به‌ختیار عه‌لی بۆ هاوڵاتی: دوای ئه‌و په‌یامه‌ی بارزانی هیچ ئومێدێك به چاره‌سه‌رییه‌كی بچو‌وكیش نه‌ما.. پارتی‌و یه‌كێتی ئه‌م سیسته‌مه‌یان وا تێك نه‌داوه تا بۆیان چاكبكرێته‌وه
5/4/2011
سازدانی: سوركێو محه‌مه‌د
به‌ختیار عه‌لی نووسه‌ر و روناكبیر، باس له‌ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می حوكمڕانی كوردستان و خۆپیشاندانه‌كان ده‌كات و پێیوایه ته‌نیا رێگایه‌ك بۆ چاكسازیی راسته‌قینه ئه‌وه‌یه كه پارتی و یه‌كێتی باسی چاكسازیی نه‌كه‌ن، به‌درێژایی مێژوو نه‌بووه ئه‌وانه‌ی به‌مجۆره به‌جه‌به‌روتی خۆیان مه‌ستن، بتوانن چاكسازیی بكه‌ن، ده‌ڵێت: پارتی و یه‌كێتی ئه‌م سیسته‌مه‌یان واتێك نه‌داوه تا بۆیان چاكبكرێته‌وه، به‌بڕوای من تازه و به‌مجۆره‌ی ئێستا ئه‌سته‌مه ئه‌م حكومه‌ته بتوانێت چاكسازیی بكات
ئه‌و روناكبیره ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه له‌و باوه‌ڕه‌دا نییه سیسته‌می دیكتاتۆری ریفۆرمبكرێت و مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتی كوردیش مۆدێلێكی تایبه‌تی دیكتاتۆرییه‌ته كه چاكسازی تێیدا كاری نه‌كرده‌یه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: دوای ئه‌و په‌یامه‌ی بارزانی، هیچ ئومێدێك به چاره‌سه‌رییه‌كی بچو‌وكیش نه‌ما، چونكه ئه‌م په‌یامه نیشانه‌ی عه‌قڵییه‌تێكی سیاسی نه‌گۆڕه كه ناتوانێت ئاڕاسته‌ی مێژوو و ئاڕاسته‌ی رووداوه‌كان بخوێنێته‌وه
به‌ختیار عه‌لی ئاماژه به بارودۆخی ناوچه‌كه ده‌كات و پێیوایه ئه‌م شۆڕشانه له هه‌موو شوێنه‌كان به‌یه‌ك شێوه و به‌یه‌ك ئیقاع سه‌رناكه‌ون، به‌ڵكو له هه‌ندێ كۆمه‌ڵگای كۆنتڕۆڵكراودا، له هه‌ندێك جێگای دیسپلینكراودا وه‌ك لیبیا یان سوریا یان كوردستان كاتی زیاتری ده‌وێت، به‌ڵام روودانی حه‌تمییه
هاوڵاتی: چۆن ده‌ڕوانیته گه‌نجانی كوردستان له خۆپیشاندانه‌كاندا، پێشتر ره‌خنه‌یان زۆر لێده‌گیرا كه بێده‌نگن و ئینتیمایان نییه‌و ناتوانن كاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، پێتوایه ئه‌م خۆپیشاندانانه پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت یاخود جارێك نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئاستی پێویست؟
به‌ختار عه‌لی: ده‌بوو گه‌نجان به قۆناغێكی بێده‌نگی و نه‌بوونی ئینتیمادا تێپه‌ڕن، تا بگه‌نه ئه‌مڕۆ.. هیچ كه‌سێك كه منداڵی به‌جێهێشت ئۆتۆماتیكی نابێت به شۆڕشگێڕ و به ئاڵایه‌كه‌وه نایه‌ته مه‌یدان دژی سیسته‌م هوتاف بكێشێت. نه‌وه‌ی نوێ ده‌بوو به ئه‌زموونی خۆیدا بڕوات و ئه‌گه‌ره‌كانی پێشده‌می خۆی تاقیبكاته‌وه، بێ قۆناغێكی نائومێدی قووڵ، بێ ساتێكی بێده‌نگیی و بێزاریی و بێهیوایی، هیچ نه‌وه‌یه‌ك ناتوانێت ببێت به خاوه‌نی هۆشیارییه‌كی سیاسی. جان كۆكتۆ رسته‌یه‌كی جوانی هه‌یه كه ده‌ڵێت »گه‌نجان سه‌ره‌تا تێده‌گه‌ن چیان ناوێت، به‌ڵام دواتر و دره‌نگتر لایان رۆشنده‌بێت كه خوازیاری چین». گه‌نجانی ئێمه‌ش ئه‌مڕۆ ده‌زانن چی‌یان ناوێت، به‌ڵام به‌دروستی نازانن چی‌یان ده‌وێت... ئه‌وه‌ش هه‌م دۆخێكی سروشتی و هه‌م كێشه‌یه‌كی سروشتیشه، هه‌ڵبه‌ت هیچ نه‌وه‌یه‌ك تاك تاكی نابێت به هه‌ڵگری هۆشیاری، ئه‌وه‌ی له هه‌ر نه‌وه‌یه‌كدا گرنگ و كاریگه‌ره ئه‌و به‌شه‌یه‌تی كه هه‌ڵگری هۆشیارییه‌كی جیاوازه و ده‌توانێت بۆ ئه‌و جیاوازییه‌ش بێته مه‌یدان و ئه‌كتیڤ بێت. ئه‌وانه شوناسی نه‌وه‌كه دیاریده‌كه‌ن، نه‌وه‌ی نوێ ئێستا شتێكی هه‌یه شه‌ڕی بۆبكات.. خاوه‌نی مه‌سه‌له‌یه‌كی تایبه‌ت به خۆیه‌تی، واته ئه‌مڕۆ هه‌م تۆ‌و هه‌م كێڵگه‌كه‌مان هه‌یه، ئه‌وه‌ی ماوه كاركردن و چاندن و ئاودان و شته‌كانی دییه.. دواجار بۆ هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك ئه‌وه گرنگه كه كێڵگه‌ی خۆی و ئه‌و تۆوه بدۆزێته‌وه كه ده‌یچێنێت، ئه‌وه‌ش ئێستا له به‌رده‌مماندایه
هاوڵاتی: نۆ كوژراو و زیاتر له 200 برینداری خۆپیشاندانه‌كان هه‌یه‌و چه‌ندین تاوانی گه‌وره ئه‌نجامدراوه، به‌ڵام تائێستا هیچ به‌رپرسێك سزانه‌دراوه یان ده‌ستی له‌كار نه‌كێشاوه‌ته‌وه، سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر تا سێ مانگی دیكه ئه‌و چاكسازیانه نه‌كرێن كه رایگه‌یاندووه ده‌ستله‌كارده‌كێشێته‌وه چۆن ده‌ڕوانیته ئه‌و به‌ڵێنه له‌كاتێكدا به‌ڵێنی یه‌كه‌می نه‌برده‌سه‌ر كه‌وتبووی ئه‌گه‌ر په‌نجا هه‌زار كه‌س داوام لێبكات ده‌ستله‌كار ده‌كێشمه‌وه، به‌ڵام نه‌یبرده‌سه‌ر؟
به‌ختیار عه‌لی: سیاسییه‌كانی ئێمه زوو زوو ده‌ڵێن »ئه‌گه‌ر تا ئه‌م كات یان ئه‌وی دی ئه‌م كارانه نه‌كرێن، من وازده‌هێنم.. ده‌ستله‌كارده‌كێشمه‌وه.. به‌رده‌وام نابم». به‌ڵام تا ئێستا هه‌رچییه‌كیان وتو‌وه راست نه‌بووه، هیچ هۆیه‌كی ئه‌وتۆش شك نابه‌م واملێبكات بڵێم ئه‌مجاره‌ش هه‌روا نابێت. به‌بڕوای من ئه‌و سیاسیانه له‌بری ئه‌و قسانه دوو شتی دیكه بكه‌ن باشتره، یان یه‌كسه‌ر ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه، چونكه بارودۆخی وڵاته‌كه به‌جۆرێك ناله‌باره و هه‌ڵه‌ی بیست ساڵی رابردوو به‌جۆرێك كه‌ڵه‌كه بووه كه چاكردنی ئاسان نییه. یان پلانێكی ورد و ئاشكرای چاكسازیی دیموكراسی بببیستین تا بزانین ئه‌وجۆره چاكسازییه چییه كه ده‌شێت بكرێت.. من به‌ش به‌حاڵی خۆم له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم سیسته‌می دیكتاتۆری ریفۆرمبكرێت و مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتی كوردیش مۆدێلێكی تایبه‌تی دیكتاتۆرییه‌ته كه چاكسازی تێیدا كاری نه‌كرده‌یه. چاكسازی له‌وه‌وه ده‌ستپێده‌كات كه ده‌سه‌ڵاتی موتڵه‌قی سه‌رۆك و حیزبه‌كانیان كه‌مبكرێته‌وه، ئه‌وه خاڵی یه‌كه‌م و سه‌ره‌تای هه‌موو چاكسازییه‌كه. واته دیكتاتۆرییه‌ت پایه‌كان و كۆڵه‌كه ئه‌ستووره‌كانی خۆی لاوازبكات، ئه‌وه‌ش دواجار به رمان و هه‌ره‌سی مۆدێله‌كه دوایی دێت، بۆیه له‌و باوه‌ڕه‌دام كاری وه‌ها ناكه‌ن و ناكرێت
