Thursday 6 October 2011

وەچەکانی ئۆرفیۆس "1" "پۆشکین ــ کورنیامێنتال ــ یارومیل ــ حەلاج"


کوشتنی دڕندانەی ئۆرفیۆس، بەدەستی ژنانی هەواداری دینیۆسیس، نیشانەی هەستێکە کە قووڵ له‌ڕۆحی شاعیر‌و هونەرمەنداندا بنجبەست بووە، هەستکردن بەوەی کە ئەوان بوونەوەری "خۆشەویست نین". خودی کوژران‌و هەلاهەلابوون بەدەستی ژنان رەمزێکە بۆ "خۆشەویست نەبوون". لێرەوە له‌زۆر سات‌و سەردەمدا رەتکردنەوەی جنسەکەی دی بۆ شاعیر، دەبێت بە سەمبولی رەتکردنەوەیەکی قووڵتر‌و گەورەتر، رەتکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی‌و گەردونی کە له‌ڕقی ئافرەتدا له ‌"شاعیر" یان "هونەرمەند" تەعبیر له‌خۆی دەکات.
چیرۆکی ئۆرفیۆس بەردەوام بەشێوەی جۆراوجۆر له‌مێژووی ئەدەبیاتدا‌و بە فۆرمی جیاواز جیاواز دووبارە دەبێتەوە، جارێک وەک تێکست، جارێک وەک زیندەگی راستەقینەی خودی شاعیران. گلیوم ئەپۆلۆنێر له‌جێگایەکدا رستەیەک دەنوسێت، جێگای تێڕامانە، ئەو دەڵێت "هەموو شاعیران، له‌مەرگێکی پڕئازاری وەک مەرگی ئۆرفیۆسەوە نزیک بوون". کوشتن‌و هاڕین له‌ژێر زەبری مەکینەیەکی گەورەدا ئەوە قەدەری چەندەها شاعیرە. "مەرگی پڕ ئازار" شێوازی زۆرە، بەڵام بە گشتی هەموو مەرگە پڕ ئازارەکانی شاعیر دەچنەوە سەر ئەو بێهیوایی‌و نائومێدیی‌و بڕوانەبوونە قووڵەی شاعیران بە خود. یەکەمین شاعیرێکی ئۆرفیۆسی له‌خەیاڵمدا بێت "ئەلکسەندەر پۆشکین"ە. مەرگی پۆشکین مەرگێکی ئۆرفیۆسی پڕ ئازار بوو. هەموو نیشانەکان بۆ ئەوە دەچن کە پۆشکین کوژراوی دەستی پیلانێک بێت کە زۆر لایەن تێیدا بەشداربن، تاوانباری سەرەکی پێدەچێت ناتالیا پۆشکین، هاوسەری شاعیر بێت. گومان لەوەدا نییە کە دەسەڵاتی تزاریی تەواو له‌پۆشکین بێزار بوو، دوای نەفیکردنێکی سێ ساڵە له‌قەوقاز بە رەزامەندی هەیئەتە باڵاکانی دەسەڵاتی قەیسەریی دەگەڕێتەوە بۆ نیشتەجێبوون له‌موڵکێکی دایک‌و بابیدا، شاعیرێکی گەنجە، پڕ خەونە، ناوبانگی لەمسەری روسیاوە بۆ ئەوسەری گرتۆتەوە، بەڵام بیروڕاکانی‌و بێزاری وای لێدەکەن بیر له‌کوشتنی قەیسەر‌و هەندێجار بیر له‌کوشتنی خۆشی بکاتەوە. گەرچی پۆشکین نوسەرێکی پڕ شیعر‌و پڕ کارە، دەرهەق بەو تەمەنە کورتەی خۆی ژمارەگەلێکی بەرچاو شاکاری جێهێشتووە، بەڵام نیشانەکان بۆ ئەوەدەچن کە هیچ یەک له‌شاعیرییەت‌و بەهرەمەندی