Wednesday 9 March 2011

دەقی وتەكانی ئەمڕۆ لەزانكۆی سلێمانی ۹ - ۳ - ۲٠۱۱

لە ۲٠ ساڵی رابردوودا تەنها شتێك لەپشتی  هەر ووشەیەكەوە بووبێت كە من نووسیومە... هیوا بووە،  هیوایەكی گەورە كە هەموو نوسەرێكی دنیا هەیەتی، هیوای گۆڕین‌و باشركردنی دنیا لەڕێگەی وشەوە، لەپشت هەر دێڕێكەوە كە خستوومەتە سەر كاغەز خەونێك هەیە، ئەو خەونە دیار بێت یان نادیار، بینراو بێت یاخوود نەبینراو، هەمیشە ئامادەیە، خەونی چاككردنی دونیا هەتا ئەگەر كەمێكیش بێت

ئازیزان من لەوانە نیم كە باوەڕم بەدروستكردنی بەهەشتە لەسەر زەوی، بەڵام باوەڕم بەوە هەیە كەئینسان دەتوانێت سیستەمێك درووستبكات لانی كەمی دادپەروەری تێدا بێت‌و مرۆڤەكان تێیدا نەكرێنە كۆیلە و بوونەوەری پەراوێز و بێدەنگكراو. 

ئازیزان ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت بەهەشتیش بدۆزێتەوە، بەڵام مانای گەورەی ژیان لەوەدایە كە مافی هەبێت‌ بۆی بگەڕێت، ئەگەر مرۆڤ نەگاتە ئازادیش مانای گەورەی ژیان لەوەدایە كە بۆ ئازادی بگەڕێت، ئەوەی مرۆڤ دڵشاد دەكات گەورەیی ئەو ساتەیە كە تێیدا دەتوانێت بەرابردووی خۆی بڵێت "نا". ئێوەش بۆیە لێرەن بۆئەوەی بەرابردوو بڵێن "نا". ئەوەی بۆ من گرنگە بایەخ‌و گەورەیی ئەو نەخێرە گەورەیەیە گەورەترین دەردێك كۆمەڵگایەك تووشی ببێت ئەوەیە كە پێكڕای مرۆڤەیەكانی پێكەوە بڵێن "بەڵێ‌"، ئێمە چەندین ساڵە هێزێكی راستەقینەمان نییە بڵێت "نا"، "ناكانی" پێشوومان هەمووی "نا"ی بچووكن، گەورەترین‌و قورسترین شتێك كۆمەڵگایەك فێری ببێت هوونەری ووتنی "نا"یە

لێرەدا باس لەرەفزكردن‌و توڕەییەكی كوێرانە ناكەم، باس لە"نا"یەك ناكەم كەتەنها لەزەت لەتووڕەیی خۆی ببینێت، بەڵكو "نا"یەك لەرێگەیەوە مرۆڤ هەم خۆی دەدۆزێتەوە‌و هەم مانایەك بەژیانی دەدات، گەورەترین‌و ترسناكترین هەڵەیەك دەسەڵاتی كوردی كردبێتی بێ‌ ماناكردنی ژیان بووە، بێ‌ ماناكردنی ژیان لەو ساتەدا دەست پێدەكات كە ئینسان هەستدەكات چیتر دەسەڵاتی بەسەر هیچ شتێكی گرنگی ژیانی خۆیدا نەماوە

 

ساڵانی رابردوو مرۆڤی ئێمە ئەو بوونەوەرە بچووكە بووە كە هەموو مێژووی ووڵاتەكە لەدەرەوەی ئیرادەی ئەو تێپەڕیوە، دەسەڵات لەسەر هیچ رێككەوتن‌ و پەیمانێكی كۆمەڵایەتی بنیات نەنراوە، مرۆڤی ئێمە چەندین وەختە تەنیا بینەرو گوێگر بووە، سیاسەت‌و مێژوو دوو شانۆ بوون كە هەرگیز مرۆڤی ئەم ووڵاتە نەیتوانیوە وەك ئەكتەری راستەقینە تێیدا بەشدار بێت، گەورەترین‌و ترسناكترین دیاردەی ئەم مێژووەی ئێمە ئەوەیە كە ئینسانەكان هەمیشە لەپەراوێزدا بوون، ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین كاتێك مانای دەبێت وە كاتێك دەبێتە هێزێكی گەورە كە مرۆڤی ئێمە وە تاكی ئێمە لەدۆخی پەراوێزی دەربهێنیت‌و بیكاتەوە بەبكەرو درووستكەری مێژووی خۆی

