بهشی چوارهم
خەونی «زانست» یاخود «خەونی بونیادنانەوەی کۆمەڵگا لهژێر سایەی میتۆدو دەسەڵاتی زانست»دا، هەر لەسەرەتاکانی سەدەی بیستدا تووشی کۆمەڵێک رێگرو بەربەستی زۆر گەورە بووەوە، کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر هەرەسی شوێنگەی زانست لهکۆمەڵگای ئێمەدا هەبوو. لێرەدا ئەو هۆکارانە بەمجۆرە کورتدەکەمەوە:
۱.دروستبوونی کێشەیەک لەسەر ئاستی دونیادا دەربارەی «ماهییەتی زانست» خۆی. کەرتبوونی جیهان لەو سەردەمەدا لهنێوان مارکسیزمو کەپیتالیزمدا، دووجۆر پێناسەی جیاوازیشی بۆ خودی زانست لێکەوتەوە کە ئەو دەم وەک زانستی مارکسیو زانستی بۆرژوازیی ناویاندەنان. مارکسیزم کە ئەوسا وەک فەلسەفەیەکی شۆڕشگێڕو رزگارکەر بۆ بەشەرییەت سەیردەکرا، بەشی هەرە زۆری مێژووی فیکریو فەلسەفیو زانستی پێشخۆی وەک فەلسەفەی بۆرژوازیی یان وەک «دەرهاویشتەیەکی ژێرخانی ئابووری کۆمەڵگا» تەماشادەکرد کە تەعبیر لهوێستگەیەکی هوشیاری چینایەتی چینێکی دیاریکراو دەکەن. ئەم بۆچوونە کارەساتێکی فیکریو مەعریفی گەورەی لهخۆرهەڵات دروستکرد. سەرەتا مارکسیزم لهسەردەمی گەشەی ستالینییەتدا گەیشتە خۆرهەڵات، واتە بەشێوەیەک گەیشت هەموو رەهەندە فەلسەفییەکانی خۆی ونکردبوو بووبوو بە جۆرە رەچەتەیەکی ئایدۆلۆژی، بووبوو بە تێڕوانینێک کە تەواوی مێژووی زانستی پێش خۆی لهڕوانگەی «زانستی پرۆلیتاری»یەوە تەفسیردەکرد. ناوزەدکردنی بەشی هەرە زۆری فیکری مرۆڤایەتی پێش مارکس بە فیکری «چینە سەردەستەکان»، ناوزەدکردنی زۆربەی رێبازە فیکریو هونەریو زانستییە نوێکانیش کە نەدەچوونە ژێرباڵی ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستییەوە، بە فیکری بۆرژوایی... دەرەنجامەکەی ئەوەبوو، لهدنیای ئێمەدا، تێگەیشتن لهفیکری مرۆڤایەتیو لهشەپۆلهتازەو کۆنەکانی داهێنان، گرفتی گەورەی تێکەوت. بە واتایەکی دی، زانست لهجیهانی ئێمەدا هێشتا ماناو وەزیفەی خۆی نەدۆزیبووەوە کە کەوتە بەر دادگایەکی ئایدۆلۆژی سەخت، بەشی هەرە زۆری زانستی بەشەری وا وێناکرا وەک ئەوەی جۆرە زبڵێکی بۆرژوایی بێتو دوای سەرهەڵدانی مارکسیزم، مرۆڤایەتی پێویستی بە هیچ نەبێت خوێندنەوەی کتێبەکانی مارکسو لینین نەبێت. ئەو خورافەتەی کە دەیگووت «مارکسیزم تاکە زانستێکە مرۆڤایەتی رزگاردەکات» پردی پەیوەندی نێوان نوخبە خوێندەوارەکانی ئێمەو زانستی بەرهەمهاتووی لهخۆرئاواو شوێنەکانی تردا پچڕان. مارکسیزم خۆی وەک تاکە زانست پێشکەشکردو لهناو نوخبە خوێندەوارەکانی کورددا، ئینتیماکردن بۆ مارکسیزم وەک ئینتیماکردن بۆ «هێزی رزگارکەری زانست» وێنادەکرا. ئەمە ئەو ساتەوەختە ترسناکەیە کە تێیدا ئایدۆلۆژیا نەوەک شوێنی زانستی گرتەوە، بەڵکو خۆی وەک زانستو تاکە زانستی گرنگیش ناساند.
دەرەنجامەکانی ئەم دیاردەیە لەسەر کۆی تێگەیشتنی ئێمە لهزانست زۆر گەورەبوو. ئەمە نەوەیەکی بێئاگای دروستکرد کە ئینتیما ئایدۆلۆژییەکەی خۆی بۆ مارکسیزم وەک ئینتیماش بۆ زانست سەیردەکرد، وایدەزانی مارکسیبوون واتای رۆشنبیربوونو زانابوون. لەو دەمەدا مارکسیبوون بەس بوو، بۆئەوەی کەسی مارکسی وابزانیت دەستی بە جەوهەری زانستە مرۆڤایەتییەکان گەیشتووە. لای مارکسییەکان مارکسیزم خۆی بوو بە ئەلتەرناتیڤی هەموو زانستێک، کۆمۆنیستەکانیش بوونە ئەو کاراکتەرەی شوناسی «سیاسیو زاناو رۆشنبیرو ئازادیخوازیان» پێکەوەو لهیەککاتدا لهخۆیاندا کۆدەکردەوە... ئەمە نەوەیەکی دروستکرد هەندێکیان تا ئێستا وەک مۆتەکە بەسەر سەری کۆمەڵگای ئێمەوە وەستاون، ژمارەیەک لهتاغووتو دیکتاتۆرە سیاسییەکانی ئەمڕۆ، کوڕی ئەو نەوەیەن. نەوەیەکی دابڕاو لهزانستو رۆشنبیریی، بێئاگا لههەموو دەستکەوتەکانی مەعریفەتی مرۆڤایەتی. دۆخێکی ئەوتۆشیان خوڵقاند کایەیەکی سیاسی دابڕاو دروستببێت لههەموو «فەلسەفەی سیاسی»و کایەیەکی رۆشنبیری بارکراو بە «سانسۆری سیاسەتو ئایدۆلۆژی» دابمەزرێت. ئەم نەوەیە کە لهدوای جەنگی جیهانییەوە دەست بەسەر دونیای رۆشنبیریو سیاسی ئێمەدا دەگرێت... بە وێنەیەکی هەڵەی زانستو سیاسەتەوە دێتە دونیاو ماوەیەکی درێژ، هەموو پرۆسەیەکی بیرکردنەوەی زانستی دەکوژێت.
۲.لهدوای جەنگی جیهانییەوە، ئەو وێنەیەی پێشتر بۆ زانست لهکولتووری مرۆڤایەتیدا هەبوو، گۆڕا. زانست لەسەدەی نۆزدەدا رۆڵێکی رزگارکەرو یۆتۆپی هەبوو. پتر وەک کەرەستەی خێروخۆشی بۆ تەواوی بەشەرییەتو گەیشتنی مرۆڤ بە کۆمەڵگای یەکسانو ئاسان سەیردەکرا، بەڵام لەدوای جەنگ، زانست روویەکی زۆر ترسناکی دەرخست، خۆی وەک هێزێکی ترسناکو وێرانکار دەرکەوت، وەک ماشێنێکی وێرانکردنی گەورە. لهدوای کۆتایی جەنگ تەواوی مرۆڤایەتی خۆی لهبەردەم ئەو مەترسییە گەورەیەدا دەبینی کە زانست بۆتە دڕندەیەکی بەرەڵاو دەشێت چی هێزی تاریکو نادیارو وێرانکەری ناو مرۆڤە بەرەڵایبکات. دەرکەوتنی مەترسییە گەورەکانی زانستو رووە وێرانکەرەکەی لهساتێکدا بوو، کە کۆمەڵگا بچوکو پەراوێزییەکانی ئێمە، بەدوای باوەڕێکی نوێدا دەگەڕانو پێویستیان بەوە بوو روویەکی رووناکی زانست ببینن تا بتوانن پتر بڕوای خۆیان لهدینەوە بخەنە سەر ئەو کایە گەورەیە. ئەوە وایکرد وێنەی زانستو کاریگەرە رزگارکەرو مانا رۆحیو ئەخلاقییەکانی، زیانێکی گەورەیان بەربکەوێت. زانست لهدوای جەنگەوە هێزە ئەخلاقییەکەی خۆی دۆڕاندو وەک هۆکارێکی ترسناکی بەدبەختیو کارەسات سەیردەکرا. ئەمە لهکۆمەڵگاکانی ئێمەدا زانستی شەقاوێکی گەورە بۆ دواوە گێڕایەوە.
