Wednesday, 30 March 2011

زۆرینە پشتی كردوەتە دەسەڵات



دیمانه‌: پشتیوان سەعدوڵا

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی‌پێكرد، به‌ختیار عه‌لی‌ یه‌كێك بو له‌ و رۆشنیر و روناكبیرانه‌ی‌ كورد، كه‌ په‌یامی‌ خۆی‌ بۆ پشتیوانی‌ خۆپیشانده‌ران گه‌یانده‌ سه‌رای‌ ئازادی‌، خوێندنه‌وه‌ی‌ په‌یامه‌كانی‌ به‌ختیار و رۆشنبیرانی‌ تر گوڕوتینی‌ زیاتریدا به‌ خۆپیشانده‌ران بۆ ئارامگرتن و سوربون له‌سه‌ر داخوازییه‌ ره‌واكانی‌ خۆیان، دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌شی‌ سه‌ره‌ڕای‌ زنجیره‌ كۆڕه‌كانی‌ خۆی‌ و هاوڕێكانی‌ رۆژانه‌ به‌ختیار له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ له‌ناو خۆپیشانده‌راندا ده‌بینرێت، به‌ختیار ده‌ڵێت: "ئەمجۆرە بزوتنەوانە بە لۆژیكی كەمینە و زۆرینە ئیش ناكات، مەنتیقی شۆڕش، یان راپەڕین وەك مەنتیقی هەڵبژاردن نییە، كێشەكە لەو ساتەدا دروستدەبێت كە هەڵبژاردن وەك كەرەستەیەكی گۆڕانكاریی لەكار دەكەوێت

 دەتوانین بڵێین؛ ئێستا هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی نوێدا تێدەپەڕێت؟ 
بەختیار عەلی: ئەگەر زۆر وردبین، دەتوانین بڵێین ساتەوەختێكی نوێیە، زۆرجار هەمومان وشەی قۆناغ بەكاردەهێنین، هەتا منیش ناوبه‌ناو بەكاری دەهێنم، بەڵام گەر زۆر وردبین بین، دەبێت گوزارەی ساتەوەختێكی مێژویی نوێ بەكاربهێنین، قۆناغ لە روی زەمەنییەوە ئاماژە بۆ سەردەمێكی درێژتر دەكات، ئێمە هێشتا تەواو نەچوینەتە سەدەیەكی نوێوە، بەڵام پێمانخستوەتە ساتەوەختێكەوە كە لە ساتەوەختەكانی دی ناچێت، ئێستا ساتەوەختێكی مێژویی نوێیە، بۆچی نوێیە؟ هۆكان گەلێك زۆرن كە كورتكردنەوەیان لێرەدا ئەستەمە، لە هەمویان گرنگتر لای من سەرهەڵدانی بزاوتێكی نائایدیۆلۆژی و ناحیزبی و بێ سەركردەیە، بێگومان حیزبەكان و ئایدیۆلۆژیاكان و سەركردەكان لەناو بزوتنەوەكەدا هەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە هیچ كەسیان نە دەتوانن بە تەواوی خۆیان بە خاوەنی خەڵك و نە بۆشیان دەچێتە سەر گەر ئەو خاوەندارییە رابگەیەنن. گرنگ ئەوەیە ئێستا هێزێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێ هەیە، كە هیچ كەس ئاسان ناتوانێت بیدزێت، یەكەمجارە لەدەرەوەی حیزب و فۆرمی حیزب هێزێكی كۆمەڵایەتی نوێ لەدایكدەبێت، هێزێكە موڵكی چەپەكان، یان ئیسلامییەكان، یان گۆڕان نییە، بەڵكو هەمو ئەو هێزانە ناچار دەكات دوای بكەون و هەوڵبدەن سودی لێببینن و شتێك لەو دەستكەوتانە هەڵبگرنەوە كە لێی دەكەوێت، ئەوە تەنیا نیشانەیەكە لە نیشانەكانی ئەم بزوتنەوەیە كە هەڵگری گەلێك نیشانەی زۆرترە، هەڵبەت ئەم ساتەوەختە مێژوییە گەورانە بەو درزە گەورانەدا دەناسرێتەوە كە دەیكاتە تەواوی ستراكتۆرەكە، ئەو درزانەی كە دەچێتە ناو دونیای رابردو گەورەترین نیشانە و دەسكەوتی ئەمجۆرە ساتەوەختانەن، لەوە بترازێت، ئەم ساتانە پڕە لە بۆنی هێزی كۆن و ململانێی كۆن و سەری كۆن، كە بە دەمامكی تازەوە دێنەوە پێشێ، بەڵام ئەوەی جەوهەری بزوتنەوەكە پێكدەهێنێت، ئەو هێز و دەموچاو و ئایدیا كۆنانە نییە كە دەیانەوێت ئەم ساتەوەختە مێژوییە بۆ خۆیان بقۆزنەوە، بەڵكو ئەو هەوا تازەیەیە كە لە كرانەوەی پەنجەرەكان و درزە گەورەكانەوە دێتە ژورێ، ئەمڕۆ زۆر ئایدیۆلۆژیای كۆن دەیانەوێت دەمامكی تازە لەسەر بكەن، بەڵام بە بڕوای من دەمامكی نوێ سودێكی نییە، ئەم ساتە پێویستی بە رۆحێكی نوێ هەیە، نەوەك بە دەمامكێكی نوێ



