Thursday 24 February 2011

چاوپێکەوتنێکی کورت لەگەڵ بەختیار عەلی دەربارەی دۆخی ئێستاکێ

٢٠-٢-٢٠١١
 
پرسیار: دوا نوسینت کاک بەختیار، ڕووی قسەت لە یەکێتی بوو، گەر تەماشابکەین تاوانەکە پارتی کردوێتی و ئاگرەکە لە ماڵی یەکێتیدایە، لە ڕووی سیاسییەوە ئێستا یەکێتی و هێزەکانی دی چی بکەن باشە؟
 
وەڵام: پێویست ناکات باسی هەڵە گەورەکانی یەکێتی بکەین، ئەوە هەموو دەیزانین. ئەگەر پرسیارەکەی بەڕێزتان ئەوەیە: ئاخۆ چی بکرێت لە ئێستادا. بەبۆچوونی من ڕووداوەکان بەرەو ئەو جێگایەمان دەبەن، کە هیچ چارێک نەبێت جگە لەوەی یەکێتی نیشتیمانی هاوپەیمانییە ستراتیژییەکەی خۆی بەزووترین کات و بێدوودڵی لەگەڵ پارتیدا هەڵبوەشێنێتەوە. ئەمە ئەگەر ئەسڵەن کات مابێت بۆ کاری وەها... مەسەلەکە مەسەلەی ڕۆژ و سەعاتە. ئەم هاوپەیمانێتییە کارەسات بوو بۆ بەشێکی گەورەی کوردستان، بەداخەوە پارتی دیموکرات ئەم هاوپەیمانێتییەی بەخراپترین شێوە بەکارهێنا، بۆئەوەی دەسەڵاتێکی موتڵەق و بێئەندازە نادیموکراتی و توند بگرێتە دەست. وە لە ناوچەکانی یەکێتیدا کاروکردارێک بکات کەوەک کۆ بە زیانی کوشندە بۆ سەر دیموکراسییەت تەواو بوون. لە کاتی خۆیدا ئێمە و خەڵکانێکی زۆری تریش هوشیاری ئەو مەترسییە گەورانەمان دا، کە هاوپەیمانی ستراتیژی کارەساتی زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە، بەڵام کەس گوێی نەگرت. ئەگەر بشێت شتێک ڕزگاربکرێت ئەوەیە کە خراپ بەکارهێنانی ئەو هاوپەیمانییە، هۆیەکی گرنگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی. پێموایە لە ڕووی سیاسییەوە دەبێت ئەوە داواکارییەکی گرنگی خەڵک بێت... ئەم هاوپەیمانییە ژیانی سیاسی لە کوردستان تێکدا، بۆئەوەی دیکتاتۆرییەت لە کوردستان کۆتایی پێبێت و ژیانی دیموکراسی بکەوێتەوە سەرپێی خۆی دەبێت ئەوجۆرە ڕێکەوتنە سیاسیانە، کەتەواو ژیانی سیاسی ئیفلیجدەکەن ڕێگای پێبگیرێت. پێویستە فشارێکی سیاسی ڕاستەقینە هەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکەوتنە، وەک سەرەتایەکی بچوک بۆ ڕاستکردنەوەی باری سیاسی. ئەم هاوپەیمانییە ڕێکەوتنێکی شوومە، شتێکە لە بابەتی حیلفی بەغدادی کۆن و ڕێکەوتنی سەعدئاباد بەڵام بەبچوکی و لە شێوەی فۆرمێکی لۆکاڵدا... پارتی ئەم ڕێکەوتنەی بەکارهێنا بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی خۆیدا و دروستکردنی فەزایەکی ترس و داڕشتنی ئیدارەیەکی ئۆتۆکراتی و دوورخستنەوەی ڕاپەڕینی 91 و خاڵیکردنەوەی هەرەسی سەدامی دیکتاتۆر لە مانا جەوهەرییەکانی و فەرامۆشکردنیان ... کۆتاییهێنان بەم ئیتفاقە بووە بە پێداویستییەکی سیاسی سەرەکی ... لەم دەقیقەیەدا ڕەنگە کارێکی وەها تەنیا دەرگا بێت، یەکێتی نیشتیمانی بتوانێت پیا بڕوات. ئەوە ڕاستە تا ئەم ساتە ئاگر بەپلەی یەکەم لە ماڵی یەکێتیدایە نەوەک لە ماڵی پارتی.

