Monday 28 November 2011

دوو دەموچاوەکەی ژەنرال
«بەسەرهاتی وێنەیەک»




هەر کات باسی جەنگی فیتنام دەکرێت، ڕاستەوخۆ سێ وێنەم دێتەوە یاد. وێنەی یەکەم، نیگار پێنج منداڵی گریاوە لەسەر شەقامێک، لە ناوەڕاستیاندا کچێکی منداڵی ڕووت هەیە، دەگری و ڕادەکات و دەلەرزێت، لە پشتیشەوە چەند سەربازێکی خودە بەسەر دەبینرێن. وێنەی دووەم، نیگاری منداڵێکی ڤیتینامییە کە سەربازێکی زۆر زلی ئەمریکایی بەدیل گرتووە و داویەتە پێش خۆی. وێنەی سێهەمیش «کە بابەتی ئەم باسەمانە» وێنەیەکی ناسراو و بینراوترە، وێنەی چرکە ساتێکی زۆر کورتی نێوان مەرگ و ژیانە. پیاوێکی ڤیتنامی بچوک، قژێکی کورتی بەجۆرێکی سەرەنجڕاکێش بۆسەرەوە هەڵداوەتەوە، بە دەمانچەیەکەوە لەسەر لا وەستاوە، زیاتر پشتی لە کامێرایە، دەستی درێژکردوە، دەمانچەکەی خستۆتە سەر سەری گەنجێکی ڤیتینامی کە لە جلێکی چوارگۆشەی خەتدار و پانتۆڵێکی کورتدا وەستاوە. وێنەکە لەو ساتەدا گیراوە کە پێدەچێت گوللەکە تێیدا بەر سەری گەنجەکە کەوتبێت، هیچ شتێک لە ئاسەواری گوللەکە دیار نییە، خوێن نابینین، هێند هەیە دەموچاوی فیتکۆنگەکە بە جۆرێک گرژ بووە کە هەموو نیشانەی پێکانی هەڵگرتووە، قژی بەجۆرێک بەلادا جوڵاوە، وەک بایەکی خێرا لەگەڵ جوڵەی گوللەکەدا بردبێتی٠
ئەم وێنەیە لە هەموو وێنەکانی تری جەنگی ڤیتنام لای من کاریگەرترە، لە هەموو چیرۆکەکانی جەنگ و لە ناوی هەموو قارەمانەکانیدا پتر بە یادەوەرییەوە دەنوسێت. سی و پێنج ساڵ لە مەوبەر وێنەکەم بینیوە، بەڵام هەر کات بیر لە جەنگ و دڕندەیی مرۆڤ بکەمەوە، پتر لە هەر نیگارێکی تر دێتەوە یادم. هەڵبەت من تەنیا کەس نیم کە ئەو هەستەم هەیە، وێنەکە یەکێکە لە ناودارترین وێنەکانی سەدەی بیست، یەکێکە لە ناودارترین وێنەکانی مێژووی جەنگیش، ئێستا بۆتە بەشێک لە یادەوەری دەستەجەمعیمان وەک مرۆڤ. هەندێک وادادەنێن ئەم وێنەیە ڕۆڵێکی گرنگی لەوەدا بینیوە ئەمریکا جەنگی ڤیتنام بدۆڕێنێت٠
بەتەواوی یادم نییە لە چ تەمەنێکدا ئەو وێنەیەم بینیوە، پێدەچێت لە نێوان چواردە و پازدە ساڵاندا بووبم، ئەوکاتە شتێکم دەربارەی نەدەزانی، تەنیا وێنەیەکی ترسناکی جەنگ بوو، وەک دیمەنی نێو فلیمێک بوو بۆ من. بەڵام ئەوەی دەموچاوی ژەنراڵ لە پێشەوە ببینم و سەیری دەموچاوی بکەم، بەشێک بوون لە خولیاکانی ئەو دەمم، دەمی هەرزەکاریی، دەمی خواست بۆ بینینی هەموو شتێک، سەردەمی تینوێتی بۆ تێگەیشتن و تەماشاکردن. ئەو دەم دەرگایەکم نەبوو، لێوەی بزانم ئەو پیاوەی لە وێنەکەدا ڤیتکۆنگەکە دەکوژێت کێیە. ساڵانێک دواتر لە کتێبی « زیندەگی، جەنگە و هیچی تر»ـی ژنە ڕۆژنامەنوسی ئیتالی ئۆریانا ڤالاچی دا شتگەلێکی زۆرم دەربارەی وێنەکە دەستکەوت. ڤالاجی لەو دەمەدا وەک پەیامنێرێکی جەنگ لە ڤیتنام کاردەکات، کاتی وێنەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوا جەژنی تیت، سەری ساڵی نوێی ڤیتینامی، لەو وەرزەدا فیتکۆنگەکان هێرشێکی بەرین بۆسەر سایگۆن دەست پێدەکەن. ئەوەی لە وێنەکەدا جێگای سەرەنجە ئەو دەست نە لەرزین و دڵنیاییەیە کە بکوژ لە گرتنی دەمانچەکەدا دەریخستووە. کوژراوەکە پێشمەرگەیەکی کۆمۆنیستی ڤیتکۆنگە بە ناوی نگوین ڤان لام، بکوژەکەش ژەنراڵ لۆن، بەڕێوەبەری پۆلیسی سایگۆنە و هەواداری ئەو حکومەتەیە کە ئەمریکاییەکان لە باشووری ڤیتنام پشتگیریدەکەن. وێنەکەش لە فۆتۆی وێنەگر «ئیدی ئادەمس» هەواڵگری ئاسیۆشێتدپرێسە لە ڤیتنام، لە ڕۆژی 1 فێبریوەری ساڵی 1968 دا گیراوە. تراژیدیای پشت وێنەکە لەویادا تەواو نابێت. ئەوەی سەرەنجی من ڕادەکێشێت پەیوەندی نێوان وێنەگر و پیاوکوژەکەیە، واتە پەیوەندی نێوان ئیدی ئادەمس و ژەنرال لۆنە... شتێکی سەرەنجڕاکێشە کە لە بری ئەوەی ژەنراڵ بەدەنگی بەرز لە تاوانەکەی پەشیمان بێتەوە، ئیدی ئادەمس لە وێنەکەی پەشیماندەبێتەوە. ئێستا ڕستەکانی ئیدی ئادەمس بە ئەندازەی وێنەکە بەناوبانگن «ژەنەراڵ فیتکۆنگێکی کوشت، منیش بە کامێراکەم ژەنراڵم کوشت. فۆتۆ هەمیشە وەک بەهێزترین چەکی دونیا دەمێنێتەوە. خەڵک هەمیشە باوەڕی پێدەکەن، بەڵام فۆتۆش دەتوانێت زۆر باش درۆبکات، هەتا بێئەوەی بشێوێنرێت یان دەستکاری بکرێت. فۆتۆش تەنیا نیوەی ڕاستی دەگوازێتەوە. ئەوەی ئەو فۆتۆیە نایڵێت ئەوەیە «گەر تۆ لەو کاتە و لەو شوێنەدا لە جێگای ژەنراڵدا بوویتایە چیت دەکرد، لەو ڕۆژە گەرمەدا، دواجار ئەو بەدکارەت گرتووە کە یەکێک و دووان و سیان لە سەربازە ئەمریکاییەکانی کوشتووە؟»٠

