Friday 13 May 2011

فیدرالییەتە فاشییەکان

چەند ساڵێک لەوەوبەر، دوای ڕوخانی سەدام حوسەین، لە چاوپێکەوتنێکدا لەسەر بارودۆخی عێراق، باسم لە ئەگەری وەرگەڕانی عێراق بۆ کۆمەڵێک «فیدرالیاتی فاشیستیانە» کرد. ئەوکات وەرگەڕانی عێراق بۆ چەند فیدرالییەتێکی فاشی کە هاوپەیمانییەکی عەسکەری‌و ئابووری لە نێوان کۆمەڵێک نوخبەی سیاسی جیاوازدا ڕایبگرێت، ئەگەرێکی زۆر گەورە نەبوو. ساتی دوای ڕوخانی سەدام، بۆ هەموومان ساتی خەون بینین بوو بە دیموکراسییەتەوە، بەڵام بە تێپەڕینی کات، دەستگرتنی ژمارەیەک میلیشیای عەسکەری بەسەر عێراقدا‌و دابەشکردنیان بۆ ناوچەکانی دەسەڵات‌و دروستکردنیان بۆ کۆمەڵێک هاوپەیمانی «ئابووری‌و عەسکەری» داخراو، وایکرد پڕۆژەی دروستکردنەوەی عێراقی لەسەر بنەمای دیموکراسی لە بنەوەڕا هەڵبوەشێت‌و دەوڵەتی مەرکەزی عێراق ببێتە چوارچێوەیەک بۆ شەرعییەت بەخشین بە ژمارەیەک ئیداراتی لۆکالی فاشی دابڕاو لە یەک، کە تەنیا شتێک پێکەوە ڕایگرتوون قازانجی هاوبەشی سەرانی هەرێمە فاشییەکانە لەگەڵ یەکدا. ئەوەی ئێستا ئێمە لە ناویدا دەژین مۆدێلێکی نوێیە کە بە ئاسانی دەکرێت بە «فیدرالییەتی فاشیستیانە» ناوی ببەین، کە تەنیا هاوپەیمانی ناوی بۆ زامنکردنی پارە‌و دەسەڵاتە، لە ناو کۆمەڵێک هێزدا کە هیچیان ناتوانن دەوڵەتێکی فاشی تۆتالیتار دروستبکەنەوە، بەڵام هەر یەکەیان بە تەنیا دەتوانن کۆمەڵێک ناوچەی دەسەڵاتی فاشیستیانە دروستبکات‌و لە بری فاشیزمێکی سەنترال «کە مۆدێلی بەعسیانەی فاشیزم» بوو، فاشیزمێکی بێسەنتەر بونیادبنێن. واتە ئەوەی لە دوای ڕوخاندنی سەدامەوە ڕویداوە هیچ نییە جگە لە پرۆسەیەکی عەسکەری‌و ئابووری گەورەی «دیسەنترالیزەیشن ـ Dezentralisation»: واتە ترازانی فۆرمی گەورەی دەوڵەتی فاشیستی، بۆ زنجیرەیەک فاشیزمی میکرۆسکۆبی... بۆ زنجیرەیەک ئیماراتی فاشیستی، کە هەر هێزە لە ناوچە‌و لە شار‌و بەسەر بیرەنەوتی خۆیدا دەسەڵاتی رەهای خۆی هەیە‌و بە پۆستاڵ‌و تفەنگ‌و کوتەک نەیارانی خۆی دەپلیشێنێتەوە.


