۆردێکا بکوژێت وەک تێڤێلایت دەڵێت، بەڵکو دەیەوێت دڵنیابێت رزگاریکردوە، دڵنیابێت هونەرەکەی بەشی ئەوە هێزی هەیە کە ئۆردێکا تا کۆتایی له‌هادەس دووربخاتەوە، ئەوەی تاوانی ئۆرفیۆسە ئەو گومانەیە، گومانێکی قووڵە کە له‌ئۆرفیۆسەوە تا ئەمڕۆ شاعیران‌و هونەرمەندان ئازار دەدات. ئۆرفیۆس دەزانێت ئەو مەخلوقێکە سەر بە زەمینی فەنتازیا‌و ئۆردیکا بوونەوەرێکە له‌جەهەنەمێکی راستەقینەدا، چەندە فەنتازیای ئەو دەتوانێت واقیع بگۆڕێت... چەندە خەیاڵی مۆسیقیانەی ئەو دەتوانێت دەستکاری هاوکێشە راستەقینەکانی ژیان بکات؟ ئۆرفیۆس ئاوڕ لەو پرسیارانە دەداتەوە. بەبڕوای من گەر قووڵ بڕوانین، ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس ساتێکی کورت نییە، چرکەیەکی تێپەڕ نییە، بەڵکو درێژترین ئاوڕی مێژووشە... ئاوڕی هونەرمەندە له‌کاریگەریی خۆی لەسەر دونیا، ئاوڕی فەنتازیایە له‌ئیشی خۆی لەسەر ژیان... ئاوڕێکە له‌ئۆرفیۆسەوە تا ئەمڕۆ درێژبۆتەوە‌و بەردەوامە‌و هەمیشەش دەمێنێتەوە
هەڵبەت بۆ ئەوەی ئەو تێزەیە زیاتر بسەلمێنم، هەفتەی داهاتوو دەگەڕێمەوە سەر هەمان بابەت‌و لەسەر کوشتنەکەی ئۆرفیۆس قسەدەکەم

3 comments:

  1. شيرين و فرهاد ليل و قيس ئه م جيروكةيان نةبيست بوو هاورى .
    روشنبيرى بو كى ؟؟؟؟؟؟

    ReplyDelete
  2. ئةوةى لةم بلوكة زورتر خوينراوةتةوة ئةوةى با دةولةمةند بين , خوينم لى ئةتكى . هاورى .

    ReplyDelete
  3. له‌ زۆر دۆکومێنتو فلم ئه‌فسانه‌کانی گرێکه‌کان باسی له‌ سه‌رده‌کرێتو به‌رهه‌می زۆر جوانش هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌و کولتوره‌ به‌ڵام یه‌ک نووسینو تێکست زۆر کاریگه‌رتره‌. ئه‌م وتاره‌ زۆر شتی پێم به‌خشی له‌وانه‌ش ده‌رفه‌ت بۆ هه‌ندێک بیرکردنه‌وه‌و تێڕامان. نووسین هونه‌رێکی به‌رزه‌و مرۆڤ سه‌رسامده‌کات. به‌ختیار هونه‌ری نووسینی هه‌یه‌و ئۆرفیۆسێکه‌ بۆ خۆی. نازانم ده‌بێت به‌رهه‌مه‌کانی وه‌ک کتێبی ده‌نگ هه‌بن؟ کاری تاکسی ده‌که‌م بۆیه‌ له‌ کتێبی ده‌نگ به‌ کوردی ده‌گه‌ڕێم

    ReplyDelete