Monday 24 October 2011

وەچەکانی ئۆرفیۆس «2» یارۆمیل


ئایا ئۆرفیۆس کاراکتەرێکی بەهێز بوو یان لاواز؟. د

ئەم پرسیارە ، لە پرسیارە سادە و ئاسانەکان نییە. چونکە دواتر وەڵامەکەی زۆر شتمان دەربارەی کاراکتەری شاعیران و داهێنەران بۆ دەستنیشاندەکات. ئۆرفیۆس بەسەرێک زۆر بەهێزە، بە گۆرانی و مۆسیقاکەی دەتوانێت کار لە هەموو ڕۆحلەبەرێک بکات، ئەوەندەش لە هێزی خۆی ڕازییە، بیەوێت بە گژ مردندا بچێتەوە، بیەوێت ئەستەمترین یاسای بوون بشکێنێت و هەوڵبدات کەسێک لە هادەسەوە بگێڕێتەوە بۆ ژیان. ئەوە بەڵگەی غرورێکی بێسنوور و هێزێکی لە بن نەهاتووە. بەڵام ئۆرفیۆس لە هەمانکاتدا بە ئاوڕەکەی، بەوەی کە دەگەڕێتەوە بۆ دونیا ناتوانێت لەدەستدانی ئۆردیکا لە بیربکات، بەوەی زۆر ئاسان و بێبەرگری بەدەستی ژنانی باخۆسی دەکوژرێت، لاوازییەکی بەرچاوی تێدایە. د

شاعیرانی دوای ئۆرفیۆس، وەک ئەو دەبنە هەڵگری هەردوو سیفەتەکە، غرورێکی بێسنوور و لاوازییەکی بەرچاو. شاعیران بەسەرێک بە گژ ئەستەمدا دەچنەوە و بەسەرێکی دیش بەرگەی بچوکترین وەسوەسەی ناخیان ناگرن. ئەو خۆ بە گەورە زانینەی کە لای کۆرنیامێنتال بینیمان، ئەوەی پێیوایە باق و بریقی خودایی لە چاوانی خۆیدا هەڵگرتووە، بەدرێژایی مێژوو بەشێکی گرنگی کاراکتەری شاعیران بووە. «موتەنەبی» باوەڕی وەها بوو کە ئەو پێغەمبەرێکی نوێیە، «حەلاج»یش لە نێوان خودی خۆی و خودی ئیلاهیدا بەربەستێکی نەدەبینی. «شێخ عەبدولقادری گەیلانی»ش باوەڕی وابوو، گەر بیەوێت دەتوانێت دەرگاکانی جەهەنەم داخات. ئەمجۆرە غرورە بێسنوورە بە شێوەی جیاواز و بە پلەی جیاواز لە هەموو شاعیرێکدا هەیە. شاعیران بەبێ ئەوجۆرە لەغروری بێسنوور، مانایان نییە... غرور هەرگیز لە شاعیرییەت جیانابێتەوە، هەتا شاعیرە هەرە شەرمنەکانیش، ئەوانەی بەردەوام خۆیان بۆ دواوە کێشاوەتەوە، گۆشەگیربوون، خاڵی نەبوون لە بڕێک لە غروری شاعیرانە. ئەم غرورە بەرەنجامی ئەو هێزە گەورەیەیە کە وشە هەیەتی، شاعیران بە هێزی بێسنووری وشە هوشیارن، لەجەوهەردا هەر ئەو هێزەشە وادەکات، کەسانی ئەفلاتونی یان دیندار یان مەعشەری حاکمان لە زۆربەی ئان و زەمانەکاندا دژی شاعیران بوەستنەوە، چونکە شاعیران لە پێغەمبەران و فەیلەسوفان و حاکمان زیاتر و زۆرجاریش باشتر ئەو چەکە کوشندەیە بەکاردەهێنن. د

بەڵام ئەم غرورە هەرگیز لاوازییە دەرەکییەکانی شاعیران ناشارێتەوە. گەر لە قووڵاییدا سەیربکەین ململانێیەکی بەرچاو لە ژیانی شاعیراندا لە نێوان «کامڵبوونی ناوەکی» و «لاوازیی دەرەکیدا» دەبینین. شاعیران و داهێنەران زۆرجار لە ناخدا، بوونەوەرێکن لەگەڵ بڵندگەرایی و کەماڵ و جوانیدا سەروکاریان هەیە، بەڵام بۆ دەرەوە مرۆڤێکن کە نەدەتوانن ئەو کەماڵ و جوانییە ناوەکییە بخەنە سەر زمانی کار، نە دەوروبەریش وەک بوونەوەری کامڵ تەماشایاندەکات، نەدەتوانن قەناعەت بە دونیاش بهێنن بەدوای جوانی و بڵندگەرایی و کامڵیدا بگەڕێت. لێرەوە گومانی ئۆرفیۆسیانە، شاعیران بەرەو لاوازییە قووڵەکانیان دەبات. زۆرجار بەرەو ئەوەی دوو دەموچاوی زۆر جیاوازیان هەبێت. یەکێک لە کاراکتەرە هەرە لاوازەکانی شاعیر لە مێژووی ئەدەبیاتی نوێدا میلان کۆندێرا لە ڕۆمانی «ژیان لە جێگایەکی دیکەیە» پێشکەشماندەکات. ڕۆمانەکە ژیاننامەیەکی درێژی شاعیرێکە بە ناوی یارۆمیل «تاکە کاراکتەرێکی ڕۆمانەکەیە کە ناوی هەبێت». کتێبەکە لەگەڵ لەدایکبوونی یارومێل دەستپێدەکات و بە مردنی کۆتایی دێت. خودی ڕۆمانەکە چیرۆکی گەورەبوونی شاعیرێکی گەنجە لە ناو سیستمی کۆمۆنیستییدا. باوکی یارومیل، هەر زوو بەدەستی نازییەکان دەکوژرێت و ئەو لەبەردەست عەشیقێکی دایکیدا کە نیگارکێشێکی سوریالییە گەورە دەبێت. دایکی بەجۆرێکی نەخۆشانە و بە شێوەیەکی نائاسایی گیرۆدەی کوڕەکەیەتی و دەیپارێزێت و بەخۆیەوە دەنوسێنێت. ئەو لەمنداڵییەوە سەرەنجی بەهرەی شاعیرانەی کوڕەکەی دەدات و دەیەوێت بە هەر جۆرێک بووە بیکات بە شاعیر... بەڵام شاعیر بوون هاوشانی گەورەبوونی خود و گەڕانیشە بەدوای شوناسی تایبەتیدا. یارۆمیل دەیەوێت خۆی بێت، دەیەوێت کۆپی هیچ کاراکتەرێکی تر نەبێت، دەیەوێت لەوە دەرچێت لە بن باڵی دایکییەوە سەیری دونیابکات. ئەوەی لەسەرەتاوە بە جیدی وەرنەگیرێت، بە بچوک ببینرێت، ڕەتبکرێتەوە بەشێکە لە ژیاننامەی هەرزەکاریی یارومیل، بەشێکە لە ترسە قووڵەکانی، دامەزرێنەر و دروستکەری کۆی کاراکتەریی دوایشێتی. ئەو شاعیرێکی بەبەهرەیە، بەڵام ئەو لەسەرەتاوە جۆرە شیعرێک دەنوسێت وەک عەشیقە سوریالییەکەی دایکی دەڵێت لەگەڵ ئەم سەردەمەدا ناگونجێت، کە سەردەمی قارەمانانی جیدیی و ڕۆژگاری پەیکەرەکانی ستالینە. یارومیل هەر لەسەرەتاوە ئەو گومانە ئۆرفیۆسییە دەژی کە ئەوانی تر تەنیا فێڵی لێبکەن، وەک منداڵێک وەریبگرن، هەتا کە لە دانیشتنێکدا دەیشوبهێنن بە رامبۆی شاعیر لە بری ئەوەی دلشاد بێت، لەبری ئەوەی شوبهاندنەکە دڵی خۆشبکات، لەوە دوودڵ دەبێت کە قسە دەچێتە سەر ئەوەی ڕامبۆ لە هەژدەساڵیشدا وەک سیازدەساڵ دەرکەوتووە، شێوەی مێردمنداڵی بووە نەوەک گەنجێکی کامڵ... ئەو شوبهاندنە یارۆمیل دەخاتە خولیای ئەوەی بۆی گرنگ بێت وەک گەورە، وەک خودێکی کامڵ قەبووڵبکرێت. کە نیگارکێشە سوریالییەکە دەڵێت «یارومیل، نە منداڵە و نە پیاو»... ئەوە تووشی بارودۆخێکی دەروونی وەهای دەکات، ئامادەبێت دەستبەرداری هەموو شیعر و شاعیرییەتێک بێت، لە پێناوی گەورەبووندا. د