بە هۆی ئەو وێنەیەوە ژەنراڵ لۆن بوو بە سەمبولی شەڕانگێزی و خراپەکاری لە دونیادا، بەڵام ئێدی ئادەمس دواتر چەندەهاجار داوای لێبوردن لە ژەنراڵ دەکات لەسەر وێنەکەی، تەواو پەشیمانیش دەبێتەوە لە گرتنی. ژەنراڵ لۆن دوای جەنگ و کەوتنی سایگۆن، هەڵدێت بۆ ئەمریکا و لەوێ دوکانێکی پیتزا دادەنێت، دواجار کە لەوێش شوناسی ئاشکرادەبێت، بە هۆی نەبوونی کڕیارەوە لە ساڵی 1991 دا پیتزەریاکەی دادەخات و لە ساڵی 1998 بە شێرپەنجە دەمرێت. ئاخۆ ئەو چارەنوسە بەدەیە کە وا لە ئیدی ئادەمس دەکات پەشیمان بێتەوە? ئاخۆ ژەنراڵ لۆن پیاوێکی زۆر بەد نەبووە، وەکو ئادەمسی وێنەگر دەیەوێت بیخاتە خەیاڵمانەوە؟٠
شتێک لە نۆستالژی دەمباتەوە بۆ بیست و پێنج ساڵ لە مەوبەر، بۆ دەمێک کە کتێبەکەی ڤالاچیم خوێندەوە، دووبارە دەگەڕێمەوە سەر هەمان کتێب. لەوێدا چەند چاوپێکەوتنێکی سەرەنجڕاکێش لە نێوان ئۆریانا ڤالاچی و ژەنراڵ لۆندا دەخوێنینەوە. هەڵبەت ڤالاچی یەکێکە لە ناودارترین دیدارسازەکانی دونیا، ناوبانگیشی لەوەوە دێت کە زۆر هەست و نەستی خۆی لە داڕشتنەوەی فەزای چاوپێکەوتنەکاندا دەخاتەکار. ساڵڕۆژی یەکەمین چاوپێکەوتنی ڤالاچی و ژەنراڵ دەگەڕێتەوە بۆ حەڤدەی سێپتەمبەری ساڵی 1967، واتە بۆ 45 ڕۆژ بەر لە وێنەکە. روخساری ژەنراڵ لە وێنەکەدا دیار نییە، بەڵام ڤالاچی وەک ناشیرینترین پیاوێک وەسفیدەکات تا ئەوکاتە بینیوێتی، دەڵێت ژەنراڵ بەجۆرێک ناشیرین بووە، بە چەژنێک لووتن و دەمزل و بێ چەنە بووە، ئەو بە بینینی خواستی ڕشانەوەی تیا پەیدابووە. بەڵام ژەنراڵ لە چاوپێکەوتنەکەدا خۆی بەمجۆرە وەسفدەکات «وای خانم، من عاشقی گوڵم، هەموو ڕۆژێک دەبێت گوڵی تازە بنێنە سەر مێزەکەم، دەبێت لەسەر هەر گوڵێکیش دڵۆپێک شەونم هەبێت، یەک دڵۆپ و بەس... من کەسێکی تابڵێی ڕۆمانسیم، دەزانیت? گوڵ، مۆسیقا ... هەموو شەوێک دەبێت گوێ لە مۆسیقا بگرم، برامس، شۆپان. بە پیانۆ ئاوازەکانیان لێدەدەم و خۆم گۆرانی لەگەڵدا دەسازێنم»٠
ئاخۆ دەکرێت مرۆڤ شۆپانیش لێبدات و لە ناوەڕاستی شەقامێکیشدا دیلێک بەدەستی بەستراوەوە بکوژێت?. بەڵێ... مرۆڤ دەکرێت عاشقی گوڵ بێت و ژەنراڵێکی ترسناکیش بێت، دەشێت حەزی لە شەونمی سەر گوڵ بێت و بەوجۆرەش لە ناوەراستی شەقامێکی خاڵیدا دیلێک بکوژێت. دەکرێت هەم ناسک و هەم خوێنمژ بێت. ژەنراڵ کاراکتەرێکی ناوازە نییە، ئەوە وێنەی سیاسی مۆدێرنە، سیاسییەک کە بەدیوێکدا خۆی گەلێک پاکوتەمیز و ڕۆشنبیر و هونەردۆست دەردەخات، بە دیوەکەی دیشدا دەتوانێت تا ئەوپەڕی دڕندەیی دڕندە بێت. ژەنراڵ لۆن، کەسێکی دەگمەن و سەرپەڕ نییە، بەڵکو تەنیا نمونەیەکی زەقە بۆ ئەوجۆرە کاراکتەرە سیاسی و سەربازییەی دەوڵەتی هاوچەرخ لە هەموو شوێنێکی دونیادا پێویستی پێیەتی. وێنەی ژەنراڵ لە کتێبەکەی ڤالاچیدا ئەووێنەیە نییە کە ئیدی ئادەمس دواتر بۆی دەکێشێت، وەک پیاوێک کە کامێرا خیانەتی دەرهەق کردبێت و زوڵمی لێکردبێت. ژەنراڵ کەسێکی شەڕانگیزیی توندکارە کە بۆ دەرکردنی فیتکۆنگ لە سایگۆن گەڕەکەکانی ناو سایگۆن بە ناپاڵم دەسووتێنێت٠
ڕاستییەک ژەنەرال لۆن بۆمانی جێدەهێڵێت ئەوەیە، سیاسی لە جیهانی ئەمڕۆماندا پێویستی بە هەردوو دەموچاوەکە هەیە، بێهیچ یەکێک لەو دوو دەموچاوە ناژی، بەدیوێک دەبێت خۆی وەک عاشقی گوڵ نیشانبدات، وەک ئەو کەسە شارستانییەی کە زۆر پەیوەندی بە ئەدەب و مۆسیقا و کولتوورەوە هەیە، بە دیوێکی دیش دەبێت توانای ئەنجامدانی ناشیرینترین کوشتنی تێدا بێت. هیچ یەک لەم دوو دەموچاوە بێ یەکتری ناژین، یەک یەکتر تەواودەکەن، یەک یەکتر دروستدەکەنەوە. بەڵام هەموو سیاسییەک وەک ژەنراڵ لۆن فۆتۆگرافێکی وەک ئادەمس و ڕۆژنامەنوسێکی وەک ڤالاچی دەست ناکەوێت، لە نزیکەوە هەر دوو ساتەکەی بۆ تۆماربکەن، ناکۆکییەکەی بەو جۆرە بۆ زەقبکەنەوە. لە ڕاپۆرتەکەی ڤالاچیدا سەرگوزشتی ئەو فۆتۆیە ڕووبەرێکی زۆر