Friday 22 April 2011

کاتێک پۆستاڵ حوکمدەکات و کاتێک تفەنگ قسەدەکات

مەریوان وریا قانیع، ئاراس فەتاح، بەختیار عەلی

ئەوەی ئەمڕۆ سەیری کوردستان بکات دەزانێت ئەم وڵاتە بووە بە سەربازگەیەکی گەورە، بە پانتاییەکی ئەمنی زەبەلاح، بە جوگرافییایەکی تەنراو بە چەکدارەکانی حیزب و بە فەزایەک پڕ لە تیرۆر و ترساندن. پێدەچێت دەسەڵاتدارانی کوردستان جگە لە پرۆژەیەکی چەکدارانەی ڕووت، جگە لە تەنینی شارەکانی کوردستان بە سەربازە گوێڕایەڵەکانی خۆیان و جگە لە زمانی تیڕۆرکردنی کۆمەڵگا ھیچ پرۆژەیەکی تریان بۆ وەڵامدانەوەی داخوازی و ناڕەزاییەتییەکانی کۆمەڵگای ئێمە پێنەمابێت. ئەوەی ئێستا دەیبینین داڕشتنەوەیەکی سەربازییانەی سەرجەمی ئەو پەیوەندییانەیە کە دەسەڵاتدارنی کوردستان بە کۆمەڵگای کوردی و بە ھێزەکانی دەرەوەی خۆیانەوە گرێدەدات. ئەوەی دەیبینین پەلاماردانی ئەو ئەگەرەیە کە سەرجەم سیستمە دیکتاتۆرییە ترساوەکان پەنای بۆ دەبەن، کە ئەویش پڕکردنی شەقام و کوچەکانە بە چەکدارگەلێکی ترسنۆک کە جوامێریان لەوەدا کورتدەبێتەوە پەلاماری خەڵکی مەدەنی بدەن، تاکە قارەمانێتیان ئەوەیە شەق لە گەنجانی زانکۆ و کتێب و مامۆستاکانیان ھەڵدەن. ئەم پاڵەوانە تازانە کە حیزب بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگا پەروەردەی کردوون، درێژکراوەی ئەو لەشکرەن کە شەڕی دزێوی ناوخۆیان ئەنجامدا، ئەمڕۆش وەک ڕۆبۆت بە ئەمری ژەنراڵە حیزبییەکانیان تەقە لە ژیان و هیوا و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگای ئێمە دەکەن. ئەمانە بوون بە پەرژین بۆ ئەو سامان و سەروەتە زەبەلاحەی دەسەڵاتداران لەسەر حیسابی کۆمەڵگا کۆیانکردۆتەوە و پاشماوەی سەرسفرەکەش بۆ ئەم نۆکەر و بەکرێگیراوانە جێدەهێڵن. ئەگەر جاران شەڕی ئەوان تەنھا شەڕی دوو ھێزی سیاسی بووبێت لەگەڵ یەکدا، ئەوا ئەم شەڕەی ئەمڕۆ شەڕی ناوخۆ نییە، بەڵکو شەڕی نێوان هێزێکی دیکتاتۆری و دەسەڵاتێکی تیڕۆریستی خۆسەپێنە، لەگەڵ هەموو کۆمەڵگادا بەگشتی و بەتایبەت لەگەڵ ئەو نەوە گەنجەدا کە نائومێدبوون لە دەسەڵاتداران بردونیەتە سەر شەقامەکان.
