Saturday 26 March 2011

گەڕان بە دوای تایبەتمەندییەکانی ئەم ساتەدا

«خوێندنەوەیەک بۆ ئەوەی له‌ئێستادا شکاوە‌و ئەوەی دەشێت بشکێت»

سەرەتا دەبێت بڵێم کە شۆڕش هەمیشە تێکەڵەیەکی گەورەیە له‌ئیرادەی باش‌و خراپ، له‌ساتی کارەساتاوی‌و ساتگەلی دیکەی راستگۆیی... له‌ئازار‌و بەختەوەری... له‌ڕۆحی شەڕانگێز‌و رۆحی فریشتەیی... له‌خواستی‌ وێرانکردن‌و خواستی گۆڕان بەرەو باشتر... شۆڕش شتێک نییە کە له‌و ناکۆکییانە جیابکرێتەوە، له‌و کەرتبوونە ناوەکییانە داببڕێت. وشەی شۆڕش خۆ بە خۆ هیچ مانایەکی پێشوەختی نییە‌و تەنیا له‌سیاقێکی گەورەتردا دەتوانین تێیبگەین. شۆڕش روداوێکی مێژوویی گەورەیە، بەڵام ماهییەتی ئەم روداوە گەورەیە شتێک نییە له‌سەرەتاوە ئاشکرابێت، بەهای راستەقینەی هەموو شۆڕشێک‌و بزاوتێکی گەورە کەمتر له‌ساتی خۆیدا دەردەکەوێت، بەڵکو له‌داهاتوودا دەردەکەوێت، شۆڕشەکان سەرەتا تۆو دەخەن‌و ئەو تۆوانە درەنگ بەردەگرن... ئەمە مانای ئەوە نییە کە سیمای یەکەمی بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان گرنگ نییە، بەڵکو مانای ئەوەیە کە مەرج نییە هەموو ئەگەرەکانی ناو شۆڕش بەربگرێت، شۆڕش هەمیشە هەم فریشتەیەک‌و هەم دیۆێکیش بەخەبەر دەهێنێت، بەڵام کامیان دواجار سەردەکەون، ئەوە پاشەڕۆژ وەڵامیدەداتەوە... بە گشتی گرنگی شۆڕشێک یان بزاوتێکی سیاسی تەنیا له‌وەدا نییە له‌سەر شانۆی سیاسی ئەم ساتەوەختە چ جێگایەک داگیردەکات، بەڵکو له‌ناو سیاقی کۆی مێژووشدا ئاماژە بەچی دەدات. بۆیە ناکرێت گرنگی ئەم بزاوتە له‌ئاستی دژایەتی گەندەڵی یان دژایەتی ستەمی سیاسییدا دیلبکەین، بەڵکو من گرنگی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە له‌هەندێ خاڵی دیکە‌و وردتردا دەبینم، واتە خودی ئەم بزاوتە له‌سەر ئاستە نادیار‌و له‌سەر سەتحی شەپۆله‌ نهێنییەکەی مێژوو کۆمەڵێک دەستکاری‌و گۆڕانکاری دروستکردوە کە پێویستە بیبینین. لێرەدا هەوڵدەدەم سەرنجێک‌و تیشکێکی رۆشنتر بخەمە سەر ئەو ئاستە نادیار‌و نهێنییەی کە خودی بزاوتەکە له‌ژێرەوەڕا کاری له‌سەردەکات، هەوڵدەدەم کۆی سەرنجەکانم له‌پێنج تەوەردا کورتبکەمەوە کە بەبڕوای من گرنگترین ئەو جومگانە پێکدەهێنن کە بزووتنەوە سیاسییەکە دەرکەوتە‌و دیاردەی نوێی تێدا بەرهەمهێناوە

دەرچوون له‌ترسی ئەبەدیی نەمان
بەدرێژایی سەد ساڵی رابوردوو. تاکە شتێک کە بزوێنی شۆڕشەکانی ئێمە بووە، شەڕبووە له‌گەڵ داگیرکەردا، جەنگی مان‌و نەمان بووە له‌گەڵ هەڕەشەی تواندنەوە‌و فەوتاندا، گوتاری باڵادەست لێرەدا پاراستنی کۆمەڵگا‌و نەتەوە بووە له‌له‌ناوچوون، ئەم شۆڕشانە هیچیان شۆڕشی ئیشکردنی کۆمەڵگای کورد نەبوون له‌سەر خۆی، شۆڕشی بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد نەبوون له‌سیستمی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی خۆی، بەڵکو شۆڕشی بیرکردنەوە بوون له‌دەربازبوون له‌داگیرکەر‌و رزگارکردنی نەتەوە له‌ترسی فەوتان. گوتاری سەرەکی‌و