Wednesday 9 March 2011

کێن ئەوانەی دەڵێن "ئێستا کاتی قسە نییە"؟


هیچ شتێک لە جەوهەردا  باش یاخود خراپ نییە، ئەوە بیرکردنەوەیە کە دەیانکاتە باش یاخود خراپ.   هاملێت - شکسپیر

          لەم ساتانەدا زۆرجار و لێرەو لەوێ گوێمان لە هاوارێک دەبێت کە دەڵێت "ئێستا کاتی قسە نییە و کاتی ئیشە". هەندێکی تر هەمان رستە بەجۆرێکی کاڵفامانەتر و بازاڕیتر دووبارەدەکەنەوە و دەڵێن "شۆڕش لە پشتی کۆمپیوتەرە" وە ناکرێت. ئەمە یەکێکە لەو بۆچوونە سەیرانەی کە لە ساتی شۆڕش و قەیرانەکاندا هەمیشە دێتەپێشێ. بەدرێژایی مێژوو، لە هەموو شۆڕشەکاندا، نوخبەیەک دێتەپێشێ کە پێیوایە بیرکردنەوە شتێکی زیادە، پشتکردنە بیرکردنەوەش وەک جۆرێک لە نمایشی شۆڕشگێڕی و زیادەڕەوی لە هەڵگرتنی ڕۆحی شۆڕشدا نیشاندەدات... هەمیشە گروپێک هەیە قسەنەکردن بە لوتکەی کردار حیسابدەکات. ئەم بۆچوونە سەرەتا و لە نیگا هەرە ڕوکەشەکەیدا خۆی وەک سێبەری خەمخۆری گۆڕان و کۆمەڵگا دەردەخات، بێئەوەی بزانێت لە پشتییەوە چ مێژوویەکی ناشیرین ئامادەیە و لە پێشییەوە چ مێژوویەکی ترسناک دروستدەکات. ئەمە تەنیا یەکێک نییە لەو ڕستە ترسناکانەی کە دەرگای هەموو ناعەقلانییەتێک  و سەری سندوقی هەموو دەردێک  دەکاتەوە، بەڵکو ئەو خوارفەت و ئەفسانەیەشە کە "شەرعییەتی شۆڕشگێڕی" بەدرێژایی مێژوو دیکتاتۆرییەتی خۆی لەسەر دامەزراندوە

پرسیارێک بیکەین ئەوەیە: بۆ زۆر کەس لە کاتی شۆڕشدا، نایەنەوێت گوێیان لەقسە بێت، بۆ نایانەوێت کەس بە دەنگی بەرزبیربکاتەوە، بۆ کرداری خۆیان لێدەبێتە ئیشێکی گرنگتر لە ئیشی بیرکردنەوە؟. بەبڕوای من ئەم ترسە لە بیرکردنەوە و نوسین و ئەو هێرشە کە ئەو هێزە دەیکاتە سەر پرۆسەی نوسین، ئەوەی کار دەگەێنێتە ئەوەی نوسین و قسەکردن بە بەراورد بە  کاری شۆڕشگێڕانەی خۆی، وەک کاری ترسنۆکان لەقەڵەمبدات، شتێکی نوێ نییە. ئەمە درێژکراوەی ئەو کولتوورە دوورودرێژەی پەرستنی هێز و بە هیچ تەماشاکردنی فیکرە کە سیستمی سیاسی ئەمڕۆی ڕاگرتووە.  دەبێت بڵێین لەوساتانەدا کە گروپ و هێزە دەستەجەمعییە گەورەکان دەجوڵێن، هەمیشە خواستێکی گەورە دروستدەبێت کە خەڵکان لە ناویدا بتوێنەوە، فەردەکان تووشی ئەو دۆخەدەبن کە عاشقانە خۆیان بهاونە ناو گروپ، کۆ دەبێت بە هەموو شتێک و تاک دەبێت بە هیچ. جەماوەر دەبێتە موقەدەس و ئینسان دەبێتە پاشکۆ، تواندنەوە لە شەپۆلی جەماوەردا دەبێتە جۆرێک لە ڕێگای خۆدەربازکردن لە لاوازیی خود. ڕستەکە تەنیا تەعبیر لە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانەی ئاگرگرتوو ناکات، کە لە حەماسەتدا گوێی خۆی دەگرێت و نایەوێت گوێی لە هیچ دەنگێک بێت، بەڵکو تەعبیر لە ڕۆحێک دەکات تەنیا دەنگی هێزە گەورەکان دەبیستێت، نەوەک دەنگی مرۆڤە تاک و ڕاستەقینەکان. نیتشە یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی لەسەرەتاوە دژی ئەم ڕۆحی کۆپەرستییە قسەیکردوە، ڕۆحێک تەنیا بینا و باڵەخانە بەرزەکانی بۆ گرنگە، نەوەک ئەو بەردانەی کە بینا و باڵەخانەکانی لێدروستدەکرێن. نیتشە فەیلەسوفانی کۆن و فەیلەسوفانی داهاتوو بەوە لە یەک جیادەکاتەوە کە لای گروپی یەکەم "کۆ" یان "گشت" هەموو شتێکە. ئەو لە کتێبی "مرۆڤانە، زۆر زۆر مرۆڤانە" دا دەنوسێت "فەیلەسوف لەو باوەڕەدایە کە جیهانی فەلسەفەکەی لە کۆ دایە، لە باڵاخانەکەدایە، بەڵام " بەپێچەوانەی فەیلەسوفەوە " دونیای داهاتوو گرنگی لە بەردەکەدا دەیبینێت... لەوەدا کە هەموو باڵەخانەیەک دەشێت بڕوخێت،  ئەوسا بەهاکە تەنیا لە بەردەکەدا دەمێنێتەوە کە وەک مەتریال نرخی خۆی لەدەست نادات". کێشەی ئەوانەی کە کردار دەپەرستن، کێشەی هەموو ئەوانەیە کە کۆ گەورەکە دەبینن و نرخی ئەو بەردانە نازانن کە لای ئەوان  تەنیا شتێکن لە ناو کۆی سیستمەکەدا نرخیان هەیە. گوێنەدان بەقسەکردن مانای گوێ نەدان بە تاکەکان، بەبیرکردنەوەیان، بە جیاوازیان، بەدەنگیان... ئەوەی کە دەڵێت قسە گرنگ نییە، ئەوەیە کە دەڵێت بیرکردنەوەی تاک گرنگ نییە، بەڵکو ونبوون و توانەدنەوە لەناو کۆدا گرنگە، تێکەڵکردنی ئیرادە بچوکەکان لەناو یەک ئیرادەی گەورەدا گرنگە و هیچی تر... ئەوانەی کە دەڵێن ئەمڕۆ ڕۆژی کارە و ڕۆژی قسە نییە، ئەوانەن کە دەیانەوێت مێگەل دروستبکەن نەوەک مرۆڤی ئازاد. مرۆڤی ئازاد هەمیشە پێویستی بە جیاکردنەوەی باش لە خراپ هەیە و ئەو جیاکارییەش وەک هاملێت دەڵێت بێ بیرکردنەوە کاری نەکردەیە. ئەوانەی کە لەساتی شۆڕشدا نوسین و بیرکردنەوە بە بێبایەخ دەزانن، ئەوانەن کە تەنیا هێزی گەورەی کرداری دەستەجەمعیان بۆ گرنگە، نەوەک جوانی و وردی ئەو تێرامانە فەردی و تایبەتیانەی کە بناغەی ئازادی مرۆڤ دادەڕێژن. ئەوانەن کە ترسنۆکی خۆیان بە ئازایەتییەکی دەستەجەمعی دادەپۆشن، بچوکی خۆیان بە گەورەیی ئەو جەستە کۆمەڵایەتییە دادەپۆشن کە لە ناویدا دەتوێنەوە. ئەوەی کە پێیوایە کاتی شۆڕش کاتی بیرکردنەوە و نوسین نییە و کاتی کردارە، جۆرە ئادەمیزادێکن کە وەک فرۆم دەڵێت لە ئازادی خۆیان هەڵدێن و هێزی خۆیان تەنیا لە هێزی دەستەجەمعی و ئیرادەی گروپە گەورەکانەوە وەردەگرن