ئەم پرۆژە سەربازییە ڕووت و ئەم عەقڵییەتە سیاسییە تیرۆرکارە، کۆمەڵێک مانای ترسناکی ھەیە. لەپێش ھەمووانەوە مردنی سیاسەت وەک چالاکییەکی ھێمن و مەدەنیی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و ململانێ کۆمەڵایەتییەکان. ئەمە مردنی سیاسەتە وەک چالاکییەک بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوون و تێگەیشتنی جیاواز دەربارەی ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگا دەبنەوە. ئەم پرۆژە سەربازیی و عەقڵییەتە سیاسییە تیڕۆرئاسایە مانای ئەوەیە دەسەڵاتداران نەک تەنھا بەرنامەیەکی سیاسی تایبەتیان نییە بۆ وەڵامدانەوەی کێشەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ تەحەداکاندا، بەڵکو ھاوکات دەیانەوێت بەزەبری تفەنگ و پۆستاڵ و کوتەکی جەلادەکانیان ئەم بێبەرنامەییەی خۆیان بەسەر کۆمەڵگای ئێمەدا بسەپێنن و ھەموو توانای بەرگریکردنی مەدەنی و ھێزی ئۆپۆزیسیۆنبوون لە دونیای سیاسی ئێمەدا تێکبشکێنن. ئەم پرۆژە سەربازییە ڕووتە پرۆژەی بەرپاکردنی جەنگێکی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمەدا، ئەمە جگە لەوەی خستنەژێرپێی بەھاو جەوھەری ئەو خەباتە دیموکراسییەیە کە پتر لەسەدەیەکە مرۆڤی کورد لە پێناویدا قوربانی دەدات. گۆڕینی ئەزموونی حوکمی کوردی، بۆ ئەزموونێکی عەسکەریی و تیرۆریستیی کە بەزەبری پۆستاڵ و کوتەک و خوێنڕێژیی حوکمدەکات، شەرعییەتێکی گەورە دەدات بە پۆستاڵ و کوتەکی داگیرکەرانی کوردستان و ھاوکاتیش خەباتی دیموکراسی گەلی کوردستان لە مانا راستەقینەکانی خۆی دادەماڵێت. ھەبوونی دەسەڵاتێکی کوردی کە بەمجۆرە مۆراڵ و ئەخلاقیاتە فاشیستییە ڕەفتار لەگەڵ کۆمەڵگای خۆیدا بکات، نیشانەی ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆ هێندەی جگەرگۆشەی کولتووری سیستمە فاشییەکانی خۆرهەڵاتە و دۆستایەتی لەگەڵ دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەدا ھەیە، ئەوەندە بەرهەمی ڕۆحە دیموکراسی و ئازادیخوازەکەی خەباتی گەلی کوردستان نییە. لێرەوە پیادەکردنی سیاسەتی پۆستاڵ و زمانی فیشەک و پڕکردنی شارەکانی کوردستان و تەنینی کوچە و کۆڵانەکانی بە چەک و چەکداری نەناسراو و بێشوناس، گەورەترین نیشانەی خیانەتە لە جەوهەری دیموکراسییانەی خەباتی خەڵکی کوردستان خۆی.
لێرەدا دەمانەوێت بەبیری دەسەڵاتدارانی کوردستانی بھێنینەوە کە وازھێنان لەم پڕۆژە سەربازییە تیرۆریستییە و گەڕانەوە بۆ سیاسەتکردن وەک چالاکییەک کە پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیمان ڕێکدەخات و ئازادیی بیرکردنەوە بەھەمووان دەبەخشێت، تەنیا ڕێگایە کە دەشێت بتوانێت مانەوەی ئەوان لە ژیانی سیاسیدا زامنبکات. دەنا ئەم عەقڵیەتە سەربازییە سەرچڵ و موغامیرە جگە لە گەیاندنی کۆمەڵگای ئێمە بە لێواری وێرانبوونێکی سەرتاسەری، بە ھیچ شوێنێکی ترمان ناگەیەنێت. سەرباز و پۆستاڵ دەشێت بۆ ماوەیەک تەمەنی سیاسی دیکتاتۆرییەت درێژبکەنەوە، بەڵام دوا مەرگی ئەمجۆرە سیستمە، مەرگێکی ترسناک و تراژیدی دەبێت، کە بەیەکجار و بۆ هەتاهەتایە خۆیان و جەلادەکانیان فڕێدەداتە دەرەوەی مێژوو. هیچ هێزێک نییە توانیبێتی بە دەسەڵاتی پۆستاڵ و زمانی فیشەک تاسەر حوکمبکات. هیچ هێزێکیش نییە پۆستاڵ و فیشەکی بەکارهێنابێت و توانیبێتی خۆی لە نەفرەتی مێژوو بپارێزێت. هەموو ئەو دیکتاتۆر و بنەماڵە و حیزبانەی فیشەک و کوتەک و ئەشکەنجە تەنیا چەکیان بوون، کۆتایی ترسناکیان بۆ سەرکردە و بکەر و نۆکەرەکانیان زامنکردوە. دەسەڵاتی کوردی کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆژ بە ڕۆژ لە خەڵک دوورکەوتۆتەوە و لەم ڕۆژانەی ڕابردووشدا ڕۆژ بە ڕۆژ ناشیرینتر بووە، تەنیا سییەکی ڕاستەقینە کە ئێستا لێوەی هەناسە دەدات، لوولەی تفەنگی چەکدارەکانێتی. ئەمەش دەرەنجامی گوێنەگرتن و غروری سەرانی ئەم حوکمە بووە کە خۆیان لەسەروو کۆمەڵگای ئێمە و بەدوور لە گەشە ناوەکییەکانی زانیوە.