گەورەی کتێبەکە داگیردەکات. هەمیشە هەمان پرسیار دێتەوە پێشێ: ئایا دەبێت ژەنراڵ ببەخشین? . کتێبەکە چەندین دیالۆگی سەرەنجڕاکێشی لە نێوان ڤالاچی و فرانسوا پلودا تێدایە، کە بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی ئیشدەکات و پێشتر لە جەنگی کۆریاشدا پەیامنێر بووە. فرنسوا سەرەتا هەڵوێستێکی زۆر توند لە ژەنراڵ وەردەگرێت، بەڵام لە جێگایەکدا دەگاتە ئەو بڕوایەی مرۆڤ هەندێجار نابێت لە زللەیەک ببورێت، بەڵام لە جەنگدا ناچارە لە پیسترین و دژوارترین تاوان خۆشبێت، چونکە مرۆڤ لە جەوهەردا هەرگیز ناتوانێت تێبگات «ئاژەڵەکەی ناو مرۆڤ لە کویادا کاری تەواو دەبێت و مرۆڤ لە کوێوە دەست پێدەکات»٠
ئایا کێشەی دڕندەیی لای ژەنراڵ لۆن لە کوێوە سەرچاوەدەگرێت? ڕیشەکەی لە ناو سیاسەتی مۆدێرندایە یاخود هەر لە ناو جنسی مرۆڤدایە کە هەرگیز ناگاتە جێبەجێکردنی ئەو بەها ئەخلاقیانەی خۆی بۆ خۆی داناوە؟٠ڤالاچی بەوردی ئەو ساتانەمان بۆ دەگوازێتەوە کە تێیدا ژەنراڵ برینداردەبێت و دێتە سەر ئەوەی قاچی ببڕنەوە... ژەنراڵ لە بیمارستان چیتر ئەو پیاوە نییە کە لە وێنەکەدا دەیبینین و بێ دوو دڵی و بە دەستێکەوە کە نالەرزێت گوللە بە ڤیتکۆنگێکەوە دەنێت... ئیدی مرۆڤێکی لاوازە، چیتر ئەو کەسە ترسناکە نییە کە ڤیتنام لە بەردەمیدا دەلەرزێت، بەڵکو پیاوێکی بیمار و گرینۆکە کە زوو دڵی پڕدەبێت و دەکەوێتە هەڵڕشتنی فرمێسک. دوا چاوپێکەوتنی نێوان ڤالاچی و ژەنراڵ زۆر سەرەنجڕاکێشە، لە ساتێکدا وێنەکەی ژەنراڵ وەک دڕندەترین کەس بە دونیادا بڵاوبۆتەوە، ڤالاچی دەگەڕێتەوە و مرۆڤە سادەکەی ناو ژەنراڵمان نیشاندەداتەوە. لە بیمارستان ڤالاچی لێیدەپرسێت «ژەنراڵ بۆ ئەو کارەت کرد، بۆ کەسێکی دەستبەستراوەت بەوجۆرە کوشت، تۆ دەڵێیت حەزم لە جوانییە، حەزم لە گوڵەباغە?». ئەو بەهانەیەی ژەنراڵ لۆن بەدەم گریانەوە دەیهێنێتەوە ئەوەیە. کە ناتوانێت تەحەمولی جەنگاوەرێک بکات کە جلی سەربازی لەبەر نییە، یۆنیفۆرم ناپۆشێت، دەتوانێت خۆی لە نێو خەڵکی سڤیلدا بشارێتەوە، ئەوەش وادەکات کاری جەنگ بۆی سادەتر و ئاسانتر بێت. بەپێی قسەی ژەنراڵ، ئەو جۆرە خۆشاردنەوەیە زۆر توڕەیکردوە، پێیگووتووە لەم جلانەدا خۆت دەشاریتەوە و تەقەدەکەیت، دە ئیدی بڕۆ و بمرە. «بەپێی قسەکانی ژەنراڵ، ڤان لام لە کوشتن و قڕانکرنی خانەوادەی ئەفسەرێکی پۆلیسدا بەشداربووە». ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لۆن لە دواجاردا دەڵێت هەرگیز پەشیمان نییە، چەندە ویستوێتی هەستی شەرم و پەشیمانی لە خۆیدا دروستبکات نەیتوانیوە. ئەرگۆمێنتەکانی ژەنراڵ جێگای سەرەنجن، ژەنراڵ دەڵێت «ئایا من کەسێکی بەدم? نا.. بەدترنیم لە هەر کەسێکی دیکە کە لەم جەنگەدا بەشدارە. ئەگەر من بەدم فیتگۆنگەکانیش بەدن، ئەمریکاییەکانیش بەدن، هەموو ئەوانەی پێش ئێمە هاتوون و دوای ئێمە دێن بەدن. چونکە مرۆڤ بەد نییە، بەڵکو جەنگ بەدە. لە جەنگدا هەتا باشترین و ئارامترین مرۆڤ دەبێتە کەسێکی بەد، لەوانەیە ئەو ڕۆژە من بەد بووبم، بەڵام ئاخۆ ئەو کەسەی کە کوژرا لە من باشتر بووە، تکات لێدەکەم وەڵامم بدەوە، بەڕاستی وا بیردەکەیتەوە کە ئەو لە من باشتر بووە?». ئەمە بۆچوونی ژەنەراڵە٠
ئەوەی هەر یەک لە ڤالاچی و ژەنراڵ لێرەدا فەرامۆشیدەکەن ئەوەیە کە ئەم ناکۆکییە جەوهەری سیاسەتی مۆدێرنە... ئەوە ئەو سیستمە سیاسییەیە کە سنووری نێوان سیاسی و پیاکوژ بەجۆرێک تەنکدەکاتەوە، هەندێجار جیاکردنەوەیان ئەستەمە. لە سیاسەتی مۆدێرندا جەلاد ناتوانێت قوربانی وەک قوربانی ببینێت، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا وەک خراپەکارێکی دەیبینێت. ژەنراڵ ڕای وایە ئەو جەنگە، جەنگی نێوان کۆمەڵێک بەدە... بەوەدا هەموو خراپەکارن، لێرەوە کوشتن لە هەموو لایەکەوە حەڵاڵە. ئەم لۆژیکە لە پشت تەواوی سیاسەتی دونیاوە وەستاوە، ئەگەر من بەدم لە بەرئەوەیە کە ئەوانی تر باشتر نین... ئەمە دروشمی نهێنی هەموو تاوانەکانی ناو سیاسەتە. ئەوەی حەز لە گوڵ بکەیت و خۆت وەک عاشقی جوانی دەربخەیت و ئەوانی تر بە مەخلوقاتی بەد بزانیت ئەوە جەوهەری تاوانەکەیە... تاوانە گەورەکەی ژەنراڵ بە بڕوای من ئەوە نییە کە دیلێک دەکوژێت، بەڵکو ئەوەیە کە حەزی لە شۆپان و گوڵی شەونم لەسەرە و هەمووانیش بە بەد تەماشادەکات، ئەو دوو بنەمایە وایانکردوە ژەنراڵ ئاسان و بێدوودڵی و بەدەستێکی وا چەسپیو و نەترسەوە دیلێک بکوژێت. گەر ژەنراڵ حەزی لە گوڵ نەبایە... ئێمە هەرگیز ئەو وێنەیەمان نەدەدی. لێرەوە من زۆرجار ئەوەندەی لە سیفاتی پۆزەتیڤی سیاسییەکان و عەسکەرییەکان دەترسم لە سیفاتە بەدەکانیان ناترسم، زۆرجار ئەوەی وادەکات زۆر دڕندەبن ئەوەیە کە حەزیان لە گوڵەباغە٠