بێسنوور‌و ناوبانگی گەورە، دڵنیاییان بە پۆشکین نەبەخشیوە. دۆخی، دۆخێکی سەخت بووە، سەفەری بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەغە کراوە، له‌ناو روسیاشدا بێڕەزامەندی کەسە هەرە باڵاکان‌و مەقاماتە بەرزەکان نەیتوانیوە سەفەربکات. گەرچی بە روکەش دەسەڵاتی قەیسەری شاعیری له‌خۆی نزیککردۆتەوە، بەڵام بەردەوام له‌ژێر چاوەدێرییەکی زۆردا بووە، هەموو نامەکانی خوێنراونەتەوە، فشارێکی هەمەلایەنەی لەسەر بووە، کە کەم‌و زۆر لەگەڵ ئەو رۆحە ئازادەیدا نەگونجاوە. پۆشکین دواجار له‌تەمەنی سی‌و هەشت ساڵیدا له‌دووجەنگیـ"مبارزه‌ ـ دوئێل"ێکی مێژوویدا بەدەستی گیۆرگیس چارلز دێئانتێس، دەکوژرێت، ئەفسەرێکی گەنجی فەرەنسی کە پێدەچێت پەیوەندی لەگەڵ ناتالیا گەنچارۆڤی ژنی پۆشکیندا بووبێت. ناتالیا تەمەنی شازدە ساڵ دەبێت کە پۆشکین له‌ئاهەنگێکی سەمادا دەیبینێت‌و خۆشیدەوێت، پۆشکین ئەوسا تەمەنی بیست‌و نۆ ساڵ بووە، گەرچی وەک شاعیری گەورەی روسیا ناسراوە، بەڵام دایکی ناتالیا بە زەحمەت‌و دوای دوودڵییەکی درێژ رەزامەندی لەسەر شووکردنی کچەکەی بە پۆشکین دەردەبڕێت... شاعیرییەت بەشی ئەوە نییە کە پۆشکین قەبووڵکراوبێت، هەمیشە هێزێکی گەورە هەیە رەتیدەکاتەوە‌و دانی پێدا نانێت. وەک دەڵێن دێئانتێس له‌ئاهەنگەکانی سەما‌و لەبەرچاوی کەسانی دەوروبەر بە تزاردا وەها ئاشکرا چاوبازیی لەگەڵ ناتالیای ژنی پۆشکیندا کردوە، بەجۆرێک ئەو هیچ چارێکی نەمێنێت‌و ناچاربێت بانگی بەرابەرێنی بکات. پۆشکینی شاعیر شانسێکی ئەوتۆی لەبەردەم دێئانتێسی ئەفسەر‌و گەنجدا نییە، یەکەمجار ئەفسەرەکە گاردی قەیسەریی بەجۆرێکی کوشندە دەیپێکێت‌و رۆژێک دواتر له‌ماڵەکی خۆیدا له‌سانت پوترسبورگ گیان لەدەستدەدات. لەدوای کوژرانی پۆشکینەوە تا ئەمڕۆ دەیان کتێب لەسەر مەرگی پۆشکین‌و ئەو پرسیار‌و تەلیسمانە نوسراون کە دوای خۆی جێیهێشتوون. بۆ زۆربەی ئەو پرسیارانەش تا ئەمڕۆ وەڵامی ئاشکرا لەبەردەستدا نین، بەڵام وەک دەردەکەوێت بۆ کوشتنی پۆشکین زیاد له‌بەرێک‌و زیاد له‌هێزێک‌و زیاد له‌هۆیەک بە ئاگا‌و بێئاگا کۆبووبێتنەوە تا شاعیر بکوژن. پرسیارەکەی من ئەوەیە بۆ پۆشکین، دێئانتێس داوەتی دووجەنگی دەکات؟... حاڵەتی پۆشکین زۆر دوور نییە له‌دۆخی ئۆرفیۆسەوە. ئۆردیکا یەکێک هەیە دەیەوێت لاقەیبکات‌و دەکەوێتە