Sunday 24 April 2011

زانست‌و دین‌و شۆڕش / بەشی دووەم

بەشی دووەم


له‌سەر رۆشنایی ئەو راستییەدا دەبینین کە زانست له‌خۆرهەڵاتی ئێمەدا، سێ رەهەندی بنەڕەتی خۆی له‌دەستدەداوە، کە بەبێ ئەو سێ رەهەندە قسەکردن له‌سەر رۆحێکی شۆڕشگیڕانە بۆ زانست نەشیاوە: رەهەندی یەکەم: رۆحی بەگژاچوونەوەی بیربۆچوون‌و جیهانبینییە دێرین‌و ئەفسانەییەکانە. زانست له‌خۆرهەڵاتدا هیچ جۆرە جەنگێکی گەورە‌و جیدی دژ بە جیهانبینییە کۆنەکان نەکرد، لێرەوە هەرگیز تێڕوانینی دینی بۆ دونیا نەکەوتۆتە جەنگێکی راستەقینەوە‌و بەر بەربەستێکی راستەقینە نەکەوتووە‌و دادگاییەکی فەلسەفی‌و زانستی تەواوەتی نەبینیوە. رەهەندی دووەم: زانست هیچ کات بەشدارنەبووە له‌بەهێزکردن‌و نوێکردنەوە‌و گەورەکردنی ژێرخانی ئابووریدا، واتە بە پێچەوانەی خۆرئاواوە زانست‌و بازاڕ هەمیشە دوو جێگای دوور‌و جیاوازبوون. زانست هەرگیز نابێتە هێزێکی کۆمەڵایەتی گرنگ گەر نەبێتە هێزێکی بەرهەمهێن، واتە کار له‌بازاڕ‌و شێوازی بەرهەمهێنان‌و مەسرەفکردن نەکات. پەیوەندی زانست‌و ئابووری له‌خۆرئاوادا پەیوەندییەکە کە تەواوی سیستمی کەپیتالیستی له‌سەر راگیراوە، واتە زانست ئەو ژێرخانە گەورەیە نوێدەکاتەوە کە سەرمایە‌و کەپیتال له‌ناویدا دەگەڕێت‌و بەبێ رۆڵی زانست، سیستمی بەرهەمهێنان‌و ستراکتوری بازاڕ نوێ نابنەوە. واتە زانست له‌کۆمەڵگای ئێمەدا هەردەم شتێکی دەرەکی بووە، کاریگەری له‌سەر ئابووری‌و سیاسەت نەبووە، لێرەوە هێزە کۆمەڵایەتی‌و پێداویستییە مێژووییەکەی له‌نزمترین ئاستێکدایە کە دەشێت خەیاڵی مرۆڤ بیگرێت. لێرەوە جیاوازی بنەڕەتی نێوان کەپیتالیزم له‌خۆرئاوا‌و کەپیتالیزم له‌وڵاتانی وەک ئێمەدا له‌وەدایە، کەپیتالیزمی خۆرئاوایی هەردەم له‌پەیوەندییەکی بەتیندا بووە له‌گەڵ زانستدا، مەرجی مانەوەشی وەک هێزی باڵادەست له‌وەدایە کە نوێبوونەوە بەردەوامەکەی له‌زانستەوە سەرچاوەدەگرێت. بەپێچەوانەی کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتییەوە، کە هێشتنەوەی کۆمەڵگا له‌دۆخی بێئاگاییدا‌و دەرکردنی هەموو چەشنە هوشیارییەکی نوێگەر مەرجی سەرەکی باڵادەستییەتی. بەکورتی هێزێکی کۆمەڵایەتی راستەقینە له‌کۆمەڵگای ئێمەدا نییە پێویستی بە زانست بێت، له‌کاتێکدا له‌خۆرئاوادا زانست هەردەم له‌ژێر گوشاری بازاڕ‌و بازاڕ هەردەم له‌بەردەم گوشاری زانستدایە. ئەمە کارێکی کردوە سیستمەکە بۆ مانەوە‌و بەردەوامی‌و ئیشکردن پێویستی بە زانست بێت نەوەک بە دین.
رەهەندی سێهەم: زانست وەک هێزێکی چاوەدێری عەقڵی بەسەر خودی تێفکرینەوە له‌خۆرهەڵات‌و له‌کولتوورە هاوشێوەکانی وەک کولتووری ئێمەشدا له‌دایک نەبووە. هەموو بیرکردنەوەیەک بۆئەوەی بتوانێت گەشەبکات دەبێت هەمیشە خۆی کۆنترۆڵبکاتەوە، عەقڵ له‌یەککاتدا دەتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر بەوەی له‌پاڵ چاوەدێری‌و خوێندنەوەی دونیاوە، بەردەوام کۆنترۆڵی خۆی‌و میتۆدەکانی خۆی بکاتەوە... ئەوە گرنگترین‌و شۆڕشگێڕانەترین‌و رادیکالانەترین سیفەتی عەقڵە. هەر کات عەقڵ توانای گومانی له‌خۆی نەما، توانای نوێبوونەوەشی نامێنێت... زانستیش له‌دوو بنەمای بنەڕەتی دروستدەبێت، گومان‌و گۆڕینی بەردەوامی کێشە‌و پرسیارەکان. لێرەوە زانست له‌کولتووری ئێمەدا چەکە هەرە گرنگەکەی خۆی پێ نییە کە له‌ڕێگایەوە هەم خۆی‌و هەم جیهان نوێدەکاتەوە، کە چەکی سانسۆر‌و کۆنترۆڵی خۆ بەخۆی خودە. ونبوونی ئەم رەهەندەش وادەکات زانست کایەیەکی خاو‌و هێواش‌و موحافەزەتکاربێت