  ئەم جوڵاندنەوەیەی كە ئێستا لەسەر شەقام دەبینرێت، خواست و داوای میللەتێكە، یان وەك دەسەڵاتداران باسی دەكەن خواستی كەمینەیە؟
بەختیار عەلی: ئەمجۆرە بزوتنەوانە بە لۆژیكی كەمینە و زۆرینە ئیش ناكات، مەنتیقی شۆڕش، یان راپەڕین وەك مەنتیقی هەڵبژاردن نییە، كێشەكە لەو ساتەدا دروستدەبێت كە هەڵبژاردن وەك كەرەستەیەكی گۆڕانكاریی لەكار دەكەوێت، لە هەمو ئەو وڵاتانەی خۆرهەڵاتدا كە ئێستا راپەڕین و شۆڕش رودەدەن بەردەوام هەڵبژاردن هەبوە، هەڵبژاردن بەم مۆدێلە خۆرهەڵاتییەی كە لە وڵاتانی كۆنی جیهانیی سێیەمدا هەیە یەكێكە لە چەكە گەورەكانی ئیستیبداد. جیاوازییەكی گەورە لە نێوان مۆدێلی هەڵبژاردنی دیموكراسی لە خۆرهەڵات و خۆرئاوادا هەیە، هەڵبژاردن لەم دو سیستمەدا دو سیاقی جیاواز و دو وەزیفەی جیاوازیان هەیە، ئەم مۆدێلە لە هەڵبژاردن كە مەبەستی شەرعیەت بەخشینە بە دیكتاتۆرییەت تەواوی وڵاتە پەراوێزییەكانی گرتوە، لە دیكتاتۆرێكی وەك شافێزەوە بیگرە تا دیكتاتۆرەكەی كۆریای باكور، تا مۆگابی، تا عومەر بەشیر و عەلی عەبدوڵا ساڵح و ئەحمەدی نەژاد، هەمو بە حیساب دەنگی خەڵكیان وەرگرتوە و هەڵبژاردنیان بردوەتەوە. هەمو دیكتاتۆرەكانی مێژو بە مەنتیقی دەنگی زۆرینە كار دەكەن، هەڵبەت لە جێگەیەكدا سەركوتكردن و ترساندنی سیاسیی هەبێت، تەنیا كەمینەیەك جورئەتی قسەكردن دەكات، هەڵبژاردن لە وڵاتانی ئێمەدا ئاوێنەی راستەقینەی زۆرینە و كەمینە نییە، ئەو پرۆسێسە سایكۆلۆژییەش كە لەپشت شۆڕشەوەیە جیاوازە لەو پرۆسێسە سایكۆلۆژییەی كە لەپشت هەڵبژاردنەوەیە، راستە ئەو هێزەی كە لەسەر شەقامە زۆرینە نییە، بەڵام زۆرینەی كۆمەڵگەی ئێمەش لایەنگری بۆ دەسەڵاتداران رانەگەیاندوە، واتە ئێستا زۆرینەیەكی پاسیڤمان هەیە، كە تەواو پشتی دەسەڵاتی بەرداوە و بە رۆشنییش پشتی بزوتنەوەكەی نەگرتوە، لەمجۆرە حاڵەتانەدا كە زۆرینە دەبێتە هێزێكی پاسیڤ، ململانێ دەكەوێتە نێوان هێزێكی كۆمەڵایەتی و مێژویی نوێی ئەكتیڤ و دەسەڵات و دەزگاكانییەوە، بە گشتیی زۆرجار كەمینەیەكی ئەكتیڤ توانایەكی گەورەی لەسەر گۆڕینی مێژو هەیە، كێشەكە لێرەدا ئەوە نییە كە كەمینە لەسەر جادەیە، بەڵكو ئەوەیە زۆرینە بە ئاشكرا پشتیكردوەتە دەسەڵات و ئەگەر ئامادەش نەبێت بێتە سەر جادە، ئامادەنییە بەرگریی لێ بكات، ئەوە یەكێكە لە لابەلابونەوە گرنگەكانی ئەم ساتەوەختە، ئێستا گرنگ ئەوە نییە ژمارەی خۆپیشاندەران چەندن، بەڵكو ئەوەیە وێنەی دەسەڵات لە كۆمەڵگەی ئێمەدا چی بەسەرهاتوە و دەسەڵات تا چ ئەندازەیەك توانای ئەكتیڤكردنی هێزی كۆمەڵایەتی هەیە. نرخی ئەم ساتەوەختە لەوەدایە، كە دەسەڵات سۆز و خۆشەویستی زۆربەی هێز و نوخبە چالاكەكانی كۆمەڵگەی دۆڕاندوە، ئەوە نرخی گەورەی ئەم ساتەیە