فۆرمی «ئیماراتی فاشیستی» یان «فیدرالیاتی فاشیستی» لە فۆرمی فاشیزمی سەنترال ترسناکترە، چونکە لە فاشیزمی سەنترالدا یەک دیکتاتۆر، یەک دەزگای عەسکەری، یەک ئابووری سەنترال هەیە. لێرەدا دەوڵەت بە مانا ناسراوەکەی فۆرمی دەوڵەت, بە دەزگا‌و سروت‌و ئەتەکێت‌و وەزیفەکانییەوە ئامادەیە، هێشتا دەوڵەت وەک بەشێک لە کۆمەڵگای شارستانی‌و نێودەوڵەتی سەیردەکرێت، ڕەفتارەکانی دەکەونە ژێر چاوەدێری دەرەوە، سەرانی گەورەی دەوڵەت بەرپرسن لە کردارەکانی خۆیان. بەڵام لە فۆرمی ئیماراتی فاشیستیدا، دەوڵەت بە مانا تەقلیدییەکەی دەبێتە قاوغێکی بۆش‌و سێبەرێکی تەنک، خودی ئەوانەی کە دەوڵەت دەبەن بەڕێوە تەنیا بەو نیازە لەدەوڵەتدان بۆئەوەی دەسەڵاتی لۆکاڵی خۆیان بپارێزن. دەوڵەتی ناوەند دەبێتە فۆرمێک کە تێیدا فاشیستە لۆکاڵەکان بەدوای هاوپەیمانی‌و دۆستایەتی‌و شەراکەتی ئابوری‌و سەربازیدا لەگەڵ فاشیستە لۆکاڵەکانی تر دەگەڕێن. لێرەدا دەوڵەت وەک کۆنفیدراسیۆنە خێڵەکییە کۆنەکانی لێدێت، بەڵام لەبری ئەوەی کۆمەڵێک فیوداڵ‌و ئاغا لە خۆبگرێت، کۆمەڵێک هێزی فاشیستی جیاواز جیاواز دەگرێتە ئامێز، کە شوناسی ئایدۆلۆژی‌و ئەتنیان جیاوازە، بەڵام شوناسی سیاسیان بریتییە لە مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵات‌و پارە‌و میدیا. مەترسی ئەمجۆرە لە فاشیزم ئەوەیە کە یەک دەموچاوی دیاریکراوی نییە، هەر فاشیزمە‌و دڕندەی خۆی لە هەرێمێک یان چەند شارێکدا دروستدەکات، پارەی نەوت کۆمەکی پێدەکات هێزێکی میلیشیایی گەورە پێکەوەبنێت، لای دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە پشت‌و پەنا پەیدادەکات، بە نوخبەیەک لە پیاوانی دڵسۆز‌و بێدەنگ‌و لاواز‌و توتیوار ئیدارەیەکی حیزبی دادەمەزرێنێت، ئیمارەتێکی پۆلیسی دادەڕێژێت کە ئەمیرە سیاسییەکەی لە سنووری دەسەڵاتی خۆیدا لە دیکتاتۆرە گەورەکانی ناو دەوڵەتە گەورەکان ترسناکتر حوکمی ژێردەستەکانی خۆی دەکات. ئەمجۆرە فاشیزمە لۆکاڵانە مەرج نییە هەموو جارێک لەسەر تێکشکاندنی ئەتنییەک یان دینێکی تر ئیشبکەن، ئەم مۆدێلە زۆربەی وەخت هەڵاوسانێکی ترسناکی مۆدێلی خێڵی پەتریارکی خۆرهەڵاتییە کە لە ناو شار‌و لەفەزای سیاسی مۆدێرندا گەورەکردن‌و هەوکردنێکی ترسناک بەخۆیەوە دەبینێت. خودی سەرهەڵدانی ئەمجۆرە مۆدێلە، نیشانەیەکی مێژوویی گەورەیە بۆ پاشەکشەیەکی گەورە لە فۆرم‌و دەسەڵاتی حیزبدا.
لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا فۆرمی حیزب وەک ئەلتەرناتیڤ‌و جێگرێکی گرنگی فۆرمی خێڵ لە ڕێکخستنی ژیانی سیاسیدا سەرهەڵدەدا، بەڵام ئەو گەشە ترسناکەی ئەرستۆکراتییەتی سیاسی‌و دینی لە عێراقدا دوای جەنگی کەنداوی یەکەم بە خۆیەوە بینی، حیزبی گۆڕی بۆ دەزگایەکی ئەمنی‌و عەسکەری ڕووت، واتە گێڕایەوە بۆ فۆرمە خێڵەکییەکەی، بۆ ئەو فۆرمەی کە تێیدا ئایدۆلۆژیا هێزی پێکەوەبەستن‌و گرێدەری ناو پێکهاتی سیاسی نییە، بەڵکو وەلا‌و‌و لایەنگری بێقەید‌و شەرت‌و کوێرانە بۆ سەرەک خێڵی مۆدێرن «کە چیتر بە هەڵە پێیدەگوترێت سەرۆکی حیزب» شتەکان دیاریدەکات.

هەر کاتێک حیزب وەک جۆرە «پەیوەستێکی ئایدۆلۆژی» هەڵوەشا، ئیدی حیزب دەبێتە جۆرە «خێڵێکی مۆدێرن» کە تەنیا بەیەک شێواز دەتوانێت حوکمبکات کە شێوازی فاشیستیانەیە.

