Saturday 19 November 2011

سلاڤۆ ژیژیک بۆ له‌ۆلستریت بوو؟

ئەو وتەیەی فەیلەسوفی چیکی «سلاڤۆ ژیژیک» ماوەیەک لەوەوبەر بۆ خۆپیشاندەرانی ۆلستریتی خوێندەوە، بەجۆرێک له‌جۆرەکان کورتکردنەوە‌و چڕکردنەوەی تەواوی بیرکردنەوەی سیاسی ئەو بوو. لەو وتەیەدا دوو تێزەی سەرەکی زاڵ بوون. یەکەم: گووتنی حەقیقەت له‌سیستمی کەپیتالیزمی مۆدێرندا کاری نەکردەیە. دووەم: تەواوی سیستم بۆ ئەوە کاردەکات خەیاڵی مرۆڤ بەجۆرێک بخەسێنێت، ئەگەری ئەلتەرناتیڤی تێدا بمرێت. گرنگی وتارەکەی ژیژیک لەوەدایە کە لەساتەوەختێکدایە کە سیستمی کەپیتالیستی ئەو پشووە دوورودرێژەی خۆی تێدەپەڕێنێت کە دوا بە دوای هەرەسی سیستمی سۆڤێتییەوە بۆی هاتە بەر. لەو بیست ساڵەی دواییدا بڕی هەرە زۆری رەخنە له‌دونیادا تەنیا ئاڕاستەی سیستمی کۆمۆنیستی‌و مۆدێلی ئیسلامی حوکمڕانی کراون... له‌ڕێگای ئەو دوو مۆدێلەوە کەپیتالیزم خۆی وا نیشاندەدات، کە ناشیرینی ئەلتەرناتیڤەکانی ئەو، بەهانەیە بۆ بێدەنگی‌و چاوپۆشین له‌هەموو دزێوی‌و خراپەکانی خۆی. ئەمڕۆ ئەو قۆناغە بەرەو کۆتایی دەڕوات... مرۆڤایەتی هێدی هێدی روونتر دەبینێت کە ئەو چیتر نە له‌ژێر حوکمڕانی ستالینیدا دەژی‌و نە ئیمپراتۆرییەتی بنلادنی بەڕێوەیە، بەڵکو هەموو گەر له‌کابولین یاخود شیکاگۆ له‌واقیعێکی کۆنکرێت‌و داڕێژراودا دەژین کە واقیعێکە کەپیتالیزمی مۆدێرن دروستیکردوە. ئەوەی ژیان‌و جوڵە‌و خەیاڵ‌و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان دادەڕێژێت، هیچ نییە جگە له‌کەپیتالیزم، لەسیستمێکی تەواو کۆنترۆڵکراو‌و ئاڕاستەکراو، کە وەک سیستمێکی تۆتالیتار‌و سەرتاپاگیر بێئاگایی خۆمان هەموو شتێکمان بۆ دیاریدەکات له‌ڕەنگی گۆرەوییەکانمانەوە تا جۆری ئەو خەونانەی کە دەیبینین. کەپیتالیزمیش بەهەشتی سەر زەمینی نییە، بەڵکو سیستمێکە له‌ناوەوەڕا قاندراوە بە هەموو جۆرەکانی ستەم، وە ئەگەر له‌ناوخۆیی خۆیدا کەمێک له‌ستەمی سیاسی‌و فیکری گوزەرابێت، بۆئەوەیە ستەمی ئابووری‌و ئیداریی گەورەتر بکات‌و تێیپەڕێنێت. گرنگی ژیژیک لەوەدایە کە بۆ تێگەیشتن له‌کەپیتالیزمی مۆدێرن وەک مارکسییە تەقلیدییەکان نامانباتەوە بۆ قسەکردن تەنیا له‌جیاوازی چینایەتی‌و ئابووری، له‌بەرئەوەی ئەم جیاوازییە سووک‌و سادە بە جۆرێک له‌ناو سیستمدا تواوەتەوە، بەجۆرێک ئاسایی «نۆرمالیزە» کراوە، بووە بە بەشێک له‌بەڵگەنەویستە سروشتییەکان، بە شێوەیەک هەموو مەکینەی راگەیاندن‌و پەروەردەکردن‌و ئیشکردن، هەموو ئەو سیستمە زمانەوانی‌و دەلالی‌و هێماسازییەی کە سیستم دروستیکردوە، چۆتە خزمەتی