Saturday 19 November 2011

سلاڤۆ ژیژیک بۆ له‌ۆلستریت بوو؟

ئەو وتەیەی فەیلەسوفی چیکی «سلاڤۆ ژیژیک» ماوەیەک لەوەوبەر بۆ خۆپیشاندەرانی ۆلستریتی خوێندەوە، بەجۆرێک له‌جۆرەکان کورتکردنەوە‌و چڕکردنەوەی تەواوی بیرکردنەوەی سیاسی ئەو بوو. لەو وتەیەدا دوو تێزەی سەرەکی زاڵ بوون. یەکەم: گووتنی حەقیقەت له‌سیستمی کەپیتالیزمی مۆدێرندا کاری نەکردەیە. دووەم: تەواوی سیستم بۆ ئەوە کاردەکات خەیاڵی مرۆڤ بەجۆرێک بخەسێنێت، ئەگەری ئەلتەرناتیڤی تێدا بمرێت. گرنگی وتارەکەی ژیژیک لەوەدایە کە لەساتەوەختێکدایە کە سیستمی کەپیتالیستی ئەو پشووە دوورودرێژەی خۆی تێدەپەڕێنێت کە دوا بە دوای هەرەسی سیستمی سۆڤێتییەوە بۆی هاتە بەر. لەو بیست ساڵەی دواییدا بڕی هەرە زۆری رەخنە له‌دونیادا تەنیا ئاڕاستەی سیستمی کۆمۆنیستی‌و مۆدێلی ئیسلامی حوکمڕانی کراون... له‌ڕێگای ئەو دوو مۆدێلەوە کەپیتالیزم خۆی وا نیشاندەدات، کە ناشیرینی ئەلتەرناتیڤەکانی ئەو، بەهانەیە بۆ بێدەنگی‌و چاوپۆشین له‌هەموو دزێوی‌و خراپەکانی خۆی. ئەمڕۆ ئەو قۆناغە بەرەو کۆتایی دەڕوات... مرۆڤایەتی هێدی هێدی روونتر دەبینێت کە ئەو چیتر نە له‌ژێر حوکمڕانی ستالینیدا دەژی‌و نە ئیمپراتۆرییەتی بنلادنی بەڕێوەیە، بەڵکو هەموو گەر له‌کابولین یاخود شیکاگۆ له‌واقیعێکی کۆنکرێت‌و داڕێژراودا دەژین کە واقیعێکە کەپیتالیزمی مۆدێرن دروستیکردوە. ئەوەی ژیان‌و جوڵە‌و خەیاڵ‌و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان دادەڕێژێت، هیچ نییە جگە له‌کەپیتالیزم، لەسیستمێکی تەواو کۆنترۆڵکراو‌و ئاڕاستەکراو، کە وەک سیستمێکی تۆتالیتار‌و سەرتاپاگیر بێئاگایی خۆمان هەموو شتێکمان بۆ دیاریدەکات له‌ڕەنگی گۆرەوییەکانمانەوە تا جۆری ئەو خەونانەی کە دەیبینین. کەپیتالیزمیش بەهەشتی سەر زەمینی نییە، بەڵکو سیستمێکە له‌ناوەوەڕا قاندراوە بە هەموو جۆرەکانی ستەم، وە ئەگەر له‌ناوخۆیی خۆیدا کەمێک له‌ستەمی سیاسی‌و فیکری گوزەرابێت، بۆئەوەیە ستەمی ئابووری‌و ئیداریی گەورەتر بکات‌و تێیپەڕێنێت. گرنگی ژیژیک لەوەدایە کە بۆ تێگەیشتن له‌کەپیتالیزمی مۆدێرن وەک مارکسییە تەقلیدییەکان نامانباتەوە بۆ قسەکردن تەنیا له‌جیاوازی چینایەتی‌و ئابووری، له‌بەرئەوەی ئەم جیاوازییە سووک‌و سادە بە جۆرێک له‌ناو سیستمدا تواوەتەوە، بەجۆرێک ئاسایی «نۆرمالیزە» کراوە، بووە بە بەشێک له‌بەڵگەنەویستە سروشتییەکان، بە شێوەیەک هەموو مەکینەی راگەیاندن‌و پەروەردەکردن‌و ئیشکردن، هەموو ئەو سیستمە زمانەوانی‌و دەلالی‌و هێماسازییەی کە سیستم دروستیکردوە، چۆتە خزمەتی ئەو پرۆسەیەوە... بە شێوەیەک هێزی سەرەکی سیستم ئێستا لەوەدا نییە کە هێزی کاری هەموو مرۆڤەکانی ئەم ئەستێرەیە کۆنترۆڵدەکات، بەڵکو لەو «شێوازی یادبردنەوە‌و ئیقناع‌و ئاراستەکردنەدایە» کە خەیاڵ‌و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان وەها پڕدەکات بەجۆرێک بیربکەنەوە «ئەم سیستمە تەنیا سیستمی مومکینە» وە «لەمە باشتر کاری نەکردەیە». ئەوەی لێرەدا من مەبەستمە ئاماژەکردنی قووڵی ژیژیکە بۆ پەیوەندی سیستم بە کۆنترۆڵکردنی خەیاڵەوە. ئەو دەڵێت له‌سنووری فەنتازیای مرۆڤەکاندا ئێستا هەموو شتێک مومکینە، ئەگەری روخان یان گۆڕینی کەپیتالیزم نەبێت... ژیژیک لەوەدا لەسەر هەقە، پیشەسازی خەیاڵ له‌خۆرئاوادا ئێستا هەموو شتێک بەرهەمدەهێنێت، تاکە شتێک کە ناکرێت‌و ناتوانرێت بەرهەمبهێنرێت، ئەگەری کۆتایی یان گۆڕانی ریشەییە له‌ناو کەپیتالیزمدا. له‌ئێستادا ئەوپیشەسازییە هەموو شتێک دروستدەکات، ئەگەری ئەوەی ئەستێرەیەکی تر بدات بە زەویدا‌و ژیان نەهێڵێت، ئەگەری