دیسکۆرسی زاڵ بەسەریدا «گوتاری مانەوە» بووە کە تەنیا نیازی پاراستنی نەتەوە بووە‌و هیچی تر... ئەم گوتارە، بە روویەک کوردی له‌تواندنەوە پاراستووە‌و بەسەرێکیش مرۆڤی کوردی له‌سنووری تەسکی پاراستنی خود‌و ژیاندا دیلکردوە‌و رێگرییەکی گەورەی له‌گەشەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی ئێمە کردوە. جەوهەری ترسناکی ئەم گوتارە ئەوەیە کە «پاراستنی خود» له‌ «گۆڕین‌و گەشەپێدانی خود» جیادەکاتەوە. ئەو تەباییە دەستەجەمعییەی کە دەتوانێت بۆ پاراستنی خود دروستیبکات، ناتوانێت له‌تێڕوانیندا بۆ خود دایبمەزرێنێت. ئەم گوتارە له‌ساتێکدا دەبێت بشکێت‌و پرۆسەی پاراستنی خود‌و گۆڕینی خود پێکەوە گرێبداتەوە، بەبێ ئەو پرۆسەیە مێژووی ئێمە دەبێتە مێژوویەکی چەقبەستوو. شۆڕشەکانی پێشووی کورد پێکڕا شۆڕشی خۆپاراستن‌و مانەوە بووە، ئەو هێزەی ئەمڕۆ دەجوڵێت ئەو لۆژیکە دەشکێنێت کە له‌دووسەد ساڵی رابوردوودا باڵادەست بووە... لۆژیکی مانەوە بەرەو پرۆسەیەکی تر تێدەپەڕێنێت کە گۆڕینی خودە. گرنگی ئەم بزاوتە له‌وەدایە بۆ یەکەمجار هێزێکی کۆمەڵایەتی گەورە دروستدەبێت کە پرۆسەی پاراستنی نەتەوە بە پرۆسەی دەستکاریکردنی کۆمەڵگا خۆیەوە گرێدەدات، چیتر گوتاری ناسیۆنالیستی کوردی ئەو گوتارە نییە کە تەنیا له‌ڕێگای دژایەتیکردنی داگیرکەرەوە دەتوانێت نەتەوە بپارێزێت، بەڵکو له‌ڕێگای گۆڕینی خود‌و گۆڕینی دونیاوە دەیەوێت سنوورە تەقلیدییەکانی گوتاری مانەوە‌و فۆرم‌و میکانیزمەکانی بگۆڕێت... دیارە ئەم گۆڕانکارییە له‌وەوبەر له‌ئەدەب‌و هونەردا روویداوە، بەڵام تا ئەم ساتە تەعبیری سیاسیانەی له‌خۆی نەکردوە‌و ئەمە یەکەمجارە هێزێکی کۆمەڵایەتی دەبێتە هەڵگری ئەم بەزاندن‌و تێپەڕینە گەورەیە. یەکەمجارە هێزێکی کۆمەڵایەتی دروستدەبێت کە ئیشکردن له‌سەر خود، نەوەک تەنیا پاراستن‌و راگرتن‌و هێشتنەوەی خود دەبێتە پڕۆژەی. ئەوە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە له‌سیستمی سیاسی ئێمەدا. وەرچەرخان له‌پاراستنی خودەوە بۆ گۆڕینی خود... واتە گۆڕینی مانای ناسیۆنالیزم، له‌ناسیۆنالیزمێکەوە کە تەنیا‌و تەنیا وەزیفەی خۆی له‌دژایەتیکردنی داگیرکەردا قەتیسدەدات، بۆ جۆرێک له‌ناسیۆنالیزم کە گەشە‌و گۆڕان‌و نوێکردنەوەی وێنەی خود‌و دەرهێنانی له‌فۆرم‌و قاڵبە دێرینەکان بە مەرجی سەرەکی پاراستنی خود دەزانێت. واتە له‌پرۆسەی بەرگری سەلبییەوە بەرەو جۆرە بەرگرییەکی ئەکتیڤ کە تەنیا خود ناپارێزێت، بەڵکو دەستکاریدەکات‌و دەشیگۆڕێت. ئەم بزووتنەوەیە بریتییە له‌ئیرادەی ئیشکردنی کۆمەڵگای کوردی له‌سەر خۆی. واتە ناسیۆنالیزم له‌جەوهەرە کولتوورییە، ترادسیۆنیستییەکەی دەردەهێنێت‌و چارەنوسی بە پڕۆژەی مۆدێرنیزەکردنەوە گرێدەدات... ئەوەی ئێستا دەبزوێت، رۆحی نوێگەرییە، ئەم وێستگەیەی تێیدا دەژین تێکشکانی فۆرمی تەقلیدی گوتاری مانەوەیە بۆ فۆرمێکی تر. کە بەبڕوای من دەبێت کاریگەرییەکی جەوهەری‌و گەورەی له‌سەر خەباتی ناسیۆنالیستی ئێمەش له‌تورکیا‌و ئێران‌و سوریا هەبێت، بەو مانایەی کە ئاڕاستەیەکی گرنگ‌و نوێ‌و گەورە دەهێنێتە مەیدان کە تێیدا پاراستنی خود له‌جەوهەردا له‌گۆڕینی خود جیانابێتەوە... پاراستنی خود بە ستایشی خود دا تێناپەڕێت، بەڵکو بە رەخنەگرتندا لێی تێدەپەڕێت

