Thursday 3 March 2011

شۆڕش و زمان


جارێکیان فیکتۆر هۆگۆ لەوەسفی مۆسیقادا دەنوسێت و دەڵێت "مۆسیقا، ئەو شتەیە کە بە وشە ناوترێت، بەڵام شتێکیشە هەر دەبێت بوترێت". لە ڕۆژانی ڕابوردوودا و بەگەڕانەوە بۆ ئەو بۆچوونەی فیکتۆر هۆگۆ، نزیکییەکی گەورەم لە نێوان مۆسێقا و شۆڕشدا بینی، شۆڕشیش ئەو شتەیە کە باش ناتوانێت بدوێت، ناتوانێت بە ڕۆشنی خۆی لە وشەدا کۆبکاتەوە، بەڵام شتێکیشە دەبێت ڕووبدات و بوترێت. جیاوازییەکە لەوەدایە مۆسیقا بەبێ وشە دەتوانێت بەڕوونی تەعبیر لە خۆی بکات و شۆڕش نا، شۆڕش پرۆسەیەکی مێژووییە کە پێویستی بە زمان هەیە، مەحکومە بە زمان... زمانیش کورت ناکرێتەوە بۆ داواکاری و هوتاف و دروشم، ڕاستە شۆڕش لەساتێکدا لەو زمانە ڕاستەوخۆیەدا خۆی دەبینێتەوە. بەڵام شۆڕش هەمیشە ئاماژەیە بۆ شتێکی قووڵتر، بۆ جێگایەک هەم لە ناخی مرۆڤ و هەم لە ناخی کۆمەڵگادا کە بێدەنگ بووە. شۆڕش تەعبیرە لە بەشە بێدەنگەکانی ناو ناخمان، لێرەوە هەموو شۆڕشە ڕاستەقینەکان پەیوەندییەکی قووڵیان بە بێدەنگییەوە هەیە، چونکە تەعبیرە لە دۆخێکی ڕۆحی کە پێشتر نەیتوانیوە لەسەر ئاستێکی باڵا تەعبیر لە خۆی بکات. حەتمەن لێرەدا باسی شۆڕش ناکەم تەنیا وەک ڕووداوێکی سیاسی کە لەسەرشەقام ڕوودەدات و فەزایەکی نوێ دروستدەکات کە تێیدا بەرد بەئاسماندا دەفڕێت، گوللە شریخەی دێت و هوتاف بەرزدەبێتەوە... بەڵکو  شۆڕش وەک دۆخێكی ڕۆحی، وەک ساتێکی دەرونی، وەک قسەیەکی نەکراو کە دەیەوێت بکرێت، وەک گەڕانەوەی شتە کپکراوەکان. لێرەدا شۆڕش کردەیەکە تەنیا لەو تخوبەدا تێیدەگەین کە دەکەوێتە نێوان دەنگ و بێدەنگییەوە ... دەکەوێتە نێوان کپی ڕەها و هاواری ڕەهاوە