ئەوەی ڤیرۆسێک تەواوی ژیان له‌نێوببات، ئەگەری ئەوەی زەوی له‌ناوەڕاستدا دوو کەرت بێت‌و مانگ بکەوێتە خوارەوە... له‌خەیاڵی ئینسانەکاندا له‌ئەگەری هەرەسی کەپیتالیزم گەورەترە. ئەوەی کەپیتالیزمی هێشتۆتەوە، ئەوەیە کە چیتر مرۆڤەکان توانای بیرکردنەوەیان له‌ئەلتەرناتیڤ نەماوە. بەوەدا ئەلتەرناتیڤەکانی کەپیتالیزم، تا ئەمڕۆ ئەلتەرناتیڤی ترسناک یان ناپراکتیکی یان دینی‌و کۆنگەرابوون، ئیدی دەبێت مرۆڤایەتی هەموو بەدبەختی‌و ناشیرینی سیستمی کەپیتالیزم قەبووڵبکات‌و بیر له‌ئەگەرێکی باشتر بۆ ژیان نەکاتەوە. ئەم تێزەیەی ژیژیک، مێژوویەکی فەلسەفی دوور‌و درێژی له‌پشتە. ئێمە له‌تێزە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرتەوە ئەوە دەزانین کە هێزی سیستم له‌بونیادە ئابووری‌و عەسکەرییەکەیدا نییە، بەڵکو له‌توانایدایە لەسەر دزەکردن بۆ ناو ژیانی رۆژانە‌و ئاکاری مرۆڤ، بۆ ناو نەست‌و فەنتازیا. داگیرکردنی خەیاڵی ئینسانەکان، کۆنترۆڵکردنی نەستیان بە ئەندازەی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسی گرنگە بۆ مانەوەی سیستەم. ئاخۆ هۆی چییە کە پرۆسەیەکی وا گرنگ تووشی بەرەنگاریی گەورە نەبۆتەوە؟ ئاخۆ ئەم پرۆسەیە له‌ئاستی فیکردا تاوتوێ نەکراوە، یاخود له‌ڕاستیدا توانای تەرجەمەکردنی ئایدیا‌و بۆچوونی فەلسەفی بۆ سیاسەت‌و بەرەنگاری لەم سەردەمەدا تەواو لاواز بووە؟. ئاخۆ ئەم هێزە، دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزی کەپیتال، یان بێهێزی میکانیزمەکانی بەرەنگاریی؟... ئاخۆ ئەوە دەسەڵاتی رەهای کەپیتاله ‌ئەو دۆخەی دروستکردوە، یاخود لاوازی بزووتنەوەی چەپە کە ناتوانێت بنەما کلاسیکی‌و دێرین‌و بێکەڵکەکانی سەدەی نۆزدە تێپەڕێنێت‌و ژێرخانێکی فیکری نوێ بۆ بەرەنگاریی دابڕێژێت؟. ئەوەی سەیری مێژووی بزاوتە فەلسەفییە گەورەکانی دوای جەنگی جیهانی بکات‌و تا ئەمڕۆ بیانخوێنێتەوە، دەبینێت کە له‌ڕاستیدا بەشی هەرە زۆر فیکری فەلسەفی هاوچەرخ له‌بەریان‌و رەوتە گەورەکانیدا رەخنەی قووڵە له‌کەپیتالیزم. فەلسەفەی مارکۆزە، لاکان، سارتەر، فۆکۆ، دۆلۆز، ئاگامبن‌و دەیانی تر پێکڕا رۆچوونی قووڵن بە ناو میکانیزمەکانی ئیشکردنی سیستمدا. ئەم کولتوورە رەخنەییە گەورەیە له‌خۆرئاوا له‌هەموو ئاستەکاندا «ئاستی ئەکادیمی نەبێت» فەرامۆشکراوە. دیلبوونی فیکری فەلسەفی‌و رەخنەیی له‌چوار دیواری زانکۆکاندا وایکردوە، دزەکردنی ئەو رەخنە قووڵانە بۆ ناو هوشیاریی سیاسی مرۆڤەکان کاری نەکردەبێت. ئەوەی خەیاڵی ئینسانەکان بەجۆرێک سڕبووە‌و وادەزانن کە جۆرە ژیانێکی تر، لەدەرەوەی کۆمەڵگای بەرخۆریی‌و تەکنیکی بە سروشتی ئەمڕۆی نەکردەیە، ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بە راستی مرۆڤایەتی ئازادە له‌تاوتوێکردنی ئەگەر‌و ئەلتەرنایتڤی تردا، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسەیەکی ترسناکی دیسپلینکردنی خەیاڵ، بە شێوەیەک نەتوانێت جگە لەو جیهانە‌و لەو سیستمە فەنتازیای ئەگەرێکی تر بکات. لەسەدەی نۆزدەدا ئەوەی دینەمۆ‌و میکانیزمی بەرەنگاربوونەوەی سیستم بوو، فیکری یۆتۆپی بوو... یۆتۆپیا لەسەدەی هەژدە‌و نۆزدەدا تەنیا دوو بەرهەمهێنی خەیاڵپڵاو نەبوون، بەڵکو دوو کەرەستەی گرنگی پشکنین‌و دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ بوون بۆ سیستم. مرۆڤایەتی بەردەوام له‌پشت هەر ئەگەرێکەوە بیری له‌ئەگەرێکی تریش دەکردەوە، بەڵام پێدەچێت سیستمە تۆتالیتارییەکانی سەدەی بیست، تەواو رۆحی خۆیان بەخشیبێت بە کەپیتالیزمی مۆدێرن. ئەمجۆرە له‌سیستمی گلۆبال کە ئەمڕۆ لەسەر رووی زەوی باڵادەستە، ئەو رۆحە دێرینەی تۆتالیتاریزمەکانی بۆ خۆی وەرگرتووە، رۆحی کوشتنی هەموو ئەلتەرناتیڤێک. بەجۆرێک ئاشکرا دەبینین کە ئێستا جۆرە تۆتالیتاریزمێکی نوێی گەردونی لەدایکدەبێت، گەر تۆتالیتاریزم لەسەر بنەمای دیسپلین‌و کۆنترۆڵی تەواوەتی بەند بێت‌و لەسەر بەلاوە نانی ئەگەری هەموو ئەلتەرناتیڤێک بژی، ئەوا کەپیتالیزمی نوێ، لەگەڵ هەموو سەرپۆشە لیبرالەکەیدا، بە ئیمتیاز سیستمێکی تۆتالیتارە‌و رۆژ دوای رۆژیش پتر پرۆسەی بە تۆتالیتار بوونی خۆی قووڵدەکاتەوە.
