Friday 27 May 2011

زانست‌و دین‌و شۆڕش / بەشی پێنجه‌م



لەپاڵ ئەو ژمارە زۆرەدا لە هۆکار «کە لەبەشەکانی پێشوودا باسمکردن»، کە پێکڕا گورزی توندیان لە بایەخ‌و نرخی زانست وەشاند... هەردوو کایەی سیاسی‌و رۆشنبیریی کوردی، دوو هۆکاری گەورەی هەرەسە تراژیدییەکەی زانست بوون. زۆر زەحمەتە بەدروستی بزانین لە چ ساتێکدا بەتەواوەتی ئەو خورافەتە ترسناکە لە خۆرهەڵاتدا بڵاودەبێتەوە کە سیاسەت وەک تەنیا چالاکی گرنگ لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا سەیردەکات‌و سیاسی وەک تەنیا رزگارکەر دەبینێت. بەڵام دەتوانین بزانین کە لەسەردەمی پێش جەنگی جیهانی دووەم‌و دوای جەنگدا، بەسەرێک لاوازبوونی دین‌و بەسەرێکی دیش لاوازیی فیکری مەعریفی‌و زانستی پێکەوە بۆشاییەکی مێژوویی گەورە دروستدەکەن کە دەرفەتێکی مێژوویی دەبەخشێتە سیاسەت‌و سیاسییەکان تا وەک تاکە هێزی ئازادی بێنە سەر شانۆ. لەم وێستگەیەوە سیاسەت هەم وەک چالاکییەکی رۆحی‌و هەم وەک چالاکییەکی عەقڵی گەورە خۆی نمایشدەکات‌و ئەو هێزە پیشاندەدات کە دەتوانێت هەم ئەلتەرناتیڤ دین‌و هەم ئەلتەرناتیڤی هەموو جۆرە مەعریفە‌و زانستێک بێت. هەر لەو بۆشاییە مێژووییەشدا حیزب وەک گەورەترین داهێنانی کایەی سیاسی‌و کاراترین ئامێری ئیشکردن، دەبێتە ئەلتەرناتیڤی مزگەوت‌و زانکۆ.

حیزب لەم قۆناغەدا دەزگایەک نییە بیەوێت خۆی وەک دوژمن بە دین یان زانست نیشانبدات، بەپێچەوانەوە حیزب خۆی وەزیفەکانی دین‌و زانست لە ئەستۆ دەگرێت. واتە هەم دەبێت بە دەزگایەکی رۆحی کە ئەندامەکانی بە پەیوەستێکی ئیمانی توند پێکەوە گرێدەدات‌و هەم دەبێت بە دەزگایەکی زانستی کە خوێندنەوەی پێکهاتی کۆمەڵگا‌و دیاریکردنی راست‌و هەڵە دەگرێتە ئەستۆ. واتە بەسەرێک موقەدەس بۆ خۆی داگیردەکات‌و بەسەرێکی تریش هەقیقەتی دونیایی، واتە پیرۆز‌و ناپیرۆزیش دەخاتە بندەستی خۆی. خودی ئەم مۆراڵە، زەمینەسازییەکی باش‌و پێکوڵکارییەکی گرنگ بۆ ئەوە دەکات، شێوە تۆتالیتارەکانی حیزب، لەو جۆرە حیزبانەی کە لە دەوڵەتە نازی‌و فاشی‌و مارکسییەکاندا باڵادەست بوون، لە وڵاتی ئێمەشدا بازبدەنە پێشێ‌و تەواوی گۆڕەپانی سیاسی بگرن... لەم مۆدێلەدا حیزب هەم مزگەوتە، هەم سوپایە، هەم دەزگایەکی زانستیشە کە دەبێت زانستکارانی دیکە لەدەرەوە بیکەن بە مەرجەع. ئیدی ئەو نەوەیە لەسیاسی لەدایکدەبێت کە لەیەککاتدا رابەڕی رۆحین، ژەنەراڵی عەسکەریین، عەلامەی زانستیشن. دروستبوونی ئەمجۆرە لە ئەحزاب‌و سەرکردەی تۆتالیتاری‌و فاشی «کە ئێستا بوونەتە گەورەترین کۆسپی مێژوویی لەبەردەم ئێمەدا» دەگەڕێتەوە بۆ هۆیەکی زۆر گەورە، ئەویش لەدایک نەبوونی زانستە وەک هوشیارییەک کە بەر بەم فۆرمە سیاسییە بگرێت. بەدرێژایی مێژووی سەدەی بیست‌و لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا دەنگێکی رەخنە بەرزنابێتەوە، کە سنوورێک بۆ پەلکوتانی حیزب‌و وەزیفە بێشومارەکانی دابنێت. دیارە نەبوونی کایە مەعریفییەکان «نەبوونی فەلسەفە، کۆمەڵناسی، مرۆڤناسی، فەلسەفەی زانست، سایکۆلۆژیا‌و کۆی کایە بنەڕەتییەکانی ناو زانستە سروشتییەکان» ئەو دەسەڵاتە رەهایە دەبەخشێتە کایەی سیاسی کە وەک تاکە بەرهەمهێنی هەقیقەت ئیشبکات‌و دەربکەوێت.