ئەو پرۆسەیەوە... بە شێوەیەک هێزی سەرەکی سیستم ئێستا لەوەدا نییە کە هێزی کاری هەموو مرۆڤەکانی ئەم ئەستێرەیە کۆنترۆڵدەکات، بەڵکو لەو «شێوازی یادبردنەوە‌و ئیقناع‌و ئاراستەکردنەدایە» کە خەیاڵ‌و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان وەها پڕدەکات بەجۆرێک بیربکەنەوە «ئەم سیستمە تەنیا سیستمی مومکینە» وە «لەمە باشتر کاری نەکردەیە». ئەوەی لێرەدا من مەبەستمە ئاماژەکردنی قووڵی ژیژیکە بۆ پەیوەندی سیستم بە کۆنترۆڵکردنی خەیاڵەوە. ئەو دەڵێت له‌سنووری فەنتازیای مرۆڤەکاندا ئێستا هەموو شتێک مومکینە، ئەگەری روخان یان گۆڕینی کەپیتالیزم نەبێت... ژیژیک لەوەدا لەسەر هەقە، پیشەسازی خەیاڵ له‌خۆرئاوادا ئێستا هەموو شتێک بەرهەمدەهێنێت، تاکە شتێک کە ناکرێت‌و ناتوانرێت بەرهەمبهێنرێت، ئەگەری کۆتایی یان گۆڕانی ریشەییە له‌ناو کەپیتالیزمدا. له‌ئێستادا ئەوپیشەسازییە هەموو شتێک دروستدەکات، ئەگەری ئەوەی ئەستێرەیەکی تر بدات بە زەویدا‌و ژیان نەهێڵێت، ئەگەری ئەوەی ڤیرۆسێک تەواوی ژیان له‌نێوببات، ئەگەری ئەوەی زەوی له‌ناوەڕاستدا دوو کەرت بێت‌و مانگ بکەوێتە خوارەوە... له‌خەیاڵی ئینسانەکاندا له‌ئەگەری هەرەسی کەپیتالیزم گەورەترە. ئەوەی کەپیتالیزمی هێشتۆتەوە، ئەوەیە کە چیتر مرۆڤەکان توانای بیرکردنەوەیان له‌ئەلتەرناتیڤ نەماوە. بەوەدا ئەلتەرناتیڤەکانی کەپیتالیزم، تا ئەمڕۆ ئەلتەرناتیڤی ترسناک یان ناپراکتیکی یان دینی‌و کۆنگەرابوون، ئیدی دەبێت مرۆڤایەتی هەموو بەدبەختی‌و ناشیرینی سیستمی کەپیتالیزم قەبووڵبکات‌و بیر له‌ئەگەرێکی باشتر بۆ ژیان نەکاتەوە. ئەم تێزەیەی ژیژیک، مێژوویەکی فەلسەفی دوور‌و درێژی له‌پشتە. ئێمە له‌تێزە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرتەوە ئەوە دەزانین کە هێزی سیستم له‌بونیادە ئابووری‌و عەسکەرییەکەیدا نییە، بەڵکو له‌توانایدایە لەسەر دزەکردن بۆ ناو ژیانی رۆژانە‌و ئاکاری مرۆڤ، بۆ ناو نەست‌و فەنتازیا. داگیرکردنی خەیاڵی ئینسانەکان، کۆنترۆڵکردنی نەستیان بە ئەندازەی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسی گرنگە بۆ مانەوەی سیستەم. ئاخۆ هۆی چییە کە پرۆسەیەکی وا گرنگ تووشی بەرەنگاریی گەورە نەبۆتەوە؟ ئاخۆ ئەم پرۆسەیە له‌ئاستی فیکردا تاوتوێ نەکراوە، یاخود له‌ڕاستیدا توانای تەرجەمەکردنی ئایدیا‌و بۆچوونی فەلسەفی بۆ سیاسەت‌و بەرەنگاری لەم سەردەمەدا تەواو لاواز بووە؟. ئاخۆ ئەم هێزە، دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزی کەپیتال، یان بێهێزی میکانیزمەکانی بەرەنگاریی؟... ئاخۆ ئەوە دەسەڵاتی رەهای کەپیتاله ‌ئەو دۆخەی دروستکردوە، یاخود لاوازی بزووتنەوەی چەپە کە ناتوانێت بنەما کلاسیکی‌و دێرین‌و بێکەڵکەکانی سەدەی نۆزدە تێپەڕێنێت‌و ژێرخانێکی فیکری نوێ بۆ بەرەنگاریی دابڕێژێت؟. ئەوەی سەیری مێژووی بزاوتە فەلسەفییە گەورەکانی دوای جەنگی جیهانی بکات‌و تا ئەمڕۆ بیانخوێنێتەوە، دەبینێت کە له‌ڕاستیدا بەشی هەرە زۆر فیکری فەلسەفی هاوچەرخ له‌بەریان‌و رەوتە گەورەکانیدا رەخنەی قووڵە له‌کەپیتالیزم. فەلسەفەی مارکۆزە، لاکان، سارتەر، فۆکۆ، دۆلۆز، ئاگامبن‌و دەیانی تر پێکڕا رۆچوونی قووڵن بە ناو میکانیزمەکانی ئیشکردنی سیستمدا. ئەم کولتوورە رەخنەییە گەورەیە له‌خۆرئاوا له‌هەموو ئاستەکاندا «ئاستی ئەکادیمی نەبێت» فەرامۆشکراوە. دیلبوونی فیکری فەلسەفی‌و رەخنەیی له‌چوار دیواری زانکۆکاندا وایکردوە، دزەکردنی ئەو رەخنە قووڵانە بۆ ناو هوشیاریی سیاسی مرۆڤەکان کاری نەکردەبێت. ئەوەی خەیاڵی ئینسانەکان بەجۆرێک سڕبووە‌و وادەزانن کە جۆرە ژیانێکی تر، لەدەرەوەی کۆمەڵگای بەرخۆریی‌و تەکنیکی بە سروشتی ئەمڕۆی نەکردەیە، ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بە راستی مرۆڤایەتی ئازادە له‌تاوتوێکردنی ئەگەر‌و ئەلتەرنایتڤی تردا، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسەیەکی ترسناکی دیسپلینکردنی خەیاڵ، بە شێوەیەک نەتوانێت جگە لەو جیهانە‌و لەو سیستمە فەنتازیای ئەگەرێکی تر بکات. لەسەدەی نۆزدەدا ئەوەی دینەمۆ‌و میکانیزمی بەرەنگاربوونەوەی سیستم بوو، فیکری یۆتۆپی بوو... یۆتۆپیا لەسەدەی هەژدە‌و نۆزدەدا تەنیا دوو بەرهەمهێنی خەیاڵپڵاو نەبوون، بەڵکو دوو کەرەستەی گرنگی پشکنین‌و دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ بوون بۆ سیستم. مرۆڤایەتی بەردەوام له‌پشت هەر ئەگەرێکەوە بیری له‌ئەگەرێکی تریش دەکردەوە، بەڵام پێدەچێت سیستمە تۆتالیتارییەکانی سەدەی بیست، تەواو رۆحی خۆیان بەخشیبێت بە کەپیتالیزمی مۆدێرن. ئەمجۆرە له‌سیستمی گلۆبال کە ئەمڕۆ لەسەر رووی زەوی باڵادەستە، ئەو رۆحە دێرینەی تۆتالیتاریزمەکانی بۆ خۆی وەرگرتووە، رۆحی کوشتنی هەموو ئەلتەرناتیڤێک. بەجۆرێک ئاشکرا دەبینین کە ئێستا جۆرە تۆتالیتاریزمێکی نوێی گەردونی لەدایکدەبێت، گەر تۆتالیتاریزم لەسەر بنەمای دیسپلین‌و کۆنترۆڵی تەواوەتی بەند بێت‌و لەسەر بەلاوە نانی ئەگەری هەموو ئەلتەرناتیڤێک بژی، ئەوا کەپیتالیزمی نوێ، لەگەڵ هەموو سەرپۆشە لیبرالەکەیدا، بە ئیمتیاز سیستمێکی تۆتالیتارە‌و رۆژ دوای رۆژیش پتر پرۆسەی بە تۆتالیتار بوونی خۆی قووڵدەکاتەوە.