 لەم ساتەوەختە مێژوییەدا ئەركی رۆشنبیر چییە؟
بەختیار عەلی: لەمجۆرە ساتانەدا كە «شۆڕشگێڕی مەوسمی» مەیدان پڕ دەكەن، هەوڵێكی گەورە هەیە كە رۆڵی رۆشنبیر بچوكبكرێتەوە، سەتحی بكرێتەوە، لەقاڵب بدرێت، لەناو تەفاسیلی ساتەوەختەكەدا بكوژرێت، ئەركی رۆشنبیر لەمجۆرە ساتانەدا لە چوار خاڵی سەرەكیدا كورتدەبێتەوە: «یەكەم: هەوڵدان بۆ تیوریزەكردنی ساتەوەختەكە، واتە نەهێڵێت فیكر بكەوێتە دەرەوەی ساتەوەختە مێژوییەكە و لەسەر نەخشە سیاسییەكە ونببێت، واتە نەهێڵێت حەماسەتی سیاسیی بەسەر حەماسەتی بیركردنەوەدا سەربكەوێت، دوەم: لەوە نەكەوێت كە بەرگریی لە مانا یونیڤه‌رساڵیەكان بكات، لە بەها گەردونییە گەورەكانی وەك ئازادی و عەدالەت، دوای ئەوەی باریان دەكات بە رەهەندە لۆكاڵەكان، واتە دوای ئەوەی مانایەكیان پێ دەبەخشێت لەگەڵ رۆحی ئەو ساتەدا بگونجێت، واتە لەپشت هەندێك داواكارییەوە بوەستێت، نەوەك لەپشت لایەنێك، یان بەریانێكی سیاسییەوە، سێیەم: نزیكبێت لەو هێزانەی كە رۆحی نوێگەری و رۆشنگەریی بەرجەستە دەكەن، چوارەم: تادەتوانێت هەوڵبدات دژ بە توندوتیژیی بوەستێتەوە، كەمكردنەوەی خوێنڕێژیی یەكێكە لە هەرە ئەركە گەورەكان كە رۆشنبیر دەتوانێت دەورێكی گرنگی تێدا بگێڕێت، بەوەی بتوانێت سنورێك بۆ شەڕانگێزی و ناعەقڵانییەت دابنێت



