Sunday 16 October 2011


وەچەکانی ئۆرفیۆس 2
کۆرنیامێنتال


لە نۆی نۆڤەمبەری ساڵی 1918 دا گیوم ئەپۆلونێر لە تەمەنی سی و هەشت ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.هۆی مردنەکەی نەخۆشییەکی تایبەتی و ناوازە نەبوو، ڤایرۆسێک نەبوو کە بە تایبەت دەیدات لە شاعیران و داهێنەران و مەرگێکی ئەفسانەییان پێدەبەخشێت. مەرگێک نەبوو وەک مەرگی هاوپیشەکەی ئەلکساندەر پۆشکین... مەرگێکی تایبەت، پڕتەلیسم، پڕ پرسیار. بەڵکو مەرگێکی سادەبوو، بە پەتایەک کە لەگەڵ ڕۆحی ئەپۆلۆنێردا ملیۆنەها گیانی تری کێشا.
ئەوەی ئەپۆلۆنێر بەوردی بخوێنێتەوە هەستدەکات وەک شاعیر هەمیشە ویستوێتی مەرگێکی ناوازەی هەبێت. ئەو یەکێکە لەوانەی باوەڕی زۆر بە تایبەتمەندیی ژیان و مردنی شاعیران هەیە. ڕاستە زۆربەی شاعیران خۆیان بە جنسێکی جیاواز لە ئادەمیزادانی دی دەبینن، هەندێکیان هێندەی دوای ژیان و مەرگی شاعیرانە دەکەون، ئەوەندە خودی شیعر نابێتە خولیایان، بەڵام ئەم هەستە و ئەم بابەتە هەمووجارێک لە نوسیندا دەرناکەوێتەوە، کەچی لە ئەدەبیاتی ئەپۆلۆنێردا قورساییەکی زۆر گەورەی هەیە.
ئەپۆلۆنێر بە پەتایەک مرد کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا و بە چەند شەپۆلێکی گەورە لە ئەوروپای دا و ملیۆنەها قوربانی جێهێشت. پەتاکە بە «ئەنفلۆنزای ئیسپانی» دەناسرێت، هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە نزیکی 25 ملیۆن مرۆڤی کوشتووە ، هەندێکی دیش دەڵێن ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان لەسەروو پەنجا ملیۆنەوەیە. لە ناودارترین ئەو کەسانەی بوون بە قوربانی ئەنفلۆنزای ئیسپانی، سۆسۆلۆگی ئەڵمانی ماکس ڤێبەر و نیگارکێشی نەمساوی، ئیگۆن شیللی و سۆفیا فرۆیدی کچی سیگمۆند فرۆید بوون، بەڵام لە هەمووان ناودارتر خودی ئەپۆلۆنێرە.
مردنی ئەپۆلۆنێر بە پەتایەکی لەوجۆرە بە هەموو پێودانێک مەرگێکی ئۆرفیۆسی نییە... ئەوەی بە ڤایرۆسێک بمریت کە لەگەڵ ئەودا گیانی ملیۆنەهای دیکەی چنیوەتەوە، مەرگی هەموو ئەو تایبەتمەندێتیانە وندەکات کە مەرگی شاعیرانە پێویستی پێیەتی. ئەپۆلۆنێر پێشتر بەدوای مەرگێکی پاڵەوانکارانەدا چووبوو بۆ بەرەکانی جەنگی جیهانی یەکەم، لەوێ برینداریش دەبێت، بەڵام ڕێکەوت ئەو دەرفەتەی پێنابەخشێت، وەک لۆرد بایرۆن لە مەیدانەکانی شەڕدا بمرێت. ئەو دەرفەتەی پێ نابەخشێت وەک فیدریکۆ گارسیا لۆرکا بەدەستی دوژمن و لە شەوێکی پڕ ئەستێرەدا شەهید بکرێت... لۆرکاش وەک ئەپۆلۆنێر هەر بە سی و هەشت ساڵی مرد، بەڵام بە کوشتنی مەتەڵێکی گەورە و مەرگێکی شاعیرانەی تایبەتی دوای خۆی جێهێشت، پێش لە کوشتنی جیڤارا، مەرگی لۆرکا ڕەمزێکی گرنگی شۆڕشگێڕی و یاخیبوون بوو لە هەموو دونیادا.