ئەم ساتە كاتێك نرخی دەبێت كە لەجۆرێك لە مرۆڤ و هوشیارییەوە بمانگوازێتەوە بۆ جۆرێكی دیكە لەمرۆڤ وهوشیاری، لە مرۆڤێكەوە كە تەنها فێر بووە بڵێ‌ "بەڵێ‌" بۆ مرۆڤێك كە فێرببێت كەی بڵێ‌ " بەڵێ‌" و كەی بڵێ‌ "نا". 

"بەڵێ‌"یەك كە گوزارشت لە ئیرادەیەكی درووستكەرو پۆزەتیڤ دەكات، نەوەك "بەڵێ‌"یەك كە "بەڵێی كۆیلەیەتییە".  "نا"یەك كە گوزارشت لە بیركردنەوەو هوشیاری دەكات نەوەك "نا"یەك كە "نایەكی كوێرانەو بێ‌ ئاڕاستەو عەدەمییە

خوشكانی ئازیز‌و برایان لێگەڕێن ئەم خەونە لەسنوری بچووكدا دیل نەكەین، لێگەڕێن تووڕەییتان تەنیا تووڕەیی نەبێت بەرامبەر بەزوڵمێك یان دیكتاتۆرێك، بەڵكو تووڕەیی بێت بەرامبەر بەهەموو ئەو هەلومەرجەی كە دیكتاتۆرییەت درووست دەكات. 

لێبگەڕێن تووڕەییتان تەنیا بەرامبەر ئەوانە نەبێت كە دەسەڵاتی خۆیان وەك موقەدەس تەماشا دەكەن، بەڵكو تووڕەبوون بێت بەرامبەر بەهەموو ئەو سیستەمەی كە لەهەزار ڕێگاو هەزار دەرگاوە بت‌و سەنەم‌و موقەدەساتی كوشندەو درۆزن دروستدەكات، ئەم تووڕەییە مێژووی هەیە‌و كورت ناكرێتەوە بۆ یەك ڕووداو، مێژووی زوڵم‌و هاك كردن‌و لادانیش لەمێژووی ئێمەدا كورت ناكرێتەوە بۆ رووداوەكەی ۲/۱۷

ئازیزان

باستەم بەهەموو گەورەیی خۆی ببینین‌و ئازادیش بەهەموو گەورەیی خۆی ببینین، هەموو نەوەیەك لەوانەیە بتوانێت دەسەڵاتی سیاسی بگۆڕێت، بەڵام هەموو نەوەیەك ناتوانێت دنیا بگۆڕێت، بەڵام قەدەری ئێوە وەك نەوە ئەوەیە كە دنیا بگۆڕن

یەكێك لە كارەساتە ترسناكەكانی مێژووی ئێمە ئەوە بووە كە ئینسان بەبەردەوامی خەباتی بۆ ئازادی كۆمەڵگە كردووە بێ‌ ئەوەی خەبات بۆ ئازادی خۆی بكات. هەموو مرۆڤێك كە دەیەوێت دونیا بگۆڕێت لەگەڵ پێناسەكردنی ئازادی نەتەوە‌ و كۆمەڵگا دەبێت پێناسەی ئازادی خۆشی بكاتەوە، حەماسەتی شۆڕشگێڕانە بۆ گۆڕینی دوونیا دەبێت هاوشانی حەماسەتێكی ئینسانی بێت بۆ گۆڕینی خوودیش. خانمان لەم مەیدانەدا دەبێت بۆ ئازادی خۆیان هاوار بكەن، گەنجان بۆ گەنجێتی دۆڕاوی خۆیان
ئازادی كۆمەڵایەتی كاتێك مانای دەبێت كەبەرەنجامی كۆبوونەوەی ئازادی هەریەكێك لەئێمە بێت، ئازادی هەموومان كاتێك مانای هەیە كەلەكۆبوونەوەی ئازادی من‌و ئازادی تۆ و ئازادی ئەو درووست بووبێت