۳.لەدوای جەنگ، زانست مانایەکی سیاسی گەورەتری لهجاران وەرگرت. دەسەڵاتی سیاسیو رکێفکردنی جیهان لەوە دەرچوو کە کاری هێزی سەربازی رووت بێت. زانست لەسەر ئاستی گلۆباڵدا بووە یەکێک لهشادەمارە گەورەکانی دەسەڵات، شەڕی سارد لهنێوان خۆرهەڵاتو خۆرئاوادا بوو بە شەڕ لەسەر پێشکەوتنی «زانستیو تەکنۆلۆژیی». لێرەوە پرۆسەیەکی ترسناکی گلۆباڵو لۆکاڵی قۆرغکردنی زانست دەستیپێکرد. زانست وەک «سیحر» بوو بە چەکی نهێنی هێزە گەورەکان... بوو بە نهێنی تایبەتی کۆمپانیاکان. فۆرمێکی وەرگرت کە گواستنەوەی لهکۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر ئەستەم بێت، واتە لهزانستێکی گشتیو گەردونییەوە کە خواستی قازانجی مرۆڤایەتییە، بوو بە زانستێکی تایبەت کە موڵکی هێزێکی دیاریکراو یان کۆمپانیایەکی دیاریکراوە. لێرەوە بازرگانی لەوە کەوت تەنیا بازرگانیکردن بێت بە بەرهەمەکانی زانستەوەو بوو بە بازرگانیکردن بە خودی زانستەوە. ئیدی فرۆشتنی زانست، وەک یەکێک لههەرە دژوارترینو گرانترینو پڕمەرجترین شێوەکانی بازرگانی مۆدێرن سەری هەڵدا. لەو پرۆسەیەدا کۆمەڵگایەکی ژێردەستو هەژارو هەلاهەلای وەک کورد لەوە کەوت بتوانێت چیتر درێژە بەو خەونە خورافییەی سەرەتاکانی سەدەی بیست بداتو تەواو پشتیکردە ئەو خەونە. بەدیوێکیشدا دەوڵەتە داگیرکەرەکان، هەموو ئەو کەناڵە گرنگانەیان داخست کە وایاندەکرد مرۆڤی کورد دەستی بە زانستی نوێ بگات، ئیدی لهزمانو نوسینەوە قەدەغەیانکرد، تا دەگاتە مەحرومکردنی خوێندکاری کورد لهخوێندن لهچەندەها لقو بەشی زانستیدا، کە دەکرا نرخی ستراتیژیان هەبێت... لێرەوە گەیشتینە سەردەمێک تێیدا زانستو مەعریفە خۆی دابەشبوو بە سەر دوو بوارو دوو بەشی سەرەکیدا: «زانستی رێپێدراو»و «زانستی رێ پێنەدراو». کە دووبارە وایکرد وەزیفەی مەعریفەو زانست لهجیهانی ئێمەدا دابەزێت بۆ هەندێک ئەرکی گشتیو رۆژانەو بایەخە ستراتیژییەکەی لەدەستبدات
Dast xosh kak Baxtyar Ali bo aw hamw wsha pr mana w jwananat ka akret komalgai kwrdi ba regayaki mantiqyana byankata rwyaw la zorbai pesh hatakani waqi3i amroda swdi le warbgret. balam kak baxtyar wak lai barezt ashkraya esta la jihani amroda dawlata zl hezakani dnia ba rastawxoyy ya na rastawxoi kawtwnata dagirkariw zor jar ba nawi rzgarkareki naxwazrawawa denw barnamaw darshtai kari xoyan akan la wlata be xawanakani wak emaw wlatani dawrw bar amash wai krdwa ka fazayak namenetawa bo birkrdnawai ganjan la chamki nishtiman parwariw wlat wisti ba jorek ema la zher fshari saqafaty rozh awaw amarika dain ka ba tawawi fryay taqlidkrdnawayan nakawin ama la rwi chonety zhianian chwnka wlatani rozh awaw amarika la dwai chandaha sal la pesh kawtnw hawldan enja gashtwnata am astay esta boya bo ema saxta btwanin bgaina aw astai awana nachar taqlidi shewazi jlw bargw xwardnw xwardnawaw zhiani sadayan akainawa amash atwanin bleyn jilek la taqlid chiw jilek la be xami w be agai drwst akat ka hoshyar krdnawayan za7mata bgra atwanit bleyt mwsta7ila, xaleki tr la wlaty ema kasa roshnbirw 3aqla dahenarakan rega xoshyan bo nakret ka la wlaty xoyan xzmat ba azmwni dahenan bkan w wlat peshxan boya ba daxawa la wlatani tr xzmat akan,
ReplyDelete