پرسیار : جوڵاندنەوەکە لە ڕووی سیاسییەوە چی بکات باشە و چۆن دەیبینن؟
 
وەڵام: هەندێ سات هەیە لە مێژوودا بزاوتە جەماوەرییەکان بێئامانجێکی سیاسی دیاریکراو دێنەسەرجادە، یان ڕاستتر لەسەرجادەوە شتەکان گەڵاڵەدەبن. شۆڕش یان ڕاپەڕین ساتێکی توڕەییە دژ بە کۆی سیستمەکە، ئەستەمە بە هۆی تەنها یەک هۆکارەوە خەڵک ڕابپەڕێت. ڕاپەڕین هەمیشە تەقینەوەیەکی عاتیفییە دوای خۆخواردنەوەیەکی دوورودرێژ. هۆکارەکانی لەو ساتەدا هەرچییەک بێت، مانا و دەلالەت و باعیسە سەرەکییەکەی لە جێگایەکی تردایە. لەمجۆرە ڕاپەڕینانەدا سات بە سات دروشمەکان و ئامانجەکان دروستدەبن، بە گشتی هەموو ڕاپەڕینێک چەند قۆناغێکی گەڵاڵەکردنی ئامانجی تێدایە... ساتی پێش ڕاپەڕین، کە خەڵک ناڕەزاییەکی گشتی و شەخسیان هەم لەسەر بارودۆخی گشتی و بارودۆخی ژیانی شەخسی خۆیان هەیە. هەر ئینسانێک کە ڕادەپەڕێت برینێکی شەخسی لە دڵی خۆیدا هەیە، لێرەوە من لەوانە نیم کە ڕاپەڕین تەنیا لە هێڵە کۆمەڵایەتییە پان و گەورەکانیدا ببینم... بەبێ زامێکی تایبەتی مرۆڤ ناتوانێت بێتە سەر شەقام. من جارانی پێشوو کە دەچوومەوە کوردستان خەڵکێکی زۆرم دەبینی کە هەموو بەجۆرێک لە جۆرەکان زامدار بوون... هەموو ڕاپەڕینێک لە برینی بچوکی چەند ئینسانێکەوە دەست پێدەکات و بەرەو پێشەوە دەڕوات... لەکاتی ڕاپەڕیندا هێزی جیاواز و خەڵکی جیاواز دەیانەوێت سوار شەپۆلەکەی ببن... لێرەوە قۆناغی ڕاپەڕین پڕە لە دروشمی جیاواز جیاواز، هەڵبەت بۆ دۆخی ئێمە هێشتا زۆر زۆر زووە قسە لە غایەتی کۆتایی ئەم بزوتنەوەیە بکەین... بەڵام بەوەدا خەڵک بەهەزاران لەسەر جادەن و دەجوڵێن، دەبێت سوودێکی مێژوویی لەو دەرفەتە ببینرێت تا دروشمی ڕاستیان پێبێت. گرنگە خەڵک بەدەستکەوتی سیاسییەوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵێ. ناکرێت مەسەلەکە وەک ڕشتنی ڕق بکەوێتەوە، پێویستە دەسکەوتی ڕاستەقینەی بۆ تەواوی پرۆسەی دیموکراسی هەبێت ، لەسەروو هەموویانەوە دەستورێکی دیموکراتی بۆ هەرێم کە دەسەڵات لە هەرێمدا لە هەمووجۆرە مۆنۆپۆڵکردنێک بپارێزێت و چەک لەدەست حیزب دەربهێنێت، بەبێ داماڵینی چەک لە دەستی حیزب، هەموو حیزبێک... دیموکراسییەت پاشەڕۆژی نابێت و تاقیامەت ئەم سیناریۆیە دووبارەدەبێتەوە، دوو گەنج هەر دەبێت بەرد بگرنە پەنجەرەی حیزب و ئەم کارەساتە گەورەیە بقەومێتەوە. چەکی پارتی و یەکێتی تەنیا بۆ شەڕی ناوخۆ بووە، بۆ ترساندنی خەڵک بووە... بەراستی چەکی ئەم دوو حیزبە هەموو ئەگەرێکی