 کۆتایی شوناسە دێرینەکان
یەکێکی تر له‌و خاڵانەی کە وادەکات ئەم بزووتنەوەیە وەک دیاردەیەکی نوێ تەماشابکەین. دەرچوونە  له‌کۆی دوولانە ئایدۆلۆژییە کۆنەکان. ئەمە نە بزووتنەوەیەکی چینایەتی، نەبزووتنەوەیەکی دینی، نە بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستییە. واتە بۆیەکەمجار بزووتنەوەیەکمان هەیە بەتەواوی ناچێتەوە ژێر چەتری ئەو دابەشبوونە تەقلیدیانەوە. ئەمە دیوێکی پۆزەتیڤە، کە ئەگەر بێت‌و کاری وردی له‌سەر نەکرێت، دەشێت نەگەتیڤ‌و زیانبەخش بکەوێتەوە. رووە پۆزەتیڤەکەی ئەوەیە کە پێماندەڵێت توانای ئەو ئایدۆلۆژیانە له‌سەر مۆبیلیزەکردنی شۆڕشگێڕانە گەیشتۆتە ئاستێکی زۆر نزم، خودی لاوازبوونی ئەم هێزی مۆبیلیزەکردنە نیشانەی ئاوابوونی سەردەمێکی گەورەیە له‌مێژووی ئێمەدا... هەڵبەت ئەم دیاردەیە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هەقیقەتی کۆتاییهاتنی ئایدۆلۆژیا گەورەکان کە له‌گەڵ هەرەسی بلۆکی کۆمۆنیستیدا دەگاتە ئەوپەڕی، بەڵام بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بونبەستە سیاسییەی کە ئایدۆلۆژیاکان له‌خۆرهەڵاتدا بەگشتی تێیکەوتوون بەوەدا کە چیتر توانای خوێندنەوەی واقیع‌و تێگەیشتنیان له‌نەوە تازەکان نەماوە. هەڵبەت ئەم شۆڕشە نائایدۆلۆژیانە پێشتر له‌هەندێک وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپادا روویاندا، وەک له‌سربیا‌و ئۆکرانیا بینیمان، بەڵام له‌خۆرهەڵاتی ئێمەدا کە بە هەق شایستەی ناوی زەلکاوی ئایدۆلۆژیاکانە، سەرهەڵدانی بزاوتێکی نائایدۆلۆژی گەورە نامومکین دەردەکەوت. ئایدۆلۆژیا بریتییە له‌کێشانی وێنەیەکی دیاریکراو‌و قەتعی بۆ پاشەڕۆژ. ئایدۆلۆژیاکان، هەمیشە داهاتوو له‌سەر رۆشنایی نیگارە تیۆرییەکەی خۆیاندا نیگاردەکەنەوە واتە ئایدۆلۆژیا مەبەستێتی کۆمەڵگا بۆ رێکەوت‌و ئەگەر بەجێنەهێڵیت. ئایدۆلۆژیا بریتییە له‌کوشتنی ئەگەرەکان، بەڵام شۆڕشی ئەنتی ئایدۆلۆژی بریتییە له‌کردنەوەی مێژوو‌ و کۆمەڵگا له‌بەردەم بێشومار ئەگەردا... له‌م ساتانەدا کە وێنەیەکی ئایدۆلۆژی بۆ پاشەڕۆژ ئامادەنییە، داهاتوو دەکەوێتە بەر گەمەی خەیاڵ‌و ئیرادەوە، شۆڕشی نائایدۆلۆژی له‌کۆمەڵگایەکی زیندوودا دەتوانێت خەیاڵی کۆمەڵایەتی بەجۆرێک بەرفراوانبکاتەوە‌و پرۆسەی دروستکردنەوەی کۆمەڵگا له‌دەست هەر جۆرە بڕیارێکی پێشوەخت دەربهێنێت