 
لە شۆڕشەکانی پێشوودا هەمیشە ئەوانەی چەکیان بەدەستبووە و لە شاخ بوون، هەموو خەباتیان کورتکردۆتەوە بۆ چەک هەڵگرتن. ئەوانەی لە شۆڕشدا نەبوون و چەکیان هەڵ نەگرتووە، هەمیشە ترسنۆک و خائین و هەڵهاتوو لە واقیع ناونراون. ئەم خودئەڤینییە "نەرجسییەتە" کە چەک بەدەستدانی شۆڕش لە خۆیاندا چاندوویانە.. ئەوەی واقیعیان بچوککردۆتەوە بۆ ئەو بازنە جوگرافی و سیاسییە بچوکەی نزیک خۆیان، کارێکیکردوە  وێنەیەکی سوپەرمانی وا بۆ خۆیان دروستبکەن ئێمە تا ئەمڕۆ بەدەستییەوە دەناڵێنین. ئێمە ئێستا گیرودەی ئەوەین کە نەوەیەکمان هەیە بە ناوی ئەوەی خەباتیکردوە، هەموو کۆمەڵگا بەقەرزدار دەزانێت و ئەوەی زەوتیکردە بە موچەی خەباتی درێژی خۆی حیسابیدەکات. ئەوەی ئەو کارەساتە ئەخلاقی و سیاسییەی لە کوردستاندا دروستکردوە ئەو غرورە شۆڕشگێڕانەیەیە کە پارتی و یەکێتی لە بیست ساڵی ڕابوردوودا بە ناوی خەباتەوە حوکمیان پێکردوە. ئەمڕۆ فایرۆسی کوشندەی ئەو دەردە لە ناو ئەم نەوەیەشدا خەریکە بەجۆرێکی بەرچاو دووبارە بڵاودەبێتەوە، غروری شۆڕشگێڕانە مرۆڤی ئازاد دروست ناکات، بەڵکو کەسانی ترسناک و بێڕەحم و بێباک دروستدەکات، ئەوانە دروستدەکات بەناوی خەباتگێڕییەوە نایەنەوێت گوێ لە هیچ بگرن و بەناوی کردارەوە عەقڵ و بیرکردنەوە دەخەنە لاوە و تووشی ئەو وەهمە دەبن کە ئامادەبوونیان لە مەیدانی شۆڕشدا، ئۆتۆماتیکی ئەلتەرناتیڤی ئەوەیە بیربکەنەوە، گومانبکەن، گوێبگرن، ڕابمێنن، لێبوردنیان هەبێت، چاوەدێری ئینسانییەت و هۆشی خۆیان بکەن. شۆڕشگێڕبوون لێرەدا ئەو غرورە نائینسانییەیە کە دەکرێتە هۆکار و پەیژە بۆئەوەی بەسەریدا سەربکەون و  لاوازییەکانی خۆیان بشارنەوە، شەڕانگێزی خۆیان لەڕێگایەوە ئازادبکەن و ئەو هەقە بدەنە خۆیان کە هەموو وزە و بوغزێک بەرەڵابکەن. ئەمە جۆرێکە لە خراپە کە بەبڕوای من نزیکییەکی زۆری لە پێناسەکەی هانا ئارێنێتەوە بۆ بەدکاری هەیە. ئارێنت لە کتێبی «دەربارەی بەدکاری» دا دەنوسێت «بەدکاری ناتوانێت ڕادیکال بێت، ڕیشەی نییە، لەبەرئەوەی ڕیشەی نییە، سنووریشی نییە، دەتوانێت بەجۆرێکی چاوەڕوان نەکراو گەشەبکات و لە هەموو دونیادا بڵاوبێتەوە». بەڵام مانای چی خراپە یان بەدکاری ڕیشەی نەبێت؟. مانای ئەوەی نەتوانێت بچێتە بنج وبناوان و ژێر ڕیشەی کێشەکان، واتە تەنیا ڕوکەشی خۆی و ڕوکەشی ئەوانی دی و ڕوکەشی جیهان ببینێت. حوکمەکانیشی وەک ئارێنت دەڵێت زوو بڵاودەبنەوە، نەلەبەرئەوەی لە هوشیارییەوە دێن، بەڵکو لەبەرئەوەی پێویستیان بە هوشیاری نییە. خراپە ناتوانێت ڕادیکال بێت، لەبەرئەوەی هەمیشە لەقسەکردن و بیرکردنەوە و دیالۆگ هەڵدێت، ناتوانێت ڕادیکال بێت، چونکە کارێکە ڕیشەی لە سەتحییەت و کورتبینیدا هەیە. ئەمجۆرە تێزانە وەک ئاگر لەناو ئەوانەشدا بڵاودەبنەوە کە ناتوانن بیربکەنەوە، لەبەرئەوە پشتکردنە عەقڵ و بیرکردنەوە لەم ساتانەدا ڕوکردن نییە لە حەماسەتی شۆڕشگێڕی، بەڵکو ڕوکردنە لە حەماسەتی بەدکاری. ئەوەی بیرکردنەوە لە ساتەوەختی شۆڕش دەکاتەدەرەوە، بە شێوەیەکی زەق و سادە بەشێک لە مێژووی خراپەکاریی پێش خۆی دووبارەدەکاتەوە. خراپە زوو دەبێتە خراپەیەکی بێسنوور، خراپەیەک کە وەک پەتا بەزەویدا بڵاودەبێتەوە، چونکە هەمیشە لەسەر حوکمی پێشوەخت و پێشداوەری دێرین ئیشدەکات، لێرەوە بەخێرایی دەتوانێت وابکات شۆڕش لە پرۆسەی ئازادکردنی عەقڵەوە، لە بزوتنەوەیەکی ڕۆشنگەرییەوە بگۆڕێت بۆ گوژم و تەوژمی ئەوانەی کە بیرناکەنەوە و تەنیا پێشداوەری و کرداریان پێیە ... هەموو دیکتاتۆرەکان پیاوی کردارن بەبێ بیرکردنەوە... هەموو دیکتاتۆرەکان میللەتەکانیان ڕادەهێنن ئیشبکەن و قسەنەکەن، دیکتاتۆرییەت بریتییە لە ستایشی کردار بەبێ بیرکردنەوە، ستایشی ئیش بەبێ قسەکردن
 