فاشیزم لە جەوهەریدا هەڵوەشاندنەوەی ئەو شێوازەی حوکمڕانییەیە کە لەسەر «پەیمانی کۆمەڵایەتی» بەندە، بۆ قازانجی ئەو شێوازە لە حوکم کە لەسەر فۆرمی «ئاغا‌و کۆیلە» ڕاوەستاوە. فۆرمی ئاغا‌و کۆیلە، فۆرمی دەسەڵاتی خێڵەکییە، ئەم فۆرمەش لە کۆمەڵگای مۆدێرندا کە دەگوازرێتەوە بۆ ناو سیستمی ئیداری نوێ، بۆ پەیوەندی حاکم‌و مەحکوم، بۆ پەیوەندی حیزب‌و کۆمەڵگا... ڕاستەوخۆ لە فاشیزمدا تەواودەبێت. ئێستا لە کوردستاندا زەقترین مۆدێلی «فاشیزمی میکرۆسکۆبی دەبینین» کە فۆرمێکی تەواو جیاوازە لە فاشیزمە گەورەکان، ئەم فاشیزمە فیدرالییانە هێندەی مەبەستیان پاراستن‌و بەهێزکردن‌و چەسپاندنی کولتووری ئاغا‌و کۆیلەیە، هیچ پڕۆژەیەکی دییان نییە... لێرەوە جەوهەری سیستمەکە هێشتنەوەی ئەبەدی ئاغایە بە ئاغایی‌و کۆیلەیە بە کۆیلەیی. بەڵام دیارە گواستنەوەی فۆرمی حوکمرانی ئاغا‌و کۆیلە لە فۆرمی سەرەتایی‌و خێڵەکی ڕووتەوە بۆ فۆرمی مۆدێرن، ئیشێکی گەورە‌و ترسناک‌و تاریکی دەوێت. لەمجۆرە فاشیزمەدا دەبێت کۆی ئیدارەکان، کۆی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، کۆی فەزای گشتی، لەسەر فۆرمی پەیوەندی ئاغا‌و کۆیلە بونیادبنرێتەوە. لێرەوە خێڵی مۆدێرن وەک خێڵی جاران نییە کە سنووری کارکردنی چەند دێیەک بێت‌و کۆیلەکانی چەند جووتیارێک بن،...

خێڵی مۆدێرن کە ناوکە‌و جەوهەری فاشیزمی خۆرهەڵاتییە، دەوڵەت‌و دەزگاکانی خوێندن‌و دەزگاکانی راگەیاندن‌و دادگا‌و کۆی ئۆرگانەکانی له‌بەردەستە. ئیدی لەسایەی ئەودا تەواوی شێوە پەیوەندییەکانی دەسەڵات، لەسەر فۆرمی پەیوەندی ئاغا‌و کۆیلە بونیاد دەنرێنەوە. پەتریارکی گەورەش «کە تەنیا له‌سنووری ئیمارەتە فاشیستییەکەی خۆیدا گەورەیە‌و لەدەرەوەی ئەو سنوورە دەسەڵاتەکان‌و پلەوپایەکانی هەمووی تەشریفاتی‌و کارتۆنین» دەبێت بەسەمبولێکی بچوک، بۆ هێزێکی بچوک، کە لەژێر گەمارۆیەکی گەورەدا رۆژ دوای رۆژ زیاتر بەرەو دڕندەیی‌و تێکچوون‌و لەدەستدانی جڵەوی عەقڵ دەچێت... له‌«عێراقی فاشی فیدرالی»دا ئەمجۆرە فاشیزمە میکرۆسکۆبیانە بە هەموو جێگایەکدا بڵاوبۆتەوە، تەواوی هەرێمە جیاوازەکانی عێراق بوون بە هێلانەی چەشنە جیاوازەکانی فاشیزم، له‌فاشیزمی قاعیدەوە بیگرە بۆ فاشیزمی مەزهەبی له‌باشوور‌و فاشیزمی ناسیونالیستە عەرەبەکان له‌ناوەڕاست، بەڵام هەموو ئەو پەردە ئایدۆلۆژیانە هیچ نین جگە له‌پەردەی تەنک، چونکە خاڵی هاوبەشی هەموو ئەوانە داڕشتنی فۆرمێکە له‌فاشیزمی لۆکاڵی کە تەنیا بۆ مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵات ئیشدەکەن‌و له‌جوڵانێیەکی بەردەوامدان له‌نێوان هەردوو فۆرمی «ئۆلیگارشی: حوکمی کەمینە»‌و «مۆنارشی: حوکمی موتڵەقی یەک دیکتاتۆر یان یەک بنەماڵەدا». هەموو فاشیزمە میکرۆسکۆبییەکانی عێراق له‌سلێمانییەوە تا بەسرە، پاشخانی ئایدۆلۆژیان هەرچییەک بێت، یەک ستراکتوریان هەیە، لەسەر وێرانە‌و هەرەسی خەونە گەورەکانی ناسیونالیزمی عەرەبی یان کوردی یان مەزهەبگەراکان دروستبوون، له‌پاشماوە لەت لەت‌و هەلاهەلاکانی ئەو خەونانە ماونەتەوە. بە کۆ یەک دینەمۆ دەیانجوڵێنێت، ئەویش ئەوەیە مۆدێرنکردنەوەی ژیان نەگوازرێتەوە بۆ مۆدێرنکردنەوەی ستراکتوری سیاسی. نەهێڵن گۆڕانکارییە مێژووییە گەورەکان بگاتە دەسەڵاتی بنەماڵەی خۆیان‌و نوخبەکەی هاوڕێیان.