ته‌نیا رێگایه‌ك بۆ چاكسازیی راسته‌قینه ئه‌وه‌یه كه پارتی و یه‌كێتی باسی چاكسازیی نه‌كه‌ن، به‌درێژایی مێژوو نه‌بووه ئه‌وانه‌ی به‌مجۆره به‌جه‌به‌روتی خۆیان مه‌ستن، بتوانن چاكسازیی بكه‌ن
له بیست ساڵی رابردوودا حوكمێكی پۆلیسیی كه له‌سه‌ر رێزنه‌گرتنی ئینسان و گۆڕینی بۆ كاڵا دروستبووه دامه‌زراوه، كۆمه‌ڵگایه‌ك دروستبووه ته‌نیا ته‌ماحی پاره و ده‌سه‌ڵاتی له مرۆڤدا سه‌وزكرد‌ووه، ئینسانی وه‌ك ئاژه‌ڵ خستووه‌ته مه‌زاتی حیزبه‌وه، پارتی و یه‌كێتی هه‌موو سه‌روه‌تی وڵاتیان له كڕینی وه‌لائی سیاسی‌دا سه‌رفكرد.. سیسته‌مێك كه به هه‌موو جۆرێك ئینسانی نزمكردۆته‌وه، ئیراده‌ی لێزه‌وتكردوه، كردوێتی به كۆیله‌یه‌ك كه هۆش و هۆشیاریی و ئینتیمای خۆی ده‌خاته بازاڕه‌وه بۆ كڕین و فرۆشتن. به‌زۆر ده‌یگۆڕێت بۆ ده‌ستماچكه‌ر و سه‌رشۆڕ و پێڵاوماچكه‌ر و خۆفرۆش، سیسته‌مێك كه حیزب و جه‌نده‌رمه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی موتڵه‌قیان هه‌یه، یه‌كێتی قوتابیانی حیزب له سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیره‌كان به‌هێزتره، پاسه‌وانێكی به‌ر قاپی حیزب له هه‌موو حاكم و دادگاكانی وڵات به‌هێزترن، به‌رپرسه نه‌خوێنده‌واره‌كانی لق و مه‌ڵبه‌ند، عه‌میده‌كان و سه‌رۆكی زانكۆكان داده‌نێن... چۆن چاكسازیی له سیسته‌می وادا ده‌كرێت؟
پارتی و یه‌كێتی ئه‌م سیسته‌مه‌یان واتێك نه‌داوه تا بۆیان چاكبكرێته‌وه، به‌بڕوای من تازه و به‌مجۆره‌ی ئێستا ئه‌سته‌مه ئه‌م حكومه‌ته بتوانێت چاكسازیی بكات، یه‌كه‌م چاكسازیی ئه‌وه‌یه كه گۆڕانی ریشه‌یی له ئه‌خلاقی حیزب و په‌روه‌رده‌ی ئه‌ندامه‌كانی خۆیدا بكات.. حیزبه‌كانی ئێمه نه‌وه‌كو ناتوانن چاكسازیی بكه‌ن، به‌ڵكو پێویستیان به‌وه‌یه كه ده‌یان مامۆستا له‌ده‌ره‌وه بهێنن تا ئه‌ندامه‌كانیان فێری ته‌ربییه‌ت و ره‌وشتی ئینسانی ئاسایی بكه‌نه‌وه، چاكسازیی چۆن به هێزێك ده‌كرێت كه پێویستی به‌وه هه‌یه زۆر له ئه‌ندامه‌كانی بنێرێته‌وه قوتابخانه و فێری ئه‌لف و بای رێزگرتنی مرۆڤیان بكات، پارتی و یه‌كێتی ئه‌خلاقی حوكمڕانییان نییه، به‌ڵكو ته‌نیا ته‌ماعی بێسنوری حوكمڕانییان هه‌یه.. لێره‌وه نه‌ده‌توانن چاكسازیی بكه‌ن، نه‌ده‌ستیش له كارده‌كێشنه‌وه.. چونكه ئه‌و دوو پرۆسه گه‌وره‌یه پێویستی به ئیراده‌یه‌كی ئه‌خلاقی و مۆراڵێكی دیموكراسی په‌روه‌رده‌كراو هه‌یه كه لای سه‌رانی ئه‌م دوو هێزه بوونیان نییه. چاكسازیی سه‌ره‌تا ده‌بێت له عه‌قڵی سیاسی خۆیدا بكرێت و دواتر بگوازرێته‌وه بۆ فۆڕمی ئیداره‌دان