بەڵام ئەپۆلۆنێر گەر نەیتوانیبێت مەرگێکی وا ئۆرفیۆسی بۆ خۆی زامنبکات، قارەمانێکی ئۆرفیۆسی بۆ جێهێشتووین کە کەسایەتی شاعیر کۆرنیامێنتالە، لە چیرۆکی « شاعیرە کوژراوەکە» دا. ئەپۆلۆنێر لە کەسی کۆرنیامێنتالدا نمونەی ژیانێکی ئۆرڤیۆسیی نوێمان پێشکەشدەکات... کۆرنیامێنتال وەک منداڵێکی بەدبەخت دێتە دونیاوە، هەر هێندەی ئەو لە دایک دەبێت دایکی دەمرێت، باوەپیارەکەی کە ساختەبارۆنێکە، شەوێک لە مۆنتی کارلۆ و لەسەر مێزی قومار هەموو سامانی خۆی دەدۆڕێنێت و دواتر خۆی دەکوژێت. لەو سەرەتایانەوە سیفەتی نەفرەت لێکراوی کۆرنیامێنتال دەردەکەوێت، وەک کەسێک کە بوونی هاوبەست و گرێدراوی تراژیدیایە. دوای ئەو مامۆستایەکی هۆڵەندی دەیگرێتە خۆی، سەرپەرشتی پەروەردەبوونی دەگرێتە ئەستۆ، بە جیهانی ئەدەبیاتی ئاشنادەکات و بە کتێبەکانی سێرڤانتس و گۆتەی دەناسێنێت. دوای مردنی بەخێوکەرەکەی، دەچێتە پاریس و لەوێ ژیانی خۆی وەک شاعیر و شانۆنوس دەست پێدەکات. لەوێ حەز لە سەماکەرێک بە ناوی تریزتۆیزا دەکات، خانم بۆ ماوەیەکی کورت پەیوەندی لەگەڵ کۆرنیامێنتالدا دەبەستێت، بەڵام هەر زوو نیشانە ئۆرفیۆسییەکان لە ژیانیدا دەردەکەون، کاتێک دڵدارەکەی زۆر ئاسان و بێباک بۆ شاعیرۆچکەیەکی خراپ دەستبەرداری دەبێت بە ناوی پۆپۆناتەوە. کۆرنیامێنتال بۆئەوەی دڵی خۆشەویستەکەی بەدەستبهێێتەوە دەستدەکات بە گەشتێکی دوورودرێژ بەدوای دوو دڵدارەکەدا، بەشێکی تێکستەکە وەسفی ئەو سەفەرە درێژەی کۆرنیامێنتالە لە شارو جێگا جیاوازەکانی ئەوروپادا بە دوای تریزتۆیزادا. گەشتەکەی کۆرنیامێنتال درێژکراوەیەکی سەمبولی گەشتەکەی ئۆرفیۆسە بۆ هادەس، وەک چۆن ئەو دەیەوێت خۆشەویستەکەی لە بنی دۆزەخ دەربهێنێت، کۆرنیامێنتالیش دەیەوێت خۆشەویستەکەی لە بنی دۆزەخی ئەوروپادا بەدەستبهێنێتەوە. کۆرنیامێنتالیش وەک ئۆرفیۆس وادەردەکەوێت بڕوایەکی گەورەی بە هێزی هونەری خۆی هەبێت، بەڵام هەڵگری ئەو سیفەتە هەمیشەییەی شاعیرانیشە کە وا هەستدەکەن خۆشەویست نین، نەفرەت لێکراون. لەم تێکستەی ئەپۆلۆنێردا دژایەتی نێوان شیعر و جیهان دەگاتە ئاستێکی زۆر باڵا. لە چیرۆکی ئۆرفیۆسدا وادەرناکەوێت وەک ئەوەی داهێنانی ئۆرفیۆس مایەی کوشتنی بێت، ڕقی ژنان لە ئۆرفیۆس دەگەڕێتەوە بۆ ڕقی ئۆرفیۆس لە ژنان. بەڵام لەسەدەکانی دواتردا هەستی شاعیران بە تەنهایی و گۆشەگیری و دابڕان و نەفرەت تا دێت گەورەتر دەبێت، ئەو هەستەی کە ئەوان دونیایان بە دڵ نییە و دونیاش ئەوانی بەدڵ نییە، دەبێتە هەستێکی زاڵ. کۆرنیامێنتال لە مێرسیلیا تووشی دەبێت بە تووشی کەسێکی سەیرەوە کە دروشمی سەرەکی دژایەتی شاعیرانە... کیمیاگەرێکی ئەڵمانییەوە بە ناوی «تۆگراس»ـەوە. ئەپۆلۆنێر لە کەسایەتی
