Thursday 24 February 2011

یەکێتی نیشتیمانی لەبەردەم دووڕیانێکی مێژوویدا

٢٠-٢-٢٠١١

ئەم ساتەی ئەمڕۆ پێیدا دەڕۆین، ساتێکی گرنگە لە مێژووی یەکێتی نیشتیمانیدا... یان وردتر بڵێین لە بەردەم هەموو ئەوانەی تا ئەمڕۆ سەر بەیەکێتی نیشتیمانین. هەندێ ساتی گرنگ هەیە هەم لە ژیان و هەم لە مێژوودا کە تێیدا مرۆڤ ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەردەم بەرپرسیاتییەکی ئەخلاقی گەورەوە. پرسیارێک دێتەپێشێ ؛ ئایا درێژە بە هەمان ڕەوتی رابوردووی بدات، یاخود بیر لەوەبکاتەوە دووبارە سیاسەت و ژیان بە جۆرێکی تر ببینێت؟.
 
ئەو شەپۆلە مێژووییە گەورەیەی لە خۆرهەڵاتدا هاتووە، واقیعێکی نوێ و جوگرافیایەکی سیاسی تازەی دروستکردوە...ئەمڕۆ بەسەدان لاوی کورد لە ژێر هەرێمی دەسەڵاتی ئێوەدا لە خۆپیشانداندان... من لێرەدا وەک نوسەرێک قسەناکەم، بەڵکو وەک مرۆڤێک و وەک باوکێک. هەموو دەزانین ئەو نەوەیە بۆچی توڕەیە، هەموو دەزانین ئەو نەوەیە چەند وەختە نائومێدیی لەسەر نائومێدیی سەفتەیدەکات، چەند وەختە نیشتیمانەکەی تا بینەقاقای لە ناو نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا نوقمە... ئەمڕۆ ژیانی ئەو نەوەیە و پاراستنی ڕۆحی لە ئەستۆی ئێوەدایە. هەموو شتێک جگە لە خوێن... هەموو شتێک جگە لە خوێن. نرخی ژیانی هەر گەنجێک لە نرخی هەموو دەسەڵاتی دونیا گەورەترە... ئەو گەنجانە هەموو کوڕ و برای ئێمەن، هەڵەیەکی مێژوویی گەورەدەکەن هەتا یەک فیشەکیش بەرامبەریان بتەقێنن... ئەو تورەییەی ئەمڕۆ بەشێکی زۆری توڕەییە دەرهەق بە خوێنی کەسانی وەک سۆران و سەردەشت، کە ئێوەش لە ڕۆژی نیوەڕۆدا چاوتان لێ نوقاند و لێی بێدەنگ بوون. زیادکردنی هەر شەهیدێک، جگە لە گەورەکردنی توڕەیی خەڵک هیچی تر نییە. واز لەوە بهێنن بە ناوی ئاژاوەگێڕی و نۆکەر و دەستی دەرەکییەوە قسەبکەن... پێشتر هەموو سیستمەکانی دونیا ئەم وشانەیان بەکارهێناوە و سوودێکی نەبووە. لەم جۆرە ساتانەدا بەعەقڵییەتی کۆن سیاسەت ناکرێت... لەم ساتانەدا ئەسڵەن سیاسەت ناکرێت، سیاسەت دوێنێ دەکرا نەوەک ئەمڕۆ. ئەم ساتانە ساتی بێداربوونەوەی هوشیاری ئەخلاقی و ساتی هاتنەدەنگی مرۆڤەکەی ناوتانە. هەڵەیەکی گەورەیە لە پێناوی سیاسەت یان هەرشتێکی تردا ئەو مرۆڤە بکوژن. ئەمە ئەو ساتانەیە لە مێژوودا کە دەبێت سیاسی تێیدا بێدەنگ بێت و مرۆڤەکەی ناخی بێتەزمان، سیاسی برواتە دواوە و ئینسانەکەی ناومان قسەبکات. ئێستا گرنگ نییە لە سیاسەتدا چی باشە یان خراپە... ئەوە گرنگە چی بۆ ویژدان و ئینسانییەتتان گرنگە.
 
خۆتان دەزانن من جگە لە نوێنەری خۆم، نوێنەری هیچ کەس نیم، قەتیش ڕازی نابم نوێنەری کەس بم... لەبەرئەوەی من سیاسی نیم و نوێنەرایەتیکردنی خەڵک لە سروشتی خەڵکی سیاسیدایە و دوورە لە سروشتی من و دوورە لە سروشتی هەموو شاعیر و ڕۆمانوسێکی دونیاش. شتێکی قەشەنگیشە هەموو مرۆڤێکیش بتوانێت تەنیا نوێنەری ئینسانەکەی ناو خۆی بێت. ئێوە هێزی ئەوەتان هەیە کوردستان بکەن بە گۆمی خوێن، بەڵام هێزی ئەوەشتان هەیە کە پشت لە خەڵک و گەنجانی ڕۆحسوک و دڵگەرمی ئەم میللەتە نەکەن... بەشێکی زۆرتان کوڕی دڵسۆزی ئەم نیشتمانەن، هەندێکتان وەک ئێمە توڕەن لە گەندەڵی و نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، مەهێڵن ئەو بەشە گەندەڵ و ناشیرینەی ناو یەکێتی نیشتیمانی خیانەتتان لە ئینسانەکەی ناو خۆتان پێبکات ... مەهێڵن خوێنبڕژێت و لەوە زیاتر مەمانگرێنن. فرمێسکەکانی ئێمە ئەمجارە بەدەست ئێوەیە.
ئەمە ئەو ساتانەی مێژووە کە تەنیا بڕیاری خێرا و ڕاست، ئینسانییەتی ئینسان ڕزگاردەکات.
 
ئەوەی بەتەمابن گەنجان و کچ و کوری نائومێدی ئەم نیشتیمانە، بە ئاسانی بڕۆنەوە بۆ ماڵێ و بچنەوە ژوورێ زەحمەتە. لەبەرئەوە جگە لە پاراستنی ژیانیان، هیچ چارەیەکی تر و ڕێگایەکی دووهەمتان لەبەردەمدا نییە. من دڵنیام هێشتا ڕووبەرێک ماوە بۆ بیرکردنەوە لە ناوتاندا، بیرکردنەوەیەک کە تەنیا خەیاڵی لای دەسەڵات و پارە و حوکمی هەتاهەتایی نەبێت... ڕووبەرێک ماوە، تێدەگات و دەبینێت و دەرک بە گەورەیی شەپۆلەکان دەکات، ڕووبەرێک بیر لە خوێن و کوشتن ناکاتەوە، ڕووبەرێک ڕازی نابێت تفەنگەکەی خۆی بکاتە سنگی خەڵک، ڕووبەرێک تێدەگات چەندە ئەستەمە تەقە لە میللەتی خۆت بکەیت، چەندە ئەستەمە... من بۆ مێژوو دەڵێم، ئەوەی بەشێکی گرنگی ئەم ململانێیە لە نێوان دەسەڵات و میللەتدا یەکلاییدەکاتەوە، ئەو بەشەی ناو یەکێتی نیشتیمانییە کە ساتی ئەوە هاتووە خۆی لە هەموو تۆزی دێرینی بتەکێنێت و دەستی خۆی بە خوێنی لاوانی نیشتیمان سوور نەکات.
تایبەت بە فەیسبوک 20. 2

No comments:

Post a Comment