Saturday 1 October 2011

کوشتنەکەی ئۆرفیۆس

ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس ساتێکی لاوازی قووڵە. ئۆرفیۆس له‌ساتی ئاوڕەکەیدا بەدوای دڵنیاییەکی وندا دەگەڕێت... وەسواسی دڵنیایی لای ئۆرفیۆس تەنیا لەوەدا کورت نابێتەوە، بزانێت خۆشەویستەکەی بە راستی لەدواوه‌یەتی یان نا، بەشێکی لەوەدایە بزانێت خوداکان راستگۆن... ئۆرفیۆس گومانکارە، بەڵام بۆ گومانکارە؟ با وادابنێین کە ئۆرفیۆس له‌ڕێگای گەڕانەوە له‌دۆزەخەوە «له‌هادەسەوە» بیری لەوە کردۆتەوە «چی دەبێت گەر چوومە سەرێ‌و گەڕامەوە سەر زەوی‌و ئۆردێکام لەگەڵ نەبوو». چ گاڵتەجاڕی‌و ئابڕووچونێک دەبێت، چ دڵشکانێکی قووڵ دەبێت، چ شکستێکی گەورە دەبێت بۆ مۆسیقا‌و شیعر‌و گۆرانی؟ بەبڕوای من گرفتی نەبوونی دڵنیایی‌و بڕوا، گرفتی سەرەکی مرۆڤە، هەموو ئەو پرسیارانەش دەشێت بەسەری ئۆرفیۆسدا تێپەڕیبن، بەڵام ئۆرفیۆس بەرلەوەی گومان له‌خوداکان بکات، گومان له‌خۆی دەکات. ئاوڕەکەی ئاماژەی بڕوانەبوونە بە خۆی. بەپێی ئەو نمونانەی کە مێژوو دەیخاتە بەردەستمان بڕوا بە خۆ نەبوون بەشێکی گرنگی هەست‌و جیهانبینی شاعیران‌و هونەرمەندانە، ئۆرفیۆس باوەڕی بەوە نییە کە دەتوانێت حەقیقەت بگۆڕێت، ئەو قەناعەتەش وەک قەدەر بۆ هەموو شاعیرانی تر جێدەهێڵێت. زۆربەی تەفسیرەکانی ئۆرفیۆس لەسەر ئەوە تەبان کە جیابوونەوەی دونیای فەنتازیاو هونەر له‌دونیای هەقیقەت‌و واقیع له‌پشت تراژیدیای ئۆرفیۆسەوەیە. کوشتنەکەی ئۆرفیۆس ئەم بابەتە زیاتر زەقدەکاتەوە، ئۆرفیۆس بەدەستی ژنانی هەواداری دینیوسیس دەکوژرێت... دەگووترێت کە خودی دینیوسیس له‌پشتی ئەوەوەیە کە ژنانی لایەنگری خۆی له‌ئۆرفیۆس هانداوە، له‌داخی ئەوەی ئۆرفیۆس له‌گۆرانییەکانی خۆیدا له‌هادەس ناوی هەموو خوداکانی هێناوە‌و ستایشیکردون، دینیوسیس نەبێت، ئەوەش بەجۆرێک دڵی دینیوسیسی له‌ئۆرفیۆس رەشکردوە، حەز بە مردنی بکات