بنی هادەس‌و لەدەست ئۆرفیۆس دەردەچێت، ناتالیاش کەسێک هەیە دەیەوێت لاقەیبکات‌و له‌پۆشکینی هەڵکەنێت‌و ئابڕوشی بەرێت. بانگەکەی پۆشکین بۆ دووجەنگی، درێژکراوەیەکی سەمبولیکی سەفەرەکەی ئۆرفیۆسە بۆ هادەس... پۆشکین دەبێت دابەزێت بۆ سەر سنووری مەرگ‌و ژیان بۆئەوەی هەم ناتالیا‌و هەم ئابڕووی خۆی بهێنێتەوە. برینەکەی پۆشکین برینێکی له‌برینی ئۆرفیۆس قووڵترە، ئەگەر ئۆرفیۆس لای ژنانی دیکەی جیا له‌ئۆردیکا خۆشەویست نەبێت‌و بەدەستی ئەوان بکوژرێت، پۆشکین هەستیکردوە له‌نزیکترین کەسی خۆی، له‌دایکی چوار منداڵەکەیەوە‌و لەبەرچاوی باش‌و خراپ، دڵە ناسک‌و شاعیرانەکەی برینداردەکرێت. بیرۆکەی "خۆشەویست نەبوون" کە له‌کوشتنەکەی ئۆرفیۆسەوە دەخزێتە ژیانی شاعیرانەوە لای پۆشکین تەواو بەجۆرێکی تراژیدی بەرجەستەدەبێت، تەواوی چیرۆکەکە وامان بۆ دەردەخات وەک ئەوەی ئۆرفیۆس لێرەدا بەدەستی خودی ئۆردیکا بکوژرێت. ئاخۆ بە راست ناتالیا گەنچارۆڤ خوێنی پۆشکینی له‌ملە؟ دەنگۆی پەیوەندی نێوان ناتالیا‌و دێئانتێس دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک نامەی نهێنی‌و بێناو کە ئاڕاستەی پۆشکین دەکرێن، دواجاریش له‌سووکایەتییەکی بەرچاوی دێئانتێسدا له‌ئاهەنگێکی گەورەی دەرباردا رەفتارێکی وا زەق دەنوێنێت‌و بەجۆرێک له‌ناتالیا نزیکدەبێتەوە هەموو ئەو دەنگۆیانە بۆ پۆشکین دەسەلمێنێت. ئاخۆ نامەکان راستیان بە پۆشکین گووتووە یان نا؟ ئاخۆ ئەو رەفتارەی دێئانتێس کە راستەخۆ وا له‌پۆشکین دەکات بانگهێشتی دووجەنگی بکات، پلانکراو بووە، ناتالیا بەشێک بووە له‌پلانەکە، یان دێئانتێس تەنیا گەنجێکی لەخۆبایی بووە کە هەڵەیەکی کردوە‌و هیچی تر؟ له‌ڕاستیدا پرسیارەکان هەموو تا ئەمڕۆ بێوەڵامن. ئەوەی گرنگە ئەوەیە هۆکان هەرچییەک بووبێت، دڵی پۆشکین بەجۆرێکی گەورە شکاوە‌و ئازاری چەشتووە، دووجەنگی‌و له‌ڕاستیدا مردنی هەڵبژاردوە، هەستیکردوە بەڕاستی خۆشەویست نییە، بەڕاستی شاعیرییەت لێرەدا فریای ناکەوێت، هەستیکردوە شیعر لێرەدا ناتوانێت هیچ بکات، گومانەکەی هەمان گومانی ئۆرفیۆسە کاتێک ئاوڕدەداتەوە. ئەو ساتەی ئۆرفیۆس ئاوڕدەداتەوە‌و ئەوساتەی کە پۆشکین بانگی دووجەنگی دەنوسێت، دوو ساتی قووڵی گومانی شاعیر‌و هونەرمەندن له‌مانا‌و سوود‌و نرخی شاعیرییەت. لێرەدا سێ تەفسیرمان له‌بەردەستدایە.
