Thursday 3 November 2011

وەچەکانی ئۆرفیۆس "4" حەلاج


تراژیدیای ئۆرفیۆس له‌سێ وێستگەی سەرەکیدا کۆدەبێتەوە 1.عەشقێکی بێسنوور‌و هەوڵ بۆ گەیشتنێکی ناکۆتا بە یار. 2.هەوڵدانی بۆ هەڵگرتنی سنووری نێوان ژیان‌و مردن. 3.بەکارهێنانی کەرەستەیەکی لاوازی ئینسانی بۆ ئەو دوو فەرمانە سەختە کە هونەرە. گەر له‌ئەزموونی حەلاجیش بروانین هەمان ریز بەندی دەبینینەوە. 1.عەشقێکی بێسنوور بۆ خودا‌و هەوڵێکی گەورە بۆ یەکبوون لەگەڵ خالیقدا. 2.هەڵگرتنی سنوور‌و بەربەستەکانی نێوان خالیق‌و مەخلوق. 3.بەکارهێنانی کەرەستەیەکی لاوازی ئینسانی بۆ تەعبیر لەو خواستە کە شیعرە.
چیرۆکی مەنسوری حەلاج لەوە بەناوبانگترە پێویستی بە گێڕانەوەی من بێت، ئەو یەکێکە له‌هەرە گەورەترین کاراکتەرەکانی مێژووی تەسەوف، زیادەڕەویش نییە گەر بڵێین زیندووترین‌و بەکاریگەرترین کاراکتەری مێژووی ئیسلامە، تاکە کاراکتەری ئەو مێژووەشە کە ژیانی‌و مردنی چ له‌خۆرهەڵات‌و چ له‌خۆرئاوا، هەم لەسەردەمی خۆی‌و هەم له‌ئێستاشدا جێگای خوێندنەوە‌و تەفسیر‌و رامانە.
ئەزموونی حەلاج ئەزموونێکی ئۆرفیۆسییە، بەڵام بە دیوە هەرە سەختەکەیدا. ئەو ئەرکەکەی زۆر له‌ئەرکی ئۆرفیۆس سەختترە. لەبەرئەوەی وەک مەحبوبە، کەسێکی ئەستەمی هەڵبژاردوە کە «زاتی ئیلاهییە»، وەک نیازیش نیازێکی ئەستەمتری خستۆتە پێشچاوی خۆی، کە هەڵگرتنی سنووری نێوان خۆی‌و ئەو زاتەیە، هەوڵە بۆ تێکەڵبوونێکی رەها، بۆ توانەوە له‌نوری مەعشوقدا. جگە لەوە شێوەی کوشتنی حەلاج، کوشتنێکی تەواو ئۆرفیۆسییە، راستە تا ئێستا شێوەی له‌خاچدان‌و هەڵواسین‌و پارچەپارچەکردنی مەسیحمان بیر دەهێنێتەوە، بەس گەر وردتر بڕوانین بڕی لێکچوونەکانی نێوان حەلاج‌و ئۆرفیۆس دەیانجار له‌لێکچوونەکانی نێوان حەلاج‌و مەسیح گەورەترە. حەلاج وەک ئۆرفیۆس هونەرمەندە، عاشقە، پڕ گومانە، واتە کۆی سیفەتە سەرەکییەکانی هێندەی دەچێتەوە سەر ئۆرفیۆس ناچێتەوە سەر مەسیح... هەتا مردنەکەشی وەک مردنەکەی ئۆرفیۆس‌و پۆشکین‌و کۆرنیامێنتال له‌خودکوژی دەچێت پتر لەوەی له‌کوشتنی ئاسایی بچێت. ئەو وەک مەسیح نییە لەسەر خاچ بڵێت «خودایە... خودایە... بۆ بەجێتهێشتم»، ئەو وەک ئۆرفیۆسە کە سەرەکەی بە کوژراویش هەر گۆرانی دەڵێت. لێرەدا مەبەستمە بڕێک زیاتر دژی ئەو تیورەیە بوەستمەوە کە هەندێک له‌باسکارە خۆرئاواییەکان سەبارەت بە ریشە مەسیحییەکانی حەلاج دەیوروژێنن‌و پێیانوایە حەلاج له‌ناخیدا مەسیحی بووە نەوەک موسوڵمان، لەوانە تەفسیرە ناسراوەکانی «ئۆگست میوللەر» لەسەر جەوهەری نەسرانی ئەزموونی حەلاج. ئەوەی من تێیبگەم، تراژیدیای حەلاج هێندەی درێژکراوەی تراژیدیای شاعیرانە لەسەر زەوی، درێژکراوەی تراژیدیای پێغەمبەران نییە، هێندەی ئەزموونی هونەرمەندێکە کە بەدوای ئەستەم‌و نەکردەدا دەگەڕێت، ئەزموونی دیندارێک نییە کە تەنیا خودای خۆشدەوێت. هەڵبەت بەرابەر هەوڵەکانی بە نەسرانیکردنی حەلاج، هەوڵی بە براهمانی کردنیشی دراوە، بە چەشنێک هەندێک وادەبینن له‌ئەزموونی رۆحی حەلاجدا هەموو جەوهەری سۆفییەتی ئاسیایی بەرجەستەبووە... دیارە لێرەدا من ناچمە ناو قووڵایی کێشەی جەوهەریی تەسەوف لای حەلاج، کە کێشەیەکی سۆفی‌و فیکری زۆر ئاڵۆزە، پابەندی تێگەیشتنی مەزهەب‌و دیانەتە جیاوازەکانە له‌مەسەلەی «یەکبوون ـ توحید»‌و مەسەلەی «جەوهەری خالیس» لای سۆفی‌و فەیلەسوفە دێرینەکان، بەس هێندەم دەوێت ئەوە روونبکەمەوە کە حەلاج قوربانی وەزیفەیەکی ئەستەمە، وەک چۆن ئۆرفیۆس بە گژ نەکردە‌و نەشیاودا دەچێت «مردوویەک له‌مردن بگێڕێتەوە»، حەلاجیش بە گژ کارێکی لەوی ئەو ئەستەمتردا دەچێتەوە «جیاوازی نێوان خۆی‌و خودا هەڵبگرێت»... کەرەستەی هەر دووکیشیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم وەزیفە نەکردەیە یەک شتە، «هونەر». یەکێک له‌خاڵە زۆر گرنگ‌و هاوبەشەکانی نێوان ئۆرفیۆس‌و حەلاج دەگەڕێتەوە بۆ خواستی هەردووکیان بۆ ئاشکراکردن‌و دەرخستنی تواناکانی خۆیان. سەیر نییە کە یەکێک له‌هەرە سۆفیە هاوچەرخەکانی حەلاج، ئەبوبەکری شبلی عەیبی گەورەی حەلاج‌و کوشتنەکەی دەگێڕێتەوە بۆ ئەو خۆئاشکراکردنە. دەڵێت «کنت انا‌و الحسین بن منصور شیئا واحدا، الا انە اظهر‌و کتمت». حەلاج وەک له‌چیرۆکە جیاوازەکانیدا دەردەکەوێت کەسێکی زۆر بەدەرەوە بووە، وەک چۆن ئۆرفیۆس مۆسیقای خۆی بۆ هەموو دونیا بە ئاشکرا لێدەدات، حەلاجیش هەمانشێوە نهێنییە رۆحییەکانی خۆی بە ئاشکرا بەیاندەکرد، باوەڕی وابوو کە بەو بەلاغەتە گەورەیەی خۆی دەتوانێت بگاتە هەموو شتێک، گەرچی دڵنیابوو تەنیایە، گەرچی دەیگووت «الصوفی وحدانی الذات لایقبله‌احد‌و لا یقبل احدا». لەگەڵ ئەوەشدا بێترس خۆی ئاشکرادەکات. پرسیارەکە ئەوەیە حەلاج بۆ وەکو ئەبوبەکری شبلی نەکردوە؟ ئەویش سوفییەکی گەورە بوو وەک ئەو، لادانەکانیشی له‌لادانی حەلاج کەمتر نەبوون، بەڵام حەلاج بۆ وایدەکرد، بۆ زۆر دەجوڵا، بۆ دونیا دەگەڕا، بۆ هەر جارەی بە بەرگێکەوە‌و بە ئایدیایەکەوە دەردەکەوت؟ ئاخۆ ئەمجۆرە وروژاندن‌و ناحەزژەنییەی بۆ دەکرد؟ . وەڵامەکە هەمان ئەو وەڵامەیە کە لای ئەپۆلۆنێر بینیمان. حەلاج بۆ مردن دەگەڕا، مردنێکی شاعیرانەی گەورە.
لێرەدا رستەیەکی تری شبلی دەربارەی حەلاج بە بەڵگە وەردەگرم، کە دەڵێت «من‌و مەنسور یەک شت بووین، من شێتێتییەکەم رزگاریکردم‌و ئەو عەقڵی له‌ناوی برد». گەر بەپێی ئەو قسەیە بێت، خۆئاشکراکردنی حەلاج، گوێنەدانی، کارێکی عاقڵانە بووە، بێدەنگی شبلیش کارێکی شێتانە... حەلاج خۆی ویستوێتی بکوژرێت، بەپێی خۆی بەرەو مردن رۆیشتووە، یاخود دروستتر بڵێین، بەجۆرێک له‌جۆرەکان خۆی نەخشەی بۆ کێشاوە. له‌شانۆگەرییەکەی سەلاح عەبدولسەبوردا «مەرگەساتی حەلاج» دیمەنێکی سەرەنجڕاکێش هەیە، کە ئاشکرا ئەوە دەردەخات کە حەلاج خۆی مەرگی هەڵبژاردوە. له‌شانۆگەرییەکەدا، واعیز‌و هاوڕێکانی له‌بەردەم حەلاجی له‌خاچدراوا له‌گروهێک خەڵکانی سۆفی دەپرسن: «ئێوە کێن؟». لەوەڵامدا دەڵێن «ئێمە بکوژانین ئەوانەین کە حەزمان له‌وشەکانی کرد، لێیگەڕاین بمرێت تا وشەکانی بمێنێتەوە». دواتر بە روونی دەڵێن حەلاج پێیگووتوون «ئەوەی بمکوژێت، خواستی من جێبەجێدەکات» یان دەڵێت «ئەوەی بمکوژێت دەچێتە بەهەشت، چونکە بە شمشێری خۆی بازنەکە گرێدەدات». هەڵبەت تەفسیری سەلاح عەبدولسەبور تا ئەندازەیەک رۆحییەتی گۆڕینی حەلاجی تێدایە بۆ سەمبولێکی هاوچەرخ، بۆ هێمایەک له‌هێماکانی یاخیبوون، بەڵام ئەم خواستی مردنەی کە ئەو ئاماژەی پێدەکات، بەشێکە له‌ئەزموونی بنەڕەتی حەلاج خۆشی، واتە بەدەر له‌هەرجۆرە رەمزاندنێکی هاوچەرخانەش بۆی، ئەم رەگەزە پێکهاتێکی بنەڕەتی ژیان‌و مردنی حەلاجە، وەک خۆی دەڵێت «اقتلونی یا ثقاتی ـــ ان فی قتلی حیاتی».
گەر تەماشابکەین حەلاج بە شێوەیەکی کورتتر بەڵام سەختتر بە ئەزموونی ئۆرفیۆسدا دەڕوات، ئۆرفیۆس دەچێت بۆ هادەس، دەگەڕێتەوە، دەکوژرێت بۆ ئەوەی دووبارە بکەوێتەوە بنی هادەس‌و بەوجۆرە لەگەڵ ئۆردیکادا یەکبگرێتەوە.
بەڵام حەلاج دەیەوێت بگات بە مەعشوقە، بەڵام ناتوانێت جیاوازی بکات له‌نێوان خۆی‌و مەعشوقەدا، ناتوانێت جیاوازی بکات له‌نێوان خودی خۆی‌و زاتی ئیلاهیدا. ئەو نایەوێت ئۆردیکا بهێنێتەوە، بەڵکو ئەرکێکی ئەستەمتری داناوە، ئەرکێک کە له‌ڕۆحی هەموو عاشقێکی راستەقینەدایە، توانەوەی تەواو له‌مەحبوبەدا، دەستهەڵگرتنی ناکۆتا له‌خود، جیانەکردنەوەی خۆی له‌مەعشوق، پێداگرتن لەسەر یەکبوون‌و یەک جەوهەریی عاشق‌و مەعشوق. ئۆرفیۆس سۆفی نییە، نیازێکی بەوە نییە، ئەو مەودا جەستەییەی دەکەوێتە نێوان خۆی‌و مەعشوقەوە بیسڕێتەوە، ئەو ئۆردیکای وەک جەستەیەک بەرابەر جەستەی خۆی دەوێت، خواستی بۆ ئۆردیکا، خواستە بۆ بوونە مادییەکەی، بەڵام حەلاج لەسەفەری خۆیدا، له‌دابەزینی خۆیدا بۆ هادەس، نیازێکی نەکردەی هەیە، دەیەوێت دەستبەرداری جەستەی خۆی بێت، دەستبەرداری منی خۆی بێت‌و له‌زاتی مەعشوقەدا کە لێرەدا «زاتی ئیلاهییە» بتوێتەوە. خۆی دەڵێت « بینی‌و بینک انی ینازعنی