دیموکراسییەتی لەم هەرێمەدا خنکاندوە، چەکی حزب اللە چەند گرفتی بۆ لوبنان ناوەتەوە چەکی ئەمان گرفتی زۆرتری بۆ ئێمەی کورد دروستکردوە. من ئومێدم وایە کە خودی جوڵاندنەوەکە داوای سیاسی کۆنکرێت و گرنگی هەبێت و فشارێکی ئاشتیخوازانە و دیموکراسی بێت و بەقازانجی چەک داماڵین و دروستبوونی حیزبی مەدەنی بشکێتەوە کە نە چەکی هەیە و نەدەتوانێ بەپارە خەڵک بکرێت... ناکرێت تۆ سەد هەزار لولە تفەنگت کردبێتە سەری کۆمەڵگا و پارەی هەموو وڵاتەکەت خستبێتە گیرفانتەوە و دوایی بڵێی « دەبینن، من هەڵبژاردنم بردەوە»... من پێش لە هەڵبژاردنی پێشوو چەند جارێک ئەوەم دووبارەکردەوە. بەبڕوای من هەڵەیە جارێکی تر هەڵبژاردن لەوجۆرە هەلومەرجەدا ڕووبداتەوە و خەڵک بچن بۆ دەنگدان. کوردستان لەدوای راپەرینەوە هەلومەرجی هەڵبژاردنی ئازادی تێدانەبووە... من زۆر سەیرم لەداواکەی بزوتتنەوەی گۆران دێت کە دەڵێت با حکومەت و پەرلەمان حەلبکەین و سێ مانگی تر هەڵبژاردن بکرێتەوە... لە هەلومەرجی ئێستادا کە هەم چەک هەم پارە هەم میدیا تەواوی چەکی حیزب وپارەی حیزب و میدیای حیزبە، هەڵبژاردن سوودێکی نییە... هەڵبەت کوردستانی پێش 17 ی فێبریوەر ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی کوردستانی دوای 17 ی فێبریوەر... ئێستا گرنگە لە هەناوی ئەم بزاوتی پرۆتێستۆکردنەوە، بزوتنەوەیەکی دیموکراسی گەنج لەدایک بێت و فشاربکرێت بۆ گۆڕینی هەندێک جومگەی گرنگی ناو پێکهاتی سیاسی. ئەوەی من بە کارەساتی دەزانم ئەوەیە کە داواکارییەکانی بزوتنەوەکە ببێت بە داواکاری دوای ڕووداوەکەی بەردەم لقی 4. ئەمڕۆ خەڵکانێک خزاونەتە ناو بزوتنەوەکەوە کە لەبری ئەوەی لەسەر ئەو مێژووە دوورودرێژە ئیشبکەن کە پێش لە 17 ی فێبریوەری هەیە، تەنیا لەسەر ئەوە ئیشدەکەن زێرەڤانی بگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی، بارەگای حیزبەکان بچنەدەرێ... ناکرێت بزوتنەوەیەکی گەورە لە سنووری وابچوکدا گەمارۆبدەیت و ئامانجە دیموکراسییەکانی لێ بستێنرێتەوە. ڕیشەی ئەم بزووتنەوەیە لە ناو ئەو داواکارییەنەدایە کە لە دوای ڕاپەڕینییەوە لە کۆمەڵگای کوردیدا گەڵاڵەبووە... من بەردەوام ترسم لە خوێن ڕشتنە، بەردەوام خەیاڵم لای ئەوەیە. گەر ئەمڕۆ بزوتنەوەکە بێدەسکەوتێک بگەڕێتەوە، بەیانی خوێنی زیاتر دەڕژێت، ئەم سیناریۆی ڕەشەکوژی و تیرۆرە هەر بەردەوام دەبێت... بۆئەوەی بەر بەخوێنڕێژی بگیرێت دەبێت گۆرانکاری راستەقینە لە واقیعی سیاسیدا ڕووبدات.
 
