لەو ساڵانەی دواییدا من بەردەوام بەرگریم لەو تێزەیە کردوە کە پێداگرتنی کورد لەسەر گوتاری ناسیونالیزم پێداگرتنو بەهێزکردنەوەی هەموو ئەو سیستمە ئایدۆلۆژییەیە کە ناهێڵێت کورد ئازادبێت، لێرەوە خەباتی ناسیونالیستی کوردیی بەردەوام سیستمی «کۆیلەیەتی ناسیونالیستی» لهخۆرهەڵاتدا بەرهەمدەهێنێتەوە. بۆیە سەیر نییە کورد بەردەوام خەبات دەکات، بەڵام بەردەوام زیاترو زیاتر لهدیلیو ژێردەستیو پاشکۆیەتی سیاسیدا دەچەقێت، چونکە بەو خەباتەی لەبری ئەوەی هەوڵبدات لهتونێلی ناسیونالیزم بێتە دەرێ، زیاترو زیاتر ئەو چاڵە قوڵدەکاتەوەو بۆ خوار رۆدەچێت. تاکە رێگایەک بە هۆیەوە ئێمە ببینە خاوەنی دەوڵەتو مافەکانمان دەستەبەربکەین، بە ناو هەرەسی ناسیونالیزمدا دەڕوات، هەرەسی ناسیونالیزمیش بەبێ پرۆسەیەکی رەخنەیی دورودرێژو هەڵتەکاندنی هەموو بناغە نائینسانییەکانی نایەتەدی. لێرەوە تاکە رێگایەک ئێمە لهجەوری ناسیونالیستی رزگاربکات، ئەوەیە لەدەردی ئەوجۆرە شەڕە دوربکەوینەوە کە بە ناسیونالیزم شەڕ لەگەڵ ناسیونالیزمدا بکەین. بەبێ وەرگەڕانێکی قوڵ لهجەوهەری بزوتنەوەی سیاسی کوردیدا، کە تێیدا رەخنەگرتن لهناسیونالیزم بە هەموو رەنگو دەرکەوتەو شێوەکانییەوە ببێتە جەوهەری گوتاری سیاسی ئەم بزوتنەوەیە، ئەستەمە ئێمەی کورد لههیچ پارچەیەکدا لەو تونێله تاریکە دەرچین... هەڵبەت بە ئاگاداری تەواوەوە لەو راستییەی کە ئەوەی رێگری لهزمانو مافو ئازادی من دەکات ناسیونالیزمەو ئەوەشی زمانو ئازادی من مسۆگەردەکات، دژایەتی ناسیونالیزمە، نەوەک شەڕی ناسیونالیزم بە ناسیونالیزم.
دیارە رۆحەگەردونگەراکان هەمیشە کێشەیەکی قوڵیان لەگەڵ ناسیونالیزمو دیلێتی مرۆڤدا لهناو قاڵبی نەتەوەدا هەبووە. لێرەدا تەنیا مەبەستم لەو بزوتنەوە سیاسییە نوێیانە نییە کە قسە له «هاونیشتیمانی جیهانی» دەکەنو لەساڵانی دواییدا فەیلەسوفە گەورەکانی وەک دێریداو ژولیا کریستیڤاو ئەنتۆنێۆ نێگریو ئێتینا بالابار نوێنەرایەتیدەکەن، بەڵکو مەبەستم لەجۆرە رۆحێکی ئەنتی ناسیونالیستییە کە لەوپەڕی باڵادەستیو بەربڵاوی ناسیونالیزمدا لهناو رۆشنفیکرە گەورەکانی دونیادا لهکاردا بووە..