له‌مجۆرە دۆخەدا کە زانست هیچ ئامادەگییەکی فیکری‌و بونیادی نییە، هێشتا کۆمەڵگایەک دروست نەبووە پێویستی بەزانست بێت، ئیدی زانست گەلێک خێرا مانا‌و وەزیفە‌و بایەخی خۆی له‌دەستدەدات. زانست له‌جۆرە خورافەتێکی نەتەوەییەوە دادەبەزێت بۆ ئاستێکی بچوکتر‌و کورتدەبێتەوە بۆ کایەیەک کە مرۆڤ تێیدا شەهادە وەردەگرێت، شتێک له‌دیکۆر‌و ئەکسسواری شەخسی بۆ کاراکتەری خۆی زیاددەکات. واتە له‌وە دەکەوێت ئەو جێگایە بێت کە کۆمەڵگا له‌ڕێگایەوە جیهانبینی خۆی دروستدەکات‌و دەبێت بەو جێگایەی کە کەسانێک جۆرە ئیش‌و وەزیفە‌و ناوێکیان لێ دەستدەکەوێت

شەست ساڵی رابوردوو‌ و دوای دەستپێکردنی قۆناغی پۆست کۆلۆنیالی له‌کۆمەڵگاکانی ئێمەدا، زانست قۆناغێکی گەورەی پاشەکشەی بە خۆیەوە بینی. سیحری زانست وەک هێزێکی رزگارکەر شوێنی خۆی له‌دەستدا‌و زانست له‌وە کەوت بایەخێکی ستراتیژی هەبێت. «ستایشی زانست‌و بەرز راگرتنی» کە له‌ساڵانی بیست‌و سیدا له‌زاری شاعیرانی کوردەوە دەمانبیست، کۆتایی دێت‌و له‌بری ئەوە گەڕانەوە بۆ ستایشی نەتەوە‌و سەرۆک‌و نیشتیمان دەستپێدەکات. بەجۆرێک دەتوانم بڵێم ساڵانی گەشەی ناسیونالیزمی کوردی‌و له‌ڕۆژانی باڵادەستی حیزبە ناسیونالیستییەکانی ئێمەدا، زانست‌و نرخە بەرزەکانی تەواو دەکشێنە دواوە‌و بوونێکیان له‌سەر نەخشەی کۆمەڵایەتی نامێنێت. لێرەدا گۆڕانکارییەکی گرنگ له‌شوێن‌و مانای زانستدا دەبینین. له‌سەرەتای سەدەی بیستدا زانست وەک هێزێکی رزگارکەر سەیردەکرا، کە رزگاری بێ زانست کاری نەکردەبوو... ئەمە قۆناغە تەنویری‌و گرنگەکەی رۆشنبیریی کوردییە کە کەسانی وەک ئەحمەد موختار‌و حەمدی‌و پیرەمێر‌و قانیع پێشڕەوایەتی دەکەن، له‌دوایی ساڵانی شەست‌و دوای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی چەکدار، زانست دەچێتە دواوە‌و بایەخدان بەزانست دەگوازرێتەوە بۆ دوای رزگاری، واتە ئەو گوتارە سەرهەڵدەدات کە کۆمەڵگا سەرەتا بە چەک خۆی رزگاردەکات‌و دواتر دەتوانێت بایەخ بە گەشە‌و پەرەسەندنی زانستی بدات. ئەم گۆڕینەی جێگای زانست‌و ئەم دەستکارییە ترسناکەی شوێنی له‌پرۆسێسکردنی رزگاری مرۆڤدا یەکێکە له‌هەرە ترسناکترین لابەلابوونەوە گەورەکان‌و هەرەسە تراژیدییەکانی هوشیاری کوردی له‌سەدەی بیستدا. زانست له‌سەرەتادا کە وەزیفەیەکی خورافی پێدەبەخشرێت، دواتر ئەو وەزیفە‌و خەیاڵەشی لێدەسێنرێتەوە‌و له‌کایەی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی دەکرێتە دەرەوە‌و دەبێت بە کایەیەکی شەخسی کە ئینسانەکان بۆ سوودی تایبەتی‌و بۆ شوێنگیری له‌سیستمی ئیداریدا بەکاریدەهێنن. ئەم لاوازبوونەی جێگای زانست بە دوو هێزی زەبەلاح‌و خورافەتساز پڕدەکرێتەوە کە سیاسەت‌و دینە. له‌گەڵ دەرکردنی زانستدا ئەو زەمینەیە دروستدەبێت کە جۆرێک له‌قارەمانی سیاسی دروستببێت کە شتێک بە مۆدێلی قارەمانەوە له‌مۆدێرنەدا گرێی نادات. وێنەی قارەمان دەگەڕێتەوە بۆ مۆدێله‌ کلاسیکییەکان، مرۆڤی ئازا چیتر ئەو کەسە نییە کە ئازایەتی عەقڵیی هەیە‌و هەڵگری هوشیارییەکی دژ‌و نوێنەری جیهانبینییەکی دیکەیە، بەپێچەوانەوە دەگەڕێتەوە بۆ قاڵبی دێرین‌و شێوەی جەنگاوەری تەقەکەر‌و دوژمنبەزێن وەردەگرێت. له‌په‌نجا ساڵی رابوردوودا وێنەی مرۆڤی ئازا‌و شۆڕشگێڕ له‌دونیای ئێمەدا پەیوەندییەکی تەواوی بە وێنەی مرۆڤی هوشیار‌و زانستخواز‌و داهێنەرەوە نەبووە، بەڵکو درێژکراوەیەکی ترسناکی وێنە هەرە کلاسیکییەکانی ئازایەتی‌و جەنگاوەریی بووە

«درێژەی هەیە»

1 comment:

  1. xwindneweyeki zor wrde bo em barodoxey esta

    ReplyDelete