پرسیار: بەبڕوای ئێوە دەبێت ئەم جوڵەیە شتی نوێ لەگەڵ خۆیدا بهێنێت؟
 
وەڵام: لەڕووی سیاسییەوە بەڵێ، واقیعێکی تەواو نوێ دەهێنێت... گەڕانەوە بۆ دوای 17 ی مانگ کاری نەکردەیە، هەتا لەو جێگایەنەشدا کە بزوتنەوەکە نایگاتێ. بەڵام لای من دەرەنجامە سیاسییەکان بەپلەی دووەم دێن. لای من گرنگ کولتوور و عەقڵییەتە... پارتی و یەکێتی سی ساڵە لەسەر ملی خەڵک دانیشتوون بەبیانووی ئەوەی کە شۆڕشیان کردوە، ئەمڕۆ لە بیست و چوار سەعاتی یەکەمدا خەڵکانێک پەیدابوون دەڵێن ئەمە شۆڕشی ئێمەیە و دەیانەوێت هەمان سیناریۆی پارتی و یەکێتی و عەقڵییەتی ئەو دووبارەبکەنەوە. ئەم عەقڵییەتە کە مێژوو بۆ یەک چرکە و گۆڕان بۆ یەک فۆرم و بەشداری بۆ یەک شێوە کورتدەکاتەوە، عەقڵییەتێکی ترسناکە... هەر ڕاپەڕینێک بکات، دەرەنجامەکانی بە دیکتاتۆرییەت تەواودەبێت، ئەمجۆرە عەقڵییەتەیە کە ئەو سیستمە دیکتاتۆرییەی ئەمڕۆی لە کوردستان دروستکردوە... گەر ئەم کولتوورە وەک خۆی بێت، گەر چەند گروپ و کەسێک بێن و سوار شەپۆلی توڕەیی خەڵک ببن و بیانەوێت پیاسەربکەون، دەگەڕێینەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم و وەک ئەوەیە هیچ نەبووبێت، وەک ئەوەیە بە ناو شەپۆلێک و ڕەشەبایەک لە توندوتیژیدا ڕۆیشتبین و لەوسەر بە هەمان کولتوور و عەقڵەوە هاتبینە دەرەوە. بەبڕوای من لەسەرەتاوە خەڵک دەبێت فێربێت بتی تازە دروست نەکات، هیچ سیاسییەک، هیچ گروپێک، هیچ لایەنێک، هیچ ڕۆشنبیرێک نەگۆڕێت بۆ بتێکی نوێ و جڵەوی عەقڵی خۆی بداتە دەست. ئەمجۆرە بزاوتانە پڕن لە هەڵچوونی عاتیفی، پڕن لە سۆز کە گڕدەگرێت و دەنیشێتەوە... لەبەرئەوە بەدرێژایی مێژوو، تۆوی سەرهەڵدانی توندوتیژی و چەکەرەکردنی دیکتاتۆریان لە ناو خۆیاندا هەڵگرتووە. بۆ من زۆر گرنگە ئەم بزوتنەوەیە، ئەو عەقڵییەتە دووبارە نەکاتەوە.. ئەم بزوتنەوەیە گرنگە نوێنەری خۆی لە ناو خۆیەوە دەربهێنێت و کەس لە جیلی من و نەوەکانی تر نەبێت بە وەکیلی، بازنەداتە سەر ملی، لێیانگەڕێین شوناسی سیاسی خۆیان بدۆزنەوە و لەوەدا کۆمەکیانبکەین کە دووربن لە توندوتیژی و گیانی تۆڵە و توڕەیی بێسیما و ئامانج، با لەگەڵیاندا بیربکەینەوە نەوەک خۆمان بکەین بەسەرکردە و ڕابەڕیان. من لە ئێستاوە لە کولتووری وەکالەت و کولتووری تاپۆکردنی بزووتنەوەکە دەترسم، کە دەشێت لە ئێستاوە هەڕەشەیەکی گەورەدەبێت لەسەر جەوهەری دیموکراسییانەی...