یەکێکیان دەڵێت، خوێنی پۆشکین له‌ملی ناتالیا گەنچارۆڤە، ئەو ژنێکی چاوباز بووە‌و بێئەوەی گوێبداتە ناوی پۆشکین چۆتە پەیوەندییەکەوە لەگەڵ ئەو ئەفسەرە فەرەنسییە گەنجەدا، ئەوە مایەی مردنی پۆشکینە، ئەو ئەو هەستە قووڵەی گومانی له‌دڵی پۆشکیندا چاندووە، بەجۆرێک گومان له‌خۆی بکات‌و بیەوێت خۆی بخاتە ئەو مەترسییەوە، ئەو بۆ پۆشکینی سەلماندووە کە بە راستی کەسێکی قەبووڵکراو نییە، خۆشەویست نییە، ناوبانگ‌و بەهرە شتێکی تایبەتیان پێ نەبەخشیوە، ئەو نمونەی ئەو ژنە بێباکانەیە کە شاعیرییەتیان بۆ گرنگ نییە‌و نازانن لەگەڵ چ جۆرە رۆحێکدا سەروکاریان هەیە.
تەفسیری دووەم ئەوەیە کە پۆشکین خۆی بەدوای جۆرێک له‌خودکوژیدا گەڕاوە، مەسەلەی پەیوەندی ناتالیا‌و ئانتێس له‌دەنگۆیەک بەولاوە هیچی تر نەبووە، ئەوە گومانی پۆشکینە له‌خۆی‌و گەڕانێتی بۆ بەهانەیەک بۆ مردن وایکردوە ئەو چیرۆکە بکاتە هۆیەک‌و مەسەلەی دووجەنگییەکەی لەگەڵ دێئانتێسدا وەک شانۆیەکی ئەلتەرناتیڤ بۆ خودکوژی بەکاربهێنێت، گەر وابێت لێرەدا پۆشکین گەلێک له‌ئۆرفیۆس نزیکدەبێتەوە، گەر ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس بۆ ئەوە بێت کۆتاییەکی ئەفسانەیی‌و ئەبەدیی ببەخشێتە عەشقێکی گەورە، لێرەشدا پۆشکین له‌دوای کۆتاییەکی میتۆلۆگی‌و سیحراوی‌و پڕ تەلیسمدا بووە بۆ ژیانێکی شاعیرانەی قەشەنگ. لێرەدا شاعیر کە تەواو بڕوای بە خۆی‌و بە شیعر‌و بە ژیان نامێنێت، هەوڵدەدات له‌ڕێگای دروستکردنی کۆتاییەکی ئەفسانەییەوە، ئەو دوودڵییە قووڵەی خۆی تێپەڕێنێت، وەک ئەوەی بیەوێت بە مەرگی خۆی ئازاری دونیا بدات.
تەفسیری سێهەم کە پێدەچێت تەفسیرە دروستەکە بێت، پێیوایە کوشتنی پۆشکین کارێکی دەستەجەمعییە، دەوڵەت‌و حوکمی قەیسەریی‌و دابونەرێت‌و خێزان‌و ژن‌و پۆلیس پێکڕا تێیدا بەشداربووبن. لێرمەنتۆڤی شاعیر له‌قەسیدە بەناوبانگەکەیدا دەربارەی کوشتنی پۆشکین کە هەر بە ناوی "مردنی شاعیر"ەوەیە تەواو دەسەڵات بە بکوژی شاعیر دەسەلمێنێت‌و پێیوایە پۆشکین بەزۆر ئاخنراوەتە ئەو جوغزەوە، بەوەشدا ئەو "کۆیلەی شەرەف" بووە نەیتوانیوە خۆی لەو دوو جەنگییە کوشندەیە بدزێتەوە. دیارە دواتر لێرمەنتۆڤ لەسەر ئەم قەسیدەیەی نەفیدەکرێت‌و دوای ماوەیەکی کورت ئەویش له‌دووجەنگییەکی بێمانادا‌و لەو پەڕی گەنجیدا ژیان له‌دەست دەدات. لێرەدا ئەو وێنە دێرینە دووبارەدەبێتەوە کە شاعیران بەدەستی هێزە گەورەکان، بە هۆی کینەی ئەوانەوە، بە پیلانی ئەوان هەلاهەلادەبن، وەک چۆن ئۆرفیۆس بە پیلانی دینیۆسیس دەکوژرێت. کوشتنی