تۆگراسدا تەعبیر لەو ڕۆحە زانستخواز و عەقڵییەتە داخراوە نوێیە مۆدێرنە دەکات کە تەواوی جیهانبینی مرۆڤ بە قازانجەوە گرێدەداتەوە. لە مێرسیلیا، کۆرنیامێنتال تێدەگات کە خۆشەویست نەبوونی شاعیران تەنیا لەوەدا کورت ناکرێتەوە کە دڵدارەکانیان تێیان ناگەن و خۆشیان ناوێن، بەڵکو دەگاتە کینەیەکی جەماوەریی گەورەتر، ئەوەی کە شاعیران قەبووڵ ناکەن تەنیا عەشیقەکان نین، بەڵکو تەواوی جەماوەرە. تۆگراس باوەڕی بە لە ناوچوون و نەمانی شاعیران هەیە، وەک مەخلوقاتی بێسوود دەیانبینێت، وەک کۆمەڵێک بوونەوەر کە ناوبانگ و شکۆی خۆیان لەدەستداوە، وەک جنسێکی مشەخۆر کە دەبێت نەمێنن. ئەو نوێنەری پۆڵە پێچەوانەکەی کۆرنیامێنتالە، لە کاتێکدا کۆرنیامێنتال شاعیران لە ئاستی خوداوەنداندا ڕادەگرێت، ئەو لە هەموو شوێنێک بانگ بۆ قڕانکردنیان دەخوێنێت و خەڵکی عەوامیان لێ هاندەدات.
تۆگراس لە چیرۆکەکەی ئەپۆلۆنێردا بەمجۆرە قسەدەکات «شاعیران دەبێت دەستبەرداری شکۆی خۆیان بن بۆ زاناکان، بۆ فەیلەسوفان، بۆ ئەکرۆپاتەکان، بۆ فیلانسرۆپییەکان، بۆ کۆمەڵناسەکان. شاعیران ئەمرۆ جگە لەوەی پارەیەک وەردەگرن کە شایستەی نین، کەڵکی هیچی دیان نییە. ئەوان هەر هیچ کار ناکەن... شاعیران کەسیان مافی ژیانیان نییە ...دەبێت لەسەر زەوی نەمێنن. ئەی جیهان لە نێوان ژیان و شیعردا یەکێکیان هەڵبژێرە... لە سبەێنێ وە سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات، چیتر شیعر لەسەر ڕووی زەمین نامێنێت... هەموو شاعیرانیش سەردەبڕدرێن».
ئەمە تیورەی تۆگراسە، کە دواجار خەڵک دژی شاعیران هاندەدات و لە هەموو جێگایەک ڕاوە شاعیر دەست پێدەکرێت، دەگیرێن و دەخرێنە زیندانەوە و دەکوژرێن. لەو پەلامارە گەورەیەدا بۆ سەر شاعیران کۆرنیامێنتال ناتوانێت خۆی ونبکات، خەڵکی توڕە، عەوامی ڕاپەڕیو دژی شیعر دەیگرن و دەیکوژن و پانیدەکەنەوە.
کوشتنی کۆرنیامێنتال، کوشتێکی تەواو ئۆرفیۆسییە. یورگن گریمیش لە کتێبەکەیدا دەربارەی ئەپۆلۆنێر تەواو پێ لەسەر سروشتی ئۆرفیۆسیانەی مردنەکەی کۆرنیامێنتال دادەگرێت. سەفەری کۆرنیامێنتال بەدوای دڵدارەکەیدا و کوشتنی بەدەست پۆلە عەوامێکی توڕە لەدەستی شیعر و پانکردنەوەی، دووبارەکردنەوەیەکی نوێی ئەفسانەی ئۆرفیۆسە. هەر دوو کۆرنیامێنتال و ئۆرفیۆس تەواو ئەزموونی چارەنوسی تراژیدی شاعیر دەژین و لە پشتیشییەوە یەک ڕاستی گەورە وەستاوە کە داهێنانی گەورە بەشی ئەوە نییە ماڤێکی ڕاستەقینەی ژیان بە شاعیر ببەخشێت، هێزی هونەر زۆرجار ناگاتە ئەوەی دەستی بکوژەکان بگرێت و چەقۆ و بەرد و گوللەیان بگێڕێتەوە. کۆرنیامینتال خۆی بە خوداوەندی شیعر دەزانێت، لێرەوە بۆ مەرگێکی شاعیرانەش دەگەڕێت، ئەوی ڕۆژ کە دەچێت بۆ لای تۆگراس، بێئەوەی غروری شاعیرانەی لەدەستدابێت دەڵێت «من کۆرنیامێنتالم، گەورەترین شاعیری زیندووی رووی زەوی. زۆرجار ڕوو بە ڕوو چاوم بڕیوەتە چاوی خودا، من شەوق و بریقەی خوداییم لەگەڵ خۆمدا هەڵگرتووە، ئەوەش چاوە ئینسانییەکانی منیان لاوازکردوە. من ئەبەدییەت ژیاوم. بەڵام کە ڕۆژ و ساتی من هات، هاتووم، بۆ ئەوەی لە پێشدەمی تۆدا بڵندببمەوە».