بێگومان ئەو پرۆژە سەربازییە ڕووتە تەنھا سیاسەتی وەک چالاکییەکی گرنگ نەکوشتوە، بەڵکو ترسناکتر لەمە ئەوەیە کە ھەموو ئەو بەھا ئینسانیانەشی وێرانکردوە کە ئینسان وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز و خاوەن کەرامەت وێنادەکات. لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان چەکدارە ڕۆبۆتئاساکانی حیزب چۆن تەعەدای گەورە و دەستدرێژی بێشەرمانە دەکەنە سەر ئینسانەکانی ئەم کۆمەڵگایە، چۆن گەنجانی وڵات لەناو شەقام و گۆڕەپان و زانکۆ و تەنانەت ماڵەکانیشیاندا ڕاودەنێن و دەگرن و ئازار ئەدەن و سوکایەتیان پێدەکەن. بەجۆرێک چیتر ئێمە بۆمان نییە شانازیی بەسەر ئەم نەوەیەدا بکەین و پێیان بڵێین «ئێوە بەعستان نەبینیوە»، ئەوەی ئەم نەوەیە بەدەست ژەنراڵ و ڕۆبۆتەکانی حیزبەوە دەیچێژێت و ئەو ئازارە زۆرەی ڕۆژانە دەیکێشێت، لەوە کەمتر نییە کە ئێمە بەدەست بەعسەوە بینیمان. ئەم شەپۆلی سوکایەتیپێکردنە نوێیە، بەردەوامیدانێکی ھەمەلایەنە بە کولتووری خۆ بەموقەدەس زانین کە بە هۆیەوە دیکتاتۆر و ژەنراڵە یاوەرەکانیان خۆیان وەک ئاغا و کۆمەڵگاش وەک کۆیلەیەکی بێنرخ و بێمانا دەبینن. ئەوان ڕێز نەک تەنھا بۆ ئینسان و کۆمەڵگای ئێمە دانانێن، بەڵکو ڕێز بۆ ئەو مێژووە پڕخەبات و پڕتێکۆشانەی میللەتی ئێمەش دانانێن کە سەدەیەکی ڕەبەق بۆ ئازادی جەنگیوە.
ھیچ شتێک ئەم سوکایەتیکردنە تاریکە بە ئینسان بەو ڕادەیە بەرجەستە ناکات وەک ئەشکەنجەدانی ئەوانەی کە دەکەونە دەست چەکدارەکانی حیزب. ئەوەی ئێمە دەیبینین دروستکردنی کولتووری ئەشکەنجەیە بەمانا ھەرە ناشیرینەکەی، ئەشکەنجەیەک دەسەڵات نەک تەنھا نایەوێت بیشارێتەوە، بەڵکو ئاکارێکی شانۆیی پێدەبەخشێت و بەھەموو کۆمەڵگای ئێمەی نیشاندەدات و بێشەرمانە دەیخاتەڕوو. لەمەشدا دەسەڵاتدارانی کوردستان نەک تەنھا خیانەتێکی گەورە لە ھەموو ڕووکارە ئینسانییەکانی خەباتی دورودرێژی میللەتی ئێمە دەکەن، بەڵکو خیانەت لەھەموو ئەو بەیاننامە نێودەڵەتیانەش دەکەن کە ئەشکەنجەدانی ئینسان بە تاوانێکی گەورە دەناسێنن. ھەموو ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ئەشکەنجەدان بەھەموو شێوەیەک یاساغدەکەن. ئەم یاساغکردنە نەک تەنھا یەکێکە لە مافە ھەرە سەرەکییەکانی ناو جاڕ و بەیاننامەکانی مافەکانی مرۆڤ، بەڵکو یەکێکە لەو مافە ھەرە گرنگانەش کە بەھیچجۆرێک و لەژێر ھیچ ھەلومەرجێکدا قابیلی باز بەسەردادان و ژێرپێنان نین. ئەم کولتووری ئەشکەنجەیە بە ئاشکراو بەرەزامەندی و بەپێی سیاسەتێکی ئاڕاستەکراو لەلایەن سەرانی گەورەی حیزبەوە و بەرەزامەندی سەرۆکی حکومەت و هەموو کابینەکەی دەچێت بەڕێوە.  