دینیوسیس خوداوەندی شەراب‌و مەستی‌و خوماربوون‌و خرۆشان‌و شەیداییە، خوداوەندی سەما‌و ئاهەنگە... پێچەوانەی ئەپۆلۆ یان ئەپۆلۆن، کە خودای عەقڵ‌و هێمنی‌و داهێنان‌و بیروردییە. نیتشە هەر یەک لەم دوو خوداوەندە بە دوو پۆڵی جیاوازی ناو رۆحی گریکی لەقەڵەمدەدا. هەڵبەت جیاکارییەکە دەگەڕێتەوە بۆ زۆر بەر له‌نیتشە، بەڵام جیاکارییەکی گرنگە‌و له‌نیتشە بەدواوە تەواو شوێنی خۆی دەگرێت. لێرەوە هەر یەک له‌نیتشە‌و ریلکە زۆر ورد لەسەر پەیوەندی نێوان ئۆرفیۆس‌و دینیۆسیسیشیان نوسیوە. گەر تەماشابکەین ئۆرفیۆس وەک هونەرمەند له‌دینیۆسیسەوە نزیکە، راستە ئەو کوڕی ئەپۆلۆیە، بەڵام جیهانی ئەو وەک دینیوسیس جیهانی خرۆشان‌و شەیداییە، جیهانی مۆسیقایە، هەتا مردنەکانیشیان زۆر له‌یەک دەچێت، چونکە دینیۆسیسیش بەدەستی «تیتانەکان» پارچەپارچەدەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم لێکچوونانە بڕێک جیاوازیی گەورە‌و بینراویان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووە. خرۆشانی دینیۆسیسی پتر خرۆشانی جەستەییە، خرۆشانی مەستی‌و سەمای شێتانە‌و ئۆرگازمی توندە. خرۆشانی ئۆرفیۆسی بە پێچەوانەوە خرۆشانێکی رۆحییە، مۆسیقای ئۆرفیۆسی مۆسیقایەکی هێورکەرەوەیە، مۆسیقایەکە پتر لەوەی لەزەتی هەستەوەرانمان بجوڵێنێت، هێمنی‌و تێرامانمان تێدا دروستدەکات، هێندەی قسە لەگەڵ لەشماندا بکات، جیهانی ناوەوەمان دەدوێنێت، پتر لەوەی وروژانێکی سێکسوالیانە بێت، عەشقێکی گەورەمان تیا دەچێنێت... هەر یەک له‌دینیوسیس‌و ئۆرفیۆس هونەرمەندن، بەڵام ئۆرفیۆس نوێنەری ئەو بەشەی هونەرە کە بە ناوەوە، بە جاوید، بە ناکۆتاوە گرێماندەدات، واتە نوێنەری ئازادبوونی رۆحە. له‌کاتێکدا دینیوسیس بە خوماربوون، بە مەستی، بە ناڕێکی، بە کایۆس‌و غەریزەوە دەمانبەستێتەوە، ئەو نوێنەری ئازادکردنی جەستەمانە. لێرەوە رۆحی دینیۆسیسی له‌هونەری مۆدێرندا زۆر گەورەیە... تا شارستانییەت‌و عەقڵانییەت، تا دیسپلین‌و رێنمایی‌و رێکخستن زۆرتر بن، هونەر بە پەرچەکردارێکی پێچەوانە، پتر بەلای ناڕێکی‌و ئەنارشییەت‌و غەریزەپەرستی‌و لەزەتگەراییدا دەڕوانێت، ئێمەی مەعشەری شاعیران‌و هونەرمەندان هەردوو رۆحەکە له‌ناوماندا دەگەڕێت، له‌کویادا مادییات زاڵبوو دەگەڕێینەوە بۆ رۆحانییەت، له‌کویادا ئەخلاق بووە کەرەستەی ئەشکەنجەدان دەگەڕێینەوە بۆ رەهەندە دینیۆسیسییەکەی ناومان. بەش بەحاڵی خۆم هونەر وەک کەرەستەی هاوسەنگ راگرتنی ئینسان له‌نێوان زەبر‌و هاوار‌و خواستی رەهەندە دژەکانیدا تێگەیشتووم... هەر کات ناعەقڵانییەت له‌لغاوەکانی دەرچوو، هاوار بۆ عەقڵ دەبەین، هەر کات عەقڵ خنکاندینی‌و دەستی نایە گەرومان هاوار بۆ سەماو خواست‌و غەریزە دینیۆسیسییەکان دەبەین رزگارمانبکات. هەرکات ژیان کورتبووەوە بۆ خواردن‌و جنس‌و خەوتن، پەنا بۆ بڵندگەراییەکەی ئۆرفیۆس دەبەین، هەر کاتێکیش لەش‌و رۆح عەقڵیان فەرامۆشکرد، ئەپۆلۆکەی ناخمان له‌خەو هەڵدەستێنین