کرانەوەی مێژوو بەسەر ئەگەرە ناوەکییەکانیدا، تەنیا بەو مانایە نایەت کە مێژوو دەنگە نادیارەکانی پاشەڕۆژی خۆی گوێ لێبێت، واتە ئەو ئاماژانە بخوێنێتەوە کە داهاتوو دەینێرێت... بەڵکو دەنگە کوژراو‌و کپکراوەکانی دوێنێش ببیستێت. نائامادەگی ئایدۆلۆژیا تەنیا پاشەڕۆژ له‌دەست پێشداوەری‌و بڕیاری پێشینە رزگارناکات، بەڵکو رابوردووش رزگاردەکات‌و بەشە فەرامۆشکراوەکانی دەهێنێتەوە سەرەوە. ئەوەی له‌ڕابوردوودا ناشیرینە، رابوردووی دەسەڵاتدارانە نەوەک رابوردووی ژێردەستەکان. لێرەوە لاوازبوونی تێڕوانینی ئایدۆلۆژی بانگەوازێکی گەورەیە بۆ ئەوەی رابوردوو بەجۆرێکی دیکە ببینین‌و له‌سەر رۆشناییەکی دیکەدا ماهییەتی دەستنیشانبکەین

بەڵام غیابی ئایدۆلۆژیا دەشێت مەترسی خۆشی هەبێت، بۆ نمونە ئایدۆلۆژیا بریتییە له‌ئارەزووی گۆڕینی سیستەم نەوەک دەسەڵات، راستە هەموو یۆتۆپیاکان ئایدۆلۆژی نین، بەڵام زۆربەی ئایدۆلۆژیاکان یۆتۆپین‌و خواستی گۆڕینی سەرتاسەریان هەیە. زۆرجار نائامادەگی بەهێزی ئایدۆلۆژیا وادەکات بزاوت‌و توڕەییەکان پتر رووبەڕووی کایەی سیاسی بکرێنەوە‌و کۆی سیستمەکەی لێدەربکرێت. ئایدۆلۆژیا ترسناکییەکەی له‌وەدایە کە جۆرێک له‌ناڕەزایی دروستدەکات کە مەبەستی سەرەکی تێیدا تەنیا گۆڕینی سیستمی سیاسی نییە، بەڵکو تەواوی سیستمی ژیانی فەردی‌و ئابوری‌و پەیوەندی کۆمەڵایەتییە. ئایدۆلۆژیا دەستێوەردانێکی گەورەیە له‌هەموو ئاستەکانی ژیان... له‌قاڵبدانی فەرد‌و دروستکردنی چوارچێوەیەکی ئەتیکیی گشتییە کە جێگا بۆ هەڵبژاردنی ئازاد ناهێڵێتەوە. ئامادەنەبوونی ئایدۆلۆژیا وادەکات رەهەندی سیاسی بزووتنەوەکە پتر بئاوسێت... واتە ببێتە ئیعترازێکی توندتر دژی دەسەڵاتی سیاسی نەوەک دژی سیستەم. لێرەدا دیوە ترسناکەکەی نائامادەگی ئایدۆلۆژی دەردەکەوێت بەوەی کە گۆڕینی دەسەڵات، وەرنەگه‌ڕێتە سەر گۆڕینی سیستم‌و مانەوەی وەک خۆی. واتە گۆڕین له‌کایەی سیاسیدا گیربخوات‌و نەگوازرێتەوە بۆ کایەکانی تر... ئاخۆ گۆڕینی ریشەیی بەبێ کۆمەکی ئایدۆلۆژیا، کارێکی شیاو‌و کراوە? ئایا نائامادەگی ئایدۆلۆژیا له‌سەر سەتحی دونیادا گەیاندنی شۆڕشەکانە بە بونبەست? ئاخۆ گۆڕینی سیستەم بێ ئایدۆلۆژیا مومکینە? ئەوانە پرسیارگەلێکی جەوهەرین کە جارێکی تر پەیوەندی نێوان شۆڕش‌و ئایدۆلۆژیا دەخاتەوە ژێر پرسیارەوە. بەبۆچوونی من کارلێکی فیکری، فەزای کراوە، رەخنەی بەردەوام، دەتوانێت شوێنی ئایدۆلۆژیا پڕبکاتەوە. گۆڕینی جیهان ئەمڕۆ پتر کەوتۆتە دەست ئەو هاوکێشە ئاڵۆزەی کە فیکر‌و سیستمی کۆمۆنیکاتسیۆن‌و گەشەی زانست له‌گەڵ یەکدا کۆدەکاتەوە... چیتر ئایدۆلۆژیاکان جیهان ناگۆڕن، بەڵکو ئەو فاکتەرانەی کە فەزای گشتی‌و گەشەی ئاستەکانی پەیوەندی بەرهەمیدەهێنن جیهان دەستکاریدەکەن. پاشەڕۆژ چیتر ئایدۆلۆژیاکان نیگاری ناکێشن، بەڵکو پێکەوەکارلێکی بەردەوامی زانست‌و ئەخلاق‌و سیاسەت ئەوکارەدەکەن کە دەبێت له‌پەیوەندییەکی بەردەوامدا بن‌و بەردەوامیش یەک چاوەدێری ئەوی دی بن. ئەمڕۆ ترسناکترین شتێک ئەوەیە کە یەک رەهەند، یەک کایە بیەوێت خۆی وەک شا بڕیاردەر‌و شا کایە بسەپێنێت

 کۆتایی خەباتی نهێنی