پرسیار: کاک بەختیار ئایا ئەم ڕووداوانە چاەڕوانکراوبوو بۆ تۆ؟
 
وەڵام: پار کە کتێبی سێوی سێهەمم نوسی، کتێبەکە ئەگەرچی کتێبێکی تیوری و فەلسەفی سەختە بۆ خوێنەری سادە، بەڵام ناوەڕۆک و مانا و غایەتی ئەوەبوو کە بڵێم بیرۆکەی شۆڕش نامرێت و ناکرێتە دەرەوەی مێژوو و ناکرێتە دەرەوەی فەلسەفە. ئەم قسەیە بۆ پار کە هیچ ئەگەرێکی شۆڕش لە گۆڕێ نەبوو، نەوەک هەر دەگمەن بوو، بەڵکو سەلماندنی لە ڕووی تیوریشەوە سەخت بوو ... خاڵی دووەم کە دەبێت بیزانین ئەوەیە ئەم بزووتنەوەیە لە کوردستان بەشێکە لە بزووتنەوەیەکی گەورەتر لە سەرجەمی خۆرهەڵات و باکووری ئەفریقادا کە لە مەغریبەوە بۆ ئێران گرتووێتییەوە، واتە ئەمە لەرینەوەیەکی بچوک نییە، بەڵکو بومەلەرزەیەکی سیاسییە کە تەواوی ژیانی سیاسی لە خۆرهەڵات دەگۆڕێت، ئەگەر بەڕێزت لە بیرت بێت من لە هەموو چاوپێکەوتنەکانی ئەو پێنج مانگەی دواییەدا لەگەڵ کاک سیروان ڕەحیم، لەگەڵ هیدایەت جان «کە دەقەکەی بە فارسی لە ماڵپەڕی ئێرانی رادیوی زمان بڵاوبووەوە»، هەتا لەگەڵ ئەحمەد حوسەینیشدا کە بەرنامەیەکمان تۆمارکرد. پێکڕا باسم لەوەکرد کە خۆرهەڵات یان ناگۆڕێت یان هەمووی پێکەوە دەگۆڕێت ... وە گووتم مێژوو پڕە لە لابەلابوونەوەی کتوپڕ و گەورە و چاوەڕوان نەکراو، کەس لەسەر هیچ عەرشێکی نەگۆڕ دانەنیشتووە... ئەو قسانە کە ئەمڕۆ سادەن، دوو مانگ لەمەوپێش و بەر لە هەرەسی دیکتاتۆری تونس، لەوانەیە لای هەندێک مایەی پێکەنین بوون و هیچ کەسی دی لای ئێمە نەیدەکرد ... ببورە نامەوێت بڵێم من فاڵچیم و بە کتێبی مێژوودا ڕوانیومە زانیومە چی ڕوودەدات ... ئەبەد ... هێند هەیە، من بڕوایەکی تەواوم هەبوو کە مۆدێلەکانی دەسەڵات لەم ناوچەیەدا گەیشتوونەتە بونبەست و سنووری ژیان و پەیوەندی ئینسانی ئیتر لەوە تەسکتر ناکرێنەوە و مرۆڤ لەوە بچوکتر ناکرێتەوە و زەمینەیەکی نوێ و نەوەیەکی دیش هاتووە کە تێڕوانینی تادێت گەورە دەبێت . سەبارەت بە دۆخی لۆکاڵی خۆشمان پێویست ناکات هیچ بڵێم، من و چەندین برادەری تر لە ساڵی 92 وە تا ئێستا باس لە بوونی زەمینەی ئەم ساتە دەکەین.

پرسیار: پێتوایە خۆپیشاندانەکان بەردەوام بێت؟
 
وەڵام: کێشەکە ئەوەیە کە رووداوەکە بە کارەساتێکی زۆر گەورە و بێوێنە، بەقەسابخانەیەک دەستیپێکرد. توندوتیژی ئەمڕۆش هەم زۆر ترسناک و هەم زۆر زۆر غەمگین بوو، من هەندێ جار دەترسم سەیری هەواڵەکان بکەم، چونکە ناوێرم سەیری ژمارەی بریندارەکان بکەم. ئەو توندوتیژییە لە ڕادەبەدەرە کە لەشەوەوە بەسووتانی نالیا دەستی پێکرد و بە کوژرانی قوتابییەک کۆتاییهات، هێندەی تر بەنزین دەکات بەئاگرەکەدا. من دوێنێ هەموو هیوام ئەوەبوو کە یەکێتی کەس نەکوژێت و خۆی نەخاتە گێژاوی توندوتیژییەوە... هەموو هیوام ئەوەبوو خوێن نەڕژێت. تا توندوتیژی بەردەوام بێت، ڕووداوەکان گەورەتر و فراوانتر و خوێناویتر دەبن... دەبێت توندوتیژی لەلایەن دەوڵەتەوە بوەستێت، ئەمڕۆ یانزە کەس بە فیشەک برینداربوون... من ناتوانم باوەڕبکەم. پرسیارەکە ئەوەیە : کێن ئەوانەی فەرمانی تەقەکردن بە فیشەکیان دەرکردوە؟ چۆن دەتوانن شتی وابکەن. بەرێوەبەری ئاسایشی گشتییە یان بەڕێوەبەری پۆلیسە یان بەرپرسی دەزگای دژە تیرۆرە یان کێیە؟. من نازانم، دەبێت یەکێک هەبێت کە فەرمانی تەقەکردن بە فیشەکی راستەقینەی دەرکردبێت. هەر کەسێک بێت تاوانبارێکی گەورەیە، لە سێ ڕۆژدا پتر لە 75 گەنج بە فیشەک برینداربوون، کە کەسیان نە تفەنگیان پێبووە و نە دەمانچە، زۆربەیان قوتابین... ئێستا مەسەلەکە ئەوە نییە کە خۆپیشاندانەکان بەردەوام دەبن یان نا، ئەوەیان تەنیا و تەنیا بڕیاری ئەوانەیە کە لەوێن، ئەوەیان من لێرەوە نایزانم. بەڵام من دەزانم ئێستا واقیعکێ سیاسی نوێ هەیە... نوخبەیەکی سیاسی کۆن هەیە کە کاتێتی تێبگات، شتەکان بۆ ئەوان وەک جاران بەڕێوەناچێت. سیاسییەکانی پارتی و یەکێتی فەشەلیان هێنا لە ئیدارەدانی ئەم وڵاتەدا، فەشەلێکی بێوێنە ... ئەمە ئەو حەقیقەتەیە کە ئیتر بیرکردنەوە و دوودڵی هەڵناگرێت. پێویست بەو نمایشە ناکات خۆیان وادەربخەن وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت. با شت زۆربووە، خەڵک بە فیشەک بریندارکردن و کوشتن... زۆر شتە، ئیتر شت نییە لە دنیادا لەوە خراپتر، شت نییە لەوە خراپتر. ئەم هەموو خوێن و ئازار و فرمێسکە بە هۆی تەقەکانی ئەوانەوەیە

1 comment:

  1. ئایا خۆپشاندان و ناڕه‌زاییه‌کانی شه‌قامی کوردی ده‌ره‌نجامی کۆتایی نابێته‌ گۆڕینی ته‌نیا سه‌رکرده‌ به‌ سه‌رکرده‌ی تر ؟

    ReplyDelete