بە کورتی لەگەڵ ڕوودانی ڕاپەڕین یان شۆڕشدا بۆشاییەکی قووڵ لە ناو زماندا دروستدەبێت. ئەو شتەی کە تا ئەمڕۆ بە ڕوونی نەگووتراوە، ئەو گووتار "دیسکۆرس" ـانەی کە تائەمڕۆ نەهاتوونەسەر شانۆ دەیانەوێت سەربکەون... بەڵام گرفتی گەورەیان ئەوەیە بە چ زمانێک بێن؟. ساتی شۆڕش ساتێکە گووتارە کۆنەکان هێز و چالاکی خۆیان دۆڕاندوە، بەڵام شەپۆلە نوێکان بەتەواوی زمانی خۆیان نەدۆزیوەتەوە. ئەم ساتە ساتێکی تیورییە، واتە لەسەر ئاستی کات ناکرێت بڵێین لەم کات و لەو ساتەوە دەست پێدەکات، بەڵام ساتێکی ڕاستەقینەیە، چرکەیەکی قووڵی کۆی پرۆسەی شۆڕشە... شۆڕش کردەیەکە کە لەسەرەتادا ناتوانێت بە ڕوونی قسەبکات. بەبڕوای من نوسەری ئەڵمان فردریش شیللەر، لەهەر نوسەرێکی تر روونتر تەعبیری لەم حاڵەتە کردوە، لە شانۆگەری ویلهیلم تیل دا، تیلی شۆڕشگێڕ لەسەرەتادا زۆر زۆر کەمدووە، ڕستەکانی کورتن و نیازەکانی خۆی پتر بە کۆمەکی پەند و ئیدیۆم ئاشکرادەکات بە پێچەوانەی بەشەکانی کۆتایی شانۆگەرییەکەوە کە تیل زمانی خۆی دەدۆزێتەوە و دەکەوێتە تێڕامانی فەلسەفی. وەک ئەوەی شیللەر ئەو کەمدووی و بێزمانییەی شۆڕش لە کەسایەتی ویلهیلم تیلدا بەرجەستەبکات. شۆڕش هەمیشە لە هەموو ئان و سات و سەردەمێکدا پێویستی  بە چرکەیەکی قووڵی بێدەنگی پێشوەخت هەیە کە ڕێگا بۆ لەدایکبوونی زمانێکی تر خۆشدەکات. لەو ساتەدا زمان بەسەر بێشومار ئەگەردا دەکرێتەوە، لەگەڵ ئەو کرانەوەیەشدا ماهییەت و جەوهەری شۆڕش دەردەکەوێت، ئاخۆ شۆڕشێکی مرۆڤدۆست و ڕزگارکەرە، یان تەنیا دەروازەی قۆناغێکی ترە لە کۆیلەیەتی. لێرەوە هەر لە سەرەتای سەرەتاوە زمانی یەکەمی شۆڕش بایەخێکی بێوێنەی هەیە. ئایا ئەم زمانە گەڕانەوەیە بۆ زمانی سادە و باڵادەست و باو یاخود سەرەتای سەرهەڵدانی جیهانبینییەکی دیکەیە کە زمان بەجۆرێکی دی ئەزموون دەکات؟. بەبڕوای من شۆڕش هیچ کات جوڵاندنەوە نییە لە ناو ڕووبەڕە ئاسایی و بەکارهێنانە سادەکانی زماندا... گەورەترین دژە شۆڕش ئەوانەن کە زمان بچوکدەکەنەوە و دەیگێڕنەوە بۆ بەکارهێنانە سیاسییە زەق و کارکردە ڕۆژانەکانی. ئەوە ئەو هەڵە ترسناکەشە کە ئەمڕۆ بەجۆرێکی بەربڵاو دەیبینین ... گێڕانەوەی زمان بۆ فۆرمە ڕۆژانەکەی، بەو بەهانەیەی کە گوایە سادەیی خەڵکانی شۆڕشگێڕ سادەیی زمان و بیرکردنەوە دەسەپێنێت، هەڵەیەکی ترسناک و مێژووییە و دەکەوێتە پێش هەموو ئەو نوشوستییە گەورانەی کە هەموو شۆڕشەکانی دونیا پێیدا رۆیشتوون... سادەیی شۆڕشگێڕان هەمیشە بەهانەی گەورەی سادەکردنەەی بیرکردنەوە بووە، سادەییەک کە دەرفەتی داوە بە هەموو کولتووری کۆیلەیەتی جارێکی دی ئاسان بگەڕێتەوە و  خەیاڵ و بیرکردنەوەی خەلک کۆنترۆڵبکات . ئەو بەهانەیەی کە شۆڕش گەڕانەوەیە بۆ زمانی سادەی ڕۆژانە و بۆ وتاری حەماسەت، هیچ نییە جگە لە کوشتنی جەوهەرە پڕ خەون و نوێکارانەکەی