بەرپرسیارێتی هەر زللەیەک و هەر شەقێک کە لە گەنجان و رۆژنامەنووسان و نوسەران هەڵدەدرێت، بەپلەی یەکەم لە ملی سەرۆکی حکومەتدایە. ئەو لە بەرنامەی هەڵبژاردنیدا دەیان وەعدی گەورەی دیموکراسی بەخەڵک دا و ئێستا توانای جێبەجێکرنی فاریزەیەکیشی لەو وەعدانە نییە. ئەم بێدەسەڵاتیەش لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە هێزەکانی ئەم دوو دەستە حیزبییە بە بەرچاوی هەموو دونیاوە، ڕۆژانە کولتووری تیرۆر بەرھەمبھێنن و بەشێوەیەکی سیستەماتیکی خەڵک ئەشکەنجەبدەن، چالاکوانان بفڕێنن، کەناڵەکانی راگەیاندن کاولبکەن و بسووتێنن، هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسان بکەن، مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ ئەشکەنجەبدەن، جەلادەکانیان سوکایەتی بە نوسەران و خەڵکی قەڵەمبەدەست بکەن، کامێراکان بشکێنن، فۆتۆگرافەکان برینداربکەن، پەلاماری حەرەمی زانکۆ بدەن، زانکۆ و قوتابخانەکان بە شەق دابخەن. هەر سەرۆکی حکومەتێک ئەمەی قبووڵ بێت، نەوەک بە دیموکراسییەت نامۆیە، بەڵکو بە ئاشکرا ھەموو پرەنسیپە کۆمەڵایەتی و ئینسانییە سادەکانی پێشێلکردووە. ھەر سەرۆک وڵاتێک یان ھەرێمێک ئەمەی قبووڵ بێت، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بێت ڕۆژێک بچێتە ناو سنووقی تاوانباران، ئەو سنووقەی پێش ئەوان چەندین زاڵم و خۆێنڕێژی تر لێوەی ئیفادەیان لێوەردەگیرا.
لەھەر شوێنێک ئەشکەنجەدان ھەبێت لەوێ دەسەڵاتێکی تیرۆریستیی ترسناک ھەیە. ئەشکەنجەدان و ترساندن و بەڵتەچێتی بەھەموو مانایەک دەرکەوتی ھەرە ئاشکرای نەخۆشکەوتنی دەسەڵاتن. ئەوەی مایەی خەم و نیگەرانی گەورەی ئێمەیە ئەو ڕاستییەیە کە دەسەڵاتدارنی کوردستان لە لەشکرێکی گەورە لە ئینسانی دڵڕەق و ئەشکەنجەدەر ئۆردویەکی گوێڕایەڵیان دروستکردوە کە ئامادەن ھەموو ئیھانە و سوکایەتییەک بە ئینسان و بە کۆمەڵگا بکەن و دەسەڵات چۆنی ویست ئاوا ئینسانەکان ئەشکەنجەبدەن. ئەمانە هێزێکن منداڵی کۆمەڵگایەکی مەدەنی نین، بەڵکو وەک کەتائیبەکانی قەزافی و وەک فیدائییەکانی سەدام کۆیلەی ملکەچی ئاغاکانیانن.
بەبڕوای ئێمە، ئەشکەنجەدان و لێدان تەنھا بەشێک نین لە سیاسەتی بەرھەمھێنانی ترس، بەڵکو بەشێکن لە سیاسەتی بنیاتنانی دەسەڵاتدارێتییەکی تیرۆریستی، دەسەڵاتدارێتییەک کە بێنرخکردنی ئینسان و گۆڕینی بۆ بوونەوەرێکی بێماف و بێڕێز و بێکەرامەت لە ستراتیژیایەتی. سیاسەتی ترساندن و ئەشکەنجەدان ھەرگیز سیاسەتێکی تەنھاش نییە، بەڵکو بەشێکی بچوکە لە سیاسەتێکی بەرفراوان کە بێنرخکردنی ئینسان و تەماشاکردنی کۆمەڵگا وەک گاگەل بزوێنەرێتی. مەبەستی سەرەکی ئەشکەنجە ئەوە نییە جەستە برینداربکات، بەڵکو ئەوەیە ڕۆحی تەسلیمبوون لە ئینساندا دروستبکات، ڕۆحێکی ترساو و بێوزە و بێئیرادەش لە کۆمەڵگادا بچێنێت. ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان چونەتە قۆناغێکەوە ئینسانی ئێمە وەک ئاژەڵ و کۆمەڵگای ئێمەش وەک گاگەل تەماشادەکەن و هیچ نرخ و بەهایەکیش نە بۆ ئینسانییەتی ئینسان و نە بو بەھاکانی کۆمەڵگا دانانێن. مەبەستی سەرەکیشیان لەم سیاسەتە بریتییە لە وێرانکردنی ئیرادەی یاخیبوون و سەربەخۆبوون و ڕێزگرتن لە ئینسانی ئێمەدا. بەڵام ئەوەی پێیانوابێت خەباتی بێوچان و بەرەنگاریی بێسنوور دژ بەم سیاسەتە دەوەستێت و مرۆڤی ئێمە تەسلیمی ئەو وێنەیە دەبێت کە ئەوان کێشاویانە، ئەوا ئەمە دوا هەڵەی گەورەی ژیانیان دەبێت.
ئەم ھەموو پێشھاتە کارەساتئامێزانە ئێمە ناچاردەکەن لەھەمووکات زیاتر پێ لەسەر ھەموو ئەو پرنسیپانە دابگرین کە ئینسان وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز و خاوەن کەرامەت تەماشادەکات. ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لەھەمووکاتێک زیاتر دژ بەم پرۆژە سەربازییە ڕووتە کاربکەین، لە ھەموو کاتێک زیاتر ڕێگریی بکەین لە پڕۆژی دروستکردنی سیستەمی تیرۆر لە وڵاتەکەماندا. بڵاوکردنەوەی ئەو ھەموو سەرباز و چەکدار و پیاوە دڵڕەقانە لە فەزای مەدەنی شار و ناوچەکانی کوردستاندا کارێکە بە ئاراستەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی هێزە فاشیستەکان و بنیاتنانی دەسەڵاتدارێتییەک کە تەنھا تیرۆر پارێزەری بێت.
کارکردنی دەسەڵاتداران بۆ  دیلکردنی سەرتاسەری کۆمەڵگا،  بۆ بە بارمتەگرتنی شارێکی گەورە و خەباتگێڕی وەک سلێمانی، بۆ پەلاماردانی دڕندانە بۆ گەنجە نائومێد و بەدبەختەکانمان لە هەموو شارو شارۆچکەکانی دیکەدا، دروستکردنی دۆخێکیش کە ئەم ناوچەیە بەدرێژایی مێژووی خۆی نە لەسەردەمی داگیرکردنی ئینگلیز و نەلەسەردەمی داگیرکردنی بەعسدا بەخۆیەوە نەبینیوە،  وادەکەن هەموو توانای شەخسی و توانای قەڵەمی خۆمان بۆ دژایەتیکردنی ئەم شەپۆلە فاشیستییە لە کوردستان بخەینە کار و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم هێزە فاشییەدا، کە لەهیچ زمانێکی قسەکردن تێناگات و تەنیا تینووی توندوتیژی و خوێن و ئەشکەنجەدانە، بە ئەرکی سەرەکی خۆمان بزانین. پێشمان وایە ئەوە بەتەنیا ئەرکی ئێمە نییە وەک نوسەر، بەڵکو ئەرکی ھەموو ئینسانێکە ھەست بە نرخ و بەھا و کەرامەتی خۆی و کۆمەڵگاکەی بکات. 

2 comments:

  1. به‌راستی به‌داخه‌وه‌ که‌ سه‌رکردایه‌تی کورد ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژارد به‌ڵام هه‌ر گۆڕانه‌ ئاماده‌ی دانیشتن نیه‌ و هه‌ر خوێندکاری زانکۆو ده‌ست به‌ قه‌ڵه‌مه‌ به‌رد هه‌ڵ ده‌گرێ ئه‌ی بۆ ئه‌مانه‌ چی؟

    ReplyDelete
  2. There have been almost the same number of causalities among riot police as among the protesters in Sulaymaniyah, so where did you get the idea that boots and rifles are ruling in Sulaymaniyah? The fact is a horde of anarchic troublemakers have been ruling the streets of my beautiful city all those two months.

    ReplyDelete