یەکێک له‌و بنەما سەرەکیانەی سیاسەت کە ئێستا هەرەسدەهێنێت، چەمکی خەباتی نهێنی‌و چەمکی دیسپلینە کە دوو چەمکی سەرەکی‌و کلاسیکی ناو فۆرمی خەباتی کلاسیکییە. خەباتی نهێنی هەمیشە خەباتێکە بێکاراکتەرە، ئەوەی پێیهەڵدەستێت رووی خۆی دەرناخات، کاراکتەری فەرد یان دەنگی فەرد تێیدا زۆر کزە... خەباتی نهێنی له‌سەر خۆدەرنەخستن دروستبووە، لێرەوە شۆڕش جگە له‌چەند دەموچاوێکی دیاریکراو، دەموچاوی تری نییە، سیاسەتیش دەبێتە رووبەرێکی پڕ نهێنی، کە تێیدا سیاسەت زۆر بەرپرسیارێتی خۆی دەشارێتەوە. له‌سەردەمی خەباتی نهێنیدا دەسەڵات دەموچاوی دیارە‌و خەڵک روخساری خۆی دەشارێتەوە، بەڵام له‌مڕۆدا، له‌خەباتی ئاشکرادا، مرۆڤەکان هەموو بەرپرسن، هەموومان دەموچاوی خۆمان دەردەخەین‌و دەسەڵات دەموچاوی دەشارێتەوە. له‌خەباتی نهێنیدا مرۆڤ هەستناکات بەرپرسە، چونکە وێنەکەی ئامادەنییە، مرۆڤ نوێنەری خۆی نییە، بەڵکو تارماییەکە له‌تاریکیدا‌و ئەو کارانەی دەیکات راستەوخۆ ئاماژەنین بۆ فەردانییەتی ئەو، بەڵکو ئاماژەن بۆ خواستی حیزب. له‌خەباتی نهێنیدا حیزب بکەری گەورەیە، حیزب روخساری گەورەیە، نەوەک فەرد... ئاوسانی حیزب‌و دەوری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو میکانیزمانەی له‌سەردەمی خەباتی نهێنیدا باڵادەستبووە، ئەوەی حیزبی گۆڕی بۆ ئەفسانە‌و مێردەزمە بەسەر ژیانی سیاسییەوە، فۆرمی خەباتی نهێنی بوو، بەڵام له‌خەباتی ئاشکرادا دەموچاوە ئاشکراکان دێنەسەر سەحنە... قسە له‌سەر ناوە راستەقینەکانە، نەوەک له‌سەر ناوە نهێنییەکان، لێرەوە رۆڵی ئەفسانەیی حیزب کۆتایی پێدێت‌و رۆڵی ئەفسانەیی فەرد دەستپێدەکات. مەترسییەک لێرەدا هەبێت ئەوەیە کە بە ئەفسانەکردنی حیزب له‌سەردەمی پێشوودا هاوشان بێت بە ئەفسانەکردنی فەرد له‌م سەردەمەدا. له‌حیزبی موقەدەسەوە بەرەو پاڵەوان‌و فەردی موقەدەس بگوازینەوە، بەتایبەت بە ئاشکرا دەبینین پرۆسەی قارەمانسازی له‌هەندێک ماڵپەڕ‌و کەناڵی میدیاوە بە جۆرێکی سیستماتیک بەڕێوەدەچێت، له‌خەباتی ئاشکرادا مەترسی ئەوە هەیە کە هەندێک کاراکتەری کاریزمی دەموچاوی فەردەئاساییەکان بشارنەوە، له‌کاتێکدا خەباتی ئاشکرا بۆئەوە نییە کە فەردی موقەدەس‌و ئەفسانەیی دروستبکرێت، بەڵکو بۆئەوەیە کە ئینسانە ئاساییەکان ببنەوە بە بکەر‌و دروستکەری مێژوو، ئەوەی بێدەنگکراوە بدوێت، با له‌ئێستادا ئەوانەقسەبکەن کەقسەیان نەکردوە... گەورەیی خەباتی ئاشکرا له‌وەدایە کە مرۆڤە سادەکان دەکاتەوە بەدروستکەری مێژوو. مرۆڤە سادەکان له‌نێویدا کاراکتەر‌و دەنگی خۆیان دەدۆزنەوە. ئەمە ئەو ساتەیە کە دەنگە خنکاوەکانی ناو وێرانەی مێژوو قسەدەکات‌و دەبێت هەموو گوێی لێبگرین. خەباتی ئاشکرا، ئاشکراکردنی دەنگی ئەوانەیە کە دەنگیان نەبووە، بەخشینی رووبەرێکی بەرینە بەو هاوار‌و دەنگانەی کە ئاشکرا نەبوون... گواستنەوە بۆ خەباتی ئاشکرا، کاتێک مانای دەبێت کە بکەری نوێ‌و قسەکەری نوێ بهێنێتە سەر سەحنە، کۆمەک بە نەوە تازەکان بکات، له‌و خەباتەدا دەنگی خۆیان ببیستنەوە‌و رێگای خۆیان بدۆزنەوە. بایەخی خەباتی ئاشکرا له‌وەدا نییە کە ئێمەی نوسەران دووبارە گوتەکانی خۆمان له‌بەردەم کۆمەڵە خەڵکانێکی زیادتر‌و گەورەتردا دووبارەبکەینەوە، بەڵکو بۆئەوەیە ئەوەی تا ئەمڕۆ نهێنییە، چیتر بە نهێنی نەمێنێتەوە‌و ئەوەی تا ئێستا ئاشکرانییە‌و دەنگی نەگەیشتووە. ئاشکرابێت‌و دەنگی بگات

 رێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان دیسپلین‌و ئەنارشییەت له‌کۆمەڵگادا
یەکێک له‌و هەڵە گەورانەی کە بەردەوام دەکرێت‌و دووبارەدەکرێتەوە، وێناکردنی کۆمەڵگای ئێمەیە وەک کۆمەڵگایەکی ناڕێک. له‌ڕاستیدا کۆمەڵگای ئێمە یەکێکە له‌کۆمەڵگا زۆر دیسپلینکراوەکان، دەسەڵاتی حیزب بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا‌و بەسەر جومگە سەرەکییەکانیدا تا رادەیەکی زۆر بەچەشنێکی ئاسنین‌و رێکخراو بەڕێوەچووە، کۆنترۆڵکردنی ژیان‌و کۆمەڵگاش هەمانشێوە، رێکخستنێکی ئاسنینی بەخۆوە دیوە. پله‌ی دیسپلینکردنی ئاسنینینی حیزب بۆ ژیان له‌بیست ساڵی رابوردوودا، هاوشێوەی پله‌ی دیسپلینکردنی حیزبە ستالینییەکان بووە. له‌هەموو کۆمەڵگایەکی زیندوودا دەبێت هاوسەنگییەک له‌نێوان دیسپلین‌و ئازادیدا هەبێت، ئازادی هیچ نییە جگە له‌توانای کۆمەڵگا کە له‌گەڵ پله‌یەکی دیاریکراوی ناڕێکیدا بژی... ئازادی هیچ نییە جگە له‌توانای بانگهێشتکردنی پله‌یەک له‌ناڕێکی‌و ئەنارشییەت. ناڕێکی بەو مانایەی تاکە دەسەڵاتێک له‌کۆمەڵگادا نەبێت کە هەموو شتەکان رێکبخات، بەڵکو پرۆسەی رێکخستنی کۆمەڵایەتی‌و ئیشی ئیدارەدانی کۆمەڵگا بابەتێکی هەمیشە نوێ‌و هەمیشە کراوەبێت. دیسپلینی سەرتاسەری درەنگ یان زوو له‌فاشییەتدا تەواودەبێت. ئەو دیسپلینە سەرتاسەرییە بەبێ ساتێک له‌ئەنارشییەت، بەبێ ساتێک له‌بچوکبوونەوەی دەسەڵات‌و تێکشکاندن‌و لاوازبوونی نامومکینە. وشەی حیزب له‌مێژووی ئێمەدا بۆتە وشەیەکی ناشیرین، چونکە راستەوخۆ بە رێکخستن‌و دیسپلینی ئاسنینەوە گرێدراوە. ئەمڕۆ ئەم بزاوتە نوێنەری ساتێکی هەڵهاتن‌و تێکشکانی دیسپلینە، له‌ڕاستیدا دژی ئەو دیسپلینە دیکتاتۆری‌و ئاسنینەیە کە له‌پەنجا ساڵی رابوردووی ئێمەدا کۆمەڵگای خنکاندووە‌و تا ئێستا دەیخنکێنێت. ساتێکە نوێنەری ساتێکی ئانارشیانەی پێویست‌و گرنگی ناو مێژووی ئێمەیە. ئێستا ئەو رەخنەیەی کە له‌بزووتنەوەکە دەگیرێت کە ناڕێکە، کە رۆشن نییە، کە ئاڕاستەی نییە، رەخنەی زۆر ترسناک نین، له‌بەرئەوەی خودی بزاوتەکە هێنانەوەو گێڕانەوەی شتێک له‌ڕۆحی ئانارشییەتە بۆ ناو مێژووی ئێمە. ئەنارشییەت ساتی مردنی باوکە پیرەکانە بە مەرجێک توانامان هەبێت دەمودەست بۆ باوکێکی تر نەگەڕێین، بەڵکو له‌زەت له‌و ساتە ئۆدیبییە وەربگرین کە ساتی مردنی باوکە‌و له‌زەت له‌و ئازادییە وەربگرین کە پیربوونی باوک جێیدەهێڵێت. لای من ترسناکترین شت ئەو خواستەیە کە ئێستا سنوورە ئەنارشییەکانی ئەم ساتە تەسکبکرێتەوە‌و بەڕۆحی رێکخستنەوە مامەڵە له‌گەڵ جوڵانەوەکەدا بکرێت. سیاسەتی دروست ئەوەیە ئێستا هەر یەکەمان‌و بە شوناسی خۆمانەوە ئەو ئازادییە بژین کە ئەم ساتە پێشکەشماندەکات، بێئەوەی