ئەو رۆحە گەردونگەراییە هەتا لهناو هەندێ لەو نوسەرو فەیلەسوفانەشدا دەبینرێت کە کەموزۆر لەم قۆناغ یان ئەوی دیکەدا خاڵی نەبوون لههەواو هەوەسی ناسیونالیستی، بەڵام ئەوەی مەترسیدارە بەردەوام ناسیونالیستەکان هەوڵدەدەن ئەو رۆحە گەردونگەراییە بچوکبکەنەوەو بیکوژن. ناسیونالیزم دەیەوێت هەموو نوسەرێکی گەورەو رۆحێکی گەورە بکات بە ناسیونالیست. لهساڵانی سی دا کە ئایدۆلۆژیای نازی لهکاردا بوو، خوێندنەوەیەکی تایبەتو ترسناکی ئەدەبیاتیش سەری هەڵدا کە رۆحە گەورەکانی ناو ئەم ئەدەبیاتەی لهجوغزی ناسیونالیستیدا دیلدەکرد. گۆڕینی نیتشە یان گۆتە یاخود شیللەر بۆ پەیامبەرو مژدەبەخشی رۆحی نازییەت، بەشێکی ترسناکی پڕوپاگەندەی نازی بوو، وەک چۆن لەم ساڵانەی دوایشدا ناسیونالیستە عەرەبەکان بە پانو درێژی مێژوی دێرین دەکێڵن تا لەوێدا قارەمانتاشی بکەن. لەو رۆژانەی دواییدا کەوتم بەسەر وتارێکدا کە ساڵی 1928 هێربەرت سێزارێتس سەبارەت بە «شیللەرو سەدەی بیست» نوسیوێتی. لەو وتارەدا بە رونی دەبینین عەقڵی سنورگەرای ناسیونالیستی چۆن دەیەوێت رۆحەگەردونگەراکان بچوکبکاتەوەو بیانخاتە جوغزی بچوکی نەتەوەوە. لای سێزارێس شیعری شیللەر تەعبیر لهڕۆحی شیعر ناکات، بەڵکو تەعبیر له «ئەڵمانیا» دەکات. نەک هەر ئەوە، بەڵکو پێیوایە لههەموو دیمەنێکی شانۆگەرییەکانی شیللەردا «نائاشکرا یاخود تەواو ئاشکرا سەربازێک ئامادەیە». سەربازێک کە بەبڕوای نوسەر تەعبیرە لهڕۆحی خەباتگێڕو نەبەزی ئەڵەمانی، رۆحێکی رزگارکەر کە جەنگ لەگەڵ ئەو دیاردانەدا دەکات کە ئاسان خزمەت بە رۆحی دەستەجەمعی نەتەوەیی ناکەن.
ئەوە تەنیا نمونەیەکە بۆ ئەوەی تێبگەین ناسیونالیزم چۆن رۆحەگەردونگەراکان بچوکدەکاتەوە. بۆیە زۆر لهداهێنەرە گەورەکانی سەدەی بیست خۆیان راستەوخۆ دژ بە ناسیونالیزم دێنە مەیدان، بەبڕوای من هیچ چارەیەکیش نییە جگە لەوەی ئاشکراو بێچەندوچون بێنە مەیدان. لێرەدا تەنیا دوو نمونە وەردەگرم، یەکێکیان تاغوورو ئەوی دیان بۆرخیس، کە وادەزانم هەردووکیان کەمو زۆر لای خوێنەری ئێمە ناسراون. تاغوور لهوتارێکی دێرینیدا دەنوسێت «من دژی نەتەوەیەکی دیاریکراو نیم، بەڵکو من بە گشتی دژی بیرۆکەی نەتەوەم». بەبڕوای تاغوور گەورەترین مەترسی ناسیونالیزم لەوەدایە کە توانای مرۆڤ لەسەر خۆبەختکردن بەجۆرێکی بەد بەکاردەهێنێتو لهماناکانی دەکاتە دەرەوەو لهنرخە ئەخلاقییەکانی دادەبەزێنێت. ناسیونالیزم مرۆڤەکان توشی ئەو شەیدابوونو مەستییە دەکات کە گوایە خۆبەختکردنو خۆفیداکردن بۆ نەتەوە، باڵاترین بەهاو بەرزترین نرخە. ئەم ئایدۆلۆژیا ترسناکە والهمرۆڤەکان دەکات بۆ کینەو ناهەقی شەڕبکەن، کەچی وادەزانن واجیبی خۆیان جێبەجێدەکەنو بۆ ئازادی دەجەنگن. ناسیونالیزم لای تاغوور وەهمێکی گەورەیە بەردەوام خەباتگێڕانی ئازادی دەکاتە خزمەتکاری کۆیلەیەتی.