 گەڕانەوەتان لەم ساتەدا بۆ كوردستان تا چەند پەیوەندیی بە زیاتر فۆرمەلەكردنی جوڵانەوەكەیە؟
بەختیار عەلی: خۆپیشاندانەكان رێكخەری خۆی هەیە، ئەنجومەنێكی هەیە كە بەناوییەوە قسە دەكات و قسەكەرێكی رەسمیشی هەیە، كە تەعبیر لە نیازی ئەنجومەنەكە و لە بۆچونەكان و پێویستییەكانیشی دەكات. ناكرێت هەر كەس بێتو بڵێت؛ من ئەو كارە دەكەم، وەك دەڵێن؛ كە چێشتكەران زۆربون چێشتەكە دەسوتێت، هەر كەس بێتو بڵێت؛ من رۆشنبیرم و خۆپیشاندانەكە من رێكیدەخەم، ئەوە بزوتنەوەكە بەرەو لاوازبون و كەرتبون دەبات، من مافی ئەوەم نییە، دەست لە كاروباری ئەو ئەنجومەنە وەردەم، من وەك هاوڵاتییەك و فەردێك لەوێم، تەنیا شتێك بۆم بكرێت ئەوەیە هەوڵبدەم یەكەم: ئامادەبم و پشتگیریی لایەنە رۆشنەكانی بزوتنەوەكە بكەم. دوەم: شانبەشانی ئەو بزوتنەوە سیاسییە هەندێك چالاكی فیكریم هەبێت تا رۆڵی رۆشنبیر لەوەدا قەتیس نەبێت لە مەیدانەكەدا بوەستێت و هیچی تر و لەبەر ئەوەی لە هەمو بزاوتێكی سیاسیی دەمێنێتەوە بەها و نرخە فیكرییەكانییەتی و هیچی تر، من نە خۆم و نە كاراكتەرم و نە سروشتم هەڵگری ئەگەری ئەوە نییم ببم بە سیاسیی، یان سەرۆك، یان رابەر، من هەرچییەكم پێ بكرێت بۆ بەهێزكردنی بزوتنەوەكە و گەیشتنی بە داوا رەواكانی دەیكەم، بەڵام دەستوەردان لە كاروباری ئەنجومەن و دروستكردنی بكێش بكێش لە ناویدا و پەرتكردنی و لاوازكردنی و دروستكردنی شوێنی جیاواز جیاوازی بڕیار لە قازانجی بزوتنەوەكە نییە، من گەر پرسێكم پێ بكرێت، دەتوانم رای خۆم بڵێم، لە یەك دو بۆنەشدا ئەو رایانەمان بە هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنەكە گەیاندوە، دیارە ئەنجومەنەكە قسەكەری رەسمیی خۆی هەیە و هەر پێویستییەكی هەبێت دەبێت لە رێگەی ئەوەوە بێت، جگە لەوە خۆت لە من باشتر دەزانیت، كە خۆپیشاندانەكە ئەندام و لایەنگری چەندین هێزی سیاسیی گەورەی تێدایە و ئەو هێزانە خۆیان ئەندامەكانی خۆیان رێكدەخەن و رێگەنادەن كەس ئەندامەكانیان بۆ رێكبخات، لەبەر ئەوە من و برایانی رۆشنبیری تر كە لە منەوە نزیكن، نە كەس داوای لێكردوین ببین بە رێكخەری خۆپیشاندان، نە مافی ئەوەمان هەیە، چونكە خۆپیشاندانەكان رێكخەری رەسمیی خۆی هەیە، نە دەتوانین، چونكە هێزە سیاسییەكان و حیزبەكان كەم تا زۆر خۆیان ئەندامی خۆیان رێكدەخەن و چاوەڕوانی دەمی ئێمە نین ئەندامەكانیان بۆ رێكبخەین، نە دەشمانەوێت، چونكە رۆڵی رۆشنبیر جیاوازە لە رۆڵی چالاكوانی سیاسی و گەر رۆشنبیر بەو كارەش هەستێت ئەی چالاكوانە سیاسییەكانمان چی لێ بكەین و بیانبەین بۆ كوێ؟». ئەمە جگە لەوەی جۆرە گەمەیەكی سیاسیی زۆر زۆر ناشیرینیش لە پشتەوە هەیە، كە من بە زەقی هەستی پێدەكەم، هەوڵدەدرێت وانیشانبدرێت كە گوایە رۆشنبیران بەرپرسن لە هەمو شتێكی ئەم بزوتنەوەیە، تا گەر سبەی ئەنجامی نەبو، هێزە سیاسییەكان خۆیانی لێ دەربكەن، ئەوە جۆرێكە لە نائەخلاقییەتی سیاسیی كە من بە زەقی دەیبیستم و دەیبینم، رۆشنبیران بەرپرسن لەو هوشیارییەی كە ئەم بزوتنەوەیەی دروستكردوە، نەوەك لە تاكتیك و رێكخستن و بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە، تەنیا مرۆڤی زۆر بێئاگا دەتوانێت ئەم دو ئاستە تێكەڵ بكات.. ئەوەیان كاری هەڵسوڕێنەران و ئەنجومەن و سیاسەتمەدارانە، نەوەك رۆشنبیران