بۆیە ئاماژەم بەم بەشە لە کتێبەکە کرد، چونکە تەواوی ڕۆمانەکە لەدەوری هەوڵی یارومیل بۆ گەورە بوون دەسوڕێتەوە، یاخود لە ڕاستیدا بۆ بەهێزبوون. د

بەڵام چۆن شاعیری لاواز، بەهێز دەبێت؟ د

یارۆمیل، وەک ئۆرفیۆس، وەک پۆشکین، وەک کۆرنیامێنتال لەو باوەڕەدا نییە کە شیعر بەتەنیا بتوانێت هێزێکی بداتێ، بێدوودڵی بژی و بێترس بەسەر زەویدا بڕوات. جگە لەوە شاعیرییەت بۆ ئەو، هێزێکی ئامادەنییە، دەبێت ئەویش بسەلمێنێت، دەبێت دزگا و ئۆرگانە ڕەسمییەکانی دەوڵەتی نوێی کۆمۆنیستی ڕازیبکات کە شاعیرە... شاعیران لەسەردەمی مۆدێرندا وەک ئۆرفیۆس لە خۆوە ناتوانن گۆرانی بڵێن و کەس ڕێگایان لێ نەگرێت... وەک پۆشکین ناتوانن بە شیعر، تاج و تەختی تزاران بهێننە لەرزە و سزاکەش قەبووڵبکەن. یارومیل لەسەردەمێکی سەختتردا دەژی، لەسەردەمێکدا گەر بە زاراوە فرۆیدییەکە «باوک»، یاخود دروستتر بە زاراوە لاکانییەکە «ئەویدی گەورە» دان بە شاعیرییەتیدا نەنێت، ناتوانێت هەستبکات کە بووە شاعیر. ئۆرفیۆس کە دادەبەزێت بۆ هادەس، بە هێزی گەورەی شاعیر و هونەرمەندانەوە تێکەڵی مەیدانی جەنگ دەبێت، بەڵام یارۆمیل کاری وای پێناکرێت، لەسەردەمی مۆدێرندا، لە ڕۆژگاری میدیا و چاپ و وەزارەتەکانی کولتوور و ئەکادیمیاکانی هونەر و بنکەکانی چاپوپەخشدا، شاعیر ناتوانێت لە خۆیەوە شیعربێژی بکات و دەمدرێژیبکات و خۆی بە خۆی بڵێت هونەرمەند یان شاعیر. شوناسی هونەرمەندبوون شتێکە ئێستا شاعیر خۆی نایبەخشێتە خۆی، ئەو وەک کۆرنیامێنتال ناتوانێت خۆی وەک شاعیرێکی گەورە بناسێنێت... دەبێت ئەوانی دی نازناوی شاعیری بدەنێ، ئەوانی دیش تەنیا دایکی و عەشیقە سوریالییەکەی ئەو نین، بەڵکو حیزب و دەزگاکانی دەوڵەت و چەندەها هێز و ئۆرگانی ترن. د

سەفەری یارۆمیل بۆ گەورەبوون، بۆ دۆزینەوەی خۆی، دەکرێت وەک سەفەرێکی ڕەمزی بۆ هەندێک لە هەوڵی شاعیران بۆ دەربازبوون لە لاوازیی تەماشابکەین. یارومیل وەچەیەکی ئۆرفیۆسە، بەڵام ڕێگایەکی پێچەوانەی ئۆرفیۆس دەگرێت... ئۆرفیۆس سەرەتا هەستێکی گەورەی بەهێزی خۆی هەیە، دادەبەزێت ئۆردیکا بهێنێتەوە، دەتوانێت خوداکان ڕازیبکات ئۆردیکای بدەنەوە، لەسەفەری گەڕانەوەدا گومان دایدەگرێت، هەستناکات هونەر لەوە بەهێزتر بێت بتوانێت مردن ببەزێنێت، ئاوڕدەداتەوە، ئۆردیکا دەدۆڕێنێت. یارومیل لەسەرەتاوە بەجۆرێکی دی دەجوڵێتەوە، ئەو لاوازە، لە بندەستی دوو کاراکتەری زۆر بەهێزدا دەژی کە دایکی و نیگارکێشە سریالییەکەی دۆستێتی، هەردووکیان بەجۆرێک لە جۆرەکان کاراکتەری داگیردەکەن و دەیانەوێت ئەوەی لێدروستبکەن کە دەیانەوێت... ئەو گەورەبوون بەوە دەزانێت کە لە ژێر ئەو چەترە دایکانەیە دەرچێت، دەیەوێت خۆی بخاتە ژێر دەستی باوکێکی گەورەوە، ژێردەستی حیزبەوە... بەدوای دانپیانانی ئەو هێزە گەورەیەدا دەگەڕێت کە بەناوی شۆڕش و جوانکردنی دونیاوە هەم پەیامێکی شاعیریی و هەم پەیامێکی نێرانەشی هەڵگرتووە. د