هاوڵاتی: هه‌ندێك له چاودێران پێیانوایه ئه‌وه‌نده‌ی رێككه‌وتننامه ستراتیژییه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی رۆڵی هه‌یه له چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كاندا حكومه‌ت رۆڵی نییه، ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه له‌سه‌ر بارودۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان چۆن ده‌بینیت؟
به‌ختیار عه‌لی: ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه هاوپه‌یمانی دوو خێزانه كه كۆمه‌ڵێك سه‌فقه‌ی ئابووریی و سیاسی كۆیان ده‌كاته‌وه، من له مێژه باس له مردنی حیزب ده‌كه‌م وه‌ك ده‌زگایه‌كی سیاسی، حیزب ئێستا هێنده‌ی كه‌ره‌سته‌ی هه‌یمه‌نه‌ی پۆلیسیی و ئابووریی چینێكی ئه‌رستۆكراته ده‌زگایه‌كی سیاسی یان ئایدۆلۆژی نییه، ئه‌وه‌نده‌ی جیهازێكی ئه‌منی و ئیعلامییه هه‌یئه‌تێكی رێكخستن و بیركردنه‌وه نییه. ئه‌م هاوپه‌یمانییه، ئیتیفاقێكی ئابووری ـ ئه‌منییه كه ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر یه‌ك له دوو حیزبه‌كه له هه‌رێمی خۆیاندا ده‌پارێزێت. ئه‌م ئیتیفاقییه ته‌واوی هاوسه‌نگی سیاسی و ئابووری تێكداوه، چونكه جه‌وهه‌ری ئه‌م ئیتیفاقییه‌یه له‌سه‌ر لاوازكردنی رۆڵی سیاسی حكومه‌ت و حیزب دروستبووه و مه‌به‌ست لێی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته عه‌سكه‌ریی و ئه‌منییه‌كانه له‌ده‌ستی گرو‌وپێكی بچو‌وكدا، تا له رێگایه‌وه زامنی هه‌رچی زیاتری ده‌سه‌ڵات بكه‌ن به‌سه‌ر ئابووری كوردستاندا. ئیتیفاقییه‌ی ستراتیژی كۆتایی به رۆڵی حیزب هێنا و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی خسته ده‌ست ئه‌و نوخبه سه‌رمایه‌داره عه‌سكه‌رییه‌ی ناو حیزبه‌وه كه له سه‌رده‌می شاخ و شه‌ڕی ناوخۆدا ده‌سه‌ڵاتیان ته‌واو گه‌وره‌بووبوو. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ناویان ناوه موعجیزه‌ی ئاوه‌دانی هه‌ولێر، جه‌وهه‌ری ئه‌و پرۆسه‌یه بوو كه كۆنتڕۆڵی موتڵه‌قی ئه‌و نوخبه ئابوورییه ـ عه‌سكه‌رییه پیشانده‌دات بۆ ته‌واوی بازاڕ و سوڕی سه‌رمایه و چۆنێتی وه‌به‌رهه‌مهێنان، خودی ئه‌و پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه هه‌یمه‌نه‌ی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كه‌پیتالیزمه عه‌سكه‌رتارییه‌ی به‌سه‌ر كایه‌ی ئابووریدا زامنكرد.. ئه‌وه‌ی له ده ساڵی رابردوودا روویدا ئه‌وه‌بوو له پرۆژه‌ی ئاوه‌دانكردنی هه‌ولێردا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و چه‌ند خێزانه كه‌پیتالیستییه عه‌سكه‌رییه به‌سه‌ر بازاڕ و چاره‌نو‌وسی سه‌رمایه‌دا گه‌یشته ترۆپكی خۆی. ئه‌و درۆ گه‌وره‌یه‌ی كه پێیده‌وترێت ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌ولێر ئه‌و ره‌حم و گونگوڵه‌بوو كه ده‌بوو سه‌رمایه‌داریی ئه‌رستۆكراتیی كوردیی پیا بڕوات و له هه‌ناویدا گه‌وره‌بێت.. رێككه‌وتنی ستراتیژی و ئه‌و وه‌رشه كه‌پیتالیستییه‌ی كه له هه‌ندێك شار و شوێنی تایبه‌تی كوردستاندا خرایه گه‌ڕ، هه‌م گه‌شه‌سه‌ندنێكی ناهاویه‌كی خسته گه‌ڕ و هه‌م به فه‌رامۆشكردن و وێرانكردنی ده‌یه‌ها ناوچه‌ی دیكه‌ی كوردستان ته‌واوبوو. رێككه‌وتنی ستراتیژی، هیچ نییه جگه له ده‌مامكی سیاسی یه‌كگرتنه‌وه‌ی باڵه‌كانی ناو ئه‌و نوخبه كه‌پیتالیستییه عه‌سكه‌رییه تا بتوانن له ژێر ئه‌و ده‌مامكه‌دا گواستنه‌وه‌یه‌كی سانا و ره‌وان له فۆڕمی فیوداڵی و خێڵه‌كییه‌وه بۆ فۆڕمی میلیتاریی و كه‌پیتالیستی مۆدێرن زامنبكه‌ن، به‌بێ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌بێ رێككه‌وتنی ستراتیژی، زه‌مینه‌ی سیاسی و ئابووری بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه نامومكین بوو. لێره‌دا ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر دوو خاڵ و دوو درۆی گه‌وره‌ی ئه‌م نوخبه ئه‌رستۆكراتییه حاكمه قسه بكه‌م كه ئه‌فسو‌وس تا ئه‌مڕۆ تیشكی نه‌خراوه‌ته‌سه‌ر، یه‌كه‌میان رێككه‌وتنی ستراتیژی ئه‌وه‌نده‌ی زامنكه‌ری به‌ستنه‌وه‌ی سوڕی سه‌رمایه‌یه له كوردستاندا به‌سیسته‌می كه‌پیتالیزمی ئیقلیمییه‌وه، به‌ته‌نیا مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسی ناوخۆیی نییه، ئه‌م رێككه‌وتنه بریتییه له ده‌مامكی سیاسی بۆ پرۆسه‌ی به‌گه‌ڕخستنی ئیقلیمی و هاوكاری ستراتیژی ته‌واوی ئه‌و نوخبه كه‌پیتالیسته گه‌نده‌ڵانه‌ی كه بازاڕی خۆرهه‌ڵاتیان داگیركردو‌وه. لێره‌دا كێشه‌ی سه‌ره‌كی له‌م فۆڕمه‌دا له‌وه‌دا نییه كه سه‌رمایه‌دارییه، به‌ڵكو له‌وه‌دایه كه مشه‌خۆر، به‌رخۆر، بێبه‌رهه‌م، عه‌سكه‌رتارییه، ته‌واوی پرۆژه‌كانیشی له‌سه‌ر عه‌قڵییه‌تی عیمرانی بێبه‌رهه‌م خستووه‌ته‌گه‌ڕ. ئه‌مجۆره له كه‌پیتالیزم ناپیشه‌سازی و سازشكه‌ره، به‌شی شێر ده‌به‌خشێت به‌سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌ته سه‌رده‌سته‌كان و ورده‌واڵه‌و پاشه‌ڕۆی سه‌رمایه‌ی ماوه‌ش فڕێده‌دات بۆ خه‌ڵك. دووه‌م: درۆیه‌كی گه‌وره ده‌كرێت كه ده‌ڵێت ئه‌و سه‌رمایه‌ی كه له به‌غداوه دێته كوردستان به یه‌كسان به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا دابه‌شده‌كرێت.. ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر له رووی دابه‌شكردنه‌وه دروستبێت، له رووی لۆژیكی ئیشكردنی ئابوورییه‌وه دروست نییه، چونكه گرنگ نییه له یه‌كه‌م ده‌ستدا سه‌رمایه ده‌چێت بۆ كوێ، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه له سوڕی سه‌رمایه‌دا، بزوێنی جوڵه‌ی سه‌رمایه و سه‌نته‌ری وه‌به‌رهه‌مهێنان و تیشكۆی سه‌ره‌كی ئابووری له كوێیه.. ئاوه‌دانبوونی هه‌ولێر و وێرانبوونی ته‌واوی كوردستان ده‌رئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌كی درێژی سه‌نترالیزه‌كردنی سه‌رمایه و سیاسه‌ت بووه له یه‌ك شوێندا، كه ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر پشتگوێخستنی ته‌واوی جێگاكانی دی كوردستان كردووه‌ته‌وه، چونكه خودی ئه‌م پرۆسه‌یه گرنگ بوو بۆ كه‌پیتالیزمی كوردی خۆی له‌یه‌ك جێگادا كۆبكاته‌وه و سه‌نته‌رێكی سه‌مبولیك بۆ خۆی دروستبكات و له رێگای ئه‌و سه‌نته‌ره‌وه هه‌م ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هه‌م ده‌سه‌ڵاتی ئابووری مۆنۆپۆڵ بكات.. مۆدێلی هه‌ولێر له رووی ئابوورییه‌وه نیشانه‌ی زیره‌كی پارتی و سه‌ركه‌وتنی مۆدێله سیاسییه‌كه‌ی نییه، به‌ڵكو نیشانه‌ی گه‌یشتنی كه‌پیتالیزمی كوردییه به‌شێوه هه‌ره وێرانكار و تێكشكێنه‌كه‌ی، به‌و فۆڕمه‌ی له جێگایه‌كدا به‌هه‌شتێكی دابڕاوی درۆزن له هه‌موو شوێن و هه‌رێمێكی نیشتیمان دروستده‌كات و بورجی خۆی له‌سه‌ر حیسابی گۆڕینی ته‌واوی جێگاكانی تر بۆ خاشاك بونیاد ده‌نێت، ئه‌وه هه‌مان ئه‌و فۆڕمه‌یه له كاپیتالیزمی به‌عسیڕه‌نگ كه سه‌رمایه‌ی عێراقی له به‌غدادا گردده‌كرده‌وه و له‌وێدا گه‌مارۆی ده‌دا، به‌عسیش به‌غدای له‌سه‌ر حیسابكردنی وێرانكردنی كۆی جێگاكانی دیكه‌ی عێراق كردبووه میترۆپۆڵێكی گه‌وره. له راستیدا سه‌نترالیزه‌كردنی سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵات له هه‌ولێردا به‌هۆی ئه‌وه‌وه نییه كه سیاسه‌تی ئابووری له‌و ناوچه‌یه‌دا زیره‌كتر یان كه‌متر گه‌نده‌ڵ بووه، به پێچه‌وانه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌یه كه‌سروشتی سه‌رمایه‌ی كوردی، ته‌نیا له فۆڕمێكی عه‌قاری و ره‌یعیدایه و كه‌پیتالیزمی ئیقلیمی ته‌نیا له‌و فۆڕمه‌دا رێگای جوڵاندنه‌وه‌ی پێده‌ده‌ن، خودی ئه‌م فۆڕمه‌ش ده‌بێت دواجار سه‌نته‌رێكی عیمرانی بۆ خۆی بدۆزێته‌وه تا خۆی تێدا بخاته گه‌ڕ، جگه له‌وه‌ش هه‌ر خودی ئه‌م فۆڕمه له‌سه‌رمایه خۆی روو له گردبوونه‌وه‌یه له سه‌نته‌رێكی دیاریكراودا.. پێویستی به ناوه‌ندێكی بازرگانی و مه‌سره‌فكه‌ر و به‌رخۆریش بۆ خۆگه‌وره‌كردن و خۆده‌رخستن هه‌یه. بنیاتنانی ئه‌م ناوه‌نده له جه‌وهه‌ردا بۆ په‌كخستنی وه‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌یه له جێگاكانی تر و مژینی سه‌رمایه‌یه له جێگاكانی تره‌وه، هه‌ڵبه‌ت كه یاسای گه‌شه‌سه‌ندنی ناهاویه‌ك له كاردابوو، گه‌ر من سه‌رمایه‌دارێكی خه‌ڵكی كۆیه‌بم، پاره‌ی خۆم له كۆیه ناخه‌مه گه‌ڕ و ده‌یبه‌مه هه‌ولێر. سه‌رمایه هێنده‌ی له جێگایه‌كدا مۆڵبوو، ده‌بێته مایه‌ی تێكشكاندنی ژێرخانی ئابووری هه‌موو جێگاكانی دیكه، ئیتیفاقییه‌ی ئیستراتیژی هیچ نییه جگه له زامنكه‌ری ئه‌م فۆڕمه له‌سه‌رمایه‌ی هاوبه‌ش كه پارتی و یه‌كێتی پێكه‌وه دروستیانكردو‌وه‌و گرێیانداوه‌ته‌وه به قازانجی كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا و ده‌وڵه‌تی ئیقلیمییه‌وه. خودی ئه‌م ئیتیفاقییه‌یه له پێناوی دروستكردنی سه‌نته‌رێكی سیاسی ئابووری گه‌وره‌یه‌دا كه ئۆتۆماتیكی به وێرانكردنی ته‌واوی جێگاكانی دیكه ته‌واو بووه. دیاره ئه‌م باسه قسه‌ی زۆرتری ده‌وێت، به‌ڵام لێره‌دا هێنده ده‌ڵێم، گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری ناهاویه‌ك، سروشتێكی سیاسی ناهاویه‌كیشی له كوردستان دروستكرد
یه‌كێتی نیشتیمانی وه‌ك حیزب له‌م ئیتیفاقییه‌دا زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كی بوو »ئه‌مه له حاڵێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزه وه‌ك حیزب بوونی مابێت و هه‌ست به مه‌ترسییه گه‌وره‌كانی سه‌رخۆی بكات».. گه‌ر ئه‌م هه‌سته نه‌مابێت، واته ته‌واوی حیزبه‌كه بووه به جیهازێكی ئه‌منی و ئیعلامی بۆ پاراستنی قازانجی ئه‌و ژماره كه‌مه له پاره‌دارانی ناو حیزب كه قازانجی ئابووری به پارتی دیموكرات و به كۆمپانیا ئیقلیمییه‌كانه‌وه ده‌یانبه‌ستێته‌وه
هاوڵاتی: له‌كاتێكدا توندوتیژی ده‌سه‌ڵات به‌رانبه‌ر خۆپیشانده‌ران له هه‌ندێك شوێن تائێستا به‌رده‌وامه، داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران و په‌رله‌مان و لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان جێبه‌جێنه‌كراون، ئومێدی چاكسازیی له‌م سه‌ركردانه‌دا ده‌بینرێت یاخود قۆناغی دروشمی »بڕۆ» بۆ سه‌ركرده‌كانی كورد هاتووه وه‌ك ئه‌وه‌ی له تونس و میسر بینیمان و ئێستاش له لیبیادا هه‌یه؟
به‌ختیار عه‌لی: دروشمی بڕۆ په‌یوه‌ندی به نیازی بز‌ووتنه‌وه‌كه‌وه نییه، به‌ڵكو به گه‌وره‌یی بز‌ووتنه‌وه‌كه‌وه هه‌یه، تا بز‌ووتنه‌وه‌كه گه‌وره‌تربێت دروشمه‌كانی گه‌وره‌تر ده‌بێت. دوای ئه‌و په‌یامه‌ی بارزانی، هیچ ئومێدێك به چاره‌سه‌رییه‌كی بچو‌وكیش نه‌ما، چونكه ئه‌م په‌یامه نیشانه‌ی عه‌قڵییه‌تێكی سیاسی نه‌گۆڕه كه ناتوانێت ئاڕاسته‌ی مێژوو و ئاڕاسته‌ی رووداوه‌كان بخوێنێته‌وه. ئه‌م سیسته‌مه سووره له‌سه‌ر به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی مافی خه‌ڵك، سووره له‌سه‌ر گرتنه به‌ری هه‌رچی زیاتری سیاسه‌تی ترساندن و تۆقاندن، سووره له‌سه‌ر دامه‌زراندنی فۆڕمێك له حوكمی پۆلیسیی و ئه‌منی كه هاوشێوه‌ی حوكمه بێزراو و دیكتاتۆرییه‌كانی ناوچه‌كه‌یه، سووره له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ده‌رگای كوردستان بۆ كۆمپانیا ئیقلیمییه جه‌رده و وێرانكار و رووتكه‌ره‌وه‌كان تا له‌بری پاڵپشتی خه‌ڵك، پاڵپشتی هێزه ئیقلیمییه‌كان له توركیا و ئێران به‌ده‌ستبهێنێت. سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له بری ئه‌وه‌ی گوێ له خه‌ڵك بگرێت و مافی خۆپیشاندانی ئازاد و ته‌عبیری ئازاد و