پڕۆژەی دیسپلینێکی گەورە دووبارە هەموومان بخاتەوە ئامێزی خۆی. ناڕێکی له‌م بزاوتەدا تاکە مەرجە کە بشێت هەموومان تێیدا بەشداربین. له‌کۆمۆنیستەوە بۆ ئیسلامی‌و تا ئەو نوسەرانەی وەک ئێمە کە هەمیشە ئیشمان بووە له‌دەرەوەی پێناسەدا بژین‌و بمێنینەوە. ترسناکترین دوژمنی ئەم بزووتنەوەیە ئێستا باوکە پیرەکان نین، بەڵکو ئەوانەن کە راستەوخۆ دەیانەوێت خۆیان وەک ئەلتەرناتیڤی باوک پێشکەشبکەن... وەک ئەو باوکەی جێگای باوکی پیر دەگرێتەوە. ئێستا گرنگە چێژی ئەنارشیانە بۆ یەکەمجار مێژووی ئێمە پڕبکات بەوزە ژیاندۆستەکەی خۆی‌و نەهێڵێت ئەو وزە ئەنارشییە بخەوێت، چونکە کۆمەڵگا چەندە پێویستی بە دیسپلینە ئەوەندەش پێویستی بە رۆحێکە کە دژی دیسپلین ئیشبکات، چەند پێویستی بە رێکخستنە ئەوەندەش پێویستی بە رێکخستنەوەیە. دیارە ئەم ناڕێکییە ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت، بەڵام گرنگە هەست بەبوونی بکەین له‌مێژوودا، گرنگە بزانین کە دەتوانین هەر کاتێک دیسپلین سنوورەکانی خۆی بەزاند بانگیبکەینەوە. گرنگە وەک دیوارێک کە سنوورەکانی دیسپلین بەری دەکەوێت هەمیشە ئامادەبێت. ئەوە زۆر گرنگە بۆ مێژوو کە بزانین هەموو ساتێک دەتوانین شتێک له‌ئەنارشییەت بگێڕینەوە بۆ هەناوی دیسپلین‌و رێکخستنە زۆرەملێکان

پچڕانی پەیوەندی ئۆتۆماتیکی له‌نێوان پراکسیس‌و تیورەدا
راستە سیاسەتی کوردی هەرگیز کایەیەکی تیوری تەواوی نەبووە کە پێشوەخت ئایدیا‌و تیورەی بۆ بەرهەمبهێنێت، بەڵام فەزایەکی ئایدۆلۆژی هەبووە کە کۆمەڵێک وێنە‌و دروشم‌و نیگاری نەگۆڕی بۆ کۆمەڵگا‌و نەتەوە‌و فەرد‌و سیاسەت هەڵگرتووە. هەم مارکسییەت‌و هەم ناسیۆنالیزم‌و هەم پارتە دینییەکانمان هەمیشە پاشخانێکی تیوریی‌و مەرجەعێکی ئایدۆلۆژییان هەبووە کە ئیلهامیان لێوەرگرتوون، حیزبی سیاسی ئێمە له‌مەعریفەی کەمبووە، بەڵام له‌ئایدۆلۆژیای ئامادە‌و تەیارکراو کەم‌و نوقستانی نەبووە

پراکسیسی سیاسی له‌فەزای سیاسی کوردیشدا هەمیشە پراکتیککردنی ئەو ‌وێنە ئایدۆلۆژیانەبووە کە پێشوەخت وێنەی پاشەڕۆژ‌و پەیمانی داهاتووی گەشی بەخشیوە. بۆ نمونە وێنەی حیزب وەک تاکە کەرەستەی پراکسیسی سیاسی‌و تاکە هەڵگری شوناسی سیاسی له‌تەواوی سەد ساڵی رابوردوودا وێنەیەکی باڵادەستە، بەو مانایەی هەموو سیاسەتێک دەبێت حیزبی بێت، ئەم وێنەیەی سیاسەت تەواوی کایەی پراکسیسی سیاسی داگیرکردوە. پراکسیسی سیاسی له‌دەرەوەی حیزب، له‌دەرەوەی ئەو وێنە پێشوەختە بۆ سیاسەت تائەمڕۆ نەکردە دەردەکەوێت. بەڵام ئێستا لێرەدا‌و له‌م بزاوتەدا پراکسیسی سیاسی وەک کایەیەکی سەربەخۆ له‌دەرەوەی هەموو فەزایەکی ئایدۆلۆژی، له‌دەرەوەی هەموو حیزبێک، له‌دەرەوەی هەموو فیکرێکی تیوریی‌و وەک کایەیەکی تایبەتی ئیشدەکات... سلوکی شۆڕشگێڕی دەرەنجامی هوشیارییەکی تیوریی یان ئینتیمایەکی سیاسی‌و حیزبی نییە، بەڵکو دەرەنجامی ئیرادەیەکە کە له‌دایکبوە‌و دەیەوێت خۆی تاقیبکاتەوە. دەرەنجامی نەوەیەکی تازەیە کە خۆی