 دواجار حەزدەکەم ئاماژە بە ڕستەیەکی گۆستاڤ فلۆپێر بدەم کە دەڵێت "بە دانیشتنەوە نەبێت ناکرێت بیربکەینەوە یان بنوسین".  نیتشە لە کتێبی "بەسەرچوونی بتەکان" دا زۆر دژی ئەم بۆچوونە دەوەستێت و دەڵێت "ئەوەی پاشەڵت واقورس بێت، تاوانێکە دەرهەق بە عەقڵ، تەنیا ئەو بیرکردنەوانە نرخیان هەیە کە لە کاتی ڕۆیشتندا بۆمان دێن". نیتشە لەوەدا لەسەر هەقە کە بیرکردنەوە و ئیشکردن، یان بیرکردنەوە و ڕۆیشتن لەیەک دەدات، بەڵام دواجارئەوەی لەسەر شانۆی مێژوو زۆر دەبینرێت ڕۆیشتنە بەبێ بیرکردنەوە. بەهۆی ئەوجۆرە لە شۆڕشگێڕانەوە کە توانای تێفکرینیان نییە، بزووتنەوە جەماوەرییە گەورەکان دەبن بە چەند مارشێکی گەورە بەرەو نادیار و دەبن بە شەپۆلێک کە نازانێت بەرەو کوێ دەچێت. بە ناچیز تەماشاکردنی فیکر و نوسین و قسە، هیچ نییە جگە لەبەرزڕاگرتنی کرداری خاڵی لە خەیاڵ و فیکر... ستایشی ڕۆیشتن بەبێ بیرکردنەوە، کۆمەڵگایەک دروستدەکات کە تابلۆ بەناوبانگەکەی برۆگل مان بەیادا دەهێنێتەوە، کە کوێرێک دەستی کوێرێک دەگرێت و ئەویش دەستی کوێرێکی دی و ئەویش کوێریکی دی، تا زنجیرەیەک لە کوێر دروستدەبێت، هەڵدێرانی یەکێکیان دەبێت بە هەڵدێرانی هەموو ئەوانی دی. ئەمڕۆ لە ناو ئەم نەوەیەدا وەک نەوەکانی پێشوو، بەناوی کردار و ئازایەتییەوە، ستایشی کوێری دەکرێت، بێدەنگییەکی ترسنۆکانەش بەرامبەر بەم تێزەیە هەیە کە خۆی وەک بەرهەمی حەماسەتی گڕگرتووی شۆڕش پیشاندەدات، لە کاتێکدا هیچ نییە جگە لە دووبارەکردنەوەی مێژووی کینە و بیرنەکردنەوە و خراپەکاری .... فلۆپیر زیادەرەویدەکات لە بەپاسیفکردنی فیکردا کەدەڵێت " بەدانیشتنەوە نەبێت ناتوانین بیربکەینەوە"، ئەمە زۆر لە نرخە پراکتیکییەکەی فیکر دادەبەزێنێت. نیتشەش زیادەڕەویدەکات کە دەڵێت " تەنیا ئەو بیرکردنەوانە نرخیان هەیە کە لە کاتی ڕۆیشتندا بۆمان دێن"... بەڵام لە هەموو بارەکاندا "بیرکردنەوە بە دانیشتنەوە" چاکترە لە ڕۆیشتن بە بێ بیرکردنەوە.  چونکە کرداری ڕووت ناتوانێت بیرکردنەوە بجوڵێنێت، بەڵام بیرکردنەوە هەمیشە "گەر ڕاستەوخۆش نەبێت" دینەمۆی بزاوت و گۆڕان و جوڵەیە

1 comment:

  1. dast xosh kak baxtyar Nusinakant zor ba pezn!!! bardawam ba !!

    ReplyDelete