عه‌داله‌تی قانو‌ون و سنوردانان بۆ مۆنۆپۆڵكردنی كۆمه‌ڵگا ده‌سته‌به‌ربكات، «عه‌داله‌تی جه‌لاد» دابمه‌زرێنێت. من له ئێستادا یه‌ك شت ده‌زانم.. ئه‌وه‌ی له خۆرهه‌ڵاتدا ده‌گوزه‌رێت، شه‌پۆلێكی كاتیی نییه و روخانی ئه‌م مۆدێله‌ی حوكم دره‌نگ یان زوو شتێكی حه‌تمییه، ئه‌مه شه‌پۆل نییه به‌ڵكو بومه‌له‌رزه‌یه‌كی ژێره‌وانكێیه كه ته‌واوی سه‌رخانی سیاسی له خۆرهه‌ڵاتدا هه‌ڵته‌كاند، چۆن حوكمی موتڵه‌ق و و حاكمییه‌تی بنه‌ماڵه‌كان له ئه‌وروپا گۆڕكران، حوكمی بنه‌ماڵه ئه‌رستۆكراته‌كانیش له خۆرهه‌ڵاتدا به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕۆن. ئه‌م شۆڕشانه‌ی له هه‌موو جێگایه‌ك ئاگرده‌ستێنن، سه‌رده‌كه‌ون و پاشه‌كشه‌ده‌كه‌ن، هه‌ڵده‌ستن و ده‌كشێنه‌وه، ئه‌مانه زنجیره‌یه‌ك رووداوی مێژوویی بێوێنه‌ن كه هۆشیارییه‌كی سیاسی نوێ و مۆدێلێكی نوێیان له حوكمداری پێیه، كه خۆرهه‌ڵات ده‌گێڕێته‌وه بۆ ناو مێژوو. ئه‌م شۆڕشانه له هه‌موو شوێنه‌كان به‌یه‌ك شێوه و به‌یه‌ك ئیقاع سه‌رناكه‌ون، به‌ڵكو له هه‌ندێ كۆمه‌ڵگای كۆنتڕۆڵكراودا، له هه‌ندێك جێگای دیسپلینكراودا وه‌ك لیبیا یان سوریا یان كوردستان كاتی زیاتری ده‌وێت، به‌ڵام روودانی حه‌تمییه.. ئه‌مجۆره بێڕێزییه گه‌وره‌یه كه حیزب و سیسته‌مه دیكتاتۆرییه‌كانی ناوچه‌كه به مرۆڤیان كرد‌ووه، ئه‌و دزییه گه‌وره‌یه‌ی ئه‌رستۆكراته نه‌خوێنده‌وار و خێڵه‌كییه‌كان له‌م میلله‌تانه‌یان كرد‌ووه، به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ره‌سده‌هێنێت فۆڕمێكی دیكتاتۆرییانه‌ی گه‌نده‌ڵه له حوكم، كه بوار به تاكڕه‌ویی سه‌رۆك، تاكڕه‌ویی بنه‌ماڵه، تاكڕه‌ویی حوكمڕانی پۆلیسیی و مۆنۆپۆڵكردنی سامانی وڵات ده‌دات. ئه‌م شۆڕشانه دابڕانی مێژوویین و له‌جه‌وهه‌ریاندا نیازی روخاندنی ئه‌م فۆڕمه ده‌سه‌ڵاته‌یان هه‌یه، لێره‌وه گه‌ر خودی ده‌سه‌ڵات نه‌توانێت ئاڵوگۆڕێكی هێمنانه بۆ ئه‌و گواستنه‌وه‌یه زامنبكات، دره‌نگ و زوو ته‌قینه‌وه‌كان گه‌وره‌تر و گه‌وره‌تر ده‌بن.. واته جه‌وهه‌ری دیموكراسی ئه‌م شۆڕشانه له ناواخندا له دروشمی »بڕۆ» زیاتریان هه‌ڵگرتووه و نیازیان ده‌رگاكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر شۆڕشێكی دیموكراسی راسته‌قینه كه حیزبی هه‌تاهه‌تایی و بنه‌ماڵه‌ی هه‌تاهه‌تایی و سه‌رۆكی هه‌تاهه‌تایی فڕێده‌داته ده‌ره‌وه‌ی مێژوو.
Kaka Bachtyar, la wwlati demokratida zorinai dang briar dadat ke dabet ba saroki aw wwlata, nak roshnbirani aww wwlata ba tanha. Ka zorinash saroki halbzhard awa dabet sarjam hawwlatian ba nawi sarok nawi bnen, tananat agar ba dlisht nabet wak sarok. Katek roshnbireki Kurd wwshai Barzani ba kar benet la jiati sarok, aw kata ema umedekman bo pasharozh nabet.
ReplyDelete