تاقیدەکاتەوە... بەبۆچوونی من، لێرەدا هەست بەساتێکی پچڕان دەکەم له‌نێوان پراکسیس‌و تیورەدا. ئەم ساتە پتر ساتەوەختێکی نیتشەوییە له‌وەی ساتەوەختێکی مارکسی بێت، لێرەدا تیورەیەک پێشەنگی خەڵک نییە، بەڵکو ئیرادەی کردار‌و خواستی کردار‌و بەزاندنی کۆتێکی مۆراڵیانە پێشەنگی خەڵکە، بەڵام دەبێت لێرەدا دوو خاڵ زۆر رەچاوبکەین. یەکەم: یەکەم نائامادەگی تیورەی سیاسی بە مانای نائامادەگی فیکر‌و بەهای سیاسی ناگەێنێت، گەر غیابی تیورە گەیشتە ئاستی ونبوون‌و ماڵاوایی له‌فیکر، بەتایبەت فیکری رەخنەیی، ئەوە له‌بەردەم مەترسییەکی زۆر گەورەداین. بەڵام گەر نائامادەگی تیورە بەجێهێشتنی شێوەی داهاتووی کۆمەڵگا بێت بۆ دیالۆگی بەردەوام‌و کردنەوەی کایەی سیاسی بێت بۆ فرەڕەنگییەکی فیکری ئەوا له‌بەردەم دیاردەیەکی تەندروستداین. لێرەدا شۆڕش وێنەیەکی رۆشنی بۆ پاشەڕۆژ نییە، بەڵام نرخ‌و بەهای بۆ پاشەڕۆژ هەیە. واتە بۆچوونێکی له‌سەر چۆنێتی حوکم هەیە، نەوەک له‌سەر حەتمییەتی گۆڕانکارییەکان‌و شێوەی بێچەندوچوونی کۆمەڵگای پاشەڕۆژ. دووەم: زۆرجار له‌مێژوودا کار دەرەنجامی کاریگەری تیورەیەکی پێشوەخت نییە، بەڵکو دەرەنجامی پێداویستی ساتە‌وەختەکەیە. دروستبوونی هێزێک بۆ پەرچەکرداری هەنووکەیی زۆر گرنگە. مێژوو چەندە له‌ڕووداوی گەورە دروستدەبێت، ئەوەندەش له‌ڕوداوی بچوک‌و پەرچەکرداری بچوک «کە راستەوخۆ له‌هەستکردن بە زوڵمەوە دروستدەبێت». بۆ نمونە کە یەکێک له‌بەردەمماندا دەکوژرێت، ناکرێت چاوەڕوانی تیورەیەکی سیاسی بکەین تا قسە له‌توڕەیی خۆمان بکەین. نابێت‌و ناکرێت هێزی پەرچەکرداری هەنوکەیی له‌مێژوو دەربهێنرێت‌و توانای ئەو پەرچەکردارانە بەکەم بگیرێت. دروستبوونی هێزێکی کرداری هەنوکەیی بە ئەندازەی هێزی بیرکردنەوە بۆ مێژوو گرنگە. بۆئەوەی ئەم بیرۆکەیە رۆشنبکەمەوە، دەڵێم: ئەم بزووتنەوەیە بزووتنەوەیەکی ئەنتی هاملێتییە. هاملێت مۆدێلی ئەو مرۆڤەیە کە زۆر بیردەکاتەوە‌و هیچ ناکات، بەڵام ئەنتی هاملێت ناهێڵێت بیرکردنەوە ئیفلیجیبکات، لێرەدا مەبەست دابڕاندنی پراکسیس نییە له‌فیکر، بەڵکو مەبەست رێگرتنە له‌فیکر له‌وەی ببێتە رێگر له‌بەردەم کرداری مێژوویدا. سێهەم: پەیوەندی نێوان تیور‌و پراکسیس دەبێت له‌پەیوەندی نێوان ئاغا‌و خزمەتکارەکەی دەرچێت‌و هەردووکیان ببن بە دوو کایەی هاوشانی یەک، دوو کایە کە له‌ناو یەکدا ناتوێنەوە، بەڵکو کار له‌یەک دەکەن. ئەو بۆچوونەی کە پێیوایە بزاوتێکی شۆڕشگێڕ نییە بێ تیورەیەکی شۆڕشگێر، بۆچوونێکە هەموو کات دروست نییە، بەپێچەوانەوە شوناسی شۆڕش دەبێت شوناسێکی کراوە بێت‌و له‌چنگی تاقە تیورەیەک دەربهێنرێت‌و بخرێتە ناو پرۆسێسێکی بەردەوامی چاوەدێری‌و گۆڕان‌و خوێندنەوەوە کە پاراستنی کۆمەڵێک نرخی ئەتیکی‌و ئەخلاقی قیبله‌نومای بێت

تێبینی: ئەمە چڕکراوەی ئەو بابەتەیە کە نوسەر له‌ڕۆژی 19ی 3ی 2011 دا له‌هۆڵی سۆڵیدارێتی، له‌بەردەم کۆمەڵێک له‌ڕوناکبیراندا پێشکەشیکرد

لە ڕژنامەی ئاوێنەوە

1 comment: