Saturday 16 April 2011

زانست‌و دین‌و شۆڕش

بەشی یەکەم


له‌م ساتەدا کە دین له‌سەرای ئازادی‌و له‌هەموو سەرای ئازادییەکانی دیکەی خۆرهەڵاتدا ئامادەیە، وەک هەمیشە پرسیاری گەورە دەربارەی خودی دین‌و رۆڵی سیاسیانەی دین‌و رەگەزە شۆڕشگێڕێکانی ناوی هاتوونەتەوە پێشێ. تاکە پرسیارێک لێرەدا بیکەین‌و بۆ وەڵامی بگەڕێین ئەوەیە: بۆ دین هەمیشە دەگەڕێتەوە‌و دەبێتەوە بە بەشێکی گرنگی شانۆی سیاسی، هۆی ئەو گەڕانەوە گەورە‌و بەردەوامەی دین بۆ ناو سیاسەت چییە؟ له‌م چەند ستوونەدا هەوڵدەدەم له‌ڕێگای تێڕامان له‌پەیوەندی زانست‌و دینەوە له‌خۆرئاوا‌و خۆرهەڵات له‌هاوکێشەکە بڕوانم‌و دەرگای وەڵامێکی بچوک بکەمەوە کە بێگومان وەڵامێکە هەموو رەهەندەکانی کێشەکە ناگرێتەوە‌و تەواوی ئەو رووبەرە پێویستە پڕناکاتەوە کە دەبێت بگیرێت‌و پڕبکرێتەوە.

دین له‌سەردەمی رۆشنگەرییەوە له‌خۆرئاوا، دەچێتە ململانێیەکی گەورەوە له‌گەڵ تەفسیری زانستیدا، شۆڕشەکانی زانست له‌جەوهەردا تێکشکاندن‌و لێدان‌و بریندارکردنی تەفسیری دینی بوون. وەک فرۆید له‌چەندین جێگەدا ئاماژەی پێدەدات، تەواوی لابەلابوونەوە گەورەکانی زانست، لادانی گەورەبوون له‌چیرۆکی دینیدا بۆ دونیا... شۆڕشی کۆپەرنیکۆسی، تێکشکاندنی ئەو خورافەتە دینییە بوو کە زەوی سەنتەری گەردونە، شۆڕشی داروینی تێکشکاندنی ئەو خورافەتە بوو کە مرۆڤ سەروەری مەخلوقاتە‌و شتێکی دابڕاو‌و دوور‌و جیاوازە له‌ئاژەڵان. شۆڕشی فرۆیدیش تێکشکاندنی ئەو خورافەتە بوو کە مرۆڤ بوونەورێکی عاقڵە‌و هوشیاریی‌و هەست هێزی بڕیاردەری سەرەکین له‌ناویدا. هەڵبەت له‌پاڵ ئەم سێ هەرەسە گەورەیەوە، زنجیرەیەک هەرەسی بچوکتریش هەیە، کە قۆناغ دوای قۆناغ ئاینیان خستۆتە قەراغەوە. گەر سەرەنجبدەین دەبینین له‌خۆرئاوادا رۆڵی زانست له‌کۆنەوە تا ئەمڕۆ، له‌گالیلۆوە بۆسەر فەیسبووک رۆڵێکی شۆڕشگێڕانەیە، زانست هەمیشە زەمینەسازی بۆ شۆڕشە فیکرییەکان کردوە، لێرەوە له‌گەڵ دەرکەوتنی زانستدا وەک مەرجەعێکی گرنگ بۆ دروستکردنی حەقیقەت، دین له‌کۆمەڵگا پیشەسازییەکاندا پاشەکشەیەکی سیاسی گەورە دەکات‌و دەگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانی شەخسی‌و رۆڵی وەک هێزێکی سیاسی کزدەبێت‌و دەبێتەوە بە تەنیا بکەرێک له‌ناو دیدوان‌و رێنماییکەرە زۆر‌و جیاوازەکانی ئەخلاقدا. مێژووی زانست له‌خۆرئاوادا مێژوویەکی رەسەنە، واتە زانستی مۆدێرن، بەرهەمی رۆشنگەریی ئەوروپییە، دیوە باش‌و خراپەکانی هاوشانی دیوە باش‌و خراپەکانی مۆدێرنەی ئەوروپین. لێرەوە «بکەری زانستی» له‌خۆرئاوادا تا ئێستا بکەرێکی کاریگەرە له‌سەر ژیان‌و بۆچوون‌و تێڕوانینی مرۆڤەکان. زانست له‌خۆرئاوادا دەرەنجامی ئیشکردنی عەقڵە له‌هەموو ئاستەکاندا، واتە رووبەرێک‌و جێگایەک نییە له‌ژیانی مرۆڤی خۆرئاواییدا زانست بەجۆرێک له‌جۆرەکان داگیری نەکردبێت، فۆرمی پێ نەبەخشیبێت، دیسپلینی نەکردبێت، له‌ناوەوە کۆنترۆڵی نەکات. لێرەوە دین کەمتازۆر وەک بەشێکی پەراوێزی ژیانی شەخسی‌و ئەخلاقی کۆمەڵگا کاردەکات‌و له‌وە زیاتر ناتوانێت رۆڵی گەورە ببینێت.

له‌خۆرهەڵاتی ئێمەدا چیرۆکەکە جۆرێکی ترە. زانست وەک بەرهەم‌و کاڵایەکی دەرەکی دێت. شوێنی بڵاوبوونەوەی سنووردارە‌و سروشتی دەرکەوتنی سروشتێکی نەقڵییە «واتە گوازراوەیە له‌جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی دی»، ناتوانێت زانستێکی داهێنەربێت‌و له‌ئاستی فێربوون‌و فێرکردندا دەمێنێتەوە، سنووری دەرکەوتنی ناو قوتابخانەیە‌و له‌ویادا دیلدەبێت، ناشتوانێت دەستکاری ستراکتوری بیرکردنەوە‌و میکانیزمەکانی تێفکرین بکات. واتە زانست له‌خۆرهەڵاتدا بەرهەمی له‌دایکبوونی «عەقڵی زانستی» نییە، بە پێچەوانەوە بەجۆرێک له‌جۆرەکان دێت‌و دەکەوێتەوە ناو جوغزی خورافەتەوە‌و دەبێتەوە بە بەشێک له‌بزوێنی وێنە خورافییەکانی ناو نەستی ئێمە... بەڵام چۆن؟

سەرەتا زانست بە کەلوپەل‌و بەرهەمە سەیر‌و ئەفسوناوییەکانییەوە دێت‌و وەک هێزێکی تەلیسماوی‌و ساحیر دەردەکەوێت، دواتریش خۆرئاوا بە سوپا‌و چەک‌و له‌شکرە مۆدێرنەکانییەوە دێت‌و له‌گەڵ دەرکەوتنیدا تێدەگەین کە چیتر ژیان له‌سەر ئەم ئەستێرەیە بە فۆرمی دێرینی کاری نەکردەیە، سەرسامی خۆرهەڵات بە خۆرئاوا، وەک سەرسامی منداڵێک وایە بە گیانەوەرێکی ئەفسانەیی کە دەزانێت گەر لاسایی نەکاتەوە‌و هەوڵ نەدات ببێتە خاوەنی چەکەکانی له‌نێودەچێت، لێرەدا زانست وەک جۆرە دەرمانێکی سیحریی سەیردەکرێت کە دەبێت بیخۆین تا بەهێزبین‌و وەک ئینگلیز‌و فەرەنگییەکانمان لێبێت، وەک داڕوییەکی خورافی کە هاتن‌و قووتدانی دەمانگۆڕێت بۆ هێزێکی دونیایی گەورە. واتە خودی تەماشاکردنی ئێمە بۆ زانست‌و سەرسامیمان پێی، تەماشاکردن‌و سەرسامییەکی خورافییە. شیعری کوردی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست نیشانەیەکی گەورەی ئەو تێگەیشتنە خورافییەیە له‌زانست، مرۆڤی خۆرهەڵاتی سەرسامییەکی قووڵی بەزانست بۆ دروستدەبێت، بێئەوەی بزانێت جەوهەری زانست‌و سەرچاوەکانی دروستبوونی چیین. لێرەوە ئەو سەیرکردنە دژوارە بۆ مەعریفە‌و زانین دەخوڵقێت وەک کایەیەک کە تەنیا زانیاری تێیدا کەڵەکەدەبێت‌و مەسرەفدەکرێت بێئەوەی زانین بەرهەم بێت، بێئەوەی ئەو زانیارییانە توانایان هەبێت درزێک له‌عەقڵییەتی خورافی‌و بەر له‌زانستیدا دروستبکەن، بێئەوەی ئەو زانینانە کاریگەرییان له‌سەر عەقڵییەتی سیاسی‌و کایەی کۆمەڵایەتی‌و مەرجەعە ئەخلاقییەکانی مرۆڤ هەبێت. زانست دەبێتە فریادڕەسێکی ئەفسانەیی، کە ئیشی ئەوەیە نەتەوەیەکی بەهێز دروستبکات تا بتوانێت شەڕ له‌گەڵ دوژمنەکانیدا بکات... واتە زانست بەپله‌ی یەکەم وەک چەک سەیردەکرێت، نەوەک دۆخێکی عەقڵی، نەوەک پێشمەرجێکی بیرکردنەوە، نەوەک جۆرە مۆراڵێکی عەقڵی کە بەرله‌وەی ناوەڕۆک‌و دەرەنجامی بیرکردنەوە دیاریبکات، میتۆد‌و سروشتی بیرکردنەوە دیاریدەکات. بوونی زانست بە چەک، هەوڵی ئەوەی زانست وەزیفەیەکی سیاسی‌و خورافی پێبدرێت، له‌بنەوەڕا وادەکات زانست ببێت بە ژێر خەون‌و خورافەتە دەستەجەمعییەکانەوە. لێرەوە زانست له‌خۆرهەڵاتدا ناتوانێت بکەری کاریزمی‌و عەقڵی فەردی داهێنەر‌و زانای کاریگەر دروستبکات. واتە له‌جەوهەردا ئەو شەڕە قووڵەی له‌خۆرئاوادا له‌نێوان زانست‌و دیندا روودەدات، لێرە روونادات‌و چیرۆکەکە ئاڕاستەیەکی تر وەردەگرێت. زانست له‌خۆرئاوادا له‌ساتێکی نەهەلستی‌و گومانی قووڵەوە دەرهەق بە جیهانبینی پێشووتر دەستپێدەکات، ساتێکە تێیدا هەموو بیروڕاکان دەخاتە ژێر گومانەوە، تەفسیری دینی دەخاتە بەردەم پرسیاری گەورە گەورەوە، شۆکی فیکری گەورە دروستدەکات، توانای سەلماندنی خۆی‌و تێزەکانی هەیە‌و توانای گەشەسەندن‌و پەلسەندنی خێراشی هەیە. ساتێک کە دەستپێدەکات، تێدەگات بۆئەوەی گەشەبکات دەبێت بە گژ تەفسیرە سیاسی‌و دینییەکانی پێشتردا بچێتەوە... چیرۆکە گەورەکان رەتبکاتەوە‌و چیرۆکی خۆی دابڕێژێت. له‌خۆرهەڵاتدا بە پێچەوانەوە زانست ئەو ساتە نەهەلستییە ناژی، هێزی رەتکردنەوەی بچوک‌و هێزی گومانی کەمە، چونکە له‌بنەڕەتدا نەهاتووە بۆئەوەی زانستخوازانی ناو کۆمەڵگا بە هۆیەوە شەڕ له‌گەڵ کۆنەپەرستاندا بکەن، بەڵکو هاتووە بۆئەوەی نەتەوە یان وڵات بەهۆیەوە بەهێزبێت‌و شەڕ له‌گەڵ نەتەوەکانی تردا بکات... واتە زانست مۆتیڤ‌و بزوێنەرە ناوەکییەکانی خۆی پێنییە کە هێزی بەردەوامی دەداتێ

لە گۆشەی هەفتانەی نووسەر لە سایتی ئاوێنە 

1 comment:

  1. ba hiwam bewshaw be penws nabit la tamantda

    ReplyDelete