یارۆمیل تەنیا گومانی لە بێهێزی خۆی نییە، بەڵکو باوەڕی تەواوی بەو بێهێزییە هەیە و دەیەوێت تێیپەڕێنێت. بۆئەوەی هەستبکات کە بەهێزە، دەبێت بەهەمان ڕەوتی ئۆرفیۆسدا بڕوات، دەبێت ئۆردیکایەک بدۆزێتەوە و هەوڵبدات بەدەستی بهێنێت. بەڵام یارومیل گەنجێکی شەرمنە، هەتا خاڵیش نییە لە ترسنۆکی، چۆن دەتوانێت ئۆردیکایەک بدۆزێتەوە?. یارومیل لە هەوڵەکانیدا بۆ گەورەبوون و دەربازبوون لە دایکی «ڕەمزی لاوازیی»، حەز لە کیژێک دەکات، کێشمەکێشێکی دەروونی قووڵ دەژی تا بتوانێت لێی نزیکببێتەوە و خۆشەویستی خۆی بۆ دەرببڕێت، بەڵام ڕۆژێک لە کردەیەکی هەرزەکارانە و بوێرانەشدا گوڵێک دەگرێت بەدەستییەوە و دەچێتە بەر ماڵی کچە و چاوەڕوانیدەکات بێتەدەرێ... چاوەڕوانییەکەی بێهۆدەیە، لە جیاتی ئەو کیژەی ئەم عاشقی بووە، کیژێکی دی دەبینێت کە هاوڕێی کیژی پێشووە و پێیدەڵێت ئەو خانمەی ئەم بەدوایدا دەگەڕێت کۆچیکردوە و چیتر لەم شارەدا ناژی. بەڵام ئەم کیژە نوێیە ئەوە بۆ یارومیل ئاشکرادەکات کە شەیدایەتی و یارۆمیلی خۆشدەوێت. یارۆمیل هەوڵدەدات ئەم کچە بکات بە کەرەستەیەکی گەورەی دەربازبوون لە دایکی، بە ئەداتێک بۆ دۆزینەوەی خود و هەستکردن بە گەورەبوون و بەهێزبوونی خۆی. لێرەدا یارومیل لە هەر یەک لە پۆشکین و کۆرنیامێنتال جیادەبێتەوە، ئەوان سەرەتا هەستدەکەن کە زۆر بە هێزن و دواتر ژن وادەکات هەست بەبێهێزی بکەن، ژن وادەکات پۆشکین بڕوات بۆ «دووجەنگی» و ژن وادەکات کۆرنیامێنتال شێتانە بگاتە بەردەستی بکوژانی. هەتا بۆ خودی ئۆرفیۆسیش تەفسیرێک هەیە کەدەڵێت ئەوە خەتای ئۆردیکا بووە کە ئۆرفیۆسی ناچارکردوە ئاوڕبداتەوە، ئەوەندە لە ڕێگا پێیگووتووە «منت خۆشدەوێت? منت خۆشدەوێت? گەر منت خۆشدەوێت ئاوڕبدەرەوە? بۆ ئاوڕنادەیتەوە». ئەوە ئۆرفیۆسی ناچارکردوە ئاوڕبداتەوە و بەوجۆرە بەدبەختیکردوە. د

پێدەچێت یارۆمیل لە یارییەکە تێگەیشتبێت، لەوە حاڵیبووبێت کە ژنان مایەی بەدبەختی شاعیرە ئۆرفیۆسییەکانی پێش ئەون و بیەوێت بەوردی و بەوریایی لەو خاڵەدا ژیاننامەی ئۆرفیۆس دووبارەنەکاتەوە. یارومیل بۆ ئەوەی هەست بەهێزبکات، هەر خۆی لە حیزب و لە ڕۆحە دروشمساز و شۆڕشگێڕانەکەی نزیک ناکاتەوە، بەڵکو دەست لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانیشدا تێکەڵدەکات. یارۆمیل سەرەتا دەیەوێت هێزی خۆی لەگەڵ ئەو کیژەی هاوڕێیدا تاقیبکاتەوە، بەوەدا کە دەخوازێت تەواو داگیریبکات، بیکات بە هی خۆی، لە هەموو چاوێکی ونبکات، لە سەر ئەوە دەیکاتە جەنگ و جەدەل لەگەڵیدا، چۆن لەشی خۆی پیشانی دکتۆرێکی پیاو داوە... هێزی یارۆمیل سەرەتا لەوەدایە ئۆردیکاکەی خۆی تەواو بۆ خۆی مۆنۆپۆلبکات و نەهێڵێت بەشی کەسی تێدا بێت. بەڵام هێزی هەرە گەورە لە داگیرکردنی ئۆردیکادا نییە، بەڵکو لەدەستبەرداربووندایە لێی... یارومیل لە کردارێکی ناجومێرانەدا، هەریەک لە کیژەکەی هاوڕێی و برای ئەو کیژە بەدرۆ تاوانباردەکات کە دەیانەوێت لە سنوور بپەڕنەوە و لای پۆلیسی کۆمۆنیستی بەگرتیان دەدات. د

یارومیل بەدستی خۆی ئۆردیکا فڕێدەداتە بنی دۆزەخەوە و ئاوڕیشی لێ ناداتەوە سەیربکات چۆن دەکەوێتە بنی هادەس. د

یارومێل ئەو ئۆرفیۆسەیە کە لەسەرەتاوە دەزانێت لاوازە و بۆ ئەوە ناگەڕێت هێزی خۆی تاقیبکاتەوە، بەڵکو بۆ وەستهێنانی هێز دەگەڕێت، کە دەچێت بەدوای ئۆردیکادا بۆئەوە ناچێت ڕزگاریبکات، بەڵکو بۆئەوە دەچێت بەهێزی خۆی بسەلمێنێت و بڵێت هێزی من لە توانای دەستبەرداربووندایە لە ئۆردیکا نەوەک لە وەدەستهێنانەوەیدا.ئەگەر تاسەر یارۆمیل ژنان خیانەتیان لە شاعیران کردبێت، لەگەڵ یارۆمیلدا ئەو شاعیرە نێرە دێتە پێشێ کە هەوڵدەدات نێرایەتی و هێز و گەورەیی خۆی بەوە بسەلمێنێت کە دەتوانێت خیانەت لە ژنان بکات. د

بەڵام ئەم یارییە ئاسان بۆ یارومیل تەواو نابێت، ئەوەی ئۆرفیۆس دەستبخاتە دەستی جانەوەرەکانی هادەسەوە، هەموو شاعیرییەت و جوانییەکی تێدا دەکوژێت، لێرەوەیە ڕستە ترسناکەکەی کۆندێرا دێتە سەرێ، ئەو ڕستەیەی من لەوەوبەر چەندینجار بەکارمهێناوە و پێدەچێت زۆرجاری دیش بەکاریبهێنمەوە «لەو دەمەدا شاعیر لەگەڵ جەلاددا حوکمیاندەکرد». یارومیل نمونەی زۆر لە شاعیرانی سەدەی بیستە کە دەستیانخستە دەستی جەلاد و لەگەڵ ئەودا حوکمیانکرد. د

یارۆمیل دەچێتە پاڵ جەلاد بۆ ئەوەی لاوازیی ئەبەدی شاعیران جێبهێڵێت، بەڵام ئەوە ئازار و تراژیدیاکەی سووک ناکات، یارۆمیل دەبێتە کەسێکی تەنهای قێزەون، ئەمجارە ڕقی خەڵک لە یارۆمیل هۆکەی ئەوە نییە کە شاعیرە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە ئەو شاعیری بە ڕێگای خیانەتدا لە ڕێگای ئەبەدی شیعر بردوە، ڕێگای دژایەتی جەلاد، ڕێگای نەتوانەوە لە ژێر سێبەری دەسەڵاتدا... شاعیران بۆیان نییە لەسەر حیسابی جوانی، بەهێزبن. ئەوە وادەکات یارۆمیل هەوڵی خۆکوژی بدات، بەڵام بۆی ناچێتە سەر... یارۆمیل نابێت وەک شاعیران مەرگێکی ئازاد و مانادار بمرێت، لەبەرئەوە دەمێنێتەوە و پاشماوەیەکی کەم لەوە بە هەوکردنی سی دەمرێت و جیهان بەجێدەهێڵێت. د

یارۆمیل نمونەی تراژیدیی ئەو شاعیرە ئۆرفیۆسییەیە کە دەیەوێت لە لاوازی ئۆرفیۆسیانەی خۆی دەرچێت و ئەوەش بەرەو خیانەت لە شیعر و گەورەیی و داهێنانی دەبات. د


No comments:

Post a Comment