 حەماسەت لەپشت جوڵەی ئێستای زانكۆوەیە، یان فیكر؟
بەختیار عەلی: كاتێك ئەو رۆلە هیوابەخش دەبێت، كە هەم رۆڵێكی سیاسی و هەم فیكریی بێت. زانكۆ دەزگایەكی زانستییە كە دەكرێت رۆڵێكی گرنگ لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا ببینێت، بەوەی ببێت بە بزوێنی كۆمەڵێك دیالۆگی فیكری و ببێت بە فاكتەری دەوڵەمەندبونی ئاسۆكانی بینین لەم بزوتنەوەیەدا، زانكۆ تائێستا بە بەشێكی ئەركەكەی هەستاوە، بەوەی نەچێتە پەراوێزی روداوەكان و نەكەوێتە دەرەوەی مێژوی كۆمەڵگەی خۆی، بەڵام تائێستا و وەك هەمیشە، بە چەشنی دەزگایەكی فیكری و مەعریفی ئیش ناكات.
بزوتنەوەكە تەنیا بە حەماسەت ناژی، بەڵكو پێویستی بە فیكر و بەهای راستەقینە هەیە بۆ ئەوەی گەشە بكات، ئەوەی وادەكات بزوتنەوەیەك لە مێژودا بمێنێتەوە روە كلتوری و رۆشنبیرییەكەیەتی، نەوەك روە سیاسییە روتەكەی، چونكە ئەو ئاسەوارانەی بزوتنەوەیەك لەسەر سیاسەت جێیدەهێڵێت، هەمیشە كاتییە، بەڵام ئەو ئاسەوارانەی لەسەر فیكر جێیدەهێڵێت هەمیشەییتر و قوڵترە، سیاسەت رەگەزێكی بزۆك و زوگۆڕە، بەڵام فیكر لە كاتی كۆنبونیشدا كاریگەرییە مێژوییەكانی خۆی ون ناكات، ئێستا گرنگە ئەم بزوتنەوەیە نەوەیەك رۆشنبیری نوێ بهێنێتە كایەوە، قەتیسبونی ئەم نەوەیە لە فەیسبوكدا بەرەو سەتحییەتی دەبات، كاتێك دەتوانم بڵێم؛ كە زانكۆ رۆڵی خۆی گێڕاوە كە فیكر ببینم، كە دیالۆگی جیدیی ببینم، كە داواكاریی راستەقینە ببینم، كە بیركردنەوە لە گۆڕانی رادیكاڵ و ریشەیی ببینم