کۆرنیامێنتال ئەو ژیان و مردنە شاعیریانەیە دەژی کە ئەپۆلۆنێر خۆی دەستی ناکەوێت.
لەم تێکستەدا ئەوە دەخوێنیەوە ئەپۆلۆنێر چەند بڕوایەکی کەمی بە هێزی شیعر بۆ سەر دونیا هەبووە. ستاتیکای شیعر لەوەدا بەرجەستە دەبێتەوە کە بە جیهان نامۆیە، جوانی داهێنان لەوەدایە کە کاریگەرییەکی کەمی لە سەر دونیا هەیە، هەمیشەش شتێک پێشکەشدەکات کە بە جیهان نامۆیە. جارێکی تر شاعیر ئەو مەخلوقە گەڕۆکە نەسرەوتەیە کە هەم خۆشەویستی و هەم داهێنانی خۆی بە جیهان دەبەخشێت، بەڵام دونیا نە عەشقی شاعیرانی قەبووڵە و نە داهێنانیان. دوای مردنی کۆرنیامێنتال، هاوڕێیەکی کە بە «باڵندەکەی بەنین» لە چیرۆکەکەدا ناوی دێت، وێنەگر و پەیکەرتاشێکی هاوڕێی کۆرنیامێنتالە، لەسەر داوای تریزتۆیز پەیکەرێک بۆ شاعیر دروستدەکات. هەندێک دەڵێن ئەم کاراکتەرە ئاماژەیە بۆ کەسی پاپلۆ بیکاسۆ کە هاوڕێی نزیکی ئەپۆلۆنێر بووە، دەشڵێن کە تریزتۆیزیش هەر ئاماژەیە بۆ کەسێکی ڕاستەقینە لە ژیانی ئەپۆلۆنێردا، بە جۆرێک کۆی چیرۆکەکە وەک جۆرە ژیاننامەیەکی مەجازی بۆ خودی ئەپۆلۆنێر وایە. واتە ئەپۆلۆنێر بە چەند ساڵێکی کەم بەر لەمردنی لە ئاستی مەجازیدا ئەو ژیان و مردنە شاعیرییەی بۆ خۆی نوسیوەتەوە کە ئارەزوویکردوە. پێدەچێت هەستیکردبێت، کە ژیان ناتوانێت ئەوجۆرە مەرگە ئۆرفیۆسییەی پێشکەشیبکات.
کۆرنیامێنتال وەک ئۆرفیۆس پێویستی بە هیچ ئاوڕێکی تراژیدی نییە، لە ژیانی پۆشکیندا خودی ئەو ساتە وەختەمان بینی کە نزیکە لە ساتی ئاوڕە ئۆرفیۆسییەکە... کۆرنیامێنتال ڕاستەو ڕاست لەسەر یەک هێڵ، بە بڕوایەکی توندەوە، بە ئەزموونی شاعیرانی پێش خۆیەوە بەرەو مردن دێت، دەزانێت ئەوەی ئۆردیکای لە کیس دەدات ئاوڕکەی نییە، دەزانێت ئۆردیکای پێش وەخت و هەر لەسەر زەمین لە دەستچووە. ژیانی کۆرنیامێنتال وەک ئەوە وایە ئۆرفیۆس دابەزێت بۆ بنی هادەس و لەوێ ببینێت کە ئۆردیکا نایەوێت لەگەڵیدا بگەڕێتەوە و هەر لەوێدا بەدەستی ژنانی باخۆسی بکوژرێت و بکەوێتە بنی دۆزەخ و هەرگیز نەگەڕێتەوە. شاعیرییەت لەسەردەمی نوێدا بەشی ئەوە نییە کە خوداکان ئۆردیکا بە ئۆرفیۆس ببەخشنەوە. شاعیران لەم سەردەمەدا دادەبەزن بۆ هادەس و دەزانن لەوێدا دەکوژرێن و ناگەڕێنەوە.

No comments:

Post a Comment