ڕاستە ئێستا له‌شارێکی وەک سلێمانی بە حوکمی ئەوەی له‌هەموو جێگایەکی دی زیاتر شەڕی فاشییەت دەکات‌و تەسلیمی دیماگۆکییەتە ناسیونالی‌و دینییەکانی نابێت، زەبری کوتەک‌و پۆستاڵی ئەمجۆرە له‌فاشیزم زیاتر دەبینرێت، بەڵام فاشیزم له‌هەموو شوێنێکی کۆمەڵگای عێراقییەوە هەڵدەقوڵێت... ئێستا وەرگەڕانی عێراق له‌پڕۆژەی دەوڵەتێکی دیموکراسییەوە بۆ دەوڵەتی فیدرالییە فاشیستییەکان، یان ئەمارەتە فاشیستییەکان بە روونی هەستی پێدەکرێت. ئەوە وادەکات پاشەڕۆژی ئەم وڵاتە پاشەڕۆژێکی تاریکتر بێت لەوەی چاوەڕواندەکرا، چونکە بەپێچەوانەی فاشیزم له‌دەوڵەتی مەرکەزیدا ئێمە ئێستا لەبەردەم دەیان نوخبەی فاشیداین کە بەدەمامکی جیاواز جیاوازەوە دەردەکەون، پەلاماری دەسەڵات دەدەن، دوور له‌چاودێری دونیا دڕندانەترین شێوەی سەرکوتکردنی ئینسان دەگرنەبەر... لێرەوە شەڕ لەگەڵ فاشیزمدا له‌عێراق «بە کوردستان‌و عەرەبستانییەوە» شەڕێکی سەختتر‌و خوێناویتر دەبێت، وەک شەڕی گەلی لیبی دژ بە قەزافی، یان جەنگی ئازادیخوازانەی گەلی سوریا دژ بە فاشیزمی بنەماڵەی ئەسەد. فاشیزمی میکرۆسکۆبی، کە فۆرمی فاشیزمی کوردیشە، دەتوانێت بچوکی دەسەڵات‌و سنووداری هەرێمی خۆی وەک هۆکارێک ببینێت بۆ بێباکی‌و خاڵیبوونەوەی رەها له‌مۆراڵ‌و بەکارهێنانی ئەوپەڕی دڕندەیی له‌ئیدارەداندا... بۆیە خەبات له‌دژی درێژخایەنتر، مانادارتر‌و ستراتیژیتر دەبێت.

2 comments:

  1. sehr gute Analyse .

    ReplyDelete
  2. بەڕێزم، بە داخەوە ئەم وتارەشت وەك ئەوانی دیکە لە ڕووی زمانەوانییەوە زۆر پەڕپووتە، ئەگەر لەمەش بگوزەرێین، ئەوا لەتەك ناڕۆشنیت لەبەرامبەر دەوڵەت و پارت ڕووبەڕوو دەبین
    دەوڵەت خۆی دەزگەیەکی فاشیستییە و هەر بەرگێکی بەبەردا بکەیت، هەر هیچ لە ناوەڕۆکەکەی ناگۆڕێت، پارتیش ئامرزای کایەککردنی ئەو دەزگەیە و هیچی تر
    من پێموایە فیدرالیزم تەننانەت فۆرگە درۆزنانە بۆرجوازییەکەی زۆر لە دەوڵەتە دێمۆکرایتە سەراپاگیرەکان باشترە، ئەوە فیدرالیستبوون نییە، کە دەوڵەتی عیراقی کردووەتە فاشیست، بەڵکو ئەوە کڕۆکی ڕاستەقینەی نیئۆلیبرالیزمە کە بە ناچاری دەردەکەوێت.

    لەم بابەتەتدا دەستەواژەی خێڵی مۆدێرنت بۆ پارت بەکار هێناوە، بەداخەوە لێرەدا بە ئەمانەتەوە بەکارت نەبردووە، چونکە نووسەرانی دیکەی کورد، پێش تۆ بەکاریان بردووە و داهێنانی ئەوانە و بەتایبەت کەسانیك کە لە ڕەخنەیاندا بەرامبەر تێگەیشتنی تۆ لە پارت بەکاریان بردووە...

    ReplyDelete