لە کۆمەڵگای مۆدێرندا خۆپاراستن لە سیاسەت یان فۆرمی حیزب یان بزووتنەوەی رێکخراو نامومکینە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، سیاسەت بە گشتی‌و حیزب بەتایبەت چی وەزیفەیەک لە ئەستۆ دەگرێت، ئاخۆ دەبێتە شاکایە‌و تاقانە سەنتەری رۆحی‌و عەقڵی یاخود وەک شوێنێک بۆ پراکتیزەکردن‌و تاقیکردنەوەی کۆمەڵایەتی‌و مێژوویی دەمێنێتەوە... بە کورتی لاوازیی هوشیاریی زانستی‌و مەعریفی، وەرگەڕانی دینیش بۆ دیاردەیەکی سیاسی رووت، ئەو هەلە مێژووییەیان بە سیاسەت بەخشی وەک تاکە کایەی بەهێز‌و تاکە شوێنی چالاکی‌و تەنیا رەوتی رزگارکەر سەیربکرێت. دیارە بە سیاسیبوونی تەواوەتی فەزای ژیان لە دوای جەنگی جیهانی، سەرهەڵدانی بلۆکی کۆمۆنیزم، جەنگی سارد، گەرمبوونی خەباتی ئەنتی کۆلۆنیالیستی لە جیهانی سێهەمدا، شکستی سەربازیی هێزە ئیمپریالیستەکان لە زۆر شوێندا، سەرهەڵدانی دەیان کێشەی نوێ‌و شۆڕشی نوێ... بە گشتی هۆکاری گەورەبوون لەوەدا کە سیاسەت تەواوی چالاکییەکانی تر بخاتە پەراوێزەوە‌و دڕندەیەک بۆ گیانی مرۆڤایەتی بەرەڵابکات کە ناوی حیزبی تۆتالیتارە.

ساتەوەختێک کە من لە دەسەڵاتی سیاسەتدا بە گرنگی دەزانم، ئەو ساتەیە کە ئیتر بە بەربڵاوی دەکەوێتە دروستکردنی موقەدەس بە ناوی خۆیەوە، واتە قۆرغکردنی موقەدەس لە دەستی دین دەردەهێنێت‌و دەیخاتە چنگی خۆی. لەگەڵ کۆتایی جەنگ‌و هەرەسی کۆماری مەهاباد‌و شکستی شێخ مەحموددا ناسیونالیستە کوردەکان دەکەونە دروستکردنی شەبەنگێک لە قودسییەت بەدەوری پیاوە سیاسییەکانی کورددا، قودسییەتێک لەوەیان دەردەهێنێت، وەک مرۆڤی سادە‌و بکەری مێژوویی سەیربکرێن، دەخرێنە سەروو مرۆڤی ئاساییەوە، دەخرێنە دەرەوەی رەخنەوە، وەک بوونەوەری ئەفسانەیی‌و نائاسایی وێنادەکرێن... دواتر ئەم پرۆسەی تەقدیسکردنە بەدەوری بارزانیشدا دەکێشرێت‌و هێدی هێدی دەگوازرێتەوە بۆ هەموو سەرۆک‌و نیمچە سەرۆکەکانی دیش.
سەرهەڵدانی موقەدەسی سیاسی، ئاماژەیە بۆ دوو شتی زۆر گرنگ: یەکەم: لاوازیی دین، چونکە لە سەدەکانی پێشووتردا تەنیا دین پیاوی موقەدەس «مەشایەخ‌و ئەولیا»ی دروستدەکرد. دووەم: لاوازیی زانست، چونکە لە کۆمەڵگایەکدا هوشیاری زانستی کارا‌و زیندووبێت، پرۆسەی تەقدیسکردن نە پیادە دەبێت‌و نە ئاسان دەچەسپێت. بەمجۆرە سیاسەت بەئاسانی وەزیفەی دین داگیردەکات‌و ئەو بەشەشی لەخۆدەگرێت کە لەگەڵ رۆحی زانستدا ناگونجێت. لە ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەوە، سیاسەتی کوردی گەورەترین چەکی دین داگیردەکات کە موقەدەسە، چەکێک کە بەپلەی یەکەم ئاڕاستەی هوشیاری رەخنەیی دەکرێت، واتە دژ بەسەر هەڵدانی عەقڵی زانستی دەخرێتەکار.