شۆڕش... شۆڕش پرۆسەیەکی سەرنەکەوتووە گەر ڕۆحی خۆی بە نوێگەرییەوە گرێ نەدات، ڕۆحی نوێگەریش شتێک نییە بتوانێت لە زمانی سادە و تاک ڕەهەندی حەماسەتەوە سەرچاوەبگرێت و بێتەدەرێ. گەڕانەوە بۆ ئەو زمانە سادەیە هیچ نییە جگە لە پەکخستنی زمان بۆئەوەی نەتوانێت ئەوە بڵێت کە دەبێت بیڵێت... واتە تەعبیر لە خەلاقییەتی فیکری و هونەری خۆی بکات. شۆڕش یان توڕەییەکی کەم قسە و بێدەنگە یان داهێنانێکی نوێیە... گەمارۆدانی شۆڕش لە ناو زمانی خوتبەدا، کوشتنی جەوهەرە ڕاستەقینەکەیەتی، کە هێنانەوەی بەشە کپکراو و چەپێنراوەکەی ناومانە. پشتکردنە ئەو ڕاستییە بنچینەییەیە کە گۆڕینی دونیا لە گۆڕینی هوشیارییەوە دەست پێدەکات و گۆڕەپانی گەورەی شۆڕش و گۆڕانکاری ناو هوشیاری ئینسانە. شۆڕشی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە هەموو هونەرمەند و ڕۆشنبیرەکانمان شوێنی خۆیان چۆڵبکەن و ببن بە وتارنوس و وتاربێژی سیاسی، بەڵکو ئەوەیە کە سیاسەت لە زمان و تێگەیشتنە کۆنەکەکانی دەربهێنین و شۆڕش وەک ساتێکی داهێنان و جوانکاری و تێپەڕاندن و شکاندنی فۆرمە کۆنەکان بناسێنن. کورتکردنەوەی زمانی شۆڕش بۆ زمانی سیاسەتی ڕۆژانە، دووبارەکردنەوەی ئەوەیە کە نابێت دووبارە ببێتەوە. ئێمە چەندین ساڵە هاواری ئەوەدەکەین کە فیکر و ڕۆشنبیری نابێت کورتبکرێتەوە بۆ خوتبە و هوتاف، کەچی لەم ساتەدا کەدەبێت ساتی تەقینەوەی توانا ئیبداعییەکان بێت، ساتی دەرچوون بێت لە سەتحییەت، ساتی دژایەتیکردنی سادەکردنەوە و تاک ڕەهەندی بێت، ئەو ساتەبێت کە تێیدا ڕۆحی کوردی ڕەهەندە بەتوانا و  کارا و داهێنەرەکانی دەردەخات، هەوڵێکی گەورە هەیە بۆ سەرخستنی تاک ڕەهەندی و عەقڵییەتی هوتاف بەسەر عەقڵییەتی بیرکردنەوە و گۆڕانی راستەقینەدا.  تەواوی کایەی ڕۆشنبیری و سیاسی هێدی هێدی خەریکە کورتدەبنەوە بۆ وەعز و تەحریز و هوتافکێشان. ئەم دۆخە نەوەیەک لە شۆڕشگێڕ دروستدەکات کە جیاوازی نەبێت لە نەوە سیاسییەکانی تر... شۆڕش ئەوە نییە هەمووان سادە قسەبکەن و دژی ڕژێمێکی سیاسی هوتاف بکێشن، شۆڕش ئەوەیە چەندەها زمانی جیاواز لەدایکببێت، هوشیاری لە کۆت و پێوەندەکانی خۆی دەرچێت، خەیاڵ و فەنتازیاکانی ئینسان بەڕوونی قسەبکەن، خەونی ئەو نەوانەی کەدێن، بە ئاشکرا تەعبیر لە خۆیان بکەن... شۆڕشی ڕاستەقینە تەنیا ڕەخنە نییە لە کۆنزەرڤاتیزمی سیاسی، بەڵکو رەخنەشە لە کۆنزەرڤاتیزمی ئەدەبی و فیکری و ئەخلاقی، لە کوشتنی زمان ، لە سادەکردنەوەی تێڕوانین، لە نزمکردنەوەی هوشیاری بۆ ئاستە هەرە  سادە و بێتواناکانی... جەوهەری شۆڕش تەنیا ڕەخنەگرتن نییە لەو دەسەڵاتەی کە هەیە، بەڵکو گەورەکردنی ئازادی ئینسانە... ئازادیش دەبێتە وشەیەکی بێمانا، دروشمێکی بۆش، وشەیەکی بێناوەڕۆک گەر لە سیفەتە دەستەجەمعییەکانی نەترازێت و سیفەتێکی سوبێکتیڤی و فەردی وەرنەگرێت