گەر سەرەنجبدەین بە روونی دەبینین کە ئەو پرۆسە عەقڵانی‌و دیالەکتیکییەی رۆشنگەریی‌و مۆدێرنە لەگەڵ خۆیاندا هێنایان، پتر دژی دینیۆسیسیزم بوو وەک دژی ئەپۆلۆ بێت. بۆیە کاریگەری دینیۆسیسی لەسەر سەرجەم هونەری سەدەی بیست‌و لەسەر رۆحی ئاڤانگاردانە لەم هونەرەدا زۆر گەورەیە. له‌هەر کوێیەک دیسپلین‌و ئەخلاق‌و رێکخستن مرۆڤیان خوارد، پێویستیمان بە شتێک له‌ڕۆحی دینیۆسیسی هەیە بۆئەوەی بە ناڕێکی‌و فەوزاسازییەکەی خۆی ئازادمانبکات، ئەو پێغەمبەری ئانارشیستەکانە، بەڵام ئۆرفیۆس نوێنەری دیوە جاویدانەکەی عەشقە، ئەو وەک دینیۆسیس لەشمان ناخاتە سەما، وەک ئەپۆلۆی باوکی عەقڵ‌و دانایی‌و رێکوپێکی بەرز نانرخنێت، ئەو نەجه‌ستەگەرای تەواوە‌و نە عەقڵگەری تەواو، ئەو نوێنەری شتێکی ترە، شتێکی شارستانیتر‌و بڵندگەراتر له‌غەریزەپەرستییەکەی دینیۆسیس، ئازادتریش له‌ڕێکپەرستییەکەی ئەپۆلۆ، نوێنەری رۆحە، نوێنەری عەشقە، نوێنەری بەرزبوونەوەیە بەسەر دراوەکاندا، نوێنەری ئەو دیوەی هونەرە کە وامان لێدەکات بە گژ ئەستەمدا بچینەوە

بەڵام بۆ ئۆرفیۆس له‌هادەس ستایشی هەموو خوداکان دەکات دینیۆسیس نەبێت؟ پێموابێت هۆکە کەمێک ئاشکرا بێت، ئۆرفیۆس عاشقە‌و رۆحی هانی دەدا بەگژ ئەستەمدا بچێتەوە‌و هەقیقەتی مردن بشکێنێت‌و دابەزێت بۆ جیهانی خوارەوە تا ئۆردیکا بهێنێتەوە... ئەو بەدوای لەشی ئۆردیکادا دانەبەزیوە، بەدوای شکاندنی موستەحیلدا هاتووە، دەیەوێت بە هونەر مردن ببەزێنێت، عەشقی ئەو عەشقێکی غەریزیی نییە، عەشقێکی سۆفییانەیە، رووی له‌ئۆرگازم نییە، رووی له‌سروتە جەستەییەکان نییە، بەڵکو رووی له‌ئەبەدییەتە. لێرەوە زۆر سروشتییە، دینیۆسیس فەرامۆشبکات‌و رێزی بۆ دانەنێت.
ئۆرفیۆس کە دڵشکاو‌و غەمگین له‌هادەس دەگەڕێتەوە، دەبێتە دوژمنی ئافرەت، بە هیجاکەریان. ئەو حەزی له‌«ژن» نییە، بەڵکو حەزی له‌ئۆردیکا بوو، دوای ئۆردیکا شتێک بەو جنسەوە نایبەستێتەوە، دەگەڕێت‌و گۆرانی دەڵێت، هەتا کە ژنانی هەواداری دینیۆسیس پارچەپارچەیدەکەن‌و سەری لێدەکەنەوە، سەرەکەی هەر بە ئاودا دەڕوات‌و گۆرانی دەڵێت، دەڵێن تا ئەپۆلۆ داوای لێ نەکردوە بێدەنگ نەبووە... ئەو هونەرمەندی ئەبەدییە، تا کۆتایی بێدەنگ نابێت