پەیوەندی «سیاسەت»‌و «موقەدەس» لە مێژووی سەدەی بیستدا، یەکێکە لەو تەوەرە گەورانەی کە دواتر ماهییەتی شۆڕشەکانی کورد بە بەربڵاوی دیاریدەکات. پێویستی سیاسەتی کوردی بە موقەدەس پێویستییەکی بێسنوور‌و ئۆرگانییە. تا ئەمڕۆ حیزبی کوردی ناتوانێت لە موقەدەس جیاببێتەوە‌و سنوورێک بۆ «پیرۆزاندن»‌و «شتپەرستی یان فیتشیزمی سیاسی» دابنێت. ئەم پرۆسەی موقەدەس دروستکردنە، گرێدراوی رۆحی گوتاری مانەوەیە، لە لۆژیکی ئەم گوتارەدا پاراستنی نەتەوە لە فەوتان‌و نەمان، وادەخوازێت کە تەواوی شتەکان بە شەبەنگێکی موبارەک گەمارۆبدەین تا لە بەسەرچوون‌و فەوتان بیانپارێزین. گوتاری مانەوە بەپلەی یەکەم دەبێتە بزوێنەر‌و دینەمۆی گواستنەوە لە «موقەدەسی غەیبی»یەوە بەرەو «موقەدەسی دونیایی». ئەوەی ئەم گوتارە تەقدیسیدەکات، خودا نییە، بەڵکو هەموو ئەو شتانەیە کە لە مانەوەی کورددا دەتوانن وەزیفەیەکی گرنگ وەربگرن... لەسەروو هەمووشیانەوە «سەمبولە سیاسییەکان»، بەپلەی یەکەمیش سەمبولی «حیزبی موبارەک»‌و «سەرۆکی موبارەک». هەڵبەت دواتر کە «گوتاری مانەوە» رۆحە ناسیونالیستییەکەی خۆی وندەکات، کە لەوە دەکەوێت بتوانێت «گوتاری مانەوەی نەتەوە» بێت بە مانا فراوانەکەی‌و دەبێت بە گوتاری مانەوەی حیزبێک یان بنەماڵەیەک، پرۆسەی تەقدیسیش «پیرۆزاندن‌و پیرۆزساز» لەوە دەکەوێت کە تایبەت بێت بە «سەمبولە دەستەجەمعییەکانی نەتەوە»‌و دەبێت بە پیرۆزاندنی هەر گروپە بۆ سەمبولی تایبەتی خۆی... لێرەوە تەواوی کۆمەڵگای کورد دەبێتە کایەیەکی پڕ لە «موقەدەس»‌و شوێنێکی داخراو‌و دەست لێنەدراو، کە تێیدا قودسییەتی دونیایی جێگایەکی بۆ قودسییەتی غەیبی نەهێشتۆتەوە‌و خوداش تەنیا لە مزگەوتی حیزبدا دەتوانێت قسەبکات‌و لەدەرەوەی ئەو هیچ نییە جگە لە بێدەنگییەکی ناکۆتا.

لێرەدا دەگەینە خاڵێکی جەوهەری، ئەویش ئەوەیە سیاسەت لەو ساتەدا کە دەکەوێتە بەردەم دوو نێچیری لاواز کە یەکێکیان «دین»‌و ئەویدیان «زانست»ە. لەبری ئەوەی رۆحی زانست وەربگرێت‌و دین بەجێبهێڵێت بۆ پەیوەندی مرۆڤ‌و خودا، رۆحی دین کە موقەدەسە وەردەگرێت‌و فڕێیدەداتە دونیاوەو هەموو ئەو یارییە ترسناکانەی پێدەکات کە دۆزەخی سەد ساڵی رابوردووی دروستکردوە. لێرەوە سیاسەت ئیدی وەکو دین لە فۆرمە هەرە دنیاییەکدا کاردەکات‌و دەبێتە کارخانەیەک بۆ دروستکردنی نوێنەرانی خودا‌و تەواوکارانی پێغەمبەران لەسەر زەوی. دۆخێک کە زانست نەدەتوانێت تێیدا چالاک بێت‌و نە دەرفەتی هەناسەدانیشی هەیە.

No comments:

Post a Comment