بۆ ئەوەی بتوانین دژی سیستم بین، دەبێت باوەڕمان بەوە بێت کە نەبینینی واقیع سەرەتا بە کۆنترۆڵکردنی خەیاڵدا دەڕوات.. روخاندنی سیستەم، بە روخاندنی ئەو پەرێز‌و دیوارانەدا دەڕوات کە بۆ سنووری بیرکردنەوە‌و تێڕامان‌و خەیاڵی داناوە. لێرەوە جارێکی دی هێزی شۆڕشگێڕانەی خەیاڵ دێتەوە سەر شانۆ، ئەو هێزەی کە له‌شۆڕشی شەست‌و هەشتدا بەڕاست بنەما گەورەکانی مۆراڵی کەپیتالیزمی تەقلیدی هەژاند... چونکە بنەمای هەرە سەرەکی سیستم له‌خەساندنی خەیاڵی ئەلتەرناتیڤدایە، بەوەدا خەیاڵمان ناتوانێت تا ئەو جێگایە بڕبکات کە کەپیتالیزم سیستمێکی پڕ شەبەقە‌و هێزێکی ئەفسانەیی نییە، سیستمێکە خاڵی نییە له‌خاڵگەل‌و هەرێمی لاواز‌و کۆنترۆڵ نەکراو، ناتوانین بەرگریی‌و مقاوەمەت دژ بە خراپییەکانی ئەم سیستمە بگەێنینە ئاستێکی باڵا. مرۆڤایەتی دووبارە دەبێت باوەڕ بەوە بهێنێتەوە کە هیچ سیستمێکی ئەبەدیی‌و پێرڤێکت بوونی نییە، دەبێت فیکرەی گۆڕان‌و شۆڕش له‌ناو هەموو سیستمێکدا چ بە مانا مەجازی‌و چ بە مانا پراکتیکیەکەی زیندوو بێت، تا نەبێتە زیندانێکی گەورە. یان دروستتر‌و فەلسەفیانەتر بدوێم دەبێت هیچ سێنتێزێکی کۆتایی داخراو بوونی نەبێت، کە ئەگەری تێز‌و دژە تێزی دی تێیدا وەدەرنرابێت... ئەوەی باوەڕ بە بوونی سێنتیزی وابکات، هەتا ئەگەر خۆی وەک لیبرالیش دەربخات، خزمەتی بنەماکانی تۆتالیتاریزم دەکات. ئەمڕۆ بەزەبری ئەو بزاوتە کۆمەڵایەتییە نوێیانەی له‌خوارەوە دێنەسەرێ، له‌گۆڕەپانەکانی ئەتینا وە تا ۆلستریت هەست بە هەناسە‌و جوڵاندنەوەی هێزێکی تازە دەکەین، دەتوانین بڵێین جارێکی تر هێزی واقعییانەی خەیاڵ، هێزی بیرکردنەوە له‌ئەلتەرناتیڤ ورد وردە زیندوو دەبێتەوە، بەڵام ناکرێت ئەم هێزە له‌ئەسپێکی کۆن ببەسترێت، واتە من لەو باوەڕەدا نیم کە مارکسیزمی تەقلیدی بە کەرەستە کلاسیکییەکانی بتوانێت ئەم هێزە ئاڕاستەبکات. ئەوەی گرنگە بەگەڕخستنی تەواوی ئەو رەخنە قووڵانەیە کە لەسەدەی بیستدا لەم سیستمە گیراون، گەڕانەوەیە بۆ ئازادی مرۆڤ بە جەوهەرە وجودییەکەی وەک لای سارتەر دەمانبینی، بەرفراوانکردنی تاکتیکەکانی بەرگرییە بەو جۆرەی فۆکۆ لێیدەدوا، بەهێزکردنی خاڵەکانی هەڵهاتن‌و هێڵەکانی بازدان‌و راکردنە بەو جۆرەی دۆلۆز باسیدەکرد، بەهێزکردنی بڕوایە بەو شەبەقە قووڵەی له‌هەناوی سیستمدایە وەک ژیژیک باسیدەکات، بەرەنگاربوونەوەی مۆراڵی سیستەمە بە نامۆراڵ وەک لای ژان ژینییە بینیمان، بەرەنگاربوونەوەی عەقڵانییەتی دیسپلینکارە بە شێتییەکی شۆڕشگێڕانە وەک لای ئارتۆ دەردەکەوت... ئەوانە هەموو سەرەتای جیاواز جیاوازن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆتالیتاریزمی کەپیتالیستی. مرۆڤایەتی ئەمڕۆ پێویستی بە زیندووکردنەوەی خەیاڵی خۆی هەیە، بۆئەوەی باوەڕ بهێنێت کە ئەم سیستمە، بەمجۆرە داخراوە، ئەبەدیی نییە... گرنگترین شت ئەمڕۆ ئەوەیە کە خەیاڵی مرۆڤ بەشی ئەوە زیندووببێتەوە تێبگات، کەپیتالیزم وەک هەموو سیستمەکانی تر، سیستمێکی تێپەڕە، مێژووش ئەگەری ئەلتەرناتیڤی باشتر‌و مرۆڤانەتری زۆر له‌بەردەستدایە... بەبێ سەوزبوونەوەی ئەم بڕوایە ئەستەمە هیچ بەرەنگاربوونەوەیەکی راستەقینە سەر بگرێت... پێموایە هەر بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەشە سلاڤۆ ژیژیک له‌ۆلستریت بوو.

1 comment:

  1. Bau hiwaiam ka btwanin systemeki nwe benina peshawa. Handek jar la kapitalzm qez dakamawa. xalk kwery madda bwna

    ReplyDelete