بۆ ئەوەی بتوانین دژی سیستم بین، دەبێت باوەڕمان بەوە بێت کە نەبینینی واقیع سەرەتا بە کۆنترۆڵکردنی خەیاڵدا دەڕوات.. روخاندنی سیستەم، بە روخاندنی ئەو پەرێز‌و دیوارانەدا دەڕوات کە بۆ سنووری بیرکردنەوە‌و تێڕامان‌و خەیاڵی داناوە. لێرەوە جارێکی دی هێزی شۆڕشگێڕانەی خەیاڵ دێتەوە سەر شانۆ، ئەو هێزەی کە له‌شۆڕشی شەست‌و هەشتدا بەڕاست بنەما گەورەکانی مۆراڵی کەپیتالیزمی تەقلیدی هەژاند... چونکە بنەمای هەرە سەرەکی سیستم له‌خەساندنی خەیاڵی ئەلتەرناتیڤدایە، بەوەدا خەیاڵمان ناتوانێت تا ئەو جێگایە بڕبکات کە کەپیتالیزم سیستمێکی پڕ شەبەقە‌و هێزێکی ئەفسانەیی نییە، سیستمێکە خاڵی نییە له‌خاڵگەل‌و هەرێمی لاواز‌و کۆنترۆڵ نەکراو، ناتوانین بەرگریی‌و مقاوەمەت دژ بە خراپییەکانی ئەم سیستمە بگەێنینە ئاستێکی باڵا. مرۆڤایەتی دووبارە دەبێت باوەڕ بەوە بهێنێتەوە کە هیچ سیستمێکی ئەبەدیی‌و پێرڤێکت بوونی نییە، دەبێت فیکرەی گۆڕان‌و شۆڕش له‌ناو هەموو سیستمێکدا چ بە مانا مەجازی‌و چ بە مانا پراکتیکیەکەی زیندوو بێت، تا نەبێتە زیندانێکی گەورە. یان دروستتر‌و فەلسەفیانەتر بدوێم دەبێت هیچ سێنتێزێکی کۆتایی داخراو بوونی نەبێت، کە ئەگەری تێز‌و دژە تێزی دی تێیدا وەدەرنرابێت... ئەوەی باوەڕ بە بوونی سێنتیزی وابکات، هەتا ئەگەر خۆی وەک لیبرالیش دەربخات، خزمەتی بنەماکانی تۆتالیتاریزم دەکات. ئەمڕۆ بەزەبری ئەو بزاوتە کۆمەڵایەتییە نوێیانەی له‌خوارەوە دێنەسەرێ، له‌گۆڕەپانەکانی ئەتینا وە تا ۆلستریت هەست بە هەناسە‌و جوڵاندنەوەی هێزێکی تازە دەکەین، دەتوانین بڵێین جارێکی تر هێزی واقعییانەی خەیاڵ، هێزی بیرکردنەوە له‌ئەلتەرناتیڤ ورد وردە زیندوو دەبێتەوە، بەڵام ناکرێت ئەم هێزە له‌ئەسپێکی کۆن ببەسترێت، واتە من لەو باوەڕەدا نیم کە مارکسیزمی تەقلیدی بە کەرەستە کلاسیکییەکانی بتوانێت ئەم هێزە ئاڕاستەبکات. ئەوەی گرنگە بەگەڕخستنی تەواوی ئەو رەخنە قووڵانەیە کە لەسەدەی بیستدا لەم سیستمە گیراون، گەڕانەوەیە بۆ ئازادی مرۆڤ بە جەوهەرە وجودییەکەی وەک لای سارتەر دەمانبینی، بەرفراوانکردنی تاکتیکەکانی بەرگرییە بەو جۆرەی فۆکۆ لێیدەدوا، بەهێزکردنی خاڵەکانی هەڵهاتن‌و هێڵەکانی بازدان‌و راکردنە بەو جۆرەی دۆلۆز باسیدەکرد، بەهێزکردنی بڕوایە بەو شەبەقە قووڵەی له‌هەناوی سیستمدایە وەک ژیژیک باسیدەکات، بەرەنگاربوونەوەی مۆراڵی سیستەمە بە نامۆراڵ وەک لای ژان ژینییە بینیمان، بەرەنگاربوونەوەی عەقڵانییەتی دیسپلینکارە بە شێتییەکی شۆڕشگێڕانە وەک لای ئارتۆ دەردەکەوت... ئەوانە هەموو سەرەتای جیاواز جیاوازن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆتالیتاریزمی کەپیتالیستی. مرۆڤایەتی ئەمڕۆ پێویستی بە زیندووکردنەوەی خەیاڵی خۆی هەیە، بۆئەوەی باوەڕ بهێنێت کە ئەم سیستمە، بەمجۆرە داخراوە، ئەبەدیی نییە... گرنگترین شت ئەمڕۆ ئەوەیە کە خەیاڵی مرۆڤ بەشی ئەوە زیندووببێتەوە تێبگات، کەپیتالیزم وەک هەموو سیستمەکانی تر، سیستمێکی تێپەڕە، مێژووش ئەگەری ئەلتەرناتیڤی باشتر‌و مرۆڤانەتری زۆر له‌بەردەستدایە... بەبێ سەوزبوونەوەی ئەم بڕوایە ئەستەمە هیچ بەرەنگاربوونەوەیەکی راستەقینە سەر بگرێت... پێموایە هەر بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەشە سلاڤۆ ژیژیک له‌ۆلستریت بوو.

Thursday 3 November 2011

وەچەکانی ئۆرفیۆس "4" حەلاج


تراژیدیای ئۆرفیۆس له‌سێ وێستگەی سەرەکیدا کۆدەبێتەوە 1.عەشقێکی بێسنوور‌و هەوڵ بۆ گەیشتنێکی ناکۆتا بە یار. 2.هەوڵدانی بۆ هەڵگرتنی سنووری نێوان ژیان‌و مردن. 3.بەکارهێنانی کەرەستەیەکی لاوازی ئینسانی بۆ ئەو دوو فەرمانە سەختە کە هونەرە. گەر له‌ئەزموونی حەلاجیش بروانین هەمان ریز بەندی دەبینینەوە. 1.عەشقێکی بێسنوور بۆ خودا‌و هەوڵێکی گەورە بۆ یەکبوون لەگەڵ خالیقدا. 2.هەڵگرتنی سنوور‌و بەربەستەکانی نێوان خالیق‌و مەخلوق. 3.بەکارهێنانی کەرەستەیەکی لاوازی ئینسانی بۆ تەعبیر لەو خواستە کە شیعرە.
چیرۆکی مەنسوری حەلاج لەوە بەناوبانگترە پێویستی بە گێڕانەوەی من بێت، ئەو یەکێکە له‌هەرە گەورەترین کاراکتەرەکانی مێژووی تەسەوف، زیادەڕەویش نییە گەر بڵێین زیندووترین‌و بەکاریگەرترین کاراکتەری مێژووی ئیسلامە، تاکە کاراکتەری ئەو مێژووەشە کە ژیانی‌و مردنی چ له‌خۆرهەڵات‌و چ له‌خۆرئاوا، هەم لەسەردەمی خۆی‌و هەم له‌ئێستاشدا جێگای خوێندنەوە‌و تەفسیر‌و رامانە.