بەمانایەکی تر: دابەزاندنی زمانی شۆڕش بۆ زمانی خوتبە و وەعز و هاندانی ڕووت و گەمارۆدانی لەو سنوورەدا و کۆکردنەوەی هەموو تیشکی شۆڕش لەسەر داواکاری سیاسی ڕووت و ئازادنەکردنی وزە ڕۆحی و فەردی و داهێنەرەکەی ، کوشتن وسەربڕینی شۆڕشە، تەسلیمبوونی تەواوەتییە بە ڕەهەندە «دەستەجەمعی» و «کۆلێکتیڤ»ـەکەی شۆڕش و لە ژێرپێنانی ڕەهەندە فەردی و سوبێکتیڤەکەیەتی. واتە دووبارەکردنەوەی ئەو گرفتەیە کە پێشتر هەموو شۆڕشەکانی دی بەرەو دیکتاتۆرییەت ڕاکێشاوە

مارکس لە یەکێک لە وتەکانیدا دەڵێت "شۆڕشەکان تائێستا پێکڕا یەک شتیان سەلماندوە، ئەوەیش ئەوەیە کە زۆر شت دەشێت بگۆڕێت، مرۆڤ نەبێت". بەڵام خەونی گۆڕینی دونیا لای مارکس و خەونی گۆڕینی ژیان لای رامبۆ، هیچ مانایەکیان نییە بەبێ خەونی گۆڕینی مرۆڤ. گۆڕینی جیهان لە گۆڕینی مرۆڤەوە دەست پێدەکات، گۆڕینی مرۆڤیش بێگۆڕینی بیرکردنەوەی مرۆڤ ئەستەمە، گۆڕینی بیرکردنەوەش بێ گۆڕینی زمان مەحاڵە، لەبەرئەوە سروشتی ئەو زمانەی کە ئێستا بەکاریدەهێنین زۆر شتی جەوهەری لە بەیانیدا دیاریدەکات... مەسەلەی سەرەکی لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئێستا ئەوەیە کە خەڵکانێک دەیانەوێت دونیا بگۆڕن بە چ زمانێک دەدوێن، زمانێک کە نوقمی ڕیتۆریکی شۆڕشگێڕییە، یان زمانێک کە بیرکردنەوە دەوروژێنێت و تێڕامان گەورە دەکات و ئاسۆی بینین فراواندەکات؟. ئایا وەک فرانسیس بیکۆن دەپرسێت "وشەکان بیرکردنەوەمان جڵەودەکەن یان بیرکردنەوەمان وشەکان جڵەو دەکات"؟

لەوانەیە هەندێک بڵێن لەم ساتەدا کە خەڵک لەسەر جادەیە ناکرێت ئەم قسانە بکرێت، ئێستا نوسەران تەنیا دەبێت حەماسەتکاری بکەن و دروشم هەڵبگرن و پەیامی هاندان بنێرن ... بەبۆچوونی من سەد دەر سەد بە پێچەوانەوەیە، من بڕوام وایە ئەو زمانەی ئێستا لەدایکدەبێت ماهییەت و سروشتی ئەو زمانە دیاریدەکات کە لە پاشەڕۆژیشدا باڵادەست دەبێت. شۆڕش زۆر بە زەحمەت لە ژێر سیحری زمان و دروشم و هوتافەکانی یەکەمجاری ڕزگاری دەبێت. لە ژێر فشاری ئەو زمانەدا کە شۆڕشی ڕوسی لەسەرەتاوە لەگەڵ خۆیدا هێنای، ستالینییەت دروستبوو. دوای پتر لە شەست و پێنج ساڵ و تا هەنوکە شۆڕشی چینی لە زمانی یەکەمی خۆی ڕزگاری نەبووە، ئێرانیش لە تەنیشتمانەوە گەورەترین بەڵگەیە بۆئەوەی کە شۆڕش لەسەرەتاوە چ ڕۆحێک بهێنێت تا کۆتایی هاوڕێ و هاویاری دەبێت. ئەوەی ئێستاش لە هەناوی کۆمەڵگای ئێمەدا لە دایکدەبێت، دەشێت ماوەیەکی دوورودرێژ بژی... لێرەوە بە کەمگرتنی ئەو زمانە لە قاڵبدراوەی کە ئەمڕۆ خەریکە دروستدەبێت، مەترسی بۆ تەواوی بیرکردنەوەی ئازاد هەیە