 پێتوایە ئەم بزوتنەوەیە ئیرادەیەكی بەهێزی هەبێت بۆ گۆڕانكاریی ریشەیی لە هەرێمی كوردستان؟
بەختیار عەلی: گرنگ ئەوەیە ئیرادەیەك هەیە داوای گۆڕینی بارودۆخی سیاسیی كوردستان دەكات، هەندێك خەڵك و سیاسیی گەندەڵی لێدەرچێت، زۆربەی خەڵكی كوردستان لەسەر ئەو داوایە كۆكن، زۆربەی خەڵك گۆڕانكاریی سیاسیی لە سەتحی باڵادا بە گۆڕانكاریی ریشەیی دەزانن، من گۆڕانكاریی ریشەیی بە گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی و ئابورییەوە گرێدەدەم. گۆڕانكاریی ریشەیی بریتییە لە؛ گەورەبونی ئازادییەكانی ئینسان، گۆڕانی شوێنی ژن، بەگەڕخستنی پرۆژەیەكی نوێگەری سیاسی و كۆمەڵایەتی، بەهێزبونی شوێنی گەنج و رێكخستنەوەی فەزای سیاسیی، گۆڕینی سیاسیی تەنیا كاتێك نرخی هەیە كە هاوشانی ئەو گۆڕانكارییە ریشەییانە بێت، بەداخەوە هێزی گۆڕانكاریی ریشەیی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا تائێستا زۆر كزە، ئیرادەی گۆڕینی سیاسیی هەمیشە لە ئیرادەی گۆڕینی كۆمەڵایەتی گەورەترە، چونكە گۆڕینی سیاسیی هەم سادەتر و هەم زەقتر و بەرچاوترە، گۆڕینی رادیكاڵ پێویستی بە ئیشی عەقڵی و سیاسیی گەورە هەیە، كە تەنیا كۆمەڵگەی زۆر هوشیار و ئازا دەوێرێت شانی بداتە بەر، شۆڕشی سیاسیی قەت زامنی شۆڕشی كۆمەڵایەتی نییە، بەبێ شۆڕشی كۆمەڵایەتیش ریشەكانی ستەم و دیكتاتۆرییەت هەمیشە زیندو دەبن، ئازادیی سیاسیی ناپارێزرێت گەر لە بنەوەڕا مانایەكی نوێ و بەرفراوان بۆ ئازادیی دەستەبەر نەبوبێت، ئەوەی من لە مێژودا دەیبینم ئەوەیە، ئازادیی سیاسیی بونی نییە بە بێ پاڵپشتییەكی گەورە لە لایەن ئازادییە فەردی و كۆمەڵایەتییەكانی دییەوە، بۆیە زۆرجار دەڵێم؛ كە ئازادیی لەت لەت ناكرێت، بەو مانایەی كە ئازادیی سیاسیی بە رۆیشتنی دیكتاتۆرێك نایەتە دی، بەڵكو بە رۆیشتنی ئەو هەلومەرجانە دێتەدی كە دیكتاتۆرییەت بەرهەم دەهێنێت، گۆڕانی ریشەیی لە وڵاتی ئێمەدا بكەری نییە. هەمو دەتوانن گەمە ئاسانەكەی گۆڕان باش ببەن بەڕێوە، كە گەمەی سیاسەتە، بەڵام تەحەدای نرخە كۆمەڵایەتییەكان، شكاندنی ئەو ترادسیۆنە قوڵەی كە ستەمی لەسەر بونیادنراوە تەنیا ئەوە گۆڕانكاریی ریشەیی دروست دەكات


لە سایتی سبەی وەرگیراوە

No comments:

Post a Comment