ئەزموونی حەلاج ئەزموونێکی ئۆرفیۆسییە، بەڵام بە دیوە هەرە سەختەکەیدا. ئەو ئەرکەکەی زۆر له‌ئەرکی ئۆرفیۆس سەختترە. لەبەرئەوەی وەک مەحبوبە، کەسێکی ئەستەمی هەڵبژاردوە کە «زاتی ئیلاهییە»، وەک نیازیش نیازێکی ئەستەمتری خستۆتە پێشچاوی خۆی، کە هەڵگرتنی سنووری نێوان خۆی‌و ئەو زاتەیە، هەوڵە بۆ تێکەڵبوونێکی رەها، بۆ توانەوە له‌نوری مەعشوقدا. جگە لەوە شێوەی کوشتنی حەلاج، کوشتنێکی تەواو ئۆرفیۆسییە، راستە تا ئێستا شێوەی له‌خاچدان‌و هەڵواسین‌و پارچەپارچەکردنی مەسیحمان بیر دەهێنێتەوە، بەس گەر وردتر بڕوانین بڕی لێکچوونەکانی نێوان حەلاج‌و ئۆرفیۆس دەیانجار له‌لێکچوونەکانی نێوان حەلاج‌و مەسیح گەورەترە. حەلاج وەک ئۆرفیۆس هونەرمەندە، عاشقە، پڕ گومانە، واتە کۆی سیفەتە سەرەکییەکانی هێندەی دەچێتەوە سەر ئۆرفیۆس ناچێتەوە سەر مەسیح... هەتا مردنەکەشی وەک مردنەکەی ئۆرفیۆس‌و پۆشکین‌و کۆرنیامێنتال له‌خودکوژی دەچێت پتر لەوەی له‌کوشتنی ئاسایی بچێت. ئەو وەک مەسیح نییە لەسەر خاچ بڵێت «خودایە... خودایە... بۆ بەجێتهێشتم»، ئەو وەک ئۆرفیۆسە کە سەرەکەی بە کوژراویش هەر گۆرانی دەڵێت. لێرەدا مەبەستمە بڕێک زیاتر دژی ئەو تیورەیە بوەستمەوە کە هەندێک له‌باسکارە خۆرئاواییەکان سەبارەت بە ریشە مەسیحییەکانی حەلاج دەیوروژێنن‌و پێیانوایە حەلاج له‌ناخیدا مەسیحی بووە نەوەک موسوڵمان، لەوانە تەفسیرە ناسراوەکانی «ئۆگست میوللەر» لەسەر جەوهەری نەسرانی ئەزموونی حەلاج. ئەوەی من تێیبگەم، تراژیدیای حەلاج هێندەی درێژکراوەی تراژیدیای شاعیرانە لەسەر زەوی، درێژکراوەی تراژیدیای پێغەمبەران نییە، هێندەی ئەزموونی هونەرمەندێکە کە بەدوای ئەستەم‌و نەکردەدا دەگەڕێت، ئەزموونی دیندارێک نییە کە تەنیا خودای خۆشدەوێت. هەڵبەت بەرابەر هەوڵەکانی بە نەسرانیکردنی حەلاج، هەوڵی بە براهمانی کردنیشی دراوە، بە چەشنێک هەندێک وادەبینن له‌ئەزموونی رۆحی حەلاجدا هەموو جەوهەری سۆفییەتی ئاسیایی بەرجەستەبووە... دیارە لێرەدا من ناچمە ناو قووڵایی کێشەی جەوهەریی تەسەوف لای حەلاج، کە کێشەیەکی سۆفی‌و فیکری زۆر ئاڵۆزە، پابەندی تێگەیشتنی مەزهەب‌و دیانەتە جیاوازەکانە له‌مەسەلەی «یەکبوون ـ توحید»‌و مەسەلەی «جەوهەری خالیس» لای سۆفی‌و فەیلەسوفە دێرینەکان، بەس هێندەم دەوێت ئەوە روونبکەمەوە کە حەلاج قوربانی وەزیفەیەکی ئەستەمە، وەک چۆن ئۆرفیۆس بە گژ نەکردە‌و نەشیاودا دەچێت «مردوویەک له‌مردن بگێڕێتەوە»، حەلاجیش بە گژ کارێکی لەوی ئەو ئەستەمتردا دەچێتەوە «جیاوازی نێوان خۆی‌و خودا هەڵبگرێت»... کەرەستەی هەر دووکیشیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم وەزیفە نەکردەیە یەک شتە، «هونەر». یەکێک له‌خاڵە زۆر گرنگ‌و هاوبەشەکانی نێوان ئۆرفیۆس‌و حەلاج دەگەڕێتەوە بۆ خواستی هەردووکیان بۆ ئاشکراکردن‌و دەرخستنی تواناکانی خۆیان. سەیر نییە کە یەکێک له‌هەرە سۆفیە هاوچەرخەکانی حەلاج، ئەبوبەکری شبلی عەیبی گەورەی حەلاج‌و کوشتنەکەی دەگێڕێتەوە بۆ ئەو خۆئاشکراکردنە. دەڵێت «کنت انا‌و الحسین بن منصور شیئا واحدا، الا انە اظهر‌و کتمت». حەلاج وەک له‌چیرۆکە جیاوازەکانیدا دەردەکەوێت کەسێکی زۆر بەدەرەوە بووە، وەک چۆن ئۆرفیۆس مۆسیقای خۆی بۆ هەموو دونیا بە ئاشکرا لێدەدات، حەلاجیش هەمانشێوە نهێنییە رۆحییەکانی خۆی بە ئاشکرا بەیاندەکرد، باوەڕی وابوو کە بەو بەلاغەتە گەورەیەی خۆی دەتوانێت بگاتە هەموو شتێک، گەرچی دڵنیابوو تەنیایە، گەرچی دەیگووت «الصوفی وحدانی الذات لایقبله‌احد‌و لا یقبل احدا». لەگەڵ ئەوەشدا بێترس خۆی ئاشکرادەکات. پرسیارەکە ئەوەیە حەلاج بۆ وەکو ئەبوبەکری شبلی نەکردوە؟ ئەویش سوفییەکی گەورە بوو وەک ئەو، لادانەکانیشی له‌لادانی حەلاج کەمتر نەبوون، بەڵام حەلاج بۆ وایدەکرد، بۆ زۆر دەجوڵا، بۆ دونیا دەگەڕا، بۆ هەر جارەی بە بەرگێکەوە‌و بە ئایدیایەکەوە دەردەکەوت؟ ئاخۆ ئەمجۆرە وروژاندن‌و ناحەزژەنییەی بۆ دەکرد؟ . وەڵامەکە هەمان ئەو وەڵامەیە کە لای ئەپۆلۆنێر بینیمان. حەلاج بۆ مردن دەگەڕا، مردنێکی شاعیرانەی گەورە.
لێرەدا رستەیەکی تری شبلی دەربارەی حەلاج بە بەڵگە وەردەگرم، کە دەڵێت «من‌و مەنسور یەک شت بووین، من شێتێتییەکەم رزگاریکردم‌و ئەو عەقڵی له‌ناوی برد». گەر بەپێی ئەو قسەیە بێت، خۆئاشکراکردنی حەلاج، گوێنەدانی، کارێکی عاقڵانە بووە، بێدەنگی شبلیش کارێکی شێتانە... حەلاج خۆی ویستوێتی بکوژرێت، بەپێی خۆی بەرەو مردن رۆیشتووە، یاخود دروستتر بڵێین، بەجۆرێک له‌جۆرەکان خۆی نەخشەی بۆ کێشاوە. له‌شانۆگەرییەکەی سەلاح عەبدولسەبوردا «مەرگەساتی حەلاج» دیمەنێکی سەرەنجڕاکێش هەیە، کە ئاشکرا ئەوە دەردەخات کە حەلاج خۆی مەرگی هەڵبژاردوە. له‌شانۆگەرییەکەدا، واعیز‌و هاوڕێکانی له‌بەردەم حەلاجی له‌خاچدراوا له‌گروهێک خەڵکانی سۆفی دەپرسن: «ئێوە کێن؟». لەوەڵامدا دەڵێن «ئێمە بکوژانین ئەوانەین کە حەزمان له‌وشەکانی کرد، لێیگەڕاین بمرێت تا وشەکانی بمێنێتەوە». دواتر بە روونی دەڵێن حەلاج پێیگووتوون «ئەوەی بمکوژێت، خواستی من جێبەجێدەکات» یان دەڵێت «ئەوەی بمکوژێت دەچێتە بەهەشت، چونکە بە شمشێری خۆی بازنەکە گرێدەدات». هەڵبەت تەفسیری سەلاح عەبدولسەبور تا ئەندازەیەک رۆحییەتی گۆڕینی حەلاجی تێدایە بۆ سەمبولێکی هاوچەرخ، بۆ هێمایەک له‌هێماکانی یاخیبوون، بەڵام ئەم خواستی مردنەی کە ئەو ئاماژەی پێدەکات، بەشێکە له‌ئەزموونی بنەڕەتی حەلاج خۆشی، واتە بەدەر له‌هەرجۆرە رەمزاندنێکی هاوچەرخانەش بۆی، ئەم رەگەزە پێکهاتێکی بنەڕەتی ژیان‌و مردنی حەلاجە، وەک خۆی دەڵێت «اقتلونی یا ثقاتی ـــ ان فی قتلی حیاتی».