ــ فارفع بلگفک انیی من البین». دەبێت «من ـ انا» ـی حەلاج له‌بەیندا هەڵگیرێت، چونکە ئەو منە بووە بە رێگر له‌ڕێگای گەیشتنی تەواوەتی حەلاجی عاشق بە مەعشوقی خۆی. ئەو هەر له‌بنەرەتدا ناتوانێت له‌نێوان خۆی‌و خودا دا جیاکاری بکات. دەڵێن حەلاج لەسەر ئەوە کوژراوە، کەسێک لێیدەپرسێت جوبەکەت چی تێدایە، ئەویش دەڵێت «مافی جبتی الا اللە». حەلاج خۆی‌و خودای بۆ جیانەکراوەتەوە، تاکە رێگڕیش کە له‌نێوان خۆی‌و خودادا بینیوێتی ژیانی خۆی بووە. ئەوە کێشەی حەلاجە، ئەو ئۆرفیۆسێکە کە دەچێت بۆ لای مەحبوبە نایەوێت لەگەڵ خۆی بیهێنێتەوە بۆ دونیا، بەڵکو دەیەوێت لەگەڵیا بمرێت‌و له‌جاویدان‌و ناکۆتادا بتوێنەوە‌و یەکبگرن. سەفەرەکەی حەلاج تەواو وەک ئەوە وایە ئۆرفیۆس داوا له‌ئۆردیکا یان له‌خودایانی هادەس بکات بیکوژن، تا رۆحی بە جۆرێکی ئەبەدی بە رۆحی مەعشوقە بگات. واتە حەلاج دەزانێت کە هێنانەوەی ئۆردیکا بۆ دونیا هیچ مانایەکی نییە، سوودی چییە کە جارێک دولبەر له‌مەرگ رزگاربکەیت، بۆئەوەی دووبارە بێتەوە سەر هەمان زەوی‌و ناو هەمان دونیا‌و ناو هەمان قەفەز. سوودی چییە کە یەکگرتن لەگەڵ مەحبوبەدا یەکگرتنێکی موتڵەق نەبێت. لێرەوە حەلاج دەزانێت تا ئەو له‌ژیاندا بێت، تا ئەو له‌پێستی خۆیدا بێت، تا ئەو نیشتەجێی قەفەزی جەستەی خۆی بێت، گەیشتن بە یار ئەستەمە. ئیدی گەڕان بۆ مەرگ دەبێت بە جەوهەری سەفەرە ئۆرفیۆسییەکە. لێرەدا ئیشی شیعریش هەمان ئیشە کە لای ئۆرفیۆس دەیبینین، مەستکردنی ئەوانی دی‌و توڕەکردنیان... شیعر له‌ئەزموونی حەلاجدا هەم کەرەستەی گەیشتنە بە خواست‌و هەم کەرەستەی گەیشتنە بە مردن. لێرەدا جەوهەری گومانە ئۆرفێۆسییەکەش زیندوە، شیعر بەتەنیا حەلاج ناگەێنێتەوە بە خودا، بەڵکو شیعر تەنیا له‌پاڵ مردندا دەتوانێت ئەو کارە بکات. له‌ئەزموونی حەلاجیشەوە جارێکی تر تێدەگەین گومان له‌هێزی هونەر ئامادەیە... خودا تەنیا بە شیعر، بە هەڵچوونە دەرونییەکان، بە لادانە سۆفیستییەکان، بە مەستکردنی ئەوانی تر، بە وشە‌و موعجیزە دەرگای خۆی ناکاتەوە... شیعر تەنیا دوژمنان دروستدەکات، دوژمنانێک کە دەبێت هەبن تا شاعیر بگاتە بڵندیی تەواوی خۆی، دوژمنانێک پێویستن تا ئۆرفێۆس‌و پۆشکین‌و حەلاج‌و کۆرنیامێنتال بکوژرێن. هونەر هیچ کات بەشی ئەوە بەهێز نییە موعجیزەی وەها دروستبکات، سنووری نێوان ژیان‌و مردن، سنووری نێوان خالیق‌و مەخلوق، سنووری نێوان حەقیقەت‌و خەیاڵ، سنووری نێوان خۆشەویستی‌و کینە هەڵبگرێت. هونەر لای هەموو وەچەکانی ئۆرفیۆس، هێندەی کەرەستەیەکی گرنگی گەیشتنە بە مردن، ئەوەندە کەرەستەیەکی گرنگی گەیشتن نییە بە مەحاڵ... ئەوەش تراژیدیای گەورەی هەموو رۆحێکی ئۆرفێوسییە... کە بۆ مەحاڵ دەگەڕێت‌و مردن دەچنێتەوە.

No comments:

Post a Comment