چیرۆکەکەی ئۆرفیۆس قووڵ بە مانای هونەر خۆیەوە گرێدراوە
ئەو پەیامەی هونەر هەڵیدەگرێت پەیامێکی ئەستەمە، ئەویش رزگارکردنی مرۆڤە له‌هەموو مەرجە مادییەکان، ئازادکردنی رۆح‌و جەستەیەتی له‌هەر بەنداو‌و بەربەستێک کە دێنە بەردەمی. کێشەی ئۆرفیۆس لەوەدایە کە توانای گەورەی خۆی، ئەو ئامانجە زۆر بڵندگەرایەش کە بۆ خۆی دادەنێت، لەگەڵ توانا‌و رەهەندە وجودییە بچوکەکانی دیکەیدا ناگونجێت... ئەوەی هونەرمەندێکی بەرزە، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە بوونەوەرێکی لاواز‌و گومانکار‌و دوودڵە. له‌دوای ئۆرفیۆسیشەوە چ هونەرمەندێک لەسەر ئەم زەوییە هەیە کە چەند هونەری بەرزبووبێت، توانی بێتی بەسەر لاوازییە ئینسانییەکانیدا سەربکەوێت? له‌ڕاستیدا ئۆرفیۆس ناتوانێت ئاوڕ نەداتەوە، چونکە گەر ئاوڕنەداتەوە واتە نە گومانی له‌خۆی هەیە، نە گومانی له‌هونەر هەیە، نە گومانی لەو دونیایە هەیە کە تیادەژی، نە گومانی له‌هاوجنسەکانی هەیە، نە گومانی له‌خوداکان هەیە، کەسێکیش ئەو گومانانەی نەبوو هونەرمەند نییە، هونەر له‌بنەڕەتدا لەوەوە سەرچاوەدەگرێت کە مرۆڤ ناتوانێت دڵنیابێت... مرۆڤی دڵنیاش ناتوانێت هونەرمەند بێت، هونەرمەند چەندە وەک ئۆرفیۆس باوەڕی بە خۆی بێت، لەو گومانە گەورانە پاک نابێتەوە، چونکە پاکبوونەوە لەو گومانانە پاکبوونەوەیە له‌ڕیشەکانی هونەر خۆی، هونەر نائارامییەکی هەمیشەیی‌و نادڵنیاییەکی بەردەوامە. ئۆرفیۆس شێت نییە «وەک فێرجیل دەڵێت» ، بەڵکو گومانکارە، رۆحێکی دیکارتییە‌و له‌سەردەمی خوداکانی یۆناندا ژیاوە. یەکەمین کەس کە ئۆرفیۆسی وەک گومانکار وەسفکردبێت «سینیکا»یە کە لەسەدەی یەکی زاینیدا ژیاوە، بەڵام سینیکا ئەم گومانە بە گومان له‌هونەرەوە نابەستێتەوە... ئۆرفیۆس وەک هەموو هونەرمەندێکی تر کوشتەی ئەوەیە دەیەوێت بە هونەر موعجیزە دروستبکات، بەڵام له‌ناخیشیدا سنووری ئیشکردنی هونەر‌و کاریگەرییەکەی دەزانێت، ئەو دیوارە دەبینێت کە هونەر له‌هەقیقەت جیادەکاتەوە... دەزانێت ئەوەی هەلومەرجە مادییەکان دەیسەپێنن هونەر نایگۆڕێت، ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس نیشانەی ئاگاداربوونێتی له‌ناکۆکی قووڵی هونەر، له‌سنووری، لەو بەربەستە هەمیشەییەی جوانییە فەنتازییەکانی ئەو له‌دونیا دادەبڕێت. هونەر عەشقە، بڵندگەراییە، مەستییە، بەڵام ناتوانێت هەقیقەتە گەورەکانی بوون‌و ژیان بگۆڕێت. ئۆرفیۆس کە ئاوڕدەداتەوە باوەڕی وایە ئۆردیکا بەر له‌ئاوڕەکەی ئەو کەوتۆتەوە هادەس‌و ئەو تەنیا ئاوڕ له‌کەوتنەکەی دەداتەوە. ئۆرفیۆس باوەڕی وایە کە موعجیزەکە له‌بنەڕەتدا رووی نەداوە ... بەبێ ئەو گومانەش نەدەکرا ئۆرفیۆس ئەو هونەرمەندە گەورەیە بێت