گەر تەماشابکەین حەلاج بە شێوەیەکی کورتتر بەڵام سەختتر بە ئەزموونی ئۆرفیۆسدا دەڕوات، ئۆرفیۆس دەچێت بۆ هادەس، دەگەڕێتەوە، دەکوژرێت بۆ ئەوەی دووبارە بکەوێتەوە بنی هادەس‌و بەوجۆرە لەگەڵ ئۆردیکادا یەکبگرێتەوە.
بەڵام حەلاج دەیەوێت بگات بە مەعشوقە، بەڵام ناتوانێت جیاوازی بکات له‌نێوان خۆی‌و مەعشوقەدا، ناتوانێت جیاوازی بکات له‌نێوان خودی خۆی‌و زاتی ئیلاهیدا. ئەو نایەوێت ئۆردیکا بهێنێتەوە، بەڵکو ئەرکێکی ئەستەمتری داناوە، ئەرکێک کە له‌ڕۆحی هەموو عاشقێکی راستەقینەدایە، توانەوەی تەواو له‌مەحبوبەدا، دەستهەڵگرتنی ناکۆتا له‌خود، جیانەکردنەوەی خۆی له‌مەعشوق، پێداگرتن لەسەر یەکبوون‌و یەک جەوهەریی عاشق‌و مەعشوق. ئۆرفیۆس سۆفی نییە، نیازێکی بەوە نییە، ئەو مەودا جەستەییەی دەکەوێتە نێوان خۆی‌و مەعشوقەوە بیسڕێتەوە، ئەو ئۆردیکای وەک جەستەیەک بەرابەر جەستەی خۆی دەوێت، خواستی بۆ ئۆردیکا، خواستە بۆ بوونە مادییەکەی، بەڵام حەلاج لەسەفەری خۆیدا، له‌دابەزینی خۆیدا بۆ هادەس، نیازێکی نەکردەی هەیە، دەیەوێت دەستبەرداری جەستەی خۆی بێت، دەستبەرداری منی خۆی بێت‌و له‌زاتی مەعشوقەدا کە لێرەدا «زاتی ئیلاهییە» بتوێتەوە. خۆی دەڵێت « بینی‌و بینک انی ینازعنی ــ فارفع بلگفک انیی من البین». دەبێت «من ـ انا» ـی حەلاج له‌بەیندا هەڵگیرێت، چونکە ئەو منە بووە بە رێگر له‌ڕێگای گەیشتنی تەواوەتی حەلاجی عاشق بە مەعشوقی خۆی. ئەو هەر له‌بنەرەتدا ناتوانێت له‌نێوان خۆی‌و خودا دا جیاکاری بکات. دەڵێن حەلاج لەسەر ئەوە کوژراوە، کەسێک لێیدەپرسێت جوبەکەت چی تێدایە، ئەویش دەڵێت «مافی جبتی الا اللە». حەلاج خۆی‌و خودای بۆ جیانەکراوەتەوە، تاکە رێگڕیش کە له‌نێوان خۆی‌و خودادا بینیوێتی ژیانی خۆی بووە. ئەوە کێشەی حەلاجە، ئەو ئۆرفیۆسێکە کە دەچێت بۆ لای مەحبوبە نایەوێت لەگەڵ خۆی بیهێنێتەوە بۆ دونیا، بەڵکو دەیەوێت لەگەڵیا بمرێت‌و له‌جاویدان‌و ناکۆتادا بتوێنەوە‌و یەکبگرن. سەفەرەکەی حەلاج تەواو وەک ئەوە وایە ئۆرفیۆس داوا له‌ئۆردیکا یان له‌خودایانی هادەس بکات بیکوژن، تا رۆحی بە جۆرێکی ئەبەدی بە رۆحی مەعشوقە بگات. واتە حەلاج دەزانێت کە هێنانەوەی ئۆردیکا بۆ دونیا هیچ مانایەکی نییە، سوودی چییە کە جارێک دولبەر له‌مەرگ رزگاربکەیت، بۆئەوەی دووبارە بێتەوە سەر هەمان زەوی‌و ناو هەمان دونیا‌و ناو هەمان قەفەز. سوودی چییە کە یەکگرتن لەگەڵ مەحبوبەدا یەکگرتنێکی موتڵەق نەبێت. لێرەوە حەلاج دەزانێت تا ئەو له‌ژیاندا بێت، تا ئەو له‌پێستی خۆیدا بێت، تا ئەو نیشتەجێی قەفەزی جەستەی خۆی بێت، گەیشتن بە یار ئەستەمە. ئیدی گەڕان بۆ مەرگ دەبێت بە جەوهەری سەفەرە ئۆرفیۆسییەکە. لێرەدا ئیشی شیعریش هەمان ئیشە کە لای ئۆرفیۆس دەیبینین، مەستکردنی ئەوانی دی‌و توڕەکردنیان... شیعر له‌ئەزموونی حەلاجدا هەم کەرەستەی گەیشتنە بە خواست‌و هەم کەرەستەی گەیشتنە بە مردن. لێرەدا جەوهەری گومانە ئۆرفێۆسییەکەش زیندوە، شیعر بەتەنیا حەلاج ناگەێنێتەوە بە خودا، بەڵکو شیعر تەنیا له‌پاڵ مردندا دەتوانێت ئەو کارە بکات. له‌ئەزموونی حەلاجیشەوە جارێکی تر تێدەگەین گومان له‌هێزی هونەر ئامادەیە... خودا تەنیا بە شیعر، بە هەڵچوونە دەرونییەکان، بە لادانە سۆفیستییەکان، بە مەستکردنی ئەوانی تر، بە وشە‌و موعجیزە دەرگای خۆی ناکاتەوە... شیعر تەنیا دوژمنان دروستدەکات، دوژمنانێک کە دەبێت هەبن تا شاعیر بگاتە بڵندیی تەواوی خۆی، دوژمنانێک پێویستن تا ئۆرفێۆس‌و پۆشکین‌و حەلاج‌و کۆرنیامێنتال بکوژرێن. هونەر هیچ کات بەشی ئەوە بەهێز نییە موعجیزەی وەها دروستبکات، سنووری نێوان ژیان‌و مردن، سنووری نێوان خالیق‌و مەخلوق، سنووری نێوان حەقیقەت‌و خەیاڵ، سنووری نێوان خۆشەویستی‌و کینە هەڵبگرێت. هونەر لای هەموو وەچەکانی ئۆرفیۆس، هێندەی کەرەستەیەکی گرنگی گەیشتنە بە مردن، ئەوەندە کەرەستەیەکی گرنگی گەیشتن نییە بە مەحاڵ... ئەوەش تراژیدیای گەورەی هەموو رۆحێکی ئۆرفێوسییە... کە بۆ مەحاڵ دەگەڕێت‌و مردن دەچنێتەوە.