شاعیر لێرەدا هەرگیز وەک خواستی فەردی کەسێک سەیرناکرێت، بەڵکو وەک کاری داڕێژراو‌و بە مەبەستی هێزێکی گەورە سەیردەکرێت کە بوونی شاعیر بە زیاد‌و ناپێویست دەزانن... لێرەدا کینەی ئەفلاتونی له‌شاعیران، کینەی دینی، کینەی عەوام، کینەی رەگەزەکەی دی له‌شاعیران، پێکڕا یەکدەگرن‌و ئەو هاوپەیمانێتییە کۆن‌و دووبارە‌و هەمیشەییە دروستدەکەنەوە کە شاعیر بەرەو مردن دەبات. کوشتنی پۆشکین بەوجۆرە تراژیدییە، دووبارەکردنەوەی ئەو وێنەیەیە کە شاعیر بوونەوەرێکە موعجیزەکانی ناتوانن هەمیشە کاریگەربن... هێزی شیعر وەرناگەڕێتە سەر هێزێکی مادی، پۆشکین وەک ئۆرفیۆس نیشانەی ئەبەدی نوشوستی شاعیرانە لەوەی خۆشەویست بن، لەوەی بگەنە دڵ‌و رۆحە بچوک‌و نابیناکان، بگەنە ئەوەی وەک خۆیان دەخوازن لەگەڵ هێزی خوداکاندا بجەنگن... پۆشکین کۆپییەکی تری نوشوستی ئۆرفیۆسییە، کۆپییەکی نوێیەتی، وێنە راستەقینەکەیەتی کاتێک له‌فیگەرێکی ئەفسانەییەوە دادەبەزێت‌و دەبێت بە شاعیرێکی واقیعی.
تەفسیرەکان بە هەر لایەکدا بڕۆن ئەوە ناشارنەوە کە پۆشکین منداڵی ئۆرفیۆسە.
دووجەنگییەکەشی دەرەنجامی ئەو گومانە قووڵەیەتی لەوەی هونەر‌و شاعیرییەت بتوانن شەرەفی بپارێزن، هەستدەکات وەک ئۆرفیۆس تاقیکردنەوەی بەزاندنی مردنی بڕیوە، بەڵام گومانی له‌خۆی هێشتا هەر قووڵ‌و نەبوونی دڵنیایی له‌ڕۆحیدا هێشتا هەر گەورەیە... مردنەکەی وەک ئۆرفیۆس بەدەستی مەکینەیەکی له‌خۆی گەورەترە کە ناتوانێت رایبگرێت.
بکوژەکانیشی ئەوانەن کە له‌شیعر تێناگەن، بە کوشتنیشی ئەوە تۆماردەکاتەوە کە شاعیران دوژمنی گەورەیان زۆرە.

1 comment:

  1. دەست خۆش.. هەر بژیت
    خۆزگە لەسەر حەیاتی کوڕی شارەکەی خۆت (کاروان عوسمان) زانیاریت هەبوایە.. و ئەویش لە مێشکتا کوڕێک بوایە لە کوڕەکانی ئۆرفیوس..
    خۆزگە دوای بیرکردنەوەیەک لە ژیان و دەست و پەنجە و گیتارەکەی و شیعر و دڵە پڕ لە ئیحساسەکەی ، وە ئاگاداربوون لەو تۆمەتەی خستیانە پاڵی بۆ گرتن و بێ دەنگ و بێ ڕۆح کردنی، ئەگەشتیتە ئەو ڕەئەی کە وەکو ئۆرفیوس بیناسێنیت.. چونکە دوای خوێندنەوەی وتارەکانت گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە کاروان عوسمان ئۆرفیوسە بەڵام بە "لیرا"وە نــــــــا، بە "گیتار"ەوە..

    خۆزگە ئەم خۆزگانەی من بگەیشتنایەتە جێی خۆی..بگەشتایە بە بەختیار علی..

    ئەمەش هەڵوێستەیەکە لەسەر کۆتاییەکانی کاروان عوسمان لە لایەن (نیهاد جامی)ەوە..
    http://www.dengekan.com/doc/2010/5/nihadJami16.pdf

    ReplyDelete