خوشكانی ئازیز‌و برایان... چەندەها شۆڕش لەمێژوودا سەركەوتوون بێ‌ ئەوەی بتوانن هیچ لەدونیا بگۆڕن، شۆڕشی ئێرانی توانی سیستەمی شاهەنشایی لەڕیشە هەڵكێشێت، بەڵام ئێرانی دەیان ساڵ بردەوە دواوە، بەڵام شۆڕشی قوتابیانی فەرەنسا وە جیهانیش لەساڵی 68دا سەرنەكەوت لەگۆڕینی سیستەمی سیاسی‌و ئابووریدا، بەڵام لەزۆر ڕووەوە جیهانی لەبنەوەڕا گۆڕی

من مافی ئەوە نادەم بەخۆم پێتان بڵێم ئێوە داوای چی بكەن، بەڵام مافی ئەوە ئەدەم بەخۆم كە ستایشی ئەو رووحە بكەم كە ئەم بزووتنەوەیە هەڵگرییەتی‌ و دوای خۆی بۆ داهاتووشی جێ‌ ئەهێڵێت. ئەوەی ئەمڕۆ لێرەدا دەیبینم بەرهەمی كەڵەكە بوونی قەهری چەندەها ساڵە، بەرهەمی كەڵەكە بوونی هەموو جۆرە قەهرێكە، لە قەهری سیستمی باوکسالارییەوە بۆ قەهری ئەو عەقڵییەتە كۆنخوازانەی سەدان ساڵە لەش‌و عەقڵی مرۆڤی ئێمە زنجیر دەكەن.. ئەوەی من دەیبینم نابێت ئەم تووڕەییە ئاراستەی ساتێكی ستەمكاری بكرێت، بەڵكو دەبێت ئاراستەی هەموو كولتوری ستەمكاری بكرێت. 

ئازیزان.. باخەونەكانتان بەبارتەقای ئەستوری زنجیرەكانتان گەورە بێت

ئەوەی من ستایشی دەكەم‌و لەگەڵیداو ئەو هێزەیە كە خەو دەبینێت‌و بیر دەكاتەوە‌و دەجوڵێت، ئێستا ساتێكە لەمێژوودا كە دەبێت خەوبینین‌و بیركردنەوە‌و كاركردن جێگای كۆیلەیەتی‌و بیرنەكردنەوە‌و ئیفلیجی بگرێتەوە، ئەوەی ئێستا ئێوە لەم شارەدا تاك‌و تەنها دیارن هیچ نییە جگە لە وەهمێك‌و درۆیەك، ئەوەی ئێوە دەیكەن نرخی لە نرخی هەموو شۆڕشەكانی كورد بەدرێژایی مێژوو گەورەترە، من لێرەم بۆئەوەی ستایشی ئەو ڕۆحە بكەم، لێرەم بۆئەوەی بڵێم ئەوەی ئێوە ئەمڕۆ دروستیدەكەن دەبێت هەم جوان بێت‌و هەم دروست بێت، چونكە كاریگەری لەسەر مێژووی داهاتوومان هەیە، كاریگەری لەسەر نەوەكانی دوای خۆتان هەیە، كاریگەری لەسەر هەموو نەوە كپكراوەكانی كوردستان هەیە، كاریگەری لەسەر مانای شۆڕشی نەتەوایەتی ئێمەش لە خۆرهەڵات‌و باكور‌و خۆرئاوا هەیە، ئێوە لێرە بەرپرسیارێتییەكی گەورەتان هەڵگرتووە، ئێوە تەنیا مانای ماف‌و ئازادی ناگۆڕن، بەڵكو نەوەیەكن مانای سیاسەت لەڕەگەوە دەگۆڕن

من ستایشی ئەوە دەكەم كە گۆڕیتان، ستایشی ئەوە دەكەم كە دەیگۆڕن، ستایشی ئەوە دەكەم كە بە ئامانەت بۆ نەوەكانی دوای خۆتانی بەجێ‌ دێڵن بیگۆڕێت.. ستایشی رۆحی هێمن‌و ئاشتیخوازانەتان دەكەم

دواجار هەر ئەوەندەم هەیە، سوپاسی هەموو ئەو خوشك‌و برایانە بكەم كەلێرەداو لەهەموو جێگاكاندا ماندوو بوون تا پاسەوانێتی لەم خەونە گەورەیە بكەن و سوپاس

No comments:

Post a Comment