بۆرخیس لهپەراوێزی باسکردنی تاغووردا، تێڕوانینەکەی ئەو دەگەێنێتە دوا دەرەنجامیو دەڵێت «ناسیونالیزم مرۆڤەکان تەنیا بە زێڕو دەسەڵات ناڕازێنێتەوە، بەڵکو سەرکێشی، خۆفیداکارییو مەرگی شەرافەتمەندانەشیان پێشکەشدەکات». تا دەگاتە ئەوەی رستەیەکی زۆر گرنگو ترسناک بنوسێت، کەبەبڕوای من تەعبیرێکی تەواوەتییە لەو جەوهەرە ناکۆکو ترسناکەی هەموو مۆراڵێکی ناسیونالیستی لەسەر راوەستاوە. بۆرخیس دەڵێت «ئەوەی ئامادەبێت ببێتە شەهید، دەشێت بشبێتە جەلاد».
تاغوورو بۆرخیس هەردووکیان دوو رۆحی گەورەی گەردونگەرابوون، یەکێکیان لههیندستانەوەو ئەوی دی لهئەرژەنتینەوە... خەباتی تاغوورو دژایەتیکردنی بۆ داگیرکردنی ئینگلیزی لههیندستان، رێگای ئەوەی لێ نەگرت کە کولتوری ئینگلیزی وەک خۆرێک ببینێتو لەو پێکهاتە سیاسییەی جیایبکاتەوە کە ستەمی ناسیونالیستی بەرهەمدەهێنێت. لێرەوە تاغوور لهلێکدانی رۆحی خۆرهەڵاتو رۆحی خۆرئاواوە وەک سۆفییەکی گەردونگەرا گەورەبوو کە بۆ هەتاهەتایە نیشانەی ئەو یەکێتییە رۆحییە قوڵەیە کە هەموو مرۆڤەکان پێکەوە دەبەستێتەوە. بۆرخیسیش هەمان شێوە، کوێریو نابینایی رێگای ئەوەیان لێنەگرت هەموو کولتورەکانی سەر زەوی بە ماڵی خۆی بزانێت، خۆی وەک ئەوروپییەک ببینێتو دەستی تێڕوانینو داهێنانیشی بباتە نێو کولتووری چینیو ئیسلامییەوە. یەکێک لهوتارەکانی بە ناوی «بۆ خۆم وەک ئەوروپییەک دەبینم»ـەو لەساڵی 1985 دا نوسیوێتی، لەوێدا بۆرخیس وادەبینێت کە کارەساتی گەورەی ئەوروپا ئەوەیە کە بیریچۆتەوە ئەوروپایە، واتە بیریچۆتەوە کە دەشێت لانکەی سەرهەڵدانی رۆحێکی گەردونگەرا بێت، کە جیاوازە لههەموو رۆحێکی نەتەوەپەرستی. بۆرخیس تەواوی تراژیدیا گەورەکانی سەدەی بیست دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەوروپییەکان چیتر وەک ئینگلیزو فەڕەنسیو ئەڵەمان خۆیان دەبینن، نەوەک وەک ئەوروپی. تراژیدیای ئەرژەنتینیش لەو ساتەدا کۆدەکاتەوە کە ئەرژەنتینییەکان بڕیاردەدەن لهڕەگوڕیشە ئیسپانییەکانیان داببڕێنو خۆیان لهئەوروپا جیابکەنەوە. هەر یەک لهتاغوورو بۆرخیس پێماندەڵێن کە خۆخزاندن لهقاوغی نەتەوەدا بەردەوام میللەتان بەرەو داخستنو خۆخواردنەوەو گەشەنەکردن دەبەن، میللەتان تا پتر خۆیان لهبازنە کولتوورییە گەورەکان بدزنەوە، زیاتر توشی وەهمو گەورەیی درۆزن دەبن، خێراتر خۆیان بەسەرکێشی کوێرانەدا دەدەن. من لەو باوەڕەدام ئیشی هەموو رۆشنبیرێک ئەوەیە کە لەساتو شوێنی خۆیدا، نەتەوە لهوەهمەکانی خۆی رزگاربکاتو نوێنەری ئەو رۆحە گەردونگەرایە بێت کە کولتوورە بچوکو ناسیونالیستییەکان لێیدەترسن، چونکە ئەوە تاکە رێگایە نەتەوەیەکی بچوک لهبەرداشی ترسناکی ناسیونالیستە گەورەکان بپارێزێتو تاکە رێگاشە لهمردن لهناو سەدەفی خۆیدا دووریبخاتەوە.
No comments:
Post a Comment