دابەزینەکەی ئۆرفیۆس بۆ هادەس، سەمبولی ئەو سەر کێشییە گەورەیەی هونەرمەندە، توانای لەسەر کارتێکردن له‌خوداکان‌و جانەوەرەکانی هادەس سەمبولی هێزی شارستانی‌و توانای هونەرە لەسەر رامکردنی لایەنە دڕندەکانی ناو مرۆڤ. ئۆرفیۆس هەمیشە وەک سەمبولێک بۆ هەوڵی رامکردن‌و دەستەمۆکردنی رەهەندە ترسناکەکانی ژیان سەیرکراوە، وەک فیگەرێکی شارستانی، بەڵام رامکردنی ئەو دڕندەیە هەتاهەتایە شوێنی گومانە. ژنە باخۆسییەکان کە ئۆرفیۆس پارچەپارچەدەکەن، نوێنەری ئەو هێزە عەوامەن کە له‌ڕۆحی هونەرمەند تێناگەن، نوێنەری قەبووڵ نەکردنی هونەرن لەسەر زەوی. خودی کوشتنەکەی ئۆرفیۆس ئاوێنەی ئەو بەدگومانییە هەمیشەیی‌و دووبارە‌و گەورەیەیە کە بەرامبەر هونەر هەمانە، ئۆردیکا دەبێت بمرێت چونکە هونەر هەمیشە شوێنی گومانە، ئۆرفیۆسیش دەبێت بمرێت له‌بەرئەوەی هونەرمەند هەمیشە شوێنی گومانە. ئۆردیکا دەبێت بمرێت چونکە هەمیشە گومانی ئەوە هەیە خوداکان هونەر قەبووڵ نەکەن‌و دان بە موعجیزەکانیدا نەنێن، ئۆرفیۆسیش دەبێت بمرێت، چونکە هونەرمەند دەشێت هەمیشە بەر نەفرەت‌و توڕەیی خوداکان‌و عەوام‌و لایەنگرەکانیان بکەوێت. کوشتنەکەی ئۆرفیۆس‌و مردنەکەی ئۆردیکا هەردووکیان نیشانەی ئەوەن کە له‌بنەڕەتدا هونەر جەوهەرێکی تراژیدی هەیە. کوشتنەکەی ئۆرفیۆس درێژکراوەی ئاوڕەکەیەتی، سەلماندنی ئەو گومانە قووڵەیەتی کە بەرامبەر دونیا هەیەتی... تەسلیمبوونێتی بەو راستییەی کە هونەر هێزێکی راستەقینەی نییە. ئۆرفیۆس شەڕێکی گەورە لەگەڵ مردنی ئۆردیکادا دەکات، بەڵام بەرامبەر مردنی خۆی بەرگرییەکی ئەوتۆ پیشان نادات. کوشتنەکەی ئۆرفیۆس له‌دەیان تابلۆدا نیگارکراوەتەوە، له‌زۆربەیاندا ئۆرفیۆس بە بێ بەرگری تەسلیمی بکوژەکانی بووە. ئەو راستییەی کە ناتوانێت مردن ببەزێنێت بووە بە هەقیقەتێکی چەسپاو لەلای... ئەم ژیاننامە ئۆرفیۆسییە، ئەم مردنە کە نیشانەی رەهەندە هەمیشە تراژیدییەکەی هونەرە، له‌ژیان‌و تێکستی چەندەها هونەرمەند‌و شاعیردا بەرجەستە بووە.

No comments:

Post a Comment