ئەگەر شۆڕش نەتوانێت روون تەعبیر لە خۆی بکات، ترسناک نییە، بەڵام ترسناکە گەر تەعبیری لە خۆی کرد و زمانی لە ئاستێکدا دیلکرد و هوشیاریمانی پڕکرد لە حوکمی پێشوەخت و خەیاڵمانی لە قاڵبدا. ترسناکترین سەرەتا بۆ شۆڕش، خنکاندنێتی بە بەلاغەت... نوقمکردنی زمانی شۆڕش بە وتار و بە حەماسەتی ڕیتۆریکی، کوشتنی ڕۆحە ڕادیکالە قووڵەکەیەتی. چونکە ئەوەی چەپێنراوە و دەبێت بێتە دەرێ تەنیا بە زمانێکی فیکری قووڵ و زمانێکی تایبەتی داهێنان دێتەدەرێ، بە ئازایەتییەک دێتەدەرێ کە دەبێت لە ئاستی بەکارهێنانی زمان و بیرکردنەوەدا دەربکەوێتەوە ... بەدرێژایی مێژوو ئازایەتی ڕاستەقینە، ئازایەتی بووە لە ئاستی بەکارهێنانی زماندا، هەر لێرەشەوەیە کە شکسپیر لە هەموو سەرکردە و قارەمانەکانی ئینگلیز نەمرترە و تۆلستۆی لە قەیسەرەکان و جەنگاوەرەکان و شەڕکەرەکانی ناو مێژوو زیاتر دەژی . مەرج نییە شۆڕش ئایدۆلۆژیای هەبێت، بەڵام مەرجە کۆمەڵێک سەمبول و بتی هەبێت بیشکێنێت، ئەو سەمبول و بتانەش تەنیا سەمبول و بتی سیاسی نین، بەڵکو تەواوی ئەو تۆڕە گەورەیەن لە حەرام و حەڵاڵ، لە موقەدەس و ناموقەدەس کە لە خەیاڵی ئێمەدا خەوتووە.. هیچ شتێک وەک زمانی ڕیتۆریک شۆڕش لە مانا جەوهەرییەکەی ناکاتە دەرەوە و جۆرێک لە ڕادیکالییەتی بۆشی ناخاتە جێگا. ئەمڕۆ تەواوی زمانی کوردی و هوشیاری چۆتە ژێر ڕکێفی نەغمەیەکی ڕیتۆریکی و بەلاغی کە پێناچێت دەستی لە کەس پاراستبێت، عەقڵی ئینشایی ئێستا زێڕینترین ڕۆژەکانی خۆی دەژی ... هێزێک هەیە کە ناهێڵێت شۆڕش لەسەرجادەکانەوە بەرەو هوشیاری ئینسان بگوازێتەوە، ناهێڵێت زمان لە ڕیتوریک و گەمەکانی بەلاغەتەوە بەرەو تێڕامان و خەونبینین و بیرکردنەوە بپەڕێتەوە. ئەو هێزەش ئەوانەن کە ئامادەن بەجۆرێکی تەکتیکی هەندێک موقەدەسی سیاسی بشکێنن، بێئەوەی بوێرن یان بتوانین دەست بۆ کۆی سیستمکە بەرن



6 comments:

  1. به‌ڕێز كاك به‌ختیار عه‌لی
    ده‌ستخۆشیم بۆ ئه‌و نوسینه‌ جوانه‌و ته‌واو له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌دا ته‌باییم هه‌یه‌، خۆشبه‌ختانه‌ به‌ر له‌چه‌ند ڕۆژێك ئێمه‌ش له‌دیوێكی دیكه‌وه‌و به‌ هه‌مان ئه‌م ئاڕاسته‌یه‌ی به‌ڕێزت ئه‌م بابه‌ته‌مان نووسی به‌هیوای ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنج بێت
    http://www.facebook.com/note.php?note_id=170465609668129&id=100001940336093

    ReplyDelete
  2. ده‌سته‌کانت خۆش بێت کاك به‌ختیار

    هه‌رچه‌ند چه‌ند دێریک له‌گه‌ڵیدا ناگۆنجیم به‌ڵام گشتی بابه‌ته‌که‌ ته‌واوکاری یه‌کتره‌

    ReplyDelete
  3. hamwman bo toynw tosh bo hamwmany

    ReplyDelete
  4. کاک بەختیار سڵاو
    من حەز دەکەم بەراوردێک بکەیت لە نێوان چۆنیەتی و زۆری و کەمی وتارەکانی خۆت، پێش ڕۆژانی خۆپیشاندان و وتارەکانی ڕۆژانی خۆپیشاندان وئەم وتارەی ئێستا لە بەر چاوماندایە..ئەوکات هەڵسەنگاندنێک لە نێوان زمانی ئێستا و زمانی پێش خۆپیشاندانەکان بکە..وە پرسیارێکی جدی لە خۆت بکە، بزانە خۆشت بە هەهان شێوە زمانی نوسینەکانت گۆڕاوە یان نەگۆڕاوە..؟؟ لە کاتێکدا ئەم خۆپیشاندانانەی کوردستان ، ناکرێت بە شٶڕس ناوی بهێنین بەڵکوو ئەم هەڵجونێکە کە هەندێ فاکتەری دەرەکی وناوەکی پاڵنەریەتی..بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت لە پێش هەموومانەوە ڕۆمان نوس ونوسەر و ڕٶشنبیرەکان وەک پاڵەوانی ڕۆمانەکان بەشداری تێدا بکەن و ببن بە پاڵەوانێکی عەمەلی و زیندوو تا لە دەورانی داهاتودا نوسینەکانیان زیاتر بخێنرێتەوە وکاریگەری خۆی دابنێت..!!کامەران عەزیز/kamaran91@gmail.com

    ReplyDelete
  5. كاك به‌ختیارئه‌م كاته‌ت باش, بو كورینى زمان زور راسته‌ من یه‌ك نموونه‌ى شورشى میسریت بوده‌هینمه‌وه‌
    له‌ تیڤیه‌ك ئافره‌تیكى میسرى وتى:
    ئه‌مرو له‌ جاده‌ به‌ سه‌یاره‌كم ده‌رویشتم ده‌عمیكم كرد به‌لام سایه‌قی سیاره‌كه‌ى هاته‌ ده‌ره‌وه‌ زور له‌سه‌ر خو قسه‌ى له‌كه‌ل كردم وتى خوت سه‌لامه‌تیت, هه‌ردوكمان سه‌لامه‌تین له‌هه‌موو شته‌كانى تر گرنگتره‌ خه‌لكه‌كه‌ى ده‌ورمان هه‌ر ده‌یان وت یه‌كترى عفوكه‌ن , به‌س هه‌مان ئافره‌ت وتى له‌كاتى حوسنى مباره‌ك ده‌عمكی بجكوم كرد به‌لام بو به‌شه‌ره‌ قسه‌ خه‌لك لیمان كوبوه‌وه‌ و زوربه‌یان توانجیان تیگرتم من له‌ترسا تاكسیم كرت و هاتمه‌وه‌ ماله‌وه‌.

    به‌رئی جه‌نابت ئه‌مه‌ نابیته‌ نموونه‌یه‌كى جوان بو گورینى زمان , چونكه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ شورشى میسر زمانیكى جوانى هه‌بوو كه‌ قسه‌ى له‌خوى ده‌كرد

    ReplyDelete
  6